Loading

سلۆته‌ردایك

یەکێک لە خەسڵەتە هەرە زەقەکانی مرۆڤی شاری بریتییە لە سەرزەنشتکردنی قەوارە دێرینەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی، بە نموونە تانەتێگرتنێکی نالۆجیکی لە قەوارە سەرەتاییەکانی پێکەوەبوونی مرۆیی وەک هۆز، تیرە و خێڵ، وەک ئەوەی ئەم فۆرمانە کۆسپێکی گەورە بووبن لە بەرەوپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌ی شاری. بێئاگا لەوەی کە كۆمه‌ڵگه‌ی شاری خۆی منداڵ و ڕۆڵەی كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵەکییە؛ خێڵ بریتییە لە دایکی كۆمه‌ڵگه‌ی شاری. كۆمه‌ڵگه‌ی شاریش لە ڕاستیدا جگە لە قەوارەیەکی پەرەسەندووی خێڵ هیچی تر نییە. وەک چۆن خێڵ وەکو یەکەمین فۆڕمی پێکەوەبوون مرۆڤەکانی کۆگیرکردووە، شاریش بە هەمان شێوە تاکەکان و گروپەکانی لەنێو فۆڕمێکی گەورەتردا یەکانگیر کردووە. ئەمڕۆ ئێمەش لە دنیای پۆستمۆدێرنەدا بەئاسانی دەتوانین دەرکەوتە نوێکانی قەوارەی خێڵ ببینینەوە، چونکە شارەکان بوون بە دایەنگەی گۆشکردنی خێڵە جۆراوجۆرەکان.

خێڵ بە تەنیا فۆڕمێکی سەرەتاییانەی کۆبوونەوەی مرۆڤەکان نییە و ئەنترۆپۆلۆژەکان و سۆسیۆلۆژەکان وەکو قۆناغێکی سەرەتاییانەی  تیۆریی پەرەسەندنانەی گردبووەنەوەی مرۆیی دەستنیشانی بکەن. بەڵکو خێڵ ئەو پێکهاتە فەلسەفی، سیاسی و میدیاییەشە کە تەنانەت لە جیهانی هەنووکەی مۆدێرنەشدا لە فۆڕمی جۆراوجۆردا هاتۆتەوە ئارا. هێندە هەیە هەندێک ڕێبازی ئیدیۆلۆژییانە هەن کە لە بەگژداچوونەوەیەکی نائەقڵانییانەی ئەو فۆڕمەی گردبوونەوەی مرۆییدان و بیانووەکەشیان ئەوەیە، کەوا ئینتیما بۆ خێڵ بریتییە لە ستراتیژێکی ناسیۆنالیزمانە. لە سەردەمە کۆنەکاندا جوانترین بەرگری بۆ ئازادبوون لە دەسەڵاتی بێگانە خێڵەکان پیشانیان داوە، بەڵام لەم ڕۆژگارەماندا شێوازی بەرگری گۆڕاوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی تاک لە هۆز، لە خێڵ و لە نەتەوە. لەخۆڕا نییە ئەمڕۆ ئەدەبیاتێکی زۆر بۆ بەرگریکردن لە تاکەکان هەن.

 ئەم تێڕوانینەش وای کردووە ئەو كۆمه‌ڵگه‌ و جڤاتانە بە نەخۆش، یان بە دواکەوتوو تەماشا بکات ئەگەر هاتوو فۆڕمی خێڵ بەرهەمبهێننەوە. لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە، چونکە جیاوازی ئیتنی و ڕەگەزی مایەی بیماری فەرهەنگی نییە، بەڵکو نەبوونی ئەو جیاوازییە هێمایە لەسەر نەخۆشی فەرهەنگی. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: لە هەرکوێیەک ئەو خێڵ_دروستکردنە خۆڕسکییە نەبێت، لەوێدا دۆخێکی پڕ کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە.  پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ”ئایا بەڕاست خێڵەکان دەگەڕێنەوە؟”

کەواتە نەتەوە لە خۆیدا چییە جگە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خێڵ نه‌بێت، گەل خۆی چییە جگە لە قەوارەیەکی گەشەکردووی خێڵ، یان وەک سلۆتەردایک ناوی دەنێت بە (فرەخێڵ  Hyper Horden)کە هەموو ئەو ئامێزاندنانە دەگرێتەوە کە خێڵەکان بۆ یەکتری دەکەنەوە. ئەوەشی وا دەکات ئەم خێڵانە ئامێز بۆ یەکتری بکەنەوە بریتییە لە کولتور. واتە فەرهەنگ بریتییە لەو ئامرازەی کە خێڵە بچووکەکان لە قەوارەیەکی گەورەتردا کۆگەل دەکات، کولتور بزوێنەری ڕەوڕەوەی بزواندنی خێڵە بەرەو گەل، ئەم پرۆسێسەش لە ڕێی میدیۆمی زمانەوە ئەنجام دەدرێت.  ئێمە ئەگەر لە دیدی هەنووکەی دۆخی جیهانەوە تەماشای ئەو پرۆسیسە مێژووییە بکەین، ئەوا دوو وانە فێر دەبین: یەکەمیان ئەوەیە ڕەنگە گەورەبوونی خێڵ بۆ قەوارەیەکی گەورەتری وەکو گەل بەرەو سیستەمێکی تۆتالیتێری بڕوات. وەک لە ڕژێمی سۆسیالیزمی ستالینیزمدا بینیمان. دووەمیشیان ئەوەیە، ئەگەر ئەم یەکە بچووک و گروهە بچووکانە فەرامۆش بکرێن و نەهێڵرێن گەورە ببن، ئەوا كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنە دروست نەدەبوو. (بڕوانه‌؛ ١. پیته‌ر سلۆته‌ردایك ، لە هەمان بەلەمدا، بڵاوكراوه‌ی سوكامپ – ل ٧٠.*)

گۆڕین لە بچووکەوە بۆ گەورە، لە خێڵەوە بۆ نەتەوە، لە گومناوەوە بۆ ناودار، هەمیشە بە کردەیەکدا گوزەر دەکات کە بریتییە لە کردەی مەشقکردن بۆ خۆ چاککردن، ڕاهێنان بۆ خۆ دەربازکردن لە دۆخێ چەقیوو، بۆ درێژەدان بە ژیان. مەشق بریتییە لە هەموو ئەو کردەوە جەستەیی و ڕۆحییانەی دەبنە مایەی پتەوکردنی ئیموون سیستەم (سیستەمی بەرگری).

لەم دوو خاڵەوە ئێمە دەتوانین ڕەخنە لە هەردوو ئایدیۆلۆژیاکەی ڕاسترەو و چەپرەوی باو بگرین کە ئەوان بەڕاستی سەبارەت بە خێڵ بەدحاڵین، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: چەپڕەو هەرگیز لە خێڵ تێنەگەیشتووە، هەروەها ڕاستڕەوە نەتەوەییەکانیش هەرگیز لە جیاوازی نێوان دەوڵەت و خێڵ تێنەگەیشتوون (لە هەمان بەلەمدا. ل ٧١).

تیۆریی لەگەڵ یەکتردابوون

 لە سەردەمی ئەرستۆوە هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە zoon politicus، بەڵام کە ئاژەڵێکی سیاسییە، هەر ئەم پێناسەیە ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کەوا دەبێت هۆکار، ئامراز و ناوەندێکی پێکەوەگرێدانەوە و پێکەوەڕاگرتنی مرۆڤ لەگەڵ یەکتریدا هەبێت. واتە بەبێ هەبوونی خاڵی گرێدانەوەی مرۆڤ بە مرۆڤەکانی ترەوە، مەحاڵە مرۆڤ ئەو ئاژەڵە سیاسییە بێت. کەواتە سیاسەت بریتییە لە هونەری پێکەوەڕاگرتن و خستنەپاڵیەکی مرۆڤەکان، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: سیاسەت بریتییە لە هونەری ئینتیما دروستکردن بۆ ئەو کەسانەی ئینتیماکردنیان بە لاوە سەختە.

مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە zoon politicus

ئیشی سیاسەت ڕەنگە لە هەرە سەختترین ئیشەکانی کایەی ژیان بێت، سیاسەت ئەو شتە نەکردانە شیاو دەکات کە بە هیچ چالاکییەکی تر ئەنجام نادرێت. ئەوەی سیاسەت ئەنجامی دەدات بریتییە لە گەورەکردنی تەنی تاک بۆ تەنێکی مەزن، گرێدانەوەی تاکەکانە لەناو تەنێکی گەورەتر و یەکانگیرتردا و لەناو ئەم فۆڕمە گەورەیەدا دووبارە کار بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی مرۆڤەکان دەکات. واتە تاک لە خودە ئەبستراکتەکەی خۆیدا هیچ کاتێك نابێتە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تاوەکو خۆی ئاوێزانی تەنە کۆمەڵایەتییەکە نەکات و لەوێدا بەپێی ڕێسا دانراوەکان دەگۆڕدرێت بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، ئەم پێڤاژۆیە سلۆتەردایک بە: بەرهەمهێنانی ‘مرۆڤ لەڕێی مرۆڤەوە’ ناوی دەهێنێت.

هەڵبەتە مێژووی ئایدیا سیاسییەکان هەمیشە بریتی بووە لە مێژووی فانتازماکانی (لەگەڵ یەکتردابوون) . فانتازیا لێرەدا وێنەیەکی هەڵخەڵەتێنەر یان تەراویلکەیەک نییە، وەهمێک نییە گروهە مرۆییەکان بئیافرێنن، بەڵکو وێناندنێکی ئەکتیڤ و چالاکە. ئەوەی تاکەکان پێکەوە گرێدەداتەوە و پەیوەستداری یەکی تر دەکات بریتییە لە ئایدیاکان، لە وێنا و ئەندێشە و فانتازیاکان. لە کۆنترین فۆڕمی تەنە گەورەکاندا کە بریتی بوون لە هۆز، لە تیرە و لە خێڵەکان ئەم هاوکێشەیە ئەکتیڤ بووە:  تاکەکان بە بیرۆکەی خودایەک، تەوتەمێکەوە گرێدراونەتەوە، لێرەوەیە میتافیزیک و پۆلیتیک هەمیشە هاوزای یەکتربوون.  بە هەمان مانا دەوڵەت و خێڵ هەمان گراماتیکیان هەیە، هەردووکیان تاکە کۆنکرێتییەکان لە قەوارەیەکی ئایدیاییدا دادەڕێژنەوە.

خێڵ و دەوڵەت ئایدیان. تاک کە پەیوەندی بە خێڵەوە یان هەر گروهێکی کۆمەڵایەتییەوە دەکات ئیتر بەمە دەکەوێتە نێو فانتازیای دەزگایەکی پسیکۆییەوە. واتە تاک لە ژیانی ڕیالی خۆیەوە دەچێتە نێو کایەیەکی ئەندێشەکراوەوە کە لە ڕووی پسیکۆییەوە  دەروونی نائارامی خۆی پێ ئارام دەکاتەوە. هۆز، خێڵ، گەل و نەتەوە بۆ تاک بریتین لەو ئەنتی بایۆتیکەی کە تاکەکەس لە هەڕەشەی تەنە بێگانەکان دەپارێزێت. مرۆڤ بە تەنیا لەبەردەم هەڕەشەی گەورەتردایە وەک لەوەی لەناو خێڵ، هۆز، گەل و نەتەوەیەکدا بێت و یەک سەربان و یەک دیوار کۆیان بکاتەوە.

 چونکە شتەکە لە ڕووی مێژووییەوە بۆمان ساغ بۆتەوە کەوا مرۆڤە تاکوتەراکان حەزیان لە چوونە پاڵ یەکترییە؛ مرۆڤەکان سەربەیەکیترین. بۆئەوەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکاندا، لەپێناوی مانەوەدا بەزیندوویی پێویستیان بەوە دەبێت پێکەوە هەبن و پێکەوە بژین. ژیان لەناو خێڵدا هەمان فونکسیۆنی هەیە، هه‌مان به‌كاربردنی هه‌یه‌،  هەر وەک ژیان لەناو دەوڵەتدا. ئەویش  ئەوەیە لە هەردووکیاندا تاکەکان لەناو ڕێساکانی ئەوانی تردا کۆگیر دەکەن. خێڵ وەک قەوارەیەکی سیاسی کۆگیر بریتییە لە ئامێزێکی گەورە کە هەموو تاکەکان لەنێو خەیاڵێکدا پێکەوە لەباوەش دەگرێت، بەجۆرێک کە هەموو تاکێک هەست بکات لە هەمان باوەشدا گۆشکراوە. ئەمەش بریتییە لە کڕۆکی هیومانیزم، واتە مرۆڤ خۆی پەیوەست بکاتەوە بە مرۆڤی تری نەناسراوەوە، چونکە مرۆڤ لەو جێگایەی کە بۆ یەکتری غەریب دەبن، لەوێدا لە یەکیتری نزیک دەبنەوە. مرۆڤ غەریبەیەکی گیانی بە گیانی یەکترین (لە هەمان بەلەمدا. ل٤١).

لە كۆمه‌ڵگه‌ بەراییەکاندا مرۆڤ بوونەوەرێکی خێڵەکی بوو، ئەوسا کە دەبووە ئەندامی خێڵێک وەکو ئەوە وایە کە ئەمڕۆ ببێتە ئەندامێکی کلوبێکی هەمەگیر، یانه‌یه‌كی هه‌مه‌گیر،  واتە لەناو ئەو کلوبەدا خۆی بەسۆسیال دەکاتەوە. تەنیا لەڕێی تەنە کۆمەڵایەتییەکانەوە تاک دەتوانێت خۆی بە کۆمەڵایەتی بکاتەوە.

لێرەوەیە خێڵ لە هەموو سەردەمەکاندا بریتییە لەو قەوارە وجودییەی کە وەکو دەزگای پاراستن/ ئیمون سیستەم تاکەکان لەناو خۆیدا یەکانگیر و کۆگیر دەکاتەوە و لە هەڕەشەی لەناوچوون دەیان پارێزێت و لە ڕووی دەروونیشەوە ئارامیان دەکاتەوە، واتە خێڵ ئیمون سیستەمێکی وجودییە.

لە سەردەمی مۆدێرنەدا نەتەوەش بریتییە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خێڵ. چەمکی دووبارەکردنەوە لێرەدا بریتییە لەو هۆشیارییە مێژووییەی کە مۆدێلە بچووکەکە دەگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی گەورەتر کە هەمان سۆفتوێر و ناواخنی هەیە. ئیتر لە ڕووی فەرمان و ناوەڕۆکەوە ئەرکی خێڵ و ئەرکی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوشێوەن.

ئەگەر تەماشای هەبوونی فۆڕمەکانی مرۆیی بکەین لە دنیای کوردیدا، دەبینین خێڵی کوردی نەیتوانیوە هارمۆنیای نێوان پۆلیتیک و میتافیزیک لەگەڵ یەکتریدا بگونجێنێت. سەرۆک خێڵ ڕاستە هەڵگری خەسڵەتە موقەدەسەکان بووە، بەڵام پۆلیتیکی موقەدەسی پیادە نەکردووە. واتە ڕاستە خێڵی کوردی خۆی بەستۆتەوە بە خودایەکەوە، بە بیرۆکەیەکی دینی و میتافیزیکییەوە، کەچی نەیتوانیوە سیاسەتی دنیایی وەها پیادە بکات بتوانێت خێڵێک ببەستێتەوە بە خێڵەکەی دراوسێیەوە. لە ڕاستیشدا مرۆڤی پۆلیتیک و مرۆڤی میتافیزیک سەربەیەکترین، چونکە ئەوەی بەدوای دەوڵەتدا دەگەڕێت و ئەوەی بەدوای خودادا دەگەڕێت هاوزا و دووانەیەکی پەرەسەندوون. واتە لەپاڵ قەوارەی جیۆگرافیدا قەوارەی میتافیزیکیش دەردەکەوێت (لە هەمان بەلەمدا ل٢٨).

هەر لەبەرئەمەشە خێڵی کوردی نەیتوانیوە تەنی خۆی گەورە بکات. لەبەرئەوەشی خێڵی کوردی نەیتوانیوە کرداری دووبارەکردنەوەی دروستکردنی خێڵ لە قەوارەیەکی گەورەتردا په‌یڕەو بکات. بۆیە نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات. دەوڵەت بریتییە لە دووبارەکردنەوەی پرۆسێسی خێڵدروستکردن. شتێک کە تا ئێستا کورد نەیتوانیووە مرۆگەلێکی یەکانگیر لە قەوارەیەکی سیاسیدا دروست بکات، هۆکەی ئەوەیە کە نەیتوانیوە (پرۆسێسی دروستکردنی خێڵ)  لە مۆدێلێکی گەورەتردا دووبارە بکاتەوە. پلاتۆن دەیگووت: ئەگەر لە ژووری دانیشتن یەکگرتن و ڕێککەوتن هەبوو، لە دەرەوە دەوڵەت دروست دەبێت.

لە سەردەمی گریکی کۆندا ئەوانەی دەهاتنە ناو شاری ئەتیناوە دەبوو سەرەتا نازناوە خێڵەکییەکانیان لە خۆیان فڕێبدەن، واتە بۆ ئەوەی ببنە هاووڵاتی ئەتینایی دەبوو ئامادەبن واز لە ڕیشە بچووکەکانیان بێنن و ببنە ئەندامی كۆمه‌ڵگه‌یەکی گەورەتر. بەڵام با ئێمەش بپرسین: ئایا ئەو کردەوەیە چ پاڵهێزێکی تێدایە کاتێک کۆمەڵە مرۆڤێک، با بڵێین خێڵێک، دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ناو قەوارەیەکی گەورەتر لە شێوەی گەل یان نەتەوەدا؟

دیارە سروشتی خێڵ کتومت بریتییە لە سروشتی دەسەڵات. وەک چۆن دەسەڵات هەمیشە دەیەوێت زۆرتر بێت و زاڵتر بێت، خێڵیش بە هەمان شێوەیە. شتێکی سەیر لەناو سروشتی خێڵی کوردیدا تێبینی بکرێت ئەوەیە هەرگیز نەیویستووە زۆرتر بێت و زااڵتر بێت. خێڵە کوردییەکان سترەکتورێکی داخراویان هەیە، سیستەمی ئیشکردنیان ڕێک وەک سیستەمی هەنگ و مێروولەیە، نێو ڕێکخستنێکی داخراوی تۆکمەیان هەیە کە بە هیچ شێوەیەک تێکەڵی دنیای دەرەوە نابن و مەیلی ئەوەشی نییە خۆی بەرفراونتر بکات.  هەربۆیە تێکڕای کورد وەک کۆمەڵێک خێڵی تاکوتەرا و پەرشوبڵاو دەبینرێت.

 بەم پێیە کورد یەک یەکەی ڕەگەزی و ئیتنی و زمانەوانی نییە، بەڵکو بریتییە لە چەندین یەکەی کۆمەڵایەتی کە لە قەوارەی خێڵ و هۆز و تیرەی جیاجیادا هەر یەکەیان لە دوورگەیەکی دابڕاو لەوی تر کایەی ژیانی خۆیان دروستکردووە. بەبێ پەڕینەوە لە دوورگەیەکەوە بۆ دوورگەیەکی تر لە ڕێی دۆزینەوەی (پردێکی هاوبەشەوە) وەکو ئامڕازی پێکەوەگرێدانەوە، گەورەبوونی خێڵ بۆ نەتەوە شتێکی نەکردەیە. هونەری سیاسەتیش لە کڕۆکی خۆیدا بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو پردە هاوبەشە،  بریتییە لە داهێنانی میدیۆمێک کە تێکڕای دوورگەی خێڵەکان بە یەکتر بگەیەنێت. ئێمە ئەگەر مرۆڤ وەکو ئاژەڵێکی سیاسی پێناس بکەین، ئەوا دەبێت ئەوەش ساغ بکەینەوە کەوا لە نێوان مرۆڤەکاندا هێزی گرێدانەوە و پردی بەیەکگەیاندن و ئامرازی ئاڵوگۆڕکردنەوە هەیە. سیاسەت لە هەر شێوەیەکیدا پیادە بکرێت ئەوا هەر لەناو کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەکرێت، هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تاکگەری ناتوانێت سیاسییانە بێت. کەواتە هەموو جڤاتێک بریتییە لە پرۆژەیەکی کایەسازی. وەک سلۆتەردایک دەڵێت؛ بوون بریتییە لەناو کایەدا ــ بوون.  لێرەوەیە ئەوەی لە دنیای ئێمەدا ئیشی بۆ نەکراوە، بەلایەنی کەمەوە لە سەدەی نۆزدە و بیست و بیستویەکیشدا، فەرامۆشکردنی ئەو ئامرازەیە، ئیشپێنەکردنی سیاسەتە وەک هونەری پێکەوەگرێدانەوەی خێڵ و گروهە مرۆییەکان، شێوەگیرکردنیانە لەناو قەوارەیەکی گەورەتر لە خێڵ. دراماتیکیترین قۆناغی ئەم مێژووەش لە دوای ڕاپەڕینەوە دێت کاتێک فۆڕمێکی سیاسییانەی دەسەڵاتی کوردی لەدایک دەبێت، بەڵام دوا جار بە مۆتۆڕە دێرین و کلاسیکییەکەوە دەبزوێت، مۆتۆڕی خێڵی دورگە دابڕاوەکان کە هەر شارێک لەو دەڤەرە دەبێت دوورگەی خێڵێکی سیاسی و لە هەر شارێکدا زمانێک و گوتارێکی لێکدابڕاو دەپەیڤێت، بێهۆ نییە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئەمڕۆشدا پێیان دەگوترێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد. ئیتر مۆدێلی حیزب نیمای مۆدێلی خێڵ بەرهەم دەهێنرێتەوە.

  من ئەم کارەساتە بەراورد دەکەم بەکارەساتی داڕووخانی بابیلیۆن؛ کاتێک گەلانی بابیلیۆن کاریان بۆ ئەوە دەکرد هەموویان لەناو قەوارەیەکی یەکگرتوودا بژین و یەکانگیرییەکی زمانەوانی بئەفرێنن. ئیدی یەزدان بەمە تووڕە دەبێت و ڕازی نابێت گەلێکی وەها مەزن هەبێت و دەڵێت: دەبێت زمانەکەتان وەها لێ بشێوێنم کە هەر یەکەتان بە زەحمەت بتوانێت لەوی تر تێ بگات.

ئەوەبوو گەلی بابیلیۆنی کردە چەندەها گەل و زمانی جۆراوجۆر،  واتە ئەم کارەساتە وای کرد شاری یەکانگیر شکست بهێنێت لەپێناوی ئەوەی خێڵ، هۆز و تیرەکان سەرهەڵبدەنەوە. ڕووداوێک کتومت وەک ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بەسەر هەرێمدا هێنای، کارەساتی زمان وای کرد لە هەر زۆنێک خێڵێک و لە هەر خێڵێک زمانێکی ئاخافتن، نووسین و بیرکردنەوە باڵادەست بێت، کە تا ئێستاش زۆر بەزەحمەت لە یەکتری تێدەگەن. کەواتە دەسەڵاتێکی وەها کە خوازیاری گەیشتن بە فانتازیایەکی گەورەی خۆی نەبێت، دەبێت خۆی ڕادەستی هەلومەرجە بچووکەکانی واقیعەکەی بکاتەوە. واتە دەسەڵاتی کوردی كۆمه‌ڵگه‌ی لە ڕێی دووبارە یەکگرتنەوەوە  گەورە نەکردووە، بەڵکو لە ڕێی دووبارە پەرتکردنەوەوە فرەتری کردووە. هەر لەبەرئەمەشە لەو دەڤەرە ناتوانین بڵێین هەموومان لەناو بەلەمێکداین، بەڵکو هەر زۆنە و لەناو بەلەمێکی خۆیدایە و یەکێکیان سەوڵ بەرەو تورکیا و ئەویتریان بەرەو ئێراق و ئەویتریان بەرەو ئێران  لێدەدات.

 بێ فانتازیاترین دەسەڵات لەسەر گۆی زەوی دەسەڵاتی کوردییە، چونکە نەیتوانیووە هونەری سیاسەت بۆ کۆگیرکردنی خێڵەکان پێڕەو بکات، بەڵکو ئەو پتر کاری لە پەرتکردنەوەی هەرچی زۆرتری كۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا کردووە. بەمەش لەبری ئەوەی هەرێم و تێریتۆریۆمێکی سیاسی و قەوارەیەکی سیاسی بئەفرێنێت،  شاری وەکو دوورگەیەکی دابڕاو لە شارەکانی تری هەرێمەکە ئەفراندووە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکووک هەموو لەنێو یەک نەخشەی سیاسیدا نین، بەڵکو چوار دوورگەشاری پڕ خێڵی لێکدابڕاون کە خاوەنی چوار زمانی جیاوازن. بەپێی سلۆتەردایک: پرۆژەی ڕاستەوخۆی هەموو جڤاتێک بریتییە لە خۆحەشاردانیکی درێژخایانی گرووپەکان لەناو ڕووپۆشێکی مۆرفۆلۆگیدا (  کایەکان. بەرگی دووەم .ل ٢٠٠ 2  –  ).

 لێرەوەیە کورد وەکو خێڵ بەو کردەوەیەدا گوزەریان نەکردووە کە خۆیان لەناو قەوارەیەکی ئەرشیتێکتۆریدا کۆگیربکەن. واتە شتێک نییە ئیتر پێی نه‌ڵێین ماڵی کورد، نەبوونی ئەم خواستە بۆ دروستکردنی بنمیچێکی سیاسی هاوبەشه‌ کە هەموو خێڵەکان لە سایەیدا ئارامی سیاسییان مسۆگەر بکرێت.  لە کاتێکدا لە مێژووی گەلاندا هەمیشە هاوکێشەکە وەها ڕەوتی گرتووە، چونکە خودی گەل خۆی چییە جگە لە: ئیفێکتێکی مۆرفۆلۆگی (بڕوانه‌؛ كایه‌كان گۆکان. ل ٢٠١    (2-

شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌یدا، شێخ ڕه‌ئوف (ده‌سته‌ چه‌پ) و شێخ بابه‌عه‌لی (ده‌سته‌ ڕاست) – ١٩٢٠

 بەم پێیە دەبینین هیچ خێڵێکی کوردی و هیچ ئەندامێکی ئەو خێڵانە کە دێنە شارەوە ئامادەنین دەستبەرداری نازناوە خێڵایەتییەکەی خۆیان بن، بەپێچەوانەوە لەنێو شاردا خێڵ لە قەوارەی بچووک و مۆدێرندا دروستدەبنەوە، واتە شار لە دونیای ئێمەدا بریتییە لەو دایەنگایەی دووبارە خێڵە دابڕاوەکان گۆشدەکاتەوە. لێرەوەیە هێشتا بۆ دنیای ئێمە دژوارە بڵێین شار و هاوشاری دروستمان هەیە. کەواتە ئەوەی ئێمە ناتوانین ببینە قەوارەیکی یەکانگیری گەورە هی ئەوەیە، کە نەمان توانیوە فانتازیای قەوارەیەکی گەورە بۆ خۆمان بکەین. خەیاڵ، فانتازیا و ئایدیا هەنگاوی یەکەمی چوونە ناو ڕیالەوەن، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: كۆمه‌ڵگه‌کان تا ئەوکاتە كۆمه‌ڵگه‌ن کە بتوانن سەرکەوتووانە وێنای خۆیان وەکو كۆمه‌ڵگه‌  بکەن.

فرەییبوون و پارچە پارچەبوون وا دەکات خەڵکی بیر لە ئینتیماکردن بۆ شتە گەورەکە نەکەنەوە، خەیاڵیان لەو شتە یەکانگیرە نەبێت کە هەموو تاکەکان کۆگیر دەکاتەوە.  پەرتبوونەوەی خێڵەکان جۆرە پاشاگەردانییەکە ئاماژە بە سستبوونی ئەو خێڵانە دەکات لەوەی بتوانن خۆیان لە فۆڕمێکی گەورەتردا وێنا بکەن.

 ئەمڕۆش تا دێت لە شارە گەورەکاندا كۆمه‌ڵگه‌ی نیشتەجێبوون لە شێوازی دوورگەیەکی دابڕاو لە تەواوی كۆمه‌ڵگه‌ی شاری دروست دەکەن.  بە نموونە: شاری ناز، یان گوندی ئەڵمانی و گوندی ئیتاڵی هەموو ئاماژەن لەسەر گەڕانەوەی خێڵ لە فۆڕم و ئەرشیتێکتۆری مۆدێرندا.  لێرەوەیە (خۆبەکۆمەڵایەتیکردن) لە ڕێی میتۆدێکی نەیارەوە دێتە دی کە بریتییە لە (خۆناکۆمەڵایەتیکردن). وەک سلۆتەردایک دەڵێت: سۆسیالیزم خۆی وەکو ناسۆسیالیزم هێناوەتە دی (هەمان بەلەم ل ٧٥).

 ئەم ڕستەیەی سلۆته‌ردایك دەرخەری هەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە لە گوتاری ‘‘ئایا بەڕاستی خێڵەکان دەگەڕێنەوە 3”كه‌ له ڕێكه‌وتی27.01.2018‌  له‌ ڕۆژنامه‌ی (تسیورخی نوێ –Neue Züricher Zeitung.) بڵاوی كرده‌وه‌ بە: ”دابڕاوی گرێدراو” ناوی دەهێنێت. واتە خۆی دابڕاندووە لەوانی تر بەڵام بەبێ ئەوانی تریش بوونی نییە. خێڵەکان لە ڕۆژگاری ماسمیدیا و سۆسیال میدیادا بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێنەوە. هەر گروپێکی مرۆیی لەناو بازنەیەکی دیاریکراو پەیوەندی هاوڕێیەتی دەبەستێت و بەمەش خێڵێکی پەسەندکراوی خۆیان لە تۆڕبەندی ئینتەرنێتیدا دروست دەکەن، یان هەر دەستەیەک لە نوسەران و ئەدیبان، یانەیەکی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن. هەر هونەرمەندێک و گەلەری و ستۆدیۆی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە. ئاوەها تا دێت كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن خۆی دابەشی یەکەی کۆمەڵایەتی بچووک بچووک دەکاتەوە، کە جگە لە هۆز یان خێڵ هیچ شوناسێکی تریان هەڵنەگرتووە.

کەواتە ئەو کتێبەی کە هێشتا لەسەر مرۆڤ نەنووسراوە، وەک سلۆتەردایک دەڵێت، دەشێت یەکێک لە داهاتوودا بە ناونیشانی : ”خێڵە کراوەکان و دوژمنەکانی” بێت، ئه‌و   بینووسێت.

سه‌رچاوه‌كان

  •  1.Peter Sloterdijk, Im selben Boot, Shurkamp 1995.

2.Peter Sloterdijk, Spären II, Shurkamp, 1999.

 3. Peter Sloterdijk, Kehren die Stämme tatsächlich wieder, Neue Züricher Zeitung. 27.01.2018.

 

 ته‌وه‌ره‌ی (گه‌ڕانه‌وه‌ی خێڵه‌كان) – كولتور مه‌گه‌زین ژماره‌ ٣

 

١. ئایا به‌ڕاستی خێڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟ – پیته‌ر سلۆته‌ردایك – وه‌رگێڕانی له ‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌ ؛ به‌كر عه‌لی 

٢. كاتێك خێڵه‌ نوێیه‌كان له‌دایك ده‌بن – ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

٣. خێڵی كراوه‌ و دوژمنه‌كانی – به‌كر عه‌لی

كولتور مه‌گه‌زین ژماره‌ ٣
ساڵی ٢٠١٨
Culture Magazine Issue 3

‌ ژماره‌ 3 كولتور مه‌گه‌زین له‌كتێبخانه‌كاندا به‌ده‌ستبهێنه‌

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.