دوو شیعر له (فازڵ عهززاوی)یهوه(*)
وەرگێڕانی عە عەرەبییەوە : نهژاد عزیز سورمێ
بهیانی باش خودایه !
بەیانی باش خودایە
بێگومان جەنابت من باش دەناسی
لەگەڵ ئەوەی پێشتر یەكدیمان نەدیوە ..
جەنابت هەمووان بە ناو ،
یەك یەك دەناسی
باش و خراپ ..
بە ڕاستی دەمویست سەردانت بكەم
تا دڵسۆزی و گوێڕایەڵی خۆمتان عەرز بكەم .
بەڵام من ناونیشانتان لە ئاسمان نازانم
لە ونگەی ئەستێرە و كەشكەشان ..
كەشتیوانی بۆشایش نیم
تەنانەت كەشتییەكیشم نییە
بمگەێنێتە حزوری جەنابت .
دەزانم زۆر سەرقاڵن
ڕاستیی لەم ڕۆژانەدا گشتمان سەرقاڵین
هەرچەندە من لەوەتەی هەم بێكارم
سەرەڕای ئەوەش
تكات لێ دەكەم گوێم لێ بگری !
بیرێك لەو بۆچوونانەم بكەنەوە
كە دەمەوێ
لەبارەی هەموو شتێك بیانڵێم ،
مادەم دروستتان كردم و
بە تەنیا فڕێتان دامە سەر
ئەو ئەستێرە لەعنەتییە ..
هەمیشە
زۆرم لەبارەی جەنابتانەوە بیستووە
تەنانەت پێش ئەوەی لە دایك بم ،
هەموویان
بە ترسەوە باست دەكەن .
بەڵام بە نیەتی خراپ ..
لەو باوەڕەدام
مەراییت دەكەن گەورەم !
لە ترسی ئەوەی ،
نەبادا بە بارهەڵگری داخراو
بیانێریە دۆزەخ .
یان بۆ حەزی ئەوەی
باڵەخانەیەكی ڕاخراویان
لە بەهەشت پێ بدەی ..
گومانی تێدا نییە
جەنابت ئەوە لەمن باشتر دەزانی
بەڵام هەموو ئەوانە
بۆ من ،
بە چ دەردێك دەخوا ؟
مادەم دەمەوێ وەك برادەر
لەگەڵ جەنابتان بدوێم
كە قازانج و زیانی بەلاوە گرینگ نییە
مادەم دەمەوێ ، وەك دەڵێن
لە دڵەوە بۆ دڵ لەگەڵتان بئاخڤێم ؟
بیرم لەوە كردەوە
تەلەفۆنێكتان بۆ بكەم ،
بەڵام ناوی جەنابتانم
لە دەفتەری تەلەفۆنان نەدۆزییەوە .
بۆیە ،
زۆر خۆشحاڵ دەبم
لوتف بكەن جەنابتان پەیوەندیم پێوە بكەن
پشتم بگرن .
ئەگەر بە شۆخییەوەیش لێم دەپرسن :
فازڵ ،
لەم دونیا دوابڕاوەدا چۆنی ؟
جەنابت ژمارەی تەلەفۆنی من دەزانی
هەر وەختێ بۆتان لوا
پەیوەندیم پێوە بكەن ،
شەو .. ڕۆژ
من گشت كاتم لە ماڵەوە بەسەر دەبەم
دەخوێنمەوە یا سەیری تەلەفزیۆن دەكەم ..
هەندێ جاریش وەنەوزێك دەمباتەوە ..
بیر لە چارەنووسی دونیا دەكەمەوە ..
ئەمر بكەن !
با ڕۆژێك پێك بگەین .
جەنابیشتان پێویستیتان بە حەسانەوەیە
زۆرم پێیە عەرزی بكەم .. زۆر
پێشتر بە كەسم نەگوتووە .. زۆر
كە ناكرێ لە جەنابت بەدەر
بە كەسی بڵێم .
ئەگەر پێشتان خۆش بێ
دوا قەسیدەی خۆمتان بۆ دەخوێنمەوە
تا بە ڕاشكاوی
ڕای لەبارەوە بدەن ..
یان ڕەنگە باسی
ئادەمزادیەتیش بكەین
تەنانەت چارەنووسی گەردوون
لەگەڵ خواردنەوەی فینجانێك قاوە ..
بیرۆكە و نەخشەی زۆرم پێیە
لەو باوەڕەدام پێت باش بن .
پێم باشترە
لە ماڵەوە پێك بگەین .
بە هەر حاڵ جەنابت
ناونیشانم دەزانی ،
ناوم لەسەر دەرگا نووسراوە
ئەوەندە بەسە
یەك جار لە زەنگ بدەن كە گوێتان لێم دەبێ
لە هۆڵەكەوە هاوار دەكەم ،
دەرگا كراوەیە
فەرموو خودایە !
تەشریف بێنە ژوورەوە
زۆرم چاوەڕوان كردی .
- نیگەرانی لە بـارەی چارەنووسم لە بەهەشتدا
ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا ،
کە ژیانم
بە ڕاکردن
بەدوای وەھمدا لەبێن برد ،
سەراب دوای سەراب..
تا وەناو ساڵان کەوتم..
کە ببیەم ،
کەسێ بێ لە دەرگام بدا
تاکو – بێویستی خۆم –
لە پاداشتی ڕەفتاری باشم لە دونیادا
لەگەڵ خۆیم بباتە بەھەشت
تا فریشتان
لەبن داران ببینم
بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن و
ھوتاف بەناوی من لێ دەدەن:
شاباش!
شاباش!
*
سەربڵیند ،
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە..
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی
یارییەکانی ئۆلۆمپیش
دەروێشە پیرۆزەکان ،
لەسەر شانیانم دادەنێن
بەرەو دیجلەیەک لە مەی و
فووراتێک لە ھەنگوێنی شاخاوی
لەوێ غیلمانان دەبینین
دەفری زێڕین دەھێنن
تژی میوەی ھەمەجوور..
کەنیزە و حۆریـش
لە فلیمێکی پیرۆزدا
بێ پەردە ،
مێینەتیانمان پێشان دەدەن..
شاباش!
شاباش!
*
بەڵام من ڕازی نیم
ھاوار دەکەم:
ئەمن!
کە ئەوەش دوور و نزیک
لەبارەی منەوە دەیزانن
وەک ھەموو حەکیم و عاقڵان
وێسکی سکۆتلەندیم
لە مەی پێ خۆشترە
وەک ھەمیشەیش ،
بەبۆنی ھەنگوێنی لینج
گـێژ دەبم..
لەوەش زیاتر،
من بەڕاستی بێزار دەبم
ھەموو کاتم بە سەرخۆشی
لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و
بەناو بەھەشتێکدا بسووڕێمەوە
تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی
لە زێڕ و زوبەرجەدیش بن
یا میوانەکانی
ئەو قەددیسانە بن
کە ھەندێ جار
بەسەر ئاودا ھاتبن و چووبن و
بەڕیشیان
ڕاوی شەیتانیان کردبێ ..
*
لە دوایدا ،
گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش ھاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە سهر ئێسقانم:
– چ دەکەم لە بەھەشت؟
ببمە برادەر!
بمبەرە دۆزەخی گڕدار!
تا لەوێ بە بەختیاری و
بە کەرامەت بژیم
تەنیا لەوێ ،
دەتوانم ئەوەی بنووسم
لەو شیعرانەی نەمنووسیون
ناڕازی ،
داوای خۆم
دژ بە ھەموو
کڵـۆڵی و کوێرەوەری جیھان
عەرزی مەلەکووتی ھەرە بەرز بکەم..
شاباش!
شاباش!
پەراوێز:
(*) فازڵ عەززاوی : شاعیری عەرەبی – ئێراقی لە شاری كەركووك لە دایك بووە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی كەركووك). شاعیر لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە و لە ١٩٧٧ وە لە ئەڵمانیا دەژی، و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەدەبی ئینگلیزی و ڕۆژنامەوانیدا. ئێستا لە شاری بەرلین دەژی.
تا ئێستا بێجگە لە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك ڕۆمان و وەرگێڕانی هی دی ، كۆمەڵێك كۆشیعریشی بڵاوكردوونەتەوە ، كە لە مێژووی شیعری نوێی عەرەبیدا جێی پەنجەی دەرخستووە .
- شیعری یهكهم له (الاعمال الشعریة) ی شاعیر – بهشی دووهم ، بڵاوكردنهوهی (دار الجمل) 2007 كراوه به كوردی .
- شیعری دووهم لە سایتی گۆڤاری (کیکا)وە :
www.kikah.com/indexarabic.asp?fname=kikaharabic\live\k51\2015-01-04\23.txt&storytitle=