دەسەڵاتی یەکەم

Loading

دەسەڵاتی یەکەم

چاوپێکه‌وتن و گفت و گۆ لەگەڵ پیته‌ر سلۆته‌ردایک

وەرگێڕانی لە فەرەنسیەوە

لە ١١ کانونی یەکەم، ٢٠٠٤ ڕادیۆ فرانس کلتوور، فەرەنسا

ئەم چاوپێکەوتنە ئیلیزابێت لیڤی بە زمانی فەرەنسی ئەنجامیداوە و سلۆتەردایک بە فەرەنسی وڵامیداوەتەوە. هەروەها ژیل کازانۆڤا (ڕۆژنامەوان) و ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ(فەیلەسوف و تیۆلۆجیە) لەو گفتو گۆیانە بەشدارن.

  • ئیلیزابێت لیڤی: ناسراو بەو کەسەی کات قوتدەدات بێ ئەوەی خۆشیی لێ ببینێ، یاخود قینی لێی بێتەوە. خاوەنی بیری مەترسیدار، پشکێنەری لایەنە ناڕوونەکانی رووح و جەستە، خاوەنی بیرۆکەی ”بیر لە خراپە بکەرەوە تا بە باشیی بژی”. سلۆتەردایک لە زانکۆی Hochschule für Gestaltung فەلسەفە و ئیستاتیک دەڵێتەوە، ڕێکتۆری ئاکادیمی هونەرە جوانەکانە لە کارلسرو. ئەم فیگەرە کە لە بیری چەپەوە لایداو و بە بودایزم تێپەڕیوە، لە ساڵی ١٩٩٩ کەوتە نێوەندی گەورەترین پڕوپاگەندەی ئابڕومەندییەوە لە ئەڵمانیا. پاش چاپکردنی ”یاساکان بۆ پارکی مرۆڤ”Règles pour le parc humain [1] ئەم خوێنەرە گەورەیەی نیتشە و هایدگەر کە نازانێ ماندوبوون چیە بەوە تاوانبارکرا کە پلانی پرۆژەیەکی زەردەشتیانەی پێیە، بە پشتبەستن بە بیرۆکەیەکی فاشیستانە ئامانجی دەسکاری و گۆڕینی جیناتی مرۆڤە و هێشتنەوەی باشترینیانە. خودی ئەم هێڕشکردنەش بە سەرکردایەتی یۆرگن هابرماس کرا کە بە سەرکردەی نەوەی هەڵگری یادەوەریی و پارێزەری بەئەمەکی پەرستگای بیری هاوکۆک ناسراوە؛ چونکو لەلای خۆیەوە، سلۆتەردایک دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بەوەی بەردەوام تاوانەکانمان وەبیردەهێننەوە و مێشکمان پڕکەن بەوەی لە ڕابردوو ڕوویدا. ئەم ئەزموونە کۆنکرێتە لە هێرشکردنە سەر سلۆتەردایک، بووە زادی تێڕامانی لەسەر دەسەڵاتی میدیاکان کە چێژی لێ دەبینێ و بە توندی دژیان دەوستێتەوە؛ چونکو بۆ بەکارهێنانی ئەو وێنانەی کە خۆی حەزی پێیانە و کاریگەرییان هەیە، سلۆتەردایک لە ئاستی میدیاکاندا، هاوکات سوڕێنەری گفتوگۆکانە و بەرگریکەریشە. سلۆتەردایک وەک تاقیبکەرەی هەڵوێستی فاشیستی و هەمەڕەنگیی میدیاکان، ڕۆژنامەوان لەلای نموونەی ئەو کەسەیە کە پەیمانی زیرۆی پێیە (واتە هیچ پەیامێکی پێ نیە). ئەگەرچی سلۆتەردایک لە کەناڵی تەلەڤیزیونی ئەڵمانی ZDF بەرنامەیەکی فەلسەفی مانگانەش بەڕێوە دەبات، لەم روانگەیەوە: ”تەلەڤیزیۆن و فەلسەفە”، سلۆتەردایک لێرەیە تا پێمان بڵێت چۆن تەماشای ئەم دوو لایەنە هاودژە لە خۆیدا دەکات.

– ئیلیزابێت لیڤی: دەتوانی پێش هەموو شتێک پێمان بڵێیت ئەم ڕستە لاتینە مانای چییە؟: Cogitor ergo sum

– سلۆتەردایک: لەو راستیەوە کە تەنها پیتی (r) بۆ ئەو وشەیە زیادبکەی دەکاتە ئەوەی ڕستە کلاسیکیەکەی دیکارت ”من بیردەکەمەوە واتە من هەم” Cogito ergo sum کە ڕستەیەکی ئاکتیڤە (واتە کردار منم) و بە زیادکردنی ئەو پیتە دەگۆڕێ بۆ پاسیڤ (واتە کردار ئەوی ترە). ئەمەش مانای وایە لەبری ئەوەی من بیر دەکەمەوە، ئەو یان ئەوان بیر لەمن دەکەنەوە، من لە لایەن کەسێکی ترەوە بیرم لێ کراوەتەوە، کەسێک قسەکانی ئاراستەی من دەکات هەر لەبەر ئەو هۆیە من دەبم.

– ئیلیزابێت لیڤی: ئەی ناتوانین ئەم ڕستەیە لە ئاستێکی تردا بەکار بەرین کەمتر فەلسەفی بێت، با بڵێین وەک جۆرە دروشمێک لەلایەن جیهانی میدیاوە بەکار ببرێت؟ وەکی ئۆتۆ ریفرانسیالیتێ (خود مەرجەع).

– سلۆتەردایک: بەڵێ، لێرەشدا نەک تەنها وەک خود مەرجەعێک بەکار دەبرێ، بەڵکو ڕستەکە یارمەتیمان دەدات لە سروشتی ئیستاتیکیی پرۆسەی نێوەند (وسيط) تێبگەین، چونکو خۆگونجان لە نێو هاوپەیوەندی، واتە من لەو شوێنەم کە ئەوی تر مەبەستەکانی ئاراستەی من دەکات. ئەمەش مانای وایە بەو شێوەیە تۆ بەرامبەر بە من بوونت دەسەلمێنی. بە پێچەوانەی ئەمەش دەکاتە فەلسەفەیەکی دیالۆگ کە هەموو فەلسەفەی سەدەی بیستەم پێوەی سەرقاڵ ببوو.

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: دێمە سەر ئەو هەموو شەڕانەی لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئارادابوون، چ شەڕی سەربازی و چ هی فەلسەفیش کە زۆرجار لە ئارایە، ئەمڕۆ کە فەیلەسوفەکانی هەردوولا زۆری فەرهەنگی وشەکانیان هاوبەشە، هەردوولا وەک یەک لەلایەن دنیای هاوپەیوەندیەکانەوە (کۆموینیکاسیۆن) هەڕەشەیان لەسەر نیە؟

– سلۆتەردایک: بڕوا ناکەم کە هاوپەیوەندی لە خودی خۆی ماییەی هەڕەشە بێت؛ ئەوەی هەڕەشەمان لێ دەکات ئەو پانتاییە دەروونییەیە کە بە نێوەندی هاوپەیوەندیەک ئەنجامدەدرێ کە ئێمە نامانەوێت. پەیوەندیەک کە بێ ویستی خۆمان نەبێت کەم تا زۆر بەشدار دەبێت لەوەی قاتێک قین لە دژی ڕەگزی مرۆڤ (misanthropie) بخاتە سەر ئەو قینەی لە ناخمان شاراوەیە. هەر ئەم نەخواستنی هاوپەیوەندیە وا دەکات چی قینی بنەڕەتە لە قولایەوە سەرکەوێتە سەری سەرەوە. هەر ئەمەشە وامان لێ دەکات بە ئاگابین لە لافاوی میدیاکان کە وامان لێ دەکەن لە داهاتوودا ببینە دراوسێی ئەوانەی سنووری هاوبەشمان لەگەڵیاندا نیە. دەبێ لەبیرشمان نەچێت کە بیرۆکەی دراوسێ لە تێگەیشتنی کۆندا نزیکبوو لە بیرۆکەی دوژمن، ئەمڕۆ بە نێوەندی هاوپەیوەندیەوە بیرۆکەکە وای لێهاتووە بۆ ئەوانە بەکار دەبرێ کە هیچ شتێکی هاوبەشیان لەگەڵماندا نیە، بە تایبەتی نە دیواری سروشتیی و نە سنوور لە نێوانماندا نییە. کەسانێک کە دراوسێی ڕاستەوخۆی ئێمە نین، کەچی ئەمڕۆ دەتوانن نەهامەتی خۆیان بڕژێننە سەرمان، لە کاتێکدا ئەمە جاران تەنها دراوسێ نزیکەکان بۆیان هەبوو بیکەن. ئەمە یەکەم ئاکامی هاوپەیوەندیە، کە بەگشتبوون یان بە نێوەندی جیهانگەرا دروستبوە.

– ژیل کازانۆڤا: ئەوەی کە وتت سەبارەت بە Cogitor ergo sum بەوە دەچێت دوورتر بڕوانێت لەو بیرۆکەیەی من بوونم بە نێوەندی ئەوەوە هەیە، کە میدیا هەیە بۆیە منیش هەم، واتە بیر لەمن دەکەنەوە بۆیە هەم، من وەک میدیاکان بیردەکەمەوە، ئەم دیالۆگەش دەمکاتە ئەویتر و ئەویتریش دەبێتە من، لە کۆتاییدا لەسەر ئەو بۆچوونە پوختەی ڕاکانم دروستدەکەم کە میادیاکان وەک من بیر دەکەنەوە.

– سلۆتەردایک: وایە، دەبمە ئەوەی کە گوێی لێ دەگرم، کەوابێ ئەویتر بیر لەمن دەکاتەوە.

– ئیلیزابێت لیڤی: ماوەیەک هەبوو کە زۆر بیریان لە تۆ دەکردەوە سلۆتەردایک! دەتوانین بڵێین لە رادە بەدەر بیریان لە تۆ دەکردەوە. بەهەرحاڵ ”مەسەلەی ئابڕوبردنی سلۆتەردایک” فێری زۆر شتی کردی لەسەر ئاستی گوڕەپانی میدیاکان. ئەوەبوو لە ١٧ی تەموزی ١٩٩٩ لە کۆشکی ئیلماو لە باڤاریای سەروو، کۆنفرانسێک لەسەر هایدگەر هەبوو تۆ ئەم ناونیشانەت پێدابوو: ”یاساکان بۆ پارکی مرۆڤ”، کە وەڵامێکە بۆ ”نامەیەک دەربارەی هیومانیزم”.  لەم دەقە کە بیرۆکەکەی لەسەر ”پارکی مرۆڤ”ی ئەفڵاتون و بیرۆکەی ”بە ماڵیکردن” لەلای نیتشە دەهێنیەوە ئارا، تۆ قەیرانی هیومانیزمی نەخوێندەوار شیدەکەیەوە، ئەمەش، پێموابێ بەدەر نەبوو لە جۆرە ڕەشبینیەک، بەڵام بیسەرەکانت نەیانویست ئەم ڕەشبینیە ببیستن؛ چونکو لە ئاست شکستی پەروەردەیەکی کلاسیکی تۆ دەپرسیت ئایا بیۆتەکنەلۆجی[2] و هەموو جۆرە دەسکاریەکی جینیتیکی لە ئایندەدا نابنە مایەی ڕاستکردنەوە و دەستکارییکردنی چارەنووسی لەدایکبوون؟ لەدوای ئەمە ئابڕومەندییەکەت دەنگیدایەوە، بە تایبەتی لەلایەن هابرماس کە تاوانبارت دەکات بەوەی کەسێکی بانگەشەی ”دەستکاریی مەسەلەی لەدایکبوون و نەوەکان” دەکەی، هەروەها بە لایەنگری بیرۆکەی ”باشترکردنی لەدایکبووی نوێ” و بە ”میتی سوپەرمان” تاوانبار کراوی، بێ ئەوەی بەتەواویی تا ئەو ئاستە بڕۆن کە نۆستالژیت بۆ رایشی سێهەم هەبێت. هەروەها لۆمەی ئەوەشت دەکەن کە شوناست لەسەر وێژدانی برینداری ئەڵمانەکان بینا نەکردوە. ئەم گفتوگۆ زۆر ڕەقانە ئەو بیرۆکانەت دەسەلمێنن کە ڕاستیت سەبارەت بە رەخنەیەک لە ”فیکری مێگەل” دەگیرێ، ئەمەش بیری رەخنەیەکە کە: ”هەوڵدەدات نووسەری بابەتێک بەو شرۆڤانە بگۆڕێتەوە کە لە دەوری نووسینەکە دەگوترێن، ئەوەی رەخنەش لەبارەیەوە دەیڵێ لە خودی نووسینەکە بە گرنگتر دادەنرێ.”[3]؛ بەڵام بۆ ئەوانەی کە ئاگاداری ئەم مەسەلەیە نین، یاخود لەبیریان چووە، با گوێمان لەم قسانەی فەیلەسوف راینەر ڕۆشلیتس بێت لە مانگی شوپاتی ٢٠٠٠ لە فەرەنسا، پاش ئەوەی مەسەلەی ئابڕومەندییەکەی سلۆتەردایک دەنگیدایەوە:

 (کۆمەڵێ تێڕامان هەن کە بایی خۆیان لەیەک ترازاون، بەڵام دەتوانین بەهانەیان ببینین. بەهانەکەش ئەمەیە: هیومانیزم- جارێ ئەمەشیان وشەیەکە کە سلۆتەردایک دەیهێنێ و وڵامی ئەم نووسینە کورتەی هایدگەری پێ دەداتەوە سەبارەت “پەیامێک دەربارەی هیومانیزم”- هیومانیزم لەسەر ”کۆماری ئەدەب” بیناکرابوو، بە واتای ئەوەی لەسەر جۆرە کلتورێکی هیومانزیم، سیستەمێک لە پەروەردە و لەسەر ویستی بە شارستانیکردنی مرۆڤ بە نێوەندی ئەدەبەوە. یەکەم تێزی سلۆتەردایک کە تا ڕادەیەک لە چەند خالێک لەگەڵ هایدگەر کۆکە، ئەوەیە کە دەڵێ: هیومانیزم شکستی هێنا لە بەمەدەنیکردنی مرۆڤایەتی. سلۆتەردایک، ئەم تێزەی هایدگەر شیدەکاتەوە و پێیدا دەچێتەوە و گەشەدەدات بەو فۆرمە جیاوازانەی هیومانیزم، کە بە بڕوای ئەو بریتین لە کرستیانیزم، مارکسیزم و ئەمریکانیزم (کە بەوە دەچێ لەگەڵ هادیگەر بیخاتە یەک ئاست، چونکو لەلای هایدگەر ئەمریکانیزم و نازیزم و بۆلشفیزم لە یەک ئاست بوون)، کە ئەمانە نەک تەنها شکستیان هێنا، بگرە بوونە هەڵگری تۆوی توندوتیژیی بێ وێنە. ئا لەم یەکەم تێزەوە سلۆتەردایک ئەم تاقە پوختەیە هەڵەچنێ: ”ئەگەر هێشتا دەمانەوێ مرۆڤایەتی مەدەنی بکەین دەبێ ڕێگای تر بدۆزینەوە.”.)

 – ئیلیزابێت لیڤی: ئەمە سەرەتای ”مەسەلەی ئابڕومەندیی سلۆتەردایک”ە کە بە توندی بەگژتا هاتنەوە، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، لەلایەن هابرماسەوە. تۆ به‌وه‌ تاوانبارکراوی، با بڵێین: به‌ نهێنی لایه‌نگری نازیت (crypto Nazi)، واته‌ له‌ نێو دێره‌کانتدا به‌نهێنی ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌؛ بابڵێین کە خۆ شوناسکردنت لەگەڵ نه‌وه‌ی یاده‌وریی ترۆمای ده‌سته‌جه‌معی ئه‌ڵمانی ڕەتدەکەیەوە. ئایا ئەوانەی تاوانبارتدەکەن و ئەو ڕۆژنامەوانانەی باسی دەقەکەت دەکەن کتێبەکەیان خوێندۆتەوە و بە باشیی خوێندۆیانەتەوە؟

– سلۆتەردایک: دەبێ سەرەتا باسی ئەوە بکەین کە سیستەمی ڕێخستنی میدیاکان وا ئەمڕۆ لەناویدا دەژین جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستی نەخوێنەوارەکانەوەیە. ده‌بێ بزانین ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که‌ سووکایه‌تی پێکردن له‌لایه‌ن نه‌خوێنه‌واره‌کانه‌وه‌ پێش هه‌موو هۆشیارییه‌ک که‌وتوه له‌گه‌ڵ دامزراندنی سیسته‌می میدیای جەماوەریی‌. نێوەندی میدیاکان پێش تێگەشتن کەوتوە، لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمی میدیا کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ئەنجامدرا، لەگەڵیشیدا هەلو مەرجی پێکهێنانی زانستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گەورە و بەرچاو گۆڕا. ئیدی لەو ساتەشەوە نووسین و خوێندنەوە نەیانتوانی بەکەڵکی بنەمایەکی زانستی بێن تا ببیە مرۆڤێکی ڕۆشنبیری تێگەیشتوو. ئەمەش دڵی ئەو هاوکێشەییەیە کە دەمەوێ باسی بکەم لە دامەزراندنی سیستەمی میدیای جەماوەریی. لە ڕاستیشدا کلتوور لەگەڵ ئارامگرتن (سەبرکردن) هاودەنگن: هەتا بەسەبرتر بێت ئەوەندەش کلتوور بەرهەم دێت، چونکو لەگەڵ شارستانیەتی میدیای جەماوەریی دەبینە شایەدحاڵی ڕوحیەتێکی ئۆقرە نەگر و هەڵچونی فیکرێکی بێ سەبر؛ ئەمەش ئەو کاتەیە کە پروپاگەندە دەبێتە پەیوەندی بازرگانیەکی سیمبولیی نێوان مرۆڤەکان؛ ئیتر کۆمەڵی جەماوەریی بەوە خۆی پێناسە دەکات کە نووسین دەبێتە ئامرازێکی شەڕی ویژدان. ئەم شەڕە بەگشتیکراوە هێڵێکی گەورە بەژێر ئەو ڕستەییەی تۆماس هۆبز دەهێنێ کە لە کتێبی ”هاوڵاتی” Le citoyen، نووسیوێتی: ”زمانی مرۆڤ کەرەنایەکە بۆ جاڕدانی شه‌ڕ و فیتنەنانەوە.”. زمانی ئێستاش ئا ئه‌مه‌یه‌ زیاتر. قسەکردن تا دێت بەوە دەچێت شەڕ دژی کەسێک بکەی. مۆدێرنیتەش بریتیە لە نیوچە شێتیەکی جەماوەریی کە بە شێوەیەکی دەستکرد دروستبووە لە ڕێی بەڕبڵاویی ئامرازی میدیای جەماوەرەی. ئەم نووستنە ماگناتیسیەی مرۆڤی مۆدێرن کە گابرێیل تارد Gabriel Tarde، لە ساڵی 1890 له‌ کتێبی ”یاساکانی لاساییکردنه‌وه‌” Les lois de l’imitation، باسی لێ دەکات و دەلێ: ئەو کۆمەڵە نووستووە دەبێتە دۆخی ئاسایی مرۆڤی کۆمەڵایەتی کە بە شێوەیەکی فرە ئاشکرا لە سەدەی بیستەم سەریهەڵدا. ئەمەش ئەو هۆیەیە کە کارل کراوس Karl Kraus باس لە لاوازبوون و بەرەو نەمان و کۆتایی دونیا دەکات کە بە نێوەندی ئەوەی ناویناوە (سیحری ڕەش) magie noire سەرهەڵدەدات، ئەمەش زۆر بە سادەیی ئاماژەیەکە بۆ ڕۆژنامەکان.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: ئەوەی لە دەقەکەتدا لێی تێدەگەین بە ڕاشکاویی ئەمەیە: وشەگەلێ هەن ڕێ لە بیرکردنەوە دەگرن. ئەوەشی سەیرە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، کە لەو کاتەدا هیچ کەس ئەو دڵەڕاوکەییەی تۆی نەبیست سەبارەت بە بیرۆکەی ئەگەری گەڕانەوە بەرەو ژیانی سەرەتایی و بە ئاژەڵبوون. ئایا کێشەکە لەمەدا نیە: کە ئاشی هاڕینی میدیاکان بەردەوام زمانێك به‌کارده‌به‌ن که‌ تێکەڵکردنێکی تێدایه‌ لە نێوان وه‌سفکردنی حاڵه‌تێک به‌گشتیی و وه‌سفکردن به‌ پێی پێویست، واته‌ وه‌ک زمانی‌ ڕاوێژکار و وانە پێدان؟

سڵۆتێردایک مارکەیەکی فەلسەفی
سڵۆتێردایک مارکەیەکی فەلسەفی

– سلۆته‌ردایک: ئه‌و تێکه‌ڵکردنه‌ دۆخێکی بنه‌ڕه‌تییه لە دەسەڵاتی میدیاکان، چونکو میدیاتۆر(واتە ئەوەی لە ڕووبەری ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنە، پێشکەشەر و هەڵسورێنەری بەرنامە…)‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ به‌ بەستینەوەی لینکی دوولا هەڵدەستێ و مه‌حکومه‌ به‌وه‌ی به‌رده‌وام شت بوروژێنێت. ئەم وروژانەش دەیگەیەنێتە ئەو کەسەی، با بڵێین، کە کەرەستەی توڕەبوون و یاخیبوون دابین دەکات. دەبێ لەبیرمان نەچێت کە رۆژنامەوان کەسێکە کە بەرد شكانن پیشەیەتی و کەرەستەکانی لە خودی کۆمەڵەوە هاتوون. کۆمەڵیش بە نێوەندی دڵەڕاوکەیەک لە دەوروگڕی بابەتێک هاودەنگ دەبن و دەگونجێن کە پلەیەکی بەرز لە هاوکاریی هاوبەش دەخوڵقێنێ[4]. لێرەشدا موعجیزەیەک لە ئارایە کە میدیا خوڵقانویەتی و هەرگیز کۆتایی نایەت: واتە جۆرە گونجانێکی ڕەمزی لە نێوان خەڵکانێکدا دروستدەبێ کە ژمارەیان دەگاتە پێنج، حەوت و لەوانەیە سەد ملیۆنێک کەس بن. دەبێ چی بکرێ تاکو واتا و گونجان بخرێتە ژیانی کۆمەڵی وەها؟ ئەمە بە ئاسایی لە ڕێی هەواڵی وروژێنەرەوە دەکرێ. لێرەشدا وروژاندن مەبەست لە ”خوێن گەرمییە” وەک لەلای شیردەرەکان، ئەمە بەو مانایە دێت کە گونجانی ڕەمزیی کۆمەڵ بە تەواویی لەسەر دەسەڵاتی توڕەبوون و یاخویبوونی هاوبەش بیناکراوە. لێرەوە دەبێ بەردەوام هەوڵبدرێ بابەتی ئابڕووبردن بخوڵقێنرێ بۆ ئەوەی ئەو کەش و هەوای گونجانی ڕەمزیە دابهێنێت کە کۆمەڵی مۆدێڕن پشتی پێ دەبەستێ.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: حەز دەکەم ئەم ڕستەییەی نیتشە بهێنمەوە کە تۆ خوێنەرێکی گەورەی ئەوی: ”هیچ کەسێک بەقەد ئەوەی تووڕە و یاخیە درۆ ناکات.”

– ژیل کازانۆڤا: تۆ، ئەو کەسەی کە بەدیتکردەوە و شیتکردۆتەوە تا چەند گونجان و تەبایی ناو ئەو کۆمەڵانەی بەمیدیاکراون لەدەوری هەست و سۆزێک خڕدەبێتەوە کە میدیاکان پەخشیدەکەن؛ ئەمە بە شێوەیەکی بەربڵاو و گشتیی وەها کاری پێکراوە کە ببێتە سۆز و بابەتێکی هاوبەش. تۆش چۆن ئەوەت نەبینی کە هەندێ وشەت بەکاربردوە تەوەرێکی نەریتیی ئەو هەست و سۆزە بوون؟ یان ئەوەتا خۆت ئەوت هەڵبژاردوە کە تۆش یاری بەو لایەنە بکەی؟

سلۆته‌ردایک: بڕوا ناکەم نەمبینبێت، بەڵام بە زۆریی نەمویست خۆم لەناو ئەو سانسۆرە بێ مانایەی هەڵسورانی وشەگەلێکدا دەق بگرم. ئەگەر لایەکی وروژێنەری وەهاشی تێدایە لەناو دەقەکەم، ئەوە بێ گومان لەناو ئەو لایەنە شاراوەیەی ئەو وشەگەلەیە کە تۆ ئاماژەی پێ دەکەی؛ وەلێ ئەوەی ئەو مەسەلەی ئابڕومەندییەی وروژان خودی بەکاربردنەکەیە و ویستی بەکاربردنی دەقەکەیە وەک ئامێرێک لەلایەن رسوابەرانەوە، ویستێک کە هی من نیە و دوایی وای لێبکەن کە ببێتە هی من. ئەوەشی جێی سەرسامیە ئەو ڕەشەبا توندوتیژەیە کە لە خۆیەوە لەدایکدەبێت. بڕواشم وایە کە ئەمە ئەزموونێکە دەبێ بیخوازی بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەبێ لە ڕووبەرێکی گشتیدا بێنە قسە و هەڵوێستیان هەبێ و بەلانی کەم بۆ جارێکیش بێت لە ژیانیدا ئەمە بێتە ڕێیان. واتە کەسەکە ببێتە مەڵبەندی ئەو ڕەشەبا بەمیدیاکراوە، چونکو ئەمە ئەزموونێکی ئەوەندە دەوڵەمەندە کە لە دەرئەنجامدا وامان لێدەکات پەشیمان بین لەوەی نەبینە بابەتێکی میدیا و توڕەبوون و لە ئاکامدا یاخیبوونێکی وەها گەورە بەکەمیی ڕوودەدات.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: لەسەرو ئەوەش، تۆ دەڵێی کە ئەو جۆرە ئابرووبردنانەی بە زنجیرە دێنە ناو ژیانمان، دیاردەی دەسەڵاتی میدیاکانە. تۆزێک پێشتر ئاماژەت بەوە کرد ئەمە وەک چەمەنتۆی نێوان خشتەکانە گونجانی ناوخۆیی کۆمەڵەکانمان بۆ مسۆگەر دەکات. ئایا ئەم دیاردەیە هەمان ئەو بۆچەنەشتە کاتێ توانیت قسە لەسەر ”فاشیزمی هەمەجۆر” بکەی؟

– سلۆته‌ردایک: بەڵێ، ئەو بیرۆکەیەم بەکاربرد کاتێ ویستم ئەو پەیوەندیە نیشاندەم کە لە نێوان کۆمەڵی بە میدیاکراوی ئەمڕۆ هەیە لەگەڵ یەکەم فۆرمی کلتووری کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ڕۆما. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵی بە میدیاکراو‌ تێبگەین، گرنگه‌ بچینه‌وه‌ سه‌ر گڕێکی دیڕین و بزانین چۆن میکانیزیمی وروژان دروستده‌بێ؛ چۆن لە ناو هەناوی دەسەڵات لە هەمانکاتدا چێژیان بینیوه‌ و یاخیش بوونە له‌ سیرکی ڕۆما[5]؛ چۆن ئه‌مان سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتیان پێکهێناوه‌، به‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریان هه‌ستیارکردوه‌؛ بە رادەیەک کە ئەو هەستە بەرزانە وو‌زه‌یەکی پێویست دابیندەکات بۆ خڕکردنەوەی جەماوەرێکی گەورە. هه‌ر چونه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شوێنه‌واره‌ وامان لێده‌کات له‌ میکانیزمی ده‌سه‌ڵات تێبگه‌ین. هه‌ر ئه‌و هۆیه‌شە کە وایکردوه‌ هه‌مان ئه‌و سیسته‌مه‌ی گرێک بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ مۆدێرنه و تەنانەت بوارمان بدات تێڕامانێک لەسەر خودی زمانی بەکارهاتوو و نەریتی ڕیتوریکی ئەو سەردەمە دێرینە تێبگەین.

هەموو کۆمەلەیەک، شارستانیەتێک کە هەڵسەنگانی زۆری بەخۆوە بینیوە فۆرمێکی تایبەتی خۆی لە ریتۆریک بەرهەمدەهێنێ وەک فۆرمی چۆنێتی هەڵسوڕانی هەست و سۆزی دەستەجەمعی. بەو جۆرە مۆدێرنیتە گەشەی داوە بە فۆرمی تایبەتی خۆی لە ریتۆریک کە بریتیە لە میدیای جەماوەریی. لێرەوە هونه‌ری چۆنێتی باش بەڕێوەبردنی هه‌ست و سۆزی هاوبه‌شی جه‌ماوه‌ر و چۆنێتی هه‌ڵسوڕانیان لە کاتی شەری یەکەمی جیهانی گه‌یشته لوتکە کاتێ ڕۆژنامەکان بەڵگەیان هێنایەوە لەسەر‌ ئه‌وەی که‌ ده‌توانین مێشکی پێشکه‌وتوترین شارستانیەت لە مێژوودا به‌کاربهێنین و یاری بە لایەنی دەروونییان بکەین. ئیدی ئەوەبوو کە له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک و ڕەنگە چەند مانگێک بووبێ، سه‌رجه‌می خه‌ڵکیان تێوه‌گلانە ئەو شەڕە. په‌نجا ملیۆن خه‌ڵک بوونە هاوبەشی پڕوپاگەندەی ریتوریکێکی نوێی هاوچەرخ؛ توانیان به‌ نێوه‌ندی مێشک شۆڕدنه‌وه‌ سه‌رجه‌می خه‌ڵک بکه‌نە نه‌خوێنه‌وار. ئه‌مه‌ش به‌کارکردن له‌سه‌ر ئه‌قڵیەتی جه‌ماوه‌ر ئیشی پێکرا، هەموو خەڵک لە دۆخێکی نەشوەی دەستەجەمعی تێکەوتن‌ و بەیەکەوە گرێدران، ئیتر چ لایەنگر بووبێت یان دوژمن. هەموو تووشی دۆخێکی ‌حاڵ لێهاتنی ناوخۆیی بوون کە چوار ساڵ و نیوی خایەن. هه‌رگیزیش ڕوون نەکرایەوە و نه‌زاندرا بنه‌مای گۆڕانی‌ ده‌روونی ئەو دیاردەیە‌ چی بوو. ‌ ‌

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: گوێم لێت بووە کاتێ باسی ریتۆرکی ڕۆما دەکەی کە لوتکەی گەشەکردنی لە کاری خێرخوازی و ئاینی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما دەبینی، کە سیرکی ڕۆما مەیدانێک بوو بۆ هەڵچوونی هەست و سۆزی جەماوەر؛ هەر گوێ قوڵاغیش بووم کاتێ باسی پروپاگەندەی شەڕی یەکەمی جیهانیت کرد کە پلەبەندیەکی دەسەڵات هەبوو سەرجەمی زانیاریەکانی بەدەست بوو، بەڵام کاتێ لەمڕۆدا باسی جۆرە فاشیزمێکی هەمەجۆر دەکەی[6]، یاخود باسی خواستی خۆت دەکەی لەوەی ببیە مەڵبەندی ئابڕوچوون پاش بڵاوکردنەوەی ”پارکی مرۆڤ”، کەوابێ کێ خواستی ئەم سەردەمی دیموکراسیەتەی بەدەستە؟ هێز لە کوێیە لە سەردەمی دیموکراسیەت؟ چونکو چیتر هێزێکی پلەبەندی لە ئارادا نییە. ئیدی دەکرێ لە هێزێکی سیاسیشدا بەمە هەڵسین؟ کێ بە پاکسازی سلۆتەردایک هەڵدەستێ؟ کێ بە فاشیزمی هەمەجۆر هەڵدەستێ؟

– ئیلیزابێت لیڤی‌: کێیه‌ فاشێزمی هەمەجۆر؟ فاشیزم کێیه‌؟ کی یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاته‌؟

– سلۆته‌ردایک: ئەمە پرسیارێکی چاکە، وابزانم بەرنامەکەتان بیرۆکەی خواستی لیکۆڵینەوەی تێدایە.

ده‌بێ سەرەتا ئه‌وه‌ بزانین که‌ وشه‌ی فاشیزم به‌ ته‌واویی بۆ سیرکی ڕۆما به‌کارهاتووه‌. سیرکی ڕۆما سڵی نەدەکرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م مردنی به‌شداربوواندا، به‌م مانایه‌ فاشیزم ئه‌وه‌ی ده‌گرته‌وه‌ له‌ سیسته‌مێکدا که‌ به‌و جۆره کاری پێکراوه‌. که‌ کۆمه‌ڵ به‌ به‌رده‌وامیی بگۆڕێ بۆ‌ فێستیڤاڵێکی هه‌میشه‌یی، به‌ڵام له‌هه‌مانکات مردنیشی تێ ترینجێنن. به‌و شێوه‌یه‌ سنووری نێوان دۆخێکی ره‌خنه‌ئامێز له‌گه‌ڵ سنووری هەمەجۆری خۆشگوزەرانی ده‌سڕدرێته‌وه‌. ئا ئه‌مه‌شه‌‌ خاڵی هاوبه‌شی ژیانی هاوپەیوەندی کۆمه‌ڵی مۆدێڕن کە ئێمە هەرگیز لێی دوور نەکەوتوینەوە. ئەوەی ماییەی دڵەڕاوکەشە لێرە تێبینیکەین ئەوەیە، کە چەندە ئاسانە کۆمەڵێکی ڕۆشنگەر بگۆڕی بۆ کۆمەڵێک کە چێژ لە ڕاونانی جادوگەر وەردەگرێ

 (la chasse à la sorcière) [7]. هه‌ر ئا ئه‌مه‌شه‌ که‌ له‌ پاش 11ی سیپته‌مبه‌ر له‌ گه‌وره‌ترین سیسته‌می دیموکراسی ئه‌مریکا ڕوویدا. هه‌موو خه‌ڵک له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌م به‌ نێوه‌ندی میدیاکان، حاڵه‌تێکی گشتیی ترسی دەروونیی له‌لای جه‌ماوه‌ر دروستکرد. کاره‌ساتیش له‌وه‌دایه‌ که‌ ماوەیەکی زۆر کەم لە بەڕیوبردنی میدیاکان بەسە تا توندوتۆڵترین سیستەمی دیموکراسی بگۆڕی بۆ سیرکێکی مۆدێرن، ئیتر له‌و ساته‌وه‌ ڕاونانی مرۆڤ، ڕاونانی دوژمن، ڕاونانی جادوگه‌ران ده‌ست پێ دەکات. ئا ئەمەش ڕوانگەی منە بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە.

– ژیل کازانۆڤا: له‌ کۆمه‌ڵی ئەوروپیدا‌ مردنی ڕه‌مزیش هه‌یه لە ڕێی ئەوەی پێیدەڵێین پاکسازیی میدیاتیک‌؛ به‌وه‌ی که‌سێک، جارێک، یاخود چه‌ند جارێک، لە میدیاکانەوە ده‌کوژرێ، به‌وه‌ی ئابڕوی ده‌بردرێ. که‌چی له‌پڕ هه‌ر به‌ نێوه‌ندی ئه‌و ئابڕوبردنه‌وه‌ که‌سه‌که‌ بوونی زیاتر ده‌سه‌لمێ.

– سلۆته‌ردایک: زۆر ڕاسته‌، له‌مه‌شدا ئه‌وه‌ی تووشی ڕسواکردن ده‌بێ له‌وانه‌یه‌‌ سوود له‌و بەمیدیاکردنە ببینێته‌وه‌، لەبەر ئەوەی سنووری نێوان شکۆ و ڕسواکردن سڕاوه‌ته‌وه‌، ئیتر جیاوازییان نه‌ماوه‌، چونکو بوون له‌و دۆخی ڕسواکردنە ناوت ده‌برێ، ئه‌م ناوبردنه‌ش نەیارەکەت، دوژمنه‌که‌ت ناچار ده‌کات ناوت به‌رێ و بە ڕێسای ریکلامکردن دۆخەکە دەبێتە جۆرە ریکلامێک بۆ تۆ، هه‌ر به‌ حوکمی دووباره‌ بوونه‌وەی ناوت‌ دوژمنه‌که‌ت ریکلامت بۆ ده‌کات.

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: نموونه‌ت هێنایه‌وه له‌سه‌ر حاڵه‌تی ترسی دەروونی جه‌ماوه‌ر، نموونه‌ی 11ی سیپته‌مبه‌ر، کێن ئەوانەی ئەم جەماوەرە دەوروژێنن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رێک گوێ بگرێت؟ وه‌کی ئه‌وه‌ی گوێیان له‌ تۆ گرت. ئەم ژمارەیە زۆر کەمن، جەماوەرێکی پاسیڤن (ناچالاکن)، ئه‌مه‌ چۆن بە خراپیی دەکەوێتەوە‌؟ پاشان لەپڕ دەڵێیت: ”دۆخەکە دەتەقێتەوە…”، مەبەستت لە دۆخی ڕسواکردنەکەیە؟ کێیه‌ ئه‌وه‌ی دۆخی رسواکردنەکە‌ ده‌ته‌قێنێته‌وه‌؟ ئامانجی چییە؟ کێ ئەمڕۆکە ئەم دەسەڵاتەی بەدەستە؟

– سلۆته‌ردایک: ‌بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دیاردەیە شیکەینەوە کە لایەنێکی دەروونناسیی دەوروژێنێ دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتی‌ هۆڵه‌ندا. لە سەدەی حەڤدە، کە یەکەم قەیرانی گەورەی بورسەی مۆدێڕن ڕوویدا و لە ژێر ناوی ”شێتی گوڵە لالە” ناسرابوو. لێرەدا هیچ ڕێکخەرێک نەبوو، بەڵکو ئەگەرێک لە ئارادا بوو گوایە لە نێرکی ئەم گوڵە جوانەدا گەنجینەیەکی گەورە شاردراوەتەوە و هەر کەس ئەم گوڵە بکڕێت دەبێتە بەختەوەرترین کەس. ئیتر لە ماوەی دوو ساڵدا گەمەی لەسەر کرا. پاشان خەڵکەکە کەم تا زۆر هۆشیان بەخۆیاندا هاتەوە و گەڕانەوە ناو ڕاستی. لێره‌دا هیچ هاندەرێک لە پشت ئەمەوە نەبوو، ئیشەکە به‌وه‌نده‌ جێبەجێ دەبوو کە ماوەیەکی دوورو درێژ بانکێکی کڕینی بورسەی لالە هەموو ڕۆژێک پێشوازیی لە موشته‌ریه‌کان بکردایە‌. ئینجا با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان و ئەم چیرۆکە بۆ ئێستا بەکاربەرین. ئەمڕۆ هەموو بابەتێک و مەسەلەیەک کە دەبێتە ماییەی یاخیبوون و هەڵسانی کۆی خەڵک، وەک کۆمەڵی کڕیاری گوڵە لالەکەیە. به‌م مانایه‌ش ڕۆژنامه‌وانان گه‌وره‌ترین بازرگانی لاله‌ن[8]. چونکو هه‌موو رۆژێک پێشنیاری کۆمه‌ڵێ هه‌واڵمان بۆ ده‌که‌ن که‌ ده‌کرێ زۆر به‌ ئاسانی دژیان بوه‌ستینه‌وه[9]‌. جۆری بابەتەکانی هەڵبژێردراون هەمیشە ئەگەری ئەوە لە ئارایە کە دژیان بوەستینەوە. بەین بەینێکیش مەسەلەکە دەتەقێتەوە. زۆر جاریش بەسەر ئەو پێشنیاری وروژاننەدا تێدەپەڕین، چونکو خەڵک ماندووە و ناتوانن هەموو ڕۆژێک دژی ئەوە بوەستنەوە، بەڵام پێمانخۆشە کە ڕۆژنامەوانان بەڕاستی بە کاری خۆیان هەڵسن، ئەمەش بریتیە لەوەی بەردەوام کۆمەڵێ پێشنیارمان بۆ بکەن کە ماییەی توڕەبوونمان بێت، بە رادەیەکیش بێت کە هەمیشە پلەی گەرمای توربوونی کۆمەڵ سەقامگیر بێت.

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: لە ئاستی ئەو بازارەی ئەمستردام، هابرماس کێیە بە بەراورد بە بازرگانی لالە؟

– سلۆته‌ردایک: هابرماس بیگومان گەورەترین بازرگانی لاله‌یه‌، بەڵام بەتایبەتی ئەوەیە کە دەیەوێ بورسەکە ڕێکخات‌. ئەوەی تیۆری هاوپەیوەندی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، واتە کۆمیونیکاسیۆن، ئەو نەک تەنها بەشدارە لەو ڕۆژنامانەی هەموو ڕۆژێک دەکڕدرێن و دەفڕۆشرێن، بەڵکو سەرقاڵی ڕێکخستنی خودی بورسەکەشە بەوەی کۆنتڕۆڵی بەشداریی هەندێک بابەت دەکات کە ڕۆژانە لە ئاڵو گۆڕدان.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: لەو کتێبەی کە چاوپێکەوتنت لەگەڵ هانز یۆرگن هاینریشHans-Jürgen Heinrichs کردوە، تۆ وەها باسی کۆمەڵەکانی ئێمە دەکەی وەک بورسێک بن کە ناونیشانیان هەڵگرتوە:‌ هەموو شەوێک ئەو بابه‌تانەیان بۆمان پێشنیاردەکەن کە پێشتر دەستنیشانکراون و ئێمه‌ له‌ نێوانیاندا ئەو بابەتانە هەڵدەبژێرین کە ماییەی توورەبونن؛ دەنگ دەدەین بە بابەتێک کە پێشتر هەست و سۆزمان بۆی دەستنیشانکراوە[10]. جۆرج لۆکاش سەبارەت بە نازیزم دەڵێ: که‌ توانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌ی وجودیی ئه‌ڵمانی و ته‌کنیکی ئه‌مریکی بۆ ریکلامکردن. ئایا ئه‌مڕۆ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی بازرگانیدا ده‌ژین؟

– سلۆته‌ردایک: به‌ڵێ.‌ یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش گه‌وره‌ترین کۆمپانیای په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ریی بوو، که‌ به‌رهه‌مێکی ده‌فڕۆشت ناوی نابوو ”شۆڕشی ڕووسی”. ئاسانتریش بوو که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌ت موشته‌ری بۆ بدۆزیه‌وه‌ وه‌ک له‌ ناوه‌وه‌، چونکو لە ناوەوە خەڵک لە ژیانێکی پڕ لە توندوتیژیدا دەژیان. ده‌بێ بشزانین که‌ ئه‌و بازاری شۆڕشه‌ بۆ چەندین ساڵ‌ زۆر به‌ باشیی کاریکردبوو. ئه‌وانەشی که‌ چیدی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شۆڕشه‌یان ناکڕی، له‌ نێو هاوڕیانیاندا به‌ خیانه‌تکار تەماشاکران، وه‌ک ئارتەر کوستلەر و ئه‌ندرێه‌ ژید کاتێ لە ڕووسیا گەڕانەوە. ئەمانە یەکەمین کەسەکان بوون کە ئامۆژگاریی ئەوەیان دەکرد چیدی کەس شۆڕشی سۆڤێتی نەکڕێت.

– ژیل کازانۆڤا: ئایا ئەمڕۆ لەهەمان بارو دۆخی ئەو دیاردەیەدا ناژین کاتێ هەڵمەتی میدیایی ڕێکدەخەین بۆ خەڵکانێک تا قەناعەتیان پێبکەین جۆرە چاکسازییەک بکەن کە لە قازانجی خۆیان نییە، بەڵام قەناعەتیان پێدەکەین کا باشە بۆیان و لە ڕێی ئامارکردنەوە دەیسەلمێنین کە باشە بۆیان. ئینجا کە چاکسازیەکە ئەنجامدرا و خەڵکەکە هەڵوێستیان بوو ئەو ساتە پەشیمان دەبنەوە.

– سلۆته‌ردایک: ڕاستە ئێمە دەبێ بەرەوڕووی لافاوی هەموو ئەو جۆرە زانیاریانە ببینەوە کە لە ڕێی کۆمپیوتەر و تەلەڤیزیۆن و هەموو بوارێکدا پێمانی دەبەخشن. دەبێ لەبیرمان نەچێ کە کاری هەڵوەشانەوەی سەرسامبوون بەو زانیاریانە، واتە خۆ پاککردنەوە لە خەڵتەیان، کارێکە هەرگیز نابێ بڵێین یەکجارە و تەواو، بەڵکو پێویستە بەردەوام کاری بۆ کەین. ڕاستیشە کە لەلای خەڵکی گەنج ڕەفتارێکی هۆشمەندانە بەدی دەکەین: ئەوانەی گەنجێتیان لە سەردەمی ڕیکلامکردنی گەورە بەسەر بردوە توانای ئەوەیان هەیە دژی ئەو هێرشی زانیاریی و ریکلامانە خۆیان بپارێزن. ئەمانە ئەو نەوەیەن کە ئەمڕۆ سەر بە ڕەوتی ڕووناکین. ئەوانەن کە توانای ڕەخنەگرتنیان لەو زانیاریانە هەیە و دژی فریودانی بەرهمی ئەو ریکلامانە دەوستنەوە.

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: ئەوەی جیاوازیی لە نێوان سیستەمی پروپاگەندەی سۆڤییەت و شەڕی جیهانی یەکەم دروست دەکات، ئەوەیە کە لە حاڵەتی دووهەم دوژمن لەودیو سنوورەکانە، لە حاڵەتی یەکەم دوژمن لەناوەوەیە و دەبێ بیدۆزیەوە و دەمامکەکانی لادەی. ئایا ئەمڕۆ لە پاشماوەی بیری سۆڤییەت ئەوە هەڵناچنین کە دوژمنێکی ناوەوە بۆ خۆمان بدۆزینەوە؟

– سلۆته‌ردایک: ئەم دەستنیشانکردنەی تۆ زۆر خەماویە تا بتوانم لەگەڵت کۆکبم؛ بەڵام لە مەبەستت تێدەگەم. فەلسەفەی ڕووناکیی بە دوو شێوە دەتوانێ بەردەوامبێت. یەکێکیان لە شێوەی ڕەفتاری هۆشمەندانەیە، ئەوی تریان لە شێوەی شیکردنەوەی کۆنکرێتی میکانزیمی دەروونیە کە پەیوەندیەکانی مرۆڤ بەیەکەوە گرێداوە. شیکردنەوەی دەروونی و جوڵەی کۆمەڵ لەو بارەوە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. پێویستییەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نوێ هەیە، ئەمەش پابەندە بە میکانیزمی ترسێکی هاوبەشی ناوخۆ کە بە نێوەندیەوە نەیارەکان بەیەکەوە بەستراون و باشترە بە: ”لایەنەکانی شەڕ” ناویان بەرین. هەر لایەنێک وا دێتە بەر چاوی کە لایەنەکەی تر لەناو چ هەلومەرجێکی بیرکردنەوەیە. بەم واتایە، خەیاڵی بۆ ئەوە دەچێ کە ئەوەی بیری لێ دەکاتەوە سەبارەت بەویتر ڕاستە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ترسێکی خەیاڵیی ووزەی دەخاتە بەر. مرۆڤی (هۆمۆساپیان) به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ گه‌وره‌ترین ووزه‌ی هه‌یه‌ و توانای شه‌ڕی هه‌یه‌. فشار له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ کار ده‌کات که‌ ده‌توانین له‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کدا هه‌رچی ووزه‌یه‌ ئازادیکه‌ین. ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێ که‌ هه‌رچی پێداویستی ئۆرگانیکی له‌شه‌، وه‌ک لایه‌نی سێکس و خواردن و خه‌و و چالاکیی مێشک ده‌یانخه‌ینە لاوە، ته‌نها لایه‌نی ئه‌و فشارە‌ جێبه‌جێدەکه‌ین کە بەم شێوەیە کاردەکات: ”هەموو ووزەت کۆبکەرەوە لەپێناو تێکشکانی مەترسییەک کە ئێستا لە ئارادایە.”. ئێمە بایەخ بە بوون دەدەین، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە دوژمن لێرەیە. ‌

– ئیلیزابێت لیڤی‌: تۆزێ پێشتر باسی پەیامێکت کرد کە ئێمە ویستمان لەسەر نییە. هه‌موومان ده‌مانه‌وێ په‌یامێک بگه‌یەنین. لەو کتێبەتدا هاتووە کە دیداری هانز یۆرگن هاینریشی تێدا دەکەی کە: ”هەموو کەسێک دەیەوێ سەرکردە بێت، هەموو کەسێک دەیەوێ مایکریفۆنەکە بگرێتە دەست و شتێک بڵێ، بەڵام کەس هەوڵی ئەوە نادات پەیامێک وەرگرێ. ئێمه‌ له‌ سەردەمی ئەو فریشتانە ده‌ژین کە پەیامیان پێ نیە. لە سەردەمی فریشتەی بێ پەیام، ئێمە هەموو رۆژنامه‌وانین، مەبەستت ئەمەیە؟

– سلۆته‌ردایک: به‌ڵێ، ڕۆژنامه‌وان کەسێکە‌ که‌ پەیامێکی سفری پێیە. ئەوەیە کە ئامادەیە زانستییه‌ک بگه‌یەنێ، بەڵام‌ زانستییەکە کە هی خۆی نییه‌. بەدەر لەمانەش، ڕۆژنامەوان هه‌ن که‌ خۆیان پەیامەکە بەرهەمدەهێنن و هەر خۆشیان دەبنە پەیام گەیەنەر، لە کاتێکدا بەگشتیی رۆژنامەوان بوونەرێکە سەر بە میدیاکانە؛‌ له‌ دیوێکه‌وه‌ زانیاری وه‌رده‌گرێ و له‌ دیوێکی تره‌وه‌ ده‌یبه‌خشێ به‌ ئێمه‌.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: ئەمە مانای وایە کە هیچیان پێ نییە بیڵێن، بەڵام هەر دەشیانەوێ بە هەرچ نرخێک بیڵێن.

– سلۆته‌ردایک: ”ویستی وتن” زۆر ئامادەیە لەلای ئەوان، بەڵام بوونەوەرێکیشە کە ”ئامادەیە بڵێ”، بەم واتایە ئه‌م ڕۆژنامه‌وانه‌ کارمه‌ندێکە و پیشەیەکی هەیە.

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: بڕوام وایە کە دیموکراستی ئەمەیە: دونیای مقۆمقۆیە، کە هەموو کەس لەهەمانکاتدا وەرگر و نێرەری پەیامە و لە غەڵبەغەڵبێک بەولاوە گوێت لە هیچ نییە. تۆ رازیت بەم پێناسەییەی دیموکراسی؟

– سلۆته‌ردایک: لە خۆم دەپرسم چۆن دەگەینە ئەوەی زۆرینە بتوانن ڕای خۆیان دەربڕن؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە مەتەڵێکە کە لەلایکەوە رەخنە لە دیموکراسی دەگرین، لەلایەکی ترەوە دەبینین کە دەرئەنجامی یاساکانی دامەزراننی دیموکراسیەت لە ڕژێمی تر پەسەندترە.

– ژیل کازانۆڤا: سیسته‌مەکان مه‌یلیان به‌ولایه‌دا ده‌چێ که‌ بە تەواویی پانتایی بگرنه‌وه، ئینجا کە گرتیان دەیخنکێنن. لەم ڕوانگەیەوە، ده‌کرێ وەها شیکەینەوە کە زانیاریی و ڕیکلام بەرە بەرە تێکەڵبوونە،‌ سه‌ره‌تا به‌ میتۆده‌کانیان تێکه‌ڵبوونه‌ و پاشان له‌ کاتی په‌خشکردندا و له‌ ئه‌مڕۆدا به‌ نێوه‌ندی فۆرمیانه‌وه؟ ئەگەر یاخیبوون لە زانیاری و ریکلام تێکڵکرابێ و لە ڕێی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن پەخشکرێ، بە پێچەوانەی ئەمەش نەوە گه‌نجەکان بێ باکبن لە ئاست ئەو یاخیبوونە، چۆن قۆناغی‌ داهاتووی ئه‌م یاخیبوونه‌ له‌ ڕیکلام و زانیاریی و کلتووردا ده‌بینی؟

– سلۆته‌ردایک: زۆر ئه‌و کۆنسێپته‌م به‌دڵه‌ له‌سه‌ر بێ باکیی گه‌نجان. ده‌بێ بچینه‌وه سه‌ر چۆنێتی کارکردنی خێڵ و هۆزه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مڕۆ تێبگه‌ین، چونکو ئه‌مڕۆ له‌ ئاستی ده‌وڵه‌تی قه‌ومی (État-nation)‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ بنه‌مای خێڵه‌کی. خێڵیش به‌ پێناسه‌ی ئایدۆلۆژی‌ ”رژێمێکی پڕوپاگه‌نده‌ی ڕه‌هایه‌” (نظام شائعات مطلقة). خێڵ یه‌که‌یه‌کی ئیتنیه‌‌ که‌ موحاڵه‌ نوێگه‌رایی به‌رهه‌مهێنێ. په‌یوه‌ندیه‌ خێڵکیه‌کان بریتین‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی میت (mythe). له‌هه‌مانکاتیشدا تاقه‌ فۆرمێک که‌ به‌رهه‌میهێنێت گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دییه‌ (العودة الابدیة). واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مان شت، به‌ڵام له‌ فۆرمێکی زۆربڵێی و دووبارە وتنەوە. به‌م شێوه‌یه‌ کوێربوون و که‌ڕبوونی کۆی جه‌ماوه‌ر به‌ نێوه‌ندی پڕوپاگه‌نده‌ی بێ بنەما ڕێکده‌خرێ.

– ئیلیزابێت لیڤی‌: بمبەخشن لەم خۆ هەڵقورتانە، بەڵام نامەوێ لەیەک جیابینەوە پێش ئەوەی بیسەران نەزانن کە تۆش، سلۆتەردایک، هەروەها کەمێک بازرگانی گوڵە لالەی.

(ژێنەریکی بەرنامەکەی سلۆتەردایک لەسەر کەناڵی  ZDFلێدەدەن و سلۆتەردایک وتی: ئا، ئەمە ژێنەریکی بەرنامەکەی ئێمەیە. ئەمە شتێکم لەلا دروستدەکات: لە باری ئاسایی ئەم ڕستەیە لەسەرەتای بەرنامەکەم دەڵێم: شەوتان باش بەڕێزان، سڵاوتان لێ دەکەم بۆ ئەڵقەیەکی نوێ لە بەرنامەی ”چوارینەی فەلسەفی”، ئەم ڕستەیە ئاراستەی ئەو جەماوەرەیە کە لە ستودیۆ ئامادەن، چونکو نامانەوێ بەرنامەکە وشکبێت. فۆرمی ئەم بەرنامەیە چاوپێکەوتنە بۆ ماوەی کاتژمێرێک، لە نێوان دوو فەیلەسوف: رودیگەر سافرانسکی و خۆم. هەروەها جەماوەر دێنە قسە و دەربارەی بابەتی هەنوکەیی دەدوێین، ئەگەرچی دەچینەوە سەر ئەو بابەتانەی کات تێدەپەڕێنن. بە واتایەکی دی هەوڵدەدەین بابەتەکان لە هەنوکەیی دەرهێنین.)

– ئیلیزابێت لیڤی‌: تۆ ده‌ڵێی که‌ میادیاکان کۆدیتایان کردوە، بەوەی کامێرا و مایکریفۆن قه‌ڵه‌میان له‌ نووسه‌ران سه‌ندۆته‌وه‌. کەچی خۆت ده‌چیته‌ ته‌له‌فیزیۆن و به‌رنامەی فەلسەفیشت هه‌یه‌. ئایا ئه‌مه‌ هاودژ نییه‌؟

– سلۆته‌ردایک: به‌ڵێ، هاودژییه‌، به‌ڵام پێمخۆشه‌ هه‌وڵده‌م، چونکو دەبێتە هێمایەکی لاواز ئەگەر هەوڵنەدەین. ناتوانین له‌ ژێر کاریگه‌ریی شیکردنه‌وه‌ی نائۆمێدکەری میادیاکان کە ئەمڕۆ ئەوان سەروەریین هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وان جێهێڵین. ده‌بێ هه‌وڵده‌ین لەناو هەمان سیستەمدا ئاوازی تر هه‌بێت و ئه‌و پانتاییه‌ بۆ ئه‌وان به‌جێ نه‌هێڵین.

– ژیل کازانۆڤا: لەو ڕاستیەوە کە تۆیان خستبووە شوێن گلادیاتۆرەکە لەناو مەیدانی سیرکەکە، خواستی ئەوەت لەلا دروستبوو بچیە تەنیشتی ئیمپراتۆر[11]‌؟

– سلۆته‌ردایک: ئاخر جێی ئیمپراتۆر له‌ مەیدانەکە‌ به‌تاڵه، چونکو هه‌ر خودی جه‌ماوه‌ر جێی ئه‌وی گرتۆته‌وه. بەو شێوەیە جەماوەر ئیمپراتۆرەکەیە کە هەرگیز ناتوانین بە جۆرێکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ دروست بکەین؛ به‌ڵام ڕێگای کاریگه‌ریش به‌ نهێنی هه‌ر هه‌یه تا ئەو پەیوەندیە دروستبکرێ‌.‌‌

– ژان-فرانسوا کۆلۆسیمۆ: تۆ ناوبانگت بەوە دەرکردوە کە نیتشەیی و هایدگەرییت، کەچی وای بۆ دەجین کە لایەنگری چاکسازیی میدیایەکی ئاشتیخوازیانەی لەم سەردەمە. تۆ هاوڕای لەگەڵمان کە هەست بە نائۆمێدی دەکەین بە بیستنی ئەو چاکسازیەی وا باسی دەکەی؟

– سلۆته‌ردایک: چاکسازی؟ بەڵێ، ئەوجا بۆ نا. لایەنی رادیکالی من لە بواری تردا دەرەکەوێ. من بڕوام وایە کە رادیکالبوون چیدی لەوەدا کورت نابێتەوە بچینە پشت سەنگەرەکان و بۆ هەزارەمین جار گەمەی شۆڕش و ڕاپەڕین دووبارەکەینەوە، یاخود سرودی جیهانیی مانگرتنی گشتیی بڵێینەوە دژی هەرچی هەیە و نییە. بڕواشم وایە کە شیکردنەوەیەکی قوڵی ئەو شتانەی بەدەورمانەوەن لە ڕادیکالیەتێک زۆر ڕادیکاڵترە کە بە ڕووکەش دەریدەخەین.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٠ی٢٠١٥ گۆڤاری شیکار بڵاوبۆتەوە

[1] parcپاش پرسکردن و لێکۆڵینەوە لە ڕیشەی وشەی پارک هەمان وشەمان بەکار بردەوە لەبری وشەی باغ و باخچە، چونکو وشەی باخچە لە فەرەنسی و لە ئەڵمانی هەیە و ئەگەر سلۆتەردایک و وەرگێڕە فەرەنسەکان بە باشیان بزانیبایە بەکاریان دەبرد. پارک لەم زمانانە بە شوێنێکی داخراو پێناسەکراوە کە ئاژەڵ و ئۆتۆمبیل و کاڵای بازرگانی تیا قایم دەکرێ. ئەوجا بە باخچەش کە سنووردارکراوە، واتە باخچە بەشێکە لە پارک. لە زمانی هاوچەرخیشدا بە پارکی ئینفۆرامتیکیش بەکار دەبرێ. وشەکە بەگشتییش بۆ نێوەندی هاوپەیوەندیەکان دەپێکێ.

[2] پراکتیککردنی کۆی سیستەمی زیندەوەریی بە ئامانجی بەکاربردنیان لە پێشەسازی، بە عەرەبی دەکاتە التکنلوجیا الحیة

[3] بۆ نموونە بەرنامەیەک، یان رەخنە گرێک باسی نووسەرێک یان نووسینێک دەکات تەنها ئەو رەخنەیە وەردەگیرێ نەک خودی ئەوەی بەڕاستی لەو نووسینە وتراوە، چونکو نەیانخوێندۆتەوە و نەیانبینیوە، بەڵکو تەنها ناوەڕۆکی ڕەخنەکە وەرگیراوە.

[4] بۆ نموونە شەڕی داعش ئەمڕۆ بابتێکی دڵەڕاوکەیە بۆ گونجانی کۆمەڵی کورد لەناو یەک، یان کوشتاری ڕۆژنامەی شاڕڵی ئیبدۆ.

[5] سیرک بە واتای: قاتەکانی ئەو پێپلیکانانەی بەدەوری مەیدانی زۆرانبازی گرێک دروستکراون، بە عەرەبی (مدرج). سلۆتەردایک وشەی سیرکی بۆ سەرجەم ئەو مەیدانە بەکاربردوە، بە مودەرج و خەڵک و ئیمپراتوریشەوە.

[6] مەبەست لە فاشیزمێکە کە بە نێوەندی دابینکردنی خۆشگوزاری هەمەجۆر هۆشی جەماوەر بەلایەکی تردا دەبات. وەک ئەوەی لە سیرکی ڕۆما بە زۆرانبازیی ڕوویدەدا، لە سەرمی نوێ وەک یاری تۆپی پێ.

[7] دەربڕینێکە کە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، کاتێ بەناوی جادوگەرییەوە وەدووی ئەو ژنانە دەکەوتن کە بە سیحرکردن تاوانبار دەکران و بە گرتنیان دەیانسووتانن.

[8] بەم واتایە بابەتی گوڵە لالەکە بۆخۆی ماییەی ئابڕوچوون بووە و خەڵکی تووڕە کردوە و هەڵساون. ئەمەش بۆ هەر بابەتێک دەپێکێ کە ماییەی ئابڕوچوون بێت وهەڵسانی خەڵک بێت.

[9] بەم واتاییەی سلۆتەردایک، دەکرێ هەموو ڕۆژێک هەڵسین و دژیان بوەستینەوە.

[10] بەم واتایە ئێمە تووڕە دەبین و هەڵدەستێین دژ بە بابەتێک کە پێشتر خۆیان (میدیاکان) پێشنیاریان کردوین، لە نێو چەند بابەتێکدا بۆمان هەیە ئەم و ئەوەیان هەڵبژێرین کە هەر خۆیان ئەمانەشیان بۆ هەڵبژاردوین.

[11] واتە کە هێرش کراوەتە سەری و وەک گلادیاتۆر (زۆرانبازی ڕۆمانی دێرین) لە جێی ئەو لە مەیدانی زۆرانبازیەکە تەماشایکراوە، ئێستا کە خۆی بەرنامەی لە تەلەفیزیۆن هەیە چۆتە تەنیشت ئیمپراتۆر و چیدی لە مەیدان زۆرنبازیی نەماوە.