كاریكاتێر ماركس له‌سه‌ر شانی كرێكاران ..

ئایدیۆلۆژیا و دژەکانی، سەردەمێکی نوێ بۆ چەمکەکان


Loading

لە ڕاستەوە؛ عەباس جێماو ، سمکۆ موحەمەدی نوسەر

ئایدیۆلۆژیا و دژەکانی
سەردەمێکی نوێ بۆ چەمکەکان
سمکۆ محەمەد

کۆتایی سەدەی ڕابردبوو سەدەی گەشەو ھەڵدانی تەکنۆلۆژیا بوو، زنجیرە مانایەکی دیکەی ئەدەبی وەکو تەشکیلاتێکی ئایدیۆلۆژی لەنێو فەزای ئەدەبی رۆژئاوا جێکەوتە کرد، ھەروەھا گروپێک لەگوتاری رێژەگەرایی پێکەوەگرێدراو نوێنەرایەتی ئەو چەمکەیان دەکرد. ھەر لەوکاتەوە ئایدیۆلۆژیا جارێکی ترو بەرەنگ و بۆیەکی ترەوە سەرتاپای فەزای بیرکردنەوەکانی سەرخانی کۆمەڵگەی داگیرکرد، ھەموو دژەکان بەئاکادیمی و دەرەوەی ئاکادیمیاوە، لەسەر ئەو گوتارە ئایدیۆلۆژیانە کۆک بوون کە قەیرانە مێژووییەکانیان مەترسیدارتر کردبوو، بەڵام تاکو بۆشاییەک مابوو کە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان بوو، ئەویش بەبنبەست گەیشتنی ململانێی فکری و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان بوو، ھەرچی کێشەی گوتاری ئەدەبی و ئەوانەش کە سیاسی بوون و دژ بەئەدەب بوون، لەفەزایەکی ئاڵۆزتر بەفەرھەنگ کرد کە دواجار بوو بەئەخلاقی گروپەکانی کۆمەڵگە، چونکە سیاسەت کاریگەری راستەوخۆی ھەبوو بەسەر بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵیش.

لێرەوە پەیوەست بوون بەئەخلاقەوە بوو بەئۆلگۆیەکی تر کە لەجیاتی ئایدیۆلۆژیا کاری خۆی دەکرد، ئەوانیش بوون بەدوو بەشەوە، بەشێک پشتگیری ئایدیۆلۆژیای دۆگمایان دەکرد، بەشەکەی دیکە بوون بەپارێزەری ئازادی و دادگایی کردنی ھێزی ئایدیۆلۆژی کەدواجار دژی روحی سەرمایەداری کلاسیکی وەستانەوە، تائێرە قسە لەسەر مێژووی ئەم چەمکەیە کە رەخنە لە کۆی سێکتەرەکان دەگیرێت بەئەزمونی رەتکردنەوەی ھەموو رەھاییگەراییەکی ئایینی و سیاسی و فەرھەنگی کە دیسان ئایدیۆلۆژیا وەکو ماسک جێگەی گرتۆتەوە.

 

ئایدیۆلۆژیا لەھەر دەقێکدا لە ڕێگەی تیۆرەوە دەردەکەوێت، چونکە لەسیستمی فیدرالیدا ھەر کارێک بەپێی ڕەھەندی خۆی و بەرامبەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر دەپارێزرێ کە حوکمی بەسەردا دەکات، بەڵام ئایدیۆلۆژیا پەیوەندییەکی خەیاڵییە لەنێو فەرھەنگ و سیاسەت وەکو کۆنتاکتی بابەتی، ئەویش دواجار ئەفرادەکانی پێکەوە لەبابەت و مەیدانێکی دیاریکراودا گرێدەدا و وەکو واقیع دەیناسێنێ، بەڵام لەدەرەوەی دەقەکەدا ھەموو ئەوانەی تائێستا بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە بانگەشەیان دەکرد، مانایەکی دیکەی وەھمی وەرگرت، چونکە وەڵامی ڕاستەقینە و لۆژیکی و بڕواپێکەر نەبوون.

 

ھەموو خوازە ئۆرگانییەکانی دەوڵەت کە پشتی پێدەبەستێت، بریتیین لەتێگەیشتنی قووڵی دەسەڵاتدارێتی، خاڵی ھاوبەشی ئەو ئۆرگانانە بەناڕاستەوخۆ پێناسەیەکی نوێی ئایدیۆلۆژی وەردەگرن، مەترسییەکانی بەردەم نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و تەواوی ناکۆکییەکان کە جەمسەرگیری لەیەکتر دەگرن، بەناڕاستەوخۆ دەچنە خزمەت دەوڵەت و دەزگا ئایدیۆلۆژیەکانی، چونکە ئەنجامدانی ئەو کردەوانە لەسەر بنەمای تیۆری زانستی ساختە بۆ چەمکەکان پراکتیک دەکرێت، ھەروەھا لۆجیکێک وەردەگرێت کە لەنێو رژێمێکی بەرژەوەندخوازدا گوشارەکان رادەستی دەسەڵات دەکرێتەوە، بەوپێیەی سەرجەم ئەو چەمکانەی بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە بزووتنەوەی سیاسی لەسەر بینا دەکرێت، توندوتیژی بەرھەمدێنێت، بۆ ئەمەش دەبێ دەوڵەت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، بۆ نموونە زیندوو کردنەوەی ژیانی ئایدیۆلۆژی لەسەر بنەما کلاسیکیکی و نەریتخوازییەکەی کۆن، رەھەندی فکری پێنابەخشێت، چونکە ناکۆکەکان ھەموو یەکتر رەتناکەنەوە، بەڵکو یەکتر زیندوو دەکەنەوە، ئەمە وەڵامە عەقلانییەکەی بەردەم ئایدیۆلۆژیای مۆدێرنەیە کە سیستمی سیاسی لەبری ئەوەی نەفی بکاتەوە، زەمینەی بۆ سازدەکات تاکو دژەکەی ھەست بەو جوامێرییە بکات کە ھەمیشە خۆی سازداوە وەڵامی بەرامبەرەکەی بداتەوە، ئەم شانۆ ھەمیشەییە کۆمەڵایەتییە، لەکارایی خۆیەوە ھاوکاری زنجیرە دراماکان دەکات.

 

کەواتە ئایدیۆلۆژیا لەو پێناسە کلاسیکییە رزگاری بو کە پێشتر حیزب، یان ئایین یان گروپێکی دیاریکراو بەفکرێک و ئایدیایەک نوێنەرایەتیان دەکرد و خەڵک پەیوەست دەبوون پێوەی، بەڵکو بوو بەماسکێک و لەشێوەیەی ھۆشیارییەکی موزەیەف و تێکەڵ و پێکەڵ و تەمومژاوی خۆی نمایش کرد، ئیدی وەکو کۆمەڵێک بەھا و بیرۆکە کاریگەری خۆی کرد کە گروپێک بڕوایان پێیەتی، ھەڵبەت بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی پێشوو، ئەمجارەیان کاریگەری لەسەر فکر و کایە و ماناکانی دیکەی ژیان کرد، بۆیە بووە لۆژیکێکی نەشیاو، یان مەعریفەیەکی وەھمی کە بیانووەکە ئەوەیە کۆمەڵگە بەپێی ئەو لۆژیکە بەرژەوەندیی خۆیان بدۆزنەوە، بۆ نموونە (عبدللە العروی) لە کتێبی (مفھوم الایدیولوجیە) ئەم چەمکە دابەشدەکاتە سەر سێ جۆر.

 

١: ئایدیۆلۆژیای تێڕوانینی یونیڤێرساڵ: لێرە ئەم سیفەتەی ئایدیۆلۆژیا لەفەلسەفە نزیکتر دەبێتەوە، بەوپێیەی لە حوکی شمولی و یونیڤێرساڵیدا، چارەسەری کێشەکانی تاک و کۆمەڵگەش دەکات، بەھەمان شرۆڤەش یەکلایی کراوەتەوە و لەمێشکی ھەموواندا ڕەنگیداوەتەوە.

 

٢: ئایدۆلۆژیای تاکگەرایی: ئەم ستایڵە بەپێی تێگەیشتن و قەناعەتی تاکەکانە بۆ ئاسۆیەکی فکری، لێرەدا تاک ھەموو ئەو رەگەزانە لەفکر و لەوێنەیەکی درووستکراو و رەنگاوەڕەنگدا دەدۆزێتەوە، لەوێشەوە غەریزە بچوک و گەورەکانی خۆی لەجەستە و مێشکیدا تەوزیف دەکات، بەڵام ناتوانێ بازبدات بەسەر سنوورەکانی خۆیدا، ئەمەش تێڕوانینێکی زەینییە کە خۆی تێدا دەبینێتەوە، نەک ھەموو دونیابینی نوێ ببینێ.

 

٣: ئایدیۆلۆژیای دیاردەناسی: ئەم ڕەھەندەیان شیکارییە، خۆی بۆ مەعریفە و زانست و کێشە بابەتی و خودییەکان زیاتر دەردەخات، ئەمەیان بەبارتەقای ئایدیۆلۆژیای یونیڤێرساڵی زیاتر کاریگەری ھەیە، چونکە جەوھەری فکرەکە وا خۆی دەگونجێنێ، لەبارەی ئینسانەوە بەگشتی قسە دەکات، ئەلعرەوی پێیی وایە جیاوازییەک لەنێوان ریالییەتی و فکر ھەیە، ئەمەش ھۆکاری ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا وا لێدەکات پێچەوانە ببێتەوە لەبەرامبەر فکری راستەوخۆ، ھەڵبەت ئەمەش ئارگۆمێنتی خۆی ھەیە.

کەواتە ئایدیۆلۆژیستەکان پێیانوایە لۆژیکی ئەوان پێچەوانەی ئەو ھەقیقەتەیە کە کۆمەڵگە بەگشتی بڕوایان پێیەتی، ھەروەک چۆن بیرۆکەیەک ھەیە فەلسەفە پشتی دەگرێت ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ (ھەرچی تاک بڕوای پێی ھەبوو کۆمەڵگە دژی بوو، کەواتە راستە و لۆژیکییە و لەسەر ھەقە) بۆیە لۆژیکستەکانیش ئەم بابەتە واشیدەکەنەوە گوایە وەھمی ئەوانی ترە کە ستایلی جۆرە خۆشەویستییەکە، مانای کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی ھەیە، ئەمەش زەمینەیەکی فەلسەفی ھەیە کە ھەردوو فەلسەفەی ماتریالی و عەقلانییەت حوکمی بەسەردا دەکەن، بەڵام لەرابردوودا پەیمانی شۆڕشی فەرانسی و ئاشکراکردنی پارادۆکسەکانی فکر، نەیانتوانی باڵانس بۆ ھەموو شتەکان رابگرن، بۆیە لێرەوە لۆژیکیستەکان ئەمەیان وەکو واقیع تەماشا نەکردووە و بەفکرێکی ئایدیۆلۆژیی دۆگما و نازانستی ناوزەدیان کردووە.

کەوابوو لێرەوە ئەو جەنگە ئایدیۆلۆژیەی لەگەڵ ئاراستەکانی تر کە خاوەن فرسەتێک نیین بۆ تەعبیرکردن لە خۆیان، ئەو باسە زیندوو دەکەنەوە کە ھەموو رۆشنبیر و نووسەرێک جورئەتی ئەوەی نییە موناقەشەی بکات، رۆشنبیری کردووە بەکارێکتەرێکی چالاک بەکارھێناوە کە لەرێگەی ئەدەبیات و نووسینی ڕۆمان و تێکستەوە تەعبیر لەخۆی بکات، بەڵام گروپی سیاسی و چین و توێژەکانی تر ململانێیەکی دیکە دەکەن، بۆیە ئایدیۆلۆژیا ھەمیشە خۆی بەرھەمدێنێتەوە و خۆی زیندوو دەکاتەوە.

وەختێک ئایدیۆلۆژیا لەچەمکەوە بوو بەکەرەستەی دامودەزگای دەوڵەت و ھەروەھا کۆمپانیاکانیش، ئاڵتۆسێر زووتر لەھەموو بیرمەندەکان ھەستی پێکرد، ئەو باسی لەو جیاوازییە ریشەییانە کرد کە لەنێوان مارکس و ھێگڵ بوو، چۆن دەوڵەت خراپ کەڵکی لێوەرگرت و ھەموو دامودەزگاکانی خستە ژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆژیاوە. ھەڵبەت ئەمە دوابەدوای ئەو جەنگە دیالیکتییەکەی مارکس و ھیگڵ بوو لە ڕابوردوودا، ئەوکاتیش بەشێکی زۆر لەبیرمەندان ھەستیان بەمەترسییەک کرد کە لەئەنجامی ئەو گەشەیە سەرەتای بێبەھاکردنی ئەو شتانەیە کە ئینسان شانازی پێوەدەکات و لەسەروو ھەمووشیانەوە ھۆشیاری و ئازادی نووسین بوو، ئەوەبوو لەدرێژەی ئەو رەوتە چەپە فرۆییدیەی کەلێنە ڕوحییەکانی مارکسیان پڕکردەوە، ئەم بێبەھاکردنە بووە میتۆدێکی سنوورداری فکری، ویلھێم رایش خاوەنی کتێبی (گوێگرە پیاوی گرگن). یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە ھەردوو فەلسەفەی سایکۆلۆژی و ماتریالیزمی دیالیکتیکی لەکتێبی شۆڕشی سێکسیدا تێکەڵ کرد کە مارکس و فرۆییدی پێکەوە گرێدا.

 

ھەڵبەت جیاوازییەکەش لەنێوان ھەردوو فەلسەفەکە ناڕۆشن بوو، چونکە چەمکی نامۆبوون چەند رەھەندێکی ھەیە و ھەردوو رەھەندەکەش لەبەردەم یەک ئامانجە.(مارکس پێیوایە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیاکان بەسەر راڤەی کردەی مرۆییدا پەیڕەوناکرێ، پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە زیاتر لەکاریگەری و نیشانەکانی ئەو تیگەیشتنە، بەوشێوەیە مارکس لەئایدیۆلۆژیای ئاڵمانی دەنووسێ وادیارە خەڵکی و بارودۆخی خەڵکی لە ھەموو ئایدیۆلۆژیاکاندا کە لەسەری وەستاون، وەکو ئەوەی لە فۆتۆیەکی تەمومژاویدا ھەیە). ھەروەھا ئایدیۆلۆژیا ریشەی خۆی لە بارودۆخی ژیانی ماتریالیدا داکوتاوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بوونی پەیوەندییەکی گشتی، یان تاکلایەنی نێوان بناغەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە ھەیە، چونکە پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان بونیادی یاسایی و سیاسی نییە.

 

ڤیبه‌ر – ماركس – دۆركهایمه‌ر

ئەم نامۆبوونە حاڵەتێکی سایکۆلۆژی دروستدەکات و وەکو نەخۆشییەک لەلای ھەڵگرانی ئەم ئایدیاڵە دەردەکەوێت و دەبێت رەفتار، چونکە کاتێک ئایدیۆلۆژیست دەبێتە ڕەفتار، کەواتە لەلاشعوری کەسەکە یان ھەڵگری ئایدیاکە جیاوازی نابێت لەگەڵ نەخۆشی سایکۆلۆژی، (پەرچەکردار) لە ڕاستیدا کردەیەکی زمانەوانییە لەنەخۆشدا، وەکو ھەر نەخۆشییەکی دیکە کە پەیوەندیی بەنەستەوە ھەیە، لەھەر شوێنێک کە جیاوازی ھەبێت لەرووی سرووشتییەوە، جیاوازییەکی بچووکە، بەمانایەکی تر ئایدیۆلۆژیا جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو حاڵەتە نەستییەی کە فرۆیید گرێیدا بە شعووری ئاساییەوە، لەوانەیە بتوانین ناوی بنێین شعوری نافەرمی؟). رەگوڕیشەی سۆبجێکتیزمی ئایدیۆلۆژیای لاشعوری لەکاتی پەرچەکرداردا، ئەگەر کەسەکە خاوەنی کارێکتەرێکی گەرمیش بێت، ناتوانین بگەین بەو راستییەی کە لەمیتۆدی سۆسیۆلۆژیای بابەتییەوە ھاتووە کە مارکسیزم پشتی پێ بەستووە بۆ شرۆڤەکردنی ئایدیۆلۆژیا، سابا بابەتەکە یاسایی یان ئەخلاقی یان فەلسەفی یان زانستی و ھونەری و ئایینی بێت. چونکە ھەڵگرانی ئەم ئایدیا نیگەتیڤەی کە ناڕاستەوخۆ گرێدراوی سایکۆلۆژیایە، نابنە خاوەنی زمانێکی پۆزەتیڤی بۆ شیکارکردن و بەرخودکردنی بەرامبەر، بۆیە ئاستی تێکست یان لێدوانەکانیان ئاستێکی لاواز دەبینرێت لەرووی مەعریفییەوە، چونکە کارێکتەری ئایدیۆلۆژیست خاوەنی خەونێکی نەبڕاوەی ئەفسانەییە و ململانێکەشی لەو حاڵەتە ناترازێت، بۆیە حاڵەتەکە لەتێڕوانینی بەرامبەرەکەی بووەتە نوکتە.

 

ھەموو ئەو ئایدیۆلۆژیستانەی کە ململانێکان لە تێڕوانینی سێکسییەوە دەبینن و دەیبەستنەوە بەململانێ کۆمەڵایەتییەکان ناویان لێناوە گرێی ئۆدیب، لەو خێزانە سەرمایەدارانە دەچن کە لەنوێ کەوتوونەتە نێو فەزاکەوە و لە چەمک و سیستمی سەرمایەداری تێنەگەیشتوون، بۆیە لەجیاتی چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشییە ھەمیشەیی و سایکۆلۆژییە سیاسییە، نامۆبوونە و لەھەموو کایەیەکدا ھەڕەمێک دەبینێت کە باوکێک لەسەرەوە بەدارێکەوە وەستاوە، بۆیە وەکو ماڵێکی ناسرووشتی تەماشای دەکات کە ئەمە نەخۆشییە سایکۆلۆژییەکەیە، کەوابوو ئەو منەی لەلای ئایدیۆلۆژیست کردوویەتی بەگوتاری ھەمیشەیی خۆی و بەردەوام لەکەمیندایە بۆ پەرچەکردار، لەو منەدا کۆ بۆتەوە کە بەمانیفێست کردنی خۆی، ئایدیۆلۆژیاکەی بزر دەکات، بەڵام لەراستیدا حاڵەتەکە سایکۆلۆژییە و ھیچیتر.

 

ئەوەی تێبینی مارکسە لەو پەیوەندییەدا دەکەوێتە نێوان بونیادی چینایەتی و خودی ئایدیۆلۆژیا، بەوپێیەش بێت پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و ژێرخانی ماتریالی دەگشتێنێ، چونکە بنەمای ئەو بۆچوونە کەناڵێکی نێوان ئەو دوانەیە کە بەشێکی دەرکەوتنی ئایدیاکانە و دوا بەدوای ئەو پەیوەندییەش، ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە لەدوای خۆی بەرھەمدێنێتەوە، زۆرجار ئایدیالیزمیش کە بەرامبەر ماتریالیزم دادەنرێت، ھۆکارەکەی دژبوونی چەمکەکەیە، چونکە ئایدیا وەکو بیرۆکە و بەرھەمی عەقڵ تەماشا کراوە، واتە شتێک لەزەیندا چەکەرەی کردووە، بەڵام لەرووی واقیعەوە زۆرجار بەبێ ھیچ عەقڵ و زەینییەتێک بەرجەستە دەبێ، ئەوەی دیکە وەکو رێژەی کامڵ بوونی پێش پراکتیک کردنی بیرۆکەکەیە، ئەم چەمکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕوحەوە ھەیە، بۆ ئەو بابەتانە بەکاردێت کە نابینرێن، وەکو چۆن دیکارت لەبارەی لاھوتەوە بەکاریھێنا.

 

ئەگەر ئەم بابەتە لەتاکەوە بگوازینەوە بۆ گشت، دەبێ موناقەشەی ئەوە بکەین کەبۆچی و چۆن دەوڵەت جومگەکانی بە ئایدیۆلۆژیا بارگاوی کردووە؟، بۆچی لەدەوڵەتی خەڵکەوە کە گوایە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەوە بووە، بووەتە دەوڵەتی ستەمکار و سەرکەوتکەر؟، بۆچی ھەموو سیاسەتی کارگێڕی و سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە بووە بە ئایدیۆلۆژیای گشت؟. ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە ناچارمان دەکەن شرۆڤەی پراکتیک کردنی چەمکی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی بکەین، ئایا بۆچی کۆمەڵایەتی بووە و لەمێشکی ھەموواندا ڕەنگیداوەتەوە؟.

 

نووسەری ئایدیۆلۆژیست
بەوپێیەی ھەموو دەزگاکانی دەوڵەت کە بەئەندامەکانی خۆی بەڕێوەی دەبات، بەگشتی سەرکوتکەرن و توندوتیژن، چونکە بەچڕی کار لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک دەکەن لەھەموو کایەکاندا، بۆ نموونە تەنانەت بۆ چارەسەری ڕیشەیی ھەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش، بەپێی ئەو ئایدیۆلۆژیا پراکتیک کراو کار دەکەن، ھەر بەپێی ئەو بەرنامە داڕێژراوە کار دەکەن کە جومگەکانی حکومەت، وەکو بیرۆکە و دەستووری کار وەریانگرتووە، ھەر بەو سیستمە چاودێرییە سیاسییە کاردەکەن کە بنەما فکرییەکەی دەسەڵات قبوڵی کردووە. وەختێک ھەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی چاودێری وردی سیاسی و ئەمنی بوو، ئیدی ئایدیۆلۆژیا لەچەمکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستووری کارکردنی دەوڵەت. بەتایبەتی ئەو کاتەی کە چینی دەوڵەمەند و بازرگان و پیاوانی ئاینی و ئەوانی تر کە نزیکن لەدەسەڵات و بەرژەوەندی یەکسانیان ھەیە، ئیدی ھەموو شتێک بەو چەمکەوە بارگاوی دەبێت، مانایەکی دیکەی وەرگرتووە کە بریتییە لەبەرژەوەندی پاراستنی چینێک کە بۆرژوازیە و ھەر بۆئەوانیش ژیان فەراھەم کرا، (بەپێی چەمکە ھیگڵیەکە سەبارەت بەدەوڵەت، ئایدیۆلۆژیا پەیوەندی بەسەردەمانێکەوە ھەیە کە گەشەکردن و پەڕەسەندنی بۆرژوازی بەشێوەیەکی نادیاریکراو دەردەکەوت و لەئەنجامدا، لافلێدانی چییەتی ئاکاری و جیھانگرەوە بۆ دەوڵەتی بۆرژوازی لەژێر ئەم بەیداخەدا فەراھەمدەبێت، لەکۆتاییشدا رۆژێک ھەموو جیھان دەبێتە بۆرژوازی، بەڵام لەراستیدا تەنھا چینێک دەتوانێت دەوڵەتێکی ئاکاری بخوڵقێنێت کە لەناوبردنی خۆی و دەوڵەتی وەک ئامانج بۆ خۆی لەبەرچاوگرتبێت، بەکورتی تەنھا چینێکی وەھا دەتوانێت دەوڵەتێکی وەھا بخوڵقێنێت، بەمەش کۆتایی بەدووبەرەکی نێو ھەژاران بھێنێت و ئۆرگانیزمێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبھێنێت کە لەیەکێتی تەکنیکی ئاکاری بەھرەمەند بێت).

بەرھەحاڵ ئێمە تائێستا لەبابەت بەر لەسەرھەڵدانی دابڕانی فەلسەفە لەئەڵمانیا موناقەشەی چەمکی ئایدیۆلۆژیامان کردووە، بەڵام لەدوای سەرھەڵدانی رەوتە فکرییەکە لەئاڵمانیا کە رەخنەیان لە ئایدیۆلۆژیا دەگرت، بەڵام بە تێگەیشتنێکی سایکۆلۆژییەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی ھەریەک لە بیرمەندانی وەکو (ئەریک فرۆم و ھابرماس) مانای چەمکەکە ڕەھەندێکی دیکەی وەرگرت، چونکە لەدوای سەرھەڵدانی کێشەی چەمکی ئایدیۆلۆژیا کە پێشتر ئاڵتۆسێر لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کۆی کردبۆوە، ئەو دوو بیرمەندە دەرکیان بەو مەترسییە گەورەیە کردبوو کە بەناوی شۆڕشی تەکنۆلۆژی و جیھانگەراییەوە تۆمەتبار کردبوو، گوایە ھێرشی ھێناوە و ھەرچی بەھای فکری ھەیە رایدەماڵێ، چونکە تەکنۆلۆژیا پانتاییەکی فراوانی فەراھەم کرد بۆ بەشداربووەکانی خۆی، ئیدی ئایدیۆلۆژیا ئەو مانایەی پێشتری نەما کە بریتی بوو لە فکرێکی دیاریکراو یان ئایینێک، بەپێچەوانەوە بەھۆی ھەڵدان و گەشەی تەکنۆلۆژیاوە پیوەندییەکانیش گۆڕانیان بەسەرھات و ھەرکەس بیھەوێ دەتوانێ ببێتە خاوەن ئیمێڵ و دەستکەوتنی داتا لەرێگەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەکەی لەماڵەکەی خۆیەوە کە کۆمپانیا درۆزنەکان بەخۆڕایی پێیان دەبەخشن، ئەمە بەبێ ھیچ ماندووبونێک ئەوەی پێویستی بێت لەدەرەوەی خوێندنەوە و کۆڕ و سیمینار و کۆنفڕانس و ھتد چنگی بکەوێ، ئەم دیاردەیە کە سەرەتاکەی دیاربوو بەنیازە ھیچ بەھایەک بۆ فکر نەھێڵێتەوە، ئەو مەترسییەی خوڵقاند کە کێشەیەک بەناوی ئازادی نووسین و بیرکردنەوە و نەھێشتنی موڵکیەتەوە نەمێنێت و مۆدێلی تەمبەڵی بیرکردنەوە درووست ببێت، بۆیە کێشەی ھەرە گەورەی ئەوەی بەناوی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا ھات، ئەوەبوو دەستی ھەموو کەسێکی واڵاکرد تاکو ببێت بەنووسەر و ھونەرمەند لەھەموو بوارەکاندا.

ھەڵبەت نوسەر و ھونەرمەندی چاوچنۆک وەکو نیچە لەکتێبی (ئاوابوونی بتەکان) باسی دەکات، تەواوی کایەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد، بەمەش ئایدیۆلۆژیا لەچەمکێکی ئایدیاڵی و سیاسییەوە، بوو بەچەمکێکی کۆمەڵایەتی و ھونەری، ئیتر ھەرکەس لەماڵی خۆی ھەم بوو بەسەرنووسەر و ھەم خاوەن ستۆدیۆ و ھەم بوو بەکامیرامان و مونتێر و بەڕێوەبەری میدیا و ھتد، ھاندەریان بۆ خۆیان پەیدا دەکرد وەکو ھاندەری تیچی فوتبۆڵ، بەوپێیەی مەترسی سانسۆرێک نەما کە لەدەرەوەی سانسۆری ئازادی و بیرکردنەوە ھەبوو لەسەدەکانی پێشوو کە لەئەنجامی سانسۆردا بوو فکری نوێ، یان رەخنە و موناقەشەی نوێ بەرھەمدەھات، ھەڵبەت سەرھەڵدانی ئەو خاوەندارێتی یە موزەیەفەی کە دژی موڵکیەتی فکرە، کارێکی کرد ھەرچی ناوی موڵکیەتە نەمێنێ و موڵکیەتێکی دیکە بێتەئاراوە کە بەناوی ماسمیدیاوە لەفەیسبوکدا نەخوێنەوار و بیرمەند وەکو یەک بەشداری تەکنۆلۆژیا بن، بگرە بازاڕی نەخوێنەواری رەواجی باشتری وەرگرت، ھەڵبەت ئەم فەزایە لەشوێنێکی دیکەدا کێشەی بۆ سیاسەتیش درووستکرد، ئەویش ئەوەبوو کە لەبەرامبەر بێ بەھاکردنی نووسین، جۆرێک لەناڕەزایەتی گشتی بەبێ ھاتنە سەر شەقام و ترس لەپۆلیس خوڵقاند، ناڕەزایەتی گشتی دروستبێت.

 

سەرەتای سەرھەڵدانەکانی میسر و تونس و لیبیا و سوریا لەناوچەکە، باشترین سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سیاسەت لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە خەڵکی لەدژی دەسەڵاتەکان ھەڵخڕان و کردنی بەکۆمبارسی فیلمێک و ھەر خۆشی پاڵەوانی کارتۆنی و کۆمیدیی و تراژیدی بۆداناو و دۆخەکەی گۆڕی، ئەمە راستییەکەیە کە ئازادی کرد بە ویستێکی نیگەتیڤ و ھەموو کەس خاوەنی ھەموو شتێکە و لەرووی غەریزییەوە بۆ ئازادی چێژی لێوەرناگرێت، چونکە ئەم سیستمە ھەموو شتێکی بۆ تاک فەراھەم کردووە، جگە لەخودی ئازادی نەبێ بوونی نییە، تاکو کەڵک لەو ئازادییەی سەدەی رابردوو وەرنەگرن و نەگەڕێنەوە بەرەو دواوە و مانای شۆڕش ھەڵبگرن، ھەروەھا ببنە ھەڵگری ئەو شووناسەی خودەکان پێداگری لەسەر عەقڵی بیرکردنەوە دەکەن، رۆژانە خۆیان بەرھەمدێننەوە، ئەمەش ستایلێکە لە دیسکۆڕسی عەقلانییەتەوە سەرچاوەی گرتووە، عەقلانیەتێک کەدژی خۆیەتی.

 

بەشێک لە نوسەر و بیرمەندی کۆنزەرڤاتیڤ خۆیان وانیشاندەدەن کە دژی ئایدیۆلۆژیان، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستەوخۆیان بانگەشەکەری ئایدیۆلۆژیان، بەڵام لەرێگەی ھونەری شاراوەوە، ئەوان لەوە تێنەگەیشتوون کە بواری تێگەیشتن لەزمان، بەتایبەتیش زمانی دایک یان لۆکاڵی، ئەوا پێویستە دوور بێت لەھەر ئایدیۆلۆژیایەکی دەسەڵاتگەرێتی سیاسی، بۆیە ھەقیقەتی باڵادەستی لەتێکستدا بوو بەھەقیقەتێکی دیکە کە خۆی دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات بۆ خۆی دوودڵە لەمانەوەی بەو زمانەوە کە گوتارەکەی جێگەی سەلماندنی مانەوەیەتی، بەوپێیەی ھیچ دەسەڵاتێک لەدەرەوەی مانەوەی زمانە لۆکاڵییەکەی، زەمانەتی مانەوەی مسۆگەر نییە کە ئەمە نووسەر ئایدیۆلۆژیستەکان پاراستوویانە.

ڕزگاربوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەدەرەنجامی دوورکەوتنەوەی ئایدیا فکرییەکانەوە، ئینسان ئازاد دەکات، بەڵام دەرکەوتووە بە گەشەی تەکنۆلۆژیاش بارودۆخی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی دابەشبوونی کاردا ھەروەک ئەوەی پێشووتر ھەبوو، جارێکی دیکە لەئایدیایەکی پراکتیکیدا زیندانی دەکرێتەوە، ئێستا ھەمان ئەو دۆخەی کە چینێک بەسەر چینێکی تردا زاڵە، لە دۆخی ژیانی سەدەی هەژدە و نۆزدە دەچێت. ڕەنگە لەھەندێک باردا خراپتریش بێت، چونکە ڕەخساندنی زەمینە و توانای فکری و جەستەیی بۆ دەرکەوتنی چینی ناوەڕاست نەما، ئەوانەی کە بەتەنگ فکرەوە بوون، کەوتنە نێوان بەرداشی تەکنۆلۆژیا و باوەڕی ئایینی کە بوو بەئایدیۆلۆژیایەکی نوێ، تا ئەو رادەیەی کە بەشێکی زۆر لەوانەی بێئومێد ببوون لە دونیای سەرمایەداری، بوون بەکەسی ئیدیالیستی و تیرۆریست و لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە ئایدیۆلۆژیایان دەپاراست.

 

ڕەھەندێکی دیکەی زیندووبوونی ئایدیۆلۆژیا، ئەوەبوو سەرمایەداری بەلانیکەمەوە کرێکاری یەخە سپی کرد بەسەرداری یەخە رەشەکان کە چەرمی دەست و بازوویان لەبەر عارەقەی کاری تاقەت پڕوکێن و سەرما و گەرما تێکچووبوو، لەکاتێکدا ئەو یەخە رەشانە ھێشتاش فریای ویستەکانی ژیان ناکەون. ئەمە جگەلەوەی ئایین نموونە باڵاکەی فەلسەفەی ژیانە لەو ولاتانەی دەسەنەخواری واقیعی ماتریالین، بگرە لەھەندێک شوێن بەدەستھێنانی کار لەرێگەی ئایدیۆلۆژیاوەیە و خاوەن کار خوداوەندێکی سەربەخۆیە و دەبێ کۆیلەکان ئەوانەی دەسەنە خواری خاوەن کارن، دەبێ بپەرسترێت، ھەروەک ئەوەی بەنگلادیشی و نیپاڵی و ھیندی و سوماڵی و نێجیری و ھتد بەناچار لەژێر ھەژموونی ئایدیای سەرمایەدارەکان گەڕانەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای خاوەن کار و سەرمایەداری کۆنەپەرست کە زۆربەیان لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتن.

 

هانا ئارێنت

جەنگێک کە یەکێک لە کایەکانی سەدەی بیست بوو، دیاردەی تۆتالیتاری بوو، ئەوەی کە (کلۆکسمان) کاری لەسەر نەکردووە وەکو لادانێک کە بەناو پێشنیاری کلاسیکی تۆتالیتاری بوو بۆ دوای تۆتالیتاریزم، ئەوەی کە لەپێشنیارەکانی (جۆرج ئۆروێل و ھانا ئارێندت) و ھاوچەرخەکانیان دەرکەوتووە، ئەوان بیریان لە قۆناغی سیاسی کورتکراوە دەکردووە، بەو پێیەی کە تۆتالیتاریزم مەحکوم بوو بەوەی پارادۆکسەکانی خۆی نەھێڵێت، بەڵام ئەمڕۆ درووست بەپێچەوانەوە روحی تۆتالیتاریزم نەک ھەر نەما، بەڵکو خودی خۆی پاراست.

 

مەبەست لە تۆتالیزمی رۆشنبیری کە ناوی ھەریەک لە جۆرج ئۆرویل و ھانا ئارێندت دێت وەکو دوو کەسی خوێنەر و بیرمەند بۆ تۆتالیتاریزم، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ھەریەک لەو دوو نووسەرە ناسراوە بەیەک چاو تەماشای یەکێتی سۆڤیەتی کۆنیان کردووە و زاڵم و مەزڵوومیان وەکو یەک تەماشا کردووە، ھەروەکو ھانا ئارێندت لەکتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) و جۆرج ئۆرویل لەرۆمانی (باخچەی ئاژەڵان) نووسیویانە، ئەوان بەو پێیەی دژە فکری کۆمۆنیستی باو بوون، بەیەک ئاراستە بیریان کردۆتەوە و دونیای سیاسەت و رۆشنبیرییان بەدونیای زیندووبوونەوی تۆتالیتاریزم ناوبردووە، ئەوەی ئێستا دووبارە بوونەوەی ھەمان مێژووە کە بەژینالۆژیای رۆشنبیری ناسراوە، چونکە رۆشنبیران لەبری خۆ دەربازکردن لەبیری بنەماڵەیی و دەستگرتن بەبیرکردنەوەی تاکگەرایی، بەپێچەوانەوە بوون بەکەسانی تۆتالیتاریزمی رۆشنبیری و ئەمەشیان کردووە بەستایلێکی دیکەی ئایدیۆلۆژیا و زۆربەی گرووپە بەناو دەستەبژێرەکان ئەم پرنسیپەیان قبوڵە، چونکە خۆیان لەھەناوی فکرێکی کۆنکریتییەوە ھاتوون و سەر بەھەمان ئایدیۆلۆژیای نادیارن.

بەپێی ئەو خوێندنەوەیەی کە دەزگایەکی گرینگی ئامریکی بۆ راپرسی لەبارەی بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیا بەبێ سانسۆر، ئەوەی دەرخستووە کە ٤٨ % خەڵک دوور کەوتونەتەوە لەبابەتی جددی و بیرکردنەوە و خوێندنەوەی کتێب و دەستیان داوەتە گەمەی نێو ئینتەرنێت و گەڕان بەدوای داتای بەلاش و سایتی بێ بەھا و ھتد، ئەمە کاریگەری نەرێنیشی کردۆتە سەر بازاڕی چاپەمەنی، تائەو رادەیی کارگەیشتۆتە ئەوەی خەڵک تەنانەت بۆ پرسی تەندروستیش پشت بەو داتایانە ببەستن کە لەئۆنلاین ھەیە، دەزگاکە ئەوەشی خستۆتە روو کە ئەم دیاردەیە جگە لەدروستکردنی نووسەری وەھمی و رۆشنبیری وەھمی و ھونەرمەندی وەھمی و فەرھەنگێکی بێ بنەما، جۆرێک لەتێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەشی درووستکردووە کە چیتر کۆمەڵناس و کەسانی پسپۆر درووست نەبن لەدەرەوەی مامۆستای زانکۆ بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگە و دیارە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی، ئەمە سەلماندی کە گەشە و ھەڵدانی تەکنۆلۆژیا یەکێکە لەمەترسییەکانی بەردەم رۆشنبیری جددی لەسەرانسەری دونیادا ئەو ئازادییەیە کە دژی ئازادییە راستەقینەکەن، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو ویستە ئازادییەی دەسەڵاتی سیاسی ھەیەتی و شێوە بەرچەکردارێکە کە رنگدانەوی ھەیە بەسەر بیری خاوی رۆشنبیر و لەوێشەوە بەسەر خەڵک.

كاریكاتێر ماركس له‌سه‌ر شانی كرێكاران ..

ھەڵبەت میدیا کە ئێستا لەکارەکەی خۆی کە ئەخلاقە ترازاوە و وەکو پێوەر تەماشا ناکرێ و ھیچ میدیایەک نییە لە ١٠٠% کاری پێبکات، بەناوی بەدەستھێنانی زانیارییەوە تاڵە موویەک لەنێوان کاری سیخوڕی و کاری میدیایی ماوە، بەشێکە لەو ھۆکارانەی کە نووسین و خوێندنەوەیان سووک کردووە لەبەردەم خوێنەر، بەدەستھێنانی داتا لەرێگەیەکی ئاسانەوە و بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە ئەھلی خوێندنەوە نیین و دژی موڵکیەتی فکرین و بیرناکەنەوە لەھیچ کام لەو کایانەی کە ژیانی پێ بەڕێوەدەچێ، ھەڵبەت میدیاکاریش کە بەشێکی زۆریان وەکو بوکەڵەی ژێر دەستی سیاسیەکان و گەمەپێکردنیان لەنێو کایەی سیاسی و کاری ھەواڵگریدا، ئاسانە بەھۆی نەزانینیانەوە لەمومارەسەکردنی سیاسەت، تاکو نووسین سووک بکەن، بەمەش کارێگەری نەرێنیان ھەبووە لەسەر خودی خۆشیان و لەسووککردنی نووسین و رەنگدانەوەی بەسەر بیرکردنەوەی تاک و خوێنەر و بیسەر و بینەر، ئەم فەزایە بەناوی ئازادییەوە فەراھەم کراوە، رێک دروستکردنی ئەو وەھمەیە کە گوایە ئازادی ھەیە، لەحاڵێکدا ئەو ئازادییە موڵک و ویستی دەسەڵاتە و ھەر دەستەبژێری سیاسیشە لە شاشە و لەپشت مایکەوە ھەستی پێدەکرێت، بۆیە ھەمیشە خەڵک چاویان لەدەستی دەستەبژێری سیاسییە ئازادییان لەبەشە ئازادی خۆیان پێببەخشن، ھەر ئەوەی کە داوای دەکەن و لافیتەیان بۆ ھەڵداوە باشترین سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

 

خزمەتکارەکانی ئایدیۆلۆژیا
لەدوای ھاتنە پێشەوەی سەدەیەکی نوێ و ھەزارەی سێھەم، ئایدیۆلۆژیا وەکو بابەتێکی نوێی فکری کەوتە بەردەم موناقەشەی بیرمەندانی ئەوروپا، ئەمجارەیان ئایدیۆلۆژیا لە چوارچێوە تەسکە حیزبی و ئایینی و مەزھەبییەکەی تێپەڕی و بوو بەئەرکێکی ناچار کە ململانێکان وەکو ئەرک بەئینسانی ھەزارەی سێھەمی سپارد، ئەگەرچی ئایدیۆلۆژیا تەواوی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگەی ناچار کرد ببن بەخزمەتکاری، چونکە ماکینەیەکی دیکە بوو بۆ بەرھەمھێنانی جۆرێک لە ئینسانی ئەم سەدەیە و شەرعیەتدان بەو دۆخەی کە کایەی سیاسەت بەرھەمیھێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بەدەر لە ئینسانی ئاسایی، بەشێکی زۆر لەبەناو رۆشنبیرەکانیش کە لەسەر حیسابی رۆشنبیری جددی ھاتن و کۆمەڵێک جومگەی دەسەڵاتیان لەھەموو دونیا بەدەستەوە گرت، ئەوانە بوون کە بەدەر لەبیرکردنەوە و خەمی رۆشنبیری لەداھاتووی ئینسان، بوون بەخزمەتکاری ئایدیۆلۆژیای حیزبی و ئایینی و مەزھەبی و کاریان کرد بۆ سەرخستنی ھاوکێشەی سیاسی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی، ئەوانەی لەئاستی لۆکاڵی دەنووسن و قسەدەکەن زۆرترن لەوانەی کە لەئاستی نێودەوڵەتی شتە ناحەزەکان تیۆریزە دەکەن بۆ خوێنەری تەمبەڵ، ئەم فەزایە لەکاتێکدا بەرھەمھاتووە کە بەھەموو پێوەرێک دەبوو لەدوای روخانی بلۆکی سۆڤیەتی بەناو سۆسیالیستی، ئەو جۆرە خزمەتکارە ئایدیۆلۆژیایە نەمابوایە تاکو ئینسان بکەن بەخزمەتکار و کۆیلەی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای وشک و ھەندێکجاریش مەترسیدار، کەچی بەپێچەوانەوە ئەم تەرزە لەو بەناو رۆشنبیرانە زۆرتر بوون و ئەوەی حزبەکان ترسیان لێنیشتبوو، ئەوان کەلێنەکەیان بۆ پڕکردنەوە بەنووسین و بابەتی کرچ و کاڵ بەناوی ھونەرەوە و ترسەکەیان رەوانەوە کە ئەمە بەئایدیۆلۆژیای پراکتیکی ناسراوە لەدونیای فکری ھاوچەرخدا.

ئێستا بۆ سووککردنی کتێب و فکر و بیرکردنەوە و رەخنە، ستایلێک لەخوێندنەوە پەیدا بووە جێگەی بە ڕەخنەی جددی و فیکری لەق کرد، تاکو ئەو جێگەیەی کە ئایدیۆلۆژیا ئەو مەترسییەی نەمێنێ کەسێکی وەکو (ئەنتۆنیۆ گرامشی) کە لەسەدەی ڕابوردوو ژیاو جارێکیتر بەزمانێکی ڕەخنەئامێزەوە سەرھەڵبدات و رەخنە لەو تەرزە رۆشنبیرە بگرێ کە ئەو ناوی نابوون رۆشنبیری ئۆرگانی، ئەوانیش لەچەشنی مەلا و قەشە و مامۆستای کۆلکە خوێنەوار و ھتد ئۆرگانەکانی دەسەڵات بەڕێوەبەرن.  ھەروەھا (کارل مانھایم و ئاڵتۆسێر) بەھەمان شێوەی بیرکردنەوە قسەیان لەسەر بنەماکانی فکری مارکس کرد، ئەوەش بوو بەجێگەی تێگەیشتنی دووەمی ئایدیۆلۆژیا کە بۆ جێگیری ئەدەبیاتی سیاسەت دەگەڕێتەوە.

دروستبوونی ئەو فەزایە کارێکی کرد کە ئیتر نەک نووسین و رەخنە لەبەرامبەر سیاسەت و جومگەکانی پاشەکشە بکات، بگرە بێ بەھا بکرێت و ھەرکەس بەو جددیەتەوە کار بکات، بکەوێتە بەر تانەو تەشیر و گاڵتەجاری ئەو سوپایەی کە وەکو ئەلتەرناتیڤی رۆشنبیری خۆی نمایش کردووە و قەبوڵیش کراوە، لەبری ئەوەی رۆشنبیر یان نووسەرێکی جددی بناسرێت، ئەستێرەیەکی گاڵتەجاری فەیسبوک و یوتوب و ھتد ئۆنلاین ناسراوترن.

بەپێی تێگەیشتنی (کۆڵن ولسن) یش بێت، ڕۆشنبیر دەستی ھەیە لەپارێزگاری کردن لەئاشتی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەوان ھۆشیارترن لەوەی سیاسییەکان بەھەڵەیاندا ببەن، بەڵام ئەمە ئێستا لەژێر چنگی رۆشنبیر دەرکراوە و ڕادەستی بەناو رۆژنامەنووس و میدیاکار کراوە، بۆیە ئەو ئاشتەواییە کۆمەڵایەتیەش مەترسی تێکەوتووە.

دەبێ ئەوە بزانین کە ئایدیۆلۆژیا بەتەنھا ھێرشی نەھێنا بۆ زیندووکردنەوەی خۆی و لەچوارچێوەی سیاسەتدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەمجارەیان کۆمپانیاکان بۆ رەواجپێدان بە کاڵاکانیان کە ئینسان بە کاڵا کرد، ئایدیۆلۆژیای تەکنۆلۆژییان بەرھەمھێنا، لەوەش مەترسیدارتر ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ وەرزش ە، ململانێی نێوان گەنجان و دابەشبوونیان بەسەر یانەکانی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید و بایرن میونغ و ئینتەر میلان و چێڵسی و ھتد و ئەستێرەی گۆڕەپانەکانیش کەسانی وەکو میسی و رۆناڵدۆ و ھتد، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانیش بەرازیل و فەرانسە و ئەرجەنتین و ھتد، شێوەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانی ئیدیۆلۆژیایەکی نوێیە کە لەرێگەیەوە ھەم ململانێکان دەگوازێتەوە بۆ شەرعیەتێکی ھێمنانە و ئاشتیخوازانەی چێژ بەخش لەکافیتیریا و سەر شەقامەکان و لەئایدیۆلۆژیای حیزبیش بەھێزترن، بۆ نموونە گالاکسی و ئایفۆن، تەنانەت ماشین و کاڵای ناپێویست، ھەموو ئەمە ھەم رەواجدانە بە کاڵاو کەمالیات و ئیکسسواراتی وەرزشی، ھەم کوشتنی ئایدیۆلۆژیای فکریە، ئەم بیرۆکەیە لە کاتێکدا ھاتە پێشەوە کە سیستمی سەرمایەداری لە تەواوی دونیادا تێگەیشت بەتەنھا ئینتیما بوون بۆ حیزب و مەزھەب بەس نییە، بەڵکو دەبێ ئەلتەرناتیڤێکی دیکە بدۆزێتەوە و درێژە بە گەمەکان بدات کە فۆڕمێکی جیاوازی ھەیە، ئەویش ئایدیۆلۆژیای پراکتیکییە.

 

ڕۆژنامە یان میدیا بەگشتی قەد بەشێک نەبووە لەدەسەڵات، تاکو ناوی لێبنرێ دەسەڵاتی چوارەم و ببێتە رووبەرێک بۆ جەنگی سیاسی و تەنھا سیاسیەکانیش کەڵکی لێوەربگرن، بەڵکو داردەست و جێبەجێکاری ئەجێندای سیاسی دەسەڵات بووە، ئەمە لە ئاستی دونیاشدا بەشێک بووە لەکاری سیاسی و بازرگانی نێودەوڵەتی کە بازرگانەکان وەکو کاڵایەکی سپی کەڵکیان لێوەرگرتووە، گروپە بەرخۆرییەکان (بازرگان و کەناڵەکانی راگەیاندن) جارناجارێک لەنێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا لەپێناو سەرمایەداری جیھانگەریدا چالاک دەبن، زۆربەی بازرگانەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن بەجۆرێکی وەھا دڵگەرمانەوە دەکەونە لایەنگیری سەرمایەداری جیھانی کە قەت مایەی سەرسوڕمان نییە، زنجیرەی فرۆشتنی بەبەش بەشێوەیەکی سرووشتی دەبێتە ھۆی یارمەتیدانی ئەو ھەنگاوانەی کە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت بەھۆی زیادبوونی بازاڕەوە جەماوەرییەکانی لێبکەوێتەوە، ئەمە لەھەر شوێنێکی ئەم جیھانەدا بێت لەکاتێکدا ئامارەکانی راگەیاندن کات و بوراێکی تایبەت دەدەنە ئەو مشتومڕانەی کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیکەن، بەگشتی ئەوانە گۆشەنیگای چینی سەرمایەداری نێونەتەوەیی پێشکەش دەکەن لەکاتە سەرکیەکاندا، نیشاندانی ھەواڵە گشتیەکان و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکان و پرۆگرامە تەلەفزیۆنیەکانی تریش، یان ھەندێک وتاری (سەروتار ئاسا) کە گوزارشت لە بۆچوونی بڵاوکەرەوەکانی دەکات، ئەو ئامرازانەی راگەیاندن دەبێتە ھۆی فراوانبوونی مەودای جیھان و قوڵکردنەوەشی، ئەوانەشی دەستیان پێدەگات چینی سەرمایەداری نێونەتەوەیین، بەدەر لە پارتە کۆمۆنیستەکان، یان بزووتنەوە کۆمەڵایەتی یە شۆڕشگێڕیەکان، یاخود ئەو بزووتنەوانەی کە ھەموو کار و چالاکییەکانی خۆیانیان لەوەدا چڕکردۆتەوە تا دەستبەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بگرن، لێرەدا بزووتنەوەیەکی فراوان ھەیە دژی چینی سەرمایەداری.

بەھەمان شێوەیە ئایدیۆلۆژیاکان کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەرێگەی زمانەوە دەھاتن، وەھا پیشان دەدرێن کە تایبەتمەندی رێزمانی خۆیانیان ھەبێت، وێڕای ئەمەش وشەکان و لێکدراوەی وشەکان و دەنگ و پیتەکان و نیشانەکان و شتی تریان پیشاندا کە ئاماژەپێکرابوو، وشەی دەسەڵات کە یەکێک لەوانەیە کە ئاماژەی رێزدانان بۆ کەسێک یان دامەزراوەیەک، بەڵام مانای وشەکان بەھەمان شێوە وابەستەی یەکترن، لەگەڵ وشەی تردا لەتۆڕێکی پەیوەندیەکاندا جێگیر بوون و تەنھا لەکۆنتێکستێکدا شیاوی تێگەیشتن بوون، ھەروەھا وشەی ئازاد، لەرستەی دەبێ حکومەت زیندانییەکان ئازاد بکات، ھەموو ئەمانە بەئایدیۆلۆژی کران، خوێندکاران دواتر زانیان مامەڵەکردن لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاکاندا وەکو بەرھەمێکی زمانەوانی و سیمانتیکی، شتێکی بەسوودە، بۆیە خستیانە نێو زمانەوە و بەکاریانھێنا.

 

سەرچاوەکان
١: کارل پۆپەر. ئازادی و پەرپرسیارێتی روناکبیران. وەرگێڕانی. عومەر ئیمام. خانەی موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٥. ل٥٣
٢: . بیتر بروک. تیری ایجلتون. سو الین کیس و اخرون. التفسیر و التفکیک و الایدیولوجیە. اختیار و تقدیم. نھاد ێلیحە. الھیئە المێریە العامە للکتاب. سنە ٢٠٠٠. ێ١٠٤.
٣: عبدللە العروی. مفھوم الایدیولوجیا. مرکز الفارابی. سنە ١٩٨١
٤: خلیل ابراھیم. رحلە الی جوھر الدیانات. مرکز الپقافی القومی. ١٩٨١.
٥: ایزا بیرلین. الحریە. خمس مقالات عن الحریە. تحریر. ھنری ھاردی. ترجمە. یزن الحاج. مرکز القومی للگباعە. مع دار التنویر للنشر و الگباعە. سنە ٢٠٠٦. ێ٢٤٧
٦: جیورجی اتزل. حول الدور القیادی للمارکسی فی السیاسە الپقافیە. ترجمە. مێگفی عبود. مرکز الابحاپ و الدراسات الاشتراکیە فی العالم العربی. ١٩٨٦. ێ١٦
٧: ایزا بیرلین. الحریە. خمس مقالات عن الحریە. تحریر. ھنری ھاردی. ترجمە. یزن الحاج. دار التکوین لگباعە و النشر. سنە ٢٠١٥ ێ٢٠٩
٨: ھەمان سەرچاوەی پێشوو. ێ٥١
٩: میخاییل باختین. الفرویدیە. ترجمە. شکیر نێردالدین. دار روئیە للنشر و التوزیع. سنە ٢٠١٥.ێ٢٣٩.
١٠: ئانتۆنیۆ گرامشی. دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی. وەرگێڕانی. مامەند رۆژە. بڵاوکراوەکانی خانەی وەرگێڕان لەوەزارەتی رۆشنبیری حکزموتی ھەرێمی کوردستان. ساڵی ٢٠١١. ل١١٧.
١١: ایریش فروم. الھروب من الحریە. ترجمە. محمود منقژ الھاشمی. دار الحوار للنشر و التوزیع. سنە ٢٠١٦ ێ١٥٩
١٢: محمد الشیخ. المپقف و السلگە. دراسە فی فکر الفلسفی الفرنسی المعاێر. دار الگلیعە للگباعە و النشر. سنە ١٩٩١. ێ١٤٢
١٣: مارکس و انجلس. الایدیولوجیای المانی. ترجمە. فواد ایوب. دار دمشق للنشر. سنە ٢٠١٣. ل٥٠.
١٤: مایکل فریدێن. دەروازەیەک بۆ ئایدیۆلۆژیا. وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی. کارزان کاوسێن. دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی. ٢٠١٢.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌