کوشتنی بەکر عەلی و لۆرکای شاعیر !

Loading

(ڕوونکردنەوەیەک  بۆ ئازیزانمان)

چەند دۆستێکی ئازیز  ڕەخنەیان لێگرتووین سوپاسی ڕەخنەکەیان دەکەین، سوپاسی ئاگادارکردنەوەی ئەوان دەکەین؛  ڕەخنەکە ئاگادارمان دەکاتەوە کەنەکەوینە داوی پۆپۆلیستی میدیایی، بەتایبەت لەوەی ژمارەی سپاردن نەدراوەتە ئەو کتێبەی کەلەسەر بەکر عەلی دەرکراوە و شیعرەکانیشی لەخۆ گرتووە!

دیارە لەڕووبەری گۆڤارەکەمان ئامادەکاری کتێبەکە کاکە فەریدون عارف خۆی باس لەم مەسەلەیە دەکات و دەدوێت و خوێنەر دەتوانیت بیخوێنێەوە. ئەوەی تایبەتە بەکولتور مەگەزین  لەمەسەلەی کتێبەکەی بەکرعەلی شاعیردا حەزدەکەین  گۆشەنیگای  خۆمان بۆ ئەو ئازیزانەمان ڕوونبکەینەوە، بەوەی کاری گۆڤاری کولتوری (کولتور مەگەزین ) و دژ پاتاڵیزم و بازاڕیزم ئەمەی خوارەوەیە لەکەیسی بەکر عەلی شاعیردا ؛

یەکەم:  دیارە حونجەتی پێنەدانی ژمارەی سپاردن بەو کتێبە  موجامەلەیەکی حزبی و سیاسەتێکی  ناجۆری ئەقڵیەتی حزبیە کەوڵاتێ بەرەو بێ کولتوری و قەیران بردووە. مەسەلەکە  ئەوەیە  بە(پێی ئامادەکاری کتێبەکە) لەکتێبەکەدا باس لەکوشتنەکەی بەکر عەلی  کراوە لەزمانحاڵی شاهیدەکانەوە.

پاڕیزگاری ئەوسا (سالار عەزیز)  و ئاسایشەکانی لەم مەسەلەیەدا دەستیان هەبووە، ئەوە دەبێت دادگا یەکلایبکاتەوە، بەڵام کوا کەیسەکەی و کوا دادوەری گشتی؟!  کوا یەکێتی نوسەران  کەدەیێت ئەو بەو کارە هەستێت؟

دیارە دەبێت ئەوەمان لەیادبێت کە ئەقڵیەتی حزبی لەم مەسەلەیەدا گەمەدەکات،  (سالار عەزیز )کاتی خۆی یەکێتی بووە کە پاڕیزگاری سلێمانی بووە و دوایی بۆتە هەڵسواڕاوی دیاری گۆران و ئێستاش گۆڕانێکی دانیشتوو و یەکێتیەکی بێدەنگ  و لەسەر یەکێتی بۆتەوە بەماڵ!  لەبەر ئەوە موجامەلەکردنی  لەوەی ناوی بەکر عەلی شاعیر و دیوانەکەی کوشتنەکەی لەهەموو لایەنێکەوە خەفە بکرێت، لەلایەن هاوڕێ بەدەسەڵاتەکانیەوە  پشتگیری ئیداری و سیاسی لێدەکرێت. ئەوەی کەوتووە لەوناوە تەرمی شاعیرێکی گەنجە کەبۆ مافی کۆمەڵێک هەژار چووە سەرجادەو بێکەس کوژیان کرد!  ئەمە کڕۆکی مەسەلەکەیە وەک سیاسەتی ڕیالستی.

دووهەم ؛ کاتێک باسی وێنەی مانگە شەو دەکەین لەشیعری (فیدریکۆ گارسیا لۆرکا) یەکسەر باسکردنی کوشتنی

لەڕاستەوە؛ فدریکۆ گارسیا لۆرکاو بەکر عەلی شاعیر / هەردووکیان لەلایەن دیکتاتۆریەتەوە تیرۆرکران!
لەڕاستەوە؛ فدریکۆ گارسیا لۆرکاو بەکر عەلی شاعیر / هەردووکیان لەلایەن دیکتاتۆریەتەوە تیرۆرکران!

لۆرکا دێتە بەرچاومان، چونکە کوشتنەکەی لەلایەن پیاوەکانی دیکتاتۆرێکی وەک فرانکۆ  بوو ، لەشەویکی مانگەشەودا. بەهەمان شێوەش لەگەڵ باسکردنی دیوانی (بەکر عەلی شاعیر) دەبێت باسی کوشتنەکەی بکرێت . ئاوەها شاعیر و کوشتنەکەی دووبابەتن لێکدی جوادا نابنەوە، چەندەها کتێب لەمەڕ شاعیر و مردنەکەی و نوسەر مردنەکەی بوونیان هەیە !

ئەوانەی لۆرکایان کوشت فاشیزمی (فرانکۆ)  بوون لەئیسپانیا، لەشەوێکی مانگە شەودا لەماڵەکەی دەریدەهێنن و دەڵێن؛ بڕۆ و ئاوڕمەدەرەوە، لەنێو کیڵگەیەکدا دەیکوژن…شاعیرەکەی ئێمەش مرۆڤیکی سادەو هەژار و دەنگێکی ناڕەزا بوو لەدژی ستەم ، دوایدەکەون و دەیکوژن! وەک لۆرکا بەجیدەهێڵن، بۆ مردنێکی تەنیا.

هەردوو شاعیر لەگەڵ دیوانەکەیاندا دەکوژرێن و لەسەر شاعیربوون دەکوژرێن، چونکە ئەرکێکی گەورەی شیعر بەرگریکردنە لەجوانی لەدژی ناشرینی.

بکوژەکانی (بەکر عەلی شاعیر) هێشتا ماوون و دادگاینەکراون و گەر یاسا  ئەمە نەکات ئەوا  دەبێت ئەدەب  و کولتور حوکمی ئەخلاقی خۆی بەسەردا بدات، ئەمەش کەمترینی شتە کەکولتور دەبێت بیکات.

بەڕێزینە ئەمە کۆنتێکستی کولتور مەگەزینە !