جیابوونه‌وه‌

Loading

ئه‌وه‌ پاسه‌که‌ هات، خوایه‌ ئه‌وی تیا نه‌بێت، که‌ ده‌یبینم دوو کیلۆ که‌م ده‌که‌م. بینینی ژنه‌ کۆنه‌که‌م بۆ زه‌عیفی باشه‌، که‌ به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ درۆکه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ به‌یانیت باش، ده‌ڵێی بزمارێکی ژه‌هراویی به‌سه‌ر دڵمدا ده‌چه‌قێنن.به‌ چه‌قۆ ده‌که‌ونه‌ گیانم و پله‌ پله‌ گۆشتم لێ ده‌که‌نه‌وه‌، چونکه‌ ده‌زانم درۆ ده‌کات. چه‌نده‌ها جار کاتی پاسم گۆڕیوه‌، که‌چی ده‌ڵێی جنۆکه‌یه‌، هه‌ر له‌وه‌دایه‌ که‌ من سه‌رده‌که‌وم، شوێنێکیشی لای خۆیه‌وه‌ بۆ گرتووم، هه‌ر له‌ گۆڕێک ده‌چێ بۆی حازرکردبم، گۆڕێک به‌م قات و بۆینباغه‌مه‌وه‌ بکه‌ومه‌ ناوی و نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌.منیش به‌ ده‌نگێک که‌ خه‌ڵکه‌ تامه‌زرۆکه‌ی ده‌ورمان گوێی لێ بێ، ده‌ڵێم ئۆی زۆر سوپاس. ئه‌و سه‌ر دێنێته‌ لامه‌وه‌و به‌ سووکیی ده‌ڵێ شایانی نییه‌ سه‌ر زل! ده‌زانم درۆ ده‌که‌ی. منیش ده‌ڵێم بێگومان ئازیزه‌که‌م! ئازیزه‌که‌ی ئێستا و جارانم.ئه‌ویش مۆڕه‌یه‌ک ده‌کا و ده‌ڵێ، که‌ ده‌ڵێی ئازیزه‌که‌م، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر دوو قاچم به‌ مشار له‌به‌ر چاومدا ببڕنه‌وه‌، ئینجا بیده‌نه‌وه‌ ده‌ستم و بڵێن بێزه‌حمه‌ت ئه‌مانه‌ ناشێ هی تۆ بن، ئازیزه‌که‌م! که‌ وا ده‌ڵێی وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر بۆ خۆشیی مه‌نجه‌ڵێ ئاوی کوڵاتوو به‌سه‌رو چاومدا بکه‌ن و ڕاکه‌ن و دوایش به‌ گوڵێکه‌وه‌ بێنه‌وه‌و داوای لێبووردن بکه‌ن، منیش زوو زوو ده‌ڵێم ئازیزه‌که‌م! دڵه‌که‌م! دڵه‌که‌م ! ئازیزه‌که‌م! ئه‌ویش ده‌ڵێ ده‌باشه‌ ئێستا هاوار ده‌که‌م و حه‌یات ده‌به‌م، منیش ده‌ڵێم نا به‌سه‌ با خه‌ڵک گوێی لێمان نه‌بێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ بۆچی؟ ناته‌وێ منداڵه‌کان خه‌به‌ریان بێته‌وه‌، ده‌زانێ به‌و قسه‌یه‌ ته‌واو ده‌مپێکێ و له‌ هه‌موو پیاوه‌تییه‌کم ده‌خات، وه‌ک زه‌رفێکی نایلۆنی به‌تاڵ چرچم ده‌کات و ده‌مخاته‌ گیرفانییه‌وه‌.چه‌نده‌ها جار هه‌وڵماندا منداڵ دروست بکه‌ین، به‌ڵام وه‌ک دوایی ده‌رکه‌وت هه‌ڵه‌که‌ هی من بوو.ئه‌ویش هه‌میشه‌ ده‌یوت :عه‌سکه‌ره‌ وردیله‌کانی تۆ له‌و ژێره‌وه‌ باش شه‌ڕ ناکه‌ن، ئه‌م وڵاته‌ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌ی بینیووه‌، که‌چی سه‌ربازه‌کانی تۆ هێنده‌ خامۆش و خه‌واڵوون نه‌بێته‌وه‌. وا ته‌ریقی ده‌کردمه‌وه‌، هه‌ر ته‌واو فشی ده‌کردمه‌وه‌، تا مانگێک نزیکی نه‌ده‌که‌وتمه‌وه‌، ده‌یوت: هی تۆ هێنده‌ بچووکه‌ منداڵی پێ دروست ناکرێت، له‌جێگادا هه‌میشه‌ ده‌بێ به‌میکرۆسکۆپێکه‌وه‌ به‌ دوایدا بگه‌ڕێم،ئه‌وه‌تا له‌ویایه‌، ئه‌یه‌ڕۆ.. خۆ هه‌یه‌تی.منیش تووڕه‌ ده‌بووم و ده‌چوومه‌ ئه‌ولاوه‌،

ده‌موت ئیتر قه‌ت نایه‌م به‌ لاتا. ئه‌ویش ده‌یووت، ماڵت ئاوا بێ، دوو ته‌کان ده‌ده‌یت و ته‌واو، منداڵ وا دروست ناکرێت، تۆپ تۆپێن بوایه‌ ده‌مێک بوو ته‌بدیلیان کردبووی.ئیدی به‌و قسانه‌ وا تووڕه‌م ده‌کات، هاوسه‌نگیم تێک ده‌دات و له‌ مرۆڤیی خۆم ده‌که‌وم. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م قسانه‌ش بوو خانووه‌که‌م له‌سه‌ر تاپۆ کرد تا وا نه‌ڵێ، ئیمزام لێ وه‌رگرت که‌ له‌ ژیانیدا قسه‌ی وا نه‌کات و وا به‌ سه‌ختیی بریندارم نه‌کا. بۆ نه‌گبه‌تیی، به‌م پاسه‌، هه‌موو ڕۆژێ ده‌چم بۆ ئیش، ئه‌م پاسه‌ی ئه‌وی تیایه‌و ئه‌ویش ده‌چێ بۆ ئیش و دایره‌که‌ی ته‌نیشت دایره‌که‌ی منه‌، له‌ هه‌فته‌یه‌کیشدا سێ چوار جار هه‌مان پاس ده‌بێته‌ چاره‌نووسمان. ماوه‌یه‌ک خۆم نه‌خۆش خست هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاسه‌که‌دا ئه‌و نه‌بینم، له‌ خه‌ونمدا ده‌مبینی، حه‌شرێکی پێ ده‌کردم نه‌بێته‌وه‌، جا چونکه‌ له‌ خه‌ونمدا هیچ ئیمزایه‌کی نه‌کردبوو، چیم حه‌ز پێ نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌وت. که‌ خه‌به‌ریشم ده‌بووه‌وه‌ له‌ ماندووێتیی و ته‌ریقیدا هێنده‌ ئاره‌قم ده‌کرده‌وه‌، به‌ پاس بچوومایه‌ بۆ کار و ئه‌وم بدیبایه‌ سه‌د جار باشتر بوو.

بابلۆ بیکاسۆ ؛ ئەکتی ژن و پیاوێک
بابلۆ بیکاسۆ ؛ ئەکتی ژن و پیاوێک

ده‌ی خوایه‌ پاسه‌که‌ نه‌وه‌ستێ، ده‌ی خوایه‌ ئه‌وه‌ مێرده‌ قژلووله‌ ناشرینه‌ قات له‌به‌ره‌که‌م نه‌بێ له‌ویا وه‌ستابێت. هه‌موو ڕۆژێ لێره‌دا ده‌وه‌ستێ، ده‌ڵێی سیحربازه‌، ده‌زانێ چ ئامانه‌یه‌ک منی تیام و منی تیانیم.مه‌جبووری کردووم شوێنێکیشی لای خۆمه‌وه‌ بۆ بگرم.ده‌ڵێ له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵکی، با وا نه‌زانن به‌ینمان ناخۆشه‌.چونکه‌ ئێمه‌ وه‌ک ژن و مێردێک له‌ شاردا زۆر ناسراوین، هه‌موو وه‌ک ژن و مێردێکی مۆدێرن سه‌یرمان ده‌که‌ن که‌ جیابووینه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ وشه‌ی سێ به‌ سێ ته‌لاق و شتی وای تیا نه‌بوو، جیابوونه‌وه‌یه‌کی زۆر شارستانیی بوو. دیاریی نایاب و گرانبه‌هامان له‌ زۆر یانه‌و کۆمه‌ڵه‌وه‌ پێگه‌یشت، ئه‌و یانه‌و کۆمه‌ڵه‌ مۆدێرنانه‌ی که‌ له‌ دوای ساڵی دووهه‌زاره‌وه‌ له‌م لاو له‌ولا دروست ده‌بوون و به‌ شه‌رمێکه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵده‌دا و له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ و تووندوتیژی دژ به‌ ژنان جار به‌ جار سیمینارو کۆڕیان ده‌گێڕا.له‌ چه‌ند پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤیزیۆنیی وه‌ک پیاو و ژنێکی نموونه‌یی باس ده‌کراین، ژن و پیاوێک که‌ به‌ داخه‌وه‌ نه‌یانتوانی پێکه‌وه‌ هه‌ڵکه‌ن. خۆیان جیانه‌بوونه‌وه‌، به‌ڵکو ژیانی دڵره‌ق جیای کردنه‌وه‌ و بێ کاتیی و ته‌کنۆلۆژیای تازه‌ که‌وته‌ به‌ینیانه‌وه‌.به‌ڵام که‌ جیابوونه‌وه‌،جوانترین جیابوونه‌وه‌ بووه‌ کورد به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێت. به‌ بێ شه‌ڕ، به‌ بێ ده‌رکردن، بێ کتێب دڕاندن و شت شکاندن، بێ جنێوی ناشرین. بێ تاوانبارکردنی خزم. به‌ شێوه‌یه‌ک باس ده‌کراین که‌ له‌کاتی جیابوونه‌وه‌که‌دا من وتومه‌ ئه‌مه‌ بۆ تۆ به‌رێز، نا خانمی نازدار، من حه‌دم نییه‌ شت هه‌ڵبگرم، هه‌موو ماڵه‌که‌ بۆ تۆ، من خاوه‌نی هیچ نیم. چی هه‌ڵده‌گری هه‌ڵگره‌و خه‌ره‌که‌شکاوێک بده‌ به‌ من و ڕازیم. خه‌ڵکی حه‌په‌ساو و ده‌م داچه‌قیوو، ده‌هاتنه‌ سه‌یرمان، ده‌یانوت، حه‌سوودیتان پێ ده‌به‌ین، به‌ینی ئێوه‌ له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ خۆشتره‌ وه‌ک به‌ینی ئێمه‌ وه‌ک ژن و مێرد، تکایان ده‌کرد و ده‌یانووت، ئه‌و سیحره‌مان پێ بڵێن، چۆن ئێستاش به‌ینتان وا خۆشه‌،،ده‌گریان و شیوه‌نیان ده‌کرد، به‌ڵام که‌سیان نه‌یانده‌زانی که‌ ئه‌مه‌ ڕێکه‌وتنێکی نهێنی به‌ینی هه‌ردووکمان بوو . باش بوو منداڵیشمان نه‌بوو، باش بوو ئه‌وه‌شیان هه‌ڵه‌ی من نه‌بوو، ئای خوایه‌ خزمه‌کانی چ به‌زمێکیان پێ کردم، سه‌ریان ده‌کرده‌ سه‌ر تا ژنم به‌سه‌ردا بێنێ، پێیان ده‌وت ژنێ نه‌توانێ منداڵ بدات به‌ مێرده‌که‌ی، قه‌ت ناتوانێ خۆشه‌ویستیی باتێ، قه‌ت ناتوانێ دڵی باتێ، نانێکی به‌له‌زه‌تی باتێ، ڕوویه‌کی خۆش و ماچێکی گه‌رمیی باتێ.به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌زار شه‌ڕمان ده‌بوو، تا زانیمان که‌ هه‌ڵه‌که‌ هی من نییه‌و هی ئه‌وه‌، ئیدی سه‌ره‌ی خزمه‌کانی من بوو تا وایان لێ کردین جیابینه‌وه‌، ئه‌و ئێواره‌یه‌ی که‌ جیابووینه‌وه‌، ئه‌و تازه‌ له‌ کۆنفرانسێکی گه‌وره‌ که‌ دژ به‌ تووند و تیژی ژنان به‌شداری کردبوو هاتبۆوه‌، ده‌یووت تۆ چیم له‌گه‌ڵ ده‌که‌ی، من تازه‌ سێ چاوپێکه‌وتنم کردووه، له‌ هه‌رسێکیاندا وتوومه‌ مێرد ساحێبی ماڵ و منداڵ نییه‌، هه‌مووی هی ژنه‌، که‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌بێ هه‌مووی بات به‌ ژنه‌که‌، له‌ یه‌کێکیاندا وتوومه‌ گه‌ر ژن نه‌بێ پیاو سه‌گ ده‌یخوات، له‌مه‌ی دوایدا وتوومه‌ که‌ پیاو ده‌بێ هه‌موو مانگێک به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی منداڵ بڕێک پاره‌ی باش بۆ دایکی منداڵه‌کانی ببڕیته‌وه‌ و ده‌بێ میری خۆی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ مێرد ببڕێت و بیداته‌ ژن، تۆ حه‌یام ده‌به‌ی حه‌یا، ده‌موت نا، تۆ حه‌یات ناچێ، ئێوه‌ی پیاو له‌ ماڵه‌وه‌ دیکتاتۆر و له‌ده‌ره‌وه‌ش له‌سه‌ر ژن و منداڵ ده‌که‌نه‌وه‌،ئه‌مه‌ ژن و مێردایه‌تیی نییه‌، تۆ وه‌ک هه‌موو شته‌کانی ماڵه‌که‌، منیشت کردووه‌ به‌ موڵکی خۆت، له‌ هه‌موو شتێکی مندا خۆت هه‌ڵده‌قورتێنیت، ده‌بێ به‌ گوێره‌ی تۆ جل له‌به‌ر بکه‌م، نیو سه‌عات سه‌یرم ده‌که‌یت نه‌ک ته‌نووره‌که‌م نیو سانتیمه‌تری که‌متر بێ له‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێ، ده‌بێ به‌ دڵی تۆ نان بخۆم، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ته‌له‌فۆن بده‌مه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم له‌گه‌ڵ کێ قسه‌ ده‌که‌م، مه‌عاشی مانگانه‌م بکه‌مه‌ ده‌سته‌وه‌، ئه‌مه‌ که‌ی ژیانه‌. ئه‌و هاواری ده‌کرد و ده‌یوت، فێمینیسته‌کانی هاوڕێت له‌ ئیش مێشکیان تێک داوی، هه‌موو ڕۆژێک وه‌ک میزه‌ڵان له‌ من پڕت ده‌که‌ن و ده‌تنێرنه‌وه‌، جیاده‌بینه‌وه‌، ته‌واو جیاده‌بینه‌وه‌‌، من ده‌موت، ئینجا هه‌زار جار، دوای من چی ده‌که‌ی، هیوادارم سه‌گ نه‌تخوا، ده‌یوت، نا مه‌ترسه‌، دوای تۆ که‌سێک هه‌ر ده‌بێ به‌ ڕاستی خۆشی بوێم، منیش ده‌موت، به‌م گونه‌ بچکۆله‌ته‌وه‌ بڕوا ناکه‌م که‌س کچ بات به‌ تۆ، ئه‌ویش ده‌یوت، نا خه‌مت نه‌بێ ، هه‌چ باوکێک که‌ به‌ ڕاستیی کچی خۆی خۆش بوێ ده‌یدا به‌ من، ئیتر ئه‌وه‌ بوو جیابووینه‌وه‌.

ئه‌وه‌ پاسه‌که‌ وه‌ستا، ده‌ی به‌شکوم ئه‌مڕۆ خوا یار بێ و ژنه‌ کۆنه‌که‌م نه‌خۆش بێ و سواری پاس نه‌بووبێ، ئه‌ویشی تیا نه‌بێ، خه‌ڵک وا سه‌یرم ده‌که‌ن، له‌ چاویاندا به‌ هه‌زاره‌ها پرسیار ده‌خوێنمه‌وه‌، تا ده‌گه‌مه‌ ئیش، ده‌بێ من هه‌ر چه‌نه‌م بێت و وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌، سێ مانگیش زیاتره‌ پاره‌ی پاسم نه‌داوه‌، هه‌ر خه‌ڵک بۆم ده‌ده‌ن، هه‌ر سه‌رده‌که‌وم، ده‌ڵێن پاره‌که‌ی دراوه‌. ئێوه‌ چۆن دڵتان هات جیاببنه‌وه‌؟ چی بکه‌ین نه‌گبه‌تیی بوو، ئه‌ی بۆ ناچنه‌وه‌ لای یه‌ک؟ نا،، بڕوا ناکه‌م.باش بوو منداڵتان نه‌بوو،،جیابوونه‌وه‌ به‌ منداڵه‌وه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشتره‌. نا ئه‌وان نازانن، منداڵمان هه‌بوایه‌ باشتر بوو.، هیچ نه‌بوایه‌ مه‌جبوور نه‌ده‌بووم خانووه‌که‌ له‌سه‌ر مادام تاپۆ بکه‌م، ئه‌وسا بۆ منداڵه‌کانم ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌ونه‌کانمدا چوار _ پێنجێکم هه‌بوو. من له‌ خه‌ونه‌کانمدا باشترین باوکی دونیا بووم، که‌ خه‌به‌ریشم ده‌بووه‌وه‌، خراپترین و ناشرینترین و دڵره‌قترین مێردی دونیا بووم لای ژنه‌که‌م. ئای خوایه‌ خزمه‌کانی چیان پێ کردم کاتێ زانیان که‌ منداڵنه‌بوونه‌که‌ خه‌تای منه‌، به‌ ئاشکرا پێیان ده‌وت دامه‌نیشه‌ به‌ دیارییه‌وه‌، ئه‌وه‌ خه‌تای منی تیا نییه‌، نه‌خۆشییه‌که‌و تووشی من بووه‌، ئێوه‌ حه‌قتان چییه‌ به‌سه‌ره‌وه‌؟ ده‌یانووت نا، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ شتی تره‌وه‌ هه‌یه‌، پیاو نه‌توانێ منداڵێک بدات به‌ ژنه‌که‌ی، هه‌موو که‌نزی دونیای پێ بدات، نرخی نییه‌، هه‌ر باش بوو جیابووینه‌وه‌، باش بوو.

به‌ چل پێغه‌مبه‌ر، چل هه‌زار ده‌که‌م به‌ خێر و ئه‌وه‌ مێرده کۆنه‌که‌م نه‌بێ چاوه‌ڕیی ئه‌م پاسه‌ بکات. ئه‌مڕۆ تاقه‌تی چه‌نه‌ چه‌نم نییه‌، بۆ نه‌گبه‌تی ئه‌ویشی تیا نه‌بێ، پاره‌م بۆ دراوه‌و خه‌ڵک بێ پرسیار نه‌یه‌ڵن دانیشم، چۆن دڵت هات له‌و مێرده‌ قۆزه‌ت جیابیته‌وه‌؟ خوشه‌ویستیی له‌ نێوانماندا نه‌مابوو، جا ئه‌وه‌ جیابوونه‌وه‌ی بۆ چییه‌، خۆ ئێمه‌ش که‌سمان نه‌مانبینیووه‌، خۆشه‌ویستیی هه‌ر له‌ کتێبدا هه‌یه‌، منیش ده‌موت، ئاخر موشکیله‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ من کتێب زۆر ده‌خوێنمه‌وه‌ و زۆرم پێویست پێیه‌تی.پێکه‌نینیان پێم ده‌هات. ئه‌ی به‌ ته‌نیا له‌ ماڵێکی گه‌وره‌دا چۆن ده‌ژیت؟ بێتاقه‌ت نیت؟ شوو ناکه‌یته‌وه‌؟ جارێ نازانم ، ڕه‌نگه‌ ماڵه‌که‌م بفرۆشم و بچم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و که‌مێک بۆ خۆم دونیا ببینم، با بزانم چۆن ده‌بێ.

من کوڕێکم، که‌م که‌م ده‌ستم کردووه‌ به‌ نووسین وپێم خۆشه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ چیرۆکنووسێک، هه‌موو ڕۆژێ به‌م پاسه‌ ده‌چم بۆ ئیش، له‌ هه‌فته‌یه‌کدا سێ _ چوار جار ئه‌م ژن و پیاوه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ ده‌بینم، ئه‌م ژن و مێرده‌ی که‌ جیابوونه‌ته‌وه‌و هه‌موو شار ده‌یانناسێت.. من له‌سه‌ره‌تادا زۆر گرنگیم پێ نه‌دان و دانیشتنیان له‌ پاسه‌که‌داو له‌ نزیک منه‌وه‌ جێگای بایه‌خ نه‌بوو، به‌ڵام وه‌کو هه‌موو ئه‌وانی تر پێم خۆش بوو که‌ ئه‌م دووانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی جوان له‌یه‌ک جیابوونه‌ته‌وه‌و تا ئێستاش رێزێکی زۆری یه‌ک ده‌گرن، که‌ تا ئه‌م چرکه‌یه‌ش ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ شتێکی ده‌گمه‌نه‌، به‌ڵام ئه‌وان تا ئاستێکی زۆر ده‌یانوویست پێشانی بده‌ن که‌ دوو که‌سی پێرفێکتن و ئه‌وه‌ش که‌مێک شکی لا دروست کردم. تا ڕۆژێکیان که‌ ژنه‌که‌ دابه‌زی و له‌ جانتاکه‌یه‌وه‌ نامه‌یه‌ک که‌وته‌ خواره‌وه‌و زوو هه‌ڵمگرته‌وه‌و هه‌وڵم دا بیده‌مه‌وه‌، ئه‌و خێراتر دابه‌زی و فریای نه‌که‌وتم.سه‌یرێکی ئه‌م لاو ئه‌ولام کرد وکه‌ زانیم که‌س سه‌یرم ناکات به‌ دزییه‌وه‌ سه‌یرێکی ناو زه‌رفه‌که‌م کرد و بینیم که‌ چه‌ند نامه‌یه‌که‌ له‌ناو زه‌رفێکدا، تا ئێواره‌ شه‌ڕێکی زۆرم بوو له‌گه‌ڵ خۆمدا که‌ سه‌یری نامه‌کان نه‌که‌م و نه‌یانخوێنمه‌وه‌ و هه‌ر زوو بۆ به‌یانی بیده‌مه‌وه‌ به‌ ژنه‌که‌، به‌ڵام له‌خۆم پرسی کێ باوه‌ڕ به‌ تۆ ده‌کات که‌ نامه‌کانت وه‌ک خۆی داوه‌ته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیانخوێنیته‌وه‌، به‌ خۆم وت، بڕوا بکه‌ که‌س. تا سه‌عاتێک پێش نووستن خۆم گرت، زه‌رفه‌که‌م له‌ به‌ر ده‌ممدا دانابوو، سه‌یرم ده‌کرد، وشه‌ی دڵه‌که‌م بینی، وتم با بزانم ئه‌م دڵه‌ چییه‌، به‌س دڵه‌که‌و هیچی تر.،ئیتر هه‌ر ئه‌و دڵه‌ بوو، که‌ دوای که‌وتم، هه‌موو گرێکانی بۆ کردمه‌وه‌. کۆمه‌ڵێک نامه‌ به چه‌ند به‌روارێکی جیاوازه‌وه‌، له‌ کوڕێکه‌وه‌ له‌ وڵاتی که‌نه‌داوه‌، به‌ ده‌ستیی بۆ ئه‌م ژنه‌ی ناردووه‌ که‌ جیابۆته‌وه، له‌نامه‌یه‌کدا بۆی نووسیووه‌، کچێ زوو، چاوه‌ڕێت ده‌که‌م، من بێ تۆ هه‌ڵناکه‌م، له‌ شوێنی تر نووسیوێتی، وه‌ک به‌ ته‌له‌فۆن پێم وتی، به‌ ئاسانی ده‌توانی خانووه‌که‌ی له‌ ده‌ست ده‌ربێنی، هه‌ر باسی گوونی بکه‌ ئیتر ئاگر ده‌گرێت، ئه‌و خۆی له‌گه‌ڵ مندا بوو له‌ سه‌ره‌تایدا، من باشی ده‌ناسم،،ئه‌حه‌ بێ گوونمان پێ ده‌وت، قه‌ت نه‌ده‌چوو بۆ میز کردن، چونکه‌ گاڵته‌مان به‌ گوونی ده‌کرد، هه‌ر که‌ وامان پێ ده‌وت، هه‌رچی له‌ گیرفانیدا هه‌بوو، ده‌یداینێ.پاره‌، مه‌ساسه‌، لاستیک، ناوکه‌کووله‌که‌. ئێستا گه‌وره‌ بووه‌، ناوکه‌کووله‌که‌و لاستیکی له‌گیرفاندا نییه‌، گه‌ر وتی وام پێ مه‌ڵێ، چیت ده‌وێ ده‌تده‌مێ، بڵێ باشه‌ خانووه‌که‌م به‌رێ. له‌ نامه‌یه‌کی تردا کوڕه‌ نووسیوێتی، پیرۆزت بێ بۆ خانووه‌که‌، پێم نه‌وتی، ماوه‌یه‌کی تر بیفرۆشه‌و وه‌ره‌ بۆ ئێره‌ بۆ لام، له‌ شوێنێکی تر ده‌ڵێ، باشه‌ دێمه‌وه‌و به‌ زووترین کات زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ین، به‌ڵام پاره‌م نییه‌، پاره‌ی خانووه‌که‌ هه‌ڵگره‌و خه‌رجی مه‌که‌.سه‌فه‌ر گرانه‌. من نامه‌ دوای نامه‌م ده‌کرده‌وه‌و موچڕکم پیا ده‌هات.‌‌نووسیبووی، دڵه‌که‌م! به‌سه‌ ئه‌و شیعرانه‌، تۆ له‌و دووره‌وه‌ ئاگرت تێ به‌رداوم ، من غوربه‌تیی له‌قه‌م لێ ده‌داو وشه‌کانی تۆش دڵمیان کردووه‌ به‌ پشکۆ. من خه‌ڵووزێک له‌ سینه‌مدایه‌، (به‌س باوه‌شێنی که‌ به‌ناز). ده‌ڵێ. کچی گه‌ڕه‌کی خۆمان، من هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌مزانی من و تۆ بۆ یه‌ک ده‌بین، بۆ شووت به‌و سه‌ر زله‌ گوون چکۆله‌یه‌ کرد.له‌ نامه‌یه‌کی تردا ده‌نووسێ، به‌ڵێ ڕاست ده‌که‌ی، من که‌مێک ده‌مزانی که‌ ئه‌حه‌ پیاوێکی دووڕووه‌، ئه‌و ده‌مامکه‌ی ده‌موچاوی ڕۆژێ دێ بکه‌وێت و سیمای ڕاسته‌قینه‌ی ئاشکرا بێ، ئه‌وه‌ی تۆ نووسیوته‌ ڕاسته‌، ئه‌و ده‌مێکه‌ حه‌زی له‌و کچه‌ کردووه‌، کچی به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی که‌ ئه‌م کۆڕ و سیمیناره‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌کانه‌ی بۆ ده‌گرێت، ئه‌و پیاوه‌ی که‌ پاره‌یه‌کی زۆری له‌ کۆنتۆیه‌کی ئه‌وروپییه‌وه‌ به‌ ناوی به‌رگریکردن له‌ ژن و منداڵی کورده‌وه‌ بۆ دێت.، کچێکی هه‌یه‌ که‌ ده‌مێکه‌ له‌ مێرده‌که‌ی جیابۆته‌وه‌و به‌ دوو منداڵه‌وه‌ بۆ ئه‌حه‌ی داناوه‌.ڕاست ده‌که‌ی، ئه‌و ده‌یه‌وێ ئه‌حه‌ کچه‌که‌ی بێنێ و له‌ داهاتوودا جێگه‌ی ئه‌م بگرێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و هه‌موو بیانووه‌ی به‌ تۆ ده‌گرت، هه‌تا زیاتر نامه‌کانم هه‌ڵده‌دایه‌وه‌، زیاتر خۆم له‌ناو ته‌ونێکدا ده‌بینییه‌وه‌، ته‌ونێکی ژه‌هراویی که‌ ئه‌م ژن و پیاوه‌ مۆدێرنه‌یان به‌ستۆته‌وه‌ به‌شاره‌که‌ی ئێمه‌وه‌.خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامانه‌ هه‌فته‌یه‌کی ته‌واو منیان له‌ جێگادا خست و له‌رز و تایه‌ک گرتمی، که‌ به‌ هیچ حه‌ب و ده‌رمانێک چاره‌سه‌ر نه‌ده‌کرا. ئه‌وا ئێستا که‌مێک باشترم، قاپێک شۆربام له‌به‌رده‌مدایه‌و له‌ولاشه‌وه‌ نامه‌کان له‌ناو زه‌رفه‌که‌دان.که‌وچک به‌ که‌وچک شۆربا ده‌خۆم و خه‌یاڵم وه‌ک پووش ئاگری گرتووه‌و بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ چی له‌و نامانه‌ بکه‌م. دوو موراڵ ده‌مهێنێ و ده‌مبا، له‌ نێوانیاندا وه‌ک جۆلانه دێم و ده‌چم و تیاماوم.‌ نازانم چی بکه‌م؟ موراڵێکیان پێم ده‌ڵێ که‌ من ده‌بێ باسی ئه‌و ناشرینیانه‌ بکه‌م و مافی خۆمه‌ بێده‌نگ نه‌بم و هه‌موو ئه‌م نامانه‌ بڵاوبکه‌مه‌وه‌، چونکه‌ که‌س ئه‌و نامانه‌ی نه‌دۆزییه‌وه‌ من نه‌بێ، من له‌و چرکه‌یه‌دا، له‌و شوێنه‌دا ئه‌و نامانه‌م دۆزییه‌وه‌و بڕوا ناکه‌م ئه‌مه‌ ڕێکه‌وت بێت، به‌ڵکو ته‌نها من ده‌بوو بیاندۆزمه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێ من باسیان بکه‌م و بڵاویان بکه‌مه‌وه‌. موراڵێکی تریش به‌لای خۆیدا ڕامده‌کێشێ و پێم ده‌ڵێ که‌ من مافی ئه‌وه‌م نییه‌ به‌و قووڵییه‌ ده‌ست بخه‌مه‌ ژیانی که‌سانی تره‌وه‌، بچمه‌‌ ناویانه‌وه‌و ده‌ستکاری دواڕۆژیان بکه‌م و نامه‌ی تایبه‌تییان ئاشکرا بکه‌م که‌ دوورو نزیک په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌. من ده‌بوایه‌ ئه‌و نامانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌خوێنمه‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بوایه‌ من ئه‌و زه‌رفه‌م هه‌ڵنه‌گرتایه‌ته‌وه، وه‌ک هه‌ڵمگرته‌وه‌، ده‌بوایه‌ هه‌موو هه‌وڵێکم بدایه‌ بیده‌مه‌وه‌، دونیام تێک دایه‌و پاسه‌که‌م بوه‌ستانایه‌و دابه‌زیمایه‌و بمدایه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌شم نه‌کرد، هه‌ر ده‌بوایه‌ زه‌رفه‌که‌م ده‌ستکاری نه‌کردایه‌.ئێستا من تێکه‌وتووم و نازانم چی بکه‌م، نازانم؟

* لەگۆڤاری (کۆنسێپت)  بڵابۆتەوە