هۆشەنگ شێخ موحەمەد

ئیشراق لە (سورەوەردی)یەوە بۆ (نیتچە)


Loading

ئیشراق لە (سورەوەردی)یەوە بۆ (نیتچە)

هۆشەنگ شێخ محەمەد

ئەم نووسینە پاژێکە، لە بەشی دووەمی کتێبی (ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی) کە بەم زووانە چاپ دەکرێت و بڵاودەبێتەوە.

 

 

لەبەشی یەکەمدا هەوڵمان دا، ئەمە بسەلمێنین، کە کورد خاوەن میراتێکی ئیشراقییە، فەلسەفەی ئیشراق کاریگەری لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئەقڵی گشتی کورددا هەبووە، تا دامەزاراندنی دەوڵەتی ئێراقی، ئەم میراتە ئیشراقی و خۆرهەڵاتییە، کاری خۆی لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی کردووە. بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقی، ئەگەر نەڵێین ئەم میراتە لەنێوچووە، ئەوا دەڵێین زۆر کز و لاواز و بێ کاریگەری بووە.

ڕووداوی ڕاپەڕین، کە میتافیزیکێکی نوێی بۆ ڕۆشنبیری و هۆشیاری گشتی پەیدا کرد، بەداخەوە نەیتوانی وا بکات، ڕۆشنبیری کورد، بۆ ئەم میراتە دەوڵەمەند و قووڵ و ڕەگدار و ڕەسەن و بنەڕەتییە بگەڕێتەوە. ئێستا دوای ئەوەی سی ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێپەڕیوە و ئەزموونێکمان لەگەڵ میتافیزیکی دوای ڕاپەڕین هەیە. لە بەرهەمگەل و تێزی جۆراوجۆرەوە، کاریگەری ئەم میتافیزیکە لە هۆشیاری گشتیدا دەبینینەوە. بۆیە لەم بەشەدا، لە (سورەوەردی)یەوە بۆ نیتچە، هەوڵ دەدین، لێکدانەیەوەیەک بۆ هەندێ رەهەندی ئەم میتافیزیکە بکەین.

ڕاپەڕین هەلێکی چاک بوو، تا ڕۆشنبیری کورد، بەرەو میراتی ئیشراقی و فەلسەفەی خۆرهەڵاتی و (سورەوەردی) و ناوی تر بگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی ئۆنتۆلۆجی پێوەندییان بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کوردەوە هەیە و کاریگەرییان قووڵ و ڕەگداکوتاوە، بەڵام بە داخەوە ڕۆشنبیری کورد لە بری ئەوەی ڕوو لەم میراتە خۆماڵی و خۆرهەڵاتییە بکاتەوە، پتر بەرەو خۆرئاوا و ڕەمز و بەرهەم و کولتوریی ئەوان چوو. بە شێوەیەکی کاریگەر لە ناوەندە ئەکادیمی و دەرەوەی ناوەندەکانی ئەکادیمیدا، پشتیان لەم ڕەگە ئیشراقییە کرد و نەگەڕانەوە سەری، بگرە ئەوەی لە ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکانیش لەم بارەیەوە ئەنجام درابوو، لەم ڕەخنە و تۆژینەوە و لێکۆڵینەوانەی لەبارەی فۆلکلۆر و شیعر و چیرۆک و ئەدەب و رەخنەی کوردییەوە کرابوو، لە کورتیان دا و بابەتەکانی کورد خۆی، بوون بە بەرهەمگەلێکی فەرامۆشکراو.

ڕۆشنبیری کورد، بە تایبەتی ئەوانەی لە خۆرئاوا بوون و فێری زمانێک یان چەند زمانێکی بیانی ببوون، لە رێی بەرهەمگەلی ئەدەبی و هزرییەوە، توانیان کاریگەری لەسەر خوێنەر و ڕۆشەنبیرانی کوردستان بکەن. جۆرە خوێندنەوەیەک و تەئویلێک بسەپێنن، کە لە کوردبوون و خۆرهەڵاتیبوونی ئێمە دوور بکەوێتەوە. لەم سی ساڵەدا، ئیشراق وەک ڕامانێکی رەخنەیی و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی، نەکەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە و قسە لەسەرکردن و سوود وەرگرتن لەم پۆتێنشیالە ڕەخنەییەی لە فەلسەفەی ئیشراق و میراتی ئیشراقی بە گشتیدا هەیە. جا چ لە بەرهەم و نووسراوەکانی نووسەرانی کورد بێت، یان بەرهەمگەلی بێ خاوەن و بێ نووسەر، کە موڵکی میللەتن. لەم ماوەیەدا، کۆمەلێ بیر و ڕێباز و میتۆد و تیۆری ڕەخنەیی خۆرئاوایی لە ڕۆشنبیری کوردیدا چالاک کران و زۆر بەگەرمی ئیشیان پێ کرا. بە شێوەیەک وەک ئەوەی ئەم ڕێباز و تیۆر و میتۆدە رەخنەییانە هەڵقوڵاوی ئێرە بن و دەقی کوردی بەم تێزانە نەبێت نەخوێندرێتەوە؟!

یەکێک لەم تێزانەی کاریگەرییەکی گەورە و قووڵی هەبوو، تێزی “مەرگی نووسەر“ بوو. کە لەرێی ئەم تێزەدا، سەرسامی ئەقڵی نووسەر و رۆشنبیری کوردی بەرامبەر بە خۆرئاوا و هزر و فەلسەفەکەی نیشان دا. بۆیە لێرەدا پێویست دەکات، ئەم تێزە، لەگەڵ مەبەستەکانی خۆماندا لە یەک باسدا کۆبکەینەوە. تا ببینین، کە چۆن دەکرا. یەکەم، لە جیاتی ئەوەی تێزی مەرگی نووسەر بکەینە بنەما بۆ رێڕەو و ڕێبازێکی ڕەخنەیی، دەکرا فەلسەفەی ئیشراقی (سورەوەردی) ئەم کارەمان بۆ بکات، پتر لەمەش ئەگەر هەر مەبەستمان بوو مەرگی نووسەر وەک ڕێبازێکی ڕەخنەیی چالاک بکەین، ئەوا دەمانتوانی بە زۆر شێوە کەڵک لە بەرهەمگەلی بێ نووسەر و بێ خاوەنی کوردی و خۆرهەڵاتی وەربگرین و تەئویلێکی نوێیان بۆ بکەین. کە دەکرا لە تەئویلکردنەکەدا سوود لە میتۆدەکانی رەخنەی خۆرئاواش وەربگرین، بەڵام بە رۆحێکی کوردانە و خۆرهەڵاتییانە.

 

 

مەرگی نووسەر لە ڕەخنەی کوردیدا

ڕۆشەنبیرانی کورد، لە دوای راپەڕین، ئیشێکی زۆریان لەسەر تێزی مەرگی نووسەر کرد، بەڵام تەنیا بە ڕەهەندێکی خۆرئاوایی و دوور لەم میراتە ئیشراقییەی لای کورد و خۆرهەڵاتییەکان هەبوو. تێزی مەرگی نووسەر رەگێکی رەسەن و وجوودیی لای ئێمە هەیە، بەڵام رۆشنبیری کورد ئیشی لەسەر ئەم رەگە رەسەن و خۆرهەڵاتی و کوردییە نەکرد، بەڵکو یەکسەر تێزەکەی لە خۆرئاوا و بەتایبەتی بە کاریگەری نیتچە و بارت و درێدا وەرگرت. بەمەش ئەم تێزە لە ڕۆشنبیری ئێمەدا، هیچ بەهایەکی ڕەسەنی پەیدا نەکرد. 

بە گەڕانەوە بۆ بنەچەی مەرگی نووسەر لە خۆرئاوادا، سەرلەهەوەڵ كێشەى “بوون” و “ماهییەت”ى مرۆڤ بوو، كە هەر لە پلاتۆوە تا دیكارت و دواییش هیگڵ و ماركس و تا نیتچە، دواى ئەوانەش لە سەردەستى بارت و درێداوە بابەتەكە گەیشتە مەرگى نووسەر. پلاتۆ، كە بە بۆچوونێكى میتافیزیكیانەوە، باس لە پێوەندیى مرۆڤ و جیهان دەكات، بەوەى مرۆڤ لە كاریگەرییەكانى جیهان و مێژوو بەدەرە. دواتریش دیكارت لە ڕێى كۆجیتۆكەیەوە، كە ماهییەت پێش بوون دەخات و پێى وایە مرۆڤ پێشوەختە مەحكومە بە ماهییەت و لە مێژووى دادەبڕێت. لای هیگڵ و ماركس، مێژوو وەك كاریگەرییەكى حەتمى و جەبرى لەسەر مرۆڤدا دەبینرێت. لای نیتچە، زەردەشت خۆى دەچێتە خەڵوەت و دواییش هەر خۆى بڕیاردەدات لە خەڵوەتەكەى بێتە دەر و دەست بە بڵاوكردنەوەى بیروباوەڕەكانى بكات.

 لای نیتچە، ڕەتكردنەوەى میتافیزیك و هۆشەكییەكەى دیكارت و جەبرى مێژووى هیگڵ و ماركس، سەرەتایەكە بۆ مەرگى ئەو بیروباوەڕانەى باس لە پێشكەوتنى ماهییەتى مرۆڤ پێش بوونەكەى دەكەن. (زەردەشت دەیوێ لە نوێوە ببێتەوە مرۆڤ ).

لای نیتچە، ڕەتكردنەوەى (مرۆڤى كۆن و بوونەوە بە مرۆڤێكى نوێ) كوشتنى ئەو مرۆڤەیە، كە پێشوەختە ماهییەتى لە لایەن هێزێكى میتافیزیكییەوە بۆ دەستنیشان كرابێت، یان لە لایەن جەبرییەتى مێژووەوە بەسەریدا سەپابێت. نیتچە بەمە دەگات، کە مرۆڤ خۆى بڕیاردەرى خۆیەتى، بڕیارەكانى ماهییەتى ئەون، مرۆڤ هەیە، بەڵام كێن ئەوانەى، وەك زەردەشت دەتوانن بڕیاربدەن لە نوێوە لەدایكببنەوە؟! 

لای نیتچە ئەمە سەرەتایەكە بۆ مردنى مرۆڤ بە تێگەیشتنی میتافیزیكی و لەدایكبوونەوەى وەك بوونێكى خاوەن وزە، كە خۆى ماهییەتى خۆى دەخوڵقێنێ. مرۆڤى كۆن لە خۆرئاوادا، هەڵگرى ئەو میراتە میتافیزیكییەى خۆرئاوایە، كە سەردەمانێكى زۆرە لە خۆیدا هەڵیگرتووە. مرۆڤى نوێش ئەو كەسەیە، كە نەفى ئەو میراتە دەكاتەوە و خۆى دەبێتەوە بە خاوەن ئازادى و بڕیارەكانى خۆى. نەفى “بەڵێ”ى پیرۆز دەكات و دەڵێ: “نا”، ناى ئەو ئەقڵەى هیچ ئیمانێك قبوڵ ناكات. 

نیتچە مەرگى مرۆڤى كۆن ڕادەگەیێنێت و لەدایكبوونى مرۆڤى نوێش- باڵا، بەیان دەكات. واتە لە یەك كاتدا هەردوو پرۆسەى مردن و لەدایكبوونەوە ڕوودەدەن. ئەم بیرۆكەیە، مردنى مرۆڤى میتافیزیك و جەبرى مێژوو، هاوكاتە لەگەڵ لەدایكبوونى مرۆڤى باڵا.

لێرەدا سەرنج دەدەین، نیتچە بۆ ئەم تێزە، مردن و لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ لە خۆرئاوادا، بۆ زەردەشتی خۆرهەڵاتی دەگەرێتەوە، کە پێش ئەو (سورەوەردی) لە سەدەی دوازدەوە بۆی گەڕاوەتەوە و وەک “پێغەمبەری چاکەکار” وەسفی دەکات. (سورەوەردی) بۆ نوێکردنەوەی نەوەک تەنیا مرۆڤ، بەڵکو بۆ تەواوی بیردۆزی بوون و گەردوون دەگەڕێتەوە سەر زەردەشت. ئەمە یەکێکە لەم خاڵانەی، خۆرهەڵاتناسان و ڕۆشنبیری خۆرئاوا، درکیان بەم گەڕانەوەی (سورەوەردی) بۆ زەردەشت کردووە، لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەیشی لەبارەیەوە کراوە. هەوڵەکانی (لوی ماسینیۆن) و (هێنری کۆربەن)یش بەڵگەی ئەم ڕاستییەن. بەڵام رۆشنبیری کورد، ئاگای لەم بابەتانە نییە، یان زانیاری لەبارەیانەوە کەمە. هەر لەبەر ئەمەشە من خۆم گومانم هەیە، کە نیتچەش ئاگاداری فەلسەفەی ئیشراق و (سورەوەردی) بێت، وەک چۆن ئاگاداری خۆرهەڵات و زەردەشتە و تەنانەت، بەوەش تۆمەتبار دەکرێت کە خۆرهەڵاتییە؟! بۆیە ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی لە سوروەردییەوە بۆ نیتچە، ناونیشانێکی به‌جێیە و شایانی تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەیە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین، کە خۆرهەڵات و کوردیش وەک بەشێکی کاریگەر و چالاک لە هۆشیاری گشتی خۆرهەڵات و بیرکردنەوەی فەلسەفییانەدا، بێ کاریگەری نەبووە و بەشدارە لەم بیرکردنەوە فەلسەفییەدا، تا ئاستی ئەوەی ئیشراق بە نیتچە و فەیلەسوف و نووسەرانی تری خۆرئاوا بگەیەنێت. هەروەها لە رێی نیتچە و فەیلەسوفانی تریشەوە بە فەیلەسوف و نووسەرانی تری سەدەی بیستەمی خۆرئاوا بگات.

لای دریدا، ئەو مرۆڤە خۆرئاواییە دەبێتە نووسەر، نووسەریش مەحكومە بە مردن، چونكە نووسین ناتوانێت کاتی میتافیزیكی نووسەر بۆ فیزیک بگوازێتەوە. تا لەوێوە لەگەڵ نووسەردا بكەوینە گفتوگۆ و بە هزرێکی رەخنەیی رووبەڕووی ببینەوە، بەڵكو دەق دەبێتە ئەو مەیدانەى خوێنەر دوور لە نووسەر تیایدا دەست بە گەڕان دەكات.

دیارە ئەگەر بگەڕێینەوە، پێش دریداش، لە لایەن فرۆیدەوە، زۆر لە كار و كردەوەكانى مرۆڤ بۆ نائاگایى مرۆڤ دەگەڕێنەوە، هەروەتر نەستى مرۆڤ هاندەرە بۆ زۆر لەو هەڵبژارن و كار و كردەوانەى مرۆڤ ئەنجامیان دەدات، كە ئەمەشیان سەرەتایەكە بۆ ئەوەى مرۆڤ بیكاتە هەنجەتێك بۆ ئەو كارانەى ئەنجامیان دەدات و لەگەڵ پێوەرەکانی ئەخلاقی سستەم و كۆمەڵگە و مێژوودا ناگونجێن. لەم رەهەندەوە، مردنى مرۆڤى كۆن لاى نیتچە، نەست لاى فرۆید، مەرگى نووسەر لاى درێدا، رستێكە لە تێگەیشتنێك بۆ رەخساندنى زەمینەیەك تا مرۆڤ بە شێوەیەکى دیكە تەماشاى مێژوو و ئەدەب و هەقیقەت بكات.

ئەگەر لاى نیتچە ئەم بابەتە خۆرئاواییە، یەكسەر بە لەدایكبوونى مرۆڤى باڵاوە گرێ بدرێتەوە. لاى درێداش بە لەدایكبوونى خوێنەر و وەرگر گرێدەدرێتەوە. ئەوا با ئێمە سەرنج بدەین، کە ئەم تێزە لای (سورەوەردی)، پێشتر بە دوو کەس گرێ دراوەتەوە. یەکەم مرۆڤی حەکیمی خۆزان، واتە حەکیمی موتەئەلیه. هەروەها مرۆڤێک کە لە کتێبی حیکمەتی ئیشراقدا، بە “قایمی کتێب” ناودێری دەکات.

(سورەوەردی) پێش نیتچە و فرۆید و درێدا دەکەوێت، لەدایکبوونی حەکیمی خۆزان و  قایمی کتێب، نهێنی تێگەیشتنە لە پەیامی (حیکمەتی ئیشراق). ئەگەر لای نیتچە مرۆڤی باڵا نووسەری نوێی دەق بێت، کە هەر خۆیەتی، لە شێوەی نووسەر- پێغەمبەرێکی نوێ،  لای درێدا خوێنەرە لە خوێندنەوەیدا بۆ دەق. لای (سورەوەردی)ش (قایمی کتێبە) کە دەبێتە نهێنی هەڵهێنی وشە.

لای (سورەوەردی) نووسین دەبێتە هەوێنی پەیدابوونی (قایمی کتێب) و لەدایکبوونی تەئویلێکی نوێ بۆ وشە. لە ڕووی جوگرافی و کۆمەڵایەتییەوە تەئویلێکی خۆرهەڵاتییانەیە بۆ تێگەیشتن لە پەیامی خوداوەندی و مێژووی موقەدەس. لای نیتچە، مرۆڤى باڵا ڕەخنەكانى ئاراستەى (زەردەشت)ی نووسەر و پێغەمبەری خۆرهەڵاتی دەكات و دەقێکى نوێ (ئینجیلی پێنجەم)ی لەسەربەرهەم دەهێنێت، کە ناوەڕۆکەکەی پێچەوانەى واتاکانى زەردەشتە.بەڵام درێدا كردارى خوێندنەوە دەكاتە لەدایكبوونى خوێنەر و مردنى نووسەر، كە رەنگە واتایەك یان چەندین واتای دژ و ناتەبا، یان کۆک و تەبا لەگەڵ نووسەردا، بە دەست بێنێت، بەلام هەرگیز ڕووبەڕووی نووسەر نابێتەوە.

لای (سورەوەردی)، تەئویلی دەق، ڕووبەڕووبوونەوەی مێژووی موقەدەسە لەگەڵ مێژووی ماددی. ڕووبەڕووبوونەوەی فەلسەفەی ئیشراقە لەگەڵ فەلسەفەی ئەرستۆ و مەشاییەکان. بە فەلسەفەی ئیشراق هەم ڕەخنە لە مەنتیق دەگرێت و هەم ڕاستیدەکاتەوە و هەم جێگەی دەگرێتەوە. لای نیتچە، ڕووبەڕووبوونەوەى گەورە لە نێوان نووسەرەكاندا بەرپا دەبێت، كە بە حاڵەتى خەڵقكردنى دنیا و واتا و هەقیقەتێكى تەواو جیاواز لەوەى پێش خۆى دەگات. لای درێدا، خوێندنەوە دەبێتە پرۆسەى لەدایكبوونى خوێنەر و خوێندنەوەش نابێتە كردارى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نووسەردا.

لای (سورەوەردی) دەقی نوێ دەبێتە سرووشێکی نوێی جوبرەئیل و پەیامێکی نوێی خوداوەند بۆ برایانی. لای  نیتچە، پرۆسەى ڕەخنە، كە ڕووبەڕووبونەوەیە، دەبێتەوە دەقێکى دیكەى (شیعرى- ئەدەبى- فەلسەفى- ڕەخنەیى). بەڵام لای درێدا، دەقى دووەم خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەیە.

تێزی (مردنی نووسەر) لە رۆشنبیریی کوردیدا، لەماوەی ئەم سی ساڵەدا، لەگەڵ تێگەیشتن و تێنەگەیشتن لە نیتچە و فەیلەسوفانی تر، لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی لەم بارەیەوە نووسران، بەڵام نەیتوانی تەکانێک بە بزاوی رەخنە بدات و بیکاتە بەشێک لە هۆشیاری کۆمەڵگە، وەک چۆن نیتچە و نووسەرانی تر لە کۆمەڵگەکانی خۆیان کردیان.

ئەوەی بۆ من جێێ سەرنجە، کە نیتچە بۆ زەردەشت دەگەڕێتەوە، لە مەڵبەندێکی هزری سەرەکی مێژوویی ئێمە نزیک دەبێتەوە، بەڵام ڕۆشنبیری کورد نەیتوانی یان درکی نەکرد، کە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە نیتچە پێویستە ئێمەش لە زەردەشت نزیک ببینەوە، لەبەر ئەوە نا کە (زەردەشت) کوردە، نەخێر ئەوە لە ڕامانکردندا بایەخی نییە، ئەوەی بایەخی هەیە ئەوەیە کە (کورد) زەردەشتی بووە. با زەردەشتیش کورد نەبێت. زەردەشتیبوونی کوردان یان بەشێکی زۆری کوردان لە سەردەمێکدا، بە واتای ئەمە بەکاریدێنم، ئەو میراتە ئیشراقییەی لەنێو هزر و فەلسەفەی زەردەشتدا هەیە و (سورەوەردی) دەگەڕێتەوە سەری، سەرچاوەیەکی ڕەسەن و دەوڵەمەند و کوردانەیە بۆ ئەوەی نووسەری کورد، بتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و ئەوەی پێی دەوترێت (تەئویل) لە ڕەخنەی کوردیدا پێرەوی بکات.

لەم ماوەیەی (مەرگی نووسەر) وەک تێزێک لەلایەن نووسەرانی کوردەوە بەکاردەهات، نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر ڕەگەکانی چ لە هزری پلاتۆییدا بێت، یان زەردەشتیدا کە پێوەندییەکی توندیان پێکەوە هەیە. ئەو رەگە ئیشراقییەی لای پلاتۆ و زەردەشت و پلاتۆنیزمی نوێ و (سورەوەردی)دا هەیە، بۆی هەبوو تێزی مەرگی نووسەر لەم عەدەمە دەرباز بکات کە نووسەری کورد بۆی درووست کرد.

مرۆڤی نوێ، چ لە خۆرئاوا یان لەخۆرهەڵاتدا، لای  نیتچە لە ناوەڕۆک و شێوەی مرۆڤی باڵا،لای (سورەوەردی)ش بە ناوەڕۆک و شێوەی (حەکیمی خۆزان) و (قائیمی کتێب)ی دەربڕین لەیەک هەقیقەت دەکەن.

مێژوو لای نیتچە و مێژوو لای (سورەوەردی) وەک یەک دەکەونەوە، ئەگەر مێژوو لای نیتچە هی مرۆڤی نوێ بێت، ئەوا لای (سورەوەردی)ش مێژووی بەرزەک، بۆ مرۆڤی حەکیمە، کە بە کردارەکانی بە بەرزەکی مەعریفە و زانین دەگات. هەروەها زانینیش بۆ (قایمی کتێبب)ە.

ئەگەر لای نیتچە مەرگی خودا دەروازەیەک بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ تێیدا بچێتەوە نێو خودی خۆی و مرۆڤبوونی رەسەنی خۆی ئازادانە پێڕەو بکات، لای (سورەوەردی)ش ئیشراق، ساتی حزووری مرۆڤبوونی مرۆڤە چ لای (حەکیمی خۆزان)، یان (قائیمی کتێب) بێت، هەروەها دەرچوونە لە جەبری مێژوو و پەڕینەوەیە بۆ رزگاربوون و لەم دەمەشدا سرووش دەبێتە واجیب و کتێبی نوێی بۆ دەهێنێت.

لای نیتچە دەبینین کە چۆن باس لە گەورەیی و شکۆی کتێبی (زەردەشت وەهای گوت) دەکات. لە دیدى نیتچەوە گرنگى بەرهەمەکەی لە دوو ئاست دایە:

 یەکەم- بەرهەمەكە.

 دووەم- بلیمەتى خۆى وەك نووسەر.

نیتچە ئەم بەرهەمەى هەم بە (ئنجیلى پێنجەم) و (شتێك كە هێشتا ناوى نییە) و (چامەى شیعرى) هەروەها وەك (دیارییەك بۆ مرۆڤایەتى) ،یان (تێگەیشتنم بۆ دیۆنیسى لێرەدا بۆتە كارێكى بلیمەت) دووپات دەکاتەوە.

زیاتر لەمەش نیتچە دەڵێت: (پێش ئەو كارە كەس بۆى نەبووە بزانێ باڵایى چییە، قووڵبوونەوە چییە، لەمەش كەمتر هەقیقەت چییە… حیكمەتێك و گەڕانێك لە قوڵایى ڕۆحدا نەبوو، هونەرى گوتاربێژیش پێش زەردەشت نەبوو.)

هەروەها سەبارەت بە خۆیشى دەڵێ: (قەدەرى مرۆڤایەتى لەسەر شانمە.)، یان (ئەگەر خۆم بە پێوەرى ئەو كارانە بپێوم، كە لەدەستم دێن، ئەوە من لە هەموو ئەو كەسانەى، كە لەناودەچن زیاتر شایانى ناسناوى بلیمەتیم.)، یان (من هەڵگرى مژدەیەكم، كە لە پێشدا نموونەى نەبووە، تەنیا ئێستا لە منەوە سیاسەتێكى بلیمەتانە لەسەر زەوى دەستپێدەكات. )

(حیکمەتی ئیشراقی) (سورەوەردی)ش، دەگەڕێتەوە بۆ زەردەشت و لە ڕێی `سروش`ەوە ئەم کتێبە دەکاتە سیاسەتی سەر زەوی. نەگەڕانەوە بۆ (سورەوەردی) لەگەڵ ئەم کتێبەی نیتچەدا، وایکرد، تێزی مەرگی نووسەر، لە ڕۆشنبیری کوردیدا بەهایەکی ڕەخنەیی پەیدا نەکات. مەرگی خودا، لای نیتچە، ئازادکردنی مرۆڤە لە ڕێی وشە و ئەو هونەرە شکۆمەندەی دەستی نیتچەی گەیشتووەتێ. لای (سورەوەردی)، بەردەوامی سرووش و پەیدابوونی مرۆڤی باڵای (سورەوەردی) لە وێنەی حەکیمدا، یان (سووشیانس) بەناوە زەردەشتییەکەیدا و (قوتب) بەناوە ئیسلامییەکەی، حەکیمی خۆزان و خاوەن ئەقڵی یەزدانی، کە دەستی بە حیکمەتی خوداوەندی دەگات، لەیەک سەرچاوەدا ڕووناکی وشە دەگرن و دەنووسن.

(ئینجیلی پێنجەم)ی نیتچە و سرووشی نوێی (سورەوەردی)، دیاری ئەو بۆ مرۆڤایەتی و دیاری (سورەوەردی) بۆ برایەکانی، وشەکانی (باڵایی، هەقیقەت، قووڵی، حیکمەت، قووڵایی ڕۆح، هونەری گوتاربێژی و زەردەشت) لەم ڕستە کورتانەی نیتچەدا، هەمان فەرهەنگی (سورەوەردی) دەبینینەوە. بۆیە گەڕانەوە بۆ (سورەوەردی) پنتێکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە نیتچە و تێزەکانی، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە تێزی مەرگی نووسەر بەتایبەتی.

نیتچه‌ و له‌كتێبی زه‌رده‌شت ئاوه‌های گووت؛ خوا ده‌مێكه‌ مردووه‌

لە ڕووی شێوازەوە کتێبەکەی زەردەشت، وەک چیرۆکەکانی (سورەوەردی) بەرگێکی ئەدەبی و ناوەڕۆکێکی فەلسەفی هەیە. لەمانەش گرنگتر، ناوەڕۆکی کتێبەکە خۆیەتی، کە پێوەند بە تێزی مەرگی نووسەرەوە، مەرگی خودا لای نیتچە بناغەی مردنەکانی ترە، هی نەست و نووسەر و مێژوو و هەر مردنێکی تر. هەروەها کۆتاییهاتنی پێغەمبەرایەتی رەمزیی زەردەشت، مردنی پێغەمبەرایەتییە، یان پێشبەریکردنی پێغەمبەرناسییەکی فەلسەفی و ئەدەبی نوێیە لای نیتچە، بەڵام ئێمە پێشتر و زووتر ئەم پێغەمبەرناسییە نوێیە، لای (سورەوەردی) دەبینینەوە. لە کۆتاییهاتنی تەنزیل بۆ پێغەمبەرانی خودا و بەردەوامبوونی سرووش بۆ وەلی و ئیمامەکان و فەیلەسوفان.

بنەچەی مردنی خودا، بەواتای نەمانی وشەی تر و ناردنی بۆ مرۆڤی تر لەشێوەی پێغەمبەردا، تا مرۆڤ خۆی ببێتە خاوەن وشەی خۆی، مردنی نووسەری گەورە، کە خودایە، پێوەستە بە لەدایکبوونی نووسەری بچووکەوە کە مرۆڤە.

لای (سورەوەردی) سرووش بەردەوامە و روحی قودس کتێبی بۆ هێناوە و ئەویش وەک نووسەری بچووک دوای نووسەری گەورە، کتێبەکە دەنووسێتەوە و وەک پەیامێک بە برایەکانی دەگەیەنێت، ئەو پەیامە بڕوای (سورەوەردی)یە لە رۆژانی خەلوەت و کۆششەکانی رۆحی پێی گەیشتووە، وشەی نوورانی ئەو جیهانە باڵایەیە کە نیتچە دوای پتر لە هەفت سەد ساڵ دەستی دەگاتێ و باسی دەکات. هەردوو تێگەی (جیهانی گەورە) و (جیهانی بچووک) و (خودا) و (خەلیفە)کەی لەسەر زەوی، هەروەها بەوەی (قورئان) کتێبی (بوون)ە و (بوون)یش کتێبی (قورئان)ە دەڕژێنەوە نێو هەمان ئەو تێگەیشنەوە، لە پێوەندی بوون و بوونناسی خودا و مرۆڤەوە لە رووی فەلسەفی و مەعریفییەوە.

نیتچەش دەڵێت؛ ئەم کتێبە (كتێبێك بۆ هەمووان و كەس نا) ئەو (هەمووان)ە، بەو واتەیەى بۆ هەر تاكێك، كە بەشێكى پێكهاتەى هەمووانە، جا ئەو تاكە هەر شووناسێكى هەبێت، چەپ بێت یان راست، خۆرئاوایى بێت یان خۆرهەڵاتى، نێر بێت یان مێ، مەسیحى بێت یان غەیرە مەسیحی، خودا بكوژێت یان بیپەرستێت، ئەقڵانى بێت یان باوەڕدار، یان هەر فۆڕمێكى دیكە، بۆ تاكێك، كە ئێمە بۆمان هەیە، نەوەك نیتچە، لێرەدا زیاتر رەنگە ئەو تاكە خاوەنى ئەو تاكیەتییە بێت، كە “پیتەر سلوتەردایك” لە رێڕەوێکی دیكەدا وەسفى تاكییەتى نیتچەى پێ دەكات، (ئەو تاكییەتەى تواناى پێوەندیكردنى بە هەموو ئاراستەكانەوە هەیە و نیتچە پەیداکار و پەیامبەرییێتى ).

تاکێیتی سوپەرمان و حەکیمی خۆزان، تاکیێتییەکە، لە دەرەوەی مێژووی ماددی تەماشای ژیان دەکات، نیتچە بە فەلسەفەکەی دەوت “فەلسەفەی ژیان” ژین بۆ هەمووانە، دەربڕینی “دەقێک بۆ هەمووان” هی دەقێکە کە بتوانێت بۆ هەموو کەسێک باسی هەموو ژیان بکا. چونکە ژیان هەموو مرۆڤێک لەخۆی هەڵدەگرێت، بەڵام مرۆڤێک ناتوانێت هەموو ژیان لەخۆی هەڵبگرێت. ئەمە بەو واتایەى، كە دیتنى نیتچە بۆ فەلسەفەكەى ئەوەبوو بە جیاواز لە فەلسەفەكانى دیكە، كە هەموویان باس لە لایەنێكى ژیان دەكەن، باس لە چینێك دەكەن، باس لەو بەهایانە دەكەن، كە ئەوان بەرهەمى دەهێنن، ئەو ئەخلاقەى دەسەڵاتێك دواى سەركەوتنى لە رێى هێزەوە بەسەر ئەوانى دى بەدەستى دەهێنێت، ئەو مێژووەى، كە لە ئەنجامى ململانێى هێزەكان و ئیرادەكان لەگەڵ یەكتریدا واتاکانى هێزى سەركەوتوو دەكاتە ئەخلاقى خۆى، ئەو واتایانەى لە ململانێى هێزەكاندا واتا و دنیابینى و شووناسەكان پەیدا دەكات، نیتچە دێت و دەیوێ، مرۆڤ لەوە بگات ئەو مێژووەى تیایدایە، مێژوویەک نییە بەرهەمى هەموو ژیان بێت، بەڵكو بەرهەمى ئەو هێزەیە، كە لە شەڕەكانیدا سەردەكەوێت، كە سەریش دەكەوێت دەبێتە ئەو دەسەڵاتەى هەژموون بەسەر ژیاندا دەکات. كە واش دەكات هەموو بەشەكانى دیكەى ژیان، دەخاتە دەرەوەى ئەو مێژووە، ئیدى مێژوو، مێژووى هەمووان نییە. ئەگەر بگەرێینەوە لای سورەوەدی لەبارەی مێژووەوە، بۆ ئەویش مێژووی موقەدەس مێژووی هەموو مرۆڤەکانە، مێژووی ژیانە، کە مێژووێکی گشتی و هەمەکی و خوداوەندییە بە واتا ئەخلاقییەکەی، واتا مێژووی موقەدەس مێژووی مەعریفەی باڵا و هەمەکییە، مێژووی رەمز و هەقی پێشین کە بۆ تەواوی مرۆڤەکان دەبێتە هێزێکی روحی و رزگارکەر. زەردەشت بەشێکە لەم مێژووە موقەدەسە، زەردەشت و فەیلەسوف و حەکیمەکانی تر، هەموویان بەشدارن لەم خێزانە مێژووییەدا کە هەر جارە و لەهەر سەردەمێکدا، یەکێکیان وەک نووسەر-پەیامبەر دێت و حیکمەتی خوداوەندی نوێ دەکاتەوە. لێرەدا مێژووی موقەدەس پێوەندییەکی تر لەنێوان دەق و نووسەر کەشف دەکات. پێوەندییەکی جیاواز، لای نیتچە دەبینین دەیوێت پێمان بڵێت زەردەشتى ئەو دەقێکە، یان دەقى ئەو زەردەشتێكی جیاوازە، زەردەشتێكە لە سەر زمانى ئەودا دەبێتە تێكدەرى ئەخلاق، وەك خۆى وەسفى دەكات: “دەبوایە لێیان پرسیبام ناوى زەردەشت لەسەر زمانى من واتاى چییە؟ لەسەر زمانى یەکەمین نائەخلاقى، چونكە ئەو شێوە بێ هاوتایییە مەزنەى ئەو كەسایەتییە فارسە، كە بە درێژایى مێژوو نوێنەرایەتى دەكات، لێرەدا رێك بەرەواژى ئەو شتەیە كە باسى دەكەین، زەردەشت ململانێى نێوان خێر و شەڕى بە رەوڕەوەى بزوێنەرى شتەكان دانا، تەرجەمەكردنى میتافیزیكیانەى ئەخلاق بەوەى وزە لە خودى خۆیدا، هۆكار و ئامانجە، درووستكراوى ئەوبوو، بەڵام دەكرێت ئەم پرسیارە  هەر لە خۆیدا وەڵامیش بێت، چونكە زەردەشت، ئەخلاق… ئەم هەڵە گەورەیەى داهێنا، بۆیە دەبوایە یەكەم كەسیش بوایە دانى بەو هەڵەیەدا نابایە، نەوەك لەبەر ئەوەى، كە تەنیا لە چاو بیرمەندەكانى دی درێژترین و زۆرترین ئەزموونى هەیە. چونكە مێژوو بە هەمووییەوە بە درۆخستنەوەیەکى ئەزموونگەرییە بۆ وتەزاى (رژێمى گەردوونى بۆ بەهاكان) لەمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە، زەردەشت لەهەر بیرمەندێكى دیكە راستگۆترە، رێساكانى، تەنیا رێساكانى، هەقیقەت دەكاتە بەهایەکى باڵا، واتە پێچەوانەى ترسنۆكى میسالییەكانە، كە لە هەقیقەت هەڵدێن، ئازایەتى زەردەشت بارتەقاى ئازایەتى هەموو هزرمەندەكانى دیكەیە پێكەوە، قسەكردن بە هەقیقەتەكان و سەگڤانى، ئەمە چاكەكارى فارسییە. تێمگەیشتن؟ تەجاوزكردنى ئەخلاق بۆ خودى خۆى لە مونتەلەقى راستگۆییەوە و تەجاوزى ئەخلاقگەراش لە خودى خۆى، بۆ ئەوەى لە دژى خۆیدا جێ بگرێت- لە من- دا، ئەوە واتاى ناوى زەردەشتە لەسەر زمانم. “

نیتچە بەم زمانەوە، یەکەم زەردەشت، لە مێژووی موقەدەسدا دەردەکات و دەیخاتە نێو مێژووی ماددییەوە، نیتچە سنوورێک لە نێوان خۆی و زەردەشت، کتێبی موقەدەسی زەردەشتی یەکەم “ئاڤێستا” و کتێبەکەی- ئینجیلی پێنجەمی خۆی دادەنێت. ئەگەر بە زمانی سورەوەدی قسە بکەین، نیتچە دەبێتە “قایمی کتێبی ئاڤێستا”، قایمێک دژ بە زەردەشتی یەکەم لە دایک دەبێت. ململانێێ نێوان خێر و شەڕ، مێژووی موقەدەسی کۆن و مێژووی ماددی نوێ، مێژووی زەردەشت کە دەبینێت ئەخلاق تیایدا وزە و هۆكار و ئامانجە لە خودى خۆیدا و میتافیزیكیانە ئەو ململانێیەى نێوان خێر و شەڕ پێشبەر دەكات. نیتچە ئەو هەنگاوەى زەردەشت بە هەڵەیەکى گەورە (شنیع) دەبینێت، كە ئەخلاق وەك وزەیەك و هۆكار و ئامانجى مێژوو ببینێت، بەوەى ئاهورامەزدا و ئەهریمەن لە ململانێدان و شەڕیان شەڕى دوو ئیرادەى باش و خەراپە، واتە دابەشبوونێكى ئەخلاقى لە نێوان هێزەكاندا دەبینێتەوە، باش و خەراپ، رووناك و تاریك، جوان و كرێت و هتد..، لەو دابەشبوونە دووانەییانەى ئەو ئەخلاقە پەیدایان دەكات. دواتریش ئەو ئەخلاقە میتافیزیكییە لە شێوەى وزە و هۆكار و ئامانجەوە، یان با بڵێین وەك شێوەیەکى وزەى ناسین و هۆكارى هەقیقەت و ئامانجى ئەخلاقگەرایییانە لە پشت رەوڕەوەى مێژوووەوە بن، ئەو مێژووەى (نیزامێكى گەردوونى بەهاكان) پەیدا دەكات، یان بە واتایەكى دیكە، هەقیقەت بەرهەم دەهێنێت. دیارە نیتچە ئەمە بە هەڵەیەكى كوشندە دادەنێت و لاى ئەو مێژوو، ئەو ئەخلاقگەرایییە نییە كە زەردەشت باسى دەكات، بەڵكو رێك پێچەوانەى ئەوە. مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت، كە رژێمێكى گەردوونى بۆ بەهاكان، تێگەیشتنێكە مێژوو بە درۆى خستووەتەوە. هەقیقەت لە پشت مێژوووەوە نییە، وەك ئەوەى میسالییەكان بۆى دەچن. هەقیقەت ئەوە نییە لە ململانێییەكان لە خەراپەوە بەرەو باشە هەڵبكشێن، یان ئاراستەى مێژوو لە خەراپەوە بەرەو چاکە بێت، مێژوو لە وزەى ئەهریمەنەوە بەرەو وزەى ئاهورامەزدا ئاراستە بگرێت، لە ناسینى ئەهریمەنەوە بۆ ناسینى ئاهورامەزدا بڕوات.

پنتێکی هاوبەشی نیتچە و (سورەوەردی) ئەمەیە کە هەردووکیان وەک دووەم نووسەر، بۆ زەردەشت دەگەرێنەوە، بێگومان بە جیاوازی سەردەمەوە، (سورەوەردی) لە رێی نۆژەنکردنەوەی رێبازی نوورەوە لە رووە ئۆنتۆلۆجی و ئەخلاقییەکیەوە، ئەو سستمە نوێ دەکاتەوە کە تەئویلێکی نوێ بە واقیعی ئۆنتۆلۆجی و ئەخلاقی رووناکی بدات لە فەزای ئیسلامدا. نیتچەش بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەخلاقی مەسیحی وەک پێغەمبەرێکی نوێ رووبەرووی زەردەشت دەبێتەوە، بە “ئینجیلی پێنجەم”یش وەرگێرانێکی نوێ و جیاواز لە وەرگێڕانە میتافیزیکییەکەی زەردەشت بۆ ئەخلاق دەکات.

(ئنجیلى پێنجەم) و (حیکمەتی ئیشراق) لەسەر گاتایەکانی زەردەشت دادەمەزرێن. لەنێو نەزمی پێغەمبەرایەتیدا، بازنەیەکی نوێ زیاد دەکەن و هەرسێ پێکەوە (زەردەشت- سورەوەردی- نیتچە) وەک سێ نووسەری زیندوو لەسەر مێژووی یەکدی وەرگێڕانێکی نوێ بۆ مێژووی خودا و مرۆڤ و جیهان دەکەن.

 لای (زەردەشت) سەرەتا وەرگێرانێکی میتافیزیکییە، دواتر لای (سورەوەردی) وەرگێڕانی حەکیمی خۆزان، کە نیمچە میتافیزیکییە، ئینجا وەرگێڕانی مرۆڤی باڵای (نیتچە) وەک دواهەمین میتافیزیکی کامل و کۆتایی. لەم رێڕەوەدا هەرسێ وەک سێ نووسەری زیندوو و وەرگری زیندوو لەسەر دەقگەلێکی موقەدەسی باڵا، کە ئاڤێستایە، واتای مێژوو وەردەگێڕن.

ئەو رێڕەوەی مێژووی (زەردەشت) و (سورەوەردی) و (نیتچە) بەیەک دەبەستێتەوە، میتافیزیکێکی زیندووی مرۆییە، کە هەر جارەی بە جۆرێک وەردەگێڕدرێت یان فۆرمۆلە دەبێت. هەر جارەی بە زمانێکی جیاواز، بەڵام بەهەمان ستراتیژی کە مرۆڤبوون چەقەکەیەتی خۆی مانیڤێست دەکاتەوە. هەر سێ نووسەر، هەر سێ پێغەمبەر، هەر سێ کتێب، دامەزرێنەری گێڕانەوەیەکی مێژوویین بۆ خودا و مرۆڤ و جیهان.

ئەوەی لە بارەی مردنی نووسەر لە رۆشنبیریی رەخنەیی کوردی گوزەرا، لە گاڵتەکردنێکی مەعریفی پتر نەبوو. ئەم پۆتێنشیالە رەسەنەی کوردی و خۆرهەڵاتی و تەنانەت فۆلکلۆریەشی نەدۆزییەوە، تا لەم رووەوە بەکاری بێنێت. بۆیە (مردنی نووسەر) نەبووە تێزێک تا دژە تێز و ئاوێتە تێزێکی لەسەر ئاوا بکەین.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌