Totentanz in Ingmar Ber gman، The Seventh Seal (1957)

Loading

پاول_لویس لاندسبێرگ (١٩٠١_١٩٤٤) لە ئەمڕۆدا تەنانەت لەنێو فەیلەسوفانیشدا زۆر کەم ناسراوە. لاندسبێرگ فێرخوازی هوسەرل و هایدێگەر، هەروەها شاگردی شیلەر بووە. جوولەکەیەکی ئەڵمانی بوو، لە کاسۆلیسیزم، ئایین و فەلسەفەی ژیانی دامەزراند. کاتێك هیتلەر هاتە دەسەڵات، لاندسبێرگ ئەڵمانیای جێهێشت. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئیسپانیا ژیا، لەوێ سۆفیزمی ئیسپانی سەدەی شازدەیەمی دەخوێند و فێرکاری فەلسەفە بوو. بەڵام پاشان بەهۆی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیاوە، ناچار بوو بۆ فەڕەنسا بچێت. لە پاریس لە سۆربۆن فێرکاری دەکرد و لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ جۆرنالی Esprit و بزووتنەوەی پێرسونالیستی ئیمانوێل مۆینەرە هەبوو. لە ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن گێستاپۆ (پۆلیسی نهێنیی ئەڵمانی سەردەمی نازی. ن.س)وە دەستگیر دەکرێ و دەنێردرێتە کامپی زۆرەملێی ئۆراینبۆرگ، ساڵێک دواتر (لە ١٩٤٤) لەوێدا دەمرێت.

لاندسبێرگ هەر زوو دوای ئەوەی دەچێتە فەڕەنسا، کتێبێکی بچووک بەناونیشانی گۆتار لەبارەی ئەزموونی مەرگ (١٩٣٦) بڵاودەکاتەوە. کتێبەکە دەشێ وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فەلسەفاندنی هایدێگەر سەبارەت بە مەرگ بخوێندرێتەوە. لاندسبێرگ بەڕوونی لەتەک بوون و کاتدا خەریکە، سیتاتی لێ وەردەگرێ و ڕەخنەی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، کتێبی گۆتار وەک خۆی ئیشێکی گرنگی فەلسەفەیییە. لاندسبێرگ ڕانان بۆ ژمارەیەک ئیشی کلاسیکی فەلسەفە و تێکستی سۆفیگەری دەکات. ئەو لەنێو فەلسەفەی سەدەی بیستەمدا گەشە بە تێگەیشتنی ئەزموونی مەرگ دەدات. دانوستانی لاندسبێرگ بۆ خوێنەرانی سەدەی بیست و یەکەم لە پەراوێزدایە و بەسەیری هاوکات تازە و کۆنباوە.

لاندسبێرگ یەکسەر دوای دانوستانی ”فەیلەسوفانی هۆش”ی ئەنتیکە وەک پلاتۆن و سێنیکا، هەروەها پێش خەریکبوون بە ”ئەزموونی دیانی بۆ مەرگ،” بەشێکی نامۆی بچووک دەچڕژێنێتە نێو کتێبەکەیەوە. ئەو بەشە بەناونیشانی ”لەبارەی شەڕەگا”وەیە، ئەم بەشە یەکێکە لە گرنگترین و دیارترین بەشەکانی سەرجەم کتێبەکە_ بە تەنیا هەر خۆی گۆتارێکی نایابە. لە ڕووی مێژوو و کاتەوە، بەشەکە پەیوەست نییە بەو بەشانەوەی کە لە پێشیەوە یان لە دوایەوە دێن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەشە لە ڕووی بابەت و تێمەوە لە نێوان ئەواندا زۆر گونجاوە. ئەمە وەک نیشانەی وەرگۆڕان لە هەوڵدان بۆ خۆ_نەمراندنە بەبێ یارمەتی نزاکان بۆ یەکێك کە پێشگریمانەی ئامادەییەکی چالاکی خوا دەکات.

لاندسبێرگ لەپڕ ئەوە ڕادەگەیەنێ کە ”ژیانی مرۆڤ بەبێ خوا وەک تراژیدیایە”. هەروەها دیدی لاندسبێرگ هەژمارێکی تراژیدییە بۆ مرۆڤ کە لە جیهانێکی بێخوادا بە مەرگ دەگات. بۆ ئەوەی یارمەتی ئێمە بدات تاکو باشتر لە واتای ئەو تراژیدییە تێبگەین، لاندسبێرگ لێچواندنی _شەڕەگا_ بەکاردەهێنێ، کە لاندسبێرگ وەک دەربازبووی شاراوەی پەنهانییەکانی ئەنتیکە دەیبینێ:

 

گایەکە کە دەچێتە گۆڕەپانەکەوە هیچ شتێك لەبارەی ئەوە نازانێت داخۆ چ شتێك چاوەڕێیەتی. بەخۆشییەوە، بەخێرایی بۆ دەرەوەی ناڕوونیی تاریکی و شادییەکەی لەنێو زیندوویەتی گەنجێکی وەرزشەوان دەچێت. لەناکاو بەتوندی ڕووناک دەبێتەوە، ئەو سەروەری بازنەی داخراوە، کە بۆ ئەو دەبێتە جیهانەکەی و هێشتاش وەک دەشتێکی بێکۆتایی بۆ ئەو دەردەکەوێت. بەبەهێزییەوە، لمەکەی سەر ڕێگەی خۆی فڕێ دەدات، بەخێراییەوە بۆ هەموو ئاڕاستەکان، هەست نەکردن بە هیچ شتێك جگە لە شادومانی بەهێزی و وزەی خۆی. ئەوەیە چۆن ساوا جەستەی دایکی بەجێدەهێڵێ و هەر زوو دەست دەکات بە یاریکردن لەنێو جیهانێکی ڕۆشندا کە ئەو بە نەزانی سەبارەت بە چارەنووسی خۆی و مەترسییەکانی دەهێڵێتەوە. (Landsberg 1936: 75-76).

ئێمە گایەکەین، هێشتاش زووە، بەیانییە، بەڵام هیچ هەڵەیەک مەکە: هەر زوو گەرەکە ئێمە سەیری نێو چاوی مەرگ بکەین و دەستبکەین بە گەیشتنی جووڵەکانی. بە کۆتاییهاتنی ڕۆژەکە، وەک ئەوەی ئێمە هەرگیز لێرەبوونمان نەبوو بێت. گرنگ نییە ئێمە چەند بەقورسی شەڕدەکەین، سەماکەمان چەند بزۆکە، بۆچوونەکەمان چەند بەهێزە، کۆتایی هەمیشە هەمان شتە: لەناوچوونی سەرجەمی. بەدرێژایی گۆتارەکە، لاندسبێرگ وەها دەردەکەوێ کە لەسەر پنتێکی چەسپ وەستاوە، وەک پیاوێکی باوەڕداری بەهێز دەردەکەوێت. هەرچەندە باوەڕەکەی جۆرێک پەیمان نییە: لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوامە لە ”شتە هیوا بۆ خوازراوەکان” و ”شتە نەبینراوەکان”_ واتا ئەوە باوەڕە کە لەتەک پێوانەیەکی باشی گوماندا دێت. ئەوەی تایبەتە بە هاوسۆزی لەبارەی دیدی لاندسبێرگ بریتییە لە ئەو ڕادەیەی کە لە پشتی دەرکەوتنی هەڵەی خۆ_جەختی و باوەڕە چەسپەکان، کە خیانەت لە خەباتی ناوەکی و ئەشکەنجە دەکات. تەنانەت لە پەسیجێکی کورتدا کە من یەکسەر وەرم گرت خوێنەر دەتوانێ تێبگات لە هاوسۆزی بۆ یەکێک کە بەبێ باوەڕ بمرێت. لە ڕاستیدا، کە ئێمە دەگەین بە هەندێ لە باشترین پنتەکان لەنێو سەرجەم کتێبەکەدا ئەوە سەلماندنێکی زیاترە بۆ ئەوەی کە بابەتەکە چەند لە دڵی لاندسبێرگەوە نزیکە. پاشان، دەشێ هەندێ لە تێکشکانی بچووک لە تەلاری باوەڕدا ببینرێ؛ زۆر بچووک، بەڵام هێشتاش تێکشکاندنە. دوور لە تێکشکاندنی گرنگێتی، هەرچەندە، هەموو ئەوانە لاندسبێرگ پتر ئاڵۆز دەکات و دەبێتە فیگورێکی سەرنج ڕاکێشتر.

وەک بەردەوامی گێڕانەوەی چیرۆکەکە ئەو دەبێژێ ”یەکەمین هاڤڕکێکارەکان دێن”. لێرە مرۆڤ دەبێ لەگەڵ مەرگدا بەباشی یەکدی بناسن. ئەو دەپرسێ ”تۆ کێی؟”، مەرگ دەبێژێ ”من مەرگم”. پیاوەکە دەپرسێ ”ئایا تۆ بۆ من هاتووی؟”. ڕاستییەکەی بێژین، بەڕاستی گایەکە گفتوگۆ لەگەڵ گاشەڕڤاندا ناکات. هەرچەندە دیالۆگەکە داهێنراوی من نییە_ بەڵکو ڕاستەقینەیە. ئەو دیالۆگە لە فیلمی ” The Seventh Seal (مۆری حەوتەم)ی ساڵی ١٩٥٧ بێرگماندا هاتووە. لاندسبێرگ لە وتارەکەی خۆیدا، بێرگمانیش لە فیلمەکەیدا، لە بنەڕەتەوە سەبارەت بە هەمان شت دەئاخڤن: ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مەرگ، تاکو مرۆڤەکە بەهێواشی ماندوو دەبێ و توانای ڕووبەڕووبوونەوە و هاڤڕکێی نامێنێ، پاشان بە شکستێکی نەشیاوی لێ دەربازبوون دەگات. پێناچێ بێرگمان کتێبەکەی لاندسبێرگی خوێندبێتەوە، هەرچەندە بەشداربووان لێ دەهزرێن: پێش لەناوبردنی پیاوەکە، مەرگ بۆ ماوەیەک ”یاری” لەگەڵدا دەکات_ مەرگ لە فیلمەکەی بێرگماندا یاری شەترەنج لەگەڵ پیاوەکەدا دەکات؛ بەڵام لە کتێبەکەی لاندسبێرگدا، مەرگ یاری کۆریدا ”شەڕەگا” لەگەڵ پیاوەکەدا دەکات. پیاوەکە بە بێهیواییەوە یارییەکە دەکات، هیواخواستن دژی هیوا، کە بەچەشنێك پیاوەکە دەرفەتێک دەباتەوە؛ یارییەکە بە چەند قۆناغێك دەکرێ، هەر قۆناغێک پیاوەکە زیاتر لە قۆناغەکانی پێشووتر ڕووەو کۆتایی خۆی دەبات؛ هەر قۆناغێك لە زنجیرەیەک ”جووڵە” پێکهاتووە؛ هەردووکیان یاری پیشبینیکردن، ئامادەکردن و بڕیاردان دەکەن. لە هەردووکیاندا، لە کۆتاییدا مەرگ گۆڵ دەکات، بە لێدان دەیباتەوە و سەردەکەوێت. گێڕانەوەکانی لاندسبێرگ و بێرگمان بەتەواوی یەکێکن و هەمان چیرۆکن لە دوو گۆشەی جوداوە دەگێڕدرێنەوە. لەوەش زیاتر هەریەکێکیان ئەویدی دەوڵەمەندتر دەکات. بۆ باشتر تێگەیشتن لە کۆریدا ”شەڕەگا”کەی لاندسبێرگ، گەرەکە ئێمە بە چاوی یاری شەترەنجی بێرگمانەوە سەیری بکەین. فیلمەکەی بێرگمان ڕۆشنایی پتر بە وتارەکەی لاندسبێرگ دەدات، ئەگەر نا تەنیا نیوەی چیرۆکەکە لەلایەن فەیلەسوفەکەوە گێڕدراوەتەوە.

”یەکەمین هاڤڕکێکاران هاتن، هێشتاش ئەوە یارییە. بۆ گایەکە شەڕکردن سروشتییە. شەڕەکە هەستەکانی زیندووبوون و بەهێزێتی خۆی لەلا تیژدەکاتەوە” (Landsberg 1936: 76). مەرگ دەیەوێ بزانێت ”تۆ خۆت ئامادەکردووە؟”. کارەمانەکەی بێرگمان، ئەنتۆنیۆس بلۆک (Antonius Block) ”سوارچاکێکی دیکەی باوەڕ”ە، بەجەختییەوە دەڵێ: ”جەستەم ترساوە، بەڵام من بۆ خۆم نەترساوم”. بۆیە جەستەی بلۆک و خودی بلۆک خۆی دوو شتی جوداوازن. پاشان، کە مەرگ خۆی بۆ گەمارۆدانی ئەو ئامادە دەکات، بلۆک پاڵ بە بەختییەوە دەنێت: ”کەمێک چاوەڕێ بکە (…) تۆ یاری شەترەنج دەکەیت، وانییە؟” ڕۆژ زووە، تازە بەیانییە، جیهان تازەیە؛ سوارچاکەکە لە بەهێزی خۆی تژییە. ئەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ لە یاری شەترەنجدا، تەواو هەست بە نەترسی خۆی دەکات. (لێرە تێبینییەکانی بێرگمان بەساردییەوە دەنووسرێن: ”ڕۆشنایی حەزێکی زۆر لەنێو چاوی مەرگدا دەدرەوشێتەوە”) وەها دەردەکەوت کە مەرگ هۆشی سوڕما بێت. مەرگ دەبیژێ ”بەڵێ، لە ڕاستیدا من یاریزانێکی باشی شەترەنجم”. سوارچاکەکە، بە دەنگێکی پڕ لە وزە و باوەڕ بەخۆبوونەوە وەڵامی دایەوە: ”بەڵام تۆ ناتوانی لە من باشتر بیت.” بۆ سوارچاک شەڕ سروشتییە: ئەو هەر ئێستا لە شەڕی خاچهەڵگران گەڕاوەتەوە.

تەنانەت پاش چەندین ساڵ لە چێکردنی فیلمەکەی، بێرگمان لەبارەی نەترسێتی و بەهێزییەکەی خۆی هۆشسوڕماو بوو: ”من بوێرییەکی بێپەروام هەبوو بۆ کردنی شتێك، کە ئەمڕۆ ئەو بوێرییەم نییە بیکەم. سوارچاکەکە نومایشی نوێژی بەیانی دەکرد. کاتێک ئەو ئامادە بوو بۆ کۆکردنەوەی سێتی یاری شەترەنجەکە، ئەو بە دەوری خۆیدا گەڕا، مەرگیش لەوێ ڕاوەستا بوو” (Bergman 1990: 236). یاری شەترەنجکردن لەگەڵ مەرگ داهێنانی بێرگمان نییە. بەڵکو شێوەسازی سویدی ئەلبێرتوس پیکتەر (c. 1440—d. c. 1507) لە ئیشێکیدا پیشانی داوە کە بەقووڵی کاریگەری لەسەر فیلمسازەکە (بێرگمان) داناوە. هەرچەندە بێرگمان ئەوەی دانەهێناوە، بەڵام ئەو پێگەیەکی پتر بەناوبانگی بە دیمەنەکە داوە (Figure 2.3). توندی بیرۆکەکە ئەوەیە کە بەڕێی شارەزایی و دیسپلینەوە، ئێمە دەتوانین هەندێ شت بۆ ڕێگەگرتن لە شتێکی نەشیاوی لێ دەربازبوون بکەین. ئەمەش جوانی خۆی هەیە و هەستی گەورەی بەڵێن وەردەگۆڕێ. بەشداریکردن لە یاری شەترەنجدا لەگەڵ مەرگ، لایەنی کەم لە ڕووی تیۆرییەوە، باوەڕبوونە بە گریمانەی بردنەوە. هەرچەندە دەشێ قورس بێت، بەڵام بردنەوە مەحاڵ نییە. هەموو ئەوەی تۆ پێویستتە ئەوەیە کە مەرگ ڕازیبێ یاریت لەگەڵ بکات. ئەگەر ڕازی بوو، ئەوا مەرگ بۆ گونجاندنی ڕەفتارەکانی بەڕێی یاساکانی یارییەکەوە کۆنترۆڵکراوە. دواتر لەکاتی یاریکرنەکەدا، کاتێك مەرگ دەیەوێ شتەکان خێراتر بکات، سوارچاکەکە ئەو هێور دەکاتەوە: ”من تێدەگەم کە تۆ [مەرگ] زۆر شتت هەیە بیکەی، بەڵام تۆ ناتوانی لە یارییەکەمان بچیتە دەرەوە. ئاخر یارییەکەمان دەخایەنێت” مەرگ قبووڵی دەکات. یارییەکە هەمووان یەکسان دەکات: لە یارییەکەدا سەروەر و کۆیلە لێرەبوونیان نییە، تەنیا یاریزانی باشتر و خراپتر هەن. گرنگ نییە مەرگ چەند خراپە، هەر کە قبووڵی کرد، ئەو ناتوانێ هیچ شتێك بکات، گەرەکە ئەو بەگوێرەی یاساکان یاری بکات و دەرەنجامەکەشی قبووڵ بکات.

کاتێك مەرگ ڕازی بوو، ئەنتۆنیۆس بلۆک کاتی خۆی بەفیڕۆ نادات و مەرجەکانی دیاری دەکات: ”مەرجەکە ئەوەیە: من زیندوو دەبم هەتاکو بتوانم ڕووبەڕووت ببمەوە. ئەگەر یارییەکەم بردەوە، ئەوا تۆ دەبێت من ئازاد بکەیت. ئایا قبووڵتە؟” هەروەها ئەویش پرسیاری کرد، بەڵام بلۆک پیاوێکی دانایە، دەزانێ کە لە ڕاکردنێکی درێژدا ئەو ناتوانێ بەرێتەوە. هەموو ئەوەی بلۆک دەیوسیت کڕینی کات بوو. کەمێك دواخستنی ئەو شتە [مەرگ] کە نەشیاوی لێ دەربازبوونە، کە هەموو یەکێك هیوای بۆ دەخوازێت.

Bengt Ekerot and Max von Sydow in Ingmar Bergman، The Seventh Seal (1957)

بەڕاستی ئەنتۆنیۆس بلۆک کێیە؟ وردترین و پوخترین ڕوانگە بۆ بلۆک دەشێ ئێمە لەتەک لاندسبێرگدا بیدۆزینەوە: بلۆک ”ئەو پیاوە بێخوایەیە” کە ژیانی ”تراژیدییە” و لاندسبێرگ لە وتارەکەی خۆیدا چیرۆکەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە. بلۆک ”بەبێ خوا”یە بۆیە هەتاکو ئێرە گەرەکە خۆی بەتەنیا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، بەبێ هیچ هیوا یان چەوتە وێنایەک. هەرچەندە هێشتاش ئەو ”لەگەڵ خوایە” لەوەدا کە ئەو بەبەردەوامی بەڕێی کێشەی باوەڕەوە خەمبارە. بێرگمان حەز دەکات لە زاری ئیوگین ئۆنێلەوە ببێژێ: ”خەریکبوونی دراما لەتەک پەیوەندی مرۆڤ بە خواوە بێبەها نییە” (Bergman 1970: 177). لە میانەی فیلمەکەدا سوارچاکەکە نەک تەنیا مەرگ بەڵکو هەروەها خواش لە کۆڵی نابێتەوە_ زۆر وردتر بەڕێی بێدەنگی خواوە. لێڕوانەر هەر زوو ئەوەی بۆ دەردەکەوێ کە سوارچاکەکە ”بۆ ژیانی خۆی” یاری لەگەڵ مەرگ ناکات، بەڵکو هیوای ئەوەی هەیە ڕەنگە لە پرۆسەکەدا شتێک لەبارەی خواوە فێر ببێت. سوارچاکەکە سەبارەت بە نهێنییەکانی پرسیار لە مەرگ دەکات؛ مەرگ دەبێژێ ”من هیچ نهێنییەکم نییە،” ئەویش پێی دەڵێ کەواتە ”تۆ هیچ شتێک نازانی”. مەرگ دەبێژێ ”من هیچ شتێکم بۆ گۆتن نییە”. کاتێك مەرگ دەیسەلمێنێ ئەویش بە هەمان شێوەی خودی خوا بێدەنگە لەبارەی کێشەکەوە، سوارچاکەکە هیچ نیگەران نییە لەوەی کە بۆ دەستکەوتنی وەڵام، پرسیارەکانی لە دێڤل/شەیتان بکات. کەمێك پێش ئەوەی تیان (Tyan) ”جادووگەرە” گەنجەکە بسووتێنرێ، سوارچاکەکە خۆی لێ نزیککردەوە، پێی وت: ”ئەوان دەڵێن تۆ لە پێڕی شەیتان بووی.” تیان دەڵێ ”تۆ بۆچی دەپرسی؟” ”من [سوارچاکەکە] بۆ فزولی نا، بەڵکو بۆ هۆکارگەلێکی زۆر کەسەکی دەپرسم. ئاخر منیش دەمەوێ شەیتان ببینم.” ”بۆچی؟” ”من دەمەوێ لەبارەی خواوە پرسیاری لێ بکەم. ئاخر ئەگەر هەرکەسێك، بیەوێت سەبارەت بە خوا بزانێت، ئەوا گەرەکە لە شەیتان بپرسێت.”

ئەنتۆنیۆس بلۆک نەک تەنیا وێنا نموونەیەکی مرۆڤەکەی لاندسبێرگە کە بەتەواوی بە تەنیا دەبێ ڕووبەڕووی مەرگ بێتەوە لە شەڕەگای ژیاندا، بەڵکو هەروەها ئەو وەهاش دەردەکەوێ کە شتێکی هەبێت لەبارەی خەم و نیگەرانی کێشەی باوەڕەوە بیڵێت، لاندسبێرگ خۆی دەبێ زۆر پێی خەمبار و نیگەران بوو بێت. ئاخر بۆ سوارچاکەکە، باوەڕیش بەقووڵی گومان_هەڵگرە (گومانشیاوە). باوەڕی بلۆک لەنێو پرۆسەیەکی ئازارچێژ و تێبینیکراودا هەمووی سەبارەت بە ”شتە هیوا بۆ خوازراوەکان” و ”شتە نەبینراوەکانە.” ئەو هەمیشە گفتوگۆ تیۆلۆگییەکانی خۆی لەگەڵ مەرگدا درێژدەکردەوە. مەرگ زۆر ئاخێوەر و زۆر قسەبێژ نەبوو، بەڵکو ئەوە بێدەنگی مەرگ بوو بەچەشنێک وەهای لە سوارچاکەکە دەکرد بە دەنگی بەرز بیربکاتەوە. بلۆک ”زانینی دەویست”، ئەو دەیەوێ بەڕێی سێنسەکانییەوە خوا بناسێ، خوا ببینێ، خوا بگرێت. ”داخۆ ئەوە زۆر بەتوندی تێنەگەیشتراو نییە تۆ بەڕێی سێنسەکانەوە لە خوا تێبگەیت؟” مەرگ وەڵام ناداتەوە، بۆیە ئەویش بەردەوام دەبێت:

چۆن ئێمە دەتوانین باوەڕمان بەو کەسانە هەبێت کە باوەڕدارن لە کاتێكدا ئێمە ناتوانین باوەڕمان بە خۆمان هەبێت؟ داخۆ چی بەسەر ئەوانەماندا دێت کە دەیەوێ باوەڕبهێنێ، بەڵام ناتوانێ؟ ئەی هەروەها چی بەسەر ئەو کەسانەدا دێت کە نە دەیانەوێ و نە دەتوانن باوەڕبهێنن؟

هەرچەندە سوارچاکەکە تازە لە جەنگی خاچهەڵگران گەڕاوەتەوە، کاتێ بەرەو خوا دێت، سوارچاکەکە ناتوانێ هیچ سوودێکی کڵێسا بدۆزێتەوە: ”من زانینم دەوێ، نەک باوەڕ، نەک خورافیات … من دەمەوێ خوا دەستی بەرەو من ڕابکێشێ، خۆی بۆ من دیاربهێنێ و لەگەڵم بئاخڤێ.” هەندێ کات شاراوەیی خوا بەرگەنەگرتن دەسەلمێنێ: ”من لە تاریکیدا بانگی خوام کرد بەڵام لەوە نەدەچوو هیچ کەسێکی لێ بێت.” بلۆک پاشان دەنگ بۆ ئیدێیەک هەڵدەبڕێ، کە ڕەنگە یەکسەر لە کتێبەکەی لاندسبێرگەوە دەرچوو بێت: ”ئاخر ژیان ترسناکییەکی توندە. هیچ یەکێك ناتوانێ ڕووبەڕووی مەرگ، کە بزانێ هەمووی هیچێتییە بژی.” ئاوێتەی باوەڕ_گومان قووڵتر و قووڵتر سەری بلۆک کون دەکات: ” ئێمە لەنێو ترسەکەماندا وێنەیەک چێدەکەین، پاشان بەم وێنەیە دەڵێین خوا.”

لە کاتێکدا، شەڕەگای ژیان هەر بەردەوامە، ئەوا هیچ گرنگ نییە شەڕەکە چەند بێهیواییە، مرۆڤ لە شەڕکردن لەگەڵیدا هەتاکو دەتوانێ بەردەوام دەبێت. ئەوە هەمیشە ئاسان نییە، چونکە ئەوە هەروەها ئەزموونی شەرمەزاریشە. وەک لاندسبێرگ تێبینی کردووە، ”بەهێواشی شتێکی جاڕسڤان دیار دەدات، یارییەکە دادپەروەرانە نییە. هاڤڕکێکارەکە زۆر لەخشتەبەرە” (Landsberg 1936: 76). ئەوە ئەو شتەیە لە کڵێسادا ڕووبەڕووی بلۆک دەبێتەوە. مەرگ جلی مۆنک بەکاردەهێنێ تاکو سوارچاکەکە ئیئتراف بکات، مەرگ بۆ ئاشکراکردنی ستراتیژییەکەی ئەو لەخشتە دەبات: ”دەتەوێ چۆن مەرگ بهێنیە نێو یاریەکەتەوە؟” ئەو ناچار دەڵێ: ”من تێکەڵەی قەشە و سوارچاک بەکاردەهێنم کە ئەو هێشتا نەیدۆزیوەتەوە. لە جووڵەی دواتردا قۆڵەکانی تێکدەشکێنم.” سوارچاکەکە بە ڕێزمەندییەوە بەرجەستەکراوە. مەرگ بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێ ماسکەکەت هەڵماڵە ”من دەبێ ئەوەم بێتەوە یاد”.

هەروەها ڕۆژ هێشتاش زووە و ”گایەکەش هێشتا تەواو بەهێزە” (Landsberg 1936: 77). ئەنتۆنیۆس بلۆک سەرەڕای ئەوەی بەخراپی لەلایەن مەرگەوە لەخشتەبراوە، بەڵام ئەو لە مۆڕال دانەماڵراوە (دیمۆڕاڵیزە نەبووە). لە ڕاستیدا، بلۆک لەو سەئاتانەی کۆتاییدا، ژیانێکی تازەی پڕ لە خۆشی و شادی دۆزیوەتەوە. فاکتی زیندووبوون ئەو بەتوندی تژی لە شادییەکی گەورە دەکات. ژیاندن واتا بوون بە خاوەنی جەستەی خۆت، چێژوەرگرتن لەو گۆشتەی کە تۆ هەیت. بلۆک سەیری دەستی دەکات، هەستی پێدەکات، دەی جووڵێنێ، ڕۆشناییی هەیە: ”ئەوە دەستی منە. دەتوانم بی جووڵێنم، تێیدا هەست بە ورووژمی خوێن بکەم. هێشتاش خۆر بە ئاسمانەوە بەرزە، من ئەنتۆنیۆس بلۆک یاری شەترەنج لەگەڵ مەرگدا دەکەم.”

دواتر، کاتێک ئەو پەیوەندی بە ”خێزانی پیرۆز”ی جۆزێف (یوسف)، میا و میکائیل دەکات، و لە پێش ئەوان لە کۆمەڵەیەکی سێکولار بەرپرسیار دەبێت، ئەو دووبارە بۆ دەستەکانی دەئاخڤێ: ”گەرەکە من ئەو ساتەم بێتەوە یاد. بێدەنگییەکە، ئاوابوونەکە، دەفری شاتوو و شیرەکە، ڕووخسارت لەنێو ڕووناکی ئێواراندا … من دەبێ ئەو یادەوەرییە لە نێوان دەستەکانمدا هەڵبگرم.” لەسەر تەختەی یاری شەترەنجەکە دەستی بلۆک ئەو شتە بوو کە مەرگی لە کەنار دەهێڵێتەوە و ناهێڵێ دەستی پێی بگات و بۆشاییەکی هەناسەدانی پێدەدات. دەستەکان دووبارە، دەبنە سەرچاوەی گۆزارشتکردن لە ژیان، ساتی بێداربوونەوە لە ژیان. هەروەها سەرجەم کردارە خۆشەکانی ژیان لە دەستەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

لە کاتێکدا، شەڕەکە بەردەوامە. ”گایە باشەکە بەهێمنی دەمێنێتەوە، تا کۆتایی وەک شەڕڤان دەمێنێتەوە” (Landsberg 1936: 76). هەروەها سوارچاکەکەش بەهەمان شێوە دەمێنێتەوە. سوارچاکەکە نەک بۆ بەدەستهێنانی نەمرێتی، بەڵکو بۆ کاتکڕین، دووبارە یاری شەترەنج لەگەڵ مەرگ دەکات. ”سزاکە” بۆ ”ڕێکخستنی کێشەیەکی زۆر گرنگ” دەرفەتێک بە ئەو دەدات. بلۆک هێشتاش هەندێ ئیشی تەواونەکراوی هەیە تاکو بەشداریان تێدا بکات. ژیانی سوارچاکەکە بووە بە ”هەوڵێکی بێئەنجام، هزرین و زۆر بڵێییەکی بێواتا،” ئێستا ئەو دەیەوێ سزاکەی خۆی بۆ ”یەک کرداری بەواتا” بەکاربهێنێت. ڕەنگە ”کرداری واتادار” لەنێو گێڕانەوەی فیلمەکەدا، هەڵاتن لە ”خێزانی پیرۆز”، لە تۆڕی مەرگ بێت، لەکاتێکدا ئەوی دواییان بەمەبەستەوە لەلایەن بلۆکەوە دەپچڕێندرێ. بەڵام بەڕاستی ئەوان ”هەڵاتوون؟” داخۆ هیچ یەکێك هەرگیز لە مەرگ هەڵاتووە؟ بلۆک بەڕاستی ئەوانی نە”پاراستووە”، بەڵکو تەنیا مەرگەکەی دواخستوون. بۆیە کردارەکەی بەتەواوی ”واتادارە.” زۆر لە ڕەخنەڤانانی فیلم لەگەڵ ئەمەدا کۆکن.

من ڕاڤەیەکی جوداوازم هەیە، ”کردارە واتادارەکە” خودی یارییەکەیە، جووڵەی توندی دژبەری مەرگە؛ ”کێشە گرنگەکە” گەرەکە لەتەک واتای کۆکردنەوەدا بۆ ئەو بێت. یاریکردنی شەترەنج لەگەڵ مەرگدا لەخۆیدا ئامانجە: یاریەکە واتایەکی دی بە ژیان دەبەخشێت. بێگومان ئێمە دەبێ بەر مەرگ بکەوین. زووتر یان درەنگتر ئێمە هەموومان دەمرین. هەرچەندە مەبەستەکە هەڵاتن لە مەرگ نییە، بەڵکو ژیانکردنە بەبێ ترس و شەرمەزاری پێش ئەوەی مەرگ بێت. بۆ ئەوەی تۆ بەدروستی بمریت، گەرەکە فێر ببی کە چۆن دەمریت_ ئەی دەبێ چ ڕێگەیەک بۆ فێربوون لە یاریکردن لەگەڵ خودی مەرگ خۆیدا باشتر بێت؟ لە کۆتایی یارییەکەدا تۆ کەسێکی جوداوازی. ئەوە لێرەدایە کە لاندسبێرگ دێت و فیلمەکەی بێرگمان ڕۆشن دەکاتەوە. فەیلەسوفەکە دەبێژێ هەموو شەڕێک لە دژی مەرگ ”لە کۆتاییدا هەر دۆڕانە”. ”جوانی ئەو چەشنە شەڕە لە دەرەنجامەکەیدا نییە، بەڵکو تەنیا لەنێو شکۆمەندی خودی کردارەکەدایە” (Landsberg 1936: 80). یاریکردنەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ لە شەترەنجدا، بەڕێزمەندییەوە بەرەنگاربوونەوەی هەموو فێڵەکان و دۆڕان، تەنیا بوێریی نییە، بەڵکو هەروەها داناییشە. ئەوە دانایی سیسیفوس (Sisyphus)ە. ئەبسوردێتی دۆخەکە، فاکتی دەربازنەبوون لە مەرگ، دەربازنەبوون لە دەرەنجامەکەی_ هەموو ئەمانە لە کۆتاییدا گرنگ نین. خودی کردارەکە ژمێرەی بۆ دەکرێ: کردارەکە خۆی خەڵاتە.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا، کۆتاییەکە خێرا و بەتەواوی بێدەنگە. گایەکە لەنێو ئەڵقەکەدا دەکوژرێ، بە تیخی دەستی گاشەڕڤانەکەوە:

جەستە گەورەکەی [گایەکە] شمشێرەکە … وەک دوایەمین هاوار، شانازی و خەم لەبەر دەکات. بۆ چەند چرکەیەک وەها دەردەکەوێ کە ئەو هێشتاش بەرگری دەکات. بەڵام مەرگ زۆر کارامەیە، بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو مەرگە لەوێدا ئامادەبووە، لەتەک تیخەکەدا، لەگەڵ سەرچاوەکەیدا، بەدەستی گاشەڕڤانەکە خۆی یەکایەتی وەرگرتووە. ئاژەڵە مرداربووەوەکە وەک شتێك فڕێ دەدرێت. (Landsberg 1936: 80).

سوارچاکەکە لەنێو قەڵاکەی خۆیدا لەگەڵ ئەوانی دیکەدا کوژرا. مەرگ ئەم جارە بۆ یاریکردنی شەترەنج نایەت، بەڵکو تەنیا بۆ ئیشکردنەکەی خۆی دێت. قوربانییەکانی یەک بە یەک خۆیان دەناسێنن. سوارچاکەکە دەبێژێ: ”بەیانیت باش، ئەی گەورە ڕێزمەندەکەم،” کارین دەبێژێ ”من کارینم، هاوسەری سوارچاکەکەم”. هەمووکەسێک بەرانبەر بە مەرگ ڕێزمەند، نیکڕەفتار و هۆشڕایەڵە. تەنیا جۆنس سکوێیە (کارەکتەر لە فیلمەکەی بێرگماندا. ن.س) وەک هەمیشە یاخییە، بەڵام بەڕاستی ئێستا ئەوە هیچ گرنگ نییە. بۆ چەند چرکەیەک وەها دەردەکەوێ سوارچاکەکە بەرگری دەکات، بەڵام هەروەها ئەمەش هیچ گرنگ نییە. کارین بێدەنگیان دەکات: ”بێدەنگ، بێدەنگ.” جۆنس یەکێك لە دوا هەوڵە لاوازەکانی خۆی بۆ فەلسەفاندن دەدات، پاشان هەمووشتێك ڕووندەبێتەوە. دوا هێڵی دیمەنەکە لەلایەن کچێکی بێدەنگی، بێناوەوە دەگێڕدرێتەوە: ”ئەوە کۆتایییە”. ئەوە هەروەها دوا وشەن کە خوێنەری بیبلی سویدی گوێی لێ دەبێت لە عیساوە لەسەر خاچەکەیەوە، دەبێژێ: (”ئەوە تەواوبوو”_ John 19.30) ئەوە دەرەنجامی فیلمەکەی بێرگمان یەکسەر (لەسەر سنووری بێڕێزی بە خوا) بوێرانە دەکات و کۆتاییەکی_کراوەی دەبێت.

لەبەر ئەوە مردووەکە کۆنترۆڵنەکراوە. مەرگ، وەک باڵاترین تەوسبێژ، شتە هەژارەکان بە تەنیا جێناهێڵێ. مەرگ هەڵدەدرێتە ئاهەنگی لاقرتێوە و هەموو کەسەکان دەخاتە سەما: تۆتینتاز (Totentanz). لە کۆتا دیمەنی فیلمەکەدا، سەمای مردووان ئاسۆی داگیرکردووە. وەک ئەوەی مەرگ بە کۆنتڕۆڵکردنی خۆی گەمارۆدرابێ نەک تەنیا ئەوانەی لە قەڵاکەدا دۆزرانەوە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا.

 

سەرچاوە:

Costica Bradatan (2015) Dying for Ideas, The Dangerous Lives of the Philosophers. Bloomsbury, London.

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٣ – ساڵی ٢٠١٨ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.