پێسه‌وا كاكه‌یی له‌ كاشان - له‌گه‌ڵ سهراپدا

کە ڕێمده‌كه‌وێته‌ کاشان


Loading

سوهرابی سوپهری ؛١٩٢٨ – ١٩٨٠

جار جار کە دێمە لات، کەفوکوڵی دونیات بۆ هەڵدەڕێژم

سازگاریی ئاو، تەنیا لە نێو قەسیدەکاندا: جێی ئومێدییە.

بە میوانی نەهاتووم، ئێرە و هەموو دونیا بە هی خۆم دەزانم؛

لێ وە ئاگاشم، هیچ شوێنێک هی من نییە.

لێرەم، لێ خەیاڵم لای بیابانی ڕۆژاوایە؛

دەڵێم: با و خۆڵ، چلۆن چیرۆکی باران دەنووسنەوە.

بۆچی شیرازییەکان لە مۆزامبیک، فاڵی حافزیان نەگرتەوە؛

کە ئاخۆ دونیا لە کوێی مەرگدا جێی دەبێتەوە!

خۆزێ بتزانیبایە، ئەو هەموو ڕێیە دوورەم دەبەر چی بڕیوە،

ئاخۆ هاموشۆکان…

خۆڵ و باران، بەیەک شاد دەکەنەوە؛

سپی و ڕەش بەیەک دەچوێننەوە؟

 

ئەو پرسە لە خۆوە نەخوڵقاوە، لە ڕامانەوە هەڵنەهێنجراوە،

بەڵکوو کچێکی لیچ ئەستووری زەنگەباریی،

بە بزەوە پێیگووتم: کە گومانی ڕەچەڵەکی،

لە کەشتییەکی شیرازییدا ڕەواوەتەوە؛

وەختێک فاڵگرەوەیەک، فاڵی حافزی بۆ گرتۆتەوە.

***

 

ئەم گێڕانەوەیەم بۆ وەیە، ببێژم؛

خۆم بەتەنێ گووم نەکردووە، گێژاوی مێژوو ئێمەی ونکردووە.

لە هەموو پەنجەرەکانەوە دەڕوانین:

کەچی تەمومژ هەموو شووشەکانی دادەپۆشی؛

ئاخر خۆشمان گەمژەیەک بووین،

چاومان لە ئینگۆ بوو، تەمی شووشەمان بۆ بسڕنەوە.

 

گەڵایەک چییە سەدیش بکەوێتە خوارێ،

لە هەستی مەدا: وەها نییە پاییز ڕووی لە ئێمە بێ؛

هەتاو باڵەکانیشمان بسووتێنێ، چەشنێک لە خەونمان هەیە؛

لەسەر پەلکە گەڵایەک، دەمارەکانی مێژووی خۆی وەدۆزێ…

 

کۆتر لەم سەدەیەدا: پەیام نییە و بە دەنگێکی دی دەخوێنێ.

هەچەڵم نییە بە چ ئاوازێ دەخوێنێ، لەسەر جۆگەلە ئاوێ؛

نایکەمە پرس بە چ ڕەنگێ باڵەکانی خۆی دەنەخشێنێ.

ڕاستتر بڵێم؛ با هەریەکەمان شەراب لە قاپێکدا بخۆینەوە،

مەستیی: خۆی کاری خۆی بکا و بە جیا خەونی خۆی بڵێ.

نامەوێ ئەم خەونەم لەنێو شه‌مه‌نده‌فه‌ردا بێت، ئەوەتا لە نیوەی ڕێ:

دووکەڵی سیاسییەکان، چڕتر بەرەو ئاسمانی بەغدا دەچێ.

هاتوومە ئێرە بە زمانی خۆم شیعر بنووسم، ڕەوانتر بدوێ:

هەریەکەمان خەونێکمان هەیە بۆ ژیان، سیاسییەکان نەبێ.

 

لە خۆڕا نییە، کۆتر لە ئێستەدا: ئارەزووی ئاشتیی نییە.

گمەگمیەتی و لێمان دەخوێنێ بەوەی کە:

مرۆڤ قوڕ بوو، ئێستا قوڕاو؛

هیچی لێ ناچۆڕێ جیهان بباتەوە نێو چاو.

ئاو وەختە ڕۆمانی هێشکەوەبووی بنووسێت،

بە دەست ڕۆڵی مرۆڤی ئامێر، لە جۆری قوپاو؛

بوولێڵەی هەواش دەخاتە ئەستۆی مرۆڤی خووساو.

دەی ئاشتی چییە؟

گەر خۆتان نەبن، لە مندا: گیراوەی ڕەش و سپی نییە.

بۆیە لەو پرسیارە هەڵدەفڕم، ڕوونێتیی ئاو لە مندا نییە.

***

 

کۆتر هەر گمەگمی بوو،

لە گۆڕەپانی زەمین و حەوشەی ئاسمان،

ساتی دەنووککێشانی لە زەوین و شەقەی باڵی لە ئاسمان،

دوو دیدی هەبوو بۆ هەمووان؛

 

دیدی یەکەم:

گومان لێک هەڵمەقڵیشێنن، نەبادا درز بکەوێتە ئەندێشەتان؛

بەبێ گومان، ڕەوایەتی هەقیقەت ناخرێتە بەر باس بۆ زمان.

زمان، گومان دەخوڵقێنێت و هەقیقەتیش دەبێتەوە بە خوان.

تاماشای ئاو بکەن، وردە خیزی چاوتان بخەنە نێوی، دەبینن کە:

سووڕەتی بەرد، ئێژێ: زمان، گومان و هەقیقەتە؛ لە یانەی دڵان.

 

دیدی دووەم:

بێدەنگی مەشڵەژێنن، نەوەکوو گوریسی زۆربڵێیی بپسێ؛

بە زۆربڵێیی، پەیڤ چ بکات، هەقیقەت گەرووی وشک بێ.

پیت مەخەنە نێو بێدەنگییەوە، وشە ختووکەی زمانی بێ؛

قووڵ ببنەوە، گاشەبەردێک بۆتە چەند پارچەیەک و دەکوڵێ.

ئا لەوێوە خودی بێدەنگیی، لەو پارچە گڕگرتووانەوە دەتۆقێ!

***

 

خۆ دەزانم گرێی ڕق نەبوو لە دڵتا؛ ڕۆحت نەبووبووە دەلتا.

زیاتر لە بوودایییەک بووی، بێ ئەوەی بچیتە سەر ڕێی بوودا.

غەمی دڵانت بوو لە شار یان لادێ، بچنەوە سەر نووری خودا.

ئەوە هاتمەوە سەری دێڕ،

ئێستاش دەیڵێمەوە، لەم سەدەیە بە دواوەوە…

کوا شۆڕش بە شیعر لێک دەدرێتەوە؟

ستەمکاران… لە چ سەروای شیعرێکدا،

کێشی خۆیان دەدۆزنەوە؟

ستەمدیدان… بە چ وێنەیەکی شیعری سپی،

دیکتاتۆرەکان دێننە خوارەوە؟

شیعر سیستەم نییە جگە لە دژە سیستەم؛

سیستەم لە هۆمەڵغەزایییەوە دروست دەبێ،

شیعریش بە دژەوە بەرەو چاکردنی وێ دەچێ!

بەڵام شیعر: نە دوو دەستە و نە دوو پێ؛

بەردی پێ ناگیرێ، بیهاوێژێ و سەری ستەمکارێ بشکێنێ.

ناتوانێ شەقێ لە کورسی بدا و پێچکەی بشکێنێ.

شیعر لە دروشمدا: بیر بکاتەوە،

خوێن لە گیانی ستەمدیدەیەکیش دەڕژێ.

شیعر بە جۆرێکی دی بیر دەکاتەوە؛ ئاگای لە بوون بێ.

 

 

کێشەی ئەم جیهانە لە زۆر گووتندایە.

بێدەنگ ڕادەمێنم لە برین،

کە لە دڵ و دەروونی ئەنگۆلاییەک یان بەنگاڵییەک یان کووباییەکدایە…

لێرەبم یان لەوێ غەمەکە یەک شتە،

نەزانینە؛ کە کۆترەکە چۆن ئاو دەخواتەوە.

وەختێک زانیت ئاو چییە؟

لێڵی وشەیەک نییە بەر زارت بکەوێت.

لە هیچ فەرهەنگێکدا بە دوایدا ناگەڕێیت،

کتێبە ئاسمانییەکان هەر ناکەیتەوە،

داخۆ چۆن لە لێڵی دەڕوانێت.

 

 

ئەم کۆترە، لە خۆوە گمەگمی نەبوو،

مەترسی لە خودی بێدەنگیی نەبوو،

ترسی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواش نەبوو؛

بەڵکوو ترسێک بەرانبەر لەدایکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،

کە چین، بەوێ ڕۆژهەڵاتەدا بەرەو ئەورووپا بکشێ و

زمان، دەرەقەتی گفتۆگۆ نەیەت و ڕۆژاوای ناوین بونیاد بنێت!

ترسی ئاییندە، تەنیا ئایین و نەتەوە نییە،

زمانە؛ بۆ سڕینەوە دەکەوێتە شەڕەوە.

 

زمان،

درەختێکە؛ چەندین لقی هەیە، بۆ نموونە:

لە ڕێی بازرگانییەوە، دێتە باغەڵت و پڕ وشەت دەکات،

وات لێ دەکات بە زمانی ئەو بدوێیت.

***

زمان، دەمهێنێتەوە سەری دێڕ.

بەوەدا دەزانم باران ڕۆحانییەتە، هەموو شتێک دەشواتەوە.

بەوەدا دەزانم تەرزە عیرفانییەتە،

نەزمی ڕق و نەرمیی، دە خۆیدا ڕوون دەکاتەوە.

بەوەشدا دەزانم بەفر سۆفییەکە، دە ئەوی دیدا دەتوێتەوە.

زمان:

چاو دەترازێنێت، دەتباتە نێو لم؛ دەتکا بە زام.

دەتکا بە تراویلکە، دوور دەتبا و دەتکاتەوە هەڵم.

زمان:

جار جار دەبێتە گیا؛ دەمرێت و شین دەبێتەوە.

کە قاقا دەکا، ڕێک دەپسێ و شین دەبێتەوە.

کەڕەتیوایە مات، شین بۆ هەموو شتێک دەکات.

بڕێک جاریش هێندە گەش، ڕەنگی شین دەدات.

ئای لە حەوشەی زمان، ئای لە خانەی پەردەی دڵان.

زمان خۆی نادات بە دەستەوە،

جەلێکی دیکە: ڕەگی پیت، لاسکی وشە، لقی ڕستە،

بخاتەوە نێو مانای قەدی ژیانەوە.

بە مێرگوزارێکدا هاتم، ئاگایی و فەلسەفە شەڕیان بوو،

زمان، کەوتبووە نێوانیانەوە؛

دڵ: بە درەخێکدا شۆڕ دەبۆوە بۆ ڕەگوڕیشەی،

هەتاوەکینێ ئاوازی خۆی بێداری بکاتەوە.

ئەقڵ: لە ئەندازەی گوڵەپێغەمبەریش ورد دەبۆوە،

بزانێت بۆنی تا کوێ دەڕوا و چۆن بیر دەکاتەوە.

لە زماندا:

هەموو شتێ دەشڵەقێ،

گومانیش نەبێ، سێو حیکایەتی خۆی هەر دەڵێ؛

ئاگایی بێ یان فەلسەفە،

ئادەمیزاد خۆی بێ یان نا،

“با” درەختی هەر ڕادەوەشاند،

زمان تێ بگا یان زەمان،

سێو، هەر پێدەگەییشت و دەکەوتە خوارێ.

ئیدی زمان ئەم کێشەیەی نایەوە،

تاکوو ئاگایی و فەلسەفە، مشتومڕی لێ پەیدابێ!

***

 

 

دوای خۆراوابوون، بە یادی زەردەشت، چوومە چوارتاقی نیاسەر،

بزانم ڕۆشنایی و تاریکیی تا چ کێوێک ڕۆیشتووە،

چاو، بۆچی تەپیوە؟

دڵ، بۆچی هەڵتۆقیوە؟

زمان، لەم کیشوەرەدا درەختێکی دەیان لقە؛

بۆچی بە لقێکدا تێهەڵچووە؟

کەمێک بە پێ ڕۆیشتم، چوومە ئاسمانپێوی وێ:

ویستم لە تەلیسکۆبێکەوە: زیاتر لە شەو قووڵ ببمەوە؛

چەند هەسارەیەکم هاتنە به‌رچاو، لە عەتاردەوە تا ئەوانی دی…

لێ زەمین ون ببوو، نەمزانی لەژێر پێمدا دەخولێتەوە.

لەو خولانەوەدا هەموو شتێک گۆڕدرا:

درەخت گۆڕا، مرۆڤ نەبێت.

ئاسمان و هەوا، چاو و بۆن نەبێت.

شار گۆڕدرا، دڵ نەبێت.

گوند گۆڕدرا، ئەقڵ نەبێت.

ئیشی منیش لەو شیعرەدا، وردبوونەوەی شار و گوندە.

 

گەڕیدەیەکی عەسریی نیم، هامووشۆی دوو عەسرم لە ڕێیە.

شار هی من نییە، گوند هی من نییە؛

لێرەدا: هەتا منیش، هیی خۆم نییە.

بزانن: من، ڕێکخەرێکی شیعرییە؛

بۆ هەڵوەشاندنەوەی بلیتی ئەو سەفەرانەی

کە هیچ منێکی پێدا تێپەڕ نابێت.

هەر لەبەر ئەمەشە، کات: لە شەودا پووچەڵ ناکەمەوە،

شەو غەریبەیەک نییە، ئەوەی نەزانراوە مرۆڤە؛

نازانێت کات لە شەودا شی بکاتەوە.

لێرەوە دەبێت بەنێو جیهانێکدا تێپەڕ ببین،

تەنیا سیستەمی کات بە ڕۆژ لێک نەدەینەوە.

کات: تەنیا ڕۆژ و شەو نییە؛ ئەوەی کاتە:

خۆتیت، چۆن بتوانیت هەموو جیهان لە سیستەم بێنیتە دەرەوە.

ئاخر ئەستێرە تەنیا جوانیی نییە،

مانگ وێکچواندنی حەزێکی چرکەساتیی نییە،

هەسارە و کاکێشانەکان بە تەنیا گەردوون نییە،

خۆتیشیت، چۆنچۆنی سەروسەودات دەگەڵ گەردووندا هەیە؟

***

دواجار، ڕۆیشتم بەرەو دێی چنار،

تا ژوانگەی منداڵییت دەگەڵ ئەستێرە و شەودا لێک بدەمەوە.

لە قوڕ و بەردم ڕوانی، بزانم:

ترووسکەی شەو و بێدەنگیی ئەوان، وێک دەچن یان نا.

لە حەوشەکەی ماڵتانم ڕوانی، بزانم:

ئەستێرەکان پڕژاونەتە نێو دەنکی دار هەنارەکان یان نا.

لە حەوشە هاتمە دەر و چوومە لای کۆڵانەکە، بزانم:

ئاوی نێو حەوزەکە مەنگ بووە یان مانگ سەمای تێدا دەکا.

بە کۆڵانێکدا ڕۆیشتم و لە دەرگای ماڵێکم دا:

ژنێک دەرگای کردەوە، بە جەستەیەوە دیار بوو

دڵی خۆی بریندارتر بوو یان خوا؛

ئیدی پرسیاری منیش لەوێدا بە جێما!

تشرینی دووەمی ٢٠١٨؛   سنە، ئیسفەهان، شیراز، کاشان، قەڵادزێ.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌