میكاسله‌سه‌ر دره‌خت

گفتوگۆی ئالان ئێلکان لەگەڵ یۆناس مێکاس


Loading

 لە ڕۆژێکی باراناویی مانگی ئەپرێڵ، لە باڕێکی بچووک بە تەنیشت ئەنتۆلۆجیای ئەرشیفەکانی سینەما، دامەزراوەیەک کە خۆی بنیاتی نابوو و ساڵانێکی زۆریشە بەڕێوەی دەبات، یۆناس مێکاس[1]م بینی. باڵەخانەی  ئەنتۆلۆجیای ئەرشیفەکانی سینەما دەکەوێت سووچی شەقامی ژمارە دوو و ڕێگای ژمارە دوو. لە ساڵی ١٩٧٩ کڕدرا و دووبارە نۆژەنکرایەوە، لە ساڵی ١٩٨٩ کرایەوە و بوو بە مەککەی هونەرمەندە ئاڤان-گاردەکان و کۆگایەکی سەربەخۆ بۆ پیشاندانی فیلمە کلاسیکییەکان. مێکاس لە سووچێکی باڕەکە دانیشتووە، دەم بە خەندە و زۆریش بە نەشئەیە و پەرداخێک شەرابی لەبەردەمدایە.

گووتی: “خەڵک بە گشتی، لە جیاوازی نێوان کەمپی کاری زۆرەملێ و کەمپی بەکۆمەڵ تێناگەن، ئەم دووانە تەواو جیاوازن. کەمپی بەکۆمەڵ بۆ جووەکان و بەندییە سیاسییەکان بوون، بەڵام کەمپی کاری زۆرەملێ بۆ ئەو کرێکارانە بوون کە لە هەموو وڵاتە ئەورووپاییەکانەوە هێنرابوون بۆ ئەڵمانیا تاوه‌كو مەکینەی جەنگیی ئەڵمانیا بەردەوامی پێ بدەن. من لیتوانیم، لە کەمپی کاری زۆرەملێدا بووم کە کاری زۆر سەختمان دەکرد. من پڕۆتستانت بووم، دایک و باوکم لە پڕۆتستانی بەشی باکووری لیتوانیا بوون. لە لیتوانیا له‌سه‌دا نه‌وه‌د و نۆی  خەڵک کاسۆلیکن بەڵام چەند خێزانێکی کەم له‌سه‌دا یه‌ك  پڕۆتستانت بوون.”

پرسیار: لە تاراوگەدا پێنج ساڵت لە کەمپی کاری زۆرەملێدا بەسەر برد، چۆن بوو توانیت لەوێ بێیتە دەرێ؟

یۆناس مێکاس: بەڵێ، هاوشێوەی ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە ئەورووپا و ئاسیا، هەموومان لە لایەن U.N ـەوە پارێزگاریمان لێکرا.

پرسیار: بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە تاراوگەدا، لەگەڵ ئەدۆڵفسی برات لەو کەمپی کاری زۆرەملێیانەدا، چێتان دەکرد؟

 

یۆناس مێکاس: لەوێ ماینەوە لەبەر ئەوەی نەماندەتوانی بگەڕێینەوە بۆ لیتوانیا، کە یەکێتی سۆڤیەت داگیری کردبوو. هەموو ڕووسەکانی ناو کەمپ دوای جەنگ زۆریان لێ کرا ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ یەکێتی سۆڤییەت. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٤٩ لە ئەڵمانیا سەرەتا لە هامبۆرگ بووم، دواتر ڤیسبادن و کاسل.

پرسیار: لەو سەردەمەدا هیچ هەستێکت بۆ سینەما هەبوو؟

یۆناس مێکاس: بەڵێ، سیناریۆم دەنوسی، دەستوپەنجەم لەگەڵی نەرمدەکرد. دەمویست فیلم دروست بکەم.

میكاس له‌گه‌ڵ براكه‌ی له‌ نیویۆرك ١٩٥١

پرسیار: ئەی چۆن هاتی بۆ ئەمریکا؟

 

یۆناس مێکاس: نەمدەویست بێم بۆ ئەمریکا، دەمویست کار بکەم. دەبوایە هەموو شتێک بکەین تا لە کەمپ ڕزگارمان بێت، دواتر من و براکەم کارێکمان لە سەر کەشتییەک دۆزییەوە و خۆمان ناونوسکرد. بەڵام بەرلەوەی دەست بە کار بکەین کەسێک لە شیکاگۆ پەیدا بوو کارێکی بۆ دۆزینەوە لە سەموونخانەیەکدا و هەموو کارەکانی ڕێکخست و بلیت ئامادە بوو و بە کەشتی بچین بۆ نیویۆرک و دواتر بە شەمەندەفەر بۆ شیکاگۆ. کاتێک گەیشتینە نیویۆرک بڕیارماندا لە ویلیمسبەرگ بمێنینەوە، چونکە هاوڕێیەکمان هەبوو، دەمانتوانی بەرلەوەی شوێنێک بۆ مانەوەی خۆمان بدۆزینەوە، لای ئەو بمێنیننەوە. ئەم بەسەرهاتەم لە کتێبێکمدا بە ناوی: “هیچ جێیەک نەبوو بۆی بڕۆم.” باسکردووە.

پرسیار: کەی بوو دەستت کرد بە کار لەناو سینەمادا؟

یۆناس مێکاس: سینەما لەگەڵ تەماشاکردنی فیلمەکان دەستپێدەکات. ئێمە دەچووین بۆ مۆزەخانەی مۆدێرنی هونەر و سینەما کە فیلمی نا-بازرگانییان نمایش دەکرد. ئێمە فیلمە نا-بازرگانییەکانی ژان ئێپستین، کابینەکەی دکتۆر کالیگاری[2] و زۆر فیلمی بێدەنگی تر، فیلمە ئاڤان-گاردە ئەڵمانی و فەڕەنسییەکانی هانس ڕیختەر[3]، فێرناند لێگەر[4] و مارسێک دووشامپ[5]مان تەماشا کرد.

پرسیار: ئەی دواتر؟

یۆناس مێکاس: دواتر کامێرایەکمان کڕی. من و براکەم گەنجترینی ناو خێزانەکەمان بووین، زۆر نزیک بووین لەگەڵ یەک، ئەویش حەزی بە سینەما دەکرد. دەستمانکرد بە فیلمگرتن… فیلمگرتن… فیلمگرتن…[6] لە شەقامەکانی ویلیامسبەرگ، فیلمی شەقام و خەڵکمان دەگرت. ئەو کات سەروەختی کۆچی لیتوانییەکان بوو و ئێمەش فیلمی دۆکیۆمێنتەریی زۆرمان لە ژیانی کۆچبەرە لیتوانییەکان گرت. پاشان دەستم بە نوسین کرد بۆ گۆڤاری بوولێتن، کە گۆڤارێکی مانگانە بوو لەسەر هونەر. پاشان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٥٦، لەگەڵ براکەم گۆڤاری سینەما کولتورمان دەرکرد و لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥٨ دەستم کرد بە نووسین بۆ ڤیڵەج ڤۆیس.

پرسیار: تۆ بە شێوەیەکی زۆر جیاواز وتاری ڕەخنەی سینەماییت دەنوسی.

یۆناس مێکاس: بەڵێ، من تەنیا کەسێک بووم لە بارەی ئاڤان-گارد، شەپۆلی نوێ[7][ـی فەڕەنسی]، سینەمای نوێی ئیتاڵیاوە دەمنوسی.

پرسیار: ئەی فیلمەکانت چی؟

یۆناس مێکاس: یەکەم فیلمم لە ساڵی ١٩٥١ تەواو کرد و دواتر لە فیستڤاڵی پۆرێتا تێرمی لە ئیتاڵیا نمایشکرا. ناونیشانی فیلمەکە “Guns of the Trees” بوو. یەکێک لە بینەرەکانم ئەلبێرتۆ مۆراڤیا بوو کە زۆری بە دڵ بوو. دواتر زۆر سەرقاڵبووم، بۆ ڤیڵەج فۆیسم دەنوسی، فیلمم مۆنتاژ دەکرد. گۆڤاری   سینەما کولتور و هەموو ڕۆژێک فیلمگرتن. ژیانم ئاڵۆزتر بووبوو چونکە لە ساڵی ١٩٥٩ گروپی سینەمای نوێی ئەمریکام لەگەڵ نزیکەی سی کەس دامەزراند، لە ساڵی ١٩٦١ـیشدا فیلم-مەیکەر کووپۆراتیڤم دامەزراند. چووین بۆ فیستیڤاڵی دی دوێ مۆندی لە سپۆلێتۆ، یەکەم فیستیڤاڵی سینەمای ئەمریکیی سەربەخۆ.

پرسیار: دەرهێنەرەکانی ئەو کاتە کێ بوون؟

یۆناس مێکاس: جۆن کاساڤێتیس، لیۆنێل رۆگسین، ڕۆبێرت فرانک، گریگۆری مارکۆپۆلۆس، جێرۆمی هێڵ، من و چەند کەسێکی تر. گەشتێکی فراوانی نمایشی فیلمەکانمان کرد، بۆ تۆرینۆ و ڕۆما. لە ڕۆما  پازۆلینی بۆ بینینی هەموو فیلمەکان دەهات.

پرسیار: کام لە دەرهێنەرەکان دەرهێنەری دڵخوازی تۆ بوون؟

یۆناس مێکاس: زۆر دەرهێنەر، ناتوانم پرسیارێکی وا وەڵام بدەمەوە، ناتوانم خۆم سنووردار بکەم بۆ چەند دانەیەکی باش. لە وڵاتانی جیاواز، ستایلی جیاواز، فۆڕم و ژانری جیاواز. ئەنتۆنیۆنۆی، ڕۆسۆلینیم بینی، فیلینی هات بۆ سینەماتیکی نیویۆرک و من لەگەڵیدا بووم. ئەوم برد بۆ دورگەی کۆنی و هاڕلێم. لەگەڵ ڕۆسۆلینی زۆر یەکمان دەدی. بەلایەوە زۆر گرنگ بوو بە بودجەیەکی کەم لە بەرهەمهێنان[ـی فیلمدا] کار بکات. بەڵام ژان-لوک گۆدار دەرهێنەرێک نەبوو کە من حەزم پێی بێت. حەزم لە فیلمی تەنگەنەفەسی[8] بوو، فیلمی پراڤدا[9]ی ڕەنگە خۆشەویسترین فیلمی ئەو بێت لای من، دواتر ئەو زۆر لەخۆبایی بوو و دەستی دایە سیاسەت. مایکلئەنجیلۆ ئەنتۆنیۆنی کەسێکی میهرەبان و ڕاستگۆ بوو، بەڕاستی زۆرم حەز لە فیلمەکانییەتی وەکو: شەو[10] و سەرکێشی[11].

پرسیار: ئەی فیلمە ئەمریکییەکان چی؟

یۆناس مێکاس: مێژوویەکی گەورەی هەیە، بەڵام من نووسینەکانم بۆ سینەمای سەربەخۆ[12] تەرخان کردبوو. لە سەرەتادا لەبارەی شەپۆلی نوێوە دەمنوسی بەڵام دواتر بە تەواوی خۆم بۆ سینەمای سەربەخۆ تەرخانکرد. هەزار گۆڤار هەبوون کە دەربارەی سینەمای بازرگانییەوە دەیاننووسی، بەڵام ڤیڵەج ڤۆیس یەکەم گۆڤار بوو لە دنیادا کە لەبارەی سینەمای ئاڤان-گارد و سینەمای سەربەخۆوە دەینووسی. سینەما وەک درەختێکی گەورە وایە کە چەندین لقی هەبێ و هەندێک لقی بە تەواوی لەبیر کرابێت، تەنانەت ئەمڕۆش، ئەمڕۆ بەهۆی ئینتەرنێتەوە هەموو فۆڕمەکانی سینەما هەمان دەرفەتی ناسین و بینینیان هەیە.

دالی وه‌ك سور‌یالیه‌كی یاخی – كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان

پرسیار: هاوڕێی سیلڤادۆر دالی بوویت؟

یۆناس مێکاس: لە ساڵی ١٩٦٢، ٦٣، ٦٤… پێکەوە کارمان دەکرد. ئەو لە شەقامەکان، لە ماڵەوە خەریکی “شانۆی ڕووداو” بوو و منیش فیلمیم دەگرت. هەمیشە حەزم بە کارەکانی سلڤادۆر دالی کردووە، ئەو هونەرمەندێکی زۆر گرنگە و کەسێکە زۆر خۆشیشە لەگەڵیدا بی، سوعبەتچی بوو و لەگەڵ ئەوەشدا ئەکتەرێکی مەزن بوو، هەمیشە لە ڕۆڵی دەگێرا لە ژیاندا.

پرسیار: حەزت بە چی جۆرە سینەمایەکە؟

یۆناس مێکاس: هەموو فیلمەکان، هەموو ئەنتۆلۆجییەکان، ئێمە هەموو فیلمەکان لە ئەنتۆلۆجیای ئەرشیفەکانی سینەما دەپارێزین. ئەم دامەزراوەیە هی کەس نییە، ڕاستە من دروستم کرد، بەڵام بۆ هەموو کەسێکە، هەموو ڕۆژێک بە ڕووی خەڵکدا کراوەتەوە، هەمیشەش دوو هۆڵی شانۆ کراوەیە.

پرسیار: ئایە نیویۆک شوێنێکی تایبەتە بۆ سینەما؟

یۆناس مێکاس: لە ویلایەتە یەکگرتووەکان قەرەباڵغترین شوێنە بۆ هونەر. نیویۆرک تایبەت بووە بە هەموو فۆڕمەکانی سینەما، نەک تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی سینەمای بازرگارنی.

پرسیار: لەو کاتەوەی تۆ هاتیتە ناو سینەما، سینەما گۆڕانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییەوە؟

یۆناس مێکاس: سینەما لەگەڵ تێکنۆلۆجی پەیدابوو. وێنەی جووڵاو دەگۆڕێت، هیچ بڕیارێک لەسەر گۆڕانەکان نادەم، تەنیا دەگۆڕێت. ئێستا ئێمە تێکنۆلۆجی دیجیتاڵمان هەیە و هەر تێکنۆلۆجییەک کۆنسێپتی خۆی هەیە. چی شتێک هەیە بتوانیت بە ڤیدیۆ[کامێرای مۆبایلە زیرەکەکان] بیکەیت و بە کامێراکانی تر نەیکەیت، ئێستا شتەکە شەخسی بۆتەوە، هەموو ئەو شتانەی لە وێبسایتەکان یاخود لە یوتووب دەیبینی. من تەنیا فیلمی ژیانی دەورووبەرم دەگرم، من بە کامێراکەم یادداشتی ڕۆژانە دەنووسم.

پرسیار: کتێبیش دەنوسی؟

یۆناس مێکاس: زۆرم نووسیوە. زیاتر بە زمانی ئینگلیزی دەنووسم، بەڵام کتێب نانوسم، تەنیا پارچەکان دەنوسم، من ڕۆماننووس نیم. کتێبەکانم زۆربەیان کۆکراوەی نووسینەکانمن لەبارەی هونەر و سینەما.

پرسیار: بەڵام فیلمەکانت لەکوێن؟

یۆناس مێکاس: من نزیکەی ١٠٠ فیلم و ٥٠٠ ڤیدیۆم دروستکردووە و ئێستا هەموویان لە ئەنتۆلۆجیای ئەرشیفەکانی سینەمادا هەن. لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا هەموو ڕۆژێک فیلمم دەگرت. ئەو ساڵە ٣٦٥ کورتە فیلمم دروستکرد. ئەوە پڕۆژەیەکی تایبەت بوو، کە دەتوانی لە وێبسایتەکەم[13] تەماشایان بکەیت. من تەنیا فیلم و ڤیدیۆ ناگرم، بەڵکو دامەزراوەش دادەمەزرێنم، بۆ نموونە بەم دواییە لە برێسیا لە گەلەریی ئا پالازۆ پێشەنگایەکم کردەوە لە جانیوەرییەوە بۆ کۆتایی مارچ، هەروەها پێش ئەوەش لە ڤینیسیا بوو لەوانەشە بچێت بۆ ناپۆلی. لە پیشەنگاکە ٣٢ تابلۆی شووشەی لێیە وێنەی فیلمەکانمی لە سەر چاپکراون، هەروەها سێ ژووری لێیە کە هەر یەکەیان زنجیرەیەک وێنەی جیاوازی لێیە کە لە وێبسایتەکەمەوە وەرگیراون.

پرسیار: ئەدۆڵفی برات چیی کرد؟

یۆناس مێکاس: پێنج فیلمی دروستکرد. یەکیان بە ناوی “[14]Hallelujah the Hills”  کە زۆر ناسرا و لە فیستیڤاڵی کان نمایش کرا. دواتر بوو بە مامۆستا و بەشێکی زۆر گرنگی سینەمای کردەوە لە کۆلێجی بارد. بەداخەوە پێنج ساڵ لەمەوبەر گیانی لەدەست دا.

پرسیار: ئایە زەماوەندت کردووە، منداڵت هەیە؟

یۆناس مێکاس: کچێکم هەیە بە ناوی ئۆنا. ئەکتەر و و لە لۆس ئەنجلس کاری فیلم دروستکردن دەکات. کوڕێکیشم هەیە بە ناوی سباستیان، لەگەڵ ئێمە دەژی و بیرکاریی تەواو کردووە و ئێستا زمانەوانی دەخوێنێت. خێزانەکەشم فۆتۆگرافەرێکی زۆر باشە.

 

پرسیار: لە تەمەنی نەوەدوسێ ساڵیش هێشتا خەریکی لەگەڵ سینەما؟

یۆناس مێکاس: من بەهۆی سینەماوە هەم، نازانم بۆچی، وا دیارە فریشتەکانی ئاسمان بڕیاریان لەسەر داوە. من بڕوام بە فریشتەی ئیلهام هەیە، سیستەمێکی گریکی، دەتخەنە ناوەوە و تۆش ناتوانی لێی ڕزگار بیت. ئیلهامی سینەما منی زیندوو ڕاگرتووە و ناشتوانم ئەمە لە خۆم دوورخەمەوە.

 

پرسیار: دەربارەی هونەرەکانی تر چی؟

یۆناس مێکاس: سەرەتا لەگەڵ براکەمدا لە لیتوانیا خەریکی کاری شانۆیی بووین، لە شارە بچووکەکەمان شانۆیەکمان ڕیکخست و براکەم لەگەڵی بەردەوام بوو، هەروەها وەک ئەکتەریش ڕۆڵی دەگێڕا، بەڵام من نا.

یۆناس میكاس ١٩٢٢- ٢٠١٩
Jonas Mekas (24 December 1922 – 23 January 2019)

 

پرسیار: هیچ کات کاریگەر بوویت بە هونەری پۆپ یاخود موزیکی پۆپ؟

یۆناس مێکا: تەواو بەپێچەوانەوە، من یارمەتی گروپی ڤێلڤێت ئەندێرگراوند[15]م دا تا دروست ببن. پڕۆڤەکانیان لە فیلم-مەیکەر سینەماتیک و هەورەبانەکەی مندا دەکرد، هەروەها هەورەبانەکەشم قوتابخانەی سینەمای ئاندی وارهۆڵ[16] بوو، من کاریگەر نەبووم پێی بەڵام یارمەتیدەر بووم لە دروستبوونیدا.

 

پرسیار: چۆن بووی بە هاوڕێی جۆن لێنن[17]؟

یۆناس مێکاس: لە ساڵی ١٩٧١ جۆن لێننم لە ڕێی یۆکۆ ۆنۆ[18] ناسی، لە ساڵی ١٩٦٦ من یۆکۆم ناسی و دواتر کاتێک ویستی بێت بۆ نیویۆرک، کارێکم لە  گۆڤاری سینەما کولتور بۆ دۆزییەوە و دەیتوانی ژیانی لە نیویۆرک بە باشی بەڕێ بکات، ئێمە هێشتاش هاوڕێین. پێموایە ئەو هونەرمەندێکی گەورەیە. هەروەها پێموایە وارهۆڵیش گرنگ بوو، یەکێک لە گرنگترین دەرهێنەرانی سەردەمەکە.

 

پرسیار: ئێستا لە چی جیهانێکدا دەژین؟

یۆناس مێکاس: ئێمە لە سەردەمی گواستنەوەی شارستانیەتەکەماندا دەژین. دەکرێ وەک ئەو وەسفەی لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە، بە بورجی بابل بەراوردی بکەین. کەس لەوی دی تێناگات، کەس نایەوێت هاوبەشی ئەوی دی بێت. زۆر کەم بیر لە خودا دەکەینەوە و کەم خودا دەناسین، خودامان بیرچۆتەوە. ئێمە چیتر دوای یەک دانەش لە دە فەرمانەکە ناکەوین. ئێمە زەویەکەمان لەناو دەبەین. ئینکاس و ئازتس زەویەکەیان لەناو برد و کاتێکیش نیشتیمانەکەیان وێران کرد چوون بۆ نیشتیمانێکی تر. بەڵام کاتێک ئێمە زەویەکەمان لەناوبرد ئیتر زەوییەکی ترمان نییە بۆی بچین. هەموو ئەو کارەساتانەی ئەمڕۆ ڕوو دەدەن خۆمان بەسەر خۆمانماندا هێناوە، بۆیە ناتوانین گلەیی بکەین. بەڵام لەهەر حالێکدا بێ زەوی دەمێنێتەوە. من تەنیا قسەکانی جاکۆب بۆهمێ دووبارە دەکەمەوە کە لە سەدەی شازدە نوسیوویەتی. هەموو کەس پیویستە دووبارە ئەو بخوێنێتەوە، هەروەها نوسینەکانی سۆفیی گەورە ئیبن عەرەبی بخوێندرێنەوە.

 

 

پرسیار: هیچ نۆستالۆجیایەکت بۆ ئەورووپا هەیە؟ هێشتا وەک کەسێک لە مەنفا خۆت دەبینی؟

یۆناس مێکاس: ئێستا من خودی خۆم تاراوگە دەکەم ئەوەندەی بتوانم. واتای ئەوەی شوێن چییە لە ژیانی مندا گۆڕاوە، ئەمڕۆ شوێن بۆ من تەنیا سنوورێکی جوگرافیا نییە. من لە چەند جێیەکی ڕوحانیی جیاواز دەژیم و ئەوانەش وەک جێیەکانی تر واقیعن، تەنانەت دەتوانم بڵێم واقیعتریشن لە شوێنێکی جوگرافی. هێند شوێنی جۆراوجۆر و ڕوحانی هەیە، کە من هەوڵ دەدەم کاتیان لەگەڵ بەسەر ببەم. بۆیە دەتوانم چارەنووسی خۆم ببەمە پێش.

پرسیار: ئایە تۆ کەسێکی ئایینیت؟

یۆناس مێکاس: من بڕوام بە ژیانی ڕوحانی هەیە، کە زۆر ئاڵۆزە و پێناسە ناکرێت، خۆشم هەرگیز ناتوانم بە تەواوی تێی بگەم. بەڵام هەوڵ دەدەم، ئەوە تەنیا شتێکە لە دەستم بێت.

 

پرسیار: دەمارگیریی دەتترسێنێت؟

یۆناس مێکاس: دەمارگیری و دۆگماتیکی ئایینی یەکێکە لە تراژیدیا و هەڵەکانی مرۆڤ.

 

پرسیار: پلانەکانت چین؟

یۆناس مێکاس: هەرگیز پلان بۆ ژیانم دانانێم، بەڵام پلانم هەیە بۆ ئەنتۆلۆجیای ئەرشیفەکانی سینەما کە دەتوانین لەوێ فیلم بپارێزین و نمایشی بکەین. ئێستا پلانی ئەوەم هەیە لە هەمان باڵەخانە، لە کۆتا نهۆم کتێبخانەیەک بکەمەوە، ئەمە کاری سێ ساڵی داهاتووم دەبێت.

پرسیار: دەگەڕێیتەوە بۆ لیتوانیا؟

یۆناس مێکاس: هەموو سێ-چوار ساڵێک دەگەڕێمەوە. هێشتا وڵاتی منە، زمانی منە. لە لیتوانیا من وەک شاعیر ناسراوم، نەک دەرهێنەر.

 

 

  • سه‌رچاوه‌: به‌سته‌ری خواره‌وه‌ 

Jonas Mekas

 

 

په‌راوێزه‌كان 

 

[1] Jonas Mekas (24 December 1922 – 23 January 2019)

[2] The Cabinet of Dr. Caligari – Robert Wiene (1920)

[3] Hans Richter

[4] Fernand Leger

[5] Marcel Duchamp

[6] Filming

[7] Nouvelle Vague

[8] Breathless – 1959

[9] Pravda

[10] La Notte – 1961

[11] L’Avventura – 1960

[12] Independent cinema

[13]  https://jonasmekas.com/diary/

[14] https://vimeo.com/2531164

[15] The Velvet Underground

[16] Andy Warhol

[17] John Lennon

[18] Yoko Ono

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.