لە خۆنیشاندانی مووچەوە بۆ خووساندنەوەی وەهم

Loading

ـ   سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری

٢٠١٥

وەهم ( illusion ) چەشنێکە لە تێگەیشتن یان تێڕوان لە واقیع و دەورووبەر، بەڵام وەهم هەمیشە تێڕوانین یان تێگەیشتنێکی ساختەیە لە واقیع. بۆیە وەهم ناتوانێت ئەو واقیعەی کە بۆمان وێنە دەکا، بەرجەستەی بکاتەوە یان حەقیقەتێکمان لەو واقیقعە یان دۆخە پێ ببەخشێت کە کەسێک یان دەستەڵاتێکی وەهمدار بۆمان باس دەکا. وەهم کۆمەڵگەیەکی ئاوەڵا بەرهەم ناهێنێت، چونکە لە داخراویدا دەژیت.
بە پێچەوانەی وەهمەوە، ئاوەڵای تەرزێکە لە تێگەیشتن یان تێڕوانین لە واقیع و دەوروبەر، کە هەمیشە تیگەیشتنێکی کردەییمان لە واقیعدا بۆ وێنە دەکات، چونکە پشت بەراستیی ئەزموونکراو دەبەخشێت. کەس و هێزی وەهمیی، هەمیشە خۆیان بە قوربانیی و شکستخواردوو دەزانن، کەچی کەس و هێزی ئاوەڵا، هەمیشە خۆیان بە دڵنیا و ئومێدەوار دەزانن. وەهم هەمیشە دژ بەرهەمدەهێنێت، کەچی ئاوەڵایی هەمیشە گفتوگۆ و دۆستایەتیی.

دەستەڵات بە وەهم نەک هەر ناتوانێت چارەنوس و ئاییندەیەکی ئیرادە زیندوو بۆ کۆمەڵگە دابین بکات، بەڵکە قەدەری ژیانی خۆیی و کۆمەڵگەش لە ژان قەیران دەخڵتێنێت. وەهم نەک هەر لە توانای دا نییە ئەنجامێکی باشتر لە قەیرانی واقیعێک یان دۆخێکی خراپ دەستەبەر بکات، بەڵکە تەنێ خەریکی قەبەکردنی قەیرانە. بۆیە کەس و دەستەڵاتە وەهمییەکان، هەمیشە نەگۆڕن، چونکە بە هەڵە واقیع دەبینن.

ئەوەی کە ئەمڕۆ سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی خۆنیشاندانی شارەکان و پەلاماردانی بارەگەی پارتی، بارەگەی گۆڕان و کەنالی تیڤییەکان لە مێدیا و دەمی دەستەڵاتدارانی کوردستاندا دەیبیستین، شێواندنی کردەی خۆنیشاندانەکان نین، بەڵکە خووساندنی هەمان وەهمە کۆنەکانن کە لە کۆیادەوەریی هێز و خەڵکدا جێگرن.

تۆ لەوە بترازێ، کەسێک نییە نەیزانێت، کە کوردستان بە دۆخێکی ئاڵۆز و شەڕێکی غەداردا تێدەپەڕێت. هەر ئەمڕۆ لە ئەکامی خۆتەقاندنەوەیەک بە دژی هەدەپە، سەتان کورد و لایەنگرانی ئەو حیزبە بوونە قوربانیی و هاوکاتیش بە دەم خۆنیشاندان و ئاڵۆزییەکانی نێوان حیزبەکاندا، داعش دوو هێرش بۆ دەڤەری گوێڕ و مەخموور دەکا.

لێرەوە گەرەک نییە حیکایەتی قەدەری مێژووی بەدی کورد بگێڕینەوە، کە کۆی میرنشینەکانی لە ساتە وەختە بەرهەستەکانیاندا بە هۆکاری ئەو ئەخلاقە وابەستە و مێشکە وەهمییەوە تێکشکاون. لەوەش بگەڕێ، ئاقیبەتی خۆنیشاندانەکان لە پێناوی مووچە چاکسازییدا گەیشتە ئەو دۆخە گاڵتەجاڕییەی کە داعش بەیاننامە و دەست خۆشی لە خۆنیشاندانەکانی کوردستان بکا و ئەمەش بە لێدانی زایۆنیزم و ئیسرائیل و … تۆمار بکات!

ئێستا بۆ هەمووان روون و رەوانە کە کۆمەڵگە و حکومەتی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵ و قەبەدا دەژیت، بۆیە کورتکردنەوەی ئەو قەیرانە لە وەهمی “پلانگێڕیی” و “دەستی دەرەکیی”، کە تەشەنەکردنی خۆنیشاندانەکان بەرەو پەلاماردانی بارەگەی حیزبەکان ئەنجامێکی ئەو قەیرانەیە، هەڵکەندنی چاڵی وەهمییە. بەڵگە نەویستە تۆ دەستەوەستاو نەبیت، “دەستی دەرەکیی” دەستت بۆ درێژ ناکات.

جێگەی سەرنجە، هیچێک لەو هەموو مێدیایە، کە سەرمەستن بە پێشبڕکێی بەزم و گاڵتەجاڕی، ئەو هەموو چاودێرە سیاسیی و سیاسییانە بە بیرکردنەوەیەک لە ڕابردوو، ئاوڕێک لە ئەزموونی دەستپێکردنی شەڕی خۆکوژیی لە نێوان یەکێتیی و پارتی لە ١٩٩٤، ئاکاری پارتیی و بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر خۆنیشاندانەکانی ١٧ی شوبات بدەنەوە. ئەو شرۆڤەکارییە وەهمیانەی کە لە مێدیا و قسەی بەرپرسان دەیبیستین، هەمان ئەو حیکایەتانەن کە سەبارەت بەو رووداوانە دەکران. بۆیە ئەو جۆرە سیاسەتە بە وەهم پێچراوە، نە ئەوکات توانی چارەی شەڕی خۆکوژیی و خۆنیشاندانەکانی ١٧ی شوبات بکات و نە ئێستاش دەتوانێ چارەسەری ئەو دۆخە ئاڵۆزە بکات.

کەواتە ئەو بێدەنگییەی کە دوای ئەو روودانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا روویان دا، نەک هەر نەبوو بە ئەزموونێکی کارا بۆ دووبارە نەکردنەوەی چارەسەری وەهمیی رابردوو ، بەڵکە ئەو بێدەنگییە بوو خووساندنەوەی وەهمەکان.

سیاسەتی وەهمیی لەگەڵ هەر قەیرانێکدا، دۆخی خێڵایەتی، ناکۆمەڵگەیی یان ئیمراتیی کوردستانمان بە یاد دەهێنێتەوە، بۆیە ئەوە ئەنجامی ئەو سیاسەتە وەهمییە، کە واقیعێکی ساختەی لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی و حکومەتێکی دیمۆکراتی بۆ سازکردووین.

نە پارتی بەو سیاستە وەهمدارە دەتوانێت، لەو مێژووە تراوماییە، مێژوو و یادەوەرییە بریندارەی کورد و خۆی داببڕێت و نەبزووتنەوەی گۆڕانیش بەو سیاستەی کە دەخوازێت لە “نەوییان بخەوێت، لە بەرزییانیش بیخوات”، با خەڵک بیگۆڕێت و ئێمەش دەیدۆشین، دەتوانێت لە حەزی گۆڕانەوە ببێت بە کردەی گۆڕاو.

کوردستان بە دروشم، دار و دیوار رازاندنەوە، قەڵەباڵغی تەلەفیۆنگەلێکی زار قەڵەباڵغ، پەرلەمانی پەرلەمانتاری تەقاویتخۆر و دڵخۆشبوون بەوەی کە رۆژئاوا و ئەمەریکا یارمەتیمان دەدا لە جەنگی دژ بە داعش و … تاد، ئاوەدان و ئاوەڵا نابێتەوە، بەڵکە بە بیرکردنەوە لە سیستەمێکی دیمۆکراتی، دەستوور و قانوونگەلێکی کردەیی نەک کارکەناریی، داو و دەزگەیەکی سیاسیی، مەدەنیی و کولتووریی کارامە و هەرەوەزیی دەگەشێتەوە و دەفراژێت.
کەواتە رزگار کردنی کوردستان بەو هێزە مەیسەر نابێت کە وەهم دەخووسێنێتەوە، بەڵکە بەو هێزە لە خەوی وەهمدا دەهەژێت، کە دەتوانێت کۆمەڵگە لەو قوڕەدا دەربهێنێنێت.

هەندرێن
٢٠١٥.١٠.١٣