ئەو شەوەی قالە مرد

Loading

 

 

ژنەکەم هەمیشە ئەندێشەم دەشوێنێ، من ئیستا بیر لە نووسینی چیرۆکێک دەکەمەوە . لە بالکۆنێی ساختومانەکەمەوە وێستاوم و جگەرە دەکێشم، ئەویش وەکو هەموو جارەکانی دی و وەکو کردبووی بە پیشەی خۆی دەیگووت؛ هەموو گیانت بۆنی جگەرەی لێ دێت . من بەدەم جگەرەکێشانەوە بیر لە سلێمانی دەکەمەوە . لە کونوقوژبنەکانی سلێمانی . یادەوەریم هەڵمدەگرێ و دەمباتەوە بۆ ڕۆژگاری منداڵیم و لەپڕێک ئەو دەمهێنێتەوە بۆ کەنەدا و بۆ نێو بالکۆنێیەکە . من دەمەوێت قالە بهێنمەوە ناو ئەندێشە و بەر ڕوانیینەکانی خۆم .

ڕۆژێک جگەرە دەتکوژێت، ژنەکەم دەڵێت .

ئەوە چەندەمین جگەرەیە من لە ژیانی خۆم دا دەیکێشم، من لە خۆم دەپرسم .

وەرە ژوورەوە، ژنەکەم دەڵێ . لەبەر ئەو سەرمایە نەخۆش دەکەویت .

لێمگەڕی چ جای سەد جار دەیکوشتم، من لەبەرخۆمەوە دەڵێم .

زۆرم دەوێیت تا جارێکی دی ئەو دیمەنە دەهێنمەوە پێشچاوی خۆم، دیمەنی قالە بە خۆی و کەللە زللە تاشراوە بریندارەکەیەوە لە پێشی پاسێکی شارەوانی دا، دانیشتووە و بەدەم گۆرانی گووتنەوە دەڕوات بۆ سەرچنار . برینێک لە سەروو ناوچەوانیەوە کە دوور نییە ڕۆژێک سەری کێشا بێت بە شووشەی جامخانەی دووکانێک یان چێشتخانەیەک دا . شارێک لە کاتی بێزاربوونی خۆیان دا سەریان دەکردە سەر قالە . دەیانویست شێتی خۆیان لەناو تووڕەبوونەکانی قالەدا بە ئاگا بهێننەوە . ئەو کاتانەی قالە تووڕە دەبوو شارێک پێدەکەنی . تورەبوونی قالە و خۆشنوودی شارێک . من زۆرجار دەمپرسی ئەو شارە چ خۆشییەک لە تووڕەبوونی ئەو بەستزمانە وەردەگرن .

قالە شێت کەسێتی بەناوبانگ و قسەخۆشی کەم ئاوەزی شاری سلیمانی . هەمیشە دەیگووت؛ قالە ئاقڵە سەگ و سەگبابی ناکات!
قالە شێت کەسێتی بەناوبانگ و قسەخۆشی کەم ئاوەزی شاری سلیمانی . هەمیشە دەیگووت؛ قالە ئاقڵە سەگ و سەگبابی ناکات!

قالە گیان، ئەوە سەرەی چەندەمین جارەتە دەڕۆی بۆ سەرچنار ؟ شوفێری پاسەکە دەیپرسی .

قالە وەڵامی نەدەدایەوە، هەردوو پەنچە تووتەی دەهاویشتە ناو گوێیەکانییەوە و هەڵیدەکردە گۆرانی . گۆرانییەک ووشەی تیا نەبوو و تەنیا سۆزێکی قووڵ بوو دەڕژایە ناو ڕۆژگارەوە . کێ دەیزانی قالە چ سۆزێک هەڵیگرتووە . سۆزێک لەگەڵ خۆی دا دەیبرد و هێواش هێواش لەگەڵیا دەتوایەوە .

ڕۆژێک قالە بەدەم سۆزی گۆڕانییەوە دەمرێت . قالە عاشقی سلێمانی بوو .. عاشقی جادە و کۆڵانەکانی . هەزاران جار بەناو ئەو کوچە و کۆڵانانەدا تێپەڕیوە و وای لێدەڕوانێ کە یەکەمین جارە دەیانبینێ .

من عاقڵ دەبم، قالە بە شوفێرەکەی دەگووت .

دەی باشە لەوێدا دانیشە و هەقی کەست نەبێت، شوفێرەکە دەڵێت .

با کەسیش سەر نەکاتە سەرم .. قالە ئەوەی دەگووت و کەمێک دەوەستا . کەسانێک هەبوون کە دەیانبینی قالە لە ریزی پێشەوە دانیشتووە نەیاندەوێرا لە دەرگای پێشەوە بێنە سەرەوە و بەرەو دەرگای دواوە دەچوون .

خاڵە سەد فلسم بدەرێ، قالە لەو پیرەمێردە دەپرسێ کە لە پشتییەوە دانیشتووە .

قالە واز لە خەڵک بێنە و گۆرانییەکەت بڵێ، شوفێرەکە گووتی .

قالە جارێکی دی ڕوو دەکاتەوە شووشەکەی لا تەنیشتی خۆی و هەڵدەکاتەوە گۆرانی .

جارێکی دی دەنگێک لە خەیاڵە خۆشەکەی خۆم ڕامدەگرێ و دەنگێک نییە لە سلێمانییەوە، دەنگی ژنە ڕەشەکەی دراوسێمانە لەگەڵ هاوڕێکەی سەرخۆشبوون و پێکەوە گۆرانی دەڵێن .

گوێت لێیە دەستیان کرد بە گۆرانی گووتن، ژنەکەم دەڵێت .

هەقت چییە بەسەریانەوە، من دەڵێم . خۆ ئێمەیان بێزار نەکردووە .

ئەوە ئیستا دڵیان خۆشە و گۆرانی دەڵێن، ژنەکەم دەڵێت . بزانە هێندە نابات دەیکەن بەشەر و دەبێت پۆلیس بێتە سەریان .

جارێکی دیش زنجیرەی ئەندێشەی شێواندم، زۆری دەوێت تاوەکو قالە بهێنمەوە ناو خەیاڵی خۆم .

قالە، لەبەرخۆمەوە من گووتم .

دەمویست قالە بانگ بکەم و لە شووێنێکەوە بیهێنمەوە ناو بینینی خۆم .

قالە، من گووتم . لە کوێی قالە .

قالە کێیە، ژنەکەم دەپرسێت .

قالە کەس نییە، من گووتم . لەگەڵ خۆم قسە دەکەم .

بۆ شێت بوویت لەگەڵ خۆت قسە دەکەیت، ژنەکەم دەڵێت .

جاران مناڵبووم دایکم بە قالە بانگی دەکردم، من گووتم .

ئەو جارەم بیرکەوتەوە کە لە قشڵاخ مامۆستابووم، سەرپەشتیاری پەروەردەییەکەم ئەوەی بۆ گێڕامەوە کە لەگەڵ قالەدا سەرباز بووە .

من بۆ پشوو دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی، سەرپەشتیارەکەم گووتی . قالەش لەگەڵ ئێمەدا سەرباز بوو .

کەواتە قالەش ڕۆژێک سەرباز بووە، من لەبەرخۆمەوە گووتم .

قالە هات بۆ لام و گووتی، دەچیتەوە بۆ سلێمانی ؟

مامۆستا عەبدولی سەرپەرشتیار ئەوەی گووت و هەوڵی دەدا ئەو ڕووداوەم بۆ بگێڕێتەوە . وام نیازە قالە گیان .

ئەگەر چوویتەوە سەرێک بدە لە ماڵی ئێمەش لە سلێمانی، قالە پێی گووتم .

کەواتە قالەش ڕۆژێک ماڵیان هەبووە، لەبەرخۆمەوە گووتم .

پێیان بڵێ قالە زۆرباشە، قالە گووتی . با دایک و باوکم هیچ خەمی منیان نەبێت .

کەواتە ڕۆژێک قالە دایک و باوکی هەبووە، من لەبەرخۆمەوە گووتم .

ماڵی ئێوە چۆن بدۆزمەوە قالە گیان ؟ مامۆستا عەبدول گووتی .

ماڵی ئێمە لە شێخ محێدینە، قالە وەڵامی داوە .

شێخ محێدین، لە کوێ ؟ مامۆستا عەبدول گووتی .

هەر بڕۆ و بپرسە ماڵی قالە، من بۆ خۆم شێتم . باوک و دایکم شێتن، براکانم شێتن، تەنانەت چۆلەکەی ژێر گوێسەبانەکانیشمان هەموو شێتن .

گران نییە ماڵی ئێمە بدۆزیتەوە، قالە گووتی .

مامۆستا عەبدول لە ڕۆژگارێک دەدوا، دوور نییە سەرەتای شێتبوونی قالە بووبێت . کەس نازانێت . ڕۆژێک دێت کەس قالەی بیر نامێنێت . هەموو دونیا قالە لە بیر دەکات . بەڵام ئیستا قالە لە سلێمانی دەسوڕێتەوە . دەڵێی وورچێکی زلە و کەس ناوێرێت لێی نزیک بکەوێتەوە . هەموو دونیا لە قالە دەترسن . بەڵام قالە لە کەس ناترسێت، لە هەموو کەس نزیک دەکەوێتەوە و دەستیش لە کەس ناوەشێنێت . لە چایخانەکان دادەنیشێت و پیاڵە چا لەسەر پیاڵە چا دەخواتەوە . گۆرانی دەڵێ و جارجارێكیش داوای سەد فلسییەک لە کەسێک دەکات . قالە تووڕە نابێ و لە پەنا گوێی کەسێک ناسرەوێنێت، تا کەسێک تووڕەی نەکات .

ژنەکەم دەڵێت؛ ئەو مۆسیقایە بکوژێنەوە، دەنگەکەی دەدا لە مێشکم و ناهێڵێت بخەوم .

لێرەدا دەوێستم، بەرەو بالەکۆنییەکە دەڕۆم و جگەرەیێکی دی دادەگیرسێنم . ژنەکەم گوڵەپەکان دەکوژێنێتەوە .

لەدوای خۆتەوە بیرت نەچێت دەرگای بالکۆنێکە دابخەیتەوە، ئەمشەو ڕەقدەبینەوە .

دەچمە بالکۆنێکە و لەگەڵ خۆما ئەندێشەی قالەم هەڵگرتووە . دەڕوانمە ناو تاریکییەکەی دەرەوە و تا چاو بڕ بکات نیگام بەناو تاریکییا درێژ دەکەمەوە . بیر لەو ئێوارەیە دەکەمەوە قالە هات بۆ چایخانەی جمهوری . سەرێکی لە شێخ ئەحمەدی چایچی بردە پێشەوە و ئەوانەی لەوێبوون هەموو داچڵەکین، پێیان وابوو قالە زللەیێک لە شێخ ئەحمەد بسرەوێنی . بەڵام وا نەبوو قالە خەمێکی گران هەڵیگرتبوو دەیویست بە کاکە شێخی بڵێ .

کاکە شێخ ئەگەر مردم دەمەوێت تۆ بمشووێت، قالە بە شێخی گووت .

قالە گیان تۆ نامریت، شێخ گووتی .

ئەگەر مردم تۆ بمشۆ، قالە گووتی .

قالە ئەوەی گووت و ڕۆی . دوور نییە قالە ئەو شەوە بەناو هەموو شاردا سوڕابێتەوە . قالە بۆ خۆی دەیزانی ئەو شەوە چی دی ڕۆح دەرنابا و بەیانییەکی دی سلێمانی نابینێتەوە . دوور نییە قالە ئەو شەوە تێر دەمی نابێ بە ئاوی سلێمانییەوە و قووڵ قووڵ ئاوی خواردبێتەوە . دوور نییە قالە ئەو شەوە پڕ بە گیان و دڵی هەوای فێنک و سازگاری سلێمانی هەڵمژی بێ و بەشی هەموو دونیا ڕۆحی فێنک کردبێتەوە . دوور نییە قالە دەستی بەسەر سەری سەگێکی بێ جێ و لانەش دا هێنا بێت .

من دوواین مژ لە جگەرەکەم دەدەم و زۆر بە قووڵی لەو چرکەساتە وورد دەبمەوە قالە پێشبینی مەرگی خۆی تیا کردبوو . کەس بیری لە مەرگی قالە نەکردبۆوە . هەر کەسێکت دەگرت چاوەڕوانی توورەبوونێکی دی قالە بوون تەنیا مەرگ نەبێت . چاوەڕوانی ئەوەبوون قالە هەردوو پەنجەتووتەکانی بخاتەوە نێو گوێیەکانی و هەڵبکاتەوە گۆرانییەکی دی و مەرگ نەبێت . هەموو دونیا چاوەڕوانی ئەوەبوون قالە شووشەی جامخانەیێکی دی بشكێنێ و بەڵام نەمرێت .

من هێشتا دڵم نایەت لێرە زیاتر ببزوێم و تێپەڕم و بەرەو مەرگی قالە بڕۆم . ئاخر قالە گیان جارێ زووە بۆ مەرگ . بیر لە جێهێشتنی سلێمانی مەکەرەوە . سلێمانی زیاتر لە بەکری فاتە با تۆی لێ بمێنیتەوە . ئەو شارە بۆ تۆ بەجێی بهێڵی و ئاسۆی قومری تیا بژی . بۆ تۆ لێرە نەبی و مفەوز شەماڵ تیا پیاسە بکات . نا لێرە بۆ هەتا هەتایی دەوەستم و دەمەوێت مەرگی قالە ڕابگرم . چی دی لە شوێنی خۆم ناجووڵێم و دەمەوێت کاری خودا ڕابگرم . بۆچی چیرۆکنووس بۆی ناکرێت چۆن لەسەر پەڕە ڕووداوەکان دەهێنێ و دەبا ئاواش لە ژیاندا بۆ خۆی ڕووداوەکان دروست بکات و لە کوێ دا بۆ خۆی دەیەوێت ئاوا ژیان بنووسێتەوە و گەمەی پێ بکات .

یادێکی دی لەپڕ دێت و هەموو ئەندێشەکانم ڕادەگرێ و دەڕۆمەوە بۆ سەر سفرە و خوانی منداڵی . لەوێ هەموومان لە خانووەکەی گاوران لە دەوری تیڤییەک کۆبووینەتەوە و دەڕوانینە ئەو دیمەنەی قالە شووشەی جامخانەیەک دەشكێنێ .

دەزانی لەو شوێنەدا کە مەکی عەبدوڵڵا وێنەی ئەو تەمیسیلەی گرتووە قالە بەڕاستی توورە دەبێت، باوکم دەڵێ .

ئەها تەماشا بکەن قالە شووشەکەی شکاند، دایکم گووتی .

شووشەی جامخانە هاڕە دەکاتە خوارێ، هەموومان سەری خۆمان دائەپۆشین تاوەکو تیلماسکی شووشە چاومان کوێر نەکات .

ئەوە قالە جامخانەکەی شکاند، فەریدەی خوشکم گووتی .

قالە هەر بەڕاستی شووشەکەی شکاند، باوکم گووتی .

باوکم دەیویست بۆ ئێمەی ڕوون بکاتەوە کە لەو شوێنەدا گروپەکەی مەکی عەبدوڵڵا سەرقاڵی نواندن دەبن، بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن قالە لەوێدا تووڕە دەبێ و شووشەی چێشتخانەیەک دەشكێنێ . ئەوە ڕووداوێکی سرووشتییە و هیچ پەیوەندی بە نواندنەکەوە نییە .

کوڕی قەحبە لەم ماڵە بڕۆ دەرەوە، ژنە ڕەشەکەی درواسێمان هاواری کرد .

دەتگێم و لێرە ناڕۆم، دۆستەکەی هاوار دەکات .

هەر ئیستا پۆلیست بۆ بانگ دەکەم، ژنە ڕەشەکە دەڵێت .

نەمگووت ئەو پێکەنین و قریوە قریوەی ئەو دووانە بە شەڕ کۆتایی دێت، ژنەکەم دەڵێت .

شێخ ئەحمەد، شەوان لە دوای پاککردنەوە و داخستنی چایخانەکەی بۆ نووستن هەر لە دوکانەکەی دا دەمایەوە . ئەو بەرەبەیانییە هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو بە مستەکۆڵە پەیتا پەیتا کێشایان بە دەڕابەی دووکانەکەی دا .

شێخ بە هەڵەداوان لە خەو ڕادەپەڕێ و دەرابەی دووکان هەڵدەداتەوە .

کاک شێخ، ببورە لە خەومان کردی، کەسێکی نەناسراو گووتی . ئەوە قالە مردووە و چاوەڕێی تۆن بڕۆی بیشویت .

کوڕی قەحبە هەر ئیستا لەم ماڵە دەڕۆیتە دەرەوە، ژنە ڕەشەکە دەڵێت .

تا نەتگێم ناڕۆم، کچی تەرەس . پیاوە دۆستەکەی پڕ بە دونیا هاوار دەکات .

هەر ئیستا پۆلیست بۆ بانگت دەکەم، ژنە ڕەشەکە دەڵێت .

تکاتان لێدەکەم بێدەنگ بن، ڕێگەم بەن قالە لەناو ڕۆحما بنێژم . تکایە تاوێک بێدەنگ بن با بەوپەڕی ڕێز و نەوازشەوە ئەو کوڕە جوانەی خۆمان، ئەو ئەسحابەیەی سلێمانی بەرەو گۆڕستان بەڕێ بکەم .

ئەو سەگ و سەگبابانە هەموو شەوێک ناهێڵن بە ئیسراحەت بنووین، ژنەکەم دەڵێت .