ئارەزووکردنی فاشیزم، فاشیزمی ئارەزووکراو


Loading

میکرۆفاشیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا
و
سوبژێکتیڤیتێی فاشیست

” بژی مەرگ! هەرکەسێک وتی بژی مەرگ، ئەوە فاشیستێکە.” / ژیل دولوز

ئەوەی لە کتێبی ئەنتی ئۆدیپی دولوز و گواتارییدا مایەی لەسەر وەستان و تێبینیکردن و سەرنجدانێکی وردە، پێکهاتەی پرەنسیپی واقیعە لە ناو ئابووریی لبیدینالیدا “لیبیدۆیی”، بە شێوەیەک گەڕێنراوەتەوە بۆ پەیوەندیی لە ناو ڕیاڵ و واقعێکی بەرهەمهاتوو دروستکراو لە ڕێگەی ئارەزوویەکی پەتیی و بێگەردەوە، کە بە شێوەیەکی پەیوەندیگەر و لە ناو پەیوەندیدا بە ئاستێکی تایبەتی ئارەزووکردنەوە بەندە و بینا کراوە. ئەمەش بێ منی چێژوەرگر و منێکی لەناو ئارەزوو ژویسانسدا ڕەت کرابێتەوە. لەو شوێنەی نەست و نائاگایی بەرمەبنای مێژوو و تێڕوانینێکی مێژوویی خۆی تەفسیر دەکات، لە ناو بەریەککەوتندا و لە ناو سەیروردەدا خۆی دەردەبڕێت و گوزارشت لە خۆی دەکات. واقیع و فەزای کۆمەڵایەتیش وەک پەیوەندی و پێکەوەییەکی کۆمەڵایەتیی خۆی دەنوێنێت. بێئەوەی ناچارییەک، پێویستیی و زەرورەتێک لە ئارادا بێت و کۆمەڵگەیەک ناچار بکات بۆ ئەوەی لە دەرەوە بێت.

دولوز و گواتاری
دولوز و گواتاری

بەم مانایە دەرکەوتە سۆسیۆسەکان هەمیشە گوزارشت و دەربڕن لە ئاستێکی ئۆنتۆلۆژیی ئارەزووکردن. لە ناو ئاوێزانبوون و تێکەڵبوون و توانەوە و نەناسینەوەی تخوب و سنوورەکانی نێوانیان کە هیچ کات دابڕاو و لێکترازا و جیاکراوە نین. بەڵکوو ئیمانانتن بە یەک. کەواتە ئەنتی-ئۆدیپ تیۆریزاسیۆن و بە تیۆریزەکردنی نەستێکە لە گەڵ تیۆریزاسیۆن و بە تیۆریزەکردنی ئارەزوو. پەیوەندیی توندوتۆڵ و دانەبڕاوی “نەست و ئارەزوویەک” لە ناو ڕووداو و فاکتێکی سیاسیدا، بە شێوەیەک ئەم ئاست و فەزا و ڕەهەندە سیاسییەی نەست و ئارەزوو لە یەک کاتدا بەرهەمهێنانی ڕیاڵێکی مەحاڵ بێت تا ئێرە، سەرباری بوونی دەزگاکان، لە لایەکی دیکەوە پێکهێنان و دروستکردن و بیناکردن و خوڵقاندنی پەیوەندییەکی سوبژێکتیڤ، پەیوەندییەک لە ناو سوبژێکتیڤیتێیەکدا لەگەڵ دەسەڵات لەو شوێنەی وەک وەڵام و چارەسەرێک خۆی دەنوێنێت و خۆی پراتیک دەکات لە ناو سەیرورەوبوون بە –فاشییستدا ئەمەش لە پێشەوەی کۆمەڵگەیەکدا. واتە نەست سۆسیوس پێک دێنێت لەو شوێنەی وەک وڕێنە و ورتە ورت هەم خۆی بەرهەم دێنێت و هەمیش خۆی تۆمار دەکات و خۆی سەر ڕێگا دەخات. کۆمەڵێک ئارەزوو، کۆمەڵێک سوبژێکتیڤیتێ، ئارەزوگەلێک و سوبژێکتیڤیتێگەلێک کە قەدەکانیان لە ناو تۆڕی دەسەڵاتە فەرە فۆرم و فرە شکڵلەکاندا بەرهەمدێنێت و مانێڤست دەبێت. دەزگا و دامەزراوەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و چالاک لە لە ڕێگەی مێژووی پراتیکە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەم هاتوون، ئەمەش لەناو داهێنان و خوڵقاندنی کۆمەڵێک مۆدی وەرگیراو ڕەزامەند لە سەر دراوی کەڵکەڵە و مەیلی قوڵ و شاراوە کە بە شێوەیەکی نەستیی پێویستیی و پێداویستییەکان مانێڤست دەکەن، هاوشان لە گەڵ داهێنان و خوڵقاندنی پێداویستیی و پێویستیی دیکەی ویستراو و خوڵقێنراو کە هەمیشە لە داهێناندان. ئەوەی کە کتێبی ئەنتی-ئۆدیب لەگەڵ شیکردنەوە و شیکارییەکانی ڕایشدا نزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئیدۆلۆژیایەک، تەنانەت فاشیزمێکمان بۆ بەرچاو بخات، وەستان و چڕبوونەوەی هەمیشەییە لە ناو ئابووریی سێکسوێڵێیانەی ئارەزوو و ململانێ و کێشمەکێشی پسیکییە کە پێکەوە لێکێنراون، پێکەوە بەستراون، پێکەوە گرێدراون. گوزارشت و دەربڕینی سیاسیی فاشیزم، فاشیزم لەناو مێگەڵ و ڕەعییەت و حەشاماتدا گوزارشت لە خۆی دەکات، ئەمەش لە ناو ئەفسانە و چیرۆک و حیکایەتی خوڵقێنراوی شاراوە و نهێنیی و هەناویی، لەناو ئیرۆتیکدا کە بە شێوەیەکی لبیدیناڵییە و خۆی بەرهەمدێنێت لە ڕێگەی مۆدێک لادان و ئینحرافکردن لە لێژبوونەوە و غلۆربوونەوە و سەرەولێژبوونەوەی بەهەمهێنار و خوڵقێنار و خوپێوەگیراو لەناو چەپاندن و ملکەچکردن و زاڵبوون و باڵادەستیی و هەژموونێکی ویستراو ئارەزوکراودا. دەسەڵاتێک کە لەناو دۆخ و سۆسیوسەکانیشدا خوی پێوە گرتووە و هیچ کات وەک نامۆ و بیماریی و نەخۆشیی و ناتەندروست نابینرێت. مایەی تێبینیکردن و لەسەروەستان و سەرنجدانە کە پابەندبوونی سیاسییانەی دولوز و گواتاری لەناو ناچاریی و پێویستی چەمکاندنی بوون بە فاشسیست و سەیرورەی فاشیستیبوونی ئارەزوی تاکەکان بووە وەک گروپەکان، لەگەڵ سێکتاریزمی کۆمەڵێگ گروپ و دەستە و تاقمی ئەنتی فاشیست کە بۆ دولوز و گواتاری دەکرێت وەک ئەکتی ئەنتی فاشیستی بکەونەوە. چەمکاندێکی جیاواز لەوەی ویلیام ڕایش بۆ نەست و پەیوەندییەکانی بە لادان و ئینحیراف و تێکچوونەکانی لەگەڵ ئاسایبوون و نۆرماڵبوونیدا. دولوز و گواتاری کۆمەڵێک ڕەخنەیان ڕووبەڕووی فاشیزم و ئارەزوی بوون بە فاشیست کردۆتەوە لەناو شێکردنەوە و شیکارییە دیاردەی ستالینێزمێکی ئارازوکراو لە لایەن ماس و مێگەلەوە، ڕەنگە بۆ ئەمەیان پەیوەندییەکانی ئەم فاشیزم و ستالینیزمە ئارەزووکراوە بە دەوڵەتەوە گرنگ بێت. بۆ دولوز و گواتاری. فاشیزمێکی ئارازووکراو ناکاتە دەستەپاچەبوون و دەتەوەسان و کڵۆڵیی و دەستەپاچەیی لەوەی نەتوانین فۆرم و فۆرمیولەبوونی ئەکتی سیاسی ئەنتی- فاشیزم سەر ڕێگا نەخەین، هەر لێرەوەشە و بۆ دولوزو گواتاری خەڵ هەمیشە و بە شێوەیەکی گشتی لە ناو مەجازو ڤێرتوێلدا دەتوانن ببن بە شۆِڕگێڕ و سەیرورەی شۆڕگێریی. هەڵهاتن لە ناو هێڵەکانی هەڵهاتندا، پێکهێنانی مۆدێکی قەڵەمڕەویی هەڵگرتن و لە قەڵەمڕەوییخستنی مومکینی ئارەزوویەک لە بەرانبەر فاشیزیمدا. واتە ئەگەر بە شێوەیکی دەستەجەمعی و مێگەڵیی فاشیزم ئارەزووکراو بێت، ئەوا لەناو سەیرورەی شۆڕگێڕیی و بوون بە –شۆرشگێڕدا خەڵک بە شێوەیەکی دەستجەمعی و گروپی دەتوانن ئەکتی ئەنتی- فاشیزم سەر ڕێگا بخەن بەبێ ئەوەی ئەم هێڵە هەڵگەڕێتەوە ببێت بە هیڵێکی هەڵگەڕاوەی فاشیست. واتە لە تێڕوانین و دیدگامان بەرانبەر فاشیزمی ئارەزوو و ئارەزووی بە فاشیستبوون، ئارەزوو دەتوانێت لە ناو هێڵەکاندا بەرگریی لە ئازادی بکات. بەڵام لێرەدا دەبێت بە ئاگا و وشیار بین ئێمە سەروکارمان لەگەڵ شۆڕش و شۆڕگێربوونی کاولکارییانەی مێگەل و ماسدا نییە لە ناو هەڵگەڕانەوەی و ئیرتیکاسیی و پەرچەکردایی هێڵێکی هەڵهاتندا، بەڵکوو سەروکارمان لەگەڵ چەمک و ئەکت و پراتیکی کەمینەیی و بە کەمینەبوونێکی چالاک و وشیاردایە، لەناو فرەیی و جۆراوجۆریی و هەمەچەشنی و پلورالیتێی گروپەکاندایە، لە دەرەوەی ناسنامەیەکی سەراپاگیر و گشتگی.

بۆ نموونە: بۆ ئەوە ی دژ بە دەسەڵاتێکی فاشیزم و تۆتالیتاریزم بین، هەرگیز سەروکارمان لەگەڵ شۆرشێکی چینایەتیی سەراپاگیر و گشتگیردا نییە وەک ئەکتێکی ئەنتی فاشیزم، بەڵکوو سەروکارمان لەگەڵ فۆرمی جیاواز و فرە و جۆراوجۆریی ئەکتی سیاسیی و غەیرە سیاسییدا هەیە تا هەم نەبینەوە بە فاشیزمێکی چینایەتیی و هەمیش بە ئاسانیی لە بەرانبەر گەمارۆدان و ماڵیکردنی ئەم ئەکتە شۆڕگێرییە نەبین لە سەیرورەکاندا کە خزو لوس و جا جێگیرو لە دەرەوەی ناسنامە و نوێنەرایەتیکردنە. ئەکتگەلێکی وبژێکتیڤ و سوبژێکتیڤێتێی بێشوناس و بێناسنامەی کۆمەڵایەتی لە ناو سەیرورەکاندا و لەناو ئەم ئەکتە سیاسییەدا بوون بە پرۆلیتاریا ئەکتێکە لە سەیرورەودا و بەری دەکەوین وەک چۆن بەر ئافرەتبوون، مێیینەبوون، مناڵبوون، بە ئاژەلبوون… دەکەوین، هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێک سەیرورەی دیکەی کۆمەڵایەتیی و دەرکەوتە و دراوە سۆسیوسەکان. لێرەدا ئێمە لەناو ڕووداوی دانسقە و دەگمەنداین. بە کەمینەبوون واتە گشت، زۆرینە واتە کەس، بە کەمینەبوون و بە کەمینەییکردنی ماس و خەڵک لەناو کۆمەڵانی خەڵک و فۆرمی دیکەی مەدەنی و ئەکتی سیاسییدا. کەمینەبوونی گشت بە مانای پارچەپارچەکردن نایەت. دولوز و گواتاری سەروکاریان لە گەڵ چەمکاندنێکی سیاسییانەی هەلومەرج و ڕێوشوێنی مومکین و گونجاو لەباری ئازادییە خەڵک و گروپدایە. ئارەزوی ئازادی، یاخود ئەو ئارەزووە ئازادەى کە خەلکێک دروست دەکات و پێکی دێنێت وا دەکات خەڵک لە ماس و مێگەل هەڵبێت، چوون بوون بە ماس و بوونەوە بە ماس و مێگەل لە ناو هەر فۆرم و خواستێکی شۆڕگێڕیی و گشتیدا بێت مەحکومە بە بوونەوە بە فاشیست. ڕوڵی کەمینە چالاکەکان لای دولوزو گواتاری، ڕۆڵگێڕانی کەمینەکان و کەمینەیی بۆ دولوز و گواتاری لە ناو ئەم پێرسپێکتیڤەدایە ئەگەرچی ئەمەش لە بەرانبەر فۆرمگەلی دەسەڵاتی ئیلیت و کەسانێکی تایبەت وەستاوینەتەوە، بەرانبەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی و دەرکەوتەی سۆسیوسی مەترسیدار وەستاوین، بە تایبەت لەناو کۆمەڵگەی کۆنترۆڵدا، لەناو کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵدا. دولوز و گواتاری وەک ڕایش هاوشان لە بەرانبەر بە تەنگەوەهاتن و خەمخواردن و چاولێبوون لە کۆمەڵێک ئیمکان و ئەگەری واقعێکی بەشدارییکردن و فرەییداین لەناو ئەکت و بەشداریی سیاسییدا، ئەمەش ململانێ و کێشمەکێش و بەریەککەوتنی سیاسیی لەناو کۆمەڵێک دەزگای دیکەدا لەناو واقعێکدا کە سەروکاری لەگەڵ پرۆسێسیوسە دیموکراسییەکاندا هەیە. “ئەڵبەتە بە تێگەیشتنە سپینوزاییەکەی دیموکراسی و دیموکراسی ڕەها و بەردەوام و هەمیشەیی”. ئەمەش دۆخ و پرسێکی کارکردنە لە ناو پەروەردەدا. بۆ دولوز و گواتاری هەر وەک چۆن بۆ ولیام ڕایش بوون بە شۆڕشگێڕ و بە شۆڕشگێر بوون لە هەمان کاتدا وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسییە و هاوشان لەگەڵ وشیاریی و بە ئاگابوون کە بەرپرسیارانە و چالاک و کاریگەرە، هەرچی دووەمە بە شێوەیەکی ئەقڵانیی پەیوەندیی بە یەکەمەوە نییە وەک ئەوەی لای ڕایش بەدی دەکەین. ئەگەر زیاتر بڕۆین، ڕەخنەگرتن لە فاشیزمێک کە لکێنراوە و پەیوەستە بە کاپیتاڵیزمەوە، لەگەڵ پەیوەندیی و وابەستەییەکانی بە دەوڵەتەوە، لە کتێبی ئەنتی ئۆدیبدا سەروکاری لەگەڵ ڕەخنەگرتنی دولوز و گواتاری هەیە لە ئەقڵانییەت و گەشبینیی و خۆشباوەڕیی ڕۆشنگەریی و ڕەخنەگرتن لە خۆشباوەڕیی و گەشبینییەک کە دەچێتەوە سەر مارکس، دەچێتەوە سەر پێرسپێکتیڤە مێژووییەکانی مارکس کە لای ڕایش دەبینرێت. بە هەمانشێوە و بەم شێوەیە دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵدا بێگومان دەتوانێت شێواز و فۆرمی دیکە و جیاواز و نەبینراوی گەمەکردن سەر پێ بخات بەبێ توندوتیژیی و زەبروزەنگێکی بینراو ئاشکرا. ئێمە لەگەڵ سەیرورەی شۆڕگێڕیی و بوون بە شۆڕگێڕییدا کە هەمیشە و بەردەوام لە مەجاز و ڤێرتوێلدا لێرەدایە و ئامادەیی هەیە بە بێناچاربوون و پەنابردنە بەر سەرکردە و ڕابەر،

خۆ بەڕێوەبردن و ئۆتۆ بەڕێوەبردنی خەڵکی خۆیان. ئەگەر چی بوون بە کەمینەی کەمینە چالاکەکان لە بەرانبەر پێکهێنان و خوڵقاندن و دروستکردنی دسەڵاتی پێشڕەوییدایە لەناو سەیرورە و بوون بە شۆڕگێڕدا. کەمینە و بە کەمینەبوونە چالاک و ئەکتیڤەکان سەر بە کۆمەڵگەی مەدەنین. لەناو فەزایەکی تەواو مەدەنی و دیموکراسی ڕادیکاڵ و ڕادیکاڵیزەکردنی دیموکراسیدایە. ماکینەکانی ئارەزوو دەخرێنە ناو پەیوەندییەوە لەگەڵ نەست و دەرەوەیدا، ئەمەش پێکهێنان و بیناکردنی هێڵەکانی هەڵهاتن و بەرهەمهێنانە لە ناو ڕیزۆمدا. چەمکی سیاسیی و سیاسەت بە ناچاریی و بە زەرورەت بەستراو و لکێنراوە و پەیوەستکراوە بە نەست و ئارەزووەوە لەناو جەرگە و لەناو دڵ و چەقی پراکسیسدا. دەزگاگەلێکی ناجێگیر و نادامەزراو لەناو جەرگەی تەواوی فۆرمە کۆمەڵایەتییە بونیادنراو و بیناکراوەکان. کراوەییەکی پسیکی بەرانبەر دەرەوەی خۆی. بەم شێوەیە ئێمە بەرانبەر نەست و نائاگاییەک وەستاوین کە بیناکراو بونیادنراو نییە لە سایەی دیتێرمینیزم و جەبر و شانۆی ڕۆڵگێرەکان، ئێمە لە بەرانبەر ماکینەکانی ئارەزووداین، ئارەزوو لێرەدا کارگەیە. ئەم کرانەوەش بە زەرورەت و بە ناچاریی ئەنتی ئیدیۆلۆژی دەکەوێتەوە، زیندوو و ڤیتالیست. ئارەزوو و نەستێک کە کراوە و واڵایە لە بەرانبەر هەموو سەیرورەکاندا بۆ تەواوی سیستەمی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، ئا لێرەوە گەشە و فراوانبوون و کرانەوەی سیاسیەت و سیاسییی دەبێت ئیمانانت بێت، واتە پەیوەندیی بە ژیان و کێشەکانی ژیان و مافی ژیان و پتەویی و چڕی ژیانەوە هەبێت، پەیوەندیی بە بوونی ناوازە و دەگمەن و دانسقە و تاقانەییەوە هەبێت لەناو نابەردەوامیی و بێ جەبر و حەتمییەتی مێژوودا. مێژوویەکی پچڕپچڕ و پەرتبوو نابەردەوام. بۆ دولوز و گواتاری ئەگەر “نەست” ماکینەیی بێت، ئەمە ناکاتە ئەوەی لە خزمەتی ئیدیلۆژییایەکی بەرهەمهێنەردا بێت، بەڵکوو نەست و نائاگایی لە بەردەم داهێنان و خوڵقاندنی کۆمەڵێک ئیمکان و ئەگەر و شیمانەی نوێی ژیانداین. بەم شێوەیە ئێمە لەبەردەم ئارەزوویەکی ماکینییەداین کە ئیماناتە بە ئەکتێکی سیاسی، بە ئەکتێکی شۆڕگێڕیی لە ناو هێڵەکانی هەڵهاتن و ماکینەی جەنگ و سوبژێکتیزیتێی سیاسیی. ئێمە هاوڕێ فەلسەفەیەکی سیاسیی-ئۆنتۆلۆژین کە بەرمەبنای مافی ژیان و ئەزمووننە ژیانییەکان بیناکراوە، دژ بە هەر فاشیزم و کەللـەسەرێک کە هەڵگری کەڵکەڵە و مەیلی فاشیستیی بێت چ بە ناوی کرێکارو پرۆلیتاریاو چینەوە، یا خود بە ناو ناسیۆنالیزم، لیبراڵیزم … ئێمە هاوڕێی فەلسەفەیەکی سیاسیی بیناکراوین لە سەر مۆلتیپڵ و فرەیی و جۆراوجۆریی، وەک چۆن بە هەمانشێوە لە نا دیدگا و تەفسیر و شیکردنەوەیکداین بۆ فاشیزم کە لەسەر ئارەزوو و ئارەزوکردن بیە، واتە خواستێکی ماس و مێگەڵ و حەشامات. خواست و ئارەزوویەک لە خوارەوە نەک سەپاندن و فشارو زۆرەملێیەک لە سەرەوە و بەزۆر سەپاندنی.

میکرۆفاشیزم, فاشیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا

میکرۆفاشیزم بۆ دولوز وەک بە فیگەربوون و فیگەراندنی کۆمەڵێک مۆدی ژیانی ئێستا دەردەکەوێت. یەکێتیی و یەکگرتوویی ئەم فیگورانە، فیگیورە فاشیستەکانی ئێستا لەناو میکرۆ- فاشیزمدا جیگەی گیروگرفت و پرۆبلیماتیکە بە شێوەیەک دەبێت نەخشەی سیمپۆتۆماتۆلۆژییەکانی جۆراوجۆر و فەریی بن. وەستان و هەڵوەستەکردن لەسەر چەمکی میکرۆفاشیزم و بەستنەوەی بە کێشە و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانە دەکاتە وەرگرتنی ئاستە ئیماناتییەکانی لە ئێستا و هەنوکەدا، بە تایبەت وەستان لە سەر چەمکی “ماکینەی جەنگ”، ئەو جوڵە و بزاوتە ڕیاڵ و واقیعییانەی ئەو فۆرم و فۆرمیولەبوونانەی ماکینەیەکی جەنگیی گەردوونیی و جیهانیی و پەیوەندیی ئەم هیپۆتێزە سیستەماتیکەی ماکینەی جەنگ لەناو پەیوەندییدا بە تەکنیکەکانی کۆنترۆڵ، پۆلیسیی و ئینفۆرماتیڤیی، هاوشان لەگەڵ ئاستێکی نوێی بە گیروگرفتکردن و بە ئیشکالکردن و بە پرۆبلیماتیککردنی فینۆمین و دیاردە و لێکەوتە و دراوە کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسییەکان، ئەمەش لەناو تێرمگەلێکی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی “ئاسایش و سیکیوریتێیەکی دیاریکراو و تەعریفکراو”. وەک مانەوە و بەسەر ژیانەوە بوون. پێشچاوخستن و دەرخستنی بوونی کۆمەڵێک مۆدی دانیشتوانی سەر زەمینێک. ڕێکخستن و بە دەزگاییکردنی ماتریالییانەی نائەمنییەت و نائاسایش و تێکچوونێکی بەربڵاو و بتوانرێت وەریگێرین. بۆ ژیل دولوز و لێرەوە بابەتەکە فاشیزمی کۆن نییە کە لە زۆر شوێن بوونی هەیە، بەڵکوو ئێمە لە بەردەم فۆرمی نوێی فاشیزمێکی نوێ و نیوفاشیزمداین. ئێمە سەروکارمان لەگەڵ کێشەی دیکەدا هەیە کە ناچێتەوە سەر فاشیزمی فۆلکلۆریی و کۆن. فاشیزمێکی نوێ خۆی سەر ڕێگا دەخات کە ئەگەر بەراوردی بکەین بە فاشیزمی کۆن، ئەوا فاشیزمی کۆن دەبێت بە بەشێک لە فولکلۆر. لەو جیگایەی بوونێکی سیاسیی و ئابووریی جەنگ دێتە ئاراوە، نیوفاشیزم؟ یاخود فاشیزمی نوێ چاوەڕواکراوێکی گەردوونیی و جیهانییە بۆ ئەمن و ئاسایش و هێمنایەتیی، بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی “ئاشتییەک” کە بەلای کەمەوە جیگەی دڵەڕاوکێ و مەترسیی نەبێت. لەگەڵ تەواوی ئەو خۆڕێکخستن و گردبوونەوانەی پەیوەندییان بە “ترس و بیمە بچووکەکانمەوە هەیە، پەیوەندیی بە تەواوی خەمۆکیی و نیگەرانیی و دڕدۆنگییە بچووکەکانمان کە دەمانکەن بە میکرۆ- فاشیزم، ترس و بیم و نیگەرانیی و دوودڵیی و دڕدۆنگییە بچووکەکان کە لە ئێمە میکرۆفاشیزم دروست دەکات. تا زیاتر و زیاتر ڕێکخستنە مۆلێرەکان پتەو و بەهێز بێت، زیاتر و زیاتر پڕۆسەی مۆلیکیولێرازیسیۆن و بە مۆلیکیولەرکردنی ڕەگەزکان هەڵدەچن و بەرز دەبنەوە، پەیوەندییەکانیان و دەزگا ڕەگەزیییەکانیان زیاتر هەڵدەچن. ئا لێرەوە دەتوانین تێبینیی ئەوە بکەین، کە کاپیتالیزمی جیهانیی لە پێناو ڕەگەزی کاردا نییە، بۆ ڕەگەزی کار و کارکردن نییە.

فاشیزم و کاپیتاڵیزم
فاشیزم و کاپیتاڵیزم

بەڕێوەبردن و ئیدارکردنی هێمنایەتیی و ئاسایشێکی مۆلێریی ڕێکخراو لەپێناو بەستنەوە و گرێدانی تەواوی میکرۆ- بەڕێوەبردنی ترس و نیگەرانییە بچووکەکانە … بە تەواویی و بە هەمیشەیی نا ئەمنییەت و تێکچوون و شڵەژانێکی مۆلێکیولێریی بەردەوام. ئەمەش بە شێوە و بە تێڕوانینێک کە وەزارەتی ناوخۆ لە ناو فۆرمویلێکی ماکرۆ- سیاسییەکی کۆمەڵگە لە پێناو میکرۆ سیاسییەکی نائەمەنییەت و نائاسایشییی. لە سایەی تێگە و چەمکی میکرۆ- فاشیزمدا بۆ دولوز، کار کەشفکردن و دۆزینەوە و پەردەهەڵماڵینە لەسەر بە سوژەکردن و سوبژێکتیڤاسیۆنێکی تایبەت کە لەناو نەزمی جیهانییدا دەتوانێت وێنەی “ئاشتیی لە پێناو مانە و بە سەر ژیانەوە بوون” بخوڵقێنێت. لە کاتێکدا بۆ دولوز ژیان ناکاتە مانەوە و بە سەر ژیانەوە بوون. لێرەدا ئێمە هەمیشە لە بەردەم نەزمێکداین کە بەردەوام ئیداردان و بەڕێوەبردن و هێشتنەوەی ترس و بیمەکانە، ئیدارەدان و ڕێکخستنی نیگەرانیی و دڕدۆنگییە بچووکەکانمانە. لێرەدا ئێمە لە بەردەم ئیرادەو ویست و پلەی دەسەڵاتێکداین، لە ڕێگەی “ترس و بیمەوە”، لە ڕێگەی نیگەرانیی و دڕدۆنگیی و خەمۆکیی و ترس و بیەکانمانەوە فۆرمەکانی ژیان فۆرمیولە دەکات، دەیخوڵقێنێت لە سایە و لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمێکی چالاکی ترس و تۆقین. لە ناو خوێندنەوەی دەقەکانی دولوزدا لە سەر سپینوزا، دولوز بە بەردەوامی پێداگیریی لە فاکتە دەکات ترس و بیم و ئەمنییەت و نا-ئەمنییەت دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک فۆرمی جیانەکراوەو جودا نەبووی کاریگەر و سیاسیی. لەناو پێرسپێکتیڤی شیزۆ-شیکاری دولوز و گواتاریدا لە ساڵی 1972 وەستان و هەڵوەستەکردن لەسەر میکرۆ فاشیزم لەناو وەرگرتنەوە و بەکارهێنانەوەی پێرسپێکتیڤێکی ڕەخنەیی کراوەداین کە لە ولیام ڕاش وەرگیراوە و وەک ڕەخنەگرتن لە ئارەزوو و فاشیزمی مێگەڵ و ماس. ئێمە لێرەدا و لەناو مێژوودا لە بەردەم ئەزموونی نازیزمداین، جۆرێک لە فاشیزمی ویستراو، فاشیزمی ئارەزووکراو لە لایەن ماس و مێگەلەوە لە ناو ماکینەی جەنگی تۆتال و سەراپاگیر، لە بەرانبەر دەزگا و ڕێکخراو ڕێکخستنە میللیی و کرێکایی و شۆڕگێڕییەکانی ماسداین لە ناو بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی لبیدۆیی” لبیدینالی” کایەی کۆمەڵایەتی. لە ناو سۆسیوسەکانداین. لە ئاست کۆمەڵێک دەزگای ملکەچکردنداین کە کەمتر نییە لە دەزگاکانی بەرهەمهێنان. هەنووکە و لێرەدا، ئێمە دوو چوارچێوەی تیۆری دولوز و گواتاری دەبینین: لە لایەکەوە تێزی یەکێتییانە و یەکبوویی ئابووریی ئارەزوو و کۆمەڵایەتیی، لە لایەکی دیکەوە ڕەخنەگرتن لە چەمک و تێگەکانی ئیدیۆلۆژیای وشیاریی چینایەتیی بەو مانایەی ئێمە تەنیا لە بەرانبەر فریودان و خۆڵکردنە چاوی ئیدیۆلۆژییانەی ماس و مێگەلدا نین/ماس و مێگەل فریونەدراوەو فێڵی لێ نەکراوە، وشیارییەکی ساختە بوونی نییە، بەڵکوو لە بەرانبەر بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتییداین لە ڕێگەی ئارەزووەوەو، لەلایەکی دیکەوە سەرلەنوێ پیناسەکردنەوەی پێگەی دەوڵەت لەناو ماکینەی کۆمەڵایەتییانەی بەرهەمهێناندا بە شێوەیەک لە ناو پرۆسێسیوسەکانی جەنگی گشتیی و سەراپاگیر، وەک ماکینەیەکی “بەرهەمهێنانی ڕووخاندن و کاولکردن و تێکدان”.

ئێمە لێرەوە ڕووبەڕووی فاشیزمێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی وەستاوین کە لەناو بیرکردنەوە و ڕەفتار و جوڵە و ژیانی ڕۆژانەماندایە. پەردەهەڵماڵین لەسەر فشیزمی سەرکردە و ڕابەرێک، شێوازی هەڵسوکەوت و ژێستەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، ڕووداوەکانی ناو ژیانمان. بەم شێوەیە ئێمە لە بەرانبەر جیاکردنەوەی دوو شێوازی فاشیزیمداین، فاشیزمێکی کۆنی دیار و شیکارکراو، لە گەڵ فاشیزمێکی نوێ، نیو فاشیزم، میکرۆ- فاشیزمێکی بەربڵاو و فراوان و ئاسایی و ڕۆژانەییی. فاشیزمێکی مێژوویی، فاشیزمێکی بەردەوام و هەمیشەیی. ئێمە سەروکارمان لەگەڵ فاشیزمێکی سەپێنراوی دەرەکیی چەپێنەر نییە، ئێمە سەروکارمان لەگەڵ فاشیزمێکی بەرهەمهێنەری ئارەزووەکانماندایە. میکرۆ فاشیزمی جیاکراوە لەلایەن دولوز و گواتارییەوە لە بەرانبەر فاشیزمی مێژوویدا پەیوەندیی بە دوو فۆرمی دەسەڵاتی سۆسیۆسیاسیی و مێژووییەوە نییە، بەڵکوو ئەم دوو چەمکە، ئەم دوو تێگەیە، فاشیزم و میکرۆ فاشیزم دەگەڕێنەوە و دەچنەوە سەر دوو دینامیکی جیاواز و هیتیرۆژینیی بوونی گروپیی پێکەوبوو و دەستەجەمعیی. تەنانەت فاشیزم لەناو چەمکە سۆسیۆلۆژیی و سیاسییەکەیدا جیانەکراوەتەوە لە میکرۆ- سیاسەت. دەبێت ئێمە لێرەدا ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە لەگەڵ کتێبی ئەنتی ئۆدیپدا ئێمە هاوڕێی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵین لە ” غەریزەی مەرگی فرۆیدیی”، و ئێمە سەروکارمان لەگەڵ ئاستی کۆمەڵایەتیی و سۆسیۆسیی وێرانکردن و کاولکردن و ڕووخاندن و تێکدانداین. هاوڕێی چەمکاندنێکی نوێ بەرهەمهێنانەوەی ئارەزوو و بەرهەمهێنانەوەی ئارەزومەندانەداین لەناو ڕەهەندە کۆمەڵایەتیی، سیاسی، ئابوورییەکەیدا، ئێمە لە ناو سەیرورەی شۆڕگێڕیی و سەیرورەی شۆڕشدا، لەگەڵ گروپی خەباتگێر و ڕادیکاڵدا، بە هەمان ئەندازە لە بەرانبەر فاشیزمدا وەستاوینەتەوە. لە بەرانبەر هێڵێکی هەڵهاتنداین کە لە ژیانەوە هەڵگەڕاەوەتەوە سەر مەرگ. ئێمە لە ناو هێڵەکاندا، لەناو هێڵەکانی هەڵهاتندا لەناو فیچقەکردن و قوڵپیدانی ئارەزوودا لەناو پرۆسێسیوسەکانی بە سوژەبوون و بوون بە سوژەیەکی ناوازە و دەگمەنداین لە پراتیکدا، لە سەیرورەدا، لێرەوە هێڵێک هەڵدەگەڕێتەوە سەر خۆی، هێڵێک لە ژیانکردنەوە هەڵدەگڕێتەوە سەر مەرگ، هێڵێک بێدەنگ دەبێت، دەکەوێتە ناو بێدەنگیی پەتییەوە، دەکەوێتە ناو مەرگ و سرووتەکانی مەرگەوە، دەڵێت بژی مەرگ، فاشیزیمیش ئەوەیە کە دەڵێت بژی مەرگ. فاشیزم وەک کاتیگۆرییەکی سیاسی- کلینیکی بۆ ژیل دولوز جیانەکراوەتەوە لە سێ ڕەگەز:

یەکەم: سیاسەتێک.
دووەم: ئابوورییەکی جەنگ.
سێیەم: پرۆسەیەکی سوبژکتیڤاسیۆزانی پێکەوەبووی پێکەوە پەیوەست و پێکەوە لکێنراو، مۆدێکی سەیرورەی کۆمەڵێک هێزی تایبەت و دیاریکراو لە ڕێگەی ماکینەی جەنگەوە وەک هێڵی هەڵهاتن.

سەبارەت بە ڕەگەزی یەکەم: بە دەرکەوتە و ڕووخسار و شێوازی یەکەم، وەک سیاسەتێک، ئامادەکردن و پێشچاوخستنی فەلسەفەیەکی فاشیزمی فۆرمیولەکراو لە کتێی ئەنتی ئۆدیپدا، لەناو هەڵوەستەکردن و گەڕانەوە بۆ ولیام ڕایش لە بەرهەمهێنانەوەی پرۆلیتاریا لەناو پرۆسێسیوسەکانی جەنگێکی سەراپاگیر و گشتگیری. سەبارەت بە جۆر و دەرکەوتەی دووەم، ئابوورییەکی جەنگ: چەمکی فاشیزم لە هەناوی کێشەیەی سوبژێکتیڤاسیۆنێکی تایبەت بە دەوڵەت-نەتەوە وەرگیراوە. سیما و تایبەتی و کارێکتەرەکانی لەناو بەها گوزارشتلێکراوەکانی خەڵک و زەویدا دەدۆزینەوە، ئەوەی وا دەکات وەک کێشەیەکی ناسینالیزم وەریبگرین. سەبارەت بە جۆر و دەرکەوتەی سێیەم: چەمکی فاشیزم مۆبیلیزکدنی تێۆریی هێلەکانی پێرسێکتیڤ و دەرککردن و پەیبردن و زەمەنی مۆدە پێکەوەبووەکان و مۆدە گرووپیی و دەستەجەمعییەکانی بوونە، کێشەی پێشچاوخستنی مەترسیی هێڵەکان. تەواوی ئەم گۆشەنیگایانە دەبێت لەبەر ڕۆشنایی پێکەوەیی هیپۆتێزەکانی ماکینەی جەنگ ببینرێت، لەژێر ڕۆشنایی دوو پرۆسێسیوس: ژینیالۆژیای هێز و دەسەڵاتێکی جەنگی گشتگێر و سەراپاگیر کە دەوڵەت پۆشیویەتی و لەبەری کردووە، ژینیالۆژیای هێز و دەسەڵاتێکی ئابووریی کە، دەوڵەت تێدەپەڕێنێت، جێی دێڵێت و وەک ئامرازێک تەماشای دەکات، وەک ئامرازێک دەیبینێت.

جیاوازیی و لێکنەچوونی تۆتالیتاریزم و فاشیزم

دەبێت باسی ئەوەش بکەین ژیل دولوز جیاوازیی دەکات لەنێوان تۆتالیتاریزم و فاشیزمدا. هەرچی تۆتالیتاریزمە فینۆمین و دیاردەیەکی دەوڵەت و دەوڵەتییە، بەڵام فاشیزم فینۆمین و دیاردە و دەرکەوتەیەکی مێگەلە، دەرکەوتەی مێگەلییە. لێرەدا دەکرێت لەبەر ڕۆشنایی هەردوو پارادامی ئەڵمان و سۆڤییەت بوەستین. ئەڵمانیا فاشیزمێکە لە ڕێگەی مێگەل و ڕەعییەتەوە، هەرچی سۆڤییەتە تۆتالیتاریزمێکی دەوڵەتیی ستالینییە. دیارە لێرەدا ئێمە بەر چەمکێکی دیکەی ژیل دولوز دەکەوین، چەمکی ماکینەی ئەبسترەیت. چەمک زو تێگەی ماس و مێگەڵ و ڕەعییەت بۆ ژیل دولوز “چەمک و تێگەیەکی مۆلیکیولێرە”. فاشیزم دەربڕە، دەربڕین و گوزارشتکردنە لە ڕژێمێکی مۆلیکیولێر کە، پشتبەستوو نییە بە پارچە و کەرتە مۆلێرییەکان، وەک چۆن پشتئەستورو بیناکراو نییە لەسەر سێنرالیزاسیۆن و بە چەقبوونەکانی. بێگومان بۆ دولوز فاشیزم چەمکی دەوڵەتی شمولیی و تۆتالیتێری داهێناوە، بەڵام ئەمە هۆکارێک نییە بۆ پێناسەکردن و تەعریفکردنی فاشیزم لەناو چەمکێکدا کە خۆی دایهێناوە: ئێمە دەوڵەتگەلێکی تۆتالیتێرمان هەیە بەبێ فاشیزم، لە جۆری ستالینیی، یان تایپی دیکتاتۆریی سەربازیی و میلیتاریی. دەوڵەتی تۆتالیتاریی تەنیا پلیکانە و قاڵدرمەیەکی “ماکرۆ-سیاسییە”، لەپیناو پەرتکردن و پارچەپارچەکردنێکی ڕەق و توند و سەختی مۆدێکی تایبەتی بە سەراپاگیریکردن و بە گشتگیریکردن و بە چەقکردن و بە ناوەند و سێنترالیزاسیۆن. بەڵام بۆ ژیل دولوز فاشیزم جیانەکراوەیە لە ماڵ و شوێنگە مۆلیکیولێرییەکان کە، لە پنتێکەوە دزە دەکاتە پنتێکی دیکە و بە یەکدا دەچن ( ئەنتی–ئۆدیپ، ل.261).

بەم شێوەیە فاشیزم جیاوازە لە تۆتالیتاریزم لەو شوێنەی کە تۆتالیتاریزم لە ئاستێکی “ماکرۆ-سیاسییدایە” و خۆی پراتیک دەکات، هەرچی فاشیزمە جیانەکراوەیە لە “میکرۆ –سیاسیی” لە ناو پارچەپارچەکردنە مۆلیکیولێرییەکاندا، بە شێوەیەک تەواوی ڕەهەندەکانی کۆی مۆدەکانی بوونێکی ئیماناتی لە خۆ دەگرێت. فاشیزم توانا و هێز و دەسەڵاتێکی میکرۆ-سیاسیی و مۆلیکیولێرییە کە، دەمانخزێنێتە ناو فاشیزمێکی ترسناکەوە، چونکە بزاوت و جوڵەی ماسە و لەناو ماس و مێگەلدایە. بەم شێوەیە تۆتالیتاریزم سەروکاری لەگەڵ دەوڵەتدایە، بە شێوەیەکی جەوهەریی پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە هەیە، ئەگەرچی فۆرم و شێوازی دیکتاتۆرێی سەربازیی و میلیتاریی لە خۆ گرتبێت، ئەمەش هێزێکی دەوڵەتیییە کە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و لە دەسەڵات دایەو وا دەکات دەوڵەت بخاتە ناو گۆڕەپان و چوارچێوەیەکی تۆتالیتێرییەوە، ئەمەش ماکینەیەکی جەنگ نییە. تۆتالیتاریزم بە پلە نایاب کۆنزێرڤاتوارە. ئەمە لە کاتێکدا فاشیزم بە تەواوی سەروکاری لە گەڵ ماکینەی جەنگدا هەیە. کاتێک فاشیزم دەوڵەتێکی تۆتالیتێر پێک دێنێت، لێرەوە بەو مانایە نایەت کە هێزێکی سەربازیی دەوڵەت و دەوڵەتیی دەسەڵات وەردەگرێت. ئەنتی-ئۆدیپ، ل.281.

بەم شێوەیە لە گەڵ جەنگێکی سەراپاگیر و تۆتالدا، جەنگێک لە شێوەی ئەو جەنگە نییە کە لە جەنگی یەکەمی جیهاندا ڕووی دا، بەڵکوو جەنگێکی سەراپاگیر و گشتگیر وەک ئەوەی لە هەناوی پڕۆژەی نازیزمدا بوو. لەگەڵ دەوڵەتێکی تۆتالێتیردا ئیمە لەگەڵ هێڵی نەرمداین، لە بەرانبەر وەرگرتن و خواستنی هەرچی هێڵی هەڵهاتنە کە مومکینە. هەرچی فاشیزمە ئێمە لە ناو داهێنان و خوڵقاندن و دروستکردنی هێڵێکی هەڵهاتنی ڕەق و توند و پتەوداین، هێڵی هەڵهاتن کە، هەڵدەگەڕێتەوە سەر وێرانکردن و ڕووخاندن، وەردەچەرخێتە سەر بەتاڵکردنەوە و لە باربردن و سڕینەوەی پەتیی و بێگەرد. فاشیزمێک وەک هەنا ئارینت دەڵێت: ئیدای هەیمەنەکردن و پاوانخوازیی و زاڵبوونیان ناتوانێت نە لە ڕێگەی دەوڵەتێکەوە بە واقیع بکرێت و نە لە ڕێگەی دەزگایەکی سادەوساکاری زەبروزەنگ و توندوتێژەوە، بەڵکوو بە تەنیا لە ڕێگەی بزاوت و جوڵەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی. هەر لێرەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە، فشیزمی نازی ناتوانێت لە ناو وەزیفەی تیۆرێکی دەوڵەت و تێۆرێکی دەوڵەتیدا لە خۆی تێبگات، بەڵکوو ماکینەیەکی جەنگی کۆچەرییە لە بەرانبەر دەزگاکانی دەوڵەتدا، لە بەرانبەر دەزگا دەوڵەتییەکاندا، گەرچی ئەم پرۆسێسیوسە ماکینەییانە وەک کردە و فاکتی دەوڵەتیی دەردەکەون و دەرکەوتن. لێرەدا ئێمە لە بەرانبەر نۆمادیزم و کۆچەرییەکداین کە وەک هێڵێکی هەڵهاتنی هەڵهاتوو و وەرگەڕاو و وەرچەرخاو بۆ سەر دژ بە فۆرمیولەبونێکی دەلالەتلێکراو، دەبێت بە پرۆسێسیوسی وێرانکردن و ڕووخاندن و کاولکردن. جەنگی گشتیی و گشتگیر و سەراپاگیر کەمتر وەک پڕۆژەی دەوڵەتێک و پڕۆژەیەکی دەوڵەتیی دەردەکەوێت، بەڵکوو ماکینەیەکی جەنگە و خاوەندارێتیی لە دەوڵەت دەکات و تێی دەپەڕێنێت، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە قوڵپدان و فیچقەکردنی جەنگێکی ڕەها و هەمیشیەیی تێدەپەڕێت، بە سەریدا دەڕوات، ئەمەش تەنیا بە خۆکوشتن و ئینتیحاری خودی دەوڵەت دەکەوێتەوە. هێستاکە ئێمە لە بەردەم ئاستێکی تەواو ئەبستراکتداین، چونکە ئەوەمان بە کۆنکرێتی دیارینەکردووە و ڕوونمان نەکردۆتەوە کە ماکینەیەیکی جەنگیی سەراپاگیر و گشتگیر بە شێوەیەکی کاریگەر و چالاک جێدەست و شوێنپێ و پاشماوەی خۆی لە سەر هێڵێکی هەڵهاتنی دیاریکراو جێدەهێڵێت. لەناو چ هەلومەرج و بارودۆخێکی ناوازە و تاقانە و دەگمەندا، ئابووریی، سیمیۆتیکی ئتۆلۆژییدا. ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر سەرلەنوێ دروستکردنەوەی جەبر و حەتمییەتی ئیتۆلۆژیی و سیمیوتیکین لەناو ئەو هێڵەی هەڵهاتن کە لە ڕێگەی ماکینەی جەنگی نازییەوە بەرهەم دەهێنرێت. بۆ ئەمە دولوز و گواتاری باس لە ئاستێک لە مۆدی سوبژێکتیڤاسیۆنی ناسیۆنالی دەکەن کە دەچێتەوە سەر میراتی سەدەی هەژدە و نۆزدە لە سایەی بازدان و زەربەی هێزەکانی لە کۆدخستن و ئەو هێزانەی کۆدەکان دەکەنەوە، کۆمەڵێک هێزی کۆدکەرەوە و لە قەڵەمڕەوخستنی کاپیتالیستی لە ناو دەربڕین و گوزارشتنی (نەتەوە- خاکێک” دا. لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە دەتوانین ئەو جوڵە و بزاوتە دیاری بکەین کە لە ڕێگەیەوە هێڵێکی هەڵهاتن، لە مەودایەکی بێسنووردا هەڵگەڕاوەتەوە سەر “هێڵی مەرگ “، هەڵگەڕاوەتەوە سەر هێڵی وێرانکردن و ڕووخان و کاولکاریی. لەمبارەوە لە کتێبی ئەنتی ئۆدیپدا ئێمە ئەو ڕەخنە و وەستان و هەڵوەستەکردنە ڕەخنەییانەی دولوز و گواتاری دەبینین سەبارەت بە تێگە و چەمکی دەرونشیکاریی بۆ غەریزەی مەرگ.

سوبژێکتیڤیتێی فاشیست: چۆن هێڵی هەڵهاتن هەڵدەگەڕێتەوە سەر هێڵی ویِرانکردن و کاولکردن. 

نموونەی نازیزم.

پۆستەری پڕوپاگەندەی نازی
پۆستەری پڕوپاگەندەی نازی

بە چی مانایەک پڕۆژەی جەنگی نازی خۆی لەسەر هێڵی هەڵهاتنێی پتەو و توند بینا دەکات؟ دەتوانرێت لە گۆشەنیگا و دیدگایەکی ئیتۆلۆژیکی و سیمیۆتییەوە هێڵی هەڵهاتنی نازی ببینرێت، ئەمەش لە ناو وەزیفەی شۆڕشگێڕیی و ڕاپەڕینئاسای فۆرمێکی سوبژێکتیڤی دەوڵەت- نەتەوە. ئێمە ئەوە دەبینین کە بەها گوزارشتلێکراوە دەستووریی و یاسایی و ئیتۆلۆژیکی “خاک و زەمین” و “خەڵک” گوزارشت و دەربڕی پرۆسێسیوسەکانی سوژەسازیی و سوبژێکتیڤاسیۆنێکی بەهەرێمبوو و بەقەڵەمڕەوبووە لەسەر دەوڵەت-نەتەوە. پۆشراو تەبەنیکراو لەسەر جوڵە و بزاوتێکی گەورەی کردنەوەی کۆد و لەکۆدداماڵین و لەکۆدخستن لە قەڵەمڕەوخستن و لە هەرێمایەتی داماڵینی کاپیتالیستی، ئەمەش لە ڕێگەی خێراییەکی پەرشوبڵاو و پەرتەوازەی پرۆسێسیوسەکانی جەنگی گشتگیرو سەراپاگیرەوە، هێڵی هەڵهاتنی ماکینەی جەنگی نازی لە ڕێگەی کەوتن و نیشتنی ئەم فۆرمە سوبژێکتیڤەوە ئازا دەکرێت. ئەگەر وەک ئەوەی دەیبینین دەوڵەت- نەتەوەکانی ئەو پرەنسیپە ڕێکخەرانە بن کە دیدگا و گۆشەنیگاکانی سوبژێکتیڤاسیۆن و پرۆسەکانی ملکەچکردنە پێکەوە بەستراوەکان ڕێک بخەن، ئەوا دەسەڵاتی تەکنیک-ئابووریی وێرانکردن و ڕووخاندن شکاوە بێت بە لای هەلومەرجی هەر سوبژێکتیڤاسیۆنێکی ناسیۆنال لە کاریگەریی دروستکردن و پێکەوەگرێدان و بەستنەوەی فاکتەرەکانی خاک لە ناسنامەیەکی گشتیی و دەستەجەمعیدا هاوڕێ لەگەڵ یەکێتی دەستوریی و یاسایی خەڵک. جەنگ بە هەمانشێوەی کاپیتالیزم شوێن جوڵە دەکەوێت، بە هەمان وێنەی کاپیتاڵ. جەنگ بە بەرزبوونەوە و زیادبوونی بەردەوام دەبێت بە جەنگی ماتریاڵ، واتە بەو شێوەیەی کە ئیتر مرۆڤ نوێنەرایەتیی و نواندن و گوزارشت نییە لە کاپیتاڵێکی ناجێگیر و گۆڕاوی ملکچەکردن نییە، بەڵکە ڕەگەزێکی پەتیی و بێگەردی کۆیلایەتیی و بەندایەتیی ماکینەییە. شوێنگرتن و شوێنوەرگرتنی هەر کۆیلایەتیی و بەندایەتییەکی ماکینەیی لەو شوێنەی مرۆڤ دەچێتە ناو پرۆسێسیوسە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانەوەوە، لەناو ژینیالۆژیای دەسەڵاتێ جەنگی سەراپاگیر و تۆتالدا دەبێتە شوێنێکی نایابی مانێڤیستبوون. ئەمەش بە مانای ڕێکخستن و گردکردنەوەی گشتیی کە بەبێ جیابوونەوە، تەواوی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، ئابوورییەکان، مرۆیی و تەکنۆلۆژییەکان لە خۆی دەگرێت لەناو پرۆسێسیوسێکی “کار و کارکردندا” بە شێوەیەک وردەوردە ڕێکخستن و ڕیزبەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە بەجێدێڵیت: خەڵکێک-نەتەوەیەک. کۆنترۆڵێکی سیاسییانەی دەسەڵاتی جەنگ و پێداگیریی و جەختکردنەوە کارێکتەرەوە هەمیشە ڕادیکاڵەکەی. تەقاندنەوەی تەواوی هێز و تواناو ئینێرجی پۆتۆنسیال. ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر بە ماکینەکردنێکی بە یەکداکردن و بەیەکداچوونداین، نەک تەنیا بە شێوەیەکی تەکنۆلۆژیی-پیشەسازیی، بەڵکوو مرۆیی، واتە پرۆسێسیوسێک، هاوبەشیی و پێکەوبوون و تێکەڵاویی هێزە مرۆییەکان لە ناو پرۆسێسیوسە ماتریالییەکانی جەنگ وەک پرۆسێسیوسی بەرهەمهێنانی ڕووخاندن و وێرانکردن. ئێمە لە بەرانبەر ملکەچکردن و بە کۆیلەکردن و بە بەندایەتیکردنێکی ماکینەییداین/بە شێوەیەک کە زۆر بە قووڵیی چەمکی خەڵک چالاک دەکات. ڕێکخستنی گشتیی، پڕۆژەی خۆبەخشین و چوونەناوەوەی ئارەزومەندانەی خەڵک لە پێناو خزمەتکردنی ئابووریی جەنگ.

دەبێت ئەوە بڵێین کە هێزە بەیەکداچوو و یەکترتەواوکەرەکان بە هەمان ئەندازە لەناو پرۆسێسیوسی جەنگدان، لەناو پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی جەنگداین. هێزە ئابوورییەکان، هێزە ماڵیی و داراییەکان، هێزە تەکنۆلۆژییەکان، هێزە مرۆیییەکان، ئەمانە لە ڕێگەی پلەیەکی پتەو و چڕی لەزەمینەخستن و لە قەڵەمڕەوییخستنەوە نەخشێنراون لە بەرانبەر دەوڵەت-نەتەوەدا. ئا لێرەوە فاکتەری ناسیۆنالیستی لە ناو ماکینەی جەنگی نازیدا، بێگومان یەکلاکەرەوە، پێویستە تەوزیف بکرێتەوە، بەکار بهێنرێتەوە. بەردەوامییەکی پەتیی و بێگەرد نییە لەنێوان سوبژێکتیڤیتێی دەوڵەت- نەتەوە لەگەڵ سوبژێکتیڤیتێی فاشیست، بەڵکوو زیاتر ئاسمانێکی نوێ لە قەڵەمڕەوخستن و لە زەمینهەڵکەندن بوونی هەیە، کردنەوەی کۆدەکان و لەکۆدخستنی هێزە میللییەکان و هێزەکانی دانیشتوان بوونیان هەیە، وەک چۆن بینیمان کە دەوڵەت-نەتەوە قەڵەمڕەودروستکردنەوە، خاکسازیی و نیشتیمانسازییەک لە جوڵەی لە کۆدخستن و بزاوتی کۆدکردنەوەکان لەگەڵ لە قەڵەمڕەوخستنی کاپیتاڵیستیی. سوبژێکتیڤاسیۆنی ناسیۆنال- سۆسیالیست بریتی بوو لە خوڵقاندن و داهێنانی هەرێمدروستکردنەوە و قەڵەمڕەودروستکردنەوەیەکی نوێ کە پەیوەندیکار دەبێت لەنێوان هێڵێکی هەڵهاتنی پتە و و چڕ لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە تا لە ڕێگەیەوە ماکینەی جەنگی نازی پێک بێت. لە دانیشتوانخستنی خەڵک و لە قەڵەمڕەوخستنی قەڵەمڕەویی نەتەوەیی و نیشتمانی لە سایەی لێدان و زەربەی هێزە تەکنۆلۆژیی و ئابوورییەکان، ئەو هێزانەی لەناو سیاسەت و ئابووریی جەنگێکی گشتییدا پابەند کراون. ئەمانە دیارخەر و دیاریکەری ئەم هێڵی هەڵهاتنی سوبژێکتیڤاسیۆنەی نەتەوەییین لە سایەی دوو پێکهاتەی “خەڵکێک- خاکێک”. بەم شێوەیە هەر پرۆسێسیوسێکی وێرانکردن و کاولکردن و ڕووخاندن کە شێوەیەکی بیسنووری لە خۆگرتووە، دەبێت بە پرۆسەیەکی ئۆتۆ وێرانکردن و ئۆتۆ ڕوەخاندن، وەک سوبژێکتیڤاسیۆنێک لەسەر هێڵێکی هەڵهاتن جێگیر بووە. ئێمە لە ناو دۆخ و پێگە و ستاتوێیکی سوبژێکتیڤاسیۆنی هێڵێکی هەڵهاتندا نین بە شێوەیەکی نێگەتیڤی لە بەرانبەر سیستەمێکی دەلالیدا ” تایپی قۆچی قوربانی”، بەڵکوو ئێمە لەناو سوبژێکتیڤاسیۆنێکداین کە خودی هێڵی هەڵهاتن لە خۆ دەگرێت وەک گۆشەنیگا و پنتێکی سوبژێکتیڤاسیۆن و دینامیکی پۆزەتیڤییانەی بەرهەمهێنان و پێکهێنان و بیناکردنی خۆ، خود.

چۆن ئارەزووی مەرگ دەکەین؟
ئابووری (سۆسیۆ –لیبیدۆیی) سوبژێکتیڤیتێی فاشیست

ئەوەی دولوز و گواتاری دەیانەوێت بەپرسی بهێنن، ئەو هەلومەرجی ئەکتویالیزاسیۆن و بە هەنووکەکردنی هێڵێکی هەڵهاتنە کە لە ڕێگەوە و تێیدا سەیرورەو گۆڕنکارییەکان هەڵدەگڕێتەوە سەر “ویست و ئیرادەی مەرگ”. ئەم گوازشت و دەریڕینەی دولوزو گواتاری نابێت لە ناو مانایەکی سایکۆلۆژیی کۆمەڵێک ئیرادەی دەسەڵاتدا لێی تێبگەین. دەبێت لە دەرەوەی ماناو دەلالەتی میتاسکۆلۆژییانە چاوەڕوانی بین. ئەو هەلومەرج و بارو دۆخانەی کە شیکردنەوەو شیکاریی “ئەژانسمۆ” و دەزگا دەستەجەمعییەکانمان کە بەرهەمهێنانی ماتریالییمان بۆ بەرزدەکاتەوە ، ئارەزوکراو و گۆکراو، واتە ئەوانە بە شێوەیەکی ئیتۆلۆژیی، سیمیوتیک و ئیکۆنۆمی لێک جیانەکراونەتەوەو لێکدانەبڕاون هەمیشە پێکەوەن، واتە ” کۆمەڵایەتی- لیبیدۆیی”. دیاریکردنی ئەم هەلومەرجانە، واتە ڕێنیشاندان و چاوساغیی کردمان بۆ تاقیکردنەوەی پلەی هێزو دەسەڵات کە، پێداگیرو ئەفیرماتیڤ و جەختکەرەوەن لە ناو ئەم مۆدەی بووندا کە، لە ڕێگەی پرۆسێسیوسەکانی ماکینەی جەنگ و سوبژێکتیڤاسیۆنی فاشیستییەوە نەخشێنراون، تایبەتکراون لەو کاتەی لاربووونەوەو کشانی مەرگ دەمەزەرد دەکەنەوە، پرۆسەی تێکدان و هەڵوەشانەوەو ئۆتۆ-وێرانکردن و ئۆتۆ-تێکدان وەک گۆڕان و بە لاڕێدابردن و پێدانی شکلێکی جیاوازو لاری ئیماناتی دەسەڵاتی جوڵە و کردە نواندنی ئەم مۆدە. هەر تاقیکردنەوەیەک پێویستە پاریزارو بێت لە ناو دوو تەفسیری هەڵەدا ڕاستبکرێنەوە: یەکەمیان پرسی بەتاڵکردنەوەو وێرانکردن و تێکدان و ڕووخاندن، پرۆسەی ئۆتۆ-ڕووخاندن و وێرانکردن وەک پرۆسێسیوسی ئارەزوکردن و ئارەزوی ئیمانانتی. بە شێوەیەک کە، بۆ خۆی ئیلزامی و پەیوەست نییە بە هیچ غەریزەیەکەوە کە لە ناو پرەنسیپێکی ترانسێندانتدا بێت. بۆ دولوز و گواتاری قسەوباس لە سەر هیچ غەریزەیەکی مەرگ نییە، ئارەزوو هەڵگری هیچ غەریزەیەکی هەناویی و ناوەکی نییە، ئەوەی هەیە تەنیا و تەنیا “ئاژانسمۆکانن”. ئارەزوو هەمیشە بە دەزگاییکراوە، ئارەزوو ئەوەیە کە ئاژانسمۆکان دیارییان کردووە و پێناسەو تەعریفیان کردووە لە ناو بوونێکدا. بە هەمان ئاستی هێلەکانی هەڵهاتن، ئەو ئاژانسمۆانەی کە کاریگەریی و شوێنپێی و جیکەوتەی خۆیان جێدێلن، ئەمانە لە تایپی ماکینەی جەنگن. (هەزار ڕووتەخت) ل.280.

ئەوان مۆدێکی بیناکردن و دروستکردنی گۆِراو ناجێگیریی دەسەڵات و توانایەکی ئیماناتی پێکدێنن. مۆدێکی سەربەخۆ و ئۆتۆ- بەرهەمهێنانی ئارەزو لە ناو ئەو کۆ دەزگایانەی کە ئەکتوێلیزەیان دەکات، ئەمەش لە ناو پێکەوەبەستن و پێکەوەگرێدان و لە ناو جیاکردنەوەیاندا. ئەوەی هەیە تەنیا و تەنیا میکرۆ فاشیزمێکە لە بەرانبەر پرسیارێکی گڵۆباڵدا: بۆچی ئارەزو ئارەزوی وێرانکردن و کاولکردن و ڕوخاندنی خۆی دەکات؟ چۆنچۆنی دەتوانێت ئارەزوی خۆ وێرانکردن بکات؟، ئارەزوی خۆ کاولکردن بکات؟ بە دڵنیاییەوە، ماس و مێگەل بە شێوەیەکی ئازارخواردن و چەساندنەوەی بە زۆری پاسیڤیانە توشی دەسەڵات نەبوون، وە نایانەوێت لە ناو جۆرێک لە هێستیریای ماسۆشییدا سەرکوت بکرێن، ملکەچ بکرێن و بچەپَنرێن، ئەوان فریویان نەخواردووە، خۆڵ نەکراوەتە چاویانەوە، چاویان نەبەستراوە لە لایەن وەهێکی ئیدیۆلۆژییەوە. بەڵام ئارەزوو هەرگیز جیانەکراوەتەوە لە لە ئاژانسمۆ ئاڵۆزەکان، ئەو ئاژانسمۆیانەی کە بە ناچاریی بە سەر ئاستە مۆلێکیولێرەکاندا تێدەپەڕن و دەگوازێنەوە، کۆمەڵێک فۆرمیولەبوونی میکرۆیی، میکرۆ فۆرمیولەبوون کە کاریگەرییان لە سەر هەڵسوکەوت و ڕەفتارو پێرسپێکتیڤ و بەشداریی و چالاکییان هەیە. ئارەزو هەرگیز وزەیەکی غەریزەیی نییە، بەڵکو بەرهەم و دەرئەنجامی مۆدێکی دانراو ئەداکراوە. ئەندازەکردنێکی ئاست بەرزی بە یەکداچوونە : کەرتکەرتکردن و بەشبەشکردن و پشک پشکردنێکی نەرم کە لە سەر توانا و وزە مۆلیکیولێرەکان خۆی بیناکردووە، وە لێرەدا وەک ئارەزوویەکی فاشیستییانە شکڵبەن دەبێت. (کتێبی هەزار ڕووتەخت) ل.262.

چەندێتی چڕیی ئارەزوویەکی نەستیی لە ناو کایەی کۆمەڵایەتییدا سووڕ دەخوات و دەخولێتەوە، ئەمانە هێندەی لە هەناوی دەزگاکانی بەرهەمهێناندان، بە کەمتر لە ناو دەزگا سۆسیۆ دەوڵەتییەکانیشدا بوونیان نییە و ڕێژەیان بەرزە، لە دەزگا ڕوخێنەرو کاولکارەکاندا، لە ناو ڕژێمە دەستەجەمعییە گۆکراوەکاندا. دووەمیان، پرۆسێسیوسەکانی ڕووخاندن و بەتاڵکردنەوەو وێرانکردن و ئۆتۆ-ڕووخاندن و ئۆتۆ وێرانکردن وەک پلەی جەختکردنەوەو پێداگیریی و ئەفێرماتیڤی ئارەزوکرا و ئارەزومەندانە. دەسەڵات و توانای جوڵەو کردار نواندن لە ناو مۆدێکی بووندا ناگەڕێتەوە سەر تەلقینە ئیدیۆلۆژییەکان، لە نا ئاژانسمۆ گۆکراوەکاندایە. “نموونەکانی گوتار و قسەوباس و دەمەتەقێی نازی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی بوو”، بەڵام چۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناو سیاسەت و ئابووری ماکینەی جەنگی نازیدا وەزیفە دەنوێنن و دەکەونە ناو زەیفەوە؟ ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر ئامرزەکانی بەرهەمهێنان و بەگەرخستنداین بۆ ئامرزاو هۆکاری ڕووخاندن و کاولکردن و وێرانکردن. تایبەتمەندییە میکرۆ-سیاسییەکان پاشکۆو پابەندە بە فۆرمیولەبوونە گوتارییەکانەوە، ئەو فۆرمیولەبوونە گوتارییانەی دەچنە ناو سوبژێکتیڤاسیۆنە مۆلیکیولێرەکانی میکرۆ-فاشیزمی مێگەل و ماسەوە. ئەمەش لە ناو هێڵەکانی هەڵهاتندا تا ببن بە پرۆسێسیوسی وێرانکردن و ڕووخان و کاولکاریی سەراپاگیرو سەرانسەری. کەواتە لێرەدا نە بەکارهێنانێکی ئیدیلۆژی نەست و نە غەریزەیەکی نەستی هەیە، نە توانەوەیەکی سەرخان هەیە، وە نە غەریزەیەکی قوڵیش هەیە، بەڵکوو ئاژانسمۆی دەستەجەمعی گۆکراو و باو و ڕۆژانەیی، بە شێوەیەک ئەم گۆکراوانە دەچنە ناو ئابوری بەرهەمهێنانی پێش نەستی و نەستییانەی ماکینە کۆمەڵایەتییەکانەوە. غەریزە بوونی نییە، ئەوەی هەیە ئاژانسمۆ گەلێک، کە پرۆسێسیوسەکانی بوون بە بەردەوامیی و هەمیشەیی و نەگەڕاوە بوونی هەیە. ئامانج و مەبەستی غەریزە بوونی نییە، بەڵکە مەترسیی هێڵەکان هەیە، نێردراو ئیحالەکراو لە ناو زەیفەی تایپێکی پارچەپارچەکردن و کەرت کەرتکردنی ڕژێمێکی سیمیۆتیکی ڕێکخراو لە لایەن ئاژانسمۆکانەوە. هەر لە سایەی ئەم یەدەگ و هەڵگیراو و ئیحتیاتەدایە کە دەبێت هەلومەرجی کاراکردنی هێڵەکانی هەڵهاتنی پتەو چڕ تاقی بکەینەوە، ئەو هێڵانەی کە لە سەریان خۆیان بینا دەکەن، ماکینەی جەنگی نازی. دولوزو گواتاری تەنیا داوای بە یەکداچوونی هێزە لیبیدۆییەکان دەکەن لە ناو ژێرخاندا، لە گەڵ ئەو پرۆسەو کارە سیمیۆتێکییانەی کە پێگەو شوێنگە سوبژێکتیڤییەکانیان لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەنەخشَنن، لە گەڵ ئەو سەیرورانەی کە هەڵیان دەتەکێنن و هاوڕێ لە گەڵ ئەو هێزانەی کە جێگۆڕکییان پێدەکەن و بە شێوەیکی ناوازە دەچنە ناو ئابوری و سیاسەتی جەنگێکی سەرانسەری و سەراپاگیر و گشتگیرەوە.

ئێمە لە بەرانبەر گۆشەنیگاو تێڕوانینێکی ئابوورییانەی ئارەزوی مەرگ و ئارەزوکردنی مەرگداین. واتە وەک مۆدێکی بەرهمهێنان و پێداگیرو جەختکەرەوە لە بەرهەمهێنانی ئارەزومەندانە و بەرهەمێنانی ئارەزو لە ناو بەرهەمێنانی کۆمەڵایەتیدا. لە دوا چاپتەری کتێبی “ئەنتی-ئۆدیپدا” دولوز و گواتاری ڕەخنەیەک لە غەریزەی مەرگ و ماناو تەفسیری غەریزەی مەرگ دەگرن لای فرۆید، ئەمەش لە کتێبی “لەو دیو بنەماو پرەنسیپی چێژ”وە: بۆ دولوزو گواتری دەبێت ئەو دوو دوالیزمە فرۆید کە باسی کردووە ڕەخنە بکرێت لە ناو نەخشەو ڕووتەختی میتا سایکۆلۆژیدا، ڕەخنەگرتن لەو بەستنەوەی کە فرۆید ئەنجامی داوە لە نێوان هێزە لیبیدۆییەکان و شارستانیەتداو بابەت و هۆکاریی پەیوەندیی و بەستنەوەیان بە کایەی کۆمەڵایەتییەوە. دولوزو گواتاری وەرچەرخانێک سەرپێدەخەن کە بەرهەمهێنانی غەریزەی مەرگ لە ناو نیگەرانیی و خەمۆکیی و چەپاندنی فرۆیدیدا بە جۆرێکی تر دەکەوێتەوە. لێرەوەو لای دولوزو گواتاری نیگەرانیی و خەمۆکی لە ناو دیگکنۆستیکێکی تەواو نیتچەییدا دەبینرێت، لێرەوە خەمۆکیی و نیگەرانیی وەک بەرهەم و پێدراوێکی چەپاندن و کەبتی سێکسی نابینرێت، وە نابێ ببێت بە هۆکارێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم. شارستانیەت بە پێچەوانەوە بەرهەمی نیگەرانی و چەپاندنی سێکسی نییە. ڕخنەگرتن لە غەریزەی مەرگ بۆ دولوزو گواتاری دەبێت بخرێتە ناو دوو نەخشەو ڕووتەختەوە کە بە شێوەیەکی واقیعی غەریزەیی نین: لە سەر نەخشەو ڕووتەختێکی میتاسایکۆلۆژی، دولوزو گوتاری جارێکی دیکە ڕەخنە لە دوالیزمی غەریزەیی دەگرن لە پێناو پەرەپێدانی دروستکردنی یەکێتییەکی وەزیفەیی بەرهەمهێنانی ئارەزومەندانە وەک خول سوڕخواردنەوەو بازنەیی. لە سەر پلان و نەخشەو ڕووتەختی سۆسیۆ- کولتوریدا، دولوزو گواتاری باس لە پێکەوەبوون و گرێبەستی نێوان بەرهەمهێنانی ئارەزومەندانەو بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەکەن لە پێناو سەرلەنوێ تەعریفکردنەوەوە پێناسەکردنەوەی کەڵکەڵەو غەریزەی مەرگ وەک بەرهەم و کاریگەری هەردوو ڕووتەخت و نەخشەکە، ڕووتەخت و نەخشەی میتاسایکۆلۆژی و سۆسیۆ-کولتوری. بۆ دولوزو گواتاری غەریزەی مەرگ بێدەنگییەکی پەتی و پوختە، بە پەتی و بە بێگەردی ترانسێندانسە، دراو و پێدراو و لێکەوتەیەک نییە، جێکەوتەو دراوێک نییە لە ئەزمووندا، مەرگ لای فرۆید نە مۆدێلێکەو نە ئەزموونێک، بۆ فرۆید پرەنسیپێکی ترانسێندانتییە. (ئەنتی-ئۆدیپ) ل.397. لە ڕاستیدا فرۆید باس لە مۆدێلێکی مەرگ دەکات لە ناو پێودانگێکدا، کە ئەنگێزەی مەرگ تێیدا پرەنسیپێکە، دراو پێدراوێک نییە، ناتوانێت دراوێک بێت لە ناو ئەزمووندا. ئەم مۆدێلە ناتوانێت هاوشێوەو دەرەکی بێت لە بەارنبەر شیکاریی و شیکردنەوەیەکی ئابورییانەی نەستدا: مۆدێلێکی بیۆلۆژی کە گوازارشتە لە مەرگ وەک دۆخێکی پەرت و پەرش و بڵاو و پەرتەوازەی ماتریالی. بۆ دولوزو گواتاری، لە ناو پەیوەندی نێوان ئارەزو و مەرگدا دەبێت لە گۆشەنیگایەکی وەزیفەیی نەستییەوە ببینرێت. ئەمەش وەک پرەنسیپێکی ئیمانانت یاخود بازنەیەکی ئۆتۆ-بەرهەمهێنان. هەر لێرەوە کە دەتوانرێت مۆدێل و ئەزموونێکی مەرگ تیماتیزە بکرێت، واتە ڕەخنەکردن و ڕەخنەگرتن لە پرنسیپێکی ترانسێندانتی مەرگ و ئەنگیزەی مەرگ. تێگەیشتن لەم مۆدیل و ئەزموونکردنە وەک جوڵە ڕییالییەکانی خودی نەست. چرکەساتی چالاکییە بەرهەمدار و بەرهەمهێنەرەکانی، وە لە کۆتاییدا تەعریفکردن و پێناسەکردنەوەی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگ وەک کردەو دەرکەوتەیەکی پێناسەکراو و شیکراوەوە بتوانرێت شیبکرێتەوە لە ڕوانگەو تێڕوانین و دیدگای ئیمانانسییانەی ئارەزو لە کایەیەکی کۆمەڵایەتی- مێژویی دیاریکراو تایبەتدا. ئێمە بەرانبەر ئارەزوویەکی مەرگ وەستاوینەتەوە لە بەرانبەر ئارەزوی ژیاندا. وەستانەوەو بەرانبەربوونەوەو بەربەرەکانی ئارەزویەکی مەرگ لە بەانبەر ئارزوی ژیاندا. لێرەدا ئێمە ناچرین بچینە ناو چەمکێکی دیکەی دولوزو گواتارییەوە، چەمکی “جەستەی بێ ئۆرگان” و پەیوەندی بە مەرگ و ئارەزو و ئەنگێزەی مەرگەوە. جەستەی بێ ئۆرگان لە دەرەوەی بازنەو خولخواردنی بەرهەمهێنانی ئارەزو و ئارەزومەندانە نییە” پیتەویی و چڕییەکی پلە سفریی وەک پرەنسیپێکی بەرهەمهێنان، (هەزار ڕووتەخت) ل.202.

ئەنتی ئۆدیب و هێڵکارییەک
ئەنتی ئۆدیب و هێڵکارییەک

لە تێروانین و گۆشەنیگای سێنتێزە ماکینەییەکانەوە، مۆدێلی مەرگ لە ناو جەستەی بێ ئۆرگاندا هیچ نییە جگەلە کپبوون و خامۆشییەکی نا بەرهەمهێنەر، بەڵام ئەم خامۆشیی و کپبوونە لە کوێدا بەرهەمهێناروە؟، بەرهەمهێنراوە لە ناو پەیوەندیی و پێکەوەبەستنەکانی بەرهەمهێنانی سەرەتاییدا، وە بەرهەمناهاتو، بەرهەمنەهێنەر ملکەچی ناسنامەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی بەرهەمهێنان و بەرهەمهاتووە. جەستەی بێ ئۆرگان بەڵگە نییە لە سەر عەدەمێکی ئەسڵی و ئۆریجناڵ، گوزارشت نییە لە تۆتالیتێیەکی ونبوو، وە بە هیچ شێوەیەک کەوتنە خوارەوەو سەرەولێژبوونەوەیەک نییە، هیچ سەروکارو پەیوەندییەکی بە جەستەیەکی تایبەت و دیارەوە نییە، جەستەیەکی فیزیکی نییە، تەنانەت وێنەی جەستەو وێناکراوێکی جەستەش نییە. جەستەیەکی بێ وێنەیە، ئەو نا بەرهەمهێنەرە لەوێدا کە بەرهەمهێنراوە. بەشێوەیەکی بەردەوام لە ناو بەرهەمهێناندایە، جەستەیەکی پڕ و لێوانلێوی بێ ئۆرگان، کارێکتەرێکی سێنتێزی پێکەوەییی و پێکەوەبوون و پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندیکەر و بەهەمهێنەر ، بە دووانەییکردنی بەرهەمهێنان لە بەرانبەر ئەنتی- بەرهەمهێناندا، ڕەگەزێکی ئەنتی – بەرهەمهێنان. (ئەنتی -ئۆدیپ) ل.14-15. لێرەدا ئێمە لەوە تێدەگەین کە بۆچی دولوزو گواتاری دەتوانن بە شێوەیەکی خێراو لە ناکاو و کتوپڕ باس و خواس لە مۆدێلێک بکەن لە ناو پەیوەندیەکی پۆزەتیڤدا بە ئەزموونی مەرگەوە. ئەم خێرایی و کتوپڕییە دەربڕینی ئەوەیە کە، ئەزموون بە ساناو سادەیی لە ناو مۆدێلێکی ئەبستراکتی پێکهێنراودا نییە، بەڵکو جێکەوتەو کاریگەری جوڵەیەکی ڕییالیە کە دەجولێت، کردار دەنوێنێت. دراو و پێدراوێک لە ناو مۆدێلێکی دەرچوو دەرپەڕیوو لە ناو بەرهەمهێنانی ئارەزو ئارەزومەندانەدا. هەر بەم مانایەیە کە “ئارەزووی مەرگ” بوونی نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە مەرگێکە کە ئارەزوو دەکات” لە ژێر ناونیشانی مۆدێلێکی جەستەی بێ ئۆرگاندا، وە ژیانێک کە ئارەزو دەکات لە ژێر تایتڵی کاردا. وەک دولوز و گواتاری دەپرسن: ئایا ئەمە ئارەزویەکی مەرگە، بونێکە بۆ مەرگ و لە پێناو مەرگدا؟ یاخود بەرهەمهێنانەوەیەکی مەرگە؟، هیچ یەکێک لەمانە نییە. ئەزموونی مەرگ شتێکی تەواو ئاسایی و رۆژانەیی نەستە، چونکە بە دەقیقی بۆ ژیان و لە ناو ژیاندا ئەنجامی دەدات و ئەنجام دەدرێت، لە ناو هەموو ڕاگوزەرو سەیرورەیەکدا، لە ناو هەموو پتەویی و چڕییەکدا وەک سەیرورە و تێپەڕین و گوزەرکردن. (ئەنتی-ئۆدیپ 394.) پێویستە ئەزمونی مەرگ بە پێی توانا و قابیلییەتی بەخشین و پێداروی بتوانێت ئەزموونی دەوڵەمندمان بداتی بۆ ژیان و ژیانکردن و مەعریفەی ئەوەی کە ماکینەکانی ئارزوو نامرن. وە سوژە وەک پارچەیی پێەکەوە لکێنراو. هەمیشە “ئێمە”ەکە کە ئەزموون دەکات نەک “من” ێک کە مۆدێلێک وەردەگرێت، چونکە مۆدێلێک بۆ خۆی بەرهەمهی منێک نییە، بەڵکو جەستەی بێ ئۆرگانە. وە “من” ناچێتە ناو مۆدێلێکەوە بە بێئەوەی مۆدێل نەتوانێت بەرەو ئەزمون بڕوات. (ئەنتی-ئۆدیپ) ل.395.

بۆ دولوز و گواتاری پێویستمان بە کۆمەڵێک ڕەگەز هەیە لە گەڕانەوەی مەرگ بۆ ناو مۆدێلێکی جەوهەری، ئەزمونێگی پتەو و چڕیی مەرگ، ئەزموون و مۆدیل لە ناو بازنەی بەرهەمهێنانی ئارەزودا و هەر یەکەو لە گەڵ ئەویتر یەکتر پەرە پێدەدەن وەک سەیرورەیی کتوپڕیی و لە ناکاویی لە پێناو دەرخستنی ئەوەی کە ئەنگێزەی مەرگ بوونی نییە، بەڵکوو ئەزمونکردن و ئەزمونکاریی چالاک لە پێناو ڕێکخستن و چوارچێوەدارکردنی، وە بەرهەمهێنانی جەستەی بێ ئۆرگان. داهێنان و خولقاندنی ئۆتۆ- وێرانکردن و ئۆتۆ-ڕوخاندنەکانە کە بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە سەر غەریزەی مەرگ. دروستکردنەوەی ئۆرگانیزم هەرگیز خۆی ناکوژێت. بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین لە لە مۆدی بەرهەمهێنانی مەرگ تێبگەین کە دەمانبات بۆ شیکارو شیکردنەوەی پرسیارکردن و بە پرسهێنانی سوبژێکتیڤیتێیەکی فاشیست و هێڵە وێرانکارو ڕوخێنەرەکەی. ئەمەش لە ناو تێگەیشتن لە مۆدێل و ئەزموون لە ناو بەرهەمهێنانە میتا سایکۆلۆژیی و سۆسیۆ- کولتورییەکەیدا، لە ناو پەیوەندیکردن و بەیەکەگەیشتنی بەرهەمهێنانی ئارەزو لە گەڵ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی. بەو شێوەیەی بەرهەمهێنانی ئارەزو لە ڕێگەی کتوپڕیی و خێرایی و لە ناکاوییەوە دەچێتە ئەو بازنەوە کە بەناچاری پەرە بە جەستەی بێ ئۆرگان دەدات و کارێکتێرو سیماکانی بە دیار دەکەون. بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ڕوخسارێک فۆرمیولە دەکات بۆ تۆمارکردن و ڕۆَڵگێڕانی هێزەکان و فۆرمیولەکردنی جەستەکان: جەستەی زەوی، جەستەی کاپیتاڵ، جەستەی ستەمکارێک …” واتە مەسافە و مەودایەکی ئەنتیى- بەرهەمهێنان. وە تێگەیشتن لەوەی کە، چۆنچۆنی ڕژێمە کۆمەڵایەتییەکانی فۆرمیولەبوونە ئارەزوییەکان، کۆدەکانی قوڵپدان، کردنەوەی کۆدەکانی قوڵپدان و لە کۆدخستن و لە کۆد داماڵینیان، بەڵگە نەویستەکانی قوڵپیدانە لە کۆد کراوەکان” ئەمانە دێنە ناو بازنەی خێراو کتوپڕی مۆدێل و ئەزمونی نەستییانەی مەرگەوە. شتێک لە وێنەی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگ دەبێت دەبێت لە ناو مۆدێل و ئەزموون و پەیوەندییەکانیان و تەحویلبوون و گۆڕانکارییەکانیادا پێناسە بکرێنە. وە ئێمە لەوە تێدەگەین کە ئەنگێزەی مەرگ هیچ مانایەکی نابێت تەنیا لە ناو مۆدێل و ئەزمووندا نەبێت. کەواتە ئێمە لە ناو چەمکێکی ماتریالیستی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگداین کە نەپرەنسیپێکەو نە ئاستێکی ترانسێندانتی بێدەنگ و کپ و خامۆش، بەڵکو لە بەرانبەر هەلومەرجی ژیانی مێژویی-کۆمەڵایەتیداین کە لە لایەن پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ئەنتی-بەرهەمهێنانەوە دیاریکراوە. ئێمە لە ناو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ئەنتی-بەرهەمهێنانداین.

سەرچاوەکان

• Nietzsche et la Philosophie، Presses Universitaires de France، Paris، 1962.
• Différence et répétition، Presses Universitaires de France، Paris، 1968.
• L’Anti-Œdipe – Capitalisme et schizophrénie، en collaboration avec Félix Guattari،
Les Éditions de Minuit
• Kafka. Pour une littérature mineure، en collaboration avec Félix Guattari، Les Éditions de Minuit.
• Rhizome، en collaboration avec Félix Guattari، Paris، Les Éditions de Minuit، 1976. (Repris dans Mille-Plateaux.)
• Dialogues avec Claire Parnet، Flammarion، Paris، 1977، 184 p. ; 2e éd. 1996.
• Mille Plateaux – Capitalisme et schizophrénie 2، en collaboration avec Félix Guattari، Les Éditions de Minuit (coll. « Critique »)، Paris، 1980، 645 p.
• Foucault، Les Éditions de Minuit (coll. « Critique »)، Paris، 1986.
• Pourparlers 1972 – 1990، Les Éditions de Minuit، Paris، 1990.
• Qu’est-ce que la philosophie ?، en collaboration avec Félix Guattari، Les Éditions de Minuit (coll. « Critique »)، Paris، 1991
• Critique et clinique، Les Éditions de Minuit (coll. « Paradoxe »)، Paris، 1993.
• L’Île déserte et autres textes. Textes et entretiens 1953-1974، édité par David Lapoujade، Les Éditions de Minuit (coll. « Paradoxe »)، Paris، 2002.
• Deux régimes de fous. Textes et entretiens 1975-1995، édité par David Lapoujade، Les Éditions de Minuit (coll. « Paradoxe »)، Paris، 2003.
• L’Abécédaire de Gilles Deleuze، de Pierre-André Boutang، entretiens avec Claire Parnet réalisés en 1988، Éditions Montparnasse، 2004.
Audio
• Spinoza، immortalité et éternité، 2 CD، Gallimard، « A voix haute »، 2005.
• Gilles Deleuze، cinéma، 6 CD، Gallimard، « A voix haute »، 2006.
• La voix de Gilles Deleuze en ligne، enregistrements des cours donnés à l’université.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.