Burning Man Festival 2016

حه‌سه‌ن فه‌لاح ؛ خواوەندی گوڵە گێلاس


Loading

 

پێشەکی
 وا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە, لەدوای وێنەی پەپوولەی جوان و وێنەکەی چۆپین, پڕ بە دڵم سوێندم خوارد چیتر وێنەی کەس نەکێشمەوە. بەڵام دەمزانی کە ئەم سوێندەم دەخەم و وێنەیەک چاوەڕێم دەبێت تاوەک پڕ بە دڵم بیکێشم, وا کێشامەوە. ئەم وێنەیەی دەیبینیت, چیرۆکێکی دڵتەزێن و جوان دەگێڕێتەوە. خەیاڵێکی زۆر جوان کە مرۆڤێکی کەم, لە ژیاندا دەتوانن بیبینن و دەستیان بەری بکەوێت.
خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە زۆر لەوە دوور و درێژتر دەبێت کە بیری لێدەکەیتەوە, لەوەش کورتترە کە هەموو هەستمی تیادا جێکرابێتەوە. گەردوونێکی خەیاڵیی و ئەفسووناویی باسدەکەم کە کەمتر لە یەک مانگ ڕۆح و دڵمیان داگیر کردبوو. لەڕاستیدا ئەمانە هەموو ڕاستیی و دروست بوون. بەڵام هەروەک خەونێک لەناو خەونگەلەکانم، کۆتایی هات و لەو هەموو جوانییەوە گەڕاندمییەوە نێو گەردوونێکی خاڵیی پڕ لە خۆم.
دێڕ بە دێڕ و وشە بە وشەکانی ئەم چیرۆکە پێویستییان بە ئەندێشە و خەیاڵێکی جاویدانەی قووڵ هەیە بۆ تێگەیشتنیان, چونکە قەترە بە قەترە ڕۆحم بە سەریاندا تواندووەتەوە و تێکەڵیان بووە. سەڕەرای سادە نووسینی ئەم چیرۆکە, خۆی لە چەندین نهێنی شاراوەدا دەبینێتەوە و پڕە لە پەیامی دڵتەزێن و جوان, دیمەنی ئەفسووناویی و دونیایەک لە خەیاڵ و گەردوونێکی پڕ هەست و خۆشەویستیی. تاوەک ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە بە دڵەوە و بە هەستی مرۆڤێکی ئاشق نەخوێندرێنەوە و دیمەنەکانی لەناو خەیاڵتدا وێنا نەکەیت, فرمێسکەکان نابنە هۆکاری سڕینی چاوەکانت و بە ڕۆحتدا ناتکێنەوە. خۆشەویستییەکی قووڵی هەڵقوڵاو لە ڕۆحمەوە قبووڵ بکەن و تا کۆتا سات لەگەڵ چیرۆکەکەمدا نوقمی ئەو بەسەرهاتانە ببن کە هەموو ئێوارانێک بەدەم گێڕانەوەیان بۆ قەڵەم و وەرەقەکانم, دەیانخستمە گریان.
نزایەک بۆ خۆشەویستییەکەی من بکەن و دڵیشتان ئاسوودە بکەن, لەکۆتایی چیرۆکەکەشدا ماچێکی ڕۆحم بکەن و هیوای نەمردنی دڵمم بۆ بخوازن.
 
(1)
   بەدیارییەوە ڕۆچووبوومە دونیایەکی پڕ لە ترس و جوانیی, لەبەردەمیدا بە سەرێکی بەرز و دڵێکی شەرمنەوە سەیرێکی نێو گوڵستانی سەوزی چاویم کرد و وتم :((دڵنیای کە ناشرینێکی وەک منت خۆشدەوێت؟)) بە دەنگێکی پڕ سۆز و ویقارێک کە تەنها خانمی شاکان هەیانە سەیری هەموو جەستەمی کرد و وتی :((شـشـ بێدەنگ بە, باوەشم پیادا بکە)). نەمدەزانی چی بڵێم, نەمدەویست کات بڕوات و ئەو ساتانە وەک وردە پەپولەی با بردوو لەدەستم بچێت, دەمزانی ئێستا دەڕۆن و هەرگیز نایەنەوە, گیانم بە ترسەوە دەلەرزی و دەمم گۆی نەدەکرد. زۆر بە پاکی پێیموت :((هەرگیز کەسم وەک تۆ خۆشنەویستووە)). ئەو هەمووکات ڕاهاتبوو کە پێم بڵێت میهرەبان, سەیرێکی نێو چاوانمی کرد و بە دەنگێک کە تەنها مەلە مەستەکان هەیانە وتی :((میهرەبااان)). سەری خستە سەر شانی ڕەقم و وا هەستم دەکرد بەبەختترین کوڕی دونیام. بەڵام ئاخ خودایە, نەمزانی کۆتا جار دەبێت کە خانمێک وەها لە ناشرینییەکانم کەم بکاتەوە. هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم چیرۆکێکی وەها زۆر کورت بنووسمەوە کە خۆشەویستیی لێ بڕژێت, تەنانەت نەمدەزانی لەبری ئەوەی پێ بەرەو خۆشیی ببەم بەرەو ناخۆشییم دەبرد.
   
مایکل ئەنجلۆ   ١٤٧٥ ـ ١٥٦٤؛  گوناهی یەکەم ؛ دەرکردن لەبەهەشت.
Michelangelo؛  Der Sündenfall und die Vertreibung aus dem Paradies (Deckenfresko in der Sixtinischen Kapelle)
لەدوای چەند چاوبڕکێیەکی شەرمنانە و دڵ لێدانێکی کورت کورت, لەشەوێکی تاکدا, لە هەمان کاتدا خۆشەویستییمان بۆیەکتر گۆڕییەوە. خۆمم کردە قوربانیی ئەو قەترە خوێنانەی لە مەچەکییەوە دەتکان و دڵمیان لەت لەت دەکرد, هیچ مرۆڤێک لەو باوەڕەدا نییە خوێن دڵ لەت و پەت بکات, خوێنە ئاڵەکانی ئەو دڵمیان لەت کرد. هەردووکمان دەترساین, ئەو قەدەرەی کە خۆمان بیرمان لە نووسینی دەکردەوە, وابوو کە هەر زوو لێرە نەمێنین. من گەردوونی ناو ڕۆحمم بۆی هەڵڕشت و پێیموت کە پێکەوە دونیایەکی خەیاڵیی دروست دەکەین, هەناسەی نێو سنگی هەڵدەمژمەوە و دواتر بە لێوم ڕۆح بەبەری دونیا خەیاڵییەکەدا دەکەم. پێش ئەوەی سینەی ببێت بە سینەم, ئاڵوودەی لێوی ببووم. هەر لێوم دەهێنا و لێوم دەبرد بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو, ئەو هەر شێتتری دەکردم و دووردەکەوتەوە. وەک منداڵێکی هار سەریم گرت و لێویم نا بە لێومەوە!
دڵم هەڵدەلەرزی, دەمزانی خودا ئەمەی ناوێت. ڕاستتان بوێت لە خودا نەدەترسام, تەنها لەوە نەبێت ئەو دیارییەم لێ دوور بخاتەوە کە ساتێک نابێت پێم گەیشتووە. هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم کە خودا لەو زاتانەبێت پێی خۆشبێت دوو خۆشەویست لە نێو دەمی یەکتریدا خۆشەویستیی بگۆڕنەوە, هەر بۆیە دەمزانی خودا بەمە دڵخۆش نابێت و ئافاتێکی نەبڕاوە بەسەرمدا دەبارێنێت کە تا ئەبەد ونم دەکات. دونیا خەیاڵییەکەی ئێمە لە هیچ شتێک نەدەچوو. وەک فریشتەیەکی مەست, فووم بە ئاسماندا کرد و گەورەترین گەردوونی پڕ ئەستێرەی نوقومبووم لەنێو دەریایەکی تاریکدا خولقاند. سەدەها هەزار ئەستێرە وەک لالەی دەریا بەناو ئەو ئاسمانە ڕەشەدا تروسکاییان لێوە دەهات و شەپۆل دوای شەپۆل بڵاودەبوونەوە, هەروەک دەنکە لمی بابردوو ئاسمانیان چڕ دەکرد.
بە خۆڵێکی ڕووتەڵ و چەند دڵۆپە خوێنێک کە لە دڵی هەردوکمانەوە دەتکان هەسارەیەکمان دروستکرد, هەسارەکەم بە ناسکيی خستە نێو دەستییەوە و بە فوویەکی جاویدانە هەڵیدایە نێو ئەو گەردوونە دوورەی وەک فەرشی پڕ برسیکە گەشدەبۆوە. هەسارەیەکی تاقانە بوو لەنێو ئەو هەموو ئەستێرە و ئاسمانەدا. پێش ئەوەی هەردوو بە مەستیی بفڕین, دەستم خستە نێو دەستییەوە و پەنجەکانمان تێکەڵی پەنجەی یەکتری کرد. بە هەستی کوڕێکی ئەفسانەیی ئاشق و شێت, سەیری نێو چاویم کرد و گووتم :((لێرە بەدواوە تۆ ناو دەنێم “ڤینۆس”, بەڵێ خواوەندی جوانیی و خۆشەویستیی. هەموو دونیام دەکەم بە قوربانت, وا دەکەم کە سات نەبێت هیچ شتێک کڕنوشت بۆ نەبات. هەر وەک بەهەشتی خودا وا دەکەم لە گەردوونی منیشدا سات دوای سات جوانتر و جوانتر ببیتەوە)).
چاوەکانی پڕ دەبوون و وەک مرواری ڕووناکییان تیادا دەدرەوشایەوە. دڵخۆشیی ئەوم لە چاوەکانییەوە بەدیکرد, بەڵام نەمدەزانی بۆچی بە نهێنییەوە پێی دەوتم کە ئەم خۆشییە بەردەوام نابێت. لە چاو تروکانێکدا خۆمان خزاندە نێو ئەو گەردوونەی تاوی دەدا بۆ گەیشتنمان, وەک دوو قەقنەسی سپی سەرمان نابوو بە سەری یەکترییەوە و هەموو ئەو ئەستێرانەمان جێدەهێشت کە بۆ گەيشتنمان گۆرانییان دەچڕی. بەدەوری یەکتریدا دەخولاینەوە و بە خێرایی ئاسمانمان تێدەپەڕاند. لەکۆتاییدا گەيشتینە هەسارەکەمان, هەسارەیەک لە خۆڵی زەردی ئاڵتوونیی زياتر, هیچی دیکەی لەسەر نەبوو. هەروەک دوو فریشتە کە تازە چاوییان بە بەهەشت هەڵدێت, پێمان خستە سەر زەوییەکی سافی پڕ وردە زیغ. پێمان بە هەرشوێنێکدا هەڵبهێنایە وردە زیغەکانی ژێر قاچمان دەبوون بە وردە پەپوولەی زەرد و بە ناسکیی بەرەو ئەوسەری لێواری هەسارەکە دەفڕین. لەوپەڕی هەسارەکە باوەشیان بەیەکتریدا کرد و خۆرێکی ئاوابووی زەرد هەڵگەڕاویان دروست دەکرد. لەناوەڕاستی شەنی پەپوولەکاندا, پەپولەیەکی باڵ گەش و جوان هاتە دەرەوە و بەرەو ئێمە شەنی کرد. گەیشتە لامان و لەسەر پەنجەی ڤینۆس ئارام بۆوە. ڤینۆس پەنجەی دەهێنا بە باڵەکانیدا و پەپوولەکە گەشتر دەبۆوە. سەیرێکی ڤینۆسم کرد و بە خەندەیەکی شیرینەوە وتم :((دەزانیت ئاوها لە کچی نێو خەونەکانم دەچیت, ئەو کچەی هەردەم لە خەونێکی شیرین خەبەرم دەکاتەوە بەبێ ئەوەی بهێڵێت لێوم بەر لایەکی ملی بکەوێت یان هیچ نەبێت پەنجەم بەر تاڵەکانی قژی بکەوێت)).
ڤینۆس بەڕوومدا پێدەکەنی و دەیزانی کە بەمە من بێ ئۆقرە دەکات و زیاتر مەیلی خۆ نزیککردنەوەم لێی دەبێت. سەیری پەپوولەکەی کرد و پێی وت :((پەپوولەی جوان, دەمەوێت بفڕیت و بەم هەسارەیەدا گەڕ بکەیت. دەسەڵات دەدەمە تۆ و هەموو ئێرەم بۆ جوان بکە, شانشینێکی وەها ناسکم دەوێت کە تەنها پەپوولەکان بتوانن دروستی بکەن. پەیمانیشم بدەرێ کە هەر ڕووبارێک, هەر شاخ و دۆڵ و خۆڵێکی ئەم هەسارەیە, هەر درەخت و باڵندە و گوڵێکی ئێرە بۆنی گێلاسی لێبێت و هەریەکەو خاڵێکی ئاڵی سوور لەسەر دڵیاندا دروستبکەیت. ئێستا بفڕە و باڵەکانت تێکەڵی خاکی ئێرە بکە و داواکارییەکانم جێبەجێ بکە)). من و ڤینۆس ئەو پەپوولە جاویدەمان ناونا ‘پەپوولەی جوان’.
(2)
پەپوولەکان بە نەرمی هەموو ئەو زەوییە چۆڵانەیان بە درەخت و سەوزایی و شاخ و ڕووبار پڕدەکردەوە. پەپوولەی جوانیش باڵە ئەفسووناوییەکەی بەسەر هەرشتێکدا بهێنایە بۆن گێلاسێکی نەبڕاوەی دەگرت. بۆنی بە هەرشتێکەوە بکردایە ماچێکی گەرمی دەکرد و نەمریی پێدەبەخشی. هەروەک لە ئەفسانە ئاینییەکاندا باسدەکرێت, بۆماوەی چەند ڕۆژێک بەبێ ورتە و جووڵە تێڕاماینە ئەو خولقاندنانەی پەپوولەکان ئەنجامیان دەدا. بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەکتربین چەند ڕۆژێکمان بە دەمداچەقاویی و سەرێکی سوڕماوەوە بەسەربرد. پەپوولەکان و دروستبوونی ئەو هەسارەیە زۆر لەوە جوانتربوون کە هەست بە بوونی یەکتر بکەین, نە دەستی یەکتریمان دەگرت نە سەیری یەکتریمان دەکرد. بیریشمان لە جوانیی ئەو خولقاندنە زیاتر بەلای هیچی دیکەدا نەدەچوو. ئەو کۆمەڵە پەپوولەیەی بۆ ئەوپەڕی لێواری هەسارەکە کۆچیان کرد, خۆرێکی زۆر جوانیان دروستکرد. لەگەڵیشیدا ئاسمانیان بە وێنای پەڕەیەک کە بەرە بەرە ئاگر قوتی دەدات, ڕەنگی خۆرئاوابوونێکیان بەبەردا دەکرد و لە دامێنێکی پرتەقاڵیی و زەردەوە نەخشیان دەکرد تاوەک ئاسمانێکی شینی بەرز.
ئاسمانی هەسارەکەمان لە بووکێک دەچوو کە دڵی خۆرە, نیوەی لە دەریایەکی زەرددا نوقم بووە و نیوەکەی دیکەشی تارایەکی شینی کاڵە لە سەریدا. تا چاویش بڕی دەکرد شاخ و دەریاچەیان بەیەکترییەوە دەنا و دەریایان پاڵدەخست و ڕووباری باریکیان وەک تاڵی قژ, لێیەوە دەکردەوە و بەملا و ئەولادا درێژییان دەکردنەوە. هەر زەوییەکی بەتاڵی دیکەشیان دەستبکەوتایە بە گوڵستان دەیانچنی. هەر درەختێکیشیان بچاندایە ماچێکی گەڵاکەیان دەکرد و زوو بە زوو گەورە دەبوو و بەری دەگرت. تاکە شت کە پەپوولەکان نەیاندەتوانی بیکەن دروستکردنی ڕۆح بوو. پێویستی دەکرد ڤینۆس فەرمان بە زەوی و ئاو بکات تاوەک ڕۆح بچێت بەبەری هەردووکیاندا و بوونەوەرێک دروستببێت. بەڵام نەبوونی هیچ ڕۆحلەبەرێکی دیکە گرنگییەکی وای نەبوو تاوەک ڤینۆس بیر لە بوونیان بکاتەوە, بۆیە ئێمە بە تەنیا تا ماوەکەی زۆر لەو هەسارەیەدا بەبێ بوونی بوونەوەر جگە لە درەختەکان, ژیاین.
هەرچەندە من بەدیهێنەری هەموو ئەو دونیا و هەسارە و ئەستێرانە بووم, بەڵام چیتر خولقاندن لە نێو دەستی مندا نەبوو, هەموویم بەخشیبووە ڤینۆس. لەگەڵ دروستبوونی ئەو هەسارەیەدا بە ئارەزوویەکی شێتانە سەمای دەکرد و گۆرانی دەوت, لەگەڵ سەوز بوونی هەر خاکێک ئەو زیاتر دڵی گەشدەبۆوە و پێدەکەنی. وەک کچێکی هەرزەکاری پڕ خۆشەویستیی و شێتیی دەستی دەگرتم و بە نەرمی پەنجەکانمی بەردەدا. سەری نزیک دەکردەوە و بۆنی هەناسەیم دەکرد, ڕوومەتی دەهێنا بە ڕوومەتمدا و هەستی بە ڕۆحم دەکرد. دووبارە دەکەوتەوە سەما و بەدەوری خۆیدا وەک فریشتەیەکی مەست خولی دەخوارد و قۆڵ و باسکی دەکردەوە. وایدەکرد کە هەست بکەم هەموو دونیا هی منە, بەڕاستی هی من بوو. دوای فریشتە سەمایەکی زۆر, ڤینۆس لێم نزیکبۆوە و سەری خستە سەر شانم. هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی و گووتی :((ئاهــ چەندێک هیلاک بووم, باشە بۆچی لەگەڵمدا سەمات نەکرد؟ تۆ زۆر شێتی. مرۆڤ گەر لەو ساتەی تیایدا دەژی دڵی خۆی خۆشنەکات لەوانەیە دوای ساتێکی دیکە بمرێت و فریای ئەوە نەکەوێت چێژی دڵخۆشبوون وەربگرێت. تۆ زۆر کوڕێکی شێتی, شایەکی عیناد و کەللە ڕەقیت. ئاخر چۆن ئاوها لەگەڵ کچێکی جوانی وەک من سەما ناکەیت و قۆڵ ناهێنیت بە ناوقەدیدا؟ بەڕاستی شێتیت!)).
ئەو قسانە گڕی ماچکردنی لێوی ڤینۆسیان لەلام دەکردەوە, مەست ببووم. دەستم هێنا بە زوڵفیدا و لەخۆمم نزیک کردەوە, قۆڵم هێنا بە ناوقەدیدا و سەیری نێو چاوەکانیم کرد. ویستم ماچێکی نەرمی لێوی بکەم بەڵام هەر زوو پەنجەی خستە سەر لێوم و وتی :((ششـ نییە, بۆت نییە ماچی لێوم بکەیت جارێ))
بەبێ ئەوەی دڵی بشکێنم ماچی ڕوومەتیم کرد. سەیرێکی کردم و وەک کچێکی توڕەی لەخۆبایی وتی :((خۆ ئەوە ماچی کردم!. چۆن دەتوانیت ماچم بکەیت؟ بۆت نییە ماچم بکەیت)). پێکەنین دڵی داگرتم و وتم :((من هەرکات بمەوێت, دەتوانم ماچی تۆ بکەم. پێویستیشم بەوە نییە داوا لە جەنابتان بکەم تاوەک ماچێکم بدەنێ, دەی خۆ من شێت نیم؟ شێتیش داوا و پرس نازانێت)). هەردووکمان تینووی ماچێکی یەکتری بووین, بەڵام پاک مانەوە ترسێکی گێلانە بوو بۆ ئەوەی لەیەکتری نزیک نەکەوینەوە.
(3)
هەموو دونیا دروست بوو, دەشت و کێو و دار و بەرد هەموو ڕازێندرابوونەوە و هەسارەیەکی جاویدانەیان خولقاندبوو. پەپوولەی جوان, دوای ئەوەی بۆنی گێلاسی بەسەر هەموو شوێنێکدا ڕشت, گەڕایەوە بۆلامان. بە خەندەیەکەوە سڵاوی لێکردین و لەسەر زوڵفی ڤینۆس وەک قردێلەیەکی ئەفسووناویی نیشتەوە. ماچێکی ڤینۆسی کرد و وتی :((خانم, ئێستا هەموو شتێک بۆنی گێلاسی یەت. هەر شتێک و شوێنێک کە لێرە دەیبینیت لەو بۆنە بێبەش نییە. تۆش ئێستا بەم ماچەی من ڕۆح و گیانت لە بۆنی گێلاسدا نوقم دەبن و بە ئەزەلیی بۆن گێلاس باوەشت بەرنادات. خانمی گێلاس ئێستا پێم بڵێ, هیچی دیکە ماوە تاوەک بۆتی ئەنجام بدەم؟)). ڤینۆس بە چاوێکی گەشەوە کە ڕوناکیی تیایدا تروسکەی دەهات پێکەنین گرتی و گووتی :((ئای پەپولەی جوان, زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو بۆنە خۆشانەی کە بەم بەهەشتەدا ڕشتووتە. ئێستا من دەتوانم تاهەتایەک بە ئاسوودەیی بژیم و هەناسە بدەم, بۆنی گێلاس بکەم و بەدەم گۆرانی وتنەوە مەست ببم. ئۆو بیریشم نەچێت! داواکارییەکی نهێنیم هەیە, کە پێویست دەکات بەس خۆم و خۆت پێی بزانین)).
ڤینۆس بە گوێی پەپوولەکەدا چرپاندی و چەند خولەکێکی زۆر قسەی بۆ کرد. نەمدەزانی چی بۆ باسدەکات, بەڵام هەستم دەکرد کە لە دڵمی دەدا. دواتر، فەرمانی کرد ئاسمان بە جێگیریی بمێنێتەوە, خۆر ئاوا نەبێت و هەرگیز شەوی هەسارەکەمان دانەیەت. کۆشکێکی شاهانەشمان دروستکرد کە دەوری هەموو دارگێلاس بوو, لە نێوانیشیاندا دەریاچەیەکی مەنگ و تاریک کە هیچ شتێکی تیادا نەدەژییا و هیچ ڕەنگێکی نەدەدایەوە. کۆشکەکە کۆشکێکی سارد و ڕەق بوو, ژوورەکانی هەموو چۆڵ بوون, جگە چێشتخانەیەکی بچکۆلانە کە مێزێکی درێژی تیادا بوو لەگەڵ دوو کورسی زۆر دوور کە بەرامبەر یەک و لەمسەر و ئەوسەری مێزەکە دانرابوون. ژوورەکەی منیش کە پڕ بوو لە کتێب و فڵچەی وێنەکردن و هەزاران پەڕە و چوارچێوە و قەوانێکی کۆن، هیچی دیکەی تیادا نەبوو.
هەر ئەو ساتە سەرەتای دەستپێکردنی کۆتایی خۆشەویستییەکی بێ وێنە بوو کە هەزاران جار خەونم پێوە دەبینی. ڤینۆس بە خۆشەویستییەکەی من و ئەو گەردوونەی بۆی دروستم کردبوو دڵی خۆش بوو, لە ژیانێک ڕزگارم کردبوو کە خەونی بە هەڵهاتنییەوە دەبینی, بەڵام نەیدەتوانی لێی ڕابکات و لە بیرکردنەوە لێی بووەستێت. هەر ئەوە وایکرد سەرەتا و کۆتایی خۆشەویستییەکەی بۆم یەک کات بن. کات لەسەر ئەو هەسارەیە تێنەدەپەڕی, تەنها دەمانتوانی بە ژماردنی هەناسەکانمان بزانین چەندێکە پێکەوە دەژین. لەکاتی نانخواردنیشدا ڤینۆس هیچی پێنەدەخورا و بە بێدەنگيی ڕۆدەچووە نێو ڕووناکی قاپەکەی بەردەمی و بیری دەکردەوە. گەمژەیەتییەکەی من لەوەدابوو هەرگیز پرسیاری ئەوەم لێنەدەکرد کە بۆچی بەو شێوە تۆقێنەرە خەیاڵی دەفڕێت و ناگاتەوە لای من. هەڵدەستام و دەچووم بۆ کتێبخانەکەم, فڵچە و وەرەقەکانم هەڵدەگرت و بە دڵخۆشییەوە دەگەڕامەوە چێشتخانەکە. لەبەردەم ڤینۆس وەک منداڵێکی سەلار دادەنیشتم و نیگاریم دەکێشا. تاوەک تەواو دەبووم ئەو هیچ نەدەجووڵایەوە. هەرگیزیش ئاگاداری ئەوە نەدەبوو کە من وێنەی دەکەمەوە و بە جوانییەکەی سەرسام دەبم. وێنەکەیم تەواودەکرد و دەمخستە نێو باوەشی چوارچێوەیەکی نازدار, نیگارەکەم لە پەنا دیوارێکدا پاڵدەخست و دەگەڕامەوە لای ڤینۆس, ئاگاداری نیگارەکەشی نەبوو. لە پشتەوە دەستم دەهێنا بە ناوقەدیدا و ماچی ملیم دەکرد, بەو ماچە تەزوو بە رۆحیدا دەهات و خەیاڵی دەگەڕایەوە. خەندەیەکی خواوەندانەی دەکرد و ڕۆحمی دەهەژاند, هەڵدەستایە سەرپێ و ڕووی دەکردە من و دەیوت :((چەندێک بە ئاواتی ئەوەوە هەناسە دەدەیت کە لێو بە ڕۆح و جەستەمدا بهێنیت؟))
نەمدەهێشت پرسیارەکەی ساردببێتەوە و بە گەرمیی لێوم دەنا بە لێویەوە, ماچی گەرم بە هۆڵەکانی کۆشکەکەی دەبردین و وەک وەرزی ئاشقبوونی پەپوولەکان بە دەوری یەکتردا دەخولاینەوە و دەهاتین و دەچووین. دوای ئەوەی هیلاک دەبوو, دەستی دەگرتم و بەرەو کتێبخانەکە ڕایدەکێشام. ماچی دەکردم و تاڵەکانی قژی بە شان و ملمدا شۆڕدەبوونەوە. هەرگیز لەیاد ناکرێت چۆن دەم و لێوم دەهێنا بە سەرسنگیدا و هەستم دەکرد باخی گێلاس ئاودەدەم, بۆنی هەناسەیم دەکرد و دەمویست لە هەناویدا وەک چۆلەکەیەکی بچکۆلانە بفڕم. دوای ئەوەی لە بۆنی گێلاس تێری دەکردم, هەڵدەستا و شووشەیەک شەرابی دەهێنا. شەرابێک تامی گێلاسی دەڕژاندە نێو خوێنت و دڵتی تێر شەراب دەکرد. مەستی دەکردم و وەک منداڵ بۆی دەگریام. سەیری نێو چاویم دەکرد و هەستم بە بێنازییەکی گەورە دەکرد تیایدا و دەمگووت :((دەترسم لەوەی ئەم هەسارەیە ببێتە زیندانێکی ڕەنگاوڕەنگ بۆتۆ. دەترسم ون ببیت و چیتر منت خۆشنەوێتەوە, ئاخر خواوەندەکەم من چۆن بتوانم بەرگەی هەموو ئەم جوانییە بگرم بەبێ ئەوەی نەگریم؟ چۆن بتوانیت خۆشتبوێم بەبێ ئەوەی لەپاڵمدا و نزیک لە دڵم دابنیشیت و نازت هەڵبگرم؟. شەرابی دیکەم دەوێت, تکایە بە دەستەکانت پێکێکی ترم بۆ تێبکە. بەڕاستی نازانم بۆچی لەگەڵ هەر قەترە شەرابێک کە بە هەناومدا دەچێتە خوارەوە هەست بە جوان بوون دەکەم, بەڵام جوانبوونێکی مەرگەساتیی. جوانبوونێک کە هەستی ونبوونتم لەلا زیاتر دەکات)).
بە هێمنی فرمێسکەکان لە چاومەوە دەتکان و دڵم ژانی دەکرد, هەناسەم تونگ دەبوو و داوای پێکی زیاترم دەکرد. ڤینۆسیش هەستی بە هیچ نەدەکرد و بە وێنای مەلێکی بەندکراو بە ساردیی سەیریدەکردم و هیچی نەدەوت. دوای ئەوەی بەدەم لاپەڕەی کتێبە خوساوەکەمەوە سەرخۆش دەبووم و خەوم پیادا دەکەوت, ڤینۆس شووشە بەتاڵەکەی هەڵدەگرت و ماچێکی ڕوومەتی دەکردم. بە ئاسپایی ژوورەکەی جێدەهێشت و دەرگاکانی بە کراوەیی فەرامۆش دەکرد. دەچووە عەمباری شەرابەکان و بەدەم گۆرانی وتنێکی ساردەوە هەڵدەلەرزی و شوشە بەتاڵەکەی پڕدەکردەوە و تکە فرمێسکێکی تێدەکرد, سەری شووشەکەی دەنایەوە و هەروەک چۆن سەما لەگەڵ منداڵەکەیدا بکات ئاوها شووشەکەی بادەدا و فرمێسک و شەرابی تێکەڵ بەیەکتری دەکرد. خۆیشی بە بۆنی ئەو شەرابە فرمێسکاوییە مەست دەبوو, دەیویست سەما بکات و بە مەستیی بگەڕێتەوە کتێبخانەکە و من لەخەوێکی قووڵ هەڵبسێنێت و داوام لێبکات کە ماچی بکەم و لێو بە هەموو گیانیدا بهێنمەوە. بەڵام بێهێز دەکەوت و ڕەق دەبۆوە, دەگریا و عەمبارەکەی پڕ دەکرد لە بۆنی گێلاس. وەها کۆشک بۆنی شەرابی گێلاسی دەگرت کە بە سەدان هەزار هەناسە نەدەڕۆیشت. وەک بڵێی سەد شووشەی هەزار ساڵەت لەویادا شکاندبێت و بەرد و دیوارەکان پڕ بە دڵ شەرابەکەیان نۆش کردبێت و چووبێتە ڕۆحیانەوە. بەدەم هەنسک و هەناسەی قووڵەوە بەرەو دار گێلاسەکان دەچوو. لەنێویاندا لەگەڵ هەر دڵۆپە فرمێسکێک کە بەر خاکی ژێر دارەکان دەکەوت گوڵە گێلاسێک بە درەختەکەوە چاوی هەڵدەهێنا و مۆر دەبۆوە, ڤینۆسیش بەو ناوەی لێی نرابوو گوڵەکانی جوان دەکرد, دەستی بەسەر پەڕەی ناسکی گوڵەکاندا دەهێنا و کاڵی دەکردنەوە! ڕەنگی گوڵە گیلاسەکانی دەکرد بە پەمەیی و شیلەی لە ڕۆحیانەوە دەهێنایە دەرەوە. سەرسامانە باخچەکە بۆنی بەهەموو هەسارەکەدا دەکرد, ڤینۆس وەک بوکێکی دڵشکاو کە ساتێک نابێ خۆشەویستەکەیان کوشتووە دەگریا و زیاتر چاو و سەر ڕوومەتەکانی فرمێسکاویی دەبوون. دواتر بانگی پەپوولەی جوانی دەکرد و فەرمانی پێدەکرد نامەی بۆ بنووسێت.
نامەکەی بە کۆمەڵێک پەپوولەی پەیامبەر دەناردەوە جیهانی ڕاستەقینە و نامەکەیان تا زەوی نەدەوەستاندەوە. پەپوولەکان ئاوادەبوون و دیارنەدەمان, ڤینۆسیش بە خەمساردییەوە دەگەڕایەوە کتێبخانەکەم و بەدیارمەوە دادەنیشت تاوەک خەبەرم دەبۆوە. کە چاوم دەکردەوە لێم نزیک دەبۆەوە و بە ماچێک وریای دەکردمەوە و دەیوت کە پێویستە خواردن ئامادە بکات. وەک پیشەیەکی هەمیشەیی, ڤینۆس خواردنەکانی لەسەر مێزەکە دادەنا و لە بەردەمیدا خەیاڵی نوقمی ڕووناکیی قاپەکە دەبۆوە. منیش بە پەلە پەل هەڵدەستامەوە و بە جۆرێکی دیکە وێنەیم دەکردەوە و نیگاری کۆتاییم دەخستە باوەشی چوارچێوەیەک و لەسەر وێنە کۆنەکان دامدەنا و کەڵەکەم دەکردن. هەرگیز ڤینۆس نەیدەزانی من وێنەی دەکەمەوە, بەلاشمەوە گرنگ نەبوو پێی بزانێ یاخود نا. چونکە هیوام بەوەبوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی وێنەکان بە دیواری کۆشکەکەدا هەڵبواسێت و لەگەڵ هەر وێنەیەکدا لەباوەشم بگرێت و ماچم بکات.  ڤینۆس زۆر بە کەميی لەگەڵمدا گەشتی هەسارەکەی دەکرد, هەرکات داوام لێيبکردایە بەیەکەوە گەشت بکەین بە هانەی بێزاريی و بێهێزيی گەشتەکەی ڕەت دەکردەوە و بەتەنیا دەڕۆيشتم. هەموو جارێک پێش ئەوەی کۆشک جێبهێڵم قەڵەم و دەفتەرەکەمم ئامادە دەکرد و بە هەناسەیەکی قووڵ, بۆنی هەموو کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەم هەڵدەمژی و دەرگاکەم دادەخست. لە ڤینۆس نزیک دەبوومەوە و بۆم دەردەکەوت کە سەرتاپا تاڵەکانی قژی تەڕن. ماچێکی نێوان مل و زوڵفیم دەکرد و لە تام و بۆنی گێلاسێکی تازە پێگەیشتووی تەڕ زیاتر هیچی دیکەم نەدەکرد. ئاهـ چەند چێژی دەبەخشی, چەن تام و لەزەتێکی هەبوو ئەو ماچانەی سەد جار دووبارە دەبوونەوە. بەڵام بۆی ڕوون نەدەکردمەوە کە بۆچی ئاوها تاڵکانی قژی تەڕ بوون و کەم کەم ئاویان لێ دەتکێت. هەمیشە خۆی لە پرسیار و سەرنجەکانم دەدزییەوە, ئەوەش زیاتر دڵیان تەنگ دەکردم و ئاخم هەڵدەکێشا. کۆشکەکەم جێدەهێشت و بەنێو باخی دار گێلاسەکاندا ڕەت دەبووم. پیاسەیەکی دوور و درێژم بە هەسارەکەدا دەکرد و بە هیلاکیی و ماندوویەتییەکی زۆرەوە دەگەڕامەوە کۆشک.
(4)
دەیان جار ڕۆچوونی ڤینۆس بەنێو ڕووناکی قاپەکەی بەردەمیدا و وێنەکردنەوەیی و گەشتکردنم بەتەنها دووبارە بووەوە. دەچووە عەمباری شەرابەکان و بە شووشەیەک شەرابی دیکەوە دەگەڕایەوە و مەستی دەکردم تاوەک خەوم لێدەکەوتەوە, دەگەڕایەوە لای دار گێلاسەکان و بە تەنها دەستی دەکردەوە بە گریان و خەمخواردن. بەڵام لە پڕدا و بۆ یەکەمین جار ڤینۆس بڕیاریدا لەگەڵمدا گەشت بەنێو هەسارەکەدا بکەین. بۆ دووەم جار بوو دوای گەیشتنمان بە هەسارەکە و دوای یەکەمین ماچی لێوم, بەڕاستيی دڵم خۆشببێت. وەک منداڵێک کە دوای هەزار ساڵ دابران لە باوەشی دایکی, بە دیداری شاد دەبێتەوە و شاگەشکە لێیدەدات و پڕ ڕۆحی باوەش بە دایکیدا دەکات, ئاوها من سەمام دەکرد و دڵم خۆشبوو. لەگەڵ ڤینۆس و قەڵەم و وەرەقەکانمدا گەشتێکی ناوازەمان کرد. وەک ئاشقترین وێنەکێش و خۆشەویست دەستی ڤینۆسم گرت و لە کۆشک چووینە دەرەوە. بەنێو باخی دار گێلاسەکاندا تێدەپەڕین, لەپڕدا ڤینۆس لەشوێنی خۆیدا وەستا و بۆ هێندێک هیچی لە دەم نەهاتە دەرەوە. دەستمی بەردا و کەمێک دوورکەوتەوە, لە دارگێلاسێک نزیک بووەوە و گووتی :((هەتاوەک چاو بڕ بکات دارگێلاسی دیکەم دەوێت. ئەوان تاکە شتن کە لێرە دەتوانن دڵی من خۆش بکەن)). لێی نزیک بوومەوە و وتم :((ئەی من چی؟ دڵت بە من خۆش نییە؟ ئەی ئەم هەموو دونیایەی کە بۆم خولقاندوویت, ئەوان منیان کردووە بە هیچ و خۆیان بوون بە زۆر شت بۆت!؟)).
ڤینۆس بە خەم ساردییەوە وتی :((نازانم, بەڕاستی نازانم تۆ چیت و کێیت بۆ من؟)). یەکەمین جارم بوو کە قسەیەکی ڤینۆس ڕۆحم داخ بکات و دڵم پارچە پارچە بکات. بەڵام هیچم نەوت, هیچ کاردانەوەیەکیشم بۆ پرسیارەکەی نەبوو. میهرەبانانە دەستیم گرت و ڕۆيشتین. لەگەڵ هەر هەنگاوێکماندا دار گێلاسێکی نوێ دەڕووا و لق و پۆپی هەڵدەدا و بەری دەگرت. بەشێوەیەکی سەیر دار گێلاس ڕووابوو, دەور و پشتی کۆشکەکە هەموو ببوو بە دارستانی دار گێلاس. لەپڕدا و بەبێ هۆکار بە ڤینۆسم وت :((چیتر بەسە, ئەم هەموو دارگێلاسانەت بۆ چییە؟ چیتر با نەڕوێن. گەر وا بڕوا ڕێگای گەڕانەوەمان بۆ کۆشک ون دەکەین!)). ڤینۆس پێکەنینێکی سارد سەر لێوی داپۆشی و وتی :((ئەوەندەی دارگێلاسەکان لێم تێدەگەن, کەس لێم تێناگات. ناهـ وازبێنە تکایە, پرسیارم لێ مەکە بۆچی من دارگێلاسی زۆرم دەوێت. لەبەر من پێویستە تۆش دارگێلاسەکانت خۆشبوێت, ئەوان هاوڕێی تەنیایی منن)). دەمزانی خەمێکی زۆر قووڵ بەرۆکی بەرنادات, هیلاکی دەکات و زیاتر لە منی دوور دەخاتەوە. هەر لەو ساتەوە زانیم کە چیتر منی خۆشناوێت, تۆ بڵێی هەرگیزیش منی خۆشویستبێت؟, نازانم.
دوور ڕۆیشتین, تاوەک گەیشتین بە تەپۆلکەیەکی بەرز کە بەسەر شانشینەکەدا دەیڕوانی. تەپۆلکەیەکی نەرم و نیان بوو, بە سەرکەوتنی کەسی هیلاک نەدەکرد. سەرتاپای بە سەوزایی داپۆشرابوو. لەسەر تەپۆلکەکە دانیشتین و قەڵەم و وەرەقەکانمم ئامادەکرد. هەر لەگەڵ دانیشتنماندا هەوایەکی زۆر فێنک و لەسەرخۆ هەڵیکرد و یاری بە قژ و جلەکانی ڤینۆس دەکرد. ڤینۆس عەزییەکی سپی لەبەردا بوو, پڕ بوو لە گوڵی سوور و سپی ورد ورد. قژێکی درێژ و خاوی زۆر جوانی هەبوو کە لەگەڵ هەوایەکی فێنک سەمای دەکرد و بە هەوادا دەچوو. ئەو زۆر جوان بوو, کیژۆڵەیەکی بچکۆلانە و ناسک, خواوەندێکی جوان و جاوید, کچێکی سەلار و هێمن, کاڵێیەکی مەست و قەشەنگ, بێرییەکی چوست و چالاکی پەپوولەکان, خانمێکی خانەدان بوو. جوانترین خەندەی بۆ کردم, هەر لەوێدا نیگاریم کێشا و بە پەلە خەندە خواوەندییەکەیم خستە سەر سنگی وەرەقەیەکی سپی. هەموو ئەوم لە قەڵەمەکەمدا کۆکردەوە و پڕ بەدڵ وێنەیم دەکێشا. ئەوە یەکەمین سات بوو کە خۆی ئاگاداری ئەوەبێت کە وێنەی دەکێشم, سەری سوڕما و باوەشی پیاداکردم. ماچی ڕوومەتمی کرد و پێی وتم خۆشمدەوێیت. قسەکانی لە گاڵتە و گەپ و درۆ نەدەچوون, بەو جۆرەش نەبوون دڵم خۆشبکەنەوە. دوای وێنەکە, تێکەڵی یەکتری بووین, بە شێوەیەکی مەست خۆشەویستییمان گۆڕییەوە و تێرمان لەیەکتری نەدەخوارد. ماچی لێویم دەکرد و لێومی دەگەزی, دەستم بە جەستە و ڕۆحیدا دەهێنا و لاوتر دەبۆوە, خۆمم پێوە دەسوو و جوانتر دەبوومەوە. ئەوە کۆتا سات بوو کە لە ڤینۆس نزیک ببمەوە, کۆتا سات بوو. دوای ئەوە چیتر پەنجەم بەر پەنجەشی نەکەوتەوە. بە شێوەیەک کە نەیدەویست لێم دووربکەوێتەوە, بە چاو و دڵێکی پڕەوە لەبەردەممدا هەستایە سەرپێ و وێنەکەی لەباوەش گرت و خستییە سەر سنگی, بەبێ هیچ شتێک بەجێی هێشتم و گەڕایەوە کۆشک. منیش بەدوایدا دەڕۆيشتم و تێبینی هەنسکەکانیم دەکرد کە لە دوورەوە فرمێسکیان پێ دەڕشت. سەیر بوو, هەر دڵۆپە فرمێسکێک بکەوتایەتە سەر خاکەکە گوڵاڵە سوورەیەکی گەش, سەری دەردەکرد و گەورە دەبوو. بەوەیا دەمزانی کە ڤینۆس دەگری و فرمێسک دەڕێژێت.
کاتێک گەڕاینەوە کۆشک وێنەکەی بە دیواری کتێبخانەکەدا هەڵواسی, سەد جار ئاوڕی لە وێنەکە دەدایەوە و دەیوت :((بۆچی ئەم وێنەیە زیاد لە هەموو شتێکی دیکە سەرنجم ڕادەکێشێت؟ تۆبڵێی سیحری ئەم وێنەیە لە چ سووچێکییەوە تەلیسم بهاوێ؟)). لەڕاستیدا سیحر و جاویدی ئەو وێنەیە تەنها خەندەکەی ڤینۆس بوو. بەجۆرێک مرۆڤی مەست دەکرد کە ڤینۆس خۆیشی پێی مەست  بوو بوو.

 

(5)
گەر بمزانیبا ڤینۆس پەل بۆ گەڕانەوە و دوورکەوتنەوە لەم دونیایەم دەهاوێ, زوو بە زوو ڕێگەم دەدا گشت هەسارەکە کاول ببێت و وەک مەلێکی تیژڕەو سەر باڵەکانمم دەخست و بە خێرایی دەمگەڕاندەوە ژیانەکەی خۆی. دڵی نەدەهات ئەم هەموو جوانییە جێبهێڵێت و نەشیدەتوانی خەون بۆ گەڕانەوە نەبینێت. ئەو کاتانەی لە عەمباری شەرابەکان و لەو ژێرزەمینە تاریک و چۆڵەدا دەکەوتە سەر زەوی و دەگریا, خاکی ژێر درەختە گێلاسەکان هەموو دەکەوتنە لەرزین. وەک منداڵی شیر لێبڕدراو دەگریان و دەبوایە ڤینۆس بە فرمێسکەکانی بڕۆیشتایە تێر و ژیریان بکاتەوە. گوڵە گیلاسەکان دەگریان و سەر ڕووی گێلاسە گەییوەکانیان تەڕ دەکرد. نمەی بچکۆلە بچکۆلەی شیرینیان لەسەر دروست دەبوو و ڤینۆس دەبوایە دانە دانە گێلاسەکانی بە سنگ و ملی خۆی بسووایە و وشکی بکردنایەتەوە. بانگی پەپوولەی جوانی دەکرد و هەمدیسان پەیامێکی پێدەنووسی و بە ڕەوە پەپوولەیەک ڕەوانەی زەویی دەکردەوە. هەمووکات ڕووی دەکردە پەپوولەی جوان و پێی دەوت :((بنووسە; نەفرەتت لێبێت ئازیزم. نەفرەتت لێبێت کە ڕووخسارت نایهێڵێت بە جوانیی و ئەفسوونيی ئەم دونیایە دڵخۆش ببم. نەفرەتت لێبێت کە ڕێگە نادەیت بەجوانیی خۆشمبوێیت و خۆشتبوێم. نەفرەت لە هەموو ئەو جوانییەت کە پەناهەندەی دونیایەکی خەیاڵیی و خۆشەویستییەکی نەخوازراوی کردووم. نەفرەتت لێبێت کە واتلێکردم ڕقم لە ئەستێرەکان و هەموو ئەو جوانییانەیان ببێت کە بە دەروونی مرۆڤێکی ئاشقی ئەبەخشن. نەفرەت لە هەموو ئەو خۆشەویستییەی بە ترس و ڕقەوە پێتدەبەخشم. نەفرەت… نەفرەت… نەفرەت…)).
ڤینۆس دەیان جار هەمان پەیامی بە پەپوولەکاندا دەگەیاند و بەهیوای گەیشتن بە دڵی کەسێکەوە ماڵئاوایی لە پەپوولەکان دەکرد. خەمبارانە بە شووشەیەکی پڕ لە شەرابی گێلاسەوە دەگەڕایەوە و لە تەنیشت سەرمەوە دەگیرسایەوە تاوەک چاوەکانی وشک دەبوونەوە سەیری منی دەکرد. خەبەری دەکردمەوە و خەندەیەکی سارد و دروستکراوی بۆ دڵە بریندارەکەم دەکرد, نەکا بە بێنازیی بمرێت و لەت و پەت ببێت. ئەمانە هەموو کۆتاییان هات, ڤینۆس ڕۆیشت و ون بوو. هەروەک ڕووناکیی خۆرێکی ئاوابوو کە لە دوورەوە و لەپڕدا دیارنامێنێت, دیارنەما و هەسارەکەی جێهێشت. تەنانەت تاڵە قژێکیشی جێنەهێشت تاوەک تاهەتایەک لە گەردنمدا بیشارمەوە. ئەوکاتەی بۆ کۆتاجار بە شەرابەکەی ئەو مەست ببووم و لە خەو هەڵسامەوە, گیانم دەلەرزی. هاوارم دەکرد و دەموت :((ڤینۆس تۆ لەکوێیت؟ تکایە من زۆر سەرمامە و پێویست دەکات گەرمم بکەیتەوە. ڤینۆس تۆ لەکوێیت؟ گوێت لە دەنگمە؟ ڤینۆس؟)). هەموو کۆشکی بۆ گەڕام, ڕاڕەو و ژوورە چۆڵەکان, عەمباری شەرابەکە کە خاڵی ببۆوە لە شەراب و نیوەی شووشەکانی شکابوون و نیوەکەی دیکەشی بە بەتاڵی لەو ناوەدا کەوتبوون, قوللە بەرزەکە کە لەکاتی گۆرانی وتنیدا بەسەریدا سەردەکەوت و لەگەڵ قژە بابردووەکانیدا پڕ بە هەسارەکە گۆرانی دەوت, پردی نزیک دەریاچە مەنگ و ڕەشەکە کە بە تەنها و بە بێزاری بەسەریدا دەهات و دەچوو, پشت قەدی هەموو دارە گێلاسەکان کە لە ژێریاندا و بە گریانەوە باوەشی پیادا دەکردن, تەپۆلکە ڕوو سەوزەکە کە وێنەکەیم لێ کێشا, ئەو لە هیچ شوێنێک نەبوو. تەزوویەکی ڕەش بە ڕۆحمدا چوو و لە پەل و پۆی کردم و بە زەویدا خستمی. نەمدەویست بیر لەوە بکەمەوە کە چیتر ئەو لێرە نەماوە و جێیهێشتووم. درۆم لەگەڵ خۆمدا کرد و گووتم :((ئەو لێرەیە, زۆر دوور ڕۆيشتووە و ڕێگای گەڕانەوەی ون کردووە. نەفرەت, من هەزار جار پێیم وت کە چیتر فەرمان بە ڕووانی دار گێلاسەکان نەکات. دڵنیام ون بووە و نازانێت لەکوێوە و جۆن بگەڕێتەوە کۆشک)).
کات زۆر تێپەڕی و من ئازایەتیی ئەوەم تیادا نەبوو کە بەدوایدا هەموو هەسارەکە بگەڕێم, دەترسام لەوەی درۆکەم ڕاست نەبێت و ئەو بەڕاستیی ئێرەی جێهێشتبێت. ماوەیەکی زۆر بەدیار تەپۆلکە سەوزەکە دار ئەرخەوانێکی گەورە و زەبەلاحم درووست کردبوو و لەژێریدا وێنەی هەسارەکەم دەکرد. ڤینۆسم بیر دەکەوتەوە و وێنەکەم لەت و کوت دەکرد و بە بام دەدا. دووبارە وێنەم دەکردەوە و دەمدڕاندەوە, وێنەم دەکردەوە و دەمدڕاندەوە… تاوەک بێزار بووم و پشیلەیەکی گورپەم بۆخۆم خولقاند. پشیلەیەکی درێژ بوو کە جەستەیەکی پڕی هەبوو. ڕەنگێکی سپی چلکن دایپۆشیبوو وەک بڵێی قوڕێکی هەزار ساڵەی پێوە کاڵ بووەتەوە و بەڵەک بەڵەکی کردووە. بە نێوان چاوەکان و سکیشیدا خەتی سوور هەبوون کە خوێنیان تیادا دەچۆڕی, خەتگەلێک بوون هەروەک جێی چنگی پڵنگ بە هەناو و نێو چاوەکانیدا هاتبوون و برینداریان کردبوو. هەرکات گریانم بهاتایە لێم نزیک دەبۆوە و سەر و سکی بە ڕوومدا دەهێنا و کلکی پیادا هەڵدەسووم. پشیلەکەم ناونا ‘گورگن’
ناوێکی تا بڵێی سەیر و چەپەڵ دیار بوو. بەڵام پشیلەیەک بوو کە بەهیچ جۆرێک کەس وەها خۆشی نەویستبووم, پشیلەیەکی خانەدان بوو. لەگەڵیدا دەستمانکرد بە گەڕان بەدوای ڤینۆسدا, شاخ دوای شاخ, دەشت و تەپۆلکەکان, گوڵستان دوای گوڵستان وەک دوو پەناهەندە دەگەڕاین و دۆزمان دەکرد. بە هەر دارە گێلاسێک بگەیشتینایە گوێمان دەنا بە سینەیەوە و گوێمان لە ترپەی دڵی گێلاسەکان دەگرت, بەڵکە ئەمان بە شوێنی ڤینۆس شادمان بکەنەوە و مژدەیەکی خۆشمان بدەنێ کە ڤینۆس بێرەدا تێپەڕیوە و ئەوەتا لە ژێر ئەو دار گێلاسەدا بە هیلاکیی خەوی پیادا کەوتووە, بەڵام ئەمانیش لە ترپەی دڵ کەوتبوون. جار جار بەدەم ماندووبوونەوە دادەنیشتین و سەیری ئەو خۆرەمان دەکرد کە ئاوا نەدەبوو. گورگن بە مڕی و منیش بە دڵێکی پڕەوە سەیری ئەو تیشکە ئاڵتوونییانەمان دەکرد کە لە دڵی ئەو هەموو پەپوولە ئاگر تێبەربووانەوە دەردەچوون و نێو چاوەکانمانیان پڕ دەکرد لە ڕووناکیی. لە چاومدا هەموو ئەو ڕووناکییە قەتیسخواردووە, گلیان دەدا و بەیەکدا دەچوون, بە فرمێسکێکی تەڕ و گەرم دەڕژانە نێو ڕوومەت و لێوەکانم و ڕوومیان ئاڵتوونيی دەکرد. گورگنیش بە سووکە ماچێکی زمان لێهەڵسووەوە دەم و چاوەکانمی تەڕ دەکرد و هەموو چڕوچاومی دەلێسایەوە. دەستێکم بە بن گوێیەکانیدا دەهێنا و ماچێکی سەر لووتیم دەکرد, هەموو گیانی دەخرۆشکا و مڕەیەکی جوانی دەکرد و دەیخستمە پێکەنین. دەستم بەسەر پشت و کلکیدا دەهێنا و پێیم ده‌گووت :((هەڵسەرەوە تەپۆ, جارێ لەکوێمانە. پێشم بکەوە و با بەدوای ڤینۆسدا وێڵ بین)).
دەمزانی من درۆ لەگەڵ خۆمدا دەکەم, بەڵام ترس لە پڕمەی گریان و ئەو هاوارە تۆقێنەرەی دڵمی داگرتبوو, نەمدەوێرا بەخۆم بڵێم ئەو ڕۆیشتووە و تۆی جێ هێشتووە, لێرە نەماوە و خوداش دۆزی ناکا. بەڵام وابوو, ڤینۆس دەمێک بوو هەسارەکەمی جێهێشتبوو و پشتی کردبووە هەموو ئەو جوانیی و خۆشەویستییەی بەر دڵیان نەدەگرت. ئەو هەر پەلی بۆ جیهانێکی بەد و تەنگەساز دەهاوی کە هیچی تیادا دەست نەدەکەوت جگە لە گریان و ناڵین.
(6)
وردە وردە دڵم لەوە حاڵی دەبوو کە دۆزینەوەی ڤینۆس لەنێو هەموو ئەو گوڵستانە جۆربەجۆرانە و دارستانە چڕ و پڕ گێلاسانە مەحاڵە. بە وێنای شایەکی دڵشکاو کە ساتێک نابێ شانشینەکەیان تەفروتونا کردووە و وێران بووە, دەمویست خۆم بگرم و نەگریم. گورگنم خستە نێو باوەشمەوە و پێیم وت :((با بگەڕێینەوە بۆ کۆشک و ملی خۆمان بشکێنین. ئەم خۆ هیلاک کردنە دادمان نادات و دڵمان تەنگتر دەکات. دەڕۆین و ئاوڕ نادەینەوە بۆ دواوە, ڤینۆس لێرە نەماوە تاوەک هاوارمان لێبکات و بڵێت “توخودا بەجێم مەهێڵن”. لێرە نەماوە تاوەک بە پەلەقاژە و ڕاکە ڕاک سەر و ملی خۆی بدا بە هەموو ئەو گوڵستانانەدا و دوامان بکەوێت)). تا زیاتر هەنگاومان بەرەو گەڕانەوە بۆ کۆشک دەنا, بۆنی گێلاس کەمتر و کەمتر دەبۆوە. بە زەحمەت دەمتوانی بۆنی ئەو گێلاسانە بکەم کە پێشووتر هەموو هەسارەکەیان پڕ کردبوو. وردە وردە هەموو ئەو درەخت و گوڵ و پەپوولانەی لە هەسارەکەدا هەبوون, لەو خاڵە سوورەی کە وەک برینێکی قووڵ سوور دەچۆوە, خوێنیان لێوە دەتکا و بەرە بەرە ڕەش هەڵدەگەڕان و دەمردن. ڤینۆس خۆی بۆ ئەم جێهێشتنەی ئامادە کردبوو, هەربۆیە لەسەر هەموو ئەو درەخت و گوڵانە فەرمانی بە پەپوولەی جوان کردبوو خاڵێکی سوور لەسەر سینەیان دروست بکات. لەکۆتاییدا گەڕاینەوە کۆشک, وەها خاڵیی و بێدەنگ بوو سڵم لێی دەکردەوە. هانام بۆ عەمباری شەرابەکان برد, تاوەک بتوانم بە تامی ئەوان ڤینۆس بهێنم بە ڕۆح و گیانمدا. بەڵام هەموو شووشەکان چۆڵ بوون و قەترە شەرابێک نەمابۆوە. خۆم دەخواردەوە و نەمدەویست بگریم و سەرم هەزار جار بە دار و بەرددا بدەم. بێ هیوایانە گەڕامەوە سەر تەپۆلکەکە و لەپاڵ دار ئەرخەوانەکەدا دانیشتم. دەستم کرد بە نووسینی پەیامێک بۆ ڤینۆس.
((وا بە هەسارەکەتدا گەڕ دەکەم. بەدرێژایی هەموو دونیا داری گێلاس ڕوواوە و لە نێوان گوڵەڕێزانی گوڵە پەمەییەکاندا هەموو شانشینەکەم زەرد هەڵگەڕاوە. خۆریش بە ڕۆیشتنت بێزارە و پەپوولەکانی حاڵ دەکەن, زەردتر لە جاران دەنوێننن و تیشکی بێزار بەسەر ئێرەدا دەبارێنن. وا لەباوەشی درەختێکی ئەرخەواندا چیرۆک دەنووسمەوە, سەرەتای پەڕەکەم تەڕدەبێت بە فرمێسک و دەیدڕێنم, بە بادا دەچێت و بەسەر درەختەکاندا پارچەکانی حاڵ دەکەن. لە پەڕەیەکی نوێدا ناونیشان دەنووسم و خواوەندی گوڵەگێلاس دەرگای چیرۆکێکی دڵ تەزێن بە ڕووی ئێرەدا دەکاتەوە. دەمەوێت دەستبکەم بە نووسین و دڵم دەلەرزێت, شێت دەبێت و پڕ بەم هەسارەیە دەگریم. هەرچەندە لێرە شەو دانایەت تاوەک بتوانم خەوم لێبکەوێت, سەرم دادەخەم و چاوم تاریک دەکەم. دەمەوێت سەیری ئاسمانێکی زۆر تاریک بکەم و لێی بڕوانم, ئاسمانێک کە وردە ڕووناکيی بەناویدا لەمسەر تا ئەوسەر پەرش و بڵاوبوونەتەوە و بۆیەکتری دەسووتێن. لە تاک بە تاکی ئەو ڕووناکییانە ورد ببمەوە و لەخۆم بپرسم تۆبڵێی ئەم ڕووناکییە لە چ گەلە ئەستێرەیەکی ئاشقەوە پەل بهاوێ؟ ئەی ئەو ڕووناکییەی دیکە, تۆبڵێی هی چ هەسارەیەکی زۆر زۆر تەنها و بێکەس بێت کە بەدەوری خۆی و بەدووی ئەوانی تردا حاڵ دەکات.
بیرم دەکردەوە ئەم هەسارەیەی کە منی تیادا ون و بێکەسم, تۆبڵێی خۆیشی چەندێک وێڵی هاوڕێیەک بێت و بەدوای چ گەلە ئەستێرەیەک کەوتبێت. نەک خودی خۆم, بەڵکوو هەموو دونیام بە ونيی و بێکەسیی دەهاتە بەرچاو. لە بیرکردنەوە دەوەستام و لەخۆم دەپرسی, تۆبڵێیت بەڕاستیی وابێت؟ تۆبڵێی لە هەسارەیەکی وندا ونبووبم. تۆبڵێی کەسمان کەس نەدۆزینەوە تاوەک سکاڵای ناو دڵمانی بۆ بکەین. بەڵام کە چاوم دەکردەوە, لە ئاسمانێکی شین زیاتر هیچی دیکەم نەدەبینی, نە ئەستێرە نە ڕووناکی نە ئاسمانێکی زۆر زۆر تاریکم دەبینی. تاوانی من چییە کە تەنها ئەو چراخانە دەتوانێت دڵم خۆشبکات, کە شەوانە ئاسمان وەک بووک دەیپۆشێت. دەی خۆ من باوەڕم وابوو ڤینۆس تاهەتایەک بۆم دەمێنێتەوە. چ مرۆڤێکی بێوەفا بووم بەرامبەر ئاسمان و ئەو هەموو ئەستێرەیە کە ڕەنگێکی شینم بە ڕوویاندا هێنا و هەموویانم لە خۆم ون کرد. درۆیە, مرۆڤ خۆشیی و جوانیی لە هەرشتێکدا بەدی بکات هەرگیز جێی ناهێڵێت. بەڵام تۆ خواوەندێک بوویت, پەلت بۆ ناشرینییەکانی دونیایەک دەهاویشت کە جوانییەکەی خۆتیان لەبیر هێنابوویتەوە. بەڵام من چی بکەم؟ کەسێکی ناشرین و بەدی وەک من لەم دڵە تەڕ و خوێناوییە زیاتر چی تر شک دەبات لەناو ئەم هەموو گەردوونە ئەفسانەییەدا کە بە دەوری هەسارەیەکی تاقانە تەواف دەکات و خول دەخوات؟… هیچ, ناتوانم هیچ شک ببەم. دەمەوێ تامی سووراوەکەت و لێوت, لەیەکتری جیابکەمەوە. لە نێوانیاندا بوەستم و دەستم لە هەردوکیان بدەم, بە جیا هەریەکێکیان بە لێومدا بهێنم و چاوەکانم دابخەم. بە ڕۆحم دیاری بکەم کامیان بەڕاستیی تامی ماچی تۆ دەدات, لێوت یاخود سووراوەکەت. وەها تامەزرۆی ماچێکم, دەمەوێ هەموو سووراوەکەت بخۆمەوە و قەترە بە قەترەی نێو هەناوم ئاڵ بکاتەوە, لەناومدا تێکەڵی خوێن و هەناسەم ببێت و تا ئەبەد بۆنی ماچی تۆم لێبێت. سوپاس, سوپاس بۆ یەکەمین ماچی ژیانم, ماچێکی ئەفسانەیی لە خواوەندێکی بێ نازەوە. هەرگیز بیرم ناچێت چۆن بە سۆزی منداڵێکی تازە لەدایکبووەوە باوەشت بۆکردمەوە و ماچی نێو لەپی دەستەکانت و نێو چاوانتم کرد. پڕ بە ڕۆحم باوەشم پیاداکردیت و دونیام لە باوەشمدا کۆکردەوە. وێنەم دەکێشایت و بەدیار چیرۆکەکانمەوە پێدەکەنیت و خۆت کۆتاییەکەیانت تەواو دەکرد)).
(7)
دونیا تا دەهات تاریکتر دەبوو. وردە وردە ئەو عەزییە شینەی لە بەری ئاسمانی هەسارەکەدا بوو, دەسووتا و پارچە ئاگری ورد ورد بەسەر هەسارەکەدا دەبارین. ئاگرەکان لەسەر درەختی گێلاسەکان دەگیرسانەوە و بە هێمنی گڕیان لە لق و پۆپ و گەڵاکان بەردەدا. هەر وەک مۆم, درەختەکان گڕیان تێبەردەبوو و بە هێمنی و لەسەرخۆ دەسووتان. بە داخەوە بووم بۆ هەموو ئەو جوانییەی لەپڕدا و بە شێوەیەکی تۆقێنەر فەنا دەبوو, دەگریام و هاوارم کرد. بۆ یەکەم جارم بوو هاوار بۆ خوا بکەم و بڵێم :((بۆچی؟ بۆچی دەبێ هەموو خۆشەویستییەک, بەد و ناحەز بێ؟. بۆچی ڕقت لە ماچێکە کە لە تەزوویەکی نەرم وخۆشحاڵ زیاتر هیچی دی بە ڕۆحدا ناهێنێت؟)). پێکەنینم بەو پرسیارانە دەهات, چونکە دەمزانی خودا هیچ وەڵامێکی بۆیان نابێت. ئەمجارە هاوارم کرد و بانگی پەپوولەی جوانم کرد. پەپوولەی جوان, بەباڵە ئاگر تێبەربووەکانییەوە گەیشتە لام و سەرتاپای نوقمی ئاگر ببوو. لەبەردەممدا دەیویست بنیشێتەوە و گورگن وەک پشیلەیەکی ماڕس و هاروهاج پەلی بۆ دەهاویشت و دەیویست بیگرێتەوە. پەپوولەی جوانیش لەترسی ڕۆحی, باڵە سووتاوەکانی زیاتر دەکردەوە و دایدەخست و زیاتر گیانی دەدا. گورگنم خستە باوەشمەوە و هێورم کردەوە, ڕوومکردە پەپوولەی جوان و پێیم گووت :((پەپوولەی جوان, دەزانم کە ڤینۆس ڕۆیشتووە و ئێرەی جێهێشتووە. زۆر بە داخەوەم کە نەمتوانی بە ڕاستيی خۆشمبوێت و جوان بم بۆی تاوەک لێرە هەڵنەیەت. ئێستا پەیامێکت دەدەمێ کە پێویست دەکات بیگەیەنیتە ڤینۆس. بەڕاستيی تۆ تاکە بوونەوەری لەم دونیایەدا کە ئێستا بزانێت ڤینۆس لەکوێیە. تکا دەکەم پەیامەکەم بە ڤینۆس بگەیەنە و پێی بڵێ کە زۆرم خۆشدەوێت)). پەپوولەی جوان ویستی قسەکانم ببڕێت و داوا بکات ئەو کارەم بۆ ئەنجام نەدات. بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەوەی کە پێویست دەکات ئەم پەیامەم بە ڤینۆس بگەیەنێت. پەپوولەی جوان پێش ئەوەی پەیامەکەم بفڕێنێت و بیگەیەنێتە ڤینۆس, پێی وتم :((خاوەن فەرمان, تۆ چی بڵێیت من ئەوە دەکەم. بەڵام من دەمویست لەگەڵ سووتانی ئەم هەسارەیەدا بسووتێم و ببمە خۆڵەمێش. پێش ئەوەی پەیامەکەت ببەم و دیارنەمێنم, پێویست دەکات چەند شتێکت پێبڵێم. ڤینۆس پێش ئەوەی بڕوات نامەیەکی بۆتۆ جێهێشت. نامەکە لە کتێبخانەکەدا و لەپشت وێنەی خەندەی ڤینۆس شاردوویەتییەوە. پێی وتم کە هەرکات پێویستی کرد بەتۆی بڵێم و تۆش نامەکە بخوێنیتەوە. پێیشی وتم کە شتێکی دیکەشی لەناو گوڵدانەکەدا شاردووەتەوە کە پێویست دەکات ئەویش بدۆزیتەوە. ئێستا من دەڕۆم و پەیامەکە دەگەیەنم, هیواداریشم ئاسوودەبی بەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان جوانترین خواوەند خۆشەویستی تۆ بووە. ئەوەش بزانە کە من زۆرم خۆشویستن, زۆر زۆر. ماڵئاوا جوانترین و میهرەبانترین شای دونیا)).
پەپوولەی جوان بەدەم هەڵگرتنی پەیامەکەوە فڕی و تا بەرزتر دەفڕی بچوکتر و بچوکتر دەبۆوە, تاوەک دیار نەما. کارێکم کرد کە تا خنکانم, بە داخەوە قوڵپەی گریانم بۆی دەهات. گورگنم هەڵگرت و بەیەکەوە ڕۆیشتین بۆ دەریاچە مەنگەکە. کاتێک لێی نزیک بووینەوە, دیمەنێکی زۆر ئەفسانەیی هەبوو. هەزارەها ئەستێرەی بەندکراو لەناو دەریاچەکەدا بەند کرابوون و دەگریان, تیشکیان دەهاویشت و هاواریان دەکرد. لە کۆمەڵە کلیلێکی سپیی پیانۆیەکی شکاو دەچوون, کە بە ئاوێکی تاریکدا پەرتەوازە بوون و داخێکی گەورە هەموویانی لەیەکتری جیاکردووەتەوە. لە ژیاندا, هەرشتێک بشکێت سوودی نامێنێت, پێویست دەکات بگۆڕدرێت, چ دڵێکی پڕ خوێن بێت یاخود کۆمەڵە ئەستێرەیەکی وەها بێناز و ڕەنگ پەڕیو. چاوەڕوانی ئەوەبوون پەنجە بەسەر لێو و ڕوویاندا بهێنم و بکەونە خوێندنی ئاواز, بەڵام بە زەحمەتیش هەناسەی گڕاوییان دەدا و قسەیان دەکرد. ئاهـ چ بەندین خانەیەکی ئەستێرەکان بوو, هەموو هاواریان دەکرد ((ڤینۆس ئێمەی بەند کرد, ڤینۆس بوو. ئەو ڕقی لە ئەستێرەکان دەبۆوە و لە جوانیمان هار دەبوو)). هاوارم بەسەردا دەکردن و بە توڕەییەوە دەموت :((دەمتان دابخەن! ئەوە باسی چی دەکەن. ئەو خواوەندی جوانییتان بوو, ئەو جوانیی بەسەر هەموو دونیا و ئێوەشدا باراند. دەمتان دابخەن تاوەک پێم دانەخستوون)).
خەندەیەکی تۆقێنەری سارد و سپییان کرد و دانە دانە ون بوون. هەر لەو کاتەدا خراپترین کارم کرد کە تا ئەبەد و بە مردووییش پەڵەیەکی ڕەش دەبێت, کە بە دەور و خولمدا وەک تارماییەکی ڕەش دێت و دەچێت. گورگنم خستە نێو دەریاچەکەوە و خنکاندم, خۆشەویستترین هاوڕێی خۆمم خنکاند. ئاوڕم لێی نەدایەوە و نەمزانی چۆن خنکا. بەدەم هاوار و خۆ ڕنینەوە گەڕامەوە کۆشک و بە شێتیی دەرگای کتێبخانەکەم کردەوە. وێنەی خەندەی ڤینۆسم لە چوارچێوەکەیدا دەرکرد و پە چرچ و لۆچی خستمە گیرفانمەوە. نامەکەشی بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو, خستمە گیرفانمەوە و نەمخوێندەوە. بە پەلە پەل, گۆزەکە گەڕام و شووشەیەک شەرابی گێلاسم تیایدا دۆزییەوە. هەروەک ئەو چەتە دەریاییانەی کە دورگەیەک لە زێر و گەوهەر دەدۆزنەوە, ئاوها پێکەنیم و هاوارم کرد. بەرەو دەرەوە ڕامکرد و شووشە شەرابەکەم بە دەستەوە بوو, سەیری ئەو هەسارە سووتاوەم دەکرد کە سات دوای سات گڕ و تینەکەی بەرزتر دەبۆوە. پڕ بە ڕۆح و دەمم هاوارم کرد ((شەرااااب, شەرابی گێلاسی دیکە. هۆۆ کێ گوێی لە دەنگمە؟ گوێتان لێمە؟ دەڵێم شەرابم دۆزییەوە شەراب. تام و ڕۆحی ڤینۆس ئا ئەوەتا لێرەدا خۆی شاردووەتەوە)).
زۆر شێتانە هاوارم دەکرد و بەدەم فرمێسکەوە سەمام دەکرد و پێدەکەنیم. بەڕێکەوتم بەرەو کۆتایی هەسارەکە, ئەو کۆتاییەی کە سەرەتا من و ڤینۆس لەوێوە گەیشتینە هەسارەکە. کۆتاییەک و دەروازەیەکی هێندە زەبەلاح بوو, گەر هەزاران دێوی زل زلت بخستایەتە سەر یەکتری نەیاندەتوانی پڕی بکەنەوە. بۆ کۆتا جار سەیری هەسارەکەم کرد, بینیم جوانترین خەیاڵ و هەسارە کە بۆ خواوەندێکم خولقاند چۆن وا دەسووتێت و لەناودەچێت. زۆر گریام, بۆ ڤینۆس گریام چونکە لە چەشنی ئەو کچانە بوو کە دەبوایە بۆی بگریایتایە چونکە دڵت نەیدەتوانی لەو بەرزییەوە پێی بگات. دەگریام بۆ ئەوەی چۆن بتوانم ئاوها خواوەندێکی دیکە و بە ئاستی جوانیی ڤینۆس بدۆزمەوە. بەڵام من بێ هیوا ببووم, ئەوەش وایکرد کە بەڕاستی بوونم گرنگیی نەمێنێت. دەمویست بیر لەوە بکەمەوە گە بگەڕێمەوە بۆلای ڤینۆس و هەموو شتێک لەلای جوان بکەمەوە. بەڵام ئەو بەو بیرکردنەوەی کە خۆی هەیبوو, بەدوای ڕزگارکەرێکدا دەگەڕا نەوەک خۆشەویستێک. تەنها دەیویست ئەو بیرکردنەوە و کەسانە لەناوببات کە دەیزانی ئەستەمە بەدەستیان بهێنێت. ئێستا سوودی چییە کە وا من بێ کەس و لانە دەبم و ئەویش دەگەڕێتەوە نێو ژیانە نەفرین لێکراوەکەی.
(8)
 پرسیار دوای پرسیار مێشکمیان دەتەنییەوە, لەخۆمم دەپرسی بۆچی ڕۆیشت و لێم دوورکەوتەوە؟ ئاخۆ ئەو گۆرانییە ئێمەی بەیەکتر گەیاند کە لە دڵی هەردوکماندا دەنگی دەدایەوە یاخود ئەو چیرۆکە هەڵقوڵاوانەی ناو دڵم بوون منیان لای ئەو جوان کرد, لەوانەشە هۆکاری گەڕان بەدووی سووچێکی بچکۆلانەی دڵێک وایکردبێت هەردوو بە پەلەقاژە خۆمان هەڵدەینە نێو دڵی یەکتری.
وەک سەربازێکی دۆڕاو, ئەژنۆیەکم چەقاندبووە خاکێکی ڕووت و ئەوی دیکەیانم لە بەردێکی ڕەق دەخشاند. وا هەستم دەکرد شێت دەبم و چاکدەبمەوە شێت دەبم و ناتوانم چاک ببمەوە. نەمدەتوانی دەست بەسەر دڵ و گیانمدا بگرم, دەمویست دڵم بە ئازار خۆشببێت بەڵێ ڕێک وەها, ئازار دڵم خۆشبکات. هەر وەک چۆن شێتێک کە ساتێک نابێت لە شێتخانە و هەموو ئەو سەگ و تەلبەنانەی دەوری ڕایکردووە, دڵی دەخورپێت و شتگەلێکی جانەوەرانە و ترسناک دەبینێت, شاخێکی ڕەش و زەبەلاح لەبەردەممدا دروست دەبوو. تیشکی مانگیش بە خێرایی خۆی دەکرد بەنێو فرمێسکەکانمدا و دەبوو بە هەزار ڕەنگ و پارچەوە. ئەو هەزاران ڕەنگ و ڕووناکییە گرمەیەکی وەهای دەهات, ناڵەیان لە ڕۆحم دەدا و سینەم لەت و کوت دەبوو. هەر ئەو مانگە سپی و گەشاوەیەی بە میهری ڤینۆسەوە دەیڕوانییە چاوەکانم, پەڵەیەکی ڕەش, هەروەک قەترە خوێنی داوەشاو, ڕووی ڕەش دەکرد و وەک ساتی سەرەمەرگ ڕووی وەرگەڕاند و ون بوو. سەر ئەژنۆکانم هەمووی خوێن بوو, پێستی قاچ و ڕووی لێو و چاوەکانم هەمووی بە نینۆکم ڕووشابوون. نەمدەزانی بۆ ئازاری خۆم شین بکەم یان بۆ نەمانی ڤینۆس بگریم. تەنیایی ئاوا لە مرۆڤ دەکات, هەموو جوانیی و خۆشەویستییەکت لەبیر دەباتەوە. چەندێک دڵم خۆشبوو, جوانیی ڤینۆس وەها زۆر و مەزن بوو هەستم دەکرد کە تا ئەبەد بەسەر خەم و ناخۆشیمدا زاڵ دەبێت و هەرگیز ون نابمەوە, بەڵام لەو ساتەی کە هەموو شتێک لەدەست دەدەیت, هەرچی خۆشەویستیی و جوانیی هەبووە, چیتر ناتوانن دڵت خۆشبکەن. هەروەک بڵێی هەرگیز نە کەس تۆی خۆشویستووە, نە هەرگیز خۆشەویست و جوان بوویت. تەنیایی خۆت و هەمووشتێک دەکوژێت, تەنیایی لە کۆتا ساتدا لە خۆشەویستیش بەهێزترە. دەمەوێت خۆم ببەزێنم و هەر زوو نەمێنم. ئەژنۆ خوێناوییەکانم بە ئاگری ئەم تاریکییە بهاڕم و لەم جێیەدا لەگەڵ هەسارەکەدا بسووتێم. پێش ئەوەی بمرم، دەمەوێت دەنگت لە گوێیەکانمدا بزرنگێتەوە و مێشکم ئاسان و دڵم خۆش بکات. دەمەوێت بێیتە تەنیشتمەوە و دەستت لەناو دەستم و دووبارە گۆرانیم بۆ بڵێیتەوە، ئەو هەناسە گەرمانەم بەبیر بهێنیتەوە کە بە لێوارەکانی دڵمت دەهێنایەوە و وردە ماچی ئەو دڵۆپە خوێنانەت دەکرد کە ڕۆژانە دەهاتن و گۆرانیت بۆ دەوتن. پێش ئەوەی بمرم دەمەوێ بارانی چاوت بەسەر دڵ و گیانمدا ببارێنیت. وە گەر دڵی خاڵییم دایە پڕمەی گریان، گوێیەکانم بگریت و گوێم لە هەناسەی سارد و هەنسکی خوێناویی خۆم نەبێت. خۆشمویستیت, وە تاوەک ئەو کاتەی ئاسمانیش شیوەن دەکات و ئەم دونیایە بە بۆران و ئاگر دادەپۆشێت بۆ ئەو هەموو جوانیەی بە من و ئەم هەسارەیەت بەخشی, خۆشمدەوێیت. خۆشمدەوێیت تاوەک کۆتا پەڕەی گوڵێکی سووتاو کە بەر جەستە و سەر سنگم دەکەوێت و دەمسووتێنێت و وا دەکات ئێرە جێبهێڵم و ون ببم. ئەوکاتەش ڕۆحم خۆشیدەوێیت کە چیتر بوونم نەماوە و ناتوانیت بمبینیتەوە. من هەمووکات تۆم خۆشدەوێت. کاتێک دەستەکانم بۆ هەر جوانییەک درێژ بکردایە پارچە پارچە دەبوو و نەدەما. هەر جوانێک لێم نزیک بکەوتایەتەوە هەر زوو وێران دەبوو, بۆیە من لێرەم. ئەوانەی ناشرینن هەمیشە پێویست دەکات دوور و ون بن, نە خودا نە کەس ئاگای لێیان بێت, بۆیە من لێرەم. باوەڕ بەوە دەکەم کە من زۆر لەوە ئازاتر و جوانتربم کە لەم بەهەشتە سووتاو و جوانەدا بمێنمەوە. دەزانم کە لەوە بەتواناترم هەنگاوی داهاتووم نەنێم و لە مردن بترسم. من لەوە ئازاتر و چاونەترسترم کە باوەشی مردن جەستەی ساردم گەرم نەکاتەوە. دەزانم لەوە ترسنۆکتر و گرینۆکترم کە بتوانم سەیری سووتانی ئەم هەموو گوڵ و جوانییە بکەم. دەتوانم هەنگاو بنێم, بەم سووتاوییە, بەم کاتی سەرەمەرگ و ئازارە, ئێرە زۆر لەوە جوانترە کە شایەنی منبێت. گەرچی دەشزانم لەوپەڕی دونیا و لە هەرکاتێکدابێ, بیری خۆشەویستییم دەکەیت, بیری ئەو ڕۆحەم دەکەیت کە زۆر لەخۆم جوانترە. دەزانم گەرچی بۆ یەک ساتی بچوکیشبێت, دڵت خورپەیەک دەکات و خەیاڵێکی شیرینی من دەکەیت. گرنگ نییە چەندێک دەترسم, گرنگ نییە چەندێک بیری جوانیی و خۆشەویستیی دەکەم. هەموو ڕێگایەک پێویستی بە هەنگاو هەیە, گەرچی چەندێکیش سەختبن. دەمەوێ ئازار کۆتایی بێت, یارمەتی لە مردنیشەوە قبووڵ دەکەم. ئەژنۆم هەڵدەگرم, هەنگاودەنێم و دەڕۆم.
(9)
هەسارەکە بەجۆرێک دەسووتا لە جهەنەمێکی شیرین دەچوو کە دڵی نەدەهات خۆی بسووتێنێت. سێبەری ئەو هەموو گوڵە گێلاسە سووتاوە بەسەر سەرمدا تێدەپەڕین, یاریان لەسەر دەموچاوم دەکرد و وەک دەریایەک کە بە نەرمی شەپۆل دەدا ڕوومیان پەڵە پەڵە دەکرد. بۆ کۆتا جار پڕ بە سینەم بۆنی ئەو هەسارەیەم کرد کە ڕۆحی گێلاسەکانی تیایدا دەسووتا. ماچێکی خاکەکەیم کرد و خۆم خزاندە نێو گەردوونێکی خاڵیی. هەر لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە هەسارەکە, بە خێراییەکی ناوازە هەسارەکە لێم ون بوو. هیچ هەناسەشم بۆ نەدەدرا و نەمدەتوانی گوێم لە دەنگ و هاوارەکانم ببێ کە لە دەممەوە دەهاتنە دەرەوە. بینیم سەدان نامە وا لەو گەردوونەدا مەلە دەکەن و بەدوای یەکتریدا دێن و دەچن. لەنێوان ئەو نامانەدا نامەکەی خۆمم دۆزییەوە کە بە پەپوولەی جواندا ناردبووم تاوەک بگاتە دەستی ڤینۆس. هەر لەو کاتەدا بۆم دەرکەوت کە ئەو پەپوولە و گوڵ و درەختانەی لەسەر هەسارەکە بوونیان هەبوو, نەیاندەتوانی بچنە دەرەوەی هەسارەکە و هەر لەگەڵ جێهێشتنی هەسارەکەدا دەبوون بە خۆڵەمێش و ون دەبوون. بەوەیا زانیم کە بە درێژایی ئەو هەموو کاتە ڤینۆس پەیامی بۆ کەسێک دەنارد بە نهێنی و ترسەوە. نەمدەویست نامەکان بکەمەوە و بزانم چی تیادا نووسراوە, بەڵام ئەوەی ویستم بیکەم ئەوەبوو کە نامەکەی ڤینۆس بکەمەوە کە لە پشت وێنەکەیدا شاردبوویەوە. نامەکەم کردەوە و نامەیەکی کورت و ورد دیار بوو. ((میهرەبان, ئەوکاتەی ئەم نامەیە دەخوێنیتەوە, هەموو شتێک کۆتایی هاتووە. من لە هەسارەکەتدا بوونم نەماوە و ناشزانم تۆ چی دەکەیت. خۆشمدەوێیت بەهێندەی هەموو ئەو جوانییە ئەفسووناوییانەی کە بە هەسارەکەمانت بەخشیوە. ببورە کە بە تەنها بەجێتدەهێڵم, بەڵام خەم و گرییانەکانم ڕێگە نادەن بەپێی پێویست و زیاتر لە زۆر خۆشمبوێیت. دڵنیا نیم گەر زیاتر لێرە و بەدیار ئەو خۆشەویستییە زۆرەی پێمدەبەخشیت بمێنمەوە, هەموو شتێک چاکدەبێتەوە. دڵنەواییشم بۆ دڵ و ڕۆحە بێنازەکەت دادت نادات. دەترسم لەبەردەممدا و لەپڕ پێمبڵێیت خۆشم ناوێیت, چونکە من بەرگەی ئەوە ناگرم دڵی یەکێک بشکێنم و هەر زوو وەک گوڵێکی ناسک بەهۆیەوە دەژاکێم. دەزانم بە جێهێشتنت و دوورکەوتنەوەم, دڵت دادەخورپێت و فرمێسک لە چاوەکانتدا نامێنێت تاوەک بۆم نەڕێژیت, بەڵام ناتوانم لەبەردەمتدا بەردەوام بگریم و هۆکاری گریانەکەمت پێنەڵێم. هەربۆیە ڕۆیشتنم بە چارە دەزانم و کوشتنی ئەم ئازارە گەورانەی پێتدەبەخشم باشترین شتە. بیری هەموو ئەو خەندە و قسانە دەکەم کە بە میهرەوە بۆت دەکردم. وا ئێستا بەرەو درەختی گێلاسەکان دەچم و سات دوای سات ئاوەڕ لە کۆشک دەدەمەوە و هیوای مەستبوون و خەوێکی خۆشت بۆ دەخوازم. ئێستا دەچم و لە ڕۆحی جوانترین درەختی گێلاس کە لە هەموو درەختەکان نازدارت و جوانترە شەرابێکی پڕ هەناسە و ڕۆحمت بۆ دەگرمەوە. شەرابەکە دەخەمە نێو گۆزەی گوڵاڵەکان و دەیشارمەوە. بۆ کۆتا جار, کە خۆشت بێئاگایت لێی, دەم دەنێم بە دەمتەوە و بە خێرایی ماچت دەکەم. دەزانم کۆتا جار دەبێت کە تۆی تیادا دەبینم و بە چاوێکی ترساو و پڕ فرمێسکەوە ماڵئاواییت لێ دەکەم. هیوادارم بمبووریت, تکایە بمبوورە. تەنها دەڵێم, خۆشمویستیت)). هەستم بە هیچ نەکرد, ئەوەندە هاوار و زارم کردبوو, ئەوەندە گریابووم تەنانەت هەستەکانیشم نەیاندەتوانی یاری بکەن. وردە وردە ڕۆحم بەرەو دەرچوون دەچوو و سینەم زیاتر قەپات و تەنگ دەبوو. ئەو شەرابە جاویدەی وەک وەنەوشە ڕەنگی دەدایەوە, کردم بە هەموو سەر و گیانمدا و خۆم نوقمی شەرابەکە کرد تاوەک کە مردم جەستەم بۆنی گیلاس و ڤینۆسی بێت و فریشتەکان کە ڕەوانەی خودایان کردم, بە خودا بڵێم کە خواوەندی من چەندێک بۆنی خۆشبوو, چەندێکیش لە هەموو فریشتەکانی ئەو جوانتر بوو. ئەو نامەیەی کە ئامادەم کردبوو بگاتە ڤینۆس, کردمەوە و بە دەنگی بەرز و پڕ بە هێز خوێندمەوە و بە هەموو گەردووندا هاوارم دەکرد و ڕووم بە هەموو شوێنێکدا وەردەگێڕا. بەدەم خنکانمەوە بۆ ئاسمانم خوێندەوە. بەڵکو ڕۆژێک بێت و لەگەڵ ئەو تیشکانەی لەخۆرەوە دەگەنە سەر زوڵفی, دەنگمی پێبگات و قەترەیەک فرمێسك بۆ مردنم بڕێژێت. ((خواوەندەکەم, ئێستا زیاتر لە هەموو کات بیرت دەکەم. خۆزگە دەمتوانی بۆ کۆتاجاریش بێت چاوم بەو گوڵستانە جوانەی چاوت بکەوتایەتەوە. ئێستا زۆر تەنیام لە هەسارەکەماندا, زۆر تۆقێنەرە لەناو ئەم گەردوونە گەورەیەدا تەنها و بێدەنگ بیت. مانگێکی نامۆ وا بە شەرمەوە لەو ئاسمانە شینە پاکەی کە وردە وردە تاریک دەبێت و دەسووتێت دەرکەوتووە و ڕوویەکی ناسک و جوانی تێکردووم, خۆزگە لێرە دەبوویت تاوەک ئەم هەموو جوانییە ببینیت. هەست دەکەم لەبەر خەم و فرمێسکەکانم دەرکەوتووە, لە گەردوونێکی زۆر دوورەوە هاتووە و شەرمنانە چاودێری ئەو فرمێسکانەم دەکات کە بە ڕووناکییەکەی تیشک دەدەن و دەیەوێت دڵی خۆیم بداتێ پێش ئەوەی کۆتاییم بێت. نەخێر نامەوێت هەموو ئەم جوانییە کۆتاییان بێت, ئەم هەموو پۆلە پەپوولە وردانەی بەسەر سەرمدا کە لەپڕدا وەک تۆ دێن و ون دەبن, ئەم هەوا نامۆیەی وەک گورگێکی پیر دەلوورێنێت و خۆی بە چاوە تەڕەکانم و نێو لەپی دەستم دەدات, ئەم هەموو درەخت و گوڵە گەشانەی باوەش بۆ ئاگر دەکەنەوە و سەرمەستانە دەستبەرداری ژیان دەبن, لەکۆتاییشدا ڕۆحی خۆم کە ژان و شین بۆ مردن دەکات و پەل و پێم بەرەو فەنابوون ڕادەکێشێت. پڕ بە دڵم بیری هەورەکان دەکەم, بیری ئەو کاتانە دەکەم کە بەدیاریانەوە گۆرانیم دەوت و بۆ ساتێک دەیانخستمە گریان, خەیاڵم دەکرد وەک هەڵۆیەکی تیژڕەو و لاسار بەناو هەناویاندا بفڕم و لەگەڵیاندا یاری بکەم. کاتێک هەست بە نزیکبوونەوەی مردن دەکەیت, هیچ شتێک نرخی نامێنێت. تەنانەت ئەوکەسانەی کە خۆشیشمان ویستن هەست بە بوونیان ناکەین. جێی پێکەنینە لە هەمان ساتدا چەندین مرۆڤ هەن کە پێدەکەنن و چێژ لە ژیان وەردەگرن, تۆش بەدەم گەردوونێکی خاڵییەوە بەرە بەرە دەخنکێیت و ژان دەکەیت. هەروەک شاخە زۆر دوورەکان کە بە سەراب دێنە بەرچاوت, ئاوها ژیان لێت دووردەکەوێتەوە و خۆت دەدەیتە نێو باوەش و دەستی هەوایەکی نامۆ لەناو بۆشاییەکی گەورەدا کە بەرەو فەنابوونت دەبات. بە هێندەی بیرکردنەوە لە دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستان و ژیان لە کاتی ڕۆح دەرچوونتدا, مردن ئازاری نییە. تۆ نازانیت چەندێک ئازاربەخشە هەموو ئەو ئاوازی مۆسیقایانە بەجێبهێڵیت کە ژیانت بەهۆیانەوە جوانتر بووە, ئەو کەسانە جێبهێڵیت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێیان وتوویت خۆمشدەوێیت, ئەو هەستە ناوازەیە جێبهێڵیت کە لەکاتی گەشتێکی بچووک بەناو دەشت و دارستانێکدا پێی دەگەیت, باوەشە گەرمەکانی دایکت چیتر پێت ناگەنەوە و ناتوانیت پێکەنینەکانی باوکت ببینیتەوە, ناگەیتەوە بە هەناسەدانێکی دیکە بۆئەوەی هیچ نەبێت بە درۆش بەخۆت بڵێیت من دڵم خۆشە, دواتر بمریت)).

حسن فلاح
بەهاری ٢٠١٧

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین