سروودی دڵخۆشییه لەیادچووەکان…[1]
ژان-لوک گۆدار لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو و لە گەرمەی جەنگی ڤێتنام، داواکارییەک پێشکەشی حکومەتی هانۆی دەکات تاکو ڕێیگهی بدەن بچێتە ڤێتنام و لەوێ فیلم دروستبکات. گۆدار پێیوایە؛ چیتر فەڕەنسا شوێنێک نییە بۆ ئەو تاوەکو فیلم دروست بکات و دروستکردنی فیلم لە پاریس بووەتە کارێکی بێمانا. ئەو دەیەوێت بڕواتە شوێنێکی تر: جەزائیر، یۆگۆسلاڤیا، کوبا یا هەر شوێنێکی دی. بەڵام ئەو کە کاریگەر بوو بە شەڕی ڤێتنامییەکان و هەمیشە دەیگوت:”دەبێت هەموومان ڤێتنامێک لە ناخماندا دروست بکەین.” و ڤێتنام هەڵدەبژێرێت. دواتر پاش هەشت مانگ و نیو داواکارییەکەی گۆدار لەلایەن حکومەتی هانۆی ڕەت دەکرێتەوە. ئەم ڕەتکردنەوەیە شتێکی نوێ لای گۆدار دروست دەکات: مادەم من لە پاریس دەژیم، کەواتە هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ دروستنەکردنی فیلم لە پاریس. بەڵام هاوکات گۆدار بەڵێنێک بەخۆی دەدات: دەبێت هەموو ئەو فیلمانەی لە داهاتوودا دروستیان دەکەم، تەنانەت ئەگەر بە بەشێکی بچووکیش بێت، بگەڕێنەوە سەر ڤێتنام.
گەر بێینە سەر سینەمای (یۆناس مێکاس ١٩٢٢ لیتوانیا – ٢٠١٩ نیوۆرك) و بە وردی تەماشای بکەین، دوو لە تێما سەرەکییەکانی بریتین لە زەمەن لەگەڵ شوێن. یۆناس زۆر زوو لە وڵاتی خۆی، واتا لیتوانیا هەڵدێت و ڕوو دەکاتە نیویۆرک. ئەو کاتەی مێکاس دەگاتە نیویۆرک هونەرەکان لە گۆڕانکاریدا بوون، جۆن کەیج لە مۆسیقا، ئێکسپرێشینیزمی ئەبستراکت لە تابلۆ و بەکمینستەر فوڵەر لە ئەندازیاری و ئایدیا نوێیەکانی لە بواری کاریگەریی بۆشاییەکان لەسەر ژیانمان، هەموو شتەکان دەگۆڕان: بالە، مۆسیقا، تابلۆ، سینەما…چارەنووسی مێکاس بوو کە دواتر ببێتە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە سینەما لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی بیست بەخۆیەوە دەیبینێت.
ئەو لەوێ وەک کۆچبەرێکی دوای جەنگ دەست دەکات بە کاری فیلمسازی، بەڵام فیلم لەبارەی چی؟ لەبارەی کێ؟ لە کاتێکدا بەم شوێنە نامۆیە. گرنگتر لەو پرسیارانەش زەمەن و شوێن لەکوێی فیلمەکاندان. ئەو هیچ کات لە زەمەنێکی دیاریکراو، لە شوێنێکی دیاریکراو فیلم دروست ناکات، فیلمەکانی پڕن لە شوێنی جیاواز و لێک دوور، زۆر کاتیش ماوەی گرتەفیلمەکان چەند ساڵێک جیاوازن. بەڵام هەموویان لە شوێنێکی بچووکیشدا بێت دەگەڕێنەوە بۆ لیتوانیا. خۆ ئەگەر گۆدار لە پاریس لەبارەی ڤێتنامەوە فیلم دروست بکات، ئەوا مێکاسیش دەتوانێت لە نیویۆرک لەبارەی لیتوانییە کۆچکردووەکان فیلم دروست بکات، هەڵبەت ئەم بڕیارەی مێکاس پێویستی بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەک نەبوو، چونکە ئەو هەر لە سەرەتاوە بوونی لەوێ، واتا لە وڵاتی خۆی ڕەتکرابۆوە.
سەرەتای کاری فیلمسازیی مێکاس، بە فیلمگرتن لە کۆچکردووانی لیتوانی دەستپێدەکات. بەڵام دواتر زەمەن ئەم مرۆڤە کۆچکردووانە دەگۆڕێت، زەمەن دێت و مرۆڤەکان لە تاراوگە نیشتەجێ دەکات، ئەوان لە شوێنێکی دی کە جێی منداڵی و لەدایکبوونیان نییە، دادەمەزرێنێت. مێکاس دەزانێت ئەم شوێنە، ئەم زەمەنە ئیتر بوون بە بەشێک لەو، بە بەشێک لە لیتوانییەکان، کەواتە بۆ لێرە – لە نیویۆرک فیلم دروست نەکات!…ههربۆیە مێکاس دەست دەکات بە جۆرێکی تر لە فیلمسازی، ئەویش بە کامێراکەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی فیلمدەگرێت، پاش چەندساڵێک گرتە فیلمەکان کۆدەکاتەوە، زەمەن و شوێنە جیاوازەکان پێکەوە و لەپاڵ یەکدادەنێت. گرتەفیلمەکان دەبن بە یادداشتی ڕۆژانە، ئەو دەڵێت:
((هەموو کەس دەتوانێت یاداشتەکانی خۆی لە ڕێگهی کامێراوە بنوسێتەوە. بۆ هەموو جێگەیهک کامێراکەی لەگەڵ خۆی دەبرد و هەر چی کە دەهاتە پێشی، وێنەی دەگرت. فیلمەکانی پڕ و تەژین لە ڕووخساری هاوڕێکانی، ئەو کەسانەی بە ڕێکەوت تووشیان دەبوو، خێزان و کەسانی نزیک لە ژیانی تایبەتی خۆی. بە گوتەی مێكاس: لە ڕووخساری هەر مرۆڤێکدا وێنەی (بەهەشت)ـێک هەیە، کاتێک ڕووخسارەکان دەبینم، هەست دەکەم لە بەهەشتدا بووم…))
بەڵام هەموو یاداشتەکان کە هەڵقوڵاوی یادەوەرییەکانن، پەیوەستن بە دوو تێما: شوێن لەگەڵ کات. (شوێن- کات) یاخود زەمەن پرسیاری هەمیشەیی مرۆڤی تاراوگەن. ئایە لە شوێنێک کە نیشتیمانی خۆت نییە، دەتوانی نیشتیمانێک لە غەریبیدا دروست بکەیت؟! ئایە مرۆڤی تاراوگە دەتوانێت ئەو ئاسوودەیی و هەوارگەیەی لە نیشتیماندا هەیبوو، لە مەنفاش بەدەستی بێنێت؟ وەڵامی مێکاس؛ بەڵێ یە. بەڵام ئەوەی کە بۆ مێکاس دەسەلمێنێت مرۆڤ لە غەریبترین شوێنی جیهانیشدا، هەمیشە دەتوانێت پەناگەیەک، نیشتیمانێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە کامێرایە.
هەموو کەس دەتوانێت کۆچ بکات لەوەش گرنگتر هەموو کەس دەتوانێت بە کامێراکەی (مۆبایل یان هەرشتێکی تر، گرنگ نییە…) ڤیدیۆ بگرێت. لەو ساتەی کە مرۆڤ کامێرا دەگرێت بە دەستییەوە و دەست دەکات بە ڤیدیۆگرتن، بۆ هەمیشە بەشێک لە زەمەن و شوێنێک لە خۆیدا تۆماردەکات.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە، کامێرا بوو بە ئامێرێکی گرنگ بۆ مرۆڤ تا وێنەی خەڵک و ڕووداوەکان بگرێت و تۆمار بکات. کامیرا ئەو واقعیەتەی پێشکەش بە مرۆڤ کرد، کە بە درێژایی مێژوو، مرۆڤ کێشەی تۆمارکردنی (ڕابوردوو- یادەوەریی) هەبوو. یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، پڕۆتیستۆکەی ئێمێلی داڤیسن بوو. ئێمیلی یەکێک بوو لە ژنە چالاکوانەکان کە خەباتی بۆ ئازادیی ژنان دەکرد تا بتوانن بەشداری دەنگدان بکەن. لە ساڵی ١٩١٣ لە کاتی پێشبڕکێی ئەسپسواری، ئێمێلی خۆی دەخاتە ژێر ئەسپەکەی جۆرجی چوارەم. هەڵبەت ئەو دەیویست بە بەرچاوی هەزاران کەس ئەم کارە بکات و لەوەش سەرنج ڕاکێشتر، ئەسپەکەی پاشا جۆرج. بەڵام جگە لەو هەزاران کەسە شتێکی گرنگتر لەوێ ئامادەبوو، کامێرا بوو. لە ڕاستیدا ئێمیلی هەرگیز نەیدەزانی سێ کامێرا لەوێ ئامادەبوون و ئەو ڕووداوەیان تۆماردەکرد، ئەوەی تەنیا ئەو دەیویست پیشاندانی پڕۆتستۆیەک بوو لەپێشدەم هەزاران بینەردا، کە بۆ بینینی ئەسپسواری هاتبوون. هەڵبەت ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە دواتر کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت لە بزووتنەوەی خەباتی ژنان.[2]
کەواتە کامێرا چیە؟ پەیوەندیی کامێرا و مێژوو، کامێرا و ئەخلاق چییە؟ هەڵبەت لێرەوە گەر بگەڕێینەوە سەر کۆرسەکانی (ڕامین جهانبەگلو) دەربارەی پەیوەندی ئەخلاق و سینەما ئەوا ئێمە لێرەدا بەدوای ئەوەوەین کە ئایە کامێرا و سینەما چۆن دەتوانن پرسیاری ئەخلاقی بخەنەڕوو. ماهیەتی کامێرا چۆن دەتوانێت پرسیارە ئەخلاقییەکان دروست بکات؟
مێکاس پێیوابوو چیتر مرۆڤ ناتوانێت بە نوسین شۆڕش بکات، گەر بڕیارە شۆڕشێک ڕووبدات، ئەوا دەست بدەنە کامێراکانتان. هەوڵی گەورەی مێکاس ئەوەبوو کامێرا بدەینە مرۆڤەکان، لە ماڵەکانیان، لە سوپا، لە زیندان و خۆپیشاندانەکان فیلمبگرن. چونکە تەنیا کامێراکانی دەستتانە، هەقیقەتی ژیانتان پیشان دەدات.
وەک ڕستە بەناوبانگەکەی گۆدار: ئەگەر فۆتۆگراف هەقیقەتێک بێت، ئەوا سینەما بیستوچوار هەقیقەتە لە چرکەیەکدا. ئەم بیستوچوار هەقیقەتە لە چرکەیەکدا، نیشتیمانی مێکاس بوو.
هۆی وەرگێڕانی چەند بابەتێک تایبەت بە مێکاس و سینەماکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ساتی مردنی مێکاس. مەرگی کەسێک (بۆدلێر) گووتەنی؛ بهخوێنی خۆی دهنوسێت…ئهوا منیش لهو بڕوایهدام كه میكاس بە خوێنی خۆی فیلمی دروستدەکرد. بەڵام وەک هەر شتێکی تر، بێدەنگ مەرگی بەلاماندا تێپەڕی.
مەرگی مێکاس دەرفەتێک بوو بۆ خۆم (لانیکەم) دووبارە و بە چاوێکی تر تەماشای فیلمەکانی بکەمەوە. وەرگێڕانەکان لە ئەشقێکی تایبەتییەوەن بۆ سینەمای مێکاس، ئەشقێکی سینەفیلیایی. ئەم کورتە نووسینە، جۆرێک لە کاری مێکاسییانەیە لە وشەدا، ڕووداوە جیاجیاکان، پارچەکانی مێژوو لێرە و لەوێ و دواتر گەڕانەوە بۆ: سینەما.
گەر ڕێگه بەخۆمان بدەین و وشەکانی گۆدار قەرز بکەین:”دەبێت هەموومان مێکاسێک لە ناخماندا دروست بکەین.”
چهند نمونهیهك له فیلمی یۆناس میكاس – فیلمی ونبون
پهراوێزهكان
[1]دێڕە شیعرێکی ئەلێکساندەر بلوک:
کچێک/ لە سروودخوێندنی کڵێسادا
بۆ هەموو ماندووەکان لە سەر زەمینەکانی تر
بۆ هەموو کەشتییە ڕۆیشتووەکانی کەنار دەریا
بۆ هەموو دڵخۆشییە لەیادچووەکان
سروود دەخوێنێت…
[2] Cahiers du cinema, volume 4, 1973-1978 History, Ideology, Cultural Struggle. Edited by David Wilson, p191.