شیرازنامە (٦)

Loading

پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم، بەشی چوارەم و بەشی پێنجەم

بەشی شەشەم

بۆ فەتانەی خادم فارس

14875081_328181487561125_1855961504_n

دیسانەکێ، لە منەوە هەردەم سڵاو … هەست بە ماندوویی ڕۆحتان دەکەم، لە نامەی پێشوودا نەمویست غەمێکی وەها داتبگرێت، کە ڕۆحتان هەپروون بکات، بەس هەست دەکەم کە غەمێک دایگرتوون؛ لێ نازانم دەبێت لە چی شتێك نیگەران بووبن، لە ڕشتنی خوێن، لە پەڕینی دەست و پێ، یان نۆ ساڵ لە زیندانی ڕۆحدا، ئەوە چییە “حەللاج”، تەنیا کەعبەی نزیک کردەوە و، لە شوێنی دوور خستۆتەوە، کە دەڵێت: ” لە بری چوون بۆ حەج، نەزر و زیارەتی کەعبەی دڵ بەسە”، تەوافی تۆ، دەشێت بە جۆرێکی دی بێت، لێ بۆ نایڵێیت، دەترسیت نوورت لەسەر هەڵگیرێت و بەرت نەکەوێت. “نوور” کە لە سەرووترە، خۆ دەبێت ئاور لە نێوەوەی خۆت، دڵ و ئێسقانت دابگریسێت؛ کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … بەم ڕۆژگارە کێ لە “حەللاج” ناچێت و لەسەر حەق بە داردا هەڵناواسرێت؟. کە گوتی: “آنا الحق”، کەس لە چاوییدا نووری نەبینی، جگە لە خوێن، کە بە ژێر پێیاندا تێپەڕی. ئەی ئێمە لە کوێی ئەم حەقیەداین و ئەو لە کوێی ئەو ناحەقییەدایە؟. گەر بە ڕاست ئەو ناحەقی کردووە، ئێمە لە کوێی حەق گەڕاوینەتەوە؛ چووینەتە ئەوسەری دونیا، تاوەکوو لە شوێن دوورکەوتبینەوە و، هاتبینەوە شوێنێکمان بۆ ژیان و حەقی گشتی دەستەبەر کردبێت و، پۆخڵەواتیی و تەمی سەر دڵانمان لە نادادپەروەی ڕزگار کردبێت؟ ئەی ئەمڕۆکە کە کەسسێك یان وڵاتێک، بڕیاریدا، کەعبە لە ولاتی خۆی بێت، چۆن لە حەللاج و دادگاییەکەی دەڕوانن و، دەبێت “آنا الحق”ی ئەوان چی بێت؟. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … بۆیە گەڕاندمیەوە پێش، تاوەکوو بیرتان بخەمەوە، کە شوێنی ئەو کوێ بووە. جا بۆ وەی نەبمە مایە سەرهێشە و دڵەڕاوکێ، لەسەر ئیزنی ئێوە، دەمەوێت هەندێ لە سەرگوزەشتەی “حەللاج” لە زادگای خۆی، بە چەشنێکی دی و بە زمانێکی شیعرییتان بۆ بگێڕمەوە و، نەبادا خوێنی، هەر بە بەرچاوتدا بڕوات.

پێشباس:

وەک ئەوەی شەوان بەدیار ئەستێرەوە، لەگەڵ منداڵانی گەڕەکدا، لەسەر حەوشەی سەربان، ترێفەی مانگمان دەکردە بەتانی و بەسەر ڕۆحماندا دەدە؛ سەڵات و تەسبێح بە ئەستێرەمان دەکرد و، نێزەکێکیشمان ڕادەسپارد بەیانی بانگ بدات. سبحەینانی زوو، بەر لەوەی لە دێی “توور”ەوە، بچمەوە شوشتەر، من بە جیا لە منداڵانی گەڕەک، کوژانەوەی ئەو نێزەکانەم دەکرد شوێن و، بە دوایدا دەگەڕام و، دەمویست بیدۆزمەوە؛ ئیدی ئەم پرسیارانە مێشکیان وەها کۆڵیبووم، کە نێزەک لە کوێی گەردووندا دەنێژرێت. من هەر لە منداڵییەوە، ئەستێرە و پەمۆم وەک یەک تەماشا دەکرد؛ من پێچەوانەی ئەو شاعیر و عاریفانە، بە کلووە بەفرم تەماشا نەدەکرد، دوای ماوەیەک لە بەرچاومدا بتوێتەوە. من وەک پەمۆ تەماشم دەکرد، کە بۆچی و چلۆن سینگی شەقارشەقار بووە و، لەبەر چی ئەو میهرەبانییەی هەڵگرتووە. ئیدی کەوتمە ڕێ، ئەم ڕستانە لە دەممەوە دەهاتنە دەرێ:

شەوانی شۆستەر، هێندە سپی بوو، ئاسمان:
ئەستێرەکان، لە جلی حەجییان دەپێچام،
کە ئەوسا نزارگام هەر دڵ و،
چاوەکانیشم ورد دەبۆوە لە قووڵایی ئاسمان.
شەوانی شوشتەر، بیرم لە دار دەکردەوە:
کە چلۆن لۆکەی دڵم شی دەکاتەوە.
دەمگوت: دەبێت ڕۆژێک بێت و،
خەڵک، لۆکەی دڵیان، دە خوێنم هەڵکێشن و،
برینی نێو دڵییان، پێ ساڕێژ بێتەوە!.
لە زاری منەوە مەبیستن، “سەهلی” دەزانێت:
سەرەتا چی ئاورێك لە مندا گیرساوە.
من کە دێوانەی زانست و شاگردی ئەم و ئەو بووم،
بڵێسەی دڵم بوو، پرشکی هەڵدابووە، ئەم شاروشارە!

نووسین، لە دوای خوێنچۆڕینی حەللاجەوە:

خوێن، چ خوێنێک، هەر ڕەنگ نا، بەڵکوو پڕ لە نوور … خوێن بووە مەرەکەب و ئیدی لە دوای خۆی، ڕۆحی پێ دەنووسرایەوە، چ ڕۆحێک، هەر شاعیر و عاریفێک دەهات، “آنا الحق”ی پێ دەنووسییەوە. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … هەڵبەت باسی ئەو شیعرانە ناکەم بۆت، دەترسم یەکێ لەو غەزەلانە ڕۆحتان هەلاهەلا بکات؛ کە چلۆن ئەم دارە خوێنی لێ دەچۆڕایەوە. ئیدی ئاسمان ڕەنگی بە چەشنێکە، کە ستەمکار خوێن لە هەر کەسێك بێنێت، نوور تێکەڵ بە ڕەنگی دەبێت و، لە بەرچاوی ستەمدیدان ئەم خوێنە ڕەنگی دەگۆڕێت. ستەمدیدان، ئەم خوێنەی “حەللاج” بە خۆێنی خۆیانی دەزانن و، هەست دەکەن خۆیان لەسەر حەق دراون بە داردا. نووسین بەم خوێنە، تەنیا بۆ حەق نییە، چوونکی حەقیقەتیش ڕەنگی خۆی هەیە و هەریەکەو، بە جۆرێکی دەبینێت. حەقیقەت نابێت دۆخی مردنی بدرێتە پاڵ، بۆیە خوێنی “حەللاج”ییان حەڵاڵ کرد، بە دوژمنی خودایان زانی؛ کە خودا دوژمنی نییە، بەڵکوو مرۆڤ خۆی دوژمنی خۆیەتی. مرۆڤی بەرانبەر، کە خودا بە جۆرێکی دی دەبینێت و، لەو خودایە ناچێت کە خودی خۆی بە حەقیقەتی دەبینێت، ئەوسا وا دەزانێت کە خودا درزی تێ تێکەوتووە و، دەبێت لە مردن ڕزگاری بکرێت؛ خودا پیویستی بە ڕزگارکردنی نییە، ئەوە خودی مرۆڤە دەبێت خۆی خۆی ڕزگار بکات. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … لە خودا داوا دەکەم، ئارامی بدات بە ڕۆحتان و، دڵتان هەر ساغ و شاد بێت تا نامەی داهاتوو، لە ڕوانگەی زاتێکی دییەوە، دەبمەوە میوانتان، ڕۆحتان هەر ڕۆشن بێت.

٣٠/١٠/٢٠١٦ قەڵادزێ

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.