Kathy Ring

سێوە لاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم


Loading

عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

سبەینان كە لە خەو ڕادەبووم، بالیفەكەم تەڕاییی فرمێسكەكانی شەوێمی بە سەرەوە دەما، تەڕاییەكی نم و كزر. شەوان كە لەبیركردنەوەكانم ڕادەچووم، فرمێسكم جۆگەلەی دەبەست. بیرم نایێ شەوێكی منداڵیمم بێ گریان بەسەر بردبێت، بەدەست خۆم نەبوو من هەر لە منداڵییەوە گرینۆك بووم، زۆر شەوانیش ئەوەندەی یەك كوندە، میزم بەخۆمدا دەكرد، بۆیە جێوباڵینگانیشم گەلێكجار بە تەڕی دەمایەوە.

 

 من كە بە  نازی دایكە قەشەنگە جوانەمەرگەكەم (دایە بەسێ) گەورە بووبووم، كەچی دوای مەرگی لە ناكاوی، لە هەموو نازێكی منداڵی بێبەش مامەوە. ڕۆژانە دوای ئەوەی بابم دەڕۆیشتە دەرەوە، ئیتر زەبروزەنگە دەروونی و جەستەیییەكانم بە هۆی دایكە تازەكەمەوە سەریان هەڵدەدا. قەت ئەوەم لەبیر ناچێتەوە كە لە باوەشی دایكی خۆم خەو دەیبردمەوە، ئەو یادگارییانە خۆشترین سۆزی ڕابوردوومن، بۆنی سینگ و بەرۆك و مێخەكەكانی گەردەنی كێلی، بەرامەی ڕەشە ڕەیحانەكانی گیرفانی، كراس و كورتەكە بە باقوبریقە سیمدارەكەی، تا ئەو ڕۆژەی شۆڕی ناو قەبرێم دەكەنەوە لە خەیاڵدانم ناسڕێنەوە، هیچ ئیسراحەتێك ناگاتە ئیسراحەتی ئەوەی كە سەرم بە كۆشی ئەو دەكرد، باڵای شەنگی پڕ بوو لە زڕیوپۆليی، كڵاوە هەورییە پڕ لە كۆترۆكەكەیم قەت لە دیدە ناسڕێتەوە. كۆچی ناوادەی دایەم منی لە هەموو جوانییەكانی منداڵی دابڕی.

 

بابم دەمێك بوو هەستی كردبوو ئەو زڕدایكە مەلعوونەم كە لای خۆم بە (مەلعوونخانم) ناوزەدم دەكرد، لێم ڕقەستوورە و گەر بۆی بلوێ دەست لە خنخنۆكم دەنێ و تا حەیاتم لێ دەبڕێ لێم نابێتەوە. لەمێژە گوتراوە: (ئەگەر دایك بووە زڕدایك، ئەوا بابیش دەبێتە زڕباب)…بابە مستۆ كە لە دایەرەی ئەشغال نۆبەتداری كۆگا بوو، سبەینان لەگەڵ شیڕەی نێرەكەر لە دەرگای حەوشە ئاودیو دەبوو و تا دوای عەسرێكی درەنگ چاومان پێی نەدەكەوتەوە. تا دایە بەسێم مابوو، ئاگام لەو نەبوو، نەمدەزانی كەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەی دەگەڕێتەوە، خۆ ئەو نەیدەزانی ژنە تازەكەی كە وەرمدەگەڕایێ، جەستەی خنجیلانەمی لە ختوخۆڕا بە قەمپاران هەنجن بە هەنجن دەكرد. بەڵام دەیزانی كە منی منداڵی حەوت ساڵان لێی هەراسانم، پەشۆكاوی ئۆقرەی لێ بڕیبووم و دەیزانی نەك  تۆزقاڵێ مێریڤانیم بەرانبەری نییە، بەڵكو ڕقی دونیام لێیەتی، ئەمە بابمی زۆر نیگەران كردبوو، من تەواو هەستم بەوە دەكرد، بۆئەوەی لەو كەشە مەرگەمووشاوییەم بێنێتە دەرەوە. ڕۆژێكیان بانگیكردم، تێری ماچی كردم و پێنج فلسی زیادەشی لەباخەڵنام و پێگووتم: كوڕێ من، وا چاكە لێرەوە، لەو تەمەنەوە خۆت بە كار و كەسابەت ئاشنا بكەی…من تێینەگەیشتم تا پێشنیازی بۆ كردم كە دەیهەوێ بمخاتە بەردەست دوكاندارێكی هاوڕێی كە وەستای دروستكردنی كورسی و قەنەفە و تەختەی دار بوو، با بڵێین دارتاش بوو.

 بەیانییەكەی بردمییە لای وەستا عەزیزی نەجاڕ، كە پێشتر لەمبارەوە قسەی لەگەڵ كردبوو. دوكانەكەی وەستا عەزیز بەرانبەر مەكتەبی بۆتان بوو، لە ڕیزی چایخانەی ئاغا دزەییەكان. بەیانیی ڕۆژی دووەم سبەینە زوو بۆ یەكەمجار، بووم بە شاگردی وەستایەكی كەچەڵی سەر ڕووتاوە، وەستا عەزیز بەردەستیی پێ دەكردم، سەرباری وردە ئیشی دارتاشی، دەیناردمە سەعدووناوە وردە كەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵەوەشی پێ دەكڕیم، دەیناردم چای لە چایخانەكەی مام ڕەحمان بۆ خۆی و میوانەكانی بێنم، درەنگانی پاش نیوەڕۆیان دە فلوسی دەدامێ و بەڕێی دەكردم، كە دەگەیشمە ماڵەوە، دەبووا دە فلوسەكە لە مستی زڕدایكەكەم بنێم، ئەو وای ڕاهێنابووم، خۆ نەدەوێرام ڕۆژێ پێنج فلوس خەرج بكەم.

وەستا عەزیز پیاوێكی غەدداری چاو حیزی بەد ڕەوشتی جەمالسێوان بوو، یەكجار زۆر لێی بە هەستوخوست بووم، كە ئەو لە دوكانێ بە تەنیا دەمایەوە، من نەدەوێرام لە ژوورەوە بم، بەڵكو لەبەر دەرگا هەڵدەترووشكام و چەندی بانگ بكردبام قەت لای نەدەمامەوە. دە  ڕۆژێك لەم كارەم بەردەوام بووم. بیرمە سبەینەیەكی  ڕۆژی هەینی، بابم دەیبردمە لای ناسیحی حەللاق كە دوكانەكەی بە تەنیشت حەمام عەسرییەوە بوو لە كۆڵانی عارەبان تا سەروپۆتەلاكم چاكبكات، بە بابمم گووت؛ چیتر من ناچمەوە لای وەستا عەزیز، چونكە پیاوێكی ئەخلاقسزە و من لەوانە نیم مل بۆ داخوازییە پۆخڵەكانی بدەم، من دەمەوێ ئیشێكی ترم بۆ بدۆزییەوە….دامنابوو گەر بەقسەم نەكا، سەری خۆم بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەڵگرم. بابم لە وەزعەكەم تێگەیشت. ڕۆژی شەممەم بێ ئیشوكار لەگەڵ منداڵانی كۆڵان بەسەربرد، ئەو منداڵانەی كە بەنازی دایك و بابیان لە كۆڵان كەیفساز بوون و منیش دڵ و دەروونم پڕ بوو لەو گرێیانەی كە ژیانی نالەبار و چارەنوسم تێیچاندبووم.

 ئێوارەی شەممە بابم بانگی كردم و گوتی واچاكە بۆ خۆت ئیشی سەربەخۆ بكەی و بە ئازادی خۆت پێبگەیەنی و كەس وەك چاودێر و وەستا بەسەرتەوە نەبێ، پێمباشە دەسگێڕی بكەی و من سەبەتەیەكی بچووكی تریانی نووردییە نانت دەدەمێ و یەكەم ڕۆژ دەتبەمە لای محێدینی دوكاندار لای شێخی چۆلی و چەند كیلۆیەك سێوەلاسۆرەت بۆ دەكڕم و بڕۆ بۆ خۆت لە كووچە و كۆڵانەكان بگەڕێ و تاك تاكە بیانفرۆشە منداڵان. مام محێدین باوكی شوانی هاوڕێم بوو (ئێستا كاربەدەستێكی گەورەی میرییە) كه پیاوێكی خانەدان و هەژاردۆست بوو و لە زۆر ئیشوكاران، هاوكاريی بابمى ده‌كرد.

یەكەمین ڕۆژی ئەم كارە تازەیەم لە كووچە و كۆڵانە تەنگەبەر و ناڕێكەكانی تەیراوە بە ئاسوودەیی بردە سەر، دوو دانە سێوەلاسۆرەم بە پێنج فلوس دەدا. بیرمە دەچوومە نێو كووچەكانی دەوروبەری چایەخانەی باییز بەولاوە و بە هەموو گەرووی خۆم هاوارم دەكرد؛ سێوەلاسۆرە سێوەلاسۆرە، سێوەسۆرەی مزر و خۆش، دەی وەرن دووی بە پێنج فلوس…هەموو دەوروبەری نیوەڕۆیانیش دەچوومە سەر عەرەبانەكەی مام عیزەدین و یەك سەندەویجی تەواوم بە توورشییەوە دەخوارد. ئێوارە كە دەگەڕامەوە دەنگم دەنووسا، ئەوەندەم هاوار كردبوو، ئێوارەی یەكەمین ڕۆژم لە ڕێی گەڕانەوە تەواوی پارەكەمم ژمارد، بۆم دەركەوت درهەمێكم قازانج كردووە، ئەمەش لەچاو كاری پێشووم بڕە پارەیەكی زۆرتر بوو.

 ئەم دەسگێڕییەم جگە لە سەربەخۆیی و دەروون ئاسوودەیی و  وابەست نەبوونم بە كەسێكی دیاریكراوەوە، قازانجێكی تریشی بۆم هەبوو كە ئەوە بوو دەمتوانی ڕۆژانە شتێك بۆخۆم خەرجبكەم بەبێ ئەوەی مەلعوونخانم پێیبزانێ. تا دەهات زێتر شارەزای سێوفرۆشی دەبووم و قازانجم ڕووی لە زیادی دەكرد

ئێوارەیەكیان لە قەڵا نزیك كەوتمەوە و حەزی چوونە سەر قەڵا و سێوفرۆشییەكەم هانیدام بە دەروازەكەی ئەودیوو، وردە وردە سەركەوم، كە دەرگاكەی ڕووی لە بازاڕی قەیسەرییە. تازە لای شێخی چۆلییەوە دەهاتمە ئەو ناوە، بە هانكەهانك سەركەوتمە سەر قەڵا، كە یەكەمجارم بوو سەر دەكەوتم، ڕێگا پێبڵكەكەی یەكجار ڕك و قوڕاوی بوو، بە هەر جۆرێ بوو، سەركەوتم و ئەوێم زۆر بەلاوە نامۆ بوو و هەستی ئەوەم هەبوو وەك ئەوەی چووبمە شارێكی دیكەی دەرەوەی هەولێر. لەوێ‌ زۆرم سێوەلاسۆرە فرۆشت، دەمەو نیوەڕۆ داهات و نیوەی سەبەتەكەم لە سێو بەتاڵ ببوو، بەڕكم پڕی پارە بوو. دوای گەڕان و سووڕانێكی زۆر، لە دەرگای ئەودیو نزیك دەكەوتمەوە كە منداڵە قەڵاتی خەریكی شەڕ پێفرۆشتنم بوون، ناچار هەنگاوەكانمم خێراتر كرد و كە گەیشتمە دەرگای دیوی مەحكەمە، پشووێكی پڕ لە فەرامۆشیم وەرگرت و هەوای ساف و فێنكی ئەو ناوە، ئارامییەك و دەرووناسوودەیییەكی دامێ‌، خەریكی هەنگاونان بووم بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی بەرەو ماڵ ببمەوە، لە ناوەندی ڕێگاكە كە ڕێیەكی زۆر ڕك و قوڕاوی بوو، هەستم كرد لە خوارەوە غەڵبەغەڵبێكی زۆرە و كە تەواو دیقەتمدا، زانیم ئەمە گەلەكۆمەی منداڵە وردكە و هەرزەكارانە بۆ هێرش و هەڵكوتانە سەر قەڵا. بەرد هاوێشتنێك بوو نەبێتەوە! هەر نیمچەگاشە بوو لە تەنیشتمەوە گڤڤەی دەهات و  بە عاردی دەكەوت. ئەم وردكە كەرپووچبارانە لەكوێوە هات خوایە گیان؟ بە پەلە بەرەو چوونەوە ناو قەڵا تا بڕستم تێدا بوو ڕامكرد، زانیم شەڕە بەردی نێوان قەڵا و تەیراوەیە، شەڕێك بوو ئەسكووی تێ نەدەگەڕا. هەمووجار شاكری مامم بۆی باسدەكردم كە چۆن بەشداریی قارەمانانەی لەو شەڕانەدا كردووە، مامە شاكر وەك چۆن فیلم دەگێڕێتەوە، ئاوا داستانی قارەمانێتیی خۆی و هاوڕێكانی تەیراوەی بۆ باس دەكردم. باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە چۆن بەهێرشی ئازایانەیان، منداڵە قەڵاتییان ڕاوناوە و لەناو قەڵایان پەستوونەتەوە و دواتر چۆن سەر قەڵا كەوتوون و چۆنیش تا كۆشی دایكیان سەریان لەدوو ناون.

 هەنگاوەكانمم خێراتر كردن و لە سەرەوەی قەڵاش لە لێوارەكەیەوە هێرشبەرانی قەڵا تا هێزیان تێدا بوو وردە گاشەبەردەكانیان دەهاوێشتە تەیراوەییەكان، لەو ناوە خڕكەبەردێكی گەورە بەر شانی چەپم كەوت، خوێن بازرەقەی بەست و ئەوەی باش بوو دەسەسڕە گەورەكەمم لە شانوپیلم ئاڵاند و دوای كەمێك خوێنەكەی وەستا. شەقاوە هێرشبەرەكانی تەیراوە منیان بە هێرشبەر و سەردەستەی قەڵاتییەكان دەزانی و ئەوانەی قەڵاتیش تا هێزیان تێدا بوو هێرشیان بۆ سەر من زیاد دەكرد، ناچار ڕوو لە خوارەوە بكەم و تا هێزم تێدابوو لاتەریكانە هەنگاوم نا، لەپڕ هەڵخلیسكام و خراپ گلام، تاكە پێڵاوە لاستیكە شینكەلەكەم و سەبەتە سێوەكەم لەدەست چوون و غلۆر بوونەوە و هەر سێوەی بەلایەكدا چوو. بەهۆی ئازارەكەی شانم ئاگام لە سەبەتە و سێو نەما. كە گەیشتمە دامێنی قەڵا، هەندێ‌ لە تەیراوەیییەكان بەهۆی هوروژمیان بۆ سەركەوتنە سەر قەڵا، خۆیان و دارلاستیك و بەردەقانییە پڕ لە خڕكە بەردەكانی دەستیان هەنگاویان دەنا و ئاگایان لەمن بڕابوو، منیش خۆمم دابووە لایەك، كەچی چەندانێكیشیان بەدوامەوە بوون تا گرتمیان، خەریكبوو خۆمیان لەدەست ڕاپسكێنم، كەچی ئەوان بەهێزتر بوون و تا تێمگەیاندن كە من شەكەراتفرۆشم و قەڵاتی نیم و لە كۆڵانی عارەبانەوە هاتووم و پێوەندییەكم بەو شەڕانەوە نییە و هەر بۆ فرۆشیاری چوومەتە ئەوێ‌، چەندانێكیان وەرمگەڕانێ‌ و دەمولێویان پڕ خوێن كردم، پارەكەی گیرفانمیان دەرهێنا و بەرەڵڵایان كردم.

بە لاكەلاك ملی ڕێگام گرته‌به‌ر و گەیشتمەوه‌ دەوروبەری ماڵەوە، یەكسەر خۆمم كوتایە ناو مزگەوتی حاجی حوسێن و نەمهێشت مام دەروێشی خادیمی مزگەوت بمبینێ، سەروسەكوتی خۆمم بەو سەرمایە دایەبەر شێرەی ئاوەكە و نەمهێشت ئاسەواری تێهەڵدانەكەم بە ڕوخسارمەوە بمێنێ، دواتر لە ترسی مەلعوونخانم نەوێرام بچمەوە ماڵەوە، بۆیێ ناچارمام خۆم تا دەمەو بانگی مەغریب دوابخەم، تا باوكم دێتەوە و بەسەرهاتەكەمی بە وردی بۆ باس بكەم. ڕووەو ژێر قادرمەكانی مزگەوت هەنگاوم نا، كە پڕی بوو لە تاتەشۆر و دارەبازە و كۆنە مەسینە و قاپقاپی شكاو. جەستەی وردمم لەنێو دارەمەیت و تاتەشۆرە شەقوشلۆقەكان بزر كرد و خەوێكی خۆش بردمیەوە، لەخەوما پڕ بە بنار و لاپاڵی قەڵا زەبەلاحەكە سێوەلاسۆر دەهاتنە خوارەوە و لە خۆشییان نەمدەزانی باوەش بە چەندانێكیاندا بكەم. داده‌نیشتم سێوه‌لاسۆره‌م پڕ كۆشم ده‌كرد و له‌گه‌ڵ منداڵه‌ وردكه‌كانی هاوڕێم له ‌خۆشییان سێومان له ‌یه‌كتر ده‌گرت و به‌وپه‌ڕی پێكه‌نین و خۆشییه‌وه‌ ڕاكه‌ڕاكه‌مان بوو، لە پێكەنین و ڕاكەڕاكەی خۆم خەبەرم بووەوە و كە به‌ئاگا هاتم مەغریب بانگی دەدا. هه‌ستمكرد له‌ ناوك به‌خواره‌وه‌م ته‌ڕ ته‌ڕ ببوو و خه‌ریك بوو ده‌قه‌سریم و وه‌ك بیی ناو ئاو هه‌ڵده‌له‌رزیم. ئێستایشی لەگەڵدا بێ نەمزانی لەترسان بوو یان بەهۆی خەوە قووڵەكەمەوە بوو كه‌ بەقەد یەك كوندە، میزم بەخۆمدا كردبوو!

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.