وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد كاریگه‌ری و پێگه‌ی سه‌ره‌كی فرۆید له سه‌ر زانستی سۆشیال سایكۆلۆژی له كاره‌كانی:(ته‌وته‌م و تابو)،(سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر و شیكاركردنی خود)ته‌واو به‌رجه‌سته ده‌بێت . له‌م تێكستانه‌دا فرۆید باس له رۆڵ ، ڕه‌گوڕیشه و په‌یوه‌ندیه تهمومژاویهكهی نێوان گروپ به سه‌ركرده‌وه ده‌كات. دیاره لێكۆلینه‌وه له وورده‌كاریه‌كانی په‌یوه‌ندی گروپ به سه‌ركرده، ده‌سه‌ڵات، ئۆكتۆرتێت و سته‌مكاری پرسگه‌لێكی جدی بواری ئیشكردنن له زانستی سۆشیال سایكۆلۆژیدا.
به ڕای فرۆید باوك وه‌ك فیگه‌رێكی زاڵ و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌سنور, تاكه سه‌ركرده‌ی به‌هێزی خێل و مێگهلهكهیخۆی بووه. ئه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونه ڕه‌هایه‌ی باوك وای له كوڕه مه‌حروم و خهسیوهكانی كردوه كه چیتر به‌رگه‌ی شه‌هوه‌ت و سته‌مكاری باوكیان نه‌گرن و تۆلهرانتیان نه‌مێنێت ، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌و ویستویانه به‌ر چێژ و له‌زه‌تی سێكس و ده‌سه‌ڵات بكه‌ون. هه‌ربۆیه به ڕووی باوكیاندا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌ناویان بردوه. فرۆید پێوایه، له خێڵه سه‌ره‌تاییه‌كاندا كوڕه‌كان سه‌ری سه‌ركرده‌كه‌یان\باوكیان خواردوه و به شێوه‌یه‌كی سیمبولی ده‌سه‌ڵات و هێزی جه‌سته‌یی و پیاوه‌تی باوكیان\سه‌ركرده‌كه‌یان، خنیوه‌ته ناو خۆیانه‌وه. چیرۆكی كوشتنی باوك و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گواستنه‌وه‌ی بۆ كوڕه‌كانی پڕه له هه‌ست و سۆزی دژ به‌یه‌ك و پارادۆكس! له‌لایه‌كه‌وه دڵخۆشی ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر هه‌ژمون و ده‌سه‌ڵاتی تاك ڕه‌هایی باوكدا، له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ست به تاوان و شه‌رمه‌زاری و حه‌سره‌ته بۆ باوك هیوایخوازی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكن. ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده ته‌ماهی بوون له‌گه‌ڵ وێنه‌كانی به جۆرێك له كوڕه‌كانیدا زاڵن، وایكردوه ئه‌وانیش وه‌ك باوكیان هه‌ڵگری هه‌مان سیفات و خه‌سڵه‌تی سته‌مكارانه بن و هه‌ر وه‌ك ئه‌ویش ده‌سه‌ڵات پیاده بكه‌ن. به ڕای فرۆید ئه‌م سروشتی مێگه‌ل و میكانیزمی حوكمڕانیكردنه تا ئێستاش له ناو كۆمه‌ڵگه‌كاندا ئیشی پێ ده‌كرێت و ده‌ڵێت: سه‌ركرده هه‌ر ئه‌و باوكه‌ی جارانه وهكچۆنیش جه‌ماوه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه حه‌زو ئاره‌زوویان بۆ توندوتیژی ، ده‌سه‌ڵات و ئۆكتۆرتێت بێ سنوره.
له‌به‌رئه‌وه سه‌یر نیه كه سه‌ركرده‌ی ئه‌مڕۆش وه‌ك باوكه بێبهرییهكهی جاران له ناو گروپه‌كه‌یدا یان زۆر خۆشه‌ویست و ئایدیاڵه، وه یاخود زۆر قێزه‌وون و نه‌ویستیه!
فرۆید دروستبوون و سه‌ره‌تاكانی ئه‌م په‌یوه‌ندیه به سه‌ركرده‌وه ده‌باته‌وه بۆهۆگری و په‌یوه‌ندیه‌ی مناڵ به گه‌وره‌كانیه‌وه، ئه‌و كاته‌ی كه به‌رزه(من)تیادا دروستده‌بێت. به ڕای ئه‌و مناڵ پێویستی به یارمه‌تیده‌رێك هه‌یه،به مانایه‌كی تر، پێویستی به قه‌رزكردنی ئۆكتۆرتیت و كاریزما له باوك، یان مامۆستاكه‌ی هه‌یه تا به‌هۆیه‌وه بتوانێت له لایه‌كه‌وه كه‌سێتی و( به‌رزه منی) خۆی، له لاكه‌ی تریشه‌وه هارمۆنی له نێوان ئه‌نگێزه‌و غه‌ریزه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌رك و هه‌لومه‌رجه‌كانی ده‌وربه‌رو ژینگه‌كه‌یدا دروستبكات. (من)ی به‌هێز و بێكێشه ئه‌و (من)هیه كه توانیویه‌تی پێداویستیه‌كانی خۆی به هارمۆنی و ته‌بایی له‌گه‌ڵ مه‌رج و سنوره‌كانی گروپه‌كه‌یدا پڕبكاته‌وه. بۆیه ده‌بینین په‌یوه‌ندی ئه‌ندامانی گروپ به سه‌ركرده‌وه زۆر هه‌ستیار و قوڵه،سه‌ركرده وه‌زیفه‌ی (به‌رزه من) ی گروپه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت ، له لایه‌كه‌وه هێنده به پۆزێتیڤی به وێنای جوان و بریقه‌دار پڕ ده‌كرێته‌وه ده‌بێته نمونه‌ی (من)ی ئایدیاڵ و سیمبولی هیوا و ژیانه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێته ویژدانێكی تۆقێنه‌ر و كه وه‌ك حاكمێكی به‌زه‌برو زه‌نگ توانای بینین وئه‌نجامدانی هه‌موو شتێك و ته‌نانه‌ت سزادانیشی هه‌یه. ئه‌ندامانی گروپ هه‌موو به گشت خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه ئایدیاڵه‌ی سه‌ركرده هاوتاو یه‌كسان ده‌كه‌نه‌وه. فرۆید پێوایه مرۆڤ له‌م په‌یوه‌ندیه بونیادیهدا له نێوان جیاوازی، لایه‌نگری، و ملكه‌چی، باڵاده‌ستی و به‌رپرسیارێتی و نابه‌رپرسیارێتیدا وه‌ك (ئاژه‌ڵێكی سیاسی) به‌رده‌وام خه‌ریكی پرسی ده‌سه‌ڵات و وابه‌سته‌بوونه به سه‌ركرده‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌و گروپ وه‌ك شانۆیه‌كی نائاگا ده‌بینێت كه تیایدا ئه‌نگێزه‌كان به پێی گێستاڵتی خێڵ و مێگه‌ل خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. له دیدی فرۆیده‌وه، ده‌كرێت ژیان و بوونی ئه‌م جۆره له گروپ به‌م سیفه‌تانه بناسینه‌وه: دابه‌زینی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریان تا پله‌ی بیرنه‌كردنه‌وه! هه‌ڵچون و داچونی هه‌ست و سۆزیان تا ڕاده‌ی بێسنوری! نه‌بونی تۆلهرانت! نه‌بونی ئامانج بێسه‌روبه‌ره‌یی ته‌واو له هه‌ڵسوكه‌وت و كاره‌كانیاندا! توانای به‌زینی هه‌موو سنوره‌كان له كاتی هه‌ست ده‌ربڕین و نمایشكردنی خۆیاندا. فرۆید ئه‌م ره‌فتاره بێمانایانه‌ی خێڵی سه‌ره‌تایی، به خولیا‌و عه‌وداڵی مرۆڤ بۆ (هێز و ئایدیاڵ) ڕاڤه ده‌كات و پێوایه هێنده ڕه‌گوڕیشه‌ی قوڵه كه به بێ بیركردنه‌وه به ویست و ئاره‌زوی خۆمان ده‌یخه‌ینه ناو سه‌ركرده‌وه پیایدا ههڵدواسین! گروپ به ئایدیاڵكردنی سه‌رۆك و مانه‌وه له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتیدا خۆی له هه‌موو ئه‌و شتانه ڕزگار ده‌كات كه پێ ده‌ڵێن :به‌رپرسیارێتی، مۆراڵ و ویژدان. هاوكاتیش ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی خودیش كه له به‌رزه(من)ه‌وه دێت كپ‌و بێده‌نگ ده‌كات!
جه‌سته‌ی دایك : یه‌كه‌مین جیهانی مرۆڤ
له ڕوانگه‌ی دهورنشیكارییهوه په‌یوه‌ندی تاك به گروپه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌شه‌ی مرۆڤ. تا زیاتر به سیفه‌ت و خاسیه‌ته‌كانی گروپ وپه‌یوه‌ندی تاكیش به گروپه‌وه ئاشنا بین، باس له پێگه‌و كاریگه‌ری ژنه ده‌رونشیكاری به‌ریتانی به ڕه‌گه‌ز یه‌هودی میلانی كلاین ده‌كه‌ین. هه‌ڵبه‌ت كلاین بۆ خۆی له‌بواری سایكۆلۆژیای مناڵ‌دا كاریكردوه به‌ڵام تا ئێستاش تیۆری و چه‌مكه‌كانی، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، له بواری سۆشیال سایكۆلۆژیدا ئیشیان پێ ده‌كرێن.
كلاین به پێچه‌وانه‌ی فرۆیده‌وه دایك به سه‌نته‌ری گه‌شه‌ی مناڵ داده‌نێت. له تیۆره‌ی په‌یوه‌ندی ئۆبێكتدا (Object Relational Theory) باس له وورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ندی مناڵ به دایكه‌وه و گرنگی له بونیادنانی كه‌سێتیدا ده‌كات. به ڕای ئه‌و كه‌موكورتی له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا ده‌بێته هۆی دروستبونی لادانی ده‌روونی كه ده‌ركه‌وته‌كانی له قۆناغه‌كانی تری ژیاندا ،له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا، خۆیان نمایش ده‌كه‌ن . كلاین پێوایه جه‌سته‌ی دایك، وه به تایبه‌ت(مه‌مك)ی كه سه‌رچاوه‌ی ژیانه، جیهانی یه‌كه‌می مناڵه، وهكچۆنیش یه‌كه‌م به‌ركه‌وتن و په‌یوه‌ندیه‌تی به ئه‌وی تره‌وه. دواتریش هه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیه ده‌بێته بناغه و مۆدێلێك بۆ په‌یوه‌ندی داهاتووی مناڵ به جیهانی ده‌ره‌وه‌ی. كلاین باس له‌و گه‌شه سروشتیه ده‌كات كه هه‌مومان پیایدا تێده‌په‌ڕین و ده‌بێته پلاتفۆڕمێك بۆ دروستكردنی كه‌سایه‌تیمان. به ڕای ئه‌م ده‌رونزانه ئه‌و په‌یوه‌ندیه به كۆمه‌ڵێك پرۆسه‌و میكانیزمی ده‌روونی به‌هێزدا تێده‌په‌ڕێت،ڕه‌نگاو ڕه‌نگه به جۆره‌ها هه‌ستی پارادۆكس و دژ به‌یه‌ك وه‌ك غه‌ریزه، ڕق، په‌شێوی و نیگه‌رانی و ئاره‌زووش بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی دیوه شكاو‌و ئازار پێگهشتوهكانی جیهانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ! كلاین پێوایه هه‌موو ئه‌م هه‌ستانه له سه‌ره‌تادا له فانتازیای مناڵ‌دا دروستده‌بن.
مناڵ مه‌مكی دایكی به هه‌موو سیفه‌ته جوان و خۆشه‌ویست و شیرینهكهیهوهیه، به یه‌كه‌م (ئۆبێكتی باش) داده‌نێت، كه به‌ریده‌كه‌وێت و به به‌شێك له جیهانی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌زانێت. به مانایه‌كی تر مناڵ دیوه جوان، خۆش و باشه‌كه‌ی مه‌مكی دایكی به به‌شێك جیانه‌كراوه له خۆی ده‌بینێت، به‌م میكانیزمه‌ش ده‌وترێت (Introjection). هه‌ربۆیه متمانه‌و دڵنیایی مناڵ به ژیان و په‌یوه‌ندیه‌كانی له داهاتودا، ده‌وه‌ستێته سه‌ر متمانه‌ی به (مه‌مكه باشه‌كه) ی دایكی. كلاین ئه‌مه به هه‌وڵی مانه‌وه‌ی مناڵ له ژیاندا ڕاڤه ده‌كات. دیاره لێره‌دا مه‌مكی دایك به هه‌ردوو دیودا، واته به كۆنكرێتی و سیمبۆلیش ده‌توانرێت سه‌یر بكرێت و لێكبدرێته‌وه. لێ له ژیانی هه‌موو مناڵێكیشدا دیوێكی ناشرینی دایكیش بوونی هه‌یه! گه‌ر دیسانه‌وه له ڕووی ویستی مناڵ بۆ مانه‌وه ته‌ماشای بكه‌ین، ئه‌وا به میكانیزمێكی تر كه پێی ده‌وترێت (Projection)، مناڵ هه‌وڵده‌دات دیوه ناشرینه‌كه(مه‌مكه خراپه‌كه)ی دایك فڕێ بداته ده‌ره‌وه و خۆی لێ ڕزگاری بكات. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش ڕووبدات ، ئه‌وا پێویستی به‌وه‌یه كه ڕق ، كینه و په‌شێوی خۆی بكاته ناو ئۆبێكتێكی تر(مه‌مكی خراپ) له ده‌ره‌وه‌ی خۆی. ئه‌مه‌ش له بنه‌ڕه‌دا هه‌ر مه‌مكی دایكیه‌تی و جیاوازی نیه له گه‌ڵ ئۆبێكته باشه‌كه(مه‌مكه باشه‌كه)، به‌ڵام له جیهان و فانتازیای مناڵ‌دا ئه‌مه ئۆبێكتێكی تره‌و په‌یوه‌ندی نیه به دایكیه‌وه! له‌به‌رئه‌وه‌ی مناڵ له‌م گه‌شه‌یه‌ی ژیانیدا توانای جیاكردنه‌وه‌ی نێوان( فانتازی و حه‌قیقه‌ت) یان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی خۆی نیه،ئه‌وه‌ی كۆترۆڵی ده‌كات بۆچونه ناوهكیهكانیهتی نه‌ك ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی مه‌نتیقی. كلاین ئه‌م حاڵه‌ته‌ی گه‌شه‌ی مناڵ به( پارانۆید\شێزۆی) ناو ده‌بات و پێوایه ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات لهتبونێكی نائاگایانه‌یه له (من)ی مناڵ. به‌مانایه‌كی تر، به هۆی جیاكردنه‌وه‌و له‌تكردنی دایك بۆ دوو ئۆبێكتی باش و خراپ ، مناڵ به‌شه باش و جوانه‌كه‌ی دایكی ده‌خاته خۆیه‌وه، وه به‌شه خراپ و نهویستهكهی خۆشی ده‌خاته ناو دایكه‌وه. به‌م شێوه‌یه‌ش باوه‌ڕو متمانه‌ی مناڵ بۆ ئۆبێكتی باش(مه‌مكی باش)، ده‌بێته ئه‌نگێزه‌یه‌ك تا به‌هۆیه‌وه بتوانێت خۆشه‌ویستی وه‌ربگرێت و بیپارێزێت له ژیانیدا. دیاره لهدایكیبوونی مناڵ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سایكۆلۆژی، لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات!
حاڵه‌تی خه‌مۆكی ، گه‌شه‌ی دووه‌مه له ژیانی مناڵ‌دا، دیسانه‌وه كلاین ووشه‌ی (حاڵه‌ت) به‌كارده‌هێنێت نه‌ك قۆناغ، چونكه پێوایه ئه‌م دوو حاڵه‌ته له ژیاندا پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه! به بۆچوونی كلاین، له‌م ماوه‌یه‌دا مناڵ به‌ر ئه‌و ڕاستیه ده‌كه‌وێت كه له بنه‌ڕه‌تیدا ئه‌وه هه‌مان ئۆبێكت و هه‌مان دایك و مه‌مك بووه كه هه‌ندێ جار باشه وه له كاتی تریشدا خراپ! دیاره ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی بۆ تۆخ ده‌بێته‌وه ئه‌و جیهانه‌ی تیایدا ده‌ژی نه به‌ته‌نیا باشه وه نه به ته‌نیاش خراپ! به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه له هه‌مان كاتدا باشیشهو خراپیشه و ده‌كرێت له هه‌مان ئۆبێكتدا هه‌ستی ڕق و خۆشه‌ویستی ، جوان و ناشرین له‌یه‌ك كاتدا هه‌بن. به‌م شێوه‌یه مناڵ له ڕێ گه‌شه و حاڵه‌ته جیاوازه‌كانی ژیانیه‌وه كه‌سایه‌تی بۆ خۆی وه‌ك سوبێكتێك و مۆدێلێكیش بۆ په‌یوه‌ندی به ئۆبێكتهوه دروستده‌كات.
دونیا‌و مۆڕاڵ
وه‌ك پێشتر باسمان كرد زانستی سۆشیال سایكۆلۆژی، هه‌وڵی تێگه‌شتن و ڕاڤه‌كردنی په‌یوه‌ندی تاكه كه‌س به كۆمه‌ڵگه‌وه كاریگه‌ریشیان له سه‌ر یه‌كتر ده‌كات. یه‌كێك له‌و فاكته‌ره گرنگانه‌ی كه ئه‌م په‌یوه‌ندیه رێكده‌خات مۆراڵه! سه‌یركردن و پیاده‌كردنی مۆڕاڵ و ئاكاریش شتێكی ڕێژه‌ییه‌و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت. له‌مباره‌یه‌وه ماری دۆگلاس له كتێبی (پاكی و مه‌ترسی)دا باس له ڕۆڵی ڕیتوال و سیمبوله‌كان له بونیادنان و به‌رهه‌م هێانهوهی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاكارییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات. ئه‌ویش هه‌روه‌ك بونیادگه‌ره فه‌ڕه‌نسیه‌كان پێوایه كه حه‌قیقه‌ت به شێوه‌یه‌كی سیمبولی دارێژراوه و ڕێكخراوه ، وهكچۆنیش به ته‌نها یه‌ك مانا نیه بۆ ڕاستی به‌ڵكو هه‌موو سیمبولێك ده‌كرێت چه‌ند مانایه‌ك له خۆی بگرێت. به‌مانایه‌كی تر، حه‌قیقه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕێی به‌كارهێنانی زمان و پیاده‌كردنی ڕیتوالی جیاوازه‌وه دروست ده‌بێت. به‌وپێیه‌ش (نه‌زم ،ڕێكخستن) و كاوس زۆر نزیكن له‌یه‌كه‌وه وهكچۆنیش ئه‌و دوو هێزه گه‌وره‌یه‌ن كه كۆمه‌ڵگه به‌ره‌پێش و گۆڕان ده‌به‌ن.
دۆگلاس له شیكاریی فه‌رهه‌نگدا باس له گرنگی و ڕۆڵی هه‌ر یه‌ك له پیسی و پۆخڵكردن و لادان ده‌كات وه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ ناسین و ڕاڤه‌كردنی مۆراڵ و ئاكاری هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك. به ڕای ئه‌م خانمه له ڕێی ئه‌وه‌ی كه بزانین چی به پیس و تابو وه چیش به پاك و په‌سه‌ند داده‌نرێت، ده‌توانین زانیاری ته‌واومان له سه‌ر سیستمی ڕیزبه‌ندی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌ستبكه‌وێت، كه ئه‌و نۆرم و كۆدانه‌ی لێ دروستبوه و بۆته ماتریسێكی ئه‌قڵی و ئه‌خلاقی بۆ مامه‌ڵه‌كردن و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان. ئه‌و پێیوایه كه پیسی و پۆخڵی شتێكی ڕێژه‌ییه‌و په‌یوه‌ندی به‌و ئۆبێكتهوه نیه كه ده‌خرێته پاڵی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌و شوێنه‌وه‌یه كه ئۆبێكته‌كه خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه . بۆ نمونه دونیای ته‌مه‌ن پانزه ساڵ له كوێره گونده‌كه‌ی خۆیدا ده‌بێته سیمبول و ئۆبێكتێكی پیس و قێزه‌وون،كه ده‌بێت له ناو بچێت تاوه‌كو نه‌زم و ڕێسای كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه! له كاتێكدا گه‌ر ئه‌مه له ووڵاتێكی تر، بۆ نمونه ئه‌وروپیدا، بێت ئه‌وا هاوكێشه‌كه به ته‌واوی پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه .واته هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه ده‌ستیان له تێوه‌گلان و كوشتنی ئه‌م كچه مناڵه‌دا هه‌یه ده‌بنه كه‌سانی پیس و لاده‌ر و پێدۆفیل كه پێویسته سزا بدرێن تاوه‌كو ڕێسا و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هاوسه‌نگ ببنه‌وه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا.
ڕه‌فتاری پیس، لێره‌دا مه‌به‌ستم له (سێكس) ه سیمبولی هێزو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ تێكدان و له ناوبردنی ئه‌و نۆرم و قاڵبه باوه‌ی ئاكار و مۆڕاڵ كه له كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا هه‌یه، وهكچۆنیش ده‌بێته مادده‌یه‌كی خاو بۆ دروستكردن و بونیادنانی جۆره‌ها نۆرمی تر وه‌ك (ژن كوشتن). به ڕای دۆگلاس به بیانوی هێشتنه‌وه‌ی ڕێسا و نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سانێكی بێ سنورت بۆ دروست ده‌بێت . لێ مه‌ترسیه‌كه له‌كاته‌دا ته‌شه‌نه ده‌سێنێت و خۆی نمایش ده‌كات، كه ئه‌م جۆرانه له مرۆڤ له دۆخێك‌دا خۆیان ده‌بنه‌وه نه‌زانن و ناتوانن پێناسه‌ی بكه‌ن، له سه‌ر سنورێك ده‌بن كه نازانن به چ لایه‌كدا ده‌یانبات. مه‌ترسیه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌م كه‌سه بێ سنوورانه خۆیان ده‌بنه‌وه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ڕێسا‌و نه‌زمی كۆمه‌ڵگه و هه‌رئه‌وانیش له ئاكار و به‌ها جوانه‌كانی ده‌ده‌ن. به مانایه‌كی تر، ئه‌م كه‌سه پاكژخوازه(بێ سنووره)، ده‌بێته پهشتهماڵێك بۆ هه‌ڵگرتنی پیسی و ناشرینیه‌كانی ئه‌وانی تر، واته ده‌بێته ئۆبێكتێك بۆ پرۆجێكشن(Projection)، ئه‌وانه‌ی كه به‌هه‌ر نرخ و باجێك بێت ده‌یانه‌وێت نۆرم و ڕێسا ئهخلاقهكانیانی خۆیان به پاكی و به بێ له‌كه بهێڵنه‌وه .
دۆگلاس جه‌سته‌و ده‌رون وه‌ك سیستم ده‌بینێت و پێوایه كه له هه‌ندێ فه‌رهه‌نگدا جه‌سته و سێكسوالیتی تابوون له به‌رئه‌وه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌و دیو سنوری سیستمه‌كه‌وه.هه‌ربۆیه‌ش به مه‌ترسی و وه‌ك لادانێك و شتێكی نامۆ ده‌بینرێن.
دیاره ئاسانتره بۆ مرۆڤ جه‌خت بكاته سه‌ر ڕه‌فتاره (پیس و ناشرینه‌كه) هه‌وڵی كپكردن و نه‌مانی بدات ،وه‌ك له‌وه‌ی مانا‌و سیمبولی ئاكاره‌كان بگۆرێت. به‌مانایه‌كی تر، پارادۆكسه‌كه ئه‌وه‌یه ئیش له بونیاده ئه‌خلاقیه‌كه خۆیدا ناكرێت به‌ڵكو له‌و شتانه‌دا ده‌كرێت كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بونیاده‌یه. به بیروبۆچونی دۆگلاس ئه‌م تێڕوانینه وا ده‌كات كه كه‌سانێك به بیانوی پاراستنی پاكی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مانا بۆ مۆڕاڵ چه‌نده‌ها جار كاری نائه‌خلاقی ئه‌نجام بده‌ن به بێئه‌وه‌ی بكه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی سنوره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خۆیان به كه‌سانی لاده‌ر و تاوانبار دابنرێن.
دۆگلاس زۆر به ئاگایه له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه ئه‌م جۆره له هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ی پاكی و ڕێسای كۆمه‌ڵایه‌تی ، ئه‌وه‌ی پێ ده‌ڵێن مۆراڵ، دروستی ده‌كه‌ن. به ڕای ئه‌و ئه‌م جۆره له هه‌وڵ و كۆششكردنه جگه له كاوس و ساخته‌كاری دووڕووی له كۆمه‌ڵگه‌دا هیچی تر دروست ناكات.
تەواو