Santi Palacios/AP

سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی بەریتانیا بە نادرنی پەنابەران بۆ ڕواندا

Loading

 

شیرین عەبدوڵڵا

لە درێژەی سیاسەتە دژە پەنابەرەکانی حکومەتی کۆنسەرڤاتیڤی بەریتانیادا، ئەم ووڵاتە دەیەوێت یاسایەکی نوێ بچەسپێنێت. لە ناوەڕاستی مانگی نیسان/ ئەپریلی ٢٠٢٢ بەریتانیا ڕێکەوتنێکی لە گەڵ ڕواندا واژوو کرد کە بەرپرسایەتی هەڵسەنگاندنی داوای پەنابەری دەداتە دەست ڕواندا.

بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە، ولە بەرامبەر ١٢٠ ملیۆن پاوەندی بەریتانیدا، ڕواندا، کە زیاتر لە 6500 کیلۆمەتر دوورە لە بەریتانیاوە، بەرپرس دەبێت لە گواستنەوەی داواکارانی پەنابەری بەریتانیا، چاودێریی بەرەوپێشچوونی داواکارییەکانیان ولە کۆتاییدا، ئەگەر داواکارییەکەیان قبووڵ کرا، بۆ ماوەی درێژ خایەن لە ڕواندا نیشتەجێ دەکرێن. ئەم ڕێکەوتننامەیە یەکێکە لە بەندەکانی پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان*، کە تێیدا هەر کەسێک بە نایاسایی بگاتە بەریتانیا وهەروەها ئەوانەی لە ١.١..٢٠٢٢ ەوە هاتوون، دەتوانرێت نەک هەر تووشی گرتن ودادگایی کردن بن (بە تۆمەتی داخڵ بوونی ووڵات بە نایاسایی)* بەڵکو بگوێزرێنەوە بۆ ڕواندا، وبەتایبەتی ئەو گەنجە تاکانەی بە ڕێگای نایاسایی و مەترسیداری وەک بەلەمە بچووکەکان دەگەنە ئەم ووڵاتە.

ئەم ڕێکەوتننامە دژە پەنابەرو دژە ئینسانیە، دژ بە کەسانێکە بە سەختترین زرووفی ژیانیاندا تێدەپەڕن و بە هۆی شەڕ ونائارامی توندوتیژی و یان کارەساتی سروشتی وئاکامەکانیەوە (کە سیستەمی نایەکسانیی سەرمایەداری خۆی وە بەریتانیا وەک یەکێک لە نوێنەرە جیهانیەکانی، بە ڕاستەوخۆ دروستکەر وخوڵقێنەرین) بە ناچاری هەڵکەنراون لە ڕێ وشوێن وکۆمەڵگای خۆیان وناچاری ژیانی ئاوارەبوون کراون ولەم ڕێگەیەدا تووشی دەیان مەترسی بۆ سەر ژیانیان بوون کە ساڵانە بە سەدان وهەزارانیان لێ دەمرێت و دەخنکێت وبێسەر و شوێن دەبێت..

ئەمە هەنگاوێکی کەی ئەم ووڵاتەیە دژ بە خەڵکی هەژار وچەوساوە، بۆ زیاتر چەسپاندنی نایەکسانیەکان وشان خاڵی کردنەوەی دەوڵەتە لە بەرپرسایەتی لەژیان و خۆشگوزەرانی ئینسانەکان. هەروەک چۆن بەردەوام شاڵاو ئەبات بۆ سەر خزمەت گوزاری ومافە گشتیەکان وەک تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، بیمەی بێ کاری وخانووبەرەی دەوڵەتی و هاتوچۆ..هتد. پێیان دەڵێت بەتەمای دەوڵەت مەبن هیچ پشتگیریەک وهیچ ئاسانکاریەکتان بۆ بکات، ووڵات ووڵاتی سەرمایەداران و بانک وکۆمپانیا و کارتێلە زەبەلاحەکانە ولەخزمەت بەرژەوەندی ئەواندایە. تۆ ئەگەر لێت قەوماوە، ئەگەر برسیت، هەژاریت، نەخۆشیت، پەک کەوتەیت، ئاوارەیت، ستەم لێکراویت، نەخوێندەواریت، بێکاریت، بێخانەو لانەیت یان بە هەر جۆرێک پەراوێز خراویت لەم کۆمەڵگاکەدا، ئەوا خۆت بەرپرسیاریت. سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبرالیەکەی هەموو فرسەتێک وهەمو قەیرانێک بەکار دەهێنێت بۆ دەست بەرداربوونی دەوڵەت لە دابیینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کرێکاران و نەداران و چەوساوەکان.

ئەم ڕێکەوتننامەیە پشت گوێ خستنی هەموو ئیستاندارێکی جیهانی وتەنانەت ئەو پەیماننامانەی کە خودی بەریتانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران تا ئێستا پابەندێتیی***. ئەڵبەتە، برێکزیت فرسەتی دەستبەرداربوونی بۆ خوڵقاندون لەم پەیماننامانە ولە چەندین ئیلتیزاماتی تری نێو دەوڵەتی وەک مافەکانی کرێکاران وەک سەعاتی کار و پشوو، لانی کەمی کرێ ومافی مان گرتن وڕێکخراوبوون ..هتد وتا بە ئارەزووی خۆیان و بە بێ پەیوەست بوون بە هیچ ستانداردێکی جیهانی، دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ چەوسانەوەی ئینسانەکان وپەرە پێدانی نایەکسانیەکان لەخزمەت پتەو کردنی سەرمایەداری نیۆلیبراڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە.

ئاشکرایە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی بۆریس جۆنسۆن بە نوێەنەرایەتی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێڵ، ئەم ڕێکەوتنامە دڕندانەیەی، لە پێناو دەستکەوتی سیاسی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤدایە و بۆ ڕازی کردنی ڕای گشتی ڕاستڕەوەکانی بەریتانیایە کە پێیان وایە پەنابەران سەرچاوەیەکی سەرەکی کێشە ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی ئەم ووڵاتەن وگوایا بەم سیاسەتە بەر بە گەیشتنی نایاسایی پەنابەران دەگرن لەڕێگای کەناڵی ئینگلیزیەوە. شایانی باسە، بەریتانیا و ووڵاتە ئەوروپیەکان بە گشتی، بەردەوام خەریکی داخستن و قورس کردنی هەموو ڕێگەکانی تری پەنابەری وپەنابەریی “یاسایی” بۆ ئەم ووڵاتانە ڕۆژ بەڕۆژ سەخت و سەخت تر دەبێت. هەمومان دیمەنە دڵتەزێنەکان و تراژیدیای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ٢٧ کەسەمان لە یادە کە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بەلەمە لاستیکەکەیان لە کەناڵی ئینگلیزی قڵپ بوەوە، کە ئەمە یەکێک بوو لە گەورەترین تراژیدیاکانی لەم جۆرە و ئاکامێکی ڕاستەوخۆی قایم کردنی سنوورەکانە. ئەگەر ڕێگەی یاسایی ئاسان هەبێت بۆ داواکاری پەنابەری بۆچی ئەو گەنجانە چارەنووس وژیانی خۆیان دەخەنە ژێر رەحمەتی شەپۆلەکانی دەریاوە.

ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا مآساتەکانیان چەند قاات دەکات وبێ گومان کۆمەڵیک لە کارەسات و گرفتی تازە دەهێنێتە ڕێیان بەتایبەتی ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرجاو لە پەنابەران ژن و منداڵن کە تووشی توندو تیژی وستەم بوون، ئەوان دەنێردرێن بۆ ووڵاتێکی نائارام کە سیستەمی نیشتەجێبوونی ئاوارە وئاسانکاری بۆ ئینتیگرە بوونیانی تیا نیە، کە هێشتا ئاسەوارەکانی جینۆسایدی ١٩٩٤ی پێوە ماوە، (کە لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا زیاد لە ٨٠٠٠٠ کەس، زۆربەی لە توتسیەکان، قەتڵ وعام کران لە شەڕی ناوخۆییدا)، وتەنانەت ساڵی ڕابوردوو حکومەتی بەریتانیا خۆی نیگەرانی لای نەتەوە یەکگرتوەکان دەربڕی سەبارەت بە بانگەشەکانی ‘کوشتن، مردن لە کاتی دەستبەسەریدا، وون کردنی زۆرە ملێ و ئەشکەنجەدان’ لە ڕواندا، وەهەروەها بەرتەسکی مافە مەدەنی وسیاسیەکان لەو ووڵاتەدا.

ئاشکرایە عێراق وکوردستان یەکێکن لە گەورەترین سەرچاوەکانی ئاوارەیی لەجیهاندا ولە سایەی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیۆلیبراڵی وڕژێمی سیاسی قەومی وتایەفەیی ئەم ووڵاتەدا ژیان بۆتە دۆزەخ هەر بۆیە گەنجانی ئەم ووڵاتە ڕۆژانە بە لێشاو ڕوو دەکەنە سنوورەکان وبە ناچار، چارەنووسی خۆیان و منداڵیان دەخەنە دەست مافیاکانی قاچاخچی بەشەر. ناردنی ئەم کوڕ و کچە گەنج و منداڵانە و فامیلیەکانیان بۆ ڕواندا چەپۆکێکی بێ بەزەییە بە ڕوویاندا و کوشتنی هەموو هیوایەکیانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە وئارام کە مافێکی سەرەتایی ئەوانە.

مافی پەنابەری ونیشتەجێبوون لە ووڵاتێک کە ئینسانەکان سەلامەتیان تیایدا پارێزراوبێت، یەکێکە لەو دەستکەوتانەی ئازادیخوازانی دنیا بە خەباتی چەندین ساڵ بەدەستیان هێناوە. ئەم سیاسەتە ئەگەر سەر بگرێت هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دواوە وڕێگە خۆش دەکات بۆ سەندنەوەی زیاتر لە مافە سەرەتاییەکانی بەشەر. ئەم پرۆژە یاسایە شتێک نیە جگە لە ئاگر خۆشکردنی گوتاری سیاسی ڕەگەزپەرستی ونایەکسانی وئەرکی ئێمەی ئازادیخوازە کە بە توندی دژی بوەستینەوە.

**************

* پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان کە لەمانگی تەمموزی 2021 دا خرایە بەردەم پەرلەمان، هەندێک بەندی تری تێدایە دەربارەی نەتەوە، پەنابەری، کۆچبەران، قوربانییەکانی کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

**یەکێک لە بەندەکانی تایبەت بە پەنابەران: ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی داخڵی بەریتانیا دەبن، دەتوانرێت بەناوی سەرپێچیەکی نوێوە دادگایی بکرێن کە ئەویش گەیشتنیانە بە بەریتانیا بە شێوەیەکی نایاسایی ولەوانەیە بۆ چوار ساڵ دەستگیر بکرێن.

***بەریتانیا، پابەندی دوو پەیماننامەی نێو دەوڵەتی پەنابەریە: یەکەمیان: پەیماننامەی پەنابەری ١٩٥١ی نەتەوە یەکگرتوەکان کە حەوت دەیە پێش ئێستا ئیمزای کردوە کە ناردنەوەی خەڵک قەدەغە دەکات بۆ ووڵاتێک کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت وە یان ئازادیان لێ زەوت بکات. دووەم: پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە هیچ کەس نابێت بخرێتە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان وسزای نائینسانی وخراپ مامەڵەکردن وڕیسواکردن.

بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان، هەر کەسێک مافی پەنابەری هەیە لەو ووڵاتەی کە پێی دەگات. یاسای یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە یاسای ‘دوبلینی سێهەم’ ڕێگە دەدات پەناخوازان بگەڕێنرێنوە بۆ یەکەم ووڵاتی ئەندامی یەکەێتی ئەوروپا کە کەسێک بیسەلمێنێت لێوەی هاتۆتە ناوەوە. بەڵام لەپاش برێکزیت بەریتانیا چیتر بەشێک نیە لەم ڕێکخستنە وهیچ پلانێکی لەجێیدا واژۆ نەکردوە هەر بۆیە گواستنەوەی کۆچبەران بوەتە کێشەیەک، ولەلایەکی کەشەوە چونکە پابەندی هیچ پەیمانێک نیە، دەستی ئاوەڵا بوە تا بە ئارەزووی خۆی چارەنووسی پەنابەران دیاری بکات.