سیروان عه‌بدول

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا


Loading

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا 

سیروان عه‌بدول – به‌شی یه‌كه‌م 

 

 

نەوشیروان مستەفا خەریکە دەکرێت بە ئایکۆن. خەریکە دەکرێت بە ناوێکی وا درەوشاوەی ناو مێژووی سیاسەتی کوردیی کە ئەو پیاوە بە هیچ کلۆجێک شایەنی نییە. هەر کاتێک لە کۆمەڵگه‌یەکدا، دوای مردنی سیاسەتمەدارێک، هەوڵ هەبوو بۆ پیاهەڵدانی ناڕەخنەییانە و، کێشانی وێنەیەکی فووتێکراوی لەخۆنەچوو بۆی، لەوێدا زەرورەتێک هەیە بۆ باڵانسدانەوەی وەسفە موبالەغەپێکراوەکان و، بۆ پێداگریی لەسەر هەڵسەنگاندن بە عەقڵی ڕەخنەییانە و، بەرچاوخستنی سەرڕاستانەی بایۆگرافیای سیاسیی سیاسەتمەداران.

 

ئۆپۆزیسیۆنی دژە جیاوازیی بیروڕا

چەند ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک فەرماندەیەکی سەربازیی ینک، وەک سەرۆک باندێکی مافیایی، چەکدارەکانی خۆی ناردە سەر گردی زەرگەتە و دایە بەر دەستڕێژ، یەکێک لە ناوە دیارەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان هێرشەکەی وەک «هێرش بۆ سەر ڕێبازی نەوشیروان مستەفا» وەسف کرد.  ئەو کەسە بە جیدی ئەو قسەیەی دەکرد، بەڵام هەر کەسێک کە کەمێک ئاگاداری مێژووی نیو سەدەی ڕابوردووی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد بێت، بۆی هەیە وا تێبگات کە ئەو کەسە وەک (ئایرۆنییەک)  بۆ مەسخەرەکردن بە نەوشیروان مستەفا ئەو قسەیەی کردووە. ئاخر ئەگەر ڕێبازی سیاسیی سیاسەتکارێک لەسەر بنەمای ڕەفتاری سیاسیی ئەو کەسە شەکڵ بگرێت، ئەوا نەوشیروان موستەفا لە کەسە هەرە بەرچاوەکانی ناو سیاسەتی کوردییە کە هەڵکوتانەسەر نەیاری سیاسیی و هێرشی چەکدارانە بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن و کوشتنی ئەندامانیانی بە کارێکی ڕەوا و دروست زانیوە.

 

ئەو جگە لەو زیادەڕۆییە گەورە و (دیلکوشتن) و «پەرێزپاکیی»ەی کە لە (قەڕناقە و پشتئاشاندا) بەرامبەر بە ئەندامانی حیزبی شیوعیی کردی و هیچ کاتێک پەشیمانیی لێ نیشان نەدا. یەکێك لە موفارەقەکانی زەمەن ئەوەیە کە ڕێک خودی نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای دووهەزارەکاندا، ڕێک بە چەشنی ئەو کەسەی سەرکردایەتیی ینک، چەکدارەکانی خۆی ناردە سەر گردێک لەو شارەدا و حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی شاربەدەر کرد، تەرمی پێنج کوژراوەکەیانی زەوتکرد و دانی بە شارەوانیی بیاننێژێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو سەردانی گۆڕەکەیانی لە خانەوادەکانیان قەدەغە کرد، و تا مردیش پێی وا نەبوو مافی نەبوو کارێکی وا بکات، یان ئەوەی کردی تاوان و زیادەڕۆییەکی گەورە بوو.

 

ئه‌و، ئەو زیادەڕۆییەی بۆ سەر ئەو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە بەوە پاساو دا؛ کە نابێت حیزبی سیاسیی لەناو شاردا بارەگای هەبێت و لەسەر گردێک دەزگای میدیایی دابنێت و ڕەخنەی ینک بکات!  بەڵام هەر خۆی چەند ساڵێک دوای ئەوە، ملیۆنێک دۆلاری لە پارەی دزراوی خەڵکی هەژاری کوردستان، لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانیی لەگەڵ خۆی برد و گردێکی داگیر کرد و دواتر وەک «باوکی هەژاران» هەموو پارە و موڵکەکەی وەک سەروەتی تایبەت ڕادەستی منداڵەکانی خۆی کرد.

 

من تێناگەم ئەو کەسانەی کە ئەو پیاوە وەک «پیاوێکی سپی» و، کەسایەتیی سیاسیی ئەو وەک داکۆکییکار لە چالاکیی ئۆپۆزیسیۆنیی و ڕەخنەگر لە (میراتگریی سیاسی)  وەسف دەکەن، ئەو توانایە لەکوێوە دەهێنن کە دەتوانن بەسەر ئەو نیفاقە گەورانەی ناو ژیانیدا باز بدەن.

 

فیگەرێکی سیاسیی بەو ڕابوردووە ڕەشەوە، بەو نیفاقەوە لە ڕوانگەیدا بۆ ڕەخنەی ئۆپۆزیسیۆن لە حیزبی دەسەڵاتدار، شایان بە هەرچییەک بێت، شایان بەوە نییە وەک خەباتکارێک بۆ بەدەستهێنانی تۆڵێڕانس (لێبورده‌یی) بۆ جیاوازیی سیاسیی و حوکمی دیموکراتیی و ئۆپۆزیسیۆنبوون  نمایشبکرێت.

 

 

پانزە ساڵ لە سەنگەری خەباتی نوخبەی حیزبییدا دژ بە خەڵکی هەرێم

هەوڵدەدرێت نەوشیروان مستەفا وەک خەباتکارێک دژ بە گەندەڵیی و دژ بە قۆرخکردنی دەسەڵات و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن حیزب و نوخبەی حیزبییەوە نیشان بدرێت. کێشانی وێنەیەکی وا بۆ ئەو پیاوە ڕەفتارێکی تەواو سەرڕاستانە نییە. ئەگەر ئەو مامەڵەیەی ینک و پدک لەدوای ڕاپەڕینەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارێتیدا کردویانە جێگەی ڕەخنە بێت، ئەوا لە هەڵسەنگاندنی ڕابوردووی نەوشیروان مستەفادا ناکرێت ئەو ڕاستییە بشاردرێتەوە کە ئەو پیاوە پانزە ساڵ، بە هەموو ئەو ده‌سه‌ڵات و ئۆتۆریتییە ڕەسمیی و دیفاکتۆیەوە کە هەیبوو، لەپشت ئەو ڕژێمە بووه‌. به‌شداری گه‌وره‌ی  گەورەی هەبووە لە شەرعییەتدان بە گەندەڵی و زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕژێمە.

ئەو لە شەڕی ناوخۆدا ڕەخنەگرێکی دەرەوەی ئەو ناپاکییە کارەساتبارە نەبوو، کە پیاوە دەبەنگەکانی شاخ لەناو ینک و پدکدا، لەپێناو دەسەڵات و پارە و ململانێی شەخسیی نێوان خۆیاندا بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکە زەدیدەکەیدا هێنایان، بەڵکو بە هەموو سەنگێکەوە لە سەنگەری یەکێتی نیشتیمانییدا بوو.

 

هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ نه‌وشیرواندا له په‌یمانێكی نه‌نوسراودا (ناوه‌ڕاست حاكم قادر – ئه‌ندامی م.س یه‌كێتی)!

کەسێک پانزە ساڵ بە سەنگی خۆی و بە قسە و بە چەک لە سەنگەری تاڵان و بڕۆیی و خۆدەوڵەمەندکردنی پیاوانی حیزبدا بووبێت لە موڵکی گشتیی هەرێم، وە  به‌شداری  ڕووخێنەری لە شەڕی ناوخۆدا هەبوبێت، هەرچییەک بێت، شایان بەوە نییە وەک «شادڕەوان»ێکی خەباتکار دژ بە گەندەڵیی لە هەرێمدا چاو لێبکرێت.

 

 

پێداگریی لەسەر ڕۆڵی ترادیشیۆناڵی ژنان

نەوشیروان مستەفا ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانە و پاتریارکییانەی هەبوو بۆ ڕۆڵی کۆمەڵگه‌یی ژن و بۆ سێکسواڵیتیی ژن.

بەداخەوە تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگه‌ی کوردیی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگه‌یە لەدوای ڕاپەڕینی (١٩٩١)ەوە بەدەست گرفتێکی زۆر گەورەتر و گرنگتر لە گرفتی سەرکوتی نەتەوەییەوە دەناڵێنێت: گرفتی سەرکوتکردنی ژنان و کوشتنی ژنانه‌.  ڕێژەی کوشتنی ژنان لەدوای نەمانی دەسەڵاتدارێتیی حکومەتی بەعس بەسەر شارە کوردییەکانەوە، لەپڕ زۆر زیادی کرد و، لەدرێژەدا ئێستا بۆتە دیارەیەکی بەرچاو و بە نۆرمێکی جێگیری ناو کولتوری هاوچەرخی کوردیی.

 

فاکتێکی مێژوویی کە گرنگە لەم سیاقەدا دەستی بخرێتە سەر ئەوەیە کە جێخستنی کولتوری ژنکوژیی و خاوەندارێتیی لە سێکسواڵیتیی ژن لەدوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستاندا، پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران فریابکەوێت پیاوە کۆنەپەرستەکانی خۆی لە فۆرمی بزوتنەوەی ئیسلامییدا دژ بە ئازادییەکانی کچان و ژنانی کوردستان مۆبیلیزە بکات و لەسەرەتای نەوەدەکاندا دەست بدەنە ڕشتنی تێزاب بە پێستی ڕووتی کچاندا، لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە دەستی بۆ برا.  

 

 

وەک مێژوویەک یەکێتیی نیشتیمانیی مافی خۆیەتی ئەو شەرمەزارییەی بەرکەوێت کە بەر لە ئیسلامییەکان هەڵمەتی مۆڕاڵیستیی کوشتنی ژنانی لەشفرۆشی دەست پێکرد و نۆرمێکی وای لەناو کولتوری کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕیندا زیاتر جێ خست کە لەشی ژن بە موڵکی خێزان و نەتەوە بزانرێت و ژن نەتوانێت وەک تاکێکی ئۆتۆنۆم ژیان بکات.

 

ینک لە ساڵی یەکەمی دوای ڕاپەڕێندا هەڵمەتێکی کوشتنی ژنانی دەست پێکرد، كه‌ بە قسەی زۆرێک لەوانەی خۆیان تەواو لە نزیکی کارەکەوە بوون و ورد ئاگادارن، نەوشیروان مستەفا خاوەنی بیرۆکەکە و فەرماندەری ئەنجامدان و سەرپەشتیکەری کوشتنی ژنەکان بوو. ئەو گرفتێکی نەبوو لەگەڵ ئەوەدا کە حیزب لێبوردن بۆ جاش و موستەشارە تاوانکارەکانی بەعس دەربکات و بیانکاتە بەشێک لە هێزی پێشمەرگە. بەڵام زیهنییەتی پاتریارکییانەی ڕێگر بوو لەوەی به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ بگرێت، کە ژنانێک هەبووبن (گوایه)‌  به‌هۆی بەهەر پاڵنەرێکەوە بووبێت سێکسیان لەگەڵ پیاوانی حکومەتی بەعس یان کەسانی تردا کردبێت.

ئەو ئه‌قڵیه‌ته‌  پاتریارکییە لای ئەو پیاوە دواتر، کاتی سازدانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەو گووتە عەبەسییەیدا خۆی مانیفێست کرد کە گوایە «لە کوردستاندا دۆزێک وجودی نییە بەناوی دۆزی ژن».

لە درێژەدا، هەوڵی بەدەستهێنانی «موچەی کابانی ماڵ» تەنها بۆ ژنان و، بێباکیی لەئاست ئەوەی کە موچەیەکی لەو چەشنە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر گەورەتری ژنانی کوردستان بکەونە ماڵەوە، بەیانکەری ئەوەبوو کە بەلای ئەوەوە شوێنی ژن لە حاڵەتە نۆرماڵەکەدا ماڵەوەیە و، کاری ژن کاری ناوماڵە.

 

 

سەوابتەکانی ئیسلام وەک سنوورێک بۆ سیاسەتی حکومی و ژیانی کۆمەڵایەتی

نەوشیروان مستەفا ئەگەر داهێنەری شتێک بێت لە سیاسەتی کوردییدا، ئەوا داهێنەری ئۆپۆزیسیۆن نییە، ئۆپۆزیسیۆن پێشتر هەبوو، بەڵکو داهێنەری پۆپۆلیزمه‌ لەپێناو سەرخستنی حیزب بەسەر حیزبی ڕکابەردا. پۆپۆلیزمێک کە بردنەوەی دڵی دەنگدەر بەلایەوە لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی هاوڵاتییان گرنگتر بوو.

 

ئەو لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی سەنگەر لەبەرامبەر پدک-دا لەڕێگەی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئیسلامیزمدا، ئامادە بوو کاری جیدیی بۆ ئەوە بکات، کە سەوابتەکانی ئاینی ئیسلام بکاتە سەوابتی سیاسەتی حکومی و ژیانی کۆمەڵایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان. بۆ نموونە؛ فرەژنیی، سەیرکردنی پیاوان وەک قەوامتر لە ژنان و، پێدانی میراتی دەبڵ بە پیاوان (کە هەموو ئەحکامی سابتی ناو دەقی قورئانیین)، لە ڕێبازی سیاسیی ئەودا «هێڵی سوور» بوون.

كۆچكردوو (نه‌وشیروان موسته‌فا) له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ – وه‌ك سكرتێری پێسووی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی – لینینی كوردستان (ڕه‌نجده‌ران) له‌خودا ده‌پاڕێته‌وه‌!

بەم مانایە، دروست نییە نەوشیروان مستەفا وەک خەباتکاری ڕێگەی سازدانی حوکمی دیموکراتیی پیشان بدرێت. ئەو ڕێک بەپێچەوانەی کەوتنەوەی حوکمی دیموکراتیی کاری کردووە. دیموکراسییخوازیی واتە کارکردن بۆ ئەولەوییەتی خواستی ئازادانەی خەڵک و، ملکەچکردنی هەر دۆگم و یاسایەکی پێشوەختداڕێژراو بۆ ئەو خواستە.

 

دیموکراسییخوازیی واتە کارکردن بۆ واڵاکردنی دەستی توێژە جیاوازەکانی ناو خەڵک (بۆ نموونە؛ ژن وەک پیاو) بۆ هاتنەناو کۆمەڵگه‌ و ڕەخساندنی دەرفەرتی یەکسان بۆیان لە داڕشتنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا. دیموکراسییخوازیی واتە کارکردن بۆ ڕەخسانی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم ئاین و جیهانبینییە جیاوازەکان لە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی وڵات و داڕشتنەوەی یاسادا، نەک مەرجدارکردنی بە ئەحکامە نەگۆڕەکانی ئاینێک.

 

داکۆکیی نەوشیروان مستەفا لە سەوابتەکانی ئاینی ئیسلام بەو تەماحەوە بوو کە ئەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی زیاتر دەنگی بۆ حیزبەکەی کۆدەکردەوە. ئەگەر نمونەیەک هه‌بێت ماهییەتی پۆپۆلیزم    تەواو ڕۆشن بکاتەوە، ئه‌وا دەبێت ئەم ڕەفتارەی ئەو پیاوە بێت. سیاسەتمەدارێک ڕۆژێک پەنای بردبێتە بەر پۆپۆلیزمێکی لەو چەشنە، بۆی هەیە شایان بە وەسف و ستایشی تر بێت، بەڵام قەت شایان بەوە نییە وەک خەباتکار بۆ دیموکراتییەت لە کوردستاندا وەسف بکرێت.

 

 

ماویه‌تی;

 بۆ به‌شی دووهه‌م  كرته‌ بكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌؛   

 

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا

 

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌