لەودیوو دیوارەکەوە چی دەگوزەرێت؟

Loading

ھەمیشە لە پشتەوەی دەنگدەرانەوە دەستێکی تر ھەیە. ھەر لەسەرەتای ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ بەرپرسانی ھەردوو پارتی  دەسەڵات ئامادە نەبوون بچنە پارلەمان یان پۆستێکی حکومی وەربگرن. ھەمیشە شتێک لەسەرەوە دەگوزەرێت کە ئەستەمە بە خەڵک ببینیرێت، ھەمیشە لەودیوی دیوارەکەوە سیناریۆیەک سازدەدرێت ناوەرۆکەکەی لەو شانۆگەریە ناچێت کە لەمدیوی دیوارەکەوە لەبەرچاو دەگوزەرێت.

یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی خاوەن دەسەڵاتن، پارتی میوانە، ئەوان ڕێکەوتنیان کرد و وتیان ھاوکێشەی سیاسی لە کوردستان دەگۆڕن، خەڵکیش دڵی خۆش بوو بەوەی ئەم پاشاگەردانیەی ناوچەکە کۆتایی پێ بێنن و لانی کەم سەرماییەی ناوچەکە کۆ بکەنەوە و بتوانن ئیدارەی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بدەن. ھەموویان چوونە لەندەن و گردەکە و وێنەیان لەگەڵ ڕێکخەری گشتی دەگرت و دەیانگووت؛ بە سکرتێری گشتی قبوڵمانە. گۆڕانخوازان دەچوون بۆ مەکتەبی سیاسی و ڕۆژوویان دەشکاند، ڕۆژنامەنوسانی ھەردوولا وا تێکەڵ بوون ئەستەم بوو جیایان بکەینەوە.
گۆڕان و یەکێتی کە ڕێکەوتنیان کرد و پێیانوابوو ھاوکێشەی سیاسی لە کوردستان دەگۆڕن، ئیتر نازانین بۆ کێشەی دانانی پارێزگاریان ھەیە؟ ئیتر کە ئەوان ڕێکەوتوون کە نزیکە ببنەوە بە یەک حزب ئیتر ئاسۆ بێت یا ھەڤاڵ چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟ برادەران خۆ ڕێکەوتنەکە گرنگترە لەپۆستی پارێزگار، ئەگەر ڕێکەوتنەکە بە نیەتێکی پاک کراوە و گرنگ لە جێبەجێکردنی خاڵەکانیایەتی، ئیتر وڕکگرتن بۆ ئاڵوگۆڕی پارێزگار چ بەھایەکی ھەیە؟

ناجی العلی ؛ توژەڵە سەیری دۆرو دەمەکان دەکات !
ناجی العلی ؛ توژەڵە سەیری دۆرو دەمەکان دەکات !

ئەوەی پێی وایە بەھاتنی ھەڤاڵ  ئه‌بوبه‌كر بەھەشت دێت بۆ سلێمانی، دەبێت ھەتا ماوە له‌تاریكی خۆیه‌وه‌ خۆیەوە دانیشێت. ئەگەر تۆی دەنگدەر پێشت وایە تۆ دەنگت داوە بە ھەڤاڵ و مافی خۆیەتی ببێتە پارێزگار، ئەوا دەنگەکەت لە پارلەمانی کوردستانیش بەفیڕۆ ڕۆیشت و ئەوە ساڵێکە پارلەمان پەکی کەوتووە و تۆی دەنگداریش لە چاوەڕوانی و گوێگرتن لە مژدەی ھێزەکان کارێکی ترت نییە.
ئەگەڕ ئەم دوو ھێزە متمانەیان بە ڕێکەوتنەکەیە بۆ پێشتر کارئاسانیان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار نەکرد؟ ئەی کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دواخرا، ئەی بۆ کۆبوونەوە چارەنوسسازەکەی پارلەمانیان دوا نەخست تا دۆخی پارلەمان و حزبەکان بەم ڕۆژە نەگەیشتایە.
ئەگەر ڕێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی کاریگەری ھەبوایە، ئەوا پێشمەرگە دێرینەکان پەنایان بۆ بارزانی نەدەبرد، ئەگەر بیانتوانیایە شتێک بکەن مامۆستایان بۆ باشکردنی موچەکانیان لە پرسگەی سەرۆکایەتی ھەرێم ڕیزیان نەدەبەست.

ئەم دوو ھێزە چاوەڕێیی چی دەکەن؟ بۆ دەرچەی یاسایی دەگەڕێن؟ خۆ بارزانی سەرجەم جومگە شەرعیەکانی حکومەت و پارلەمانی پەک خستووە، بەم کردەیە گۆڕان و یەکێتی دان بەوەدا دەنێن کە بارزانی شەرعیەتی ھەیە و بۆ ڕێگەیەکی تر دەگەڕێن. ئەگینا ئەگەر ئومێدیان بە بارزانی نەماوە چی لەم وڵاتەدا بە یاسا بەڕێوی دەچێت تا ئاڵوگۆڕی پارێزگار پێویستی بە مەرسومی سەرۆکایەتی ھەرێم بێت؟

خەمەکە لێرەدایە، کێشەکە لەم بەتاڵیە سیاسیەیەدایە، خەمەکە ھەمیشە ئەوە بووە کە کۆبوونەوە و ڕێکەوتن و دانیشتنەکان ھیچی لێ شین نەبووە. زیاد لە ئەزمونێکمان لەبەرچاو بوو بۆیە ئەم مۆدێلە سیاسیە لە کوردستان تەواو بووە و ناتوانێت نەک وڵاتێک، نەک شارێک، بەڵکو متمانەی ئەوەیان پێ ناکرێت منداڵەکانی خۆشیان پەروەردە بکەن. ..

ته‌واو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌