فرانسیس به‌یكن؛ دوو فیگور له‌گه‌ڵ مه‌یمونێكدا Francis Bacon’s ‘Two Figures with a Monkey’ -1973

هایدیگەر و زەمەنی ئاژەڵەمرۆییەکان


Loading

هیومانیزم، ماسکێک لەدڕندەییەوە بۆ ژێرزەمینەکانی کولتور

بەشی دووهەم 

ئیسماعیل حەمەئەمین 

 

هایدیگەر و زەمەنی ئاژەڵەمرۆییەکان

هایدیگەر لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە نامەیەک دەنووسێت بۆ خوێنەرێکی نادیار دەربارەی هیومانیزم، لەو نامەیەدا لە١٩٤٦دا نووسیویەتی، ئیشکالیەتی هیومانیزم تاتوێدەکات، لەوانەیە گرنترین خاڵ لەم نامەیەدا هەستیپێبکەین، ئەو ڕەشبینییە گەورەیە، ئەو سکێپتیزمەیە بەرامبەر بەچەمکی هیومانیزم، ئەم نامەیەی دوای نووسینی کتێبە بەناوبانگەکەی (بوون و زەمەن) نوسیوە، دەستەواژە سکێپتیزمەکەی (ڕەشبین) ئەوەیە کە (ئەم وشەیە هیومانیزم، مانای خۆی ونکردووە. ه.س.پ ل٢٢) مانای هیومانیزم بەڕای هایدیگەر زیاتر لەدوو هەزار ساڵە، لە فەلسەفەی یۆنانیەوە بیگرە تاوەکو کریستوم و مەسیحیەت و تادەگاتە ئەوەی فۆرمی ڕۆشنگەری، وەک فۆرمێکی بێ بیرکردنەوەی دووهەزار ساڵە خۆی نمایشکردووە. هایدیگەر پێیوایە هیومانیزم مانای (دووهەزار ساڵی بیرنەکردنەوە)، لەکتێبەکە گرنگەکەیدا وەها سەیری هیومانیزمی کردووە کە تێزیکە پێویستە بەجۆرێکی تر بیری لێبکرێتەوە، هایدیگەر وەک لەزنجیرە بیرکردنەوەکانی سلۆتەردایکەوە لێی نێزیک دەبینەوە، بڕوای وەهایە کە دەبێت بیرکردنەوە لەهیومانیزم لەو چرکەساتەوە دەستپێبکات، کە خۆی لەمیتافیزیکیەتی ئەوروپایی قوتاردەکات، بڕوای وەهایە مرۆڤ ئاژەڵێکی ئەقڵانیە، مرۆڤ ئاژەڵێکە خاوەنی ئەقڵە. هایدیگەر پێیوایە نابێت مرۆڤ لەم چوارچێوە ئاژەڵیە پێناسەبکرێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤ لەچوارچێوەی مرۆڤبووندا پێناسە بکرێت. لەم خاڵەوە هیومانیزم لای هایدیگەر خۆی لەو چەمکە تەقلیدیە دەپارێزیت کە مرۆڤ وەک (ئاژەڵێکی ئاقڵ) پێناسە دەکات، ئەم گۆشەنیگا میتافیزیکیە، ئەقڵ دەکاتە پێوانە بۆ جیاکردنەوەی ئاژەڵ لەمرۆڤەکان، بەم پێیەش فەلسەفەی یۆنانی تەقلیدی و تەنانەت مەسیحیەت لەوبڕوایەدا بوون کە دەبێت لەڕێگەی بەهێزکردنی ئەقڵەوە، مرۆڤ مرۆڤبوونی خۆی دەدۆزێتەوە، لەبەرئەوە مەسیحیەت کاری ئەوەبوو لەڕێگەی ئەقڵانیەتی ئاینیەوە مرۆڤ ئەقڵی خۆی وەگەڕ بخات بێگومان بۆ دۆزینەوەی ڕۆحی باڵای مرۆیی لەخۆیدا، بەمەش مرۆڤ لەڕێگەی ئەقڵەوە دەگاتە خواوەند و مرۆڤبوونی خۆی دەدۆزێتەوە. بەهەمان شێوەیش (ژان ژاک ڕۆسۆ) دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی مرۆیی و پەروەردەی دروست، کە ئەقڵ تێیدا گەشەدەکات، بڕوای وەهایە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگەی ئەقڵیەوە بەسروشتی خۆی بگات، بگات بەسروشت بەمانا باڵاکەی و خۆی لەئاژەڵبوون بپارێزێت. لێرەوە لەئانتیکاوە تاوەکو ڕۆشنگەری کە درێژبوونەوەی خۆی لەمۆدێرنەدا ڕادەکێشێت، بەڕای هایدیگەر تائەو چرکه‌ساتە لەژێر ئەو کاریگەرییە میتافیزیکیە ترسناکەدا کاری کردووە کە مرۆڤ ئاژەڵێکی ئاقڵە.

 

هایدیگەر پێیوایە مرۆڤ دەبێت لەکاتیگۆری و چوارچێوەی مرۆڤدا پێناسەبکرێت، نەک لەچوارچێوەیەکی ئاژەڵیانەی ئاقڵدا. هایدیگەر پێیوایە ئەوەی (مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ جیهانی تایبەتی خۆی هەیە و لەنێو جیهاندایە، بەڵام ئاژەڵان لەدەورووبەریاندا دەمێننەوە.. ه.س.پ ل٢٥). ئەوەی لەم دەستەواژەیە تێدەگەین ئەوەیە، کە مرۆڤ خاوەنی جیهانی خۆیەتی و (خۆی لەخودی خۆیدا) خاوەنی دنیای تایبەتی خۆیەتی، جیهانێکی تایبەت بەخۆی هەیە و بوونی خۆی لەنێویدا پەرشدەبێتەوە و کۆده‌بێته‌وه‌ و بەردەوام خۆی لەنێو جیهاندا پێناسە دەکاتەوە. لەنێو جیهاندا بوونت هەبێت ئەمە پرسیاری مرۆڤە بەرامبەر بەخۆی پاشان بەرامبەر بەدەرەوەی خۆی، ئەوە خودە، یان چاکتر وایە بڵێین ئەو سوبێکتە کە من لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، من و خودی خۆم لەنێو جیهاندا بوونم هەیە کاتێک خودی خۆم لەنێو جیهانی تایبەتی خۆمدا دەدۆزمەوە، کەواتە بوونی من، کاتێک هەیە کە لێرەبوونی خۆم، دازاینیDasein خۆم دەدۆزمەوە لەڕێگەی سەلماندنی بوونی خۆم لەجیهاندا. من کاتێک بوونم هەیە، کە دەتوانم لەنێو جیهاندابم، کەواتە مەرجی مرۆڤبوونی من لەوکاتەدایە لەنێو جیهاندام و مەحکومم بەجیهان. ئاژەڵەکان بەپێچەوانەی مرۆڤەکان تەنیا لەشوێن و مۆڵگەکانی خۆیاندا وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی خۆیان لەنێو دەورووبەردا دەگونجێنن و دەژین، بەمەرجێک مرۆڤ کاتێک دەژێت کە جیهانی خۆی هەبێت.

 

مارتین هایدگەر لە کوختەکەی خۆی لە تۆتاونبێرگ –
Martin Heidegger 26 September 1889 – 26 May 1976

بەم پێیە مرۆڤ مەحکومە بەجیهان و لەنێو جیهاندایە، بەمەرجێک ئاژەڵان تەنها لەنێو جیهاندا دەژین و خاوەنی جیهان نین، مرۆڤ لە ڕوانگەی هایدیگەرەوە لەنێو جیهاندایە و خاوەنی جیهانی تایبەتی خۆیەتی. خودی خۆت و خۆت لەنێو جیهاندا بوونت هەبێت خاڵی (ئێکسێستێنتالیزمی- وجودی) خودە بەرامبەر دنیا، کەواتە مرۆڤ لەنێو بووندایە، نەک پێناسەیەکی بایۆلۆژییە. ئەوەی ئێمە لەئاژەڵان جیادەکاتەوە ئەوە نییە، ئێمە لەئاژەڵان ئاقڵترین، یان ئێمە ئاژەڵێکی ئاقڵین وەک فەلسەفەی کلاسیک و تەنانەت مۆدێرنەش لەوبڕوایەدا بوو کە بوونمان وەک ئاژەڵێکی ئاقڵ و پەروەردەکردنی ئەو ئەقڵانیەتە مانای گەیشتنمانە بەمەدارەکانی هومانیبوون، بەڵکو بوونی ئێمە لەنێو پێناسەی مرۆڤبوونماندایە. هومانیبوون لەم تێزەی هایدیگەردا پێناسەی مرۆڤە لەنێو چوارچێوەی خۆیدا وەک مرۆڤێک، بەمانای پێناسەی مرۆڤ لەخودی خۆیدا، نەک لەدەرەوەی خۆی، دەرەوەی خۆی مانای بەئاژەڵ بوونتە، ئاژەڵبوون مانای بوونە لەدەرەوەی پێناسەی مرۆڤ، ئەوەی هایدیگەر خەمی لێ دەخوات دووبارە پێناسەکردنەوەی مرۆڤە لەنێو خۆیدا وەک مرۆڤێک لەنێو جیهاندا، مرۆڤ لەنێو جیهاندا بوونی هەیە، نەک تەنها وەک ئاژەڵ لەنێو جیهاندا بژی. مرۆڤ لە لێواری مێژوو نالەوەڕێت، بەڵکو مێژووی بوونی خۆی بەدەستی خۆی دروستدەکات، مرۆڤ جیهان دروستدەکات و لەنێویدا دەژی، لەنێو جیهاندا ژیان بەمانای بوونتە وەک مرۆڤێک لەنێو خودی خۆتدا. بوونی تۆ لەم هاوکێشەیەدا مانای پارێزگاریکردنە لەبوونت وەک ئەوەی هەیەت و وەک ئەوەی بوویت، تۆ وەک مرۆڤ مەحکومیت بەپارێزگاریکردن لەسەر خۆت وەک (شوانکارێکی بوونی خۆت)، وەک پارێزەرێکی بوونی خۆت.

 

ژیانی مرۆڤ وەک شوانکارێکی بوونی خۆی، وەک پارێزەرێکی بوونی خۆی، وەک بوونەوەرێکی وجودی، وەهای لێدەکات تەنها لەچوارچێوەی مرۆڤدا پێناسەی بکەین، مادامەکی مرۆڤ بوونی هەیە کەواتە بوونی ئەو پابەندە بەزمانەوە، زمان بوونی مرۆڤە، زمان ماڵی بوونە، هایدیگەر دەڵێت (زیاتر ئەوەیە کە زمان خانوو و ماڵی بوونە، لەنێو ئەو ماڵەدا مرۆڤ بوونی هەیە، بەوەی هەقیقەتی بوونی خۆیەتی، هەقیقەتی بوونێک کە دەیپارێزیت و تایبەتە بەخۆی.. ه. س. پ. ل٢٦). لێرەوە ئێمە لەبەردەم مرۆڤداین وەک لەنێو زماندا، وەک پارێزەری بوونی خۆی لەپێناسە بایۆلۆجیەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، مرۆڤ لەنێو زماندا بوونی خۆی دەپارێزێت، مرۆڤ دەبێتە ڕامکار و ڕاهێنەر و پارێزەری بوونی خۆی.

 

دڕەندەبوون و پەروەردەکردنی (بوون)

مرۆڤ دەبێت لەگەڵ بوونی خۆیدا هاوڕێ بێت، بەمەش بوون نامە دەنێرێت بۆ جیهان، مرۆڤبوون مانای ڕۆشنکردنەوەی بوونی خۆتە، ئەم ڕۆشنکردنەوە لەفیکری هایدیگەردا، ئەو پڕۆسێسە بەهیومانیبوونەیە کە خودی خۆمان لەدڕندەیی دەپارێزێت، بەمانای ئێمە شوانکاری خۆمانین لەنێو خۆماندا و پارێزەری خۆمانین وەک بوونێک لەنێو خودی خۆمان. مرۆڤ شوان یان دراواسێی بوونی خۆیەتی، لەژیانیدا ڕۆڵی شوانکار دەبینێت. کەواتە بوون نامە دەنێرێت بۆ ئەو دراوسێیانەی وەریدەگرن. هایدیگەر بەم شێوەیە مرۆڤ پێناسەدەکات، کە ڕۆڵی شوانکار و درواسێی بوونی خۆیەتی بۆئەوەی لەدواجاردا مرۆڤبوونی خۆی بدۆزیتەوە. لەم کێشە ئۆنتۆلۆژییەدا بوون پابەندە بەو ڕۆڵی شوانکاریەی خودی مرۆڤ بەرامبەر بەخودی خۆی. لێرەوە خودگەرایی مانای گەڕانی خۆمانە بەدووی بوونی خۆماندا. لەبەر هیچ نا تەنها بۆئەوەی خۆمان لەو بەدڕندەیبوونە بپارێزین، کە لە ئاژەڵان جودامان دەکاتەوە. ئەو ئاژەڵانەی لەجیهاندا چەقبووستن و لەسەر دنیا دەلەوەڕێن، بەمەرجێک ئێمە لەنێو جیهانداین و جیهان دەدۆزینەوە لەنێو بوونی خۆماندا.

هایدیگەر پێیوایە مێژووی ئەوروپا مێژووی گەڕانی سوبێکتە بەدووی ئەو بوونە ئەوروپاییەدا، مێژوویەکە مافی بەخۆی داوە جیهان لەدڕندەیی و وەحشیەکان بپارێزێت، ئەم بیرۆکەیە کە بوونی هیومانی ئەوروپایی، مانای هیومانیزمێکی ئەوروپاییە لەدژی دڕندەکان، چەندها مۆدێلی میلیتاریسزمی بەرهەمێناوە کە لە فاشیەتدا خۆی بەرجەستەکردووە. مۆدێلی بەلشەویەت و فاشیەت و ئەمریکانزم، ئەو سێ مۆدێلەن لەژێر ناوی شوانکاری و پەروەردەکاری بوونی جیهان بۆ ئەوەی شارستەنیەت بەجیهان ببەخشێت، پەنای بردۆتە بەر میلتاریزەکردن و کۆڵۆنیالیزەکردنی دنیاکانی تر بەناوی بڵاوکردنەوەی هیومانیزم، بەوەی هیومانیزم ڕزگارکردنی ڕۆحی جیهانە لەبێستالیزم (لەوەحشیەتگەرایی). ئەم سێ مۆدێلە هەموویان میتۆدی پەروەردەکار بوونی جیهان بوون، بەناوی پاراستنی هیومانیزم. میلیتاریزم پەلاماری دنیای ئەوانیتری داوە کە دنیای ئەوانیتر مانای دنیای دڕندەکان و لەخودی خۆشیدا هیومانیزمی ئەوروپایی لەو گۆشەنیگایەوە میتۆدی پەروەردەکاری خۆی بۆ ڕامکردن و بەخێوکردنی وەحشەکانی لەنێو کۆمەڵگە و دەرەوەی خۆی خستۆتە کار. ئەم سێ مۆدێلە کە دوانیان (بەلشەفیەت و فاشیزم) شکست دێنن، بەڵام مۆدێلی ئەمریکانزمی تائەمڕۆ بەناوی هیومانیزمیەوە ئاپارات و ماشێنی گەورەی ئامادەکردووە بۆ ڕامکردنی ڕۆحی وەحشیتگەری جیهان، ئەمریکانزم هەمیشە خۆی وەک مۆدێلێکی هیومانیزمی نمایش دەکات..

فرانسیس به‌یكن؛ دوو فیگور له‌گه‌ڵ مه‌یمونێكدا
Francis Bacon’s ‘Two Figures
with a Monkey’ -1973

لەڕوانگەی هایدیگەرەوە فاشیزم دەرئەنجامێکە، سانیتێزێکە، لەنێوان هیومانیزم و بێستالیزم (وەحشیەتگەرایی) ئەمە مانای ئەوەیە (پارادۆکسێکی هاوزەمەنیە و لەنێوان چەپاندن و ئازادبووندا… ه.س.پ ٣١). سلۆتەردایک پێیوایە فاشیزم لەخوێندنەوەی هایدیگەردا دەرئەنجامی بیرکردنەوەیە لەنێوان هیومانیزم و وەحشەتگەریدا، دوو زەمەن لەنێو ئەم مۆدێلەدا یاری خۆی کردووە، زەمەنی دڕندەییبوون و زەمەنی هیومانیزمی ئەوروپایی کە ڕامکردن و پەروەردەکردن دەکاتە ئامانجی خۆی. ئەم دوو زەمەنە ناماقوڵیەت و پاردۆکسیەتی لەوەدایە، لەنێوان چەپاندن و ئازادیدا، لەنێوان ئەم دوو ئیدیایەدا یاری خۆی کردووە. هەردوو زەمەنەکە لەنێویەکتردا بوونیان هەبووە و لەمبەر و ئەوبەر یاری خۆیان کردووە. هیومانیزم و میلیتاریزمی ئەوروپایی هاوتەریب و هاوزەمەن لەگەڵ یەکتریدا کاریان کردووە، میلتاریزمی ڕۆژئاوایی کە ئەمڕۆ لەمۆدێلی مییلتاریزمی مارێنزی ئەمریکاییدا خۆی دەبینێتەوە، لەکاتی پێویستدا پەلاماری دیکتاتۆرەکان دەدات، پەلاماری سەدام حوسێن و قەزافی دەدات، ئەم میلیتاریزمە ماسکێکی هیومانیزمی هەڵگرتووە. لەنێوان میلتاریزم و دۆزی هیومانیزمدا هەردوو زمەنەکە لە چرکەساتی ڕووداوەکاندا یەکدەگرنەوە، بەتایبەت کاتێک دیکتاتۆر لەگۆشەنیگای بەرژەوەندی ئابوورییەوە چیتر لەگەڵ ئەو کڵێشەیەدا ناگونجێت، ئەوسا ڕۆحی هیومانیزمی بەرامبەر ئەو دڕندەیە وەئاگادێتەوە و لەدواجاردا بۆ ڕامکردن و پەروەردەکردنەوەی ئەو بێستالیزمە، میتۆدەکانی خۆی، کە میلیتاریزم میتۆدی دیارێتی، لەبەرامبەر دیکتاتۆرەکان بەکاردێنێت.

نابێت ئێمە بڕوا بەو هیومانیزمە بکەین کە پێشتر ئاشنا بووە بەدیکتاتۆرانی وەک موبارەک و قەزافی و سەدام و عابدین و عەلی عەبدوڵاساڵح و بینۆشیت و مۆبۆتو و زۆریتر..لەپڕێکدا ویژدانی هیومانیزمی ڕۆژئاوا لێیان دێتە پێش و دەیانەوێت ڕامیانبکەن و دنیای وەحشیەتگەربوونیان جارێکیتر هومانیزەبکەن. ئەم پارادۆکسە، ئەم تێکەڵبوونی دوو زەمەنەی بێستالیزم (وەحشەتگەری) و هیومانیزم، فینۆمینی ئێستای دنیایە کە لەسیاسەتدا خۆی نمایشدەکات. لێرەوە درۆی گەورە و هەڵەی گەورە لەچەمکی هیومانیزمدا دەبینین کە میتۆدێکە بۆ ڕامکردنی هەموو ئەو دڕندانەی خۆمان لەنێو خۆماندا و لەباخچەی ئاژەڵمرۆییەکاندا پەروەردەمان کردوون. لێرەوە لە تێگەیشتنی هایدیگەر بەوەی هیومانیزم مانای دووهەزار ساڵە لەبیرنەکردنەوە، تێدەگەین کە هیومانیزم مانای خۆی ونکردووە.

 

قسەکردن لەسەر هیومانیزمی هایدیگەری دەمانباتە سەر کەنارەکانی بیرکردنەوە لەمرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە گرفتی یەکەمیلەدنیادا ئاژەڵبوونە، گرفتێکە دەیەوێت لەو ئاژەڵبوونە قوتاری بێت بەوەی ئەو مەحکومە بەقەدەری خۆی لەنێو زماندا، چوونکە زمان ماڵی بوونی خۆیەتی، لەنێو ئەم ماڵەدا مرۆڤ لەئاژەڵەکان، لەدڕندەیی خۆی دەپارێزێت و هەوڵدەدات لەڕێگەی زمانەوە بوونی خۆی ڕۆشنکاتەوە. هایدیگەر دەستەواژەی (ڕۆشنکردنەوەی بوون) بەکاردەهێنێت (Lichtung des Sein) بەوەی مرۆڤ خودگەرایی خۆی، سوبێکتیڤیتێتی خۆی ڕۆشندەکاتەوە، مرۆڤ هەمیشە هەوڵدەدات، لەمەشقدایە بۆ ئەوەی بوونی خۆی ڕۆشنبکاتەوە، کەواتە مرۆڤ هەوڵدەدات شوانکارێکی ڕۆشنکرەوەی خۆی بێت. زمان دەبێتە ماڵی بوون و لەم ماڵەشدا مرۆڤ هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە بوونی خۆی ڕۆشنبکاتەوە، ئەم هاوکێشە بوونگەراییە، ئۆنتۆلۆژییە تەوەرەی سەرەکی نامەکەی هایدیگەرە لەمەڕ هیومانیزم. من پێموایە ئەوەی سلۆتەردایک بەچەند دێڕێک ئاماژەی پێدەدا، بەشێکە لەو پڕۆژە فیکریەی کە لەدوایدا لەکتێبە نوێیە بەناوبانگەکەی کەدووساڵ لەمەوبەر بڵاوبۆوە (پێویستە ژیانی خۆت بگۆڕیت). ئەوە ئەو تێزەیە کە هومانیبوون، مرۆڤدۆستی، لای سلۆتەردایک مانای ئەوەیە کە مرۆڤ مەشقدەکات لەسەر ئەوەی زوهدیەت بێت، مرۆڤ دەبێت خاوەنی ئیرادەیەک بێت بۆ خۆ بێبەریکردن، خود بێبەریکردن لەو چێژە گشتیانەی دوورماندەخاتەوە لەبوونی مرۆیمان. وەک چۆن لە نموونەی ڕۆماوە باسمان لێوەی کرد کەسیناتەکانی ڕۆم، ئەوانەی خۆیان بەخوێندەوار تێدەگەیشتن، نەدەچوونە تەماشاکردنی زۆرانی خوێناوی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەکان، پاڵەوان و گلادیاتۆرەکان لەگەڵ یەکتریدا. لێرەوە شەڕی کتێب لەگەڵ میدیای جەماوەری ئەو زوهدیەتە دەگەیەنێت دژی چێژی مێگەلی کۆمەڵایەتی کە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەچێژە ئاژەڵیەکانەوە نزیکە. باڵاییبوون بەسەر ئەو چێژە ئاژەڵخوازیانە، ئەو ڕۆحە زوهدیەتەیە کە دەبێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی بوون خۆی پەرشکاتەوە بەسەر بوونی مرۆییدا. سلۆتەردایک بەپێی تێگەیشتنی من، مەشقکردنی مرۆڤ لەسەر زوهدیەت بە بەشێک لەهومانیەتێکی تازە تێدەگات، کە هێشتا لەسوڕی لەدایکبووندایە. ڕۆشنکردنەوەی بوون پابەندە بەو مەشقکردنە بەردەوامەی مرۆڤ بەوەی بەسەر چێژە ئاژەڵخوازیەکانیدا سەرکەوێت. من پێموایە مێژووی مرۆڤایەتی بەگشتی، مێژووی زۆرانبازی ئەو دوو هێزەیە، هێزی مرۆڤدۆستی و هێزی ئاژەڵخوازی.

 

پیتەر سلۆتەردایک پەیکەری مێرکلی بەدەستەوەیە … ڕۆژنامەی هاندلس بلات ئەلمانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥

لێرەوە پەروەردەکردن و ڕامکردنی خود دەبێتە یەکێک لەکارە گرنگەکانی بوونمان، هیومانیزم لەم دۆزەوە بەشێکی گەورەی ڕۆشنکردنەوەی ڕۆحێکی مەشقخوازی بەردەوامە، بۆئەوەی مرۆڤ هەمیشە لەنێو جیهاندا بێت، هایدیگەر دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی (جیهان /Weltdie) و ئەو دەستەواژەیە بەکاردێنێت بەوەی مرۆڤ دەیەوێت (بوونی لەنێو جیهاندا بێت. in der Welt-Sein) کەواتە مرۆڤ لەڕۆشنکردنەوەی خودی خۆیدا دەیەوێت بەرەو پیری دنیا بچێت و ئەمەش مانای ئەوەیە دەیەوێت بەرەو زمان خۆی ئاڕاستەدەکات. بەڵام لێرەدا سلۆتەردایک وەڵامی ئەم تێزەی هایدیگەر دەداتەوە کە تەنها ئەوە نییە مرۆڤ دەیەوێت خۆی لەئاژەڵبوون بپارێزیت، لەبەرئەوەی ئاژەڵان تەنها لەجیهانی خۆیاندا قەتس و نەجوڵاون، بەمەرجێک مرۆڤ خاوەنی جیهانە و خەمی ئەو جیهانە، بەڵکو (ئەوە مرۆڤە کە شکستی هێناوە لەوەی ببێت بەئاژەڵ و وەک ئاژەڵێک بمێنێتەوە ه.س.پ ل٣٤)، ئەو ڕۆشنبوونەوەی خود کە قفڵی نامەکەی هایدیگەرە لەسەر هیومانیزم بەڕای سلۆتەردایک ئەوە ڕاکردنە بۆ نێو ماڵی زمان، بەڵام ئەمە مانای دۆزینەوەی سنوورەکانی هیومانیزمی نییە، ئەوە مرۆڤە شکستی هێناوە لەوەی وەک بەئاژەڵی بمێنیتەوە، لەبەرئەوە مرۆڤ لەم تێزەی سلۆتەردایکەوە کە وەڵامی هایدیگەر دەداتەوە (لەدایکبوویەکی دەرەکیی و تیژپەڕە، کە لەمەلۆتکەیەکەیەوە دەبێت بەجیهانبوویەک…ل٣٤). سلۆتەردایک لەم تێزی ڕۆشنکردنەوەی بوونەوە جارێکی تر ئەم تێزەی هایدیگەر هەڵدەگێڕێتەوە بۆ سەر شێوازێکی تر کە تەنها مرۆڤبوونی خۆی لەنێو ماڵی زماندا نادۆزێتەوە، بەڵکو مرۆڤ گردبوونەوەیەکی زمانەوانییە لەنێو خانووەکاندا، ئەوە مرۆڤەکانن لەنێو خانووەکاندا، خانووە ڕاستەقینەکاندا گردبوونەوە و بوونی خۆیان تەنها لەڕێگەی زمانەوە ڕۆشن ناکەنەوە، بەڵکو ئەوە ماڵە جێگیرەکانە کە بڕیاردەدات چ شێوازێکی ژیان دەگوزەرێت، لێرەوە هیومانیزم تەنها لەنێوان ماڵەکانی زمان و مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەنێو شێوازی بیناسازی خانووەکاندایە!.

سلۆتەردایک دێتە نێو تێزی پەیوەندی نێوان خانووەکان و بوون، پەیوەندی نێوان بوون و جێگیر بوونەوە، ئیدی لەو سەردەمەوە کەمرۆڤ دەچێتە نێو خانووەکانەوە بوونی ئاژەڵێک پەیدا دەبێت کە دەچێتە نێو ماڵەکانەوە، ئاژەڵی ماڵێکراو لەگەڵ چەمکی مرۆڤی ماڵیکراودا یەکدەگرنەوە، مرۆڤەکان ئاژەڵەکان ڕامدەکەن لەنێو ماڵەکانیاندا، هەروەک چۆن خۆیان بەماڵیبوونی خۆیان لەنێو خانووەکانیاندا مەرجێک دەبێت لەمەرجەکانی مرۆڤبوونی خۆیان. لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەی ڕۆشنکردنەوەی بوونە تەنها ئەوەنییە کەزمان دەبێتە ماڵێک، بەڵکو ئەوە خانووەکانە دەبنە ماڵی بوون. سلۆتەردایک گووتەنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی سیاسی لەنێو خانووەکاندا مرۆڤبوونی خۆی ڕادەکێشێت، لەکوێدا خانووەکان دروستکران، ئالەوێدا بڕیاردەدرێت دەبێت مرۆڤەکانی نێو ئەو خانوانە چۆن بن. لێرەوە وەک ئەرکی ماڵەوەی مرۆڤەکان بۆئەوەی ببن بەمرۆڤ لەنێو ماڵدا، لەنێو خانوودا کاری تیۆری بەرهەمدێنێن. لەوێدا تیۆرەکان پێدەگەن وەک چۆن ئاژەڵەکان ڕامدەکرێن، ئاوەها تیۆرەکانی پەروەردە و مۆڕاڵ و ڕێساکانی ژیان بۆئەو مرۆڤانەی نێو ماڵەکان گەشە دەستێنێت. لێرەوە وێنەی مرۆڤ لەم نماشیکردنەوەی سلۆتەردایکدا، لەچەمکی (بوون لەنێو خانووی زماندا) بازهەڵدەدات بۆ نێو (بوون لەنێو خانووەکاندا)، بەمانایەکی تر بوونی مرۆڤ وەک ئاژەڵێک لەنێو ڕێسای خانووەکاندا.

ماویەتی بۆ بەشی سێهەم 

فردریک نیتچە و خانووی ئاژەڵەمرۆییەکان

 

فەرموون لەگەڵ بەشی یەکەم 

هیومانیزم، ماسکێک لەدڕندەییەوە بۆ ژێرزەمینەکانی کولتور

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌