پێشه‌كی:
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به یه‌كێك له ڕووداوه گرنگه‌كانی سه‌ده‌ی بیست ده‌ژمێردێت، كه بووه‌هۆی جیابوونه‌وه و دروستبوونی چه‌ندین ده‌وڵه‌تی نوێ، كۆتایهاتنی جه‌نگی سارد و دروستبوونی سیسته‌مێكی جیهانی تاكجه‌مسه‌ری. ڤلادمیر پۆتین هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی سه‌ده‌ی بیست ده‌ژمێرێت، كه ڕووسیایی نوێی دووچاری چه‌ندین گرفتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی تازه كرده‌وه.
له ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ڕووسیایی نوێ خۆی له پێش دۆخێكی نه‌خوازراودا بینییه‌وه، كه پێویستی به خۆ بونیادناوه و جارێكی‌تر پێناسه‌كردني به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌كرده‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و وڵاته ڕووبه‌ڕووی جۆرێك له سه‌رگوومی (شڵه‌ژان) و ناجێگیری ببوویه‌وه له سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی چۆنیه‌تی داڕشتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری جیهاندا ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری ئه‌م ناسه‌قامگیرییه بوو. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی (بۆریس یڵسین) هاوڕێك بوو له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین كێشه وه‌ك سیاسی، ئابووری و ناسنامه‌یی، به‌ڵام به به‌هێزبوونی گروپی ئۆراسیاگه‌راكان و هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڤلادمێر پۆتین له ساڵی (2000) گۆڕانێكی به‌رچاو له سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئه‌و وڵاته دروست بوو، پۆتین به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی واقیگه‌رایانه توانی كۆمه‌ڵێك چاكسازی بنه‌ڕه‌تی و هه‌نگاوی گرنگ بهاوێت كه پێگه‌ی ڕووسیای له مه‌یدانی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌هێزتر بكات. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین زیاتر تیشك بخه‌ینه سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی پۆتین له بونیادنانه‌وه‌ی ڕوسیا و چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌گشتی و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ڕووسیا له سه‌رۆكایه‌تی بۆریس یه‌ڵتسینه‌وه بۆ ڤلادمیر پۆتین
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت تاكو هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڤلادمێر پۆتین وه‌ك سه‌رۆكی ڕووسیا به‌رامبه‌ر به وڵاتانی جیابووه‌وه له خۆی و وڵاتانی ڕۆژئاوا به به‌رزونزمی و ناجێگیری خۆیدا تێده‌په‌ڕی. نه‌بوونی دیدێكی ڕوون بۆ ڕووداو و گۆرانكارییه‌كان تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كی سیاسه‌ته‌كانی كرملین بوو.
وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌و قۆناغه‌دا به پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر سیاسی، ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی خۆیاندا تێده‌په‌ڕین، به‌ها ڕۆژئاواییه‌كان ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ژموونی هه‌بوو له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕووسییه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی توانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌بێت. ڕۆژئاوا وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی ئیفلیج مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووسیایی نوێ‌دا ده‌كرد. له‌و قۆناغه‌دا تیۆریست و سیاسه‌تمه‌دارانی روسیا به‌ره‌و ڕووی قه‌یرانی ناسنامه و داموده‌زگایی بوونه‌وه و، چه‌ندین ڕه‌وتی جۆراوجۆر هاتنة ئارا كه هه‌ر یه‌كێكیان دید و ڕوانینێكی جیاواز له‌ویتریان هه‌بوو بۆ چۆنیه‌تی بونیادنانه‌وه‌ی ڕوسیا و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی شوناسی ڕوسیایی نوێ. له‌و نێوه‌نده‌دا دوو ڕه‌وتی سه‌ره‌كی زاڵ بوون به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وانیش (Euroatlantism)كه لایه‌نگری ڕۆژئاوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئۆراسیاگه‌راكان (Eurasianism) كه جه‌ختیان له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕوسیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی و سیسته‌مێكی جیهانی چه‌ند جه‌مسه‌ریان ده‌كرده‌وه(1).
جێی ئاماژه‌یه سه‌رۆكی فیدراسیۆنی روسیا (بوریس یه‌ڵتسین) پێداگری له‌سه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ی ڕوسیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و چاكسازی سیسته‌می سیاسی به‌پێی پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی و مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا ده‌كرده‌وه، به‌ڵام شكسته‌كانی یه‌ڵتسین و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی و لاوازبوونی پێگه‌ی جیهانی ڕوسیا هۆكاربوون بۆ به‌هێزبوونی ئۆراسیاگه‌راكان، كه دواتر كۆنترۆڵی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان كرد.
ڤلادمێر پۆتین له ساڵی (2000) به ناونیشانی سه‌رۆكی ڕوسیا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت، خه‌ڵكی ڕوسیا له چاوڕوانی هاتنی سه‌رۆكێكی نوێ و به‌هێز بوون كه بتوانێت كێشه‌كانی وڵات چاره‌سه‌ر بكات. هاتنی پۆتین بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌كاتێكدا بوو كه هاوڵاتیانی ڕوسیا له ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی یه‌ڵتسین بێزار بوون و، نا‌ئومێد و ناڕازی بوون له سیاسه‌تی ڕۆشتن به‌ره‌و بازاڕی ئازاد و نزیكبوونه‌وه له وڵاتانی ڕۆژئاوا. پۆتین هه‌نگاو به هه‌نگاو توانی دڵسۆزی و لایه‌نگری خه‌ڵكی له ڕێگه‌ی چاكسازی ئابووری و باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی نزیك (وڵاتانی جیابوه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو) به‌ده‌ست بهێنێت(2).
به‌پێچه‌وانه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بوریس یه‌ڵتسین كه به‌هۆی فره ناوه‌ندیی له وه‌رگرتنی بڕیار له سیاسه‌تی ده‌ره‌كییدا جۆرێك له ناسه‌قامگیری و دژبه‌یه‌كی و ناڕوونی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا به‌دیده‌كرا، پۆتین توانی به یارمه‌تی گروپی سلاڤییه‌كانی ناو حكومه‌ت و هاوكاری ئه‌وان دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ڕوسیا بكات به بنكه‌ی سه‌ره‌كی داڕشتنی سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه و قورساییه‌كی تایبه‌تی پێبدات. پۆتین به دورخستنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی په‌یوه‌ست به یه‌ڵتسین و ڕێگری له ده‌ستێوه‌ردانی گروپه ناحكومییه به‌هێزه‌كانی ناوخۆی وڵات و، ته‌نگكردنه‌وه‌ی (حصركردن) بڕیاره‌كان له چوارچێوه‌ی گروپی سلاڤییه‌كان توانی ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بێت له داڕشتن و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا(3).
هه‌نگاوه‌كانی پۆتین له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا دوای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پۆتین وه‌ك سه‌رۆكی فیدراسیۆنی ڕوسیا گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی. توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پۆتیندا گۆڕانێكی ئه‌رێنی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا هاتووه‌ته ئاراوه و، ڕێكار و خه‌تی بیردۆزه‌یی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ئایدیالیستییه‌وه بۆ پراگماتیستی وه‌رچه‌رخاوه، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیایی له ناڕوونی و ناجێگیرییه‌وه بردۆته قۆناغێكی پایه‌دارتر و كاریگه‌رتره‌وه(4).
پۆتین له كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت كه جیهان به دۆخێكی تایبه‌تی وه‌ك پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوون، لێكنزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر وڵاتانی ئه‌وروپی، فراوانخوازی ئه‌مریكا، تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی و…هتد، تێده‌په‌ڕێ، بۆیه پێویستی ده‌كرد ڕوانین و سیاسه‌تێكی تایبه‌ت بگرێته‌به‌ر كه بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا بپارێزێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ گه‌شتنی به ده‌سه‌ڵات سێ بابه‌تی سه‌ره‌كی له چوارچێوه‌ی كاره‌كانی له‌پێشچاو گرت، له‌وانه چاكسازی ئابووری، ده‌ستڕاگه‌یشتن به پێگه‌یه‌كی شیاو له هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و زیندووكردنه‌وه‌ی ڕوسیا وه‌ك زلهێزێكی جیهانی. بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی له ژینگه‌ی ده‌ره‌وه‌دا سیاسه‌تێكی پراگماتیستییانه‌ی گرته‌به‌ر، كه بریتیی بوو له یاریكردنی ئه‌رێنی، خۆ پاراستن له به‌ریه‌ككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێكه‌وه‌به‌ستنی ئابووری و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت، سوود وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه هاتوونه‌ته‌پیش و، خۆدوورگرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئایدیۆلۆژی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا(5).
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ڤلادمێر پۆتین له ساڵی (2000) ده‌ستپێكی گۆڕانكاری گرنگ بوو له ڕوسیادا. ده‌كرێت له ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا گرنگترین هه‌نگاوه‌كانی پۆتین له‌م خالانه‌ی خواره‌وه ده‌ست نیشان بكرێت:
-
ڕێگری له جێگیربوونی سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری.
-
زیندووكردنه‌وه و به‌هێزكردنی جارێكی تری ڕوسیا له چوارچێوه‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تییدا.
-
ڕێگری له هه‌ژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا له ناوچه په‌راوێزییه‌كانی ڕوسیا (ده‌ره‌وه‌ی نزیك).
-
دروستكردنی ئارامی و ئاسایشی له‌ناوچه‌كانی ئاسیایی ناوه‌ڕاست و قه‌فقازدا.
-
باشتركردن و به‌ره‌وپێشبردنی ئابووری ڕوسیا(6).
-
چالاكردنی ده‌زگا هه‌وڵگرییه‌كانی رووسيا.
-
سوودوه‌رگرتن له چه‌مكی تیرۆر و باسكردنی به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر له‌پێناو جێگیركردني سه‌قامگیری ناوخويی(7).
دوای هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پۆتین ده‌سه‌ڵات زیاتر له چوارچێوه‌ی گروپی سلاڤییه‌كان چڕبوویه‌وه و به تێپه‌ڕبوونی كات كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتیان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له ئێستادا دید و بیركردنه‌وه‌ی گروپی سلاڤییه‌كانی ناو حكومه‌ت هێڵێ سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئه‌و وڵاته ده‌ستنیشان ده‌كات. له ڕوانگه‌ی گروپی فه‌رمانره‌وا پێویسته ڕوسیا بگه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می به‌هێزی خۆی، ئه‌ویش به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی واقیعگه‌رایانه نه‌ك جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ململانێی ئایدۆلۆژی. به‌شێك له به‌رپرسانی باڵای ڕوسیا به‌هۆی بوونی پێشینه‌ی ئه‌منییه‌وه ڕوانێنیكی ئه‌منیان بۆ ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌وڵه‌تان دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ دوژمن، دۆست و هاوپه‌یمانی كاتی. به‌باوه‌ڕی ئه‌وان وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ڕێكخراوی ناتۆ به دوژمنانی ڕوسیا داده‌نرێت، كه له ڕێگه‌ی كشان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات هه‌وڵی په‌راوێزخستنی جیۆپۆله‌تیكی و ستراتیژی ڕوسیا ده‌ده‌ن. له‌م پێناوه‌شدا و بۆ رێگرییه‌كانی ڕێكخراوی ناتۆ ده‌یانه‌وێت تا ئاستێكی به‌رچاو په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیابوه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ره‌وپێش ببه‌ن(8). به‌مجۆره ده‌بینین سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا له دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌ڵتسین ئاراسته‌یه‌كی جیاوازتر ده‌گرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ڕوسیا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییه‌وه هێز و تواناییه‌كی زیاتری به‌خۆیه‌وه بینی، كه بتوانێت به‌شێك له ئامانجه‌كانی له ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا بهێنێته‌دی و چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگ بچێته پێشه‌وه.
جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر سیسته‌می جیهانی چه‌ند لایه‌نی (multilateralism)
پۆتین له بری سیسته‌می جیهانی تاكجه‌مسه‌ری جه‌خت له‌سه‌ر سیسته‌مێكی جیهانی چه‌ند لایه‌نی (multilateralism)ده‌كاته‌وه، كه ئه‌ویش جیاوازه له سیسته‌می فره‌جه‌مسه‌ری، به‌و مانایه‌ی كه ده‌كرێت له سیسته‌مێكی جیهانی چه‌ند لایه‌نیدا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی جێگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و دوژمنایه‌تی بگرێته‌وه، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ش ده‌توانێت یارمه‌تی ڕوسیا بدات له خۆپاراستن له ڕووبه‌ووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌گشتی و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به تایبه‌ت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناڕۆژئاوایی په‌ره‌پێبدات، كه ڕۆڵ ده‌گێرن له به‌ره‌وپێشبردنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ڕوسیادا. له سیسته‌مێكی فره‌جه‌مسه‌ریدا ڕوسیا ناچارده‌بێت بۆ پاراستنی پێگه و هێزی خۆی وزه‌یه‌كی زیاتر خه‌رج بكات، له كاتێكدا له سیسته‌مێكی چه‌ند لایه‌نییدا له‌گه‌ل ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كانی تر ده‌توانن ڕێگربن له جێگیربوونی سیسته‌مێكی جیهانی تاكجه‌مسه‌ری(9).
پۆتین له كۆنفرانسی ئه‌منی میونخ (2006) ڕه‌خنه‌ی توندی له هه‌نگاوه تاكڕه‌وییه‌كانی ئه‌مریكا گرت و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌نگاوه تاكلایه‌نییه‌كانی ئه‌مریكا كێشه و ململانێی نێوده‌وڵه‌تی نوێی دروستكردووه. پۆتین سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری به سیسته‌می ئاغا و ڕه‌عیه‌تی شوبهاند كه ناتوانێت سیسته‌مێكی ته‌ندورست و دیموكراتیك بێت. هه‌روه‌ها ئه‌مریكای به‌وه تاوانباركرد كه به دوای به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆیدایه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له به‌رژوه‌ندی وڵاتانی تر بكاته‌وه(10).
له دیدی ئۆراسیاگه‌راكانه‌وه كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ن، كه له ڕووی ئابووری و بازرگانی و سه‌ربازییه‌وه گه‌شه‌كردوون و، ده‌كرێت له ڕێگه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و دروستكردنی په‌یوه‌ندی دۆستانه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا بارودۆخی ئابووری، بازرگانی و ئه‌منییه‌تی ڕوسیا به‌ره‌وپێشببرێت، جگه له‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئه‌منیه‌تی ئۆراسیاش پارێزراوتر ده‌بیت، ئه‌و وڵاتانه‌ش وه‌ك چین، هیند، ژاپۆن و كۆریایی باشوور، له‌م ڕیگه‌یه‌شه‌وه ده‌كرێت سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری و باڵاده‌ستی ئه‌مریكا ڕووبه‌ڕووی گرفت و لاوازی بكرێته‌وه. له‌هه‌مانكاتدا گرنگیدانی ڕوسیا به وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌و مانایه نایه كه وڵاتانی ڕۆژئاوا فه‌رامۆش بكات، به‌ڵكو نزیكایه‌تی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆكارێك ده‌بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی سیسته‌می ئابووری و به‌رگری ڕوسیا(11).
گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی ئابووری ڕوسیا یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ستانه‌وه و هاتنه نێو هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ڕوسیا داده‌نرێت ، له‌م نێوه‌نده‌دا كاریگه‌ری كه‌رتی وزه له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و، یارمه‌تیدانی ئه‌و وڵاته له گه‌یشتن به پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر و شایسته‌تر له ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جێگه‌ی گرنگی و بایه‌خپێدانی پۆتینه، به‌رپرسانی باڵای ڕوسیا گرنگییه‌كی تایبه‌ت به كه‌رتی وزه ده‌ده‌ن، چوونكه ده‌كرێت وه‌ك ئامراز و فشارێكی سیاسی گرنگ به‌كاربهێنرێت له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا لة لايه‌ك، لةلايه‌كی تر به‌دیهێنانی ویست و ئامانجه ده‌ره‌كییه‌كان و، كردنی ڕوسیا به لایه‌ن و زلهێزێكی جیهانی له بابه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا. به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له ساڵی (2008) یارمه‌تیده‌رێكی گرنگ بوو بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر ئابووری ڕوسیا و باڵاده‌ستی له سیاسه‌تی وزه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا(12).
هه‌روه‌ها به نیسبه‌ت وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیا ڕوسیا به‌رده‌وامه له نزیكبونه‌وه‌ی زیاتر و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆی بوونی ڕێژیه‌كی زۆری نه‌وت و گازی سروشتی جێگه‌ی گرنگیدانی ڕوسیایه، هه‌ر بۆیه ڕوسیا ده‌یه‌وێت هه‌ژموون و پێگه‌ی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌هێز بكات، تاوه‌كو بتوانێت به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێ و ئامانجه‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌دیبهێنێت، ئه‌و ئامانجانه‌ش ڕه‌هه‌ندی سیاسی، ئابووری و ئاسایشی هه‌یه، له‌م ڕیگه‌یه‌شه‌وه ده‌كرێت سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری و زلهێزی تاقانه‌یی ئه‌مریكا ڕووبه‌ڕووی گرفت و لاوازی بكرێته‌وه(13).
سیاسه‌تی هاوكاری ڕۆژئاوا و خۆپاراستن له به‌ریه‌ككه‌وتن
ڕووداوی یازده‌ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی (2001) و جه‌نگی دژ به تیرۆریزم هۆكارێك بوون بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری وڵاتان و، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوانیاندا. وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وڵاتانی جیهانیان دابه‌شكردبوو بۆ دۆست و دوژمن، بۆیه جیهان پێی نابوویه قۆناغێكی نوێوه و، وڵاتان به‌شێك له كێشه دێرینییه‌كانیان وه‌لانابوو و ڕوویان له نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر كردبوو.
له دوای ڕووداوی یازده‌ی سێپته‌مبه‌ره‌وه هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مریكا و ڕووسیا كه‌وتبوونه به‌رده‌م دۆخێكی نوێ، به جۆرێك كه گۆرانی به‌سه‌ر ڕوانین و بژارده‌كانی هه‌ردوولای له‌باره‌ی به به‌رژوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان هێنابوو. دوای ئه‌و ڕووداوه هه‌ردوو وڵات خۆیان له دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كدا نه‌ده‌بینییه‌وه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا دروست بوو، كه ده‌یتوانی زه‌مینه خۆشكه‌ر بێت بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له ژینگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا. ڕووسیا له‌و قۆناغه‌دا پاڵیشتكردنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به پێویست ده‌زانی، كه ده‌یتوانی ڕۆڵی هه‌بێت له لابردنی سزایی گه‌مارۆدانی ڕووسیا و هاتنی كۆمپانیا سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانی ئه‌مریكا و گه‌شه‌دان به ئابووری ئه‌و وڵاته، سه‌ره‌ڕای كارئاسانی بۆ ئه‌ندامبوونی ڕووسیا له ڕێكخراوی بازرگانی جیهانییدا(14). له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕووسیا وه‌ك هاوكار و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت، كه سه‌ره‌ڕای قبولكردنی هێرشكردن و به‌رفراوانبوونی چالاكییه‌كانی ڕێكخراوی ناتۆ له ناو خاكی ئه‌فغانستاندا كۆمه‌كی لۆجستیكی خۆی پێشكه‌ش به‌م ڕێكخراوه كرد و، ڕێگه‌یدا كه سوود له ئاسمانی ڕووسیا وه‌رگرن بۆ هێرشكردنه سه‌ر ڕێكخراوی قاعیده و ڕژێمی تاڵیبان(15).
هاوكارییه‌كانی ڕووسیا بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به تیرۆریزم ده‌ریچه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووسیا بۆ هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌هیزكردنی پێگه‌ی له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا. به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیا له‌و قۆناغه‌دا ئه‌وه‌بوو هاوكار و دۆستی ئه‌مریكا بێت كه ته‌نیا وڵاتی خاوه‌ن هه‌ژموون و زلهێز بوو له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تییدا نه‌ك دژایه‌تیكردن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی، له كاتێكدا تیرۆر و گروپه جیهادییه‌كان هه‌ڕه‌شه بوون بۆ خودی ڕووسیا چی له ناوخۆ و چی له‌ده‌ره‌وه(16).
كۆمه‌ڵێك هۆكاریتر هه‌بوون له قۆناغی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی پۆتیندا كه وایانكرد روسیا سیاسه‌تی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بگرێته‌به‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا، له‌وانه‌ش وه‌ك:
-
كۆنترۆڵكرنه‌كردنی ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پۆتین و گروپی سلاڤییه‌كان. ده‌سه‌لات وه‌رگرتنی سلاڤییه‌كان له‌ناو حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا به‌شێوه‌یه‌كی هه‌نگاو و به هه‌نگاو به‌ره‌وپێش چوو، هه‌ر بۆیه له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی پۆتیندا به‌شێكی گرنگی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ژێر كۆنترۆڵی لیبراڵه‌كان، ئۆلیگارش و پیاوانی نزیك له سه‌رۆكی پێشوو (یه‌ڵتسین)دا بوو، بۆیه ده‌رفه‌تی پیاده‌كردنی خواسته‌كانی پۆتین و گروپی سلاڤییه‌كان ته‌سك بوو.
-
یه‌كیك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی تر بریتیی بوو له لاوازی ئابووری ڕووسیا، كه ئه‌و هێزه‌ی نه‌بوو بتوانێ له‌و قۆناغه‌دا دژایه‌تی ڕۆژئاوا و په‌لكێشانه‌كانی ناتۆ بكات به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، له به‌رامبه‌ریشدا به‌هێزبوونی هه‌ژموونی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو له ته‌واوی جیهاندا(17).
له دوای ڕووداوی یازده‌ی سێبته‌مبه‌ر و له ئه‌نجامی هاوكارییه‌كانی ڕووسیا بۆ وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌فغانستان، ئه‌مریكا چه‌ند پاداشت و ئیمتیازاتێكی به ڕووسیا به‌خشی، له‌وانه قبوڵكردنی روسیا له (G7) كه دواتر بوو به (G8)، پێدانی قه‌رزێكی (20) میلیار دۆلاری به مۆسكۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی ڕه‌خنه‌گرتنی له بارودۆخی مافی مرۆڤ و دیموكراسی له ڕووسیا(18). هاوكاریكردنی ڕووسیا و نزیكبوونه‌وه‌ی له ئه‌مریكا ده‌رفه‌تێكی زێڕین بوو بۆ ئه‌و وڵاته تاوه‌كو بتوانێت سوود مه‌ند بێت له‌و دۆخه نوێیه‌ی كه دروست ببوو.
په‌لكێشانی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات و به‌رهه‌ڵستكاری ڕووسیا
به‌رپرسانی باڵای ڕووسیا ناتۆ به یه‌كێك له هه‌ڕه‌شه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌بینن. له دوای به ئه‌ندامبوونی به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر به‌شێك بوون له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له ئێستادا ڕێكخراوی ناتۆ جێی خۆی له به‌شێك له سنور و نزیك سنوره‌كانی ڕووسیا به‌هێز كردووه، له‌و وڵاتانه‌ش وه‌ك هه‌نگاریا، كۆماری چیك و پۆڵه‌ندا (1999)، بولگاریا و ئیتۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و ڕۆمانیا و سلۆڤاكیا (2004)، هه‌روه‌ها ئه‌لبانیا له ساڵی (2009)(19).
له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پۆتین (2000) هه‌رسێ دۆكترینی سه‌ربازی، ئاسایشی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بڕیاری له‌سه‌ر درا. دۆكترینی نوێ هه‌وڵێك بوو بۆ دووباره داڕشتنه‌وه‌ی دیدگای نوێی روسیا به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشه و بابه‌ته نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی سه‌ده‌ی نوێ و ئه‌و مه‌ترسییه نوێیانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ڕووسیا ده‌كه‌ن. له دۆكترینی سه‌ربازییدا جه‌خت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئامرازه ئه‌تۆمی و نائه‌تۆمییه‌كان كرابوویه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك كه ڕووبه‌ڕووی ڕووسیا ده‌بێته‌وه(20). ئه‌گه‌رچی ڕووداوی یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر به‌شێك له كێشه و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی به‌لاداخست و، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆریزم هه‌ردوو وڵاتی له‌یه‌ك به‌ره‌دا كۆكرده‌وه به‌ڵام ئه‌و دۆخه نوێیه به مانای كۆتایی هاتن به كێشه و ناكۆكییه‌كانیان نه‌بوو، به‌ڵكو فراوانخوازی ناتۆ و ئه‌مریكا له ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیك (كۆماره‌كانی جیابووه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ناوچه‌كانی ئاسیایی ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز) هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و دژایه‌تیكردنی یه‌كتر، به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی پۆتیندا.
بابه‌تی ئه‌ندامێتی ئۆكرانیا و جۆرجیا له ڕێكخراوی ناتۆ به گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی نێوان ڕووسیا و ناتۆ داده‌نرێت، به‌رپرسانی ڕووسیا ئه‌ندامێتی ئه‌و دوو وڵاته له ناتۆ به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان داده‌نێن. ئه‌ندامێتی ئۆكرانیا ده‌توانێت به‌ربه‌ستی به‌رگری ڕووسیا به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه تێكشكێنێت، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارێك بۆ په‌یوه‌ندیكردنی وڵاتانی تری جیابووه‌وه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت تاوه‌كو په‌یوه‌ندی به ڕیكخراوه‌كه‌وه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر جۆرجیاش ببێته ئه‌ندام له‌و ڕیكخراوه‌دا ئه‌وا ناوچه‌ی قه‌وقاز كه هه‌میشه جێی هه‌ژموونی ڕووسیا بووه، ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی جدی ده‌بێته‌وه(21).
له ڕوانگه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوادا سێ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی هۆكاری ویستی كشانی رێكخراوی ناتۆیه له ڕۆژئاواوه به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌وانیش مه‌ترسی به‌هێزبوونه‌وه‌ی ڕووسیا، به‌رپابوونی جه‌نگه ناوخۆییه‌كان كه ڕه‌هه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابووری كه ده‌توانێت ڕۆڵێكی نێگه‌تیڤی هه‌بێت له‌سه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌وروپا. به باوه‌ڕی ئه‌وان ئه‌گه‌ر تاوه‌كو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت ڕێكخراوه‌كه ته‌نیا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی یه‌كه‌مدا بووبێت، ئه‌وا له ئێستادا هه‌ردوو مه‌ترسیتر هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی وڵاتانی ئه‌وروپا و به‌گشتی ڕۆژئاوا ده‌كات(22).
مه‌ترسییه‌كانی ناتۆ ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چوو، هه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ش بوونه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ دووباره پێداچوونه‌وه به ستراتیژییه‌تی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته كه له ساڵی (2000 بۆ 2020) ڕاگه‌یه‌ندرابوو. هه‌وڵه‌كانی داڕشتنی ستراتیژیه‌تی سه‌ربازی ساڵی (2010)ی ڕووسیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (2007) كه ئه‌ویش بۆئه‌و پێشهات و ڕووداو و گۆڕانكارییه سیاسییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له دوای ساڵی (2000)ه‌وه دروست ببوون، له‌وانه‌ش وه‌ك ڕووداوی یانزده‌ی سێپته‌مبه‌ر، جه‌نگی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان (2001) و عێراق (2003) و سه‌ره‌كیترینیشیان هه‌ڵكشانی ڕێكخراوی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات و سنوره‌كانی ڕووسیا. ئه‌و ڕووداوانه هۆكارگه‌لێك بوون كه ڕووسیا خۆی له به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ڕووداوی گرنگ و گۆڕانكاری سیاسی جه‌وهه‌ریدا ببینێته‌وه. له ستراتیژیه‌تی سه‌ربازی ڕووسیا (2010) كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی ده‌ستنیشانكراون، كه گرنگترینیان بریتییه له فراوانخوازی و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕێكخراوی ناتۆ و، به‌هێزكردنی پێگه و بنكه‌كانی له سنوره‌كانی ڕووسیا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌و ڕێكخراوه‌وه(23).
خۆبونیادنانه‌وه و سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕۆژئاوا
به تێبینی كردنی ماوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی پۆتین ده‌توانرێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بكرێته‌وه كه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا به دوو قۆناغی جیاواز له‌يه‌ك تێپه‌رێوه. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا قۆناغی یه‌كه‌می پۆتین هاوكات بوو له‌گه‌ڵ یارمه‌تی و هاوكاری ڕۆژئاوا به‌گشتی و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دیارده‌ی تیرۆریزم، به‌ڵام قۆناغی دووه‌م كه ماوه‌ی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی پۆتین ده‌گرێته‌وه، گه‌واهیده‌ری سیاسه‌تێكی جیاوازتری ڕووسیا ده‌بین كه ئه‌ویش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌هه‌ندێ كێشه و بابه‌تی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا به گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی(24).
پۆتین له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییدا (2004 – 2008) دوای به‌ره‌و باشتربوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ڕووسیا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت و زیادبوونی ڕێژه‌یی هه‌نارده‌كردنه ده‌ره‌وه‌ی بۆ وڵاتانی دیكه و به‌هێزبوونی پێگه‌ی جیهانی ڕووسیا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ هاته پێشه‌وه كه به‌رنامه‌كانی خۆی به‌ره‌وپێش ببات و جارێكی تر ڕووسیا به جۆرێكی نوێ بونیادبنێته‌وه و، سیاسه‌تێكی جیاوازتر له سیاسه‌تی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی به‌رامبه‌ر به ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا بگرێته‌به‌ر. ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی گاز بۆ ئۆكرانیا له ساڵی (2006) ده‌كرێت به یه‌كێك له نمایشه سه‌ره‌تاییه‌كانی هێزی ڕووسیا دابنرێت به‌رامبه‌ر به ڕۆژئاوا و زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه بۆ په‌لهاوێشتنه‌كانی ڕێكخراوی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات(25).
كۆمه‌ڵێك هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌بوون كه یارمه‌تی پۆتین و ستافه‌كه‌ى دا بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و هێرشبه‌رانه بگرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر به ڕۆژئاوا، گرنگیترینیان:
-
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆیی ڕووسیا. له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت تاوه‌كو كۆتایی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌می پۆتین ناسه‌قامگیری و جه‌نگی ناوخۆیی باڵی به‌سه‌ر ڕووسیادا كێشابوو. هه‌ستی ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیانی ڕوسی له باشتربوونی دۆخی ناخۆیی پاڵنه‌رێكی گرنگ بوو بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی كێبڕكێیی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕووسیا له‌گه‌ل وڵاتانی ڕۆژئاوا.
-
به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی نرخی جیهانی نه‌وت هۆكارێكی سه‌ره‌كی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ڕووسیا و به‌هێزبوونی پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته بوو. پۆتین به پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت و گاز نه‌ك ته‌نها قه‌رزه‌كانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی لابرد، به‌ڵكو له ڕووی سه‌ربازیشه‌وه ده‌ستیكرد به نوێسازی له هێز و ته‌كنه‌لۆجی سه‌ربازی.
-
لاوازبوونی هێز و هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌هۆی هه‌ڵمه‌ته‌كانی داگیركاری عێراق و ئه‌فغانستان و گرفتاربوونی له كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه. لاوازبوونی ئه‌مریكا هۆكارێكی سه‌ره‌كی به‌هێزبوونی هه‌ندێ هێزی تری نێوده‌وڵه‌تی بوو، له‌وانه چین و ڕووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌و دۆخه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌مریكا بوویه‌وه یارمه‌تی پۆتینی دا بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی هێرشبه‌رانه و به‌هێزكردنی پێگه‌ی وڵاته‌كه‌ی له مه‌یدانی نێوده‌وڵه‌تیدا(26).
پۆتین له سه‌ره‌تادا له‌به‌رامبه‌ر فراوانخوازی ئه‌مریكا، جه‌نگی ئه‌فغانستان و عێراق، هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ په‌لكێشانی زیاتری ناتۆ، نزیكبوونه‌وه‌ی له كۆماره سه‌ربه‌خۆبووه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو و جێگیركردنی قه‌ڵغانی به‌رگری موشه‌كی له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، چاوپۆشی كرد، ئه‌ویش به‌هۆی لاوازی ئه‌وكاتی ڕووسیا به‌رامبه‌ر دژایه‌تیكردنی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و، له هه‌مانكاتدا سوودوه‌رگرتن له دۆخی دروست بوو له هه‌ندێ بواردا له‌وانه سه‌ركوتكردنی بزوتنه‌وه سه‌ربه‌خۆخوازه ئیسلامییه‌كانی چیچان. دوای ساڵی (2006) سیاسه‌تی پۆتین شیوه و ڕیكارێكی تری به‌خۆیه‌وه گرت به‌تایبه‌ت دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ڕووسیا. دیدی تاكگه‌رایی ئه‌مریكا و زیادبوونی هه‌ژموونی له سنوره‌كانی ڕووسیا و، به‌رپابوونی شۆڕشی ڕه‌نگی له وڵاتانی ئۆكرانیا، جۆرجیا و قیرقیزستان گرنگترین هۆكاری گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت بوو، ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام بوو تا كۆتایهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پۆتین له ساڵی (2008)(27).
ڕووسیا كه‌رتی وزه له‌پاڵ هێزه سه‌ربازییه‌كی و بوونی چه‌كی ئه‌تۆمی وه‌ك ئامرازێكی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه به‌كارده‌هێنێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی و فشارخستنه سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا له كاتی پێویستدا. له ئێستادا ڕووسیا دووه‌مین وڵاتی هه‌نارده‌كه‌ری گازه له جیهاندا كه گه‌وره‌ترین بازاڕی ئه‌م وزه‌یه وڵاتانی ئه‌وروپایه. لاتیڤیا، سلۆڤاكیا، فینله‌ندا و ئیستۆنیا (100%) پشت به گازی ڕووسیا ده‌به‌ستن. چیك، بولگاریا و لیتوانیا (80%) و، یۆنان و نه‌مسا و هه‌نگاریا (60%) و، نیوه‌ی گازی ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن ڕووسیاوه دابین ده‌كرێت. ئه‌و پشتبه‌ستنه وزه‌ییه‌یی ئه‌وروپا به ڕووسیا وایكردووه كه كه‌مترین هه‌ڵبژارده‌یان له‌به‌رده‌ستدا بێت بۆ دژایه‌تیكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ڕووسیا له ناوچه جیاجیاكانی وه‌ك ئاسیایی ناوه‌ندی، قه‌وقاز و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا(28). پێویستییه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا به گازی سروشتی ئه‌و وڵاته وایكردووه كه هه‌ندێ چاوپۆشی بكه‌ن له ده‌ستێوه‌ردان و فراوانخوازییه‌كانی ڕووسیا له وڵاتانی جێ هه‌ژموونی دێرينه‌یی. ڕووسیا كه‌رتی وزه وه‌ك كارتێكی فشار به‌كارده‌هێنێت بۆ هه‌رچی زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له ناوچه‌ی ئۆراسیا و، دروستكردنی به‌به‌ست له‌به‌رده‌م كشانی ناتۆ بۆ ناوچه‌كه.
له ئێستادا وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی به‌ردینه‌وه پێویسته‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ گاز پڕبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش له ئاینده‌دا كارتی فشاری ڕووسیا له ئه‌وروپا ده‌توانێت به ڕاده‌یه‌كی زۆر لاواز بكات. به‌رپرسانی ڕووسیا هه‌ست به‌م مه‌ترسییه ده‌كه‌ن و له هه‌وڵی دوزینه‌وه‌ی بازاڕی نوێدان بۆ ئه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌یان به هه‌میشه‌یی به‌هێز بمێنێته‌وه، له‌م پێناوه‌شدا له هه‌وڵی ڕاكێشانی بۆری گازین بۆ باشوری ڕۆژهه‌ڵات و زیادكردنی بڕی فرۆشتنی گاز به چین. وڵاتی چین له ئێستادا وه‌ك كڕیارێكی جێگره‌وه‌ی ئه‌وروپا ته‌ماشا ده‌كرێت. به‌پێی گرێبه‌ستێكی نێوان هه‌ردوو وڵات كه بۆ ماوه‌ی (30) ساڵ واژۆ كراوه، له ساڵی (2018)ه‌وه ڕووسیا ساڵانه بڕی (38) ملیار سێجا گاز ڕه‌وانه‌ی چین ده‌كات(29).
ئه‌گه‌رچی هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دیمیتری مه‌دۆدڤ (2008 – 2012) له ڕووسیا و باراك ئۆباما (2009_2016) له ئه‌مریكا بووه هۆكاری لێكنزیكبوونه‌وه و دروست بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا، به‌ڵام خۆكاندیدكردن و هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پۆتین له ساڵی (2012) جارێكی‌تر گرژی و ئاڵۆزی خستنه نێو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌وه. هه‌ر له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژدنی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیادا (2012) پۆتین ئه‌مریكای به ده‌ستیوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی و وروژاندنی هه‌ستی ناره‌زایی خه‌ڵكی تۆمه‌تباركرد، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای دروستبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته بوو. گرتنه‌وه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پۆتین كاریگه‌ری دیاری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به‌دوای خۆی هێنا. ناكامی سیاسه‌تی هاوكاریكردنی ڕۆژئاوا به گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت و، نه‌بوونی ده‌ستكه‌وتی ئابووری و سیاسی دوای جه‌نگی لیبیا به‌رپرسانی ڕووسیایی دووچاری دۆخی نائومێدی له هاریكاری ڕۆژئاوا كردبوو. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆتین ڕووسیا جارێكی سیاسه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا گرته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت له قه‌یرانی سوریادا. پۆتین و سێرگی لاڤرۆڤ (وه‌زیری ده‌ره‌وه) چه‌ندین جار ئاماژه‌یان به ئه‌زموونی ناخۆشی لیبیا كردووه، كه نابێت ئه‌و دۆخه له سوریا دووباره ببێته‌وه، بۆیه دژ به هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كیین كه بۆ گۆرێنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له سوریادا بگیرێته‌به‌ر(30). به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌لكێشانی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات، جێگیركردنی قه‌ڵغانی به‌رگری موشه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، كۆنترۆڵی چه‌كداری، كێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و قه‌یرانی سوریا له گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه جێگه‌ی ناكۆكی و ئالؤزیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوان.
ده‌رئه‌نجام
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، كه گرنگترینیان كۆتایی هاتن به سیسته‌می دووجه‌مسه‌ری و له‌دایكبوونی سیسته‌مێكی تاكجه‌مسه‌ری ئه‌مریكی بوو. لاوازی فیدراسیۆنی ڕووسیا وه‌ك میراتگرێكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نوخبه‌یه‌كی سیاسی ڕۆژئاواگه‌را له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری ڕووسیا له وڵاتانی ڕۆژئاوا و، هه‌وڵدان بۆ چاكسازی سیاسی به‌پێی پێوه‌ره دیموكراسییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هه‌نگاونان به‌ره‌و سیسته‌می ئابووری بازاڕی ئازاد، به‌ڵام قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری كێشه ناوخۆییه‌كان و لاوازبوونی پێگه‌ی ڕووسیا له گۆڕه‌پانی نێوده‌ڵه‌تییدا ڕه‌وتی نوخبه سیاسییه ڕۆژئاواگه‌راكانی لاوازكرد، كه له به‌رامبه‌ردا پێگه‌ی ئۆراسیاگه‌راكان له ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تدا به‌ره‌و به‌هێزبوون ده‌چوو. له دوای هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڤلادمێر پۆتین سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئه‌و وڵاته ڕه‌نگ و بۆیه‌كی جیاوازتری به‌خۆوه گرت، به‌تایبه‌ت پاش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ڕووسیا و تێوه‌گلانی ئه‌مریكا له قه‌یرانی ئه‌فغانستان و عێراق. پۆتین زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری و سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یدا ئه‌نجامدا، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر به‌هێزكردنه‌وه‌ی ڕووسیا و زیندووكردنه‌وه‌ی وه‌ك زلهێزێكی جیهانی كرده‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا كه وڵاتانی ڕۆژئاوا له ڕێگه‌ی ڕێكخراوی ناتۆوه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له هه‌وڵی زیاتر ده‌وره‌دانی ڕووسیا بوون. به‌شێوه‌یكی گشتی مه‌یلی فراوانخوازی پۆتین و په‌لهاوێشتنی ڕێكخراوی ناتۆ بۆ ناوچه‌كانی ژێر هه‌ژموونی ڕووسیا له پاڵ چه‌ندین كێشه و قه‌یرانی تری هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هۆكاری ئاڵۆزی و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تین.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌كان
-
علیرضا نوری و الهه كولائی، عملگرایی پوتین و تغییر در رویكردهای سیاست خارجی روسیه، فصلنامه سیاست، دوره (40)،شماره (2)، 1389 (2010)، ص210-211.
-
الهه كولایی، سیاست و حكومت در فدراسیون روسیه، وزارت امور خارجه، مركز اموزش و پژوهش های بین الملل،چاپ سوم، تهران، 1392 (2014)، ص90-91.
-
د. سید حسن میرفخرایی، روسیه و ناتو، پژوهشكده مطالعات راهبردی، چاپ دوم، 1395(2016)، ص106.
-
معصومه زارعی، سیات خارجی روسیه در قبال اتحادیه اوروپا در دوران پوتین، انتشارات كتاب اوا، تهران، 1391 (2012)، ص74.
-
همان مصدر، ص75.
-
حبیب اله ابوالحسن شیرازی، مطالعه تطبیقی سیاست خارجی روسیه در دوران پوتین و مدودف، فصلنامه مطالعات روابط بین الملل، سال نهم، شماره 33، سال 1395(2016)، ص15.
-
ئارام احمد وسو، الصراع الإستراتيجي في أسيا الوسطى بعد انتهاء الحرب الباردة، رسالة ماجستير (غيرمنشورة)، جامعة الزعيم الأزهري، السودان، 2016، ص 74.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص109.
-
معصومه زارعی، مصدر سابق، ص80-81.
-
فرشته نصراللهی، بازنگری در روابط روسیه و امریكا، فصلنامه تحقیقات سیاسی و بین المللی، شماره (9)، سال 1390 (2011)، ص263.
-
معصومه زارعی، مصدر سابق، ص61.
-
سید محمد طباطبایی و راضیه حضرتی، تاثیر حوادت 11 سپتامبر بر ارتقاء جایگاه روسیه در نظام بین الملل (2001-2010)، پژوهشنامه روابط بین الملل، دوره (7)، شماره (28)، سال 1393 (2014)، ص194.
-
د. سيد اسدالله اطهري و شعيب بهمن، روسيه و خاورميانه جديد، راهبردها و چالشها، پژوهشنامه روابط بين الملل، دوره (4)، شماره (17)، سال1390، ص 41.
-
سید محمد طباطبایی و راضیه حضرتی، مصدر سابق، ص186.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص133.
-
سید محمد طباطبایی و راضیه حضرتی، مصدر سابق، ص175-176.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص112-113.
-
همان مصدر، ص184.
-
تیم مارشال، زیندانییه‌كانی جوگرافیا، و: د. شیركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی شڤان، 2017، ل19.
-
رضا سیمبر و مهدی هدایتی شهیدانی، روندهای متحول در روابط روسیه و ایالات متحده امریكا (مذاكره و همكاری، رقابت و تعارض)، فصلنامه اسیای مركزی و قفقاز، شماره (81)، سال 1392 (2013)، ص68-69.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص149.
-
الهه كولایی، مصدر سابق، ص254.
-
مهدی امیری، ارزیابی راهنامه نظامی جدید روسیه، فصلنامه راهبردی دفاعی، سال هشتم، شماره 30، 1389 (2011)، 72-74.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص111.
-
حبیب اله ابوالحسن شیرازی، مصدر سابق، ص17.
-
د. سید حسن میرفخرایی، مصدر سابق، ص120.
-
رضا سیمبر و مهدی هدایتی شهیدانی، مصدر سابق، ص73.
-
تیم مارشال، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل40-41.
-
هه‌مان سه‌رچاوه، ل42-44.
-
رضا سیمبر و مهدی هدایتی شهیدانی، مصدر سابق، ص80-81.