تابلۆی ئەتلەسی خواوەند گۆی زەوی - گلۆب لەسەر شانەکانی وەک سزا لە کۆڵ دەنێت. تابلۆی هونرمەندی ئیتاڵی Guercino گوریچینۆ ١٦٤٦

مرۆڤ لە بەرامبەر تاریکیدا


Loading

مرۆڤ لە بەرامبەر تاریکیدا

نووسینی: واڵتەر ستەیس

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هیراد یاسین*

١

لەم دواییەدا، قەشە کاسۆلیکییەکانی ئەمریکا بەیاننامەیەکیان دەرکرد، کە تێیدا دەڵێن ئەو دۆخی دوودڵی و گێژاوەی کە ئەمڕۆ جیهانی مۆدیرن دەڕمێنێت، هۆکەی وازهێنانی مرۆیە لە ئیمان و ئایین و خودا. وەک خۆم، باوەڕم بە هیچ ئایینێک نییە، وەلێ بەتەواوی هاوڕای قەشەکانم؛ هەرچەندە دەربڕینە ڕووکەشییەکەیان کەم دێنێت لە ئاست دۆخێکی فرەڕەهەندی ئاڵۆز کە ئەمڕۆ جیهان تێی کەوتووە، بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە، پاش کەمێک ڕازیبوون بە ڕووکەشییەکەیان، قەشەکان ڕاست دەکەن.

 

 

ژان پۆل سارته‌ر – فه‌یله‌سوفی وجودی فه‌ڕه‌نسی
-21 June 1905 – 15 April 1980

ژان پۆڵ سارتەر (بوونگەرای فەڕەنسی) خۆی وەک مولحیدێک دەناسێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بیروڕاکانی هاوتەریبە دەگەڵ قسەی قەشەکان، چونکە دەڵێت: “تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان باوەڕیان بە بوونی خودایەکە لە ئاسمان، ئەوا دەتوانن وەک مەرجەعێکی ئەخلاقی بۆی بگەڕێنەوە؛ حوکمڕانیی خوایەکی باوکانەی بەسۆز لە بووندا، کردوویەتی بە لانەیەکی ئارام بۆ مرۆڤەکان؛ چۆن مرۆڤی ئیماندار دڵنیایە هەرچەندە هێزی خراپە زیاد بکات، ئەوا هەر دەبێت لە کۆتاییدا چاکە سەربکەوێت و خراپە بشکێت. بەڵام دوای ئەوەی زانست عەرشی خودای بەزاند، هەمووشتێک سەراوژوور بوویەوە؛ ئەو جیهانەی کە بوونێکی ڕۆحانی بەڕێوەی دەبرد، بوو بە ئامێرێکی کوێر کە لەنێو پارچەکانیدا هیچ شوێنێک نەماوەتەوە بۆ ‘ئایدیاڵ’ لەگەڵ ئەمەیشدا دەکرێت ئایدیاڵ لەناخماندا هەبێت، بۆیە دەبێت خۆمان ئایدیاڵەکانمان لە ئەقڵماندا بئافرێنین، دەبێت لە ناخی خۆمانەوە هەڵبقوڵێن، لەبەرئەوەی جیهانی چواردەورمان مردووە و خاڵییە لە ڕۆح، هەروەها ئەو بوونەی تێیداین هیچ کات پشتمان ناگرێت و بەهاکانمان هیچ نین لای وی.”

 

بێرتراند ڕاسڵیش پێش چەند ساڵێک، لە وتارێکدا بەناوی “پەرستشی مرۆڤی ئازاد” هەمان شتی گووت: “زانست جیهانێکی بێئامانجمان پێشکەش دەکات، جیهانێکی خاڵیکراوە لە مانا، هەر بۆیە لەمەودوا دەبێت ئایدیاڵ و بەهاکانمان نیشتمانێک بدۆزنەوە، چون لە جیهانێکدا کە جیاوازیی نێوان چاکە و خراپە نازانێت و نوقمبووە لە وێرانکردندا و هێزی خۆی بە جۆرێک دەسەپێنێت کە هیچ نەرمییەکی تیا نییە، بە جۆرێک مرۆڤ بە شێوەیەک دەژی کە ژیانی  مەحکومە بە مەرگ. ئەمڕۆ مەرگی دۆستەکانی دەبینێت، سبەینێ خۆیشی لە هەمان دەرگاوە دەڕواتە نێو تاریکییەکی نەزانراو، کەواتە پێش ئەوەی ئێمەیش تووشی هەمان چارەنووس ببین، تەنها دەتوانین دەست بگرین بەو بیرۆکە ناکۆتاییانەوە کە وەک ڕووناکییەکی پڕ بوێری دەوری ڕۆژگارە دیاریکراوەکانمانی داوە و، پەرستش بکەین لە کەلاوەیەکدا کە خۆمان دروستمان کردووە؛ بە تەنیا ئازار هەڵبگرین، هەر وەکو ئەتڵەس(١)، ماندوو بەڵام نەڕووخاو، تاکو بەپێی بەهاکانمان نیشتمانێک لە جیهاندا  درووست بکەین، گەر چی ئەو ڕێگایەیش لەلایەن هیزگەلێکی سەرووئاگایی مرۆڤەوە گیراوە”.

 

دیدگای ڕاسڵ لەوەدا جیاوازە لە دیدگای قەشەکان و سارتەر و من، کە ئەو پێی وایە نەمانی ئایین هۆکارە. قەشەکان (منیش لەگەڵ ڕای واندام) پێیان وایە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە. سارتەریش پێی وایە کە ئەمە جێی داخە و پێی وایە کورتبینن ئەوانەی کە دەڵێن جیهان لەمەودوا بە بێ خودا وا بەردەوام دەبێت وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، چون لای سارتەر نەمانی ئایین قەیرانێکی گەورە دروست دەکات و منیش هاوڕایم. لە بەرانبەردا ڕاسڵ پێی وایە، کە زیانی ئایین زۆر زیاترە لە سوودەکەی و، نەمانی ئایین جیهان باشتر دەکات. لە هەمان کاتدا ڕاسڵ و سارتەر هاوڕان لە ڕوانینیان دەربارەی جیهان و ئەقڵی مۆدێرن؛ هەردووکیان کۆکن لەسەر شپرزەیی جیهان و کۆکن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەبێت خۆی ئایدیاڵی خۆی درووست بکات و جیهانی چواردەوەری هەرگیز یارمەتیی نادات، لەوەیشدا هاوڕان کە مرۆ لەم جیهانەدا تەنیایە و هیچ شتێک یارمەتیی نادات.

 

 

هەروەها ڕاسڵ تێشک دەخاتە سەر ڕۆڵی زاست لە بەرهەمهێنانی ئەم دۆخەدا، بێگوومان قسەکەی لە ڕوویەکەوە زۆر ڕاستە، بەڵام ڕوونی ناکاتەوە چۆن زانستە سرووشتییەکان ئێمەیان گەیاندووە بەم دۆخەی ئەمڕۆ، بۆ نموونە بیروڕایەک هەیە کە پێی وایە هەندێک تیۆری و دۆزینەوەی زانستی وەک بیردۆزی ئیڤلوشنی داروین و دۆزینەوەی تەمەنی زەوی لەلایەن زانا جیۆلۆجییەکانەوە و …هتد. هۆکاری سەرەکین لەپشت ڕووخانی بەها ڕۆحییەکان. بێگوومان گەمژەییە گەر وابزانین ئەم دۆزینەوە زانستییانە بوونەتە هۆی چەقینی دۆگمای ئایینی، ئەم جۆرە تێڕوانینە بە کەڵکمان نایەت، چونکە ئایینەکان دەتوانن لەبەرانبەر هەر دۆزینەوەیەکی زانستی نوێدا بەرگە بگرن و تەنانەت دەتوانن لەگەڵیدا بگونجێن، هەر بۆیە هۆکاری سەرەکی لەپشت چەقینی ئیمان، دۆزینەوەیەکی زانستیی دیاریکراو نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی هۆکارەکە ڕۆحی زانست و هەندێک پێشگریمانەی بنەڕەتیی سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە و دواترە کە زانست پشتی پێ بەستوون.

 

 

 

 

٢

گالیلۆ و نیوتن (لەگەڵ ئەوەی کە نیوتن ئاییندارێکی توند بوو) بوون کە وێنەی ئەو جیهانە خۆش و سادە و نەرموونیانەیان لەناوبرد کە لەلایەن بەها ڕۆحییەکانەوە حوکم دەکرا، هۆی ئەم لەناوبردنەیش دۆزینەوەی یاسای کێشکردنەکەی نیوتن، یان بەهۆی دۆزینەوە ناوەزەکانی گالیلۆوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی بیردۆزە پوختەکەیان بوو لەسەر گەردوون کە لەگەڵ هەموو زانایانی ئەو سەدەیەدا هاوکاربوون لە داڕشتنیدا و، ئەم بیردۆزە تەنها لەم سەدەدا قەتیس نەبوو، بەڵکو پەڕییەوە بۆ نەوەکانی دواتر، تا گەیشتە سەردەمی ئێستا. بەم شێوەیە سەدەی دواتر (سەدەی هەژدە) بوو بە سەدەی نیوتن، سەدەی “گومانکردن لە ئایین” بەمشێوەیە گومان چاوەڕێی بیردۆزەکەی داروین و دۆزینەوەکانی زانا جیۆلۆجییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی نەکرد، بەڵکو لەگەڵ هەستانەوەی زانستدا (گومان) جیهانی داگیر کرد.

بۆیە نە بیردۆزی کۆپەرنیکی و نە دۆزینەوەکانی نیوتن و گالیلۆ هیچیان هۆکاری ڕاستەقینە نەبوون، چونکە ئایین دەتوانێت فەلەکناسیی نوێ تێکەڵ بکاتەوە بە تۆڕی مەعریفەی خۆی، وەلێ مەودای ڕاستەقینەی نێوان ئیمانی سەدەکانی ناوەڕاست و گومانگەرایی سەدە نوێکان بریتی بوو لە وازهێنان لە “غایەت (ئامانج)” لەلایەن زانایانی سەدەی حەڤدەوە؛  هۆکاری نادیاری شتەکان(عیللەی غائیی شتەکان)، مەبەست و ئامانج لە پشت بوونی شتێکەوە چییە و کاری ئەو شتە چییە لە گەردووندا؛ بە مانایەکی دی، ئامانجە گەردوونییەکەی، بۆ نموونە ئامانجی بوونی خۆر ومانگ وا لێکبدەینەوە کە لەپێناو پێدانی ڕووناکی بە مرۆڤەکان ئافرێندراون؛ لەپشت ئەم شرۆڤەیەوە  پێشگریمانەیەک هەیە کە باوەڕی بە بوونی پلانێکی گەردوونی هەیە کە تێیدا هەموو شتێک ئامانجێکی هەیە، تەنانەت ئەگەر نەیشزانین ئەو ئامانجی چییە، هەروەها لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڕۆڵی شتەکان لەنێو ئەم پلانەدا، دەتوانین بزانین ئەم غایەتە – مەبەستە  چییە.

بەمشێوەیە، باوەڕهێنان بە “ئامانجگەرایی” هاوتایە بە باوەڕهێنان بەوەی کە گەردوون مەحکومە بە ئامانجێک، هەندێک جاریش ئەو ئامانجە ئەقڵی باڵایە (لۆگۆس). ئەم جۆرە باوەڕە درروستکراوی مەسیحییەت نییە، چونکە لە هەموو کونجێکی ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا بەربڵاوە، چ لە جیهانی بتپەرستی کۆندا بێت کە سوکرات و پلاتۆ و ئەرستۆ هەڵگری ئەم باوەڕە بوون، چ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە مایەی پێکدادانی ئایینەکان بوو، چ لە هەستانەوەی زانستدا بێت لە سەدەی نۆزدەدا.

دامەزرێنەرانی زانستی نوێ (گالیلۆ و نیوتن و کیپلەر وەک نموونە) کەسانێکی ئایینی بوون، هەرگیز گومانیان لە پلانی خودایی نەبوو، بەڵام دەگەڵ ئەوەیشدا هەر ئەو هەنگاوە گەورەیان نا کە بریتی بوو لە داماڵینی تەفسیری ئامانجگەرایی لە زانستە سرووشتییە نوێکاندا، کە (تەفسیری ئامانجگەرایی) دەستی گرتبوو بەسەر سرووشتدا. هۆی ئەم هەنگاوەیش ئەوەبوو دەیانزانی کە گەڕانەوە بۆ “تەفسیری ئامانجگەرایی” هیچ سوودێک بە ئامانجی سەرەکیی زانست ناگەیەنێت؛ کە (ئامانجی زانست) بریتییە لە پێشبینیکردنی ڕووداوەکان و کۆنترۆڵکردنیان؛ بۆ پێشبینیکردنی خۆرگیران، دەبێت بزانین هۆکارەکانی چین، نەک ئامانجی پشت خۆرگیران. لێرەوە، زانستەکانی سەدەی حەڤدە هەمیشە لە دەوری هۆکارەکان دەخولایەوە و چەمکی ئامانجگەرایی بەتەواوی ڕەتکرایەوە و پشتگوێ خرا. ئەم ڕەتکردنەوەیە، لەگەڵ ئەوەی بەبێدەنگی کرا و زۆر هەستی پێنەکرا، بەڵام گەورەترین شۆڕش بوو کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کرا و گرنگییەکەیشی زۆر زیاترە لە هەر شۆڕشێکی سیاسی کە دەنگۆی هەموو جیهانی گرتبێت.

 

لەم سێ سەدەدا کە زانست زاڵ بوو، ئەوەی ڕووی دا بریتی بوو لە درووستبوونی وێنەیەکی نوێی جیهان لە مێشکی مرۆڤدا؛ جیهان (بەپێی ئەم وێنەیە) خاڵییە لەمانا و خاڵیکراوەتەوە لە ئامانج، لێرەدا سرووشت ماددەیەکە و لە سوڕی جوڵەدا و مەحکوم نییە بە هیچ ئامانجیک، بەڵکو مەحکومە بە کۆمەڵێک یاسا و هیزی شاراوە.  وایتهد (کە لەبەر نووسینەکانی ئەم بەشە قەرزاریم) لەم ڕوانگەیەوە دەربارەی سرووشت دبێژێت: “تەنها جوڵەیەکی بێئامانج و ناکۆتای ماددەکانە”.

 

لێرەوە دەکرێت هێڵێکی ڕوون بکێشین کە مێژووی ئەوروپا دابەشدەکات بۆ دوو سەردەمی نایەکسان لە درێژیدا، ئەم هێڵە لە ژیانی گالیلۆوە دەستپێدەکات، کە پێش ئەم هێڵە پیاوی ئەوروپی باوەڕی هەبووە (جا چ  بتەپەرستێکی دێرین  یان مەسیحییەکی پەیمانی نوێ بێت) بە بوونی گەردوونێک کە مەحکومە بە مەبەستێک بەپێی پلانێکی پێشینە هەڵدەسوڕێت، بەڵام دوای گالیلۆ، پیاوی ئەوروپی باوەڕی بە گەردوونێکی بێئامانج هێنا؛ ئەمەیش ئەو شۆڕشە مەزنەبوو کە ئاماژەم پێدا.

 

 

 

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (detail, left panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

 هەر ئەم گۆڕانە بێدەنگەی ئامانجگەرایی بۆ نیهلیزم، بووە هۆی لەناوچوونی ئایین. ئایین توانی دەربازی بێت لە شۆکی دۆزینەوەی ئەوەی کە خۆر سەنتەرە نەک زەوی، یان ئەوەی کە ڕەچەڵەکی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەکییەکان (مەیمونەکان)، یانژی ئەوەی کە تەمەنی زەوی سەدان ملیۆن ساڵە… لەگەڵ ئەوەی ئەم  دۆزینەوانە توانییان سنوورێک بۆ ئەو تەفسیرە بەڵگەنەویستانەی ئایین دابنێن و لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیاندا داینان و پیاوانی ئایینی ناچار کرد کە قسەکانیان لە چوارچێوەیەکی نوێی فکریدا دابڕێژنەوە؛ وەلێ ئەمانە نەیانتوانی لە جەوهەری ئایین بدەن، کە بریتییە لە باوەڕبوون بە پلانێکی خودایی و بوونی ئامانجێکی کۆتایی بۆ هەموو شتێک، هەروەها ئەوەی کە جیهان سیستەمیکی ئەخلاقیی هەیە و هەموو شتێک بەرەو باشتر دەڕوات؛ ئەم جۆرە ئیمانەیش لە زۆرێک لە ئایینەکانی وەک مەسیحی و هیندۆسی و ئیسلامدا هەیە، هەروەها دەکرێت هێرش بکرێتە سەر وردەکارییەکانی ئەم ئایینانە و لەناو ببرێن، بە بێ لەناوبردنی جەوهەریان. بەڵام ئەم جەوهەرە لەناو دەچێت ئەگەر بێتو باوەڕبوون بە پلانی خودایی و ئامانجی ژیان نەمێنێت، چونکە ئەم باوەڕە دڵی ئیمانە و جەوهەری ڕۆحی ئایینییە.

 

ئایین دەتوانێت لەگەڵ هەر نوێگەرییەکی فیزیا، زیندەوەرزانی، جیۆلۆجی و گەردوونناسی خۆی بگونجێنێت و بەرگە بگرێت، بەڵام هەرگیز لە جیهانێکی خاڵی لە مانا و ئامانجدا بەرگە ناگرێت. ئەگەر گەردوون بێمانا و بێئامانج بێت، ئەوا ژیانی مرۆڤیش، وەک وێنەدوانەوەیەکی مەرجی، بێمانا و بیئامانجە و هەموو شتێک بێبەها دەبێت و هەموو ڕەنجێک بە با دەچێت.

 

 

بێگومان لەوانەیە مرۆڤ هەر ڕاکات بەدوای کۆمەڵێک ئامانجدا، وەک ناوبانگ، هونەر، یان زانست، لەوانەیشە ئەوانەی کە لەمانەدا سەرکەوتوو دەبن دەبن دڵخۆش ببن، بەڵام هەر ژیانیان خاڵی دەبێت و هیچ سەنتەرێک نابێت تا بە دەوریدا بسوڕێنەوە، لەڕێی ئەمەوە تێدەگەین کە بێهیوایی و دڵشکان و سەرلێشێواوی چەندە قوڵ ڕۆچووە لە ڕۆحی مرۆڤی مۆدێرندا.

 

وێنەی جیهانێک بێئامانج و بێمانا دەبێتە پایەی هونەر و فەلسەفەکانی سەردەمی نوێ. هەروەها زۆرێک لە فەلسەفە تایبەتەکانی ئەم سەردەمە، لە هیۆمی سەدەی نۆزدەوە تا دەگاتە فەیلەسوفە پۆزتیفیسەتەکانی (Positivist Philosophers) ئەمڕۆ، پێیانوایە؛ هەقیقەتی جیهان تەنها ئەوەیە کە لەم جیهانەدا دەیبینین و بە هەستەکانمان درکی پێدەکەین و جیا لەمە شتێکی دی نییە تا لەبارەیەوە بپرسین؛ چونکە هۆکارێک نییە کە (جیهان) بەم شێوەیەیە، تەنانەت ئەگەر هەموو شتەکان بگۆڕێن بۆ شێوەیەکی دی، ئەوا دووبارە هەر هۆکارێک نییە. کاتێک هەموو شتێکی ئەم جیهانە هەژمار دەکەیت، ئەوا بواری  زیادکردنی شتێکی تر نامێنێت، تەنانەت بوونەوەرێکی خاوەن هەموو زانست ناتوانێت ئەم کارە بکات.

 

بەمشێوەیە پرسیارکردن لەبارەی ئەوەی کە شتەکان بۆ بەمشێوەیەن و ئامانجی بوونیان چییە، دەبێتە پرسیارێکی بێمانا، چونکە شتەکان لە بنەڕەتەوە بێئامانجن. بۆ نموونە لە فەلسەفەی نوێدا شتێک نییە بەناوی “کێشەی خراپە”؛ ئەم پرسیارەیش لە بنەڕەتدا پێی وایە کە ئازار و بێهیوایی بەشێکن لە پلانێکی گەردوونی کە خزمەت بە هۆکاریکی لۆجیکی دەکەن، هەرچەنە گەر نەیشتوانین لەو هۆکارە تێبگەین.

 

ئەقڵی مۆدێرن (کە بڕواهێنان بە پووچی کڕۆکی درووستبوونیەتی) پێیوایە ئەمە قسەیەکی هیچە، چونکە هیچ ئەقڵێک (بوون) بەڕێوە نابات. هاوتەریب لەگەڵ کرۆکی ئەم فەلسەفەیەی ئەقڵی مۆدێرن، کە مژدەی نەبوونی مانا دەدات، کۆمەڵێک فەلسەفەی تری ئایدیالیستی هەن کە دەڵێن؛ جیهان لە بنەڕەتدا ڕۆحانییە و بەها و ئاکارە باڵاکان گرێدراون بە بوونیەوە؛ بەڵام ئەم فەلسەفە ئایدیالیستانە تەنها شتێکی ڕۆمانتیکی بوون، کە پەرچەکردارێک بوون دژی تێڕوانینە ماددییەکەی ئایینداران بۆ گەردوون.

لەگەڵ ئەوەی ئەو قوتابخانانە لەگەڵ ڕۆمانتیکیی هونەر و ئەدەبدا لەناو چوون، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک شوێنکەوتوویان هەیە. ئەو فەلسەفە ئایدیالیستانە، لە ناواخنیاندا تەنها بریتی بوون لە کردەی بەواقیعکردنی خەونە خەیاڵییەکانی مرۆڤ و ڕەتکردنەوە ئەو تاریکییە گەردوونییە  کە دەوری مرۆڤی دابوو؛ ئەو فەلسەفانە کۆمەڵێک وڕێنەی گەرم بوون کە ئەقڵە ڕۆشنبیرەکان لەبەر بای ساردی گەردوون خۆیان پێ داپۆشیبوو. وەلێ زۆر بەرگەیان نەگرت و لەناوچوون و، ئێمەیان بە تەنیا لەژێر باری جیهانێکی پووچی بێئامانج جیهێشت.

 

 

 

 

 

٣

لەگەڵ ڕووخانی تێڕوانینی ئایینی بۆ دونیا، بنەما ئەخلاقی و ئایدیاڵەکان دەگەڵیدا ڕووخان؛ چونکە ئەگەر گەردوون ئامانجێکی هەبووایە و، ئەگەر سرووشتی شتەکان ئەوە بووایە کە بەرەو چاکە بڕۆن، ئەوا دەمانتوانی بەپێی ئەوانە درووستیی بنەما ئەخلاقییەکانمان بسەلماندایە، ئەو بنەمایانەی گەر لەدەرەوەی خۆمان بناغەیەکیان نەبێت (جا چ ئەو بناغەیە خودا یا خود گەردوون بێت) ئەوا دەبێت خۆمان بناغەکەیان درووست بکەین. لێرەوە ئەو بڕوایە دروست بوو کە بنەما ئاکارییەکان درێژکراوەی حەزەکانمانن، حەزەکانیشمان بەپێی کات دەگۆڕێن، ئەوەی کە کەسێک یان گەلێک پەسەندی دەکات، کەسێکی تر بەدڵی نییە، هەر بۆیە ئاکار ڕێژەییە.

لەگەڵ پەرەسەندنی هەستانەوەی زانستدا، زۆر بەخێرایی ئامانجگەرایی لەناو برا و، هیچگەرایی و ئاکاری ڕێژەیی کە بۆ نمونە لە فەلسەفەکەی (هۆبز) دا هەیە، جێگەیان گرتەوە. هۆبز پێیوایە “گەر بوون ئامانجی نەبێت، ئەوا بەهایشی نییە: چاکە و خراپە تەنها ناون و مانادەری ئەو حەز و چێژانەمانن، کە بە گۆڕانی سەردەم  و کولتور و نەریت و بیروباوەڕەکانمان دەگۆڕێن. هەموو کەسێک بەو شتە دەڵێت چاکە کە جێی ڕەزامەندییەتی و، بەوەیش دەڵێت خراپە کە زیانی بۆی هەیە.”

ئاکاری ڕێژەیی بوو بە باوەڕێک لە ئەقڵی زانستیدا، تەنانەت پێش ئەوەی کە لەلایەن توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژیەکانی ئەم دواییە پشتڕاست بکرێتەوە. ئەم باوەڕەیش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاکار، چونکە بناغە نەریتییەکەی لادەبات. هەر بۆیە زۆرێک لەو فەیلەسوفانی هەستیان بەم مەترسییە کرد (بەلایەنی کەمەوە لە سەردەمی کانتەوە) هەوڵیاندا بناغەیەکی عەلمانی بۆ ئەخلاق دروست بکەن. لەوانەیە ئەم هەوڵە لەڕووی تیۆری و کردەییەوە سەربگرێت، واتە دەکرێت دیدگایەکی ئەخلاقیی نادینی بۆ جیهان درووست بکرێت، بەڵام هەر ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا دەکرێت لە ڕووی کردەییەوە سەربگرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەم پێشنیارە لای ڕۆشنبیرەکان پەسەند دەکرێت، ئایا ئەو توانایەی دەبێت کە ئەو دەزگا ئایینییە داڕووخاوەی نێو خەڵک لاببات؛ ئەمەیش وادەکات ئێمە لەبەردەم کارەساتێکدا بین، چونکە ئەم پرسیارە گرێدراوە بە داهاتووی شارستانییەتێکەوە.

 

هەروەها ئەم باوەڕە باوە بە ڕێژەیی ئاکار لەنێو فەیلەسوفان، دەروونناسان، زانایانی ڕەچەڵەکناس و کۆمەڵناسان، وێنەدانەوەیەکی تیۆریی خۆدزینەوەیە لە بنەماکانی ئاکار، کە بە کردەیی لە ژیانی ڕۆژانەدا دەیبینین، بەتایبەت لە بواری سیاسەت و دیبلۆماسییەت، کە لەوێدا هیچ شوێنێک نییە بۆ ئاکار. جگە لە مەودای کۆدەنگیی تاکی یان نەتەوەیی یا ڕۆشنبیری، هیچ کەسێک بەشێوەیەکی دروست باوەڕی بە بنەما ئاکارییەکان نەماوە، هەر ئەمەیش دەرەنجامی بیروباوەڕی ئاکاری ڕێژەییە؛ هەر ئەمەیش دەرەنجامی جیهانێکی بێئامانجە.

 

یه‌عقوب (ئه‌یوب) له‌گه‌ل فریشته‌دا زۆران ده‌گرێت \ لیۆر ١٨٦٥
Jacob Wrestling with the Angel, Alexander Louis Leloir, 1865
Classic French Romantic Biblical Art Prin

خەسڵەتێکی تری قەیرانی ڕۆحیی جیهانی ئەمڕۆ، بریتییە لە باوەڕ نەبوون بە ویستی ئازاد، کە ئەمەیش بەرهەمی ڕۆحی زانستییە، نەک دۆزینەوەیکی دیاریکراو. کۆی زانست لەسەر یەقین دامەزراوە، هەروەها هەموو ڕووداوێک دەتوانرێت بەوردی پێشبینی بکرێت لەڕێگەی زانینی ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ڕوودانی. لەگەڵ ئەوەی کە فیزیای نوێ (میکایکی کوانتەم) ئاڵنگاریی یەقینگەرایی دەکات، وەلێ ئەنجامەکانی یەقینگەرایی پێماندەڵێت ؛کە دەمێکە زەرەرەکەمان کردووە. بەپێی ئەم دیدگا، کردەوەکانی مرۆڤ کردەگەلێکی سرووشتین هەروەک خۆرگیران، واتە ئەو کردەوانەیش دەتوانرێت وەک ڕووداوە سرووستییەکان پێشبینی بکرێن.

 

 

با وا دابنێین کە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە (جۆن سمیس )لە کاتژمێر دوو و پانزە خولەکی نیوەڕۆ لە یەکی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ جۆزیف جۆنز دەکوژێت، ئایا لە کاتی کوشتنەکەدا، ئازادیی جۆن سمیس هیچ ڕۆڵێکی هەیە تا کوشتنەکە بکرێت یان نەکرێت؟ گەر ئازاد نەبێت، چۆن دەتوانین تاوانباری بکەین؟

 

هەر فەیلەسوفیک دەتوانێت ببینێت کە ئەم بیردۆزە چەندین کێشەی لۆجیکی تیایە، بەڵام چۆنییەتی شیکردنەوەی هەڵەکان هێندە وردە کە کەسێکی ئاسایی کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ فەلسەفەدا نییە و ناتوانێت بیکات. هەر لەبەر ئەمەیە، کە ئەو بەهانانەی دژی ویستی ئازادن زۆر بەرفراوان لەنێو خەڵکدا قبوڵ دەکرێن. هەر بۆیە بڕوابوون بە مەجبوربوونی مرۆڤ و بڕوابوون بەوەی کە مرۆ بوکەڵەیە لە دەستی هیزگەلێک لە دەرەوەی ویستی خۆیدان؛ دیارە ئەم باوەڕەیش بووەتە بەشێک لە مێشکی مرۆڤی مۆدێرن. بەمشێوەیە ئێستا شتگەلێک دەبیستین وەک جەبری ئابووری، جەبری ڕۆشنبیری، جەبری مێژوویی. دەربارەی کۆنترۆڵ نەکردنی کردارەکان دەڵێن هۆڕۆمۆنەکانمان  کۆنترۆڵمان دەکەن، یان بەهۆی هۆکاری سرووشتی و بۆماوەییەوەیە… بەمشێوەیە چاودێریی ئەخلاقی لەسەر خود نامێنێت، و دەبێت دکتۆر و دەروونناس و ڕۆشنبیران ڕێمان لێ بگرن لە کردنی کاری خراپ، لە داهاتوویشدا ئەوەی کە مەسیح و پێغەمبەران نەیانتوانی بیکەن، دەرمان و دەرزی دەیکەن.

ناڵێم کە دکتۆر و بیریارەکان دەتوانن… بەڵکو ئەرکیانە کە یارمەتی بدەن، ناشمەوێت بە هیچ شێوەیەک بەکەم سەیری ماندوبوونیان بکەم، بەڵکو تەنها دەمەوێت سەرنجتان ڕابکیشم بۆ لاوازیی پابەندبوونی ئەخلاقی و زیادبوونی ئەو دەنگانەی کە داواکارن بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتییە کەسییەکان لەنێو ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و خەڵکدا.

 

 

 

٤

 زۆرباشە، کەواتە چارەسەر چییە؟ لە کوێ بەدوای چارەسەری خراپەی ئەم سەردەمەدا بگەڕێین؟ ئەو چارەسەرانەی کە تا ئێستا پێشنیارکراون، بەڕای من بێسوودن. ئەم چارەسەرانەیش لە سێ ناوەندەوە دەردەچن: ناوەندی فەلسەفی، ناوەندی ئایینی، ناوەندی زانستی. دواتر باسی لاوازیی چارەسەرەکانی هەر ناوەندێک دەکەم.

با بەو چارەسەرانە دەستپێبکەین کە ناوەندی فەلسەفی پێشنیاری دەکات: باوەڕم بە توانای فەیلەسوفان و ڕۆشنبیران هەیە کە دەتوانن چارەسەر بدۆزنەوە تا یارمەتیمان بدەن، وەلێ بەداخەوە مەودای جوڵانیان تەنگە. چارەسەرەکانیان لەو چوارچێوەدا گیر دەخوات کە دەڵێن جەبر و ڕێژەیی ئەخلاق لەسەر پنتێکی پتەو نین و هەوڵەدەن پنتێکی عەلمانیی ئەخلاقی بدۆزنەوە وەک جێگرەوەی پنتی داڕماوی ئەخلاقی ئایینی. هەندێک فەیلەسوف هەوڵەدەن کە ئەم کارە بکەن، بەڵام هەمیشە دوو بەربەست دێتە ڕێیان کە ناهێڵێت بگەنە ئەنجام. بەربەستی یەکەم ئەوەیە کە فەیلەسوفان لەناو خۆیاندا هاوڕا نین لە ڕوانینیان بۆ پرسی جەبر و ڕێژەیی ئەخلاق؛ ئەوانەیش کۆمەڵێ گفتوگۆی تێکەڵن بۆ کەسانێک کە خەریکی فەلسەفە نین… بەربەستی دووەم ئەوەیە کە کاریگەریی ئەم فەیلەسوفانە زۆر کەمە لەسەر کۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی گفتوگۆکانیان لە ئاستێکدایە کە کەسانی ئاسایی و ئەو کەسانەی کە خەریکی فەلسەفە نین ناتوانن لێیان تێبگەن.

 

دەربارەی ناوەندی ئایینییش، ئەوا قەشەکان گەڕانەوە بۆ باوەڕهێنان بە خوا و بیروباوەڕی مەسیحی، بە چارەسەری قەیرانەکە دەزانن. لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیان وایە چارەسەرەکە بریتییە لە ئاینێکی نوێ، وەلێ هەردوو بەرە نەیانتوانی بە تەواوی درک بەو کارەساتە ڕۆحییە بکەن کە بەرۆکی مرۆڤایەتیی گرتووە و درکیان بەوە نەکردووە، کە ئەم کارەساتە چەند دەگمەنە. بەشێوەیەک لە مێژوودا هیچ شتێکی تری ئاوا نەبووە، تەنانەت تۆزقاڵێک هاوبەشیی نییە لەگەڵ هیچ کارەساتێکی تردا؛ لەوانەیە پێیان وابێت کە ئەم بارودۆخە هەر وەک ڕووخانی ئایینە یۆنانییە کۆنەکان وایە لە سەردەمی ڕۆمییەکاندا، ئەوکات هەر زوو مەسیحییەت ئەو بۆشایییە ڕۆحییەی پرکردەوە کە نەمانی ئەو ئایینانە درووستیان کرد بوو، خۆ گەر مەسیحییەتیش نەبا ئەوا میسرانییەت(٢) جێگایانی دەگرتەوە.

لەوانەیە ئەم لێکچوونە وامان لێ بکات کە وابزانین چارەسەرەکە بریتییە لە گۆڕینەوەی مەسیحییەت بە ئایینێکی نوێ، یا لەوانەیە وابزانین نوێکردنەوەی مەسیحییەت تەندرووستی بگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ڕۆحیی خەڵک، بەڵام پێم وانییە هیچ لێکچوونێک هەبێت لەنێوان دۆخی ئیستا و ئەو دۆخەی کە کە لە زەمانی کەوتنی وەسەنییەتدا هەبوو، کە ئەوکات مرۆڤایەتی باوەڕی نەما بە چەند عەقیدەیەک و چەند تێڕوانینێکی ئایین بۆ جیهان، چونکە شێتی بوو گەر پێت وابێت زیوس و کۆی خواوەندەکان وان لەسەر چیای ئۆلیمپ دەژین، چون کاتێ دەچیتە سەر چیاکە کەسیان لەوێ نابینیت. بێگومان لەناوچوونی ئەو جۆرە بیردۆزە، یان ئەو بەشەی ئایین، بە مانای مردنی کۆی ئایین نایەت؛ چون هەر وێنە خەیاڵییەکە بە سەلامتی دەرچوو کە دبێژێت جیهان ئامانجێک حوکمی دەکات و بەرەو چاکە دەڕوات، ئەو وێنەیەیش جەوهەری ئایینە، ئەوەی پێویست بوو ئەو وێنەیە بیکات تەنها ئەوە بوو دووبارە خۆی لە بەرگی باوەڕێکی نوێدا درووست بکاتەوە، بەڵام دۆخەکە ئێستا تەواو جیاوازە، چونکە کێشەکە تەنها ڕەتکردنەوەی بەڵگەنەویستەکانی ئایین نییە، وەک لەدایکبوونە پاکیزەییەکەی مەسیح، ئەمەیش تەنها شیکارییەکی ڕووکەشیی کێشەی ئایینە. گومانگەرایی  ئێستا تەواو جیاوازە لە گومانگەرایی کۆنی فەیلەسوفان، ئاخر گومانگەرایی نوێ تەنها هێرشی نەکردە سەر شتی ڕووکەشی یان دیاریکراوی ئایین، بەڵکو هێرشی کردە سەر جەوهەری ئایین و لەناوی برد؛ ئیمانی بە جیهانێکی ئامانجدار لەناوبرد. لەپێناو بنیادنانی ئایینیکی نوێ، دەبێت مەسیحێکی نوێ، یا بودایەکی نوێ بێت، ئەمەیش ڕووداوێکی مەحاڵە، هەروەها ئێمە بارودۆخمان هی ئەوە نییە چاوەڕێ بکەین. خۆ گەر پەیامبەری نوێ لەم سەردەمەدا دەر بکەون ئەوا بێگوومان شکست دێنن، چونکە هیچ کەسێک باوەڕی قوڵی بە جەوهەری پەیامەکەیان نەماوە، کەسێ نەماوە باوەڕی بە جیهانێکی ماندار و خاوەن ئامانج بێت، چونکە وێنەی جیهانێکی بێمانا مرۆڤی داگیری کردووە، ئەم وێنەیەیش ژینگەیەکی نالەبارە بۆ هەموو ئایینێک، نەک تەنها مەسیحییەت.

بێگومان نایشبێت بەو بەئاگاهاتنەوە ڕووکەشییانەی ڕۆحی ئایین بخەڵەتێین، چونکە دەزانین کە مرۆ لە کاتی بێهیوایی و شکست و بەتاڵیی ژیانیدا، ڕووەو ئایین وەردەگەڕێن یان بەدوای پەیامێکی نوێدا دەگەڕێن. ئەمەیش شتێکی چاوەڕوانکراوە لە ڕۆحێک کە تێکشکاوە و بەدوای ئەو گەرمییەدا دەگەرێت کە گڕی ئیمان پێیدەدات؛ هەر کات بکوژێتەوە، ئەوا هەوڵدەدەن سەرلەنوێ گڕەکەی بگەشێننەوە، بەڵام ئەم جارە شکستدەهێنن، ئەم جارە چەندە هەوڵبدەن، ئەوا ئیتر کوژاوەتەوە و داد بۆی، گەر جارێ تر لە شارستانییەتی  بگڕێتەوە.

دەربارەی ناوەندی زانستییش، ئەوا ئەو زانست، یان ڕۆحی زانستی بە چارەسەر دەزانێت. هەروەها هەریەک لە بێتراند راسڵ و جۆن دیوی ئەم بۆچوونەیان بەشێوازی خۆیان باس دەکەن. پێشتر باسی ڕێگای ڕاسڵمان کرد. دیوی پێیوایە؛ کە دۆزینەوە نوێکانی زانستی کۆمەڵناسی و پەیڕوەکردنی ڕێبازی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕزگارمان دەکەن، ئەمەیش بۆچوونیکی تەواو گێلانەیە، چونکە ناکرێ نەخۆشییەکە (زانست) چارەسەرەکە بێت، ئەمە بەهۆی کەموکوڕیی زانستەوە نییە، بەڵکو ئەمە خۆی دەرەنجامی ڕۆحی زانستە؛ زانست پێمان دەڵێت باشترین ڕێگە چییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، بەڵام هەرگیز پێمان ناڵێت ئەو ئامانجانەی بۆمان گونجاون کامانەن، یان بتوانێت وێنەیەکی ئایدیاڵمان بداتێ؛ بۆیە کیشەکەمان دۆزینەوەی ئایدیاڵێکە، نەک شێوازی گەیشتن پێی.

 

 

٥

 هیچ شارستانییەتێک ناتوانێت بەبێ بوونی وێنەیەکی باڵا کە بۆی بڕوانێت و بەبێ ئیمانێکی داڕێژراو بە بنەما ئەخلاقییەکان بژی…

لە ڕابوردوودا، خاوەنی ئایدیاڵێک و ئەخلاقێک بووین کە لەسەر پنتێکی ئایینی بوو، بەڵام ئەم پنتە داڕمێنرا هەربۆیە ئەو ئەخلاق و ئایدیاڵەی کە لەسەر ئەو پنتەن بەخێرایی دادەڕمێن. وە پێ ناچێت هیچ کام لە چارەسەرە پێشنیارکراوەکان بە کەڵک بێت. هەر بۆیە لەوانەیە چارەنوسی شارستانییەتەکەمان لەناوچوون بێت. بێگومان چەند توێژێک وەکو فەیلەسوفان و ڕۆشنبیران و زانستخوازان، دەتوانن ژیانێکی ئەخلاقی بەبێ ئایین بژین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەکرێت کۆی شارستانییەتێک، یانژی کۆمەڵە مرۆڤێک کە پێکدێت لە چەند چینێکی جیاواز لە ڕووی ئاستی ئەقڵی و پەروەردەییەوە، ژیانێکی ئاخلاقی بژین بەبێ هیچ بناغەیەکی ئایینی؟!

ئەمە مانای ئەوەیە گەر بتوانین ئاستی پەروەردەیی هەمووان بگەیەنینە هەمان ئاستی ئەو کەمینەیەی کە هەیە، لەوانەیە بتوانین دۆخەکە چارەسەر بکەین؛ ئێستا بەهۆی پەروەرەکردنی کۆمەڵەوە، کەم کەمە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆین. بەڵام پرسیارە گەورەکە لەسەر کاتی پێویستە بۆ پڕۆسەکە، لەوانەیە لە ماوەی چەند سەد ساڵێک (گەر پەروەردەکردن بە هەمان ئاستی ئێستا بەردەوام بێت) زۆربەی مرۆڤەکان هێندە ڕۆشنبیر و پەروەردەکراو بن تاکو بەبێ بوونی ئاین بڕوایان بە ئایدیال هەبێت. وەلێ، لەوانەیە ڕێژەی داڕمانی شارستانییەتەکەمان زۆر زیاتر بێت لە ڕێژەی پەروەردەکراوان، کەواتە چۆن لەو ماوەیەدا بژین؟

 

پێموایە یەکەم شت کە پێویستە بیکەین ئەوەیە، واقیع قبوڵ بکەین، هەرچەندە تاڵیش بێت، پاشان فێربین چۆن لەگەڵیدا بژین؛ سەرنجی خۆم لەسەر ئەم دوو خاڵە دەڵێم:

ئەوەی لە خاڵی یەکەمدا جەختی لێ ئەکەمەوە ڕاستگۆبوونە لەگەڵ خودی خۆتدا: چونکە ئەوانەی حەز بە نوێکردنەوەی مەسیحییەت دەکەن لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆ نین و هەندێکیان (بەبێ مەبەست) بەشێوەیەکی نائاگایانە ئەوە دەکەن کە بریتییە لە سڕکردنی خود بە ئەفیۆن و خەون. وەلێ ئەوانەی بەدوای ئایینێکی نوێدا دەگەڕێن، هەمان دەردی کۆمەڵەی پێشوویان هەیە، بەڵام ئەمان بەدوای بێهۆشکەرێکی نوێدا دەگەڕێن، هەردووکیشیان ڕەتیدەکەنەوە کە ڕووبەڕووی  دونیای ڕاستەقینە ببنەوە و ئەو هەقیقەتە قبوڵ بکەن کە لە دەرەوەی مرۆڤ هیچ جۆرە ڕۆحانییەتێک نییە و بەهاکانمان هیچ نرخێکیان نییە و نە لە ئاسمان باوکێکمان هەیە و نە دەستێکیش هەیە تا یارمەتیمان.

 

بۆئەوەی لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، نابێت لەنێو وەهمدا بۆ لانەیەک بگەڕێین، جا گەر کۆن بێت یان نوێ، وە لە هیچ وەهمێکدا نووقم نەبین کە پەیوەندی بەمەوە هەیە؛ ئەم قسەیە لەبەر پیرۆزکردنی هەقیقەت ناکەم، چونکە ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت هەقیقەت بەهای باڵایە و دەبێت لەپێناویدا هەموو شتێک بەخت بکەین، لام شتێکی لۆژیکی نییە، گەر کەسێک هەقیقەتێک بدۆزێتەوە کە لەوانەیە مرۆڤایەتی لەناو ببات، ئایا دەکرێت باسی نەکات، یان، لەبارەیەوە درۆ بکات؟ ئایا هەقیقەت لەم حاڵەتەدا گرنگترە لە جوانی و خۆشبەختی؟ گەر پێت وایە کە هەقیقەت گرنگترە، ئەوا تۆ ڕەهایەکی نوێ، وەهمێکی ئایینیی نوێ دروست دەکەیت، کە تێیدا هەقیقەت عەرشی خودا داگیر دەکات.

ئەو هۆکارەی وامان لێ دەکات کە بەڕاستگۆیی و ئازایەتییەوە بەرەنگاری هەقیقەت ببینەوە ئەوەیە کە بوون نائەخلاقییە، گرنگی بە جوانی یان چاکە یا بەختەوەری نادات، تەنانەت بە هەقیقەتیش؛ ئەمە مانای وا نییە کە کارێ خراپە کە ئەو هەقیقەتە گەردوونییە بشاریتەوە، بەڵکو زۆر بەسادەیی زۆر درەنگە تاکو شتێک لەو بارەوە بکرێت، چونکە هیچ چارێکی ترمان نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەلەرزەوە لە لێواری هەڵدێردا وەستاوین، دەترسین لە کەوتنە خوارەوە، بەڵام هەر دەبێت ڕاستگۆ بین دەگەڵ خۆماندا و ئازا بین.

 

 

دەربارەی خاڵی دووەمیش کە گرنگیی فێربوونی ژیاندنە لەگەڵ هەقیقەتدا: ئەمە واتە بە دروستی و ئاسوودەیی بژیت، یان هیچ نەبێت بەقەناعەت و بەبێ وەهم. بێگوومان ئەمەیش سەختە، چونکە بۆمان دەرکەوت کە خۆشبەختیی مرۆڤ لە ڕابوردوودا بەهۆی وەهمەوە بووە. وتراوە کە مە بە هەقیقەت دەژین و بە ئەویشەوە ئازادین، بەڵام پێموایە تەواو بەپێچەوانەوەیە، مرۆڤایەتی تەنها بەهۆی وەهمەوە توانیویەتی ڕزگاری ببێت، ئەمەیش مانای وایە کە حەقیقەت لەوانەیە لەناومان ببات، بۆیە لەوانەیە کەسێک گەر شوێنکەوتە بێرگسۆن(٣)  بێت بڕوای وابێت کە سرووشت وەهمی تێدا چاندووین تا هانمان بدات بەردەوام بین لە ژیان؛ مرۆڤایەتی دەرخواردی دوو جۆر وەهم کراوە:

 

یەکەمیان وەهمە گەورەکانە؛ وەک وەهمی ئاینی و وەهمی ئەوەی بوون چاکە و شوێن پلانێکی مەزن کەوتووە و کە لەوەوە چەند ئایدیاڵێک دێتە بەر و، وەهمی سەرکەوتنی چاکە لە کۆتاییدا.

دووەمیشیان، کۆمەڵێک وەهمی بچووکە کە دڵخۆشیی مرۆی لەسەر بەندە؛ تا چەند وەهمی مەعشوق دڵخۆشیی مەعشوقی تێر کردووە؟ چەند جار کەوتین و هەستاینەوە لەپێناو وەهم-گەلێکی وەک شکۆ و ناوبانگ و دەسەڵات و پارە؟ چەند جار وەهمەکان شێوەی ئاڵا و دروشم و مەدالیا و نمایش و کەشیان وەرگرتووە؟ هەموویان شێوەی وەهمێکی ترن.

ئیمپراتۆرییەتی بەریتانییش وەک نموونە دێنمەوە، چون پەیوەندییە دەرەکییەکانی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر وەهمگەلی بچووک ڕاگیراون. پەیوەندی نێوانی و کۆڵۆنیاکانی لەبەر چەند هۆیەک بەردەوامە، یەکەمیان وەهمی پاشایەتی. هەروەها ئەو دڵخۆشییەی کە لە کۆمەڵە وشەگەلێکی وەک “گەورەم” “کۆنت” “لۆرد”ـەوە دێن هیچ مانایەکی نییە، ئەمەیش هەمدیس دووبارە وەهمێکی ترە، چونکە وادەزانێت ئەم وشە جیای دەکاتەوە لە خەڵک و دەیکاتە کەسێکی سەروو خەڵک؛ چەندین بەڵگە هەن کە دەبێژن دڵخۆشیی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەرەکی لە وەهم پێک دێت.

ڕۆحی زانستیی ڕەخنەگرانە، ڕۆحی هەقیقەتە، دوژمنی وەهمەکانە، هەروەها دوژمی دڵخۆشیی مرۆڤە، هەر بۆیە سەختە لەتەک هەقیقەتدا بژییت، هیچ هۆکارێک نییە وامان لێ بکات دەستبەرداری ئەو وەهمە بچووکانە بین کە وامان لێ دەکەن بژیین، هیچ هۆکارێ نییە تاکو ئاشق بە ڕێگەیەکی زانستی لە مەئشوق بڕوانێت، تەنانەت وەهمگەلی وەک ناوبانگ و شکۆ دەمێننەوە، بەڵام وەهمە گەورەکە، وەهمی  جیهانی چاک و بەخشندە و، بوونی خاوەن ئامانج و پلانی تۆکمە، لەناو دەچێت. داواکردنی ژیاندن دەگەڵ ئەم هەقیقەتە، هەمان داوایە کە ببینە مرۆڤگەلێکی ڕۆشنبیر، مرۆڤگەلێک نە کە واخۆی نیشان بدات ڕۆشنبیرە. بۆ جیاکردنەوەی ڕۆشنبیربوون و خۆنیشاندا بە ڕۆشنبیر. ئەو شتە باس دەکەم کە هاوڕێیەکم لە کاتی زانکۆدا پێی گووتم؛ هاوڕێکەم، کە مەسیحییەکی توندڕەو بوو، پێی وتم، گەر باوەڕی بە ژیانی ئەودنیا و بەهەشت و جەهەنەم نەبوایە، ئەوا دەبووە پیاوکوژ و دەستدرێژکەر و دز و سەرخۆش، ئەمەیش ناودەنێم خۆنیشاندان وەک ڕۆشنبیر.

بە دیوێکی تردا، زۆر کەس توانیان ژیانێکی سەربەرز و ئەخلاقی دوور لە ئایین بژین، ئەمەیش شتێکی خراپ نییە لای بیریارانی وەک هکسلی و جۆن ستیوارت و میل دەیڤد و هیۆم، چونکە خەڵکی دەتوانن ژیانێکی هاوسەنگ دوور لە ئایین بژین. ئەوەی کە بەڕاست ڕۆشنبیر بیت، واتە بتوانیت بە ڕێکی بژیت بەبێئەوەی پێویستت بە پایە یان دارشەقی خەونەکانی منداڵی بێت کە هەتا ئێستا دەستیان گرتووە بەسەر بیری مرۆڤایەتیدا. ناڵێم کە ئەو ژیانە پڕە لە شادی و دڵخۆشیی بێسنوور، وەلێ ژیانێکی ئارام و بێدەنگ دەبێت، تیایدا قبوڵتە کە چی توانای تۆی تیا نییە و ناتوانیت بیگۆڕیت، چاوەڕێی مەحاڵ ناکەیت، دڵخۆشەبیت بە پەرجووە بچوکەکان؛ گرەنتی ئەمەیانت دەدەمێ. بێگومان نکۆڵی ناکەم کە ئەمە وانەیەکی قورسە تا مرۆڤ فێری ببێت، بەڵام دڵنیام کە مەحاڵ نییە، لەبەرئەوەی زۆرێک پەیڕەویان کردووە. هێشتا مرۆڤایەتی بەپێی پێویست پێ نەگەیشتووە، چونکە هێشتا مرۆ پشت بە ئاسمان دەبەستێت و لە جیهانێکی پڕ لە خەیاڵدا دەژی. هەروەها مرۆڤایەتی گەیشتووەتە لوتکەی ئاڵۆزی، سا ئایا دەتوانێت بە هەمان قۆناغەکانی پێگەیشتنی تاکدا بڕوات؟ ئایا دەتوانێت بچێتە قۆناغی پیاوەتی و بیر لە خەیاڵەکانی منداڵی و وەهمەکانی لاوی بکاتەوە؟ ئایا دەتوانێت جیهان وەک خۆی ببینێت، سەخت، خەمبار، بێ خەونی ڕۆمانسی و وەهمی ئایینی و لەگەڵ ئەوەیشدا بتوانێت بەها و ئایدیاڵەکانی بپارێزێت و هەوڵی ئامانجی گەورە و دەستکەوتی مەزن بدات؟

 

گەر مرۆڤایەتی بتوانێت، ئەوا لەوانەیە هەموو شتێک زۆر باش ببێت و گرێکەیش بکرێتەوە. جا گەر نەیتوانی، ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو وەحشیگەری و تووندڕەوییەی کە لێوەی هاتووە، بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی لەنێو نزمترین ئاژەڵەکان.

تەواو

پەراوێزەکان:

١. ئەتڵەس: یەکێکە لە زۆردارەکان (الجبابرة) کە لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا ناوی هاتووە، خواکان سزایان داوە کە تاهەتایە ئاسمان لەسەر شانی هەڵبگرێت، چونکە بەشدار بووە لە شۆڕشی زۆردارەکان دژی خواکان.

 

٢. میسرانییەت: ئایینێکە لە سەدەی دووەم تا چوارەمی زایینی لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا بڵاوبووەتەوە. دیارترین پاشماوەکانی لە ڕۆما و ئۆستیا و مۆریتانیا و بەریتانیای دوو ڕۆما و چەند ناوچەیەک نزیک دانوب ڕاین هەیە، کە هەموویان پەیوەندییان بە خواوەند میسرای فارسییەوە هەیە.

 

 

٣. هێنری بێرگسۆن (١٨٥١ – ١٩٤١): فەیلەسوفێکی فەڕەنسییە، خاوەن نۆبڵە لە ئەدەببیاتدا. بە یەکێک لە گرنگترین فەیلەسووفانی سەردەمی نوێ دادەنرێت، خاوەن بیریکی قوڵ و فراوان بوو، کە جۆرێک لە بیرکردنەوە و شێوازێکی دەربڕین بوو کە وای کرد جێپەنجەی لە زۆربەی بەرهەمە فیکرییەکانی پەنجاکاندا هەبوو، هەروەها هەوڵی دا ئەو بەهایانە پەیڕەو بکات کە ڕێبازی ماددیگەری پێشنیاری کردبوو و ئیمانێکی قوڵی پێی هەبوو.

لە ژیانیدا خاوەن ناوبانگێکی بەرفراوان بوو لە فەڕەنسا، ئەمەیش لە جەند بوارێکدا: فەلسەفە، ئایین، ئەدەب، وەلێ دوای مردنی ئەمە پێچەوانە بوویەوە، کە فەلسەفەکەی تەواو پشتگوێ خرا، تا وای لێ هات هیچ باسی نەما، ئەمەیش لە سەرەتای تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەمەوە دەستی پێ کرد تا ئەمڕۆ، کە ئێستا بوونگەرایی تەواو ئەو فەلسەفەیەی خستە پەراوێزەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌