به‌كر عه‌لی - له‌پشتیه‌وه‌ مه‌زاری برتۆڵدا برێخت و ڤایگلی هاوژینی

سوبێکتی غەمبار


Loading

 سەختترین شۆک بەر خود بکەوێت مردنی خۆی نییە، بەڵکو مردنی کەسێکی ئازیزێتی، لێجیابوونەوەی ئەو سوبیەکتەی ترە کە هەر خودێک لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە. لەڕاستیدا  خودی پەتی و ڕەها بەشێوەیەکی ڕیالیستی لەهیچ شوێنکاتێکدا بوونی نییە، چونکە هەموو خودێک خودێکی تری هەڵگرتووە. لێرەوەیە هەموو خودێک لەخۆیدا بریتییە لە بابەتێک، واتە هەموو منێک بریتییە لە ئەوانیتر، هەموو سوبیەکتێک بریتییە لە ئۆبیەکت لەخۆیدا.  خودی پەتی شتێکی وەهمی بێ بنەمایە، من بونەوەرێکە هەڵگری چەندەها من و بەها و پێوەری ترە، لەبەرئەوەیە پسایکۆلۆگیا (ده‌روونزانی) دروست بووە تا ئەم هەناوە پڕ لە سوبیەکتە.  دروستتر بڵێم؛  ئەم سوبیەکتە پڕ لەسوبیەکتە شیکار و شیتەڵ بکات و بناسێت، ناسینی سوبیەکتیش لە دوو دۆخی دەروونیدا خۆی دەنوێنێت. دۆخی دڵتەنگی سوبیەکت و دۆخی دڵخۆشی سوبیەکت.  هەردوو دۆخەکەش( تەنگی و خۆشی) لەناو هەمان ئۆرگاندان: دڵ…. لێرەوەیە کاتێک کەسێک لێمان جودا دەبێتەوە ، کۆچ دەکات یان دەمرێت ئیتر دڵتەنگ و غەمبار دەبین. غەمباری چییە، جگە لەو شوێنەوارەی کۆچی کەسێک لەناوماندا بەجێیدەهێڵێت. شوێنەوارێک، سۆراغێک لە هەناوماندا زەق دەبێتەوە و پێمان دەڵێت تۆ دووکەرت بوویت و کەرتێکت نادیارە، تۆ چیتر بەرکەماڵ نیت. سپینۆزا دەیگووت؛ غەمباری گرنگە ڕووبدات تاوەکو مرۆڤ هەست بە بەرکەماڵی خۆی نەکات.

غەمگینی وەک هەستێکی دەروونی بریتییە لە شوێنەوار، لە سۆراغی ئەو کەسەی بەجێیهێشتووین. لە زمانی کوردیدا کەسێک پیوار بێت، دیارنەمێنێت، کۆچ بکات، دەڵێین؛ شوێنی دیارە…واتە هەموو کەسێک لەناو شوێندایە و شوێنەوارێکی هەیە. یادەوەری خۆی چییە جگە لە شوێنەوارێکی دێرین لەناوماندا، بەهەمانشێوە غەم بریتییە لە شوێنەواری بەجێهێشتنی ئۆبیەکتەکان.  لێرەدایە دەبینین ئەو کردەیەی تاک دروست دەکات بریتی نییە لە کۆبوونەوە و پێکگەیشتن بەڵکو بریتییە لە لێجیابوونەوە و دابڕان لەویتر. بەپێی فرۆید ونکردنی ئۆبیەکتێک وا لە < ئیگۆ> دەکات بگەڕێتەوە لای خۆی، ئەمەش بەمانای ئەوەی:  بەونکردنی ئەویتر، من خۆی دەدۆزێتەوە.

چونکە ئۆبیەکت خۆی چییە، بەپێی سلۆتەردایک؛ جگە لەو سوبیەکتەی شتەکانیتر داگیریان کردووە، ئۆبیەکت واتە، دووسوبیەکتی و جووتبوونی سوبیەکتەکان.  بەمپێیە هیچ سوبیەکتێک بە ڕیالێتی بوونی نییە، بەڵکو هەمووسوبیەکتێک بارکراوە بە سوبیەکتی تر.. لێرەوەیە هەموو ئۆبیەکتێک دەشێت دابەش بێت بۆ سوبیەکتەکانی، دەشێت بەشێکی لێ جیا بێتەوە، هەموو ئۆبیەکتێک وەکو دایک وایە، هەڵبەت کەسێکی هەر لێ جیادەبێتەوە(مناڵبوون)، بەمەش ئیتر هەموو کەس دەشێت تووشی خەمباری بێت. سلۆتەردایک زۆر ورد ئەم دۆخە پێناس دەکات بەوەی: ئێمە هەموومان هەتیوی شتەکانین.

 

بۆیە تاک چەمکێکی تیۆری نییە، بەڵکو دەرکەوتەیەکی وجودییانەیە. خودێکە بەرلەوەی لەهۆشیاریدا بچەسپێت لەناو بووندا دێتە ئاراوە. نالی لە قەسیدەیەکیدا ئەم دێڕە وجودییە تاکئاراییە دەنووسێت: لەلای من با وجودی ناس و ئەجناس.. کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ… دیارە مەبەستی لەوەیە سەرباری هەبوونی ئەو هەموو خەڵکە، کەچی من لەگەڵ کەسدا نیم، من تەنیام دوای کۆچی تۆ. لیرەدا ئەم خودە تەنیایە خودێکی غەمگینی قووژبنە تاریک و گۆشەگیرەکان نییە، خودێکی خەمۆکییانەی شکستخواردووی پسایکۆیی نییە، خودێک نییە چیتر سڵ لە دنیا بکاتەوە و خۆی دوورەپەرێز و گۆشەگیر و دابڕاو بژێنێ، بەڵکو خودێکە لەناو جیهاندایە وەکو تاکێکی جیابۆوە لە تاکەکەی تری، کتومت وەکو جیابوونەوەی مناڵ لەدایک، ئیتر هەردووکیان دەبنە دوو تاکی سەربەخۆ. لێرەوەیە لەدایکبوونی تاک لەڕێی لێجیابوونەوەوە ڕوو دەدات. وەک سلۆتەردایک دەنووسێت: تەنیایی لەناو مەلۆتکەوە دەست پێدەکات.

 

ئەویتر وەک، دۆست، وەک هاوڕێ، وەک خۆشەویست، وەک کەس و هتد بریتییە لەو بەشەی تری من کە لەناوەوەمدا تەواوم دەکات، تەنیاش بەهۆی جیابوونەوە و دابڕانەوە لێی دەرک بە بۆشایی و بە کەماسی ناو خۆم دەکەم، لەگەڵ جیابوونەوەی ئەویتر لێم، ئیتر من هەست بە تەنیایی و تاکانەیی خۆم دەکەم. ئەوەی وادەکات من هەست بە تاکبوونی خۆم بکەم ڕۆشتنی ئەوە و مانەوەی منە، کۆچکردنی ئەوە و بەجێمانی منە. گەر تێڕامانیش لەم تیۆرییە بکەین، ئەوا دەبینین لەنێوخۆیدا جۆرێک حەسرەت و خەم و دڵتەنگی هەڵگرتووە، بەڕادەیەک زۆرێک لە دابڕان و لە کۆچەکان دەبنە مایەی دروستبوونی خەم و پرسەی دراماتیکیش، وەک لە حاڵەتی مەرگی ئازیزانماندا.

تاک کەسێکی غەمبارە، کەسێکە خەمی بۆ بەجێهێشتنی تاکەکانی ترە. ئەوەی کەسێک بەجێی بهێڵێت ئیتر دەبێتە تاک و خەم وەکو هەستێکی نێوەکی دەیبەستێتەوە بە کەسی کۆچکردووەوە. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: خەم بریتییە لەو پێخەفەی تاک بۆ ئارامبوونەوەی خۆی پێ دەپێچێتەوە.

 هەموو بەجێهێشتنێک ڕووداوێکی خەمهێنە. لە کوێ بەجێهێشتن هەبێت، تاک لەوێ دەبێت. بەڵام خەم خۆی چییە، جگە لە ئەزموونێکی دەروونییانە لەسەر لێکدابڕان لە شتێک یان لە کەسێک، خەم دۆخێکە مرۆڤ لێوەی جیهان تەنیا لەو دۆخەدا دەبینێت کە تیایدا هەیە. بەنموونە هەموو ئەوانەی لە نیشتمان ئاوارە دەبن، ئەو هەستە خەمۆکییەیان تیا دروست دەبێت کە شوێنی یادگارییەکانیان بزر کردووە.  هەروەها لە حالەتی مەرگدا دەبینین، مەرگی ئەویتر ڕووداوێکە لەنێو من دا ترسی هەمان چارەنووس دەوروژێنێت. لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژێک دەبێت ئەویتری نزیکم، هاوڕێکەم، خۆشەویستەکەم، یاوەرەکەم لە کیس بدەم، سەرەتای دەرککردنە بە کۆتاداری بوونی خۆشم. وەک چۆن گەلگامیش لە مردنی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە. بەڵام هەر لەو ساتەوە خود لەشوێن دۆزینەوەی یاوەر و هاوبەشی تری ژیاندا بووە، واتە لەپاش مەرگ و دابڕانی خود لە ئەویتری نزیکی، هێشتا دەستبەرداری ژیان نەبێت، بەڵکو بەبێ ئەوانیش هەر درێژە بەژیان بدات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: مەرگ دەبێتە شرینقەیەک بۆ دروستکردنی کایە و پەیوەندی تر. وەک چۆن ئەوگوستینوس بیری مەرگی هاوڕێ نزیکەکەی دەکاتەوە و ئەوەی تیا دەبینێت کە ئەگەرچی منی دووەم و تەواوکەری ئەو بووە، کەچی ئەو هەر بەردەوامە لە ژیان و دەگەڕێت بەدوای هێزێکی باڵای نادیاردا کە خودایە و مایەی دڵنەوایی و دڵدانەوەیەتی.

 

هاوکاتکردنی مەرگ یان تێپەڕاندنی مەرگ

  توانای ئەوەی ساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەکان تێپەڕێنرێت، بریتییە لە سیفاتە هەرە سەرەکییەکەی مرۆڤ. مرۆڤ بوونەوەرێکە لەکوێشدا چارەی نەبوو لەوێدا هەر چارەیەک دەدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی. ئەگەر وەها نەبووایە ئەوا مرۆڤایەتی دوای ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریدا هاتووە تا ئێستا بڕی نەدەکرد. لێرەوەیە ژیان لە جەوهەردا بریتییە لە بەرگریکردن لە فەوتان، لە شەڕی مانەوە لەناو بوون دا. پرسە شینوشەپۆڕ نییە بۆ مردووەکانمان بەڵکو ئاهەنگ گێڕانە بۆ درێژەپێدانی ژیانی زیندووەکان. گەر پرسە نەبووایە مەحاڵ بوو کەسی کۆستکەوتوو، کەسی لێقەوماو بەرگەی جیابوونەوەی کەرتە تەواوکەرەکەی خۆی بگرتایە. فرۆید لە ساڵی ١٩١٥دا دەنووسێت:  بەرگەگرتنی ژیان، وەکو یەکەمین ئەرکی هەموو زیندوویەک دەمێنێتەوە.

وەک وترا، کارەساتی جیابووەنەوە و دابڕان لەویتری نزیکم دەبێتە مایەی دەرکەوتنی تاک، واتە تا ئەوکاتەی تاک دەکەوێتە پەیوەندی بە لایەنێکی ترەوە هێشتا هەر تاک دەمێنێتەوە. دەبێت خود قەرەبووی لەکیسدانی هاوڕێکەی،خۆشەویستەکەی، دۆستەکەی بکاتەوە، گەر نەیتوانی ئەوا وەک تاک دەمێنێتەوە. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ئەویتر لە پەیوەندی بە مندا دروستی دەکات، بریتییە لە کۆششی ئەوەی خود دەخوازێت کایەی تر بەرفراوانتر و ساتار بکات. ئێمە لەجیهانیژانماندا کاتێک کەسێکی نزیکمان لێ دەڕوات، بەو کەسە دەڵێین هێشتا جێگەی دیارە یان شوێنی پڕ ناکرێتەوە. بەتاک و تەنیابوون ئەو دۆخەیە کە ئێمە نەتوانین قەرەبووی کەسی لەکیسچوومان بکەینەوە.

نالی دروست دەرکی بەو هەستە تەنیاییە وجودییە کردووە کاتێک لە غیاب و پیواربوونی خۆشەویستەکەیدا ئیتر هیچکەس ناتوانێت قەرەبووی ئەوی بۆ بکاتەوە.. باوجودی ناس و ئەجناس کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ. نالی ئەوەپیشان دەدات، کە بەکۆچکردنی ئازیزەکەی حەز دەکات هاوکات ئەویش کۆچ بکات، کەسی عاشق حەز دەکات یان مەرگی پێکەوەیی یان ژیانی هەمیشەیی، لە ئەدەبیاتی ئەوروپیدا (ڕۆمیۆ و جولێت) و  لەئەدەبیاتی کوردیدا( مەم و زین ) باشترین نموونەی داستانی ئەم حاڵەتەن.  فەرەنسییەکانیش لەسەر کێلی مردووەکانیان دەنووسن: دوای کۆچی تۆ جیهان خاڵییە. سلۆتەردایک دەڵێت: کەسێک وەک تاک پێناس دەکرێت، کە نەتوانێت قەرەبووی کەسە لەکیسچووەکەی بکاتەوە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکی نێوەکییانەی لەگەڵ کۆچکردووەکەدا دەمێنێتەوە.

لێرەدا ئەونموونەی چیرۆکی فیلمی تایتانیک دەهێنێتەوە، کە( ڕۆز) دوای مەرگی (جاک) هەموو تەمەنی بە تەنیایی دەژی و لەپەیوەندییەکی نێوەکیدا بەجاکەوە بەردەوام دەبێت. ئەمە هاوکاتکردنی مەرگە بۆئەوەی بە سەڵتی و تەنیایی نەژی. لەگەڵ ئەوەشدا کەسی کۆست کەوتوو چیتر دەبێت جیهان بەهەموو قورساییەکیەوە بەکۆڵەوە بگرێت. لێرەوەیە تاکایەتی هیچ نییە جگە لەخۆڕاهێنان لەسەر توانای بەتەنیا مانەوە، لە بەجێمان. ئەوەی بەجێ دەمێنێت مەحکومە بە وەرگرتنی میراتی تاکایەتی.. بەجێمان بەتەنیایی لە فیگوری جۆراوجۆردا بەرجەستە دەبێت، وەک: سەڵتبوون، هەتیووبوون، بێوەژنبوون، بێوەپیاوبوون. ئەمانەش ئەو بەژنە تاکانەن کە مرۆڤ هەمیشە پێشتر لەبەرچاوی گرتوون، واتە بەرلە ڕوودانی جیابوونەوە خود پێشبینی تەنیا بوونی خۆی دەکات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: من بریتییە لە ئۆرگانی پێش ماڵئاواییکردن. چونکە خود پێشتر کۆچکردنی نزیکەکانی خۆی لەبەرچاو گرتووە.  واتە هەموو تاکێک لەنێو خۆیدا لەمەشقی خۆئامادەکردندایە کە ڕۆژێک دێت کەسی نزیکی لەکیس بدات. واتە بەر لەڕوودانی جیابوونەوە،تاک لەدەرککردنی بەجیابوونەوە لەدایک دەبێت، لێرەوەیە دڵتەنگی بەرایی و و غەمباری پێشوەخت خۆی وەک فاسیلەیەک بەیان دەکات.  بەڵام لە ئەوینی ئەبەدیدا ڕەفزی فاسیلەیەکی لەوجۆرە دەکرێتەوە و هیچ دڵتەنگییەکی پێشوەختی پێشبینیکراو قبوڵ ناکات و دڵدار و دلبەر خۆیان وەک دووانەیەکی ئاوێتەبوو دەبینن کە هیچ هێزێک لێکیان جیاناکاتەوە و هیچیشیان نابێت کەلێنی وا بدات بە دەستەوە تا زەفەریان پێ ببات و ببێتە مایەی بەجێهێشتنی ئەویتر و مانەوەی بەتەنیا لەدنیادا.

غەمباری گەلگامیش و ئاوگوستینوس

مرۆڤ ئاژەڵیکە بەرەنگاری هەڕەشەکان دەبێتەوە و زۆرانبازی بۆ مانەوە لەژیاندا دەکات. درێژەدان بەژیان لەدوای کارەساتە جەرگبڕەکانەوە، ئاماژەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ بەرگەی نەهامەتییەکان دەگرێت و خۆی لەسەر ئەوەش ڕادەهێنێت هەڕەشەکان بکاتە مادە و هۆرمۆنێک بۆ دەستپێکێکی تری ژیان. کارەساتی جیابوونەوەی ئەویتری نزیک و ئاشنای نابێتە مایەی کۆتاییهاتنی خۆیشی. بەڵام ناشبێتە مایەی سڕینەوەی هەموو یادەوەرییەکانی کەسی بەسەرچوو، کەسی کۆچکردوو، کەسی مردوو، کەسی دابڕاو. لەڕووی کولتورییەوە یادەوەری هیچ نییە جگە لە بەشداری پێکردنەوەی مردووەکان لەناو جیهانیژیاندا، یادەوەری واتە پێدانەوەی شوێنێک بە ئاشنا کۆچکردووەکەمان، مەسەلەی سازدانی پرسە و شیوەنگێڕان بریتین لەو ڕیتوالانەی لێیانەوە جاریکیتر شوێنێک دەدەینەوە بە کۆچکردووەکان، سەیر نییە کاتێک کەسێکی ئاشنامان کۆچ دەکات، ئیتر پێمانوایە  هێشتا شوێن و جێگەی هەر دیارە. دەبینین پرسە وەک ڕیتوالێک لەنێو هەموو کولتورەکاندا دەبێتە فاکتۆری دروستکردنی شوێن. لێرەشدا شوێن بریتی نییە لە جێگایەکی فیزیکی، بەڵکو بریتییە لە کایەیەکی گیانلەبەر کە بەرجەستەی ڕۆحی کەسە کۆچکردووەکە دەکات. بەم جۆرە وەک سلۆتەردایک دەڵێت: پرسە مانای ئەوە نییە ئیش لە ئۆبیەکتێکدا بکرێت، بەڵکو مانای ئەوەی بزربووەکە بگوێزرێتەوە بۆ ناو شوێنێکی پەلکشاو.  لێرەوەیە زیندووەکان دەکەونە زۆرانبازی و ململانێ لەگەڵ ئەو کارەساتی خەمباری و مەرگەساتی پرسەیەوە کە ڕووداوی مەرگ و جیابوونەوە و دابڕان لە نێوانیاندا دەیخاتەوە.

 

به‌یكه‌ن؛ سێینه‌ تابلۆ – ١٩٧٩-١٩٨٠ – به‌یكن وه‌ك غه‌مبارێك 
Francis Bacon- 1979–80

لە داستانی گەلگامیشدا، گەلگامیش لەمەرگی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە، بۆیە دەکەوێتە زۆرانبازییەکی توند و بێهوودەوە، کە تا دوورترین تخوبەکانی ئەم سەرزەمینەی دەبات، تاوەکو گیای نەمری بهێنێتەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەنگیدۆی هاوڕێی لە مردن. لێرەدا شەڕی بێئاکامی لەدژی مەرگ دەردەکەوێت، بەڵام دواتریش لێیەوە چارەنووسی خۆی لە لاشەی مردووی ئەنگیدۆدا دەبینێتەوە. سلۆتەردایک وەها ڕاڤەی ئەم داستانە دەکات، کەبریتی بێت لە فۆرمێکی گەورەی جیهانێک، تیایدا مردووەکان یان دەچنە جیهانێکی زۆر قووڵی ژێرەوە، یان خۆیان دەگەیەننە ئەوپەڕی دوورترین دنیا، بەشێوەیەک کەسە پرسەدار و غەمبارەکە تا ئەوپەڕی دنیا سەرکێشی دەکات بۆ هێنانەوەی دەرمانێک هەم لەدژی جیابوونەوە وهەم لەدژی خۆلەناوچوون. واتە لەڕووی میتافیزیکییەوە گەلگامیش لەڕێی منە کۆنەکەی خۆیەوە (هاوڕێکەی) دەرک بە مەرگی خۆی دەکات. ئەمە یەکەمین خودهۆشیاری مرۆڤە تا ئێستا کولتورەکانی مرۆڤایەتی بۆی جێهێشتووین، مۆدێلێکە  دواتر بەسەرهەڵدانی فەلسەفە و ئاین دەڕەوێتەوە و چیتر هۆشیاری بەمەرگ لەڕێی ئەویترەوە نابێت، بەڵکو لەڕێی هۆشیارییەوە بە کۆتایی و بە مردنی خودی خۆمەوە دەبێت.

مۆدێلی گەلگامیشی ئەوەیە مەرگی هاوڕێکەم، کەسە تەواوکەرەکەم، ئاشناکەم هۆشیاری لای خود بۆ مەرگی خۆی چێ دەکات، بەڵام لە مۆدێلی فەلسەفی و ئاینی دا تەنیا دەرککردن بە کۆتایی خۆم دەبێتە مایەی ناسینی مەرگی خۆم. ڕەنگدانەوەی مەرگی ئەنگیدۆ لە هۆشیاری گەلگامیشدا، وەهای دەترسێنێت کە هەڵدێت و  ( بەتوولەڕێیەکی دووردا شۆڕدەبێتەوە نێو دۆڵ و شیوە قووڵەکانەوە.).  ئەم مەرگە گەلگامیش غەمگین و غەمبار دەکات، بەڕادەیەک ئەو وێنایەی لەو سەردەمەدا بابلییەکان بۆ سنووری دووری دنیا هەیانە، گەلگامیش تەی دەکات بۆ هێنانەوەی گیای نەمری. لێرەوە ئەم لێکدابڕان و جیابوونەوەیە لە کایەیەکی  نزیک و بچووکەوە خۆی دەگەیەنێتە کایەیەکی دوور و گەورە. گەلگامیش بۆ هێنانەوەی گیای نەمری بۆ شاری ئوروک تا دوورترین سنووری جیهان دەچێت.  خاڵێکی تری گرنگ سلۆتەردایک لە مۆدێلی گەلگامیشیدا بۆ مەرگ تێبینی دەکات ئەوەیە لەم مۆدێلەدا هیچ وێناکردنێکی میتافیزیکی بۆ مردن شک نابەین، واتە لەو مۆدێلەدا هێشتا هزری ئەوە لەدایک نەبووە کەوا لەودنیا ڕۆحەکان یەکدەگرنەوە. هزرێک کە دواتر ئاینی مەسیحی دایدەهێنێت و پاشان هەموو ئاینەکان پێڕەوی دەکەن.

غەمباری گەلگامیشی پاشا بۆ مەرگی هاوڕێکەی دەرەنجامەکەی بە هاوچەرەنووسی ڕەنگ دەداتەوە. رەنگدانەوەیەک کە گەلگامیش چیتر دەرک بە خودی خۆی دەکات بەوەی ئەویش دەشێت ڕۆژێک بمرێت. لێرەوەیە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەنیا بەجێ دەمێنیت پلەی یەکەمی سەرکەوتنە بەسەر پلیکانەی (خود) وەک تاک. چیتر ڕەنگدانەوەی ئاوێنە لاکانییەکە لەقۆناغیکدا نابێتە مایەی دەرککردن بە خود، بەڵکو ڕیفلەکسیۆنی مەرگی ئەویتر و پێشبینیکردنی دابڕان و جیابوونەوەم لەویتری ئاشنا و نزیکم  بریتییە لە ئۆرگانی دروستبوونی من. لێرەوە سلۆتەردایک مۆدێلێکی تری گەمباریمان بۆ دەهێنێتەوە کە پەیوەستە بە لەکیسدانی هاوڕێ ئاشناکەم وەک منی دووەمم.

ئەوگوستینوس ساڵی ٣٧٦ ی زاینی لە کتێبی (( دانپێدانانەکان)) دا باسی لەکیسدانی نزیکترین و ئاشناترین هاوڕێی خۆی دەکات، کەلە بیرەوەرییەکانیدا مەرگی  لەناکاوی ئەم هاوڕێیەی دێتەوە یاد کە بەشێکی زۆری تەمەنی لەگەڵدا بەسەربردبوو، ئەمە بریتییە لە ئاماژەیەک بۆ هاوژیانی و هاوبوونی و هاوپەیمانی دووان پێکەوە، دووانەیەک کە تەنیا ئەو کەسە دەرکی پێدەکات کە بەتەنیا بەجێ دەمێنێت و دەمێنێتەوە، لێرەوە ئاوگوستینوس مەرگی هاوڕێکەی دەکاتە ئامرازێک بۆ ڕاڤەکردنی ژیانی خودی خۆی، واتە زیندوو لەڕێی مردووەوە لەمانای ژیانی خۆی وەک تاکێک تێدەگات.

 

سانت ئاوگوستین – له‌سه‌ر دیواری كڵێسای لانگنستن – ئه‌لمانیا

سانت ئەوگوستینوس لە بیرەوەرییەکەدا دەنووسێت: ئازاری ئەو لە ڕۆحمدا پەنجەرەیەک بوو کە تەنیا مەرگم لێوە دەبینی… نیشتمان لام بووە ئازار وئەشکەنجە. هەموو ئەو شتانەی کە پێکەوە لەگەڵ ئەودا کردبووم، لام بوونە ئازارێکی بێکۆتا.. چاوانم لەهەموو جێیەکدا بەدوایدا دەگەڕان و کەچی ئەو هیچ خۆی پیشان نەدەدا… ڕقم لەهەموو شتێک دەبۆوە، تا من خودی خۆم لابووە مەسەلەکە. هەموو شت لام تاڵ بوو، تەنیا گریان شیرین بوو لام.  لەڕاستیدا من سەرسام بووم بەوەی کەسانیتر هێشتا زیندوون و کەچی ئەوەی من خۆشم دەویست مرد… لەوەش زیاتر من بەوە حەپەسابووم کەوا خودی خۆشم، کە منی دووەمی ئەو بووم، هێشتا زیندووم و دەژیم، کەچی ئەو مردووە. . ڕاستە کە وتراوە، هاوڕێ نیوەکەی تری ڕۆحە. لەڕاستیدا من ئەو هەستەم هەبوو، کە ڕەوانی ئەو و ڕەوانی من تەنیا یەکێک بوون و لە دوو جەستەدا نیشتەجێ بوو، وە ڕۆحی من لەڕاستیدا هەر یەکێک بووە و لە دوو لەش دا ژیاوە. لەبەرئەوە ژیان لام بووە شتێکی قێزەون، چونکە نەمدەویست وەکو نیوەیەک بژیم.

 

 هەر لەسەرەتاوە دەتوانین تێبینی جیاوازییەک لەنێوان هەردوو چیرۆکی مەرگەساتی هاوڕێکەدا بکەین، بەو جۆرەی سلۆتەردایک دەیخوێنێتەوە، لە چیرۆکە بابلیۆنییەکەدا غەمباری وا لە پاڵەوانەکە دەکات تا دوا سنووری زەوی تەی بکات لەپێناوی هێنانەوەی گیایەک بۆ دژایەتیکردنی شتێکی مەحاڵ و نەکردە کە مەرگە، بەڵام غەمبارە مەسیحییەکە لەڕێی مەرگەوە فێری وانە و پەندێکی گرنگ دەبێت. کە بریتییە لەوەی مەرگی دۆستە نزیک و کەسە ئاشناکە دەبێتە مایەی ئەوەی زیندووەکە شوێنی خۆی لەدنیادا سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە.

لێرەدا سلۆتەردایک دەڵێت: نووسەری( دانپێدانانەکان) غەمبارییەکە هەم پلاتۆنیزە دەکات و هەم بە مەسیحییانە دەکات. لەوەدا بەپلاتۆنییانەی دەکات، کە خۆشەویستی لەشتێکی بەسەرچووەوە کردە شتێک بەسەرنەچێت و نەمرێت.. هەروەها بەوەش کردییە مەسیحییانە، کە دڵسۆزی خۆی لە هاوڕێکەیەوە( کەبەلەرزوتا مرد) بداتە مەسیح، کە ئەمیش بۆئەوە مرد تا بەژیانە زیادەکەی خۆی مەرگ ببەزێنێت…

هەروەها سلۆتەردایک پێیوایە هەردوو ئەم شێوازە بریتین لە گواستنەوە لە کایەی بچووکەوە(میکرۆسفێرەوە) بۆ کایەی گەورە (ماکرۆسفێر).  واتە لەخۆشەویستی دیار و کۆتادارەوە بۆ خۆشەویستی نادیار و ناکۆتادار و هەمیشەیی، وە لەمەرگێکی سادەوە بچێت بۆ مراندنی خودی مەرگ. لەبەرئەوەیە مەسیح خۆی بۆ پاککردنەوەی قەرز و گوناهەکانی مرۆڤ مراند. ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لە  دوو ئۆپەراسیۆنی نموونەیی بۆ گۆڕینی میکرۆکایە بۆ ماکرۆکایە. لەڕووە مەسیحییەکەدا وەها کار دەکات: ونکردنی هاوبەشە نزیکە بچووکەکە بە پەیداکردنی هاوبەشێکی گەورەی دوور جێی دەگیرێتەوە، کەیەزدانە. چونکە ئەوەی نەیەوێت بەنیوەیەکی تەنیا و فەرامۆشکراوەوە بژی، دەبێت سۆراغی تەواوکەرێکی نوێ بکات.( سلۆتەردایک).  لە ڕووە پلاتۆنییەکەشەوە ئاشکرایە دووانەی عاشق و مەعشوق، سەرەتا وەکو یەک مرۆڤی جوان پاشان وەکو (جوان)ێک بەگشتی و لەدواجاریشدا وەکو خودایەک لە سەرووجوانی و لەسەرووباشەوە خۆی پیشان بدات.

سلۆته‌ردایك

سلۆتەردایک پێیوایە، ئەوگوستینوس << تیۆرییەکی بۆ ڕەخنەی خۆشەویستی>> داهێناوە، کە ناوەڕۆکەکەی ئەمەیە: مەسەلەکە بۆ ئەوەیەکە لایەنەکانی خۆشەویستی لێک جیابکرێنەوە و دواتر لایەنە دروستەکە هەڵبژێردرێت. واتە ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لەوەی مرۆڤ بکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە خودا. چونکە مرۆڤ لایەنە ڕاستەکە نییە لە عەشقدا، کە پلاتۆنیش وای دەبینی، بەڵکو ئەوە شتە نادیارەکەیە، کە ئەوگوستین دەیکاتە خودا، ئەوە لایەنە ڕاستەکەیە. ئیدی ئەو کەلێنەی مەرگی ئاشناکەم دەیخاتە بوونمەوە دەبێت بەیەکێکی گەورەتر و باڵاتر پڕ بکرێتەوە. لێرەوەیە ئێمە دەست دەکەین بە گریان و شین و شۆڕ بەدوای مردووەکانماندا. فرمێسکەکان یەکەمین شتن نەک هەر بۆ دڵدانەوەمان، بەڵکو جێگرەوەیەکی ڕۆحین بۆ پەیوەندی نێوان لایەنەکانی خۆشەویستی، لێرەوەیە ئەوگوستینوس دروست ماهیەتی گریانمان بۆ پێناس دەکات و دەڵێت فرمێسکەکان شیرینن، نەک سوێر.  یان وەک سلۆتەردایک  لەم نێوبەندییەدا بۆ پرسەسازکردن، دەڵێت: پەیوەندی ئامێزاندن دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی گریاندن.

 

بەڵام فرمێسکەکانیش دەبێت ببەزێنرێن و بۆ دڵدانەوەمان بەرەو بوونەوەرێکی ترمان بەرن، فرمێسکەکان قەوارەی ئەو مەرگەساتە سووکتر و بچوکتر دەکەنەوە. لێرەوەیە لەڕووی کولتورییەوە سازدانی پرسە بۆ مردووان، بەپلەی یەکەم سازدانی دڵدانەوە و ئارامگرتنەوەیە بۆ زیندووان. بەمجۆرە پرسە یەکێکە لەو تەکنیکانەی بۆ ئەوە داهێنراوە مرۆڤی لێقەوماو، کەسی کۆستکەوتوو لێوەی دەستپێکێکی تر بۆ ژیان دەست پی بکاتەوە.

کولتورەکان لەخۆیاندا، سادە بن یان ئاڵۆز، سەرەتایی بن یان پێشکەوتوو،  وەکو کارخانەیەک وان بۆ بەرهەمهێنانی تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوە.  تا ئێستاش لەنێو هەموو گروپە کۆمەڵایەتی و ئیتنیییەکاندا کولتور لەسەر ئەو ڕێچکەیە کاری کردووە ببێتە کارخانەی دروستکردنی سیستەمی بەرەنگاری. لەدوای کارەساتی مەرگی ئازیزانمانەوە، بەهیچ جۆرێک ئێمە بەرگەی مانەوەمان نەدەگرت گەر ئۆپەراسیۆنێکی وەکو (پرسە)مان ساز نەکردایە، سەرباری ئەوەی پرسەسازکردن لەخودی خۆیدا مانایەکی میتافیزیکی هەڵگرتووە. بێهۆ نییە لەسەرئاستی سیاسیشدا، کاتێک کارەساتێکی مرۆیی دەکەوێتەوە، دەوڵەتان ماوەی چەند ڕۆژێکی پەژارە و غەمباری ڕادەگەیەنن. لێرەوەیە کارەساتی جیابوونەوە یاخود ڕوودانی مەرگ بریتی نییە لە فاکتۆری کۆتاپێهێنان بەڵکو بریتییە لە فاکتۆری بەرفراوانکردنی کایەی ژیان.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.