فریدریک نیچە؛ دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار


بەشی دووهەم

Loading

فریدریک نیچە

 دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار

نووسینێک بۆ دیسکۆرس

بە مەبەستی تەواوکردن و ڕوونکردنەوەی دوایین وەشانی

 (ئەودیوی خێر و شەڕ)

 

لە ئەڵمانییەوە : موئەیەد مستەفا

 

پێشەکی  –  بەشی دووهەم* 

 

٦

ئەو کێشەیەی بەهای بەزەیی و مۆڕاڵی-بەزەیی (من دژبەرێکی هەستە نەرمە زیانبەخشەکانی مۆدێرنەم) لەسەرەتا وا دیاردەکەوێت کە تەنیا دیاردەیەک بێت، تەنیا ئاماژەی پرسیارێک بێت، وەلێ ئەوەی لێرە جارێک چەقی، فێری پرسیارکردن دەبێت و ئەوە دەدۆزێتەوە، کە من دۆزیمەوە؛ پانۆڕامایەکی مەزن چاوەکانی دەکاتەوە، ئەگەرێک وەک سەرەسووڕە دەیگرێت؛ بێباوەڕی، گوناح و ترسی لێوە هەڵدەقوڵێت، باوەڕی بە مۆڕاڵ، بە هەموو مۆڕاڵێک دواجار بووە بانگێکی نوێ، با ئەم داواکارییە بێنینە زمان: ئێمە پێویستیمان بە ڕەخنەگرتنه‌ لە بەها مۆڕاڵیەکان، بەهای ئەم بەهایانە خۆیان با جارێک بخەینە ژێر پرسیارەوە – پێویستە بزانین، لە ژێر کامە مەرج و ڕەوش دا پەرەیان بەخۆیان دا و خۆیان پاراست (مۆڕاڵ وەکو ئەنجامێک، وەکو دیاردەی نەخۆشییەک، وەک ماسکێک، مۆڕاڵ وەکو دووڕوویی ئاینی، وەکو نەخۆشی، وەکو کەرەستەی شیفا، وەک وروژێنەر، وەک چه‌پاندن و ژەهریشە)، ئەو مەعریفانە تا ئێستا نە گەیشتوونەتە ئێرە و نە حەزییشیان لێکراوە. مرۆڤ بەهاکانی ئەم بەهایانەی وەک پێشکەشکراو، وەک حەقیقەت و لەودیوی پرسیارەوە دانا. هیچ کەسێک نە دوورترین گومانی لێکرد و نە لەرزیش کە (خێر) باڵاتر ببینێت و لە جیاتی (شەڕ) دایبنێت؛ مەبەست لە باڵاتر بە واتای پێشکەوتن و سوود و بەرفراوان بوونە تەنیا لە دیدی مرۆڤەوە (کە داهاتووی مرۆڤایەتیش دەگرێتەوە). چۆن؟ کاتێک پێچەوانەکەی حەقیقەت بوو بێت، چۆن؟ ئەگەر لە خێریشا دیاردەی پووکانەوە هەبێت هەر وەک ترسناكییه‌ك، بەلاڕێدابردنێک، ژەهرێک، یانیش سڕکردن بێت، بەو هۆكاره‌ی كه‌ ئێستا لەسەر داهاتوو ژیاندەکا؟ ڕەنگە دڵنەواییتر بێت، ناخەتەرناکتر بێت، بەڵام بە ستایلێکی وردتر، نزمتر نییە؟…. هەر ئاواش دەکرا مۆڕاڵ گوناهبار بێت، کاتێک مرۆڤ یان ڕەگەزێک هەرگیز نەگەیشتبێتە لووتکەی وزە – هێز و درەوشانەوە؟ هەر بەو شێوازە،  ئاخۆ ئەخلاقیش خەتەرناکی خەتەرناکییەکانە؟

٧

بەسە ئیتر بێژم کە دوای ئەوەی ئەو سەرنجە خۆی ئاوەڵاکرد – هۆکانم بە دەستەوە بوو، لە دەوروبەرم لە دوای دانا و هاوەڵانی زانستوان بگەڕێم (تا ئێستاش بە دوایانەوەم) ئەو دوورییە گەورە ئاوا شاراوەی زەمینی مۆڕاڵ، دەبێت بە چاوی نوێیەوە سەفەری بۆ بکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە واتای ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک دەبێت زەمینەکانی بدۆزرێتەوە؟ بەڵام گه‌ر لە گەشتەکان دا بیرم لەو دکتۆر ڕێیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێیدا، بکردایه‌وه‌ کە هەرواش بوو، چوونکە دڵنیابووم سرووشتی پرسیارەکانی دەستیان بە وەڵامەکان دەگەیشت، ئەگەر متیۆدێکی درووستری بەکارهێنابووایە و ئەوەندەش لە ژێرە فشار نەبووایە. ئایا من هەڵە بووم؟ هەر چۆنێک بێت من دەموویست ئاڕاستەیەکی باشتر، ئاڕاستەیەکی ڕاستینەی مێژووی مۆڕال پێشکەش بە فۆکەسی چاوێکی بێلایەن و تیژ بکەم و دەربارەی بیردۆزی بازاڕییانەی ئینگلیزی لە کاتێکی شیاو دا ئاگاداری بکەمەوە کە کۆتاییان (شینە)[1]: زۆر ڕوونە کامە ڕەنگ بۆ جینیالۆجیستەکە گرنگترە لە شین، بگرە لە بۆریش کە دەڵێین بە بەڵگەدەکرێت و  ڕاستییەکەشی بوونی – هەبووە لە نووسینە کورت و درێژە هیرۆگلیفییەکان دا و بێ ئاوەڵاکردنی کۆدەکانیان ئەستەمە لە ڕابردووی مۆڕاڵی مرۆڤی تێبگەین! دکتۆر ڕێ ئاشنای ئه‌وانه‌ نەبوو، بەڵام ئەو داروینی خوێندبووه‌وه‌ و ئاوا بە ستایلی خۆی لە بیردۆزەکانی، دڕندەکە و مۆدێرنترەکە دەگەنە مۆڕاڵێکی بە ئینساف و چیتر گازناگرن، بەڵکو بە ڕێزەوە دەستت دەگوشن بە ستایلێک کە تەنیا دڵخۆشکەرە و هیچیتر – دواییش بە ڕوویێکی خێردار و نەرمونیان، کە خۆیان تێکەڵاوێکی گەورەن لە ماندوویەتی و ڕەشبینی هەر وەک ئەوەی ئەم هەموو شتەی کێشەی مۆڕاڵ گرنگ نەبووبن، بە جددی کاریان لەسەر بکرێت؛ ئێستاكه‌ش هەر وەک دیارە بە پێچەوانەوە من ئەو شتانە پێشکەش دەکەم کە نرخدارن، کە مرۆ بە جددی وەریانبگرێت؛ بۆ نموونە ڕۆژێک لە ڕۆژان بوارێک هەبێت، بە شادییەوە وەربگیرێن؛ ئەو شادییە، گەر بە زمانی خۆم بیڵێم، زانستی شادە[2] –  وکو پاداشتێک بۆماندووبوون و جدیبوون، دروێنەی بەرهەمە ژێر زەمینییەکان، کە لە ڕاستی دا کاری هەموو کەسێک نییە. کەواتە با ئەو رۆژە به‌ دڵمانەوە بڵێین: بۆ پێشەوە! مۆڕاڵە کۆنەکانمان هی گاڵتەجاڕین! ئێمە بۆ دراماکەی دیۆنیزۆس[3] سەبارەت بە چارەنووسی ڕۆح، کێشە و ئەگەری نوێ دەدۆزینەوە:- ئەویش لە داهاتوو سوودی لێ دەبینێت، ئەو، ئەو پیرە شاعیرە کۆمیدییە نەمرەی بوونمان!

 

٨

ئەگەر ئەم نووسینە بۆ یەکێک ناڕۆشن بێ، یانیش خراپ بچێتە گۆێکانی، ئاوا بە پێویستیبوون گوناهی من نییە، هەر وەک ئاشکراشە ئەو مەرجەی من ئەوەیە، کە خەڵک سەرەتا کارەکانی پێشووترم بخوێنێتەوە چوونکە هەندێک وردەکارییان پێویستە: ئەو کردانە ئەوەندە بە ئاسانی بەدەستنایەن. بۆ نموونە ئەوەی پەیوەندی بە زەرەشتەکەمەوە[4] هەیە، کە من هەژمار بۆ هیچ خوێنەرێک ناکەم وەکو ئاشنای ئەم کتێبە ئەگەر لە هەمان کاتا، جارێک بە قووڵی دڵخۆش و جارێکیش بە قووڵی برینداری نەکردبێت: ئینجا دەتوانێت چێژ لە مافی خوێندەوە ببینێت و لە پێکهاتە هالکیۆنیەکەی[5] ئەم بەرهەمەی تیا لە دایکبووە، تێبگا؛ لە ڕۆژێکی خۆش، دوور و دڵنیا پشکدار بێ، ئەگینا تێگەیشتن لە فۆرمی ئەفۆریزمەکان ئەستەمدەبێت، چوونکە ئەو شێوازەی نووسینە لەم ڕۆژانە دا بە هەند وەرناگیرێت. ئەفۆریزمێک، کە کاریگەرە و ئینسافڕێژکراوە، نەوەک لەبەر ئەوەی خوێندراوەتەوە، بەڵکو تا ئێستا کۆدەکانی ئاوەڵا نەکراوە و زیاتریش سەرەتایەکە بۆ شیکردنەوە و پێویستی بە هونەری شرۆڤەکاری هەیە. من لە بەشی سێیەمی ئەم کتێبە نموونەیەکم پێشکەشکردووە، ئەوەی ناویدەنێم شڕۆڤەکاری – لە کەیسێکی ئاوا دا، کۆمێنتێک دەربارەی ئەفۆریزمەکە پێشووتر دانراوە؛ من ڕێگات پێدەبەخشم و دەڵێم کە خاڵێکی گرنگتر لە هەموو خاڵەکانی تر پێویستە بۆ ئەوەی خوێندنەوە وەک هونەر پیادەبکەیت، ئەوەی خەڵک ئەمڕۆ بەتەواوی بیریکردووە – هەر بۆ ئەم مەبەستەش کات ماوە بۆ تێگەیشتن لە نووسینەکانم، بۆ ئەوانەی کەسێک پێویستە نزیکەی مانگایەک بێ نەوەک مرۆڤی مۆدێرن: کاوێژبکا…..

سیلس ماریا، ئۆبەرنگاند، خەرمانانی ١٨٨٧

 

 

[1] Ins Blaueدەکەوێتە ناو شینەوە، گوزارشتێکە دەربارەی شتێک کە ئەنجامی نەبێت، ناکۆتایە.

[2] Die fröhliche Wissenschaftکتێبێکی نیچەیە، ساڵی ١٨٨٢ و ١٨٨٧ چاپکراوە، تەواوکەری کارەکانیەتی و ٤٠٠ ئەفۆریزمی دەربارەی بابەتی جیاجیا تیایدایه‌.

[3] دیۆنیزۆس خوایەکی یۆنانییه‌، خوای جیهانی مەی، خۆشبەختی، بەرداری، شێتی و زوهدە.

[4] Also sprach Zarathustraزەردەشت وسا ئاخڤی سەرەکیترین کاری فریدریک نیچەیە، لە چوار بەشتی سەرەکی پێک دێت و بیرۆکە فەلسەفییەکانی نیچە لە خۆ دەگرێت.

[5] Halkyon وشەیەکی گریکییە واتای باڵندەی سپییە، ماوەیەکە لە چواردە ڕۆژ پێکدێت لە کانوونی یەکەم؛ هەوایەکی ئارام و سازگاری هەیە، لە ئەفسانەیەکی یۆناییه‌وه‌ هاتووە.

 

 

تێبینی وەرگێڕ: ئەم کتێبەی نیتچە بەگشتی وەرگێڕانی تەواو بووە و بۆ یەکەمجارە لە بەشی فەلسەفی – کولتور مەگەزین –  چەند بەشێکی بڵاودەکەینەوە. زەمەن یار بێت  و دەستپێکەری تەواو و گونجاو  هەبێت بۆ چاپکردنی،  دەیخەینە بەردەست خوێنەران.  

 

* پێشەکی  بەشی یەکەم فەرموون کرتە بکەنە سەر ئەم بەستەرە 

فریدریک نیچە؛ دەربارەی جینیالۆجیای ئاکار

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌