سەدام چۆن داعشی دروستکرد، وانەیەک بۆ بارزانی

Loading

 

لەوەتەی داعش موسڵی داگیرکردوەو خەلافەتی ئیسلامی لە بەشێکی سوریاو عێراق دامەزراندوە ژمارەیەکی زۆر چاودێری سیاسی بەسەرسوڕمانەوە باس لە سەرهەڵدان‌و گەشەی کتوپڕیداعش دەکەن. کۆمەڵێک هۆکار باسدەکرێن، لەوانە: سیاسەتە چەوت‌و دەمارگیرییە مەزهەبییەکانی نوری مالیکی‌‌؛ پیلانگێڕیی وڵاتە سوننەکانی وەک تورکیاو سعودییەو قەتەر؛ سیاسەتە چەوتەکانی جۆرج بۆش لە داگیرکردنی عێراق‌و پەلەکردنی باراک ئۆباما لە کێشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق. بێجگە لەمانە کەسانێکیش هەن کە دروستبوون‌و تەشەنەی داعش وەک پیلانێکی ئەمریکاو ڕۆژئاوا دەبینن بۆ ناشیرینکردنیئیسلام.

پیلانگێڕییەکەیئەمریکاو ڕۆژئاوای لێدەرچێت هەموو ئەو هۆکارانەو دەیانی دیکە دەکرێت لەپشت سەرهەڵدان‌و گەشەی داعش ببینرێن. ئەوەی لەم نێوەدا باسیلێناکرێت ئەو پاشخان‌و زەمینەیە کە وایکرد داعش‌و داعشیزم لەنێو سوننەکانی عێراقدا، کە ناسرابوون بە مەیلداری بۆ بیری نەتەوەییعەرەبی سێکولار، بەو خێراییە گەشەبکات. ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ڕەهەندە.

لە ١٩٧٩، لە وتارێکدا سەدام هەڕەشەی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە هەوڵی بەسیاسییکردنی ئیسلام دەدەن. ئەو پێیوابوو تێکەڵکردنی دین بە سیاسەت لەوانەیە ببێتە هۆی دابەشبوونی بەعسییەکان لەسەر بنەمای مەزهەبیی (سوننەکان‌و شیعەکان). بەپێچەوانەوە، لە هەشتاکان لەگەڵ گەشەی ئیسلامیزم‌و بەمەبەستی بەگژاچوونەوەی خومەینی، سەدام وردەوردە سیاسەت‌و مەیلە سێکولارەکانی وەلادەنا. ئەوەش بە بەکارهێنانی زاراوەو چەمکە دینییەکان لە وتارو هەڵسوکەوتەکانیدا. بۆنمونە، زاراوەی بەیعەی ئیسلامی بەکاردەهێنا بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە سەدام.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران لە هەشتاکان بەکارهێنانی زاراوەو سیمبولی دینیی‌ زیادیانکرد. یەکێک لە فەیلەقەکانی سوپای ناونرا اللە اکبر، هاوکات بەیانە سەربازییەکان بە خوێندنەوەی ئایەتی قورئانیی دەستیانپێدەکرا؛ هەڵمەت‌و هێرشە سەربازییەکانیش کۆدی دینییان بەسەرابڕا، وەک رمضان المبارکو توکلنا علی اللەو انفال“.

لە کاسێتێکدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ١٩٨٦، کە لەسەر ئینتەرنێت دەستدەکەوێت، سەدام‌و‌ هاوڕێ حزبییەکانی لە کۆبوونەوەیەکدا پێشنیازی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ ئیخوانەکان لە میسرو سودان قسەبکرێت‌و پەیوەندی دروستبکرێت. مەبەستی سەدام ئەوەبوو کە نەوەک ئێران هێزە ئیسلامییەکان لە دژی بەعس بەکاربهێنێت. هاوکات سەدام دەیەویست خۆی لە شەقامی عەرەبی نزیکبکاتەوە، کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئیخوانەکان.

وەرچەرخانی گەورە لە گوتاری دینیی سەدام دوای داگیرکردنی کوەیت لە ١٩٩٠ ڕوویدا. ئەوەبوو چەند ڕۆژێک پێش هێرشی هاوپەیمانەکان لە کانونی دووەمی ١٩٩١ دا، سەدام دروشمی اللە اکبری بۆ سەر ئاڵای عێراق زیادکردو خۆشی وەک پاڵەوانی موسڵمانان نمایشدەکرد لەدژی ڕۆژئاوا.

لە نەوەتەکان سەدام‌ بەو گەڕانەوە ڕوکەشیانە بۆ دین نەوەستا بەڵکو قوڵتر بەرەو دین هەنگاوی هەڵهێنا. لە حوزەیرانی ١٩٩٣ هەڵمەتێکی خستەگەڕ کە بە حەملەی ئیمان ناسراوە. ڕووی سەرەکی حەملەکە لە منداڵانی قوتابخانەو بەعسییەکان‌و دادوەرەکان‌و ژنان‌‌و زیندانیان بوو. وەک بەشێک لە حەملەکە دوو زانکۆی ئیسلامی‌و ژمارەیەک کۆلێج‌و قوتابخانەی دینیی کرانەوە. پێشتر لە ١٩٨٩ زانکۆیەکی دیکەی ئیسلامی بەناوی زانکۆی سەدام بۆ دیراساتی ئیسلامی دامەزرابوو. دەرچوانی ئەم زانکۆو کۆلیجانە لە پۆستی دینییحکومی کە لەگەڵ حەملەکە دروستکران، دادەمەزرێنران.

بێجگە لە وانە دینییەکان‌‌ لە قوتابخانەو کۆلێج‌و زانکۆکان، تەلەفزیۆنەکانی دەوڵەت، کە تاکە میدیای ڕێگەپێدراوبوون، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی خوتبەی جومعانە کردو بەرنامەی دینی ڕۆژانەش پەخشدەکران. هاوکات دەسەڵاتدارانی عێراق بەمەبەست یان لە بێئاگاییەوە چاوپۆشیان لە چالاکییەکانی حزبی ئیسلامی عێراق، کە شاخەیەکی ئیخوان موسلمین بوو، کرد. حزبی ئیسلامی ئەوەی بەهەلزانی بۆ دامەزراندنەوەی خانەکانی. دەرکەوتنیشیان لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣ وەک حزبێکی سەرەکی نێو سوننەکان ئاماژەن بۆئەوەی کە ئەو کارانەی لە نەوەتەکان کردبوویان بەرهەمداربوون.

سەدام‌و ڕژێمەکەی حەملەکەی ئیمانیان وەک وەرچەرخانێکی مێژویی‌و پەروەردەیی‌و کەلتوریی لە عێراق دەناساند. لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ناوەڕاستی ١٩٩٨ نوسراوە باسیان لەوەکردوە کە تا ئەوکات چوار ملیۆن‌و نیو خوێندکار لە سەرچاوەکانی ئیمانئاویان خواردۆتەوە، واتە خوسێنرابوون لەنێو بیریی دینیی.

حەملەکە نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت (بۆ ئامانجەکان‌و هۆکارەکانی شکستی حەملەکە تەماشای کتێبەکەی من الهویة والوطن فی العراقبکە)، کەچی ئەنجام‌و دەرئەنجامی زۆر خراپی لێکەوتەوە چونکە بوو بە مایەی چاندنی تۆوی سەلەفیزم‌ لەنێو سوننەکانی عێراق. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لەلایەک سەدام فەزای لەبەردەم مەلاکانی مزگەوتەکان ئاوەڵکردبوو و لەلایەکی دیکەش قوتابخانەکان‌و فەزای گشتی شێدارکرابوون بە بیری دینیی، کە سەلەفییەکان‌‌و ئیسلامییەکان بەقازانجی خۆیان کەڵکیان لێوەردەگرت.

ڕۆژنامەی بابل، کە عودەی کوڕی سەدام سەرپەرشتی دەکرد، لە ١٢ ی حوزەیرانی ١٩٩٤ دانی بەوە نابوو کە ئیسلامیزم لە کۆلێجە دینییەکان‌و مزگەوتەکان تەشەنەی کردوە“.

داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥
داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥

حەملەی ئیمان نەک هەر ئەوانەی کە هاوتوچۆی مزگەوتەکان، یان لە کۆلێجە ئیسلامییەکان دەرسیان دەخوێند، توندڕەوکرد بەڵکو مامۆستاکانی سەرەتایی‌و ئامادییشی بەهەمان چارەنوس برد. ئەو مامۆستا توندڕەوانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر خوێندکارەکانیان دانابوو.

ئەوەی لەدوای ڕوخانی سەدام بینرا تۆوەکەی پێش مردنی بە دەستی سەدام‌و ڕژێمەکەی چێنرا. لەئاکامی حەملەی ئیمان‌و کارو چالاکی حزبی ئیسلامی‌و گروپە سەلەفییەکان ئیدی نەک هەر ناوچە شیعەنشینەکان بەڵکو ناوچە سوننەنشینەکانیش کەوتبوونە ژێر کاریگەریی چەمک‌و ئایدیۆلۆجی ئیسلامیزم.

دوای ڕوخانی رژێمەکەی سەدام کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی سەلەفیزم‌و ئیسلامیزم لەو شەڕە خوێناوییەی نێوان شیعەکان‌و سوننەکان هەروەها سەرهەڵدانی دەیان گروپی توندڕەوی ئیسلامیی لەناوچە سوننەنشینەکاندا دەرکەوت.

بارزانی‌و حکومەتەکەی لە هەرێم لەماوەی بیست ساڵی ڕابردو بۆ سنوردارکردنی دەسەڵات‌و پێگەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان کۆمەڵێک مەلای سەلەفیان لە هەرێمی کوردستان پێگەیاندوەو لە مزگەوتەکاندا دایانمەزراندون‌و کۆمەک‌و پشتیوانی لە کۆمەڵێک مەلای سەلەفی دیکەش دەکەن کە گوایە ئەوانە مەلای دیندارن‌و دین‌و دینداری بڵاودەکەنەوە. ئەو مەلا سەلەفییە بەناو مەدخەلیانە بیرگەلێکی کۆنەپارێزو کۆنەپەرستی دینیی بڵاودەکەنەوە کە ڕاست ژینگەیەک بەرهەمدێنێت کە ڕادیکالیزمی ئیسلامیی لە هەموو فۆرمەکانی بە داعش‌و قاعیدەوەش دروستدەکات. ئەوەی بارزانی لە بێدەنگی یەکێتیی‌دا کردویەتی‌و دەیکات حەملەیەکی ئیمانی ئیعلاننەکراوەو دەرئەنجامەکانی لەوەی سەدام خراپتر نەبێت باشتر نابێت.

ئەو هەڵەیەی کە سەدام لە عێراق کردی، بارزانی لە کوردستان وا دووبارەی دەکاتەوە، ئەویش بە خوساندن‌و شێدارکردنی فەزای گشتی کوردستان بەبیری دینیی‌و سەلەفیی. دەسەڵاتدارانی هەرێم، نەک هەر بارزانی‌و پارتەکەی بەڵکو یەکێتیی‌و گۆڕانیش، زوو بەئاگانەیەنەوەو ڕێگری لەو مەلایانە نەکەن ئەوە کوردستان لەپاڵ دەیان قەیرانی سیاسیی‌و ئابوریی نوقمی ژێر فکری سەلەفیزم‌و ئیسلامیزم‌و داعشیزمیش دەبێت. ئاکامەکانی ئەو نقوبوونەش پێویستی بە شیکار نییە.