ئاگوست ستراندبێرگ

دۆزەخ

Loading

ستریندبێرگ لە ساڵی ١٨٩٤دا لە ژنی دووەمی جیا دەبێتەوە و لە پاریس جێگیر دەبێت و دەیەوێت ئەم پایتەختە کولتوورییە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سەرەتا چەند زنجیرە گوتارێک بڵاودەکاتەوە و شانۆنامەکانیشی لەسەر شانۆ گەورەکانی پاریس نەمایش دەکرێن و گفتووگۆیەکی چڕ و بەربڵاو لە نێوەندە کولتووری و هونەرییەکدا دەخوڵقێنێت. بەڵام ستریندبێرگ لەگەڵ ئەم هەموو چالاکی و سەرکەوتنانەدا، ناتوانێت پاریس بخاتە ژێر دەسەڵاتی هونەری خۆیەوە. لەبری ئەوە تووشی ئاڵۆزییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و قەیرانێکی دینی قووڵ و گران دەبێت؛ ئەم ئاڵۆزییەیش لە پایزی ساڵی ١٨٩٤ ەوە دەست پێ دەکات و تا هاوینی ساڵی ١٨٩٧ بەردەوام دەبێت. دوای قووتاربوونیشی لەم تەنگەشەیە، رۆمانی دۆزەخ سەبارەت بەم قۆناخەی ژیانی، ڕاستەوخۆ بە زمانی فەڕەنسی دەنووسێت، ستریندبێرگ لە یاداشتەکانیدا سەبارەت بەم ڕۆمانە دەڵێت: “ژیانم کەوتە بارودۆخێکی گرانی ئەوتۆ، کە خۆم بە دۆزەخ ئاماژەم بۆ کردووە. لە ساڵی ١٨٩٧یشدا، بۆ دووپاتکردنەوەیەکی ئەو دۆزەخەی ژیانم رۆمانی (دۆزەخ)م نووسی، کە بووە خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان و گۆڕانکاری، لە سەرتاپای ژیانمدا.”
ستریندبێرگ دوای ئەم قەیرانە بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ سوێد و بە ئارامی و بەبێ کێشە لە شاری لوند دەژی، بەڵام هەستی دەکرد پارچەیەک لە ژیانی لە پاریس بەجێماوە. ئەو دۆزەخەی لە پاریس تووشی بوو، ئەو قەیرانە دینییەی بوونی ئەوی خستە ژێر گوشار و پرسیار و تاقیکردنەوەیەکی مەحاڵەوە، بووبووە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و نەدەکرا پشتی تێ بکات یان هەروا بە ئاسانی لە بیری خۆی بەرێتەوە. هەر لێرەوە نووسینی رۆمانی (دۆزەخ) دەبێتە واقیعێکی هەست پێ کراو و بڕیارێکی بێ پاشگەزبوونەوە و پڕۆژەیەکی گرینگی ئەزموونێکی تاڵ.
دۆزەخ زنجیرەیەکی ترە لە بیوگرافیای ژیانی خۆی: ستریندبێرگ لەسەر ستریندبێرگ دەنووسێت، بەڵام ئەم دووانە هەمان کەس نین، پاڵەوانی رۆمانەکە قوربانی دەستی ڕۆژگارە و نووسەرەکەیش حیکایەتخوانە. ستریندبێرگ لە دۆزەخدا باسی کەسایەتییەکی قوربانی دەکات، کە هێزە نادیارەکان ڕاوی دەنێن و لە گرژییەکی بێ سنووردا، لە دۆزەخی سەر زەمیندا دەژی. ئەم کەسایەتییەیش خودی خۆیەتی. ستریندبێرگی نووسەر، کە دۆزەخ دەنووسێت دەبێتە کەسی گێڕەوە، ئەزموونەکانی خۆی لە زەمەنێکی تردا دەگێڕێتەوە و هەروەها لە خۆی دەپێچێتەوە و هەوڵ ئەدات ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەی پاریس بە چاوێکی تر و لە دیدێکی ترەوە ببینێت. نووسەر بەم شێوەیە پێناسەی خۆی لە کەسی قوربانییەکەدا دەکات: “بە تاسە و تامەزرۆیی بەهەشتەوە لە دایک بووم، وەک منداڵێک بۆ قێزەوەنیی بوون گریام، هەستم دەکرد، لە نێو خزم و کەسوکار و لە کۆمەڵگەدا،بێگانەم. هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە بە دوای خودای خۆمدا گەڕام، بەڵام شەیتانم دۆزییەوە. من لە گەنجیمدا خاچی مەسیحم لە کۆڵ ناو حاشام لە خودایەک کرد، کە قایلمەندە بەوەی ببێتە کەڵەگای کۆیلەگەلێک، کە ماستاوچێتی بۆ جەللادەکانییان دەکەن.”
دۆزەخەکەی ستریندبێرگ گەشتی کەسێکی بێ ئارام، نیمچە شێت، خەمۆکێ، دابڕاو، نەخۆش، داماو و ماندووە بە نێو دۆزەخی سەر زەمیندا، کە ئەتمۆسفێر و چواردەورەکەی خۆی بۆ خۆی خوڵقاندووە. دۆزەخ وەک سەفەرێک وایە، کە ستریندبێرگ خۆی پێوە خەریک دەکات و بە گوشار و تەنگەژە و مەترسییەکانی ژیانیدا دەچێتەوە، کە مرۆڤ بە نێو خودی خۆیدا دەگەڕێت، هەموو جیهان لەگەڵ خۆیدا دەبات و هەموو شتەکان دەبنە چەمکێکی زیندوو، تەنانەت مردووەکانیش لە دۆزەخدا زیندوو دەبنەوە.
دەکرێت دۆزەخ وەک سەرگوزشتە و چیرۆکێک بخوێندرێتەوە، کە هیچ پاڵەوانێک لە خۆناگرێت؛ هەروەک سەرگوزشتەکان ئاژەڵ و باڵندەکان دەدوێن، ئاماژەکان دەبەخشرێن بە بەرد، قوچە ئاسنینەکەی سەر تاوەری کلێساکان دەداتە شەقەی باڵ. کارەکتەری دۆزەخ، هەروەک سەرگوزشتەکان کەسێکی پەرپووت و سواڵکەرە و هەروەها ڕابەرێکی سەرکەوتوویشە، کە بە ئەزموون و تەقەلاکانی لە بواری زانستە سروشتییەکاندا، دەبێتە کەسێکی نەمر. هەروەک خەونی منداڵێک، کە پاڵەوانی چیرۆکەکان کەسێکی بچووک و بەستەزمانە، بەڵام تاقانەیە و لە چەقی جیهاندایە.
ستریندبێرگ کەسایەتی قوربانییەکە بە حیکایەتخوانێکەوە، بە نووسەرەکە، کە خۆیەتی دەبەستێتەوە و هەر بۆ ئەم مەبەستەیش لە چەندین ڕەوش و ڕووداوی کتێبەکەیدا دەگەڕێتەوە سەر یادەوەرییەکانی خۆی، وەک خۆی لێرەدا سەرلەنوێ تۆمارییان دەکاتەوە و تێکەڵاوی ڕووداوەکان و سترکتوری رۆمانەکەیان دەکات، بەمەیش ئەو بەشانەی یاداشتەکانی دەبنە بەشێک لە سەفەری قوربانییەکە بۆ دۆزەخ. قوربانییەکە دەبێتە نووسەری ئەو کتێبانەی، کە ستریندبێرگ لە فەڕەنسا و لە قۆناخی دۆزەخدا نووسیونی.
ستریندبێرگ بەوپەری ورییاییەوە مامەڵە لەگەڵ کارەکتەری قوربانی و کەسی گێرەرەوە دەکات، کە دەشیان بەستێتەوە بە یەکترییەوە، ئەو دیدە بۆ خوێنەرەکانی ئاشکرا دەکات؛ کە کەسی قوربانی و کەسی گێرەرەوەی کتێبەکە، هەمان کەسە و ئەو کەسەیش ستریندبێرگ خۆیەتی. کەسایەتی قوربانی، ناوەوەی ستریندبێرگە، ئەو کەسەیە لە خۆی و نووسینەکانی و ژیانی خۆی، وەک نووسەرێک دابڕاوە، لە هەڵگەڕانەوەیەکی تەواوی بوونی خۆیدا دەژی و هەست بە ئازارێکی گەورەی رۆحی و ویژدان دەکات. ئەو واقیعەی ستریندبێرگ لە دۆزەخدا باسی دەکات، لە زەمەنێکی ڕەهادا بزر دەبێت. ئەو پاڵەوانەی لەم زەمەنە ڕەهایەدا دەسوڕێتەوە، دەبێتە هێماگەلێکی بەهێزی ڕەوشەکانی مرۆڤ. کە ژیانی قوربانییەکە، ڕۆژ بە ڕۆژ لەم دۆزەخە و لەم زەمەنە دوورمەودایەدا دەسوڕێتەوە، لە شوێنێکەوە دەچێت بۆ شوێنێکی تر: نەخۆشخانە، هوتێل، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، لە دەرەوەی شوێن و کاتەوە دەبێتە پاڵەوانێکی گەورە، نمایندەی هەموو مرۆڤایەتی و کەسێکی خاوەن پەیام.
ئەم پاڵەوانە بە سانایی دەتوانێت لە دەرەوەی کات و شوێنەوە بژی، لە بنەما بیوگرافیاکانی ستریندبێرگ دابماڵرێت و وێنەی ستریندبێرگێکی ترمان لە کات و شوێنێکی تردا بۆ بەرجەستە بکات. ئەم گەشتەی قوربانییەکە، گەشتی نهێنییەکانی ژیانە و پڕە لە پریشکەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، هەموو کەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەشێک، وێنەیەک، ڕەوشێکی لەم پڕیشکانە بەردەکەوێت و بەشێک لە ژیانی خۆی لەم پریشکانەدا دەدۆزێتەوە.
ستریندبێرگ دوای نووسینی ئەم ڕۆمانە، گۆڕانکارییەکی گەورە و دابڕانێکی بنەڕەتی بەسەر شێواز و فۆرمی نووسینەکانیدا دێت، لە شێوازە واقیعی و ناتورالیستییەکانەوە روودەکاتە سیمبولیزم و ئێسپرێشیونیزم و دەرگایەکی تر بە ڕووی شانۆ و ئەدەبی جیهانیدا دەکاتەوە.
ستریندبێرگ، کە لە هاوینی ساڵی ١٨٩٧یشدا لە نووسینی ئەم رۆمانە دەبێتەوە، یەکسەر دەینێرێت بۆ دەزگاکانی سوێد، وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی سوێدی و ئەڵمانی، چەندین دەزگای فەڕەنسی و ئەڵمانیش دەکەونەخۆ بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی (دۆزەخ).


سه‌رچاوه: http://www.danamarouf.com/