سیمای ئەو دنیایەی کە دەبێت دروستی بکەین

Loading

عه‌زیز ڕه‌ئوف
عه‌زیز ڕه‌ئوف

دروست ئێمە لە دنیایەکداین کە بە دڵمان نییە، لەبەردەم ئەزموونێکداین شکستی خواردووە و بێئیشەکان خەریکی پینە و پەڕۆکردنین. کاتی ئەوەیە قسە لەسەر فۆرمی ژیانی خۆمان بکەین، چ فۆرمێکمان دەوێت؟ دەبێت فۆرمی ئەو دنیایە چی بێت کە پیویستە دروستی بکەین؟
ئەو دنیایەی دەمانەوێت دەبێت قسە لەسەر هەموو شتێک بکەین و نابێت تابوی هەبێت. هیچ شۆڕشێک بێ قسەکردن لەسەر دین بێ جیهانبینی نوێ بۆ دین و ڕیفۆرم لە دین بوونی نیە، هەڵهاتنی خۆری دنیایەکی نوێ بەبێ قسەکردن لەسەر کۆی پیرۆزیەکان دنیایەکی تاریکە.
بەر لە هەر شت دەبێت خۆت بیت. ئەوە تۆی بەچکە بەرپرسێک دەبنی سێڵفی لەگەڵ دەگری، تۆ تا نەگەیتە ئەو قەناعەتەی کە تۆش وەک ئەوانی تری، تۆ تا نەگەیتە ئەو بڕوایەی کەس لە تۆ جیاوازتر نیە، قسە لە دنیایەکی تر کەلێنی گەورەی تیایە.

ئەى هەژاران لە برسا ڕادەپەڕن؟ ئێ خۆ بەچکە چۆلەکەش برسی بێت هەر هاوار دەکات، کێشە لە شوێنێکی ترە. ئەی هەژاران ئێوە نەبوون لە 17ى شوبات بەردتان لە بارەگای ستەمکارەکان دەگرت و نانبڕاو دەکران و چەکدارەکان کۆڵان بە کۆڵان دواتان دەکەوتن، ئەی پێم بڵێ دوایی کێ بوو بە مدیر عام و ڕاوێژکار و وەزیر و پارلەمانتار؟ بە گومانەوە بجوڵی، ئەگەر دنیات بە دڵ نیە بیر لە دنیای داهاتوو بکەرەوە بە گومانەوە، بەچکە بەراز بەسەر خۆتەوە مەکە بە بەرپرس.

بیر بکەرەوە، کەس بەرپرسێکی کوردی بینیوە کچەکەی لەسەر عەشق بکوژێت؟ ئەوە تۆی بە ژنکوژ ناسراوی، تۆڵەی بەرپرسەکان لە منداڵەکانت دەکەیتەوە، سەختە ژنکوژ شۆڕشی پێ بکرێت.
تۆ لەو مەخلوقانە مەبە دڵخۆش بیت ئومەتێک بە بێ خوێندنەوە بتوانێت دەسکاری دنیا بکات، لەو مەعدەنە مەبە باوەڕ بە کۆمەڵگەیەک بکەی ئامادە بێت بە سەعات گوێ لە پیاوێکی دینی بگریت کە دەڵێت نابێت بەبەرچاوی خەڵکەوە ئافرەت مۆز بخوات. تۆ ترست لە هاتنی داعش هەیە، بەڵام ترست نیە لە عەقڵی داعش کە لە تەنیشتی خۆتەوەیە، لە مینبەری مزگەوتەکاندایە، لە جەستەی گەنجێکی سەلەفیدایە.

هیچ هێزێک نیە بتوانێت بەبێ فۆرمێکی نوێ لە ئەدەب و هونەر و گەڕانەوەی زەوق بۆ هونەر بتوانێت یەک سانتیمەتر قەزیەی ئێمە بباتە پێشەوە. هیچ هیزێک نیە بتوانێت گۆڕان دورست بکات گەر بڕوای بە جیاوازی ڕەگەزی هەبێت. یەک گەرد لە داڵتایە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە و شەرەفی خۆت لای مێینەکانت دەبینیتەوە، ئەوە هەرگیز جورئەت نەکەی قسە لە دنیایەکی نوێ بکەی.
گەر تاکە قسەت ئەوەیە جێ بە ستەمکاران چۆڵ بکەی و وەک ئەوانیش ڕەفتار بکەی ئەوە دەبێت لە ئێستاوە خۆت بۆ هاتنی ستەمکارێکی تر ئامادە بکەی. دەبێت تەفسیری ترت هەبێت بۆ دەسەڵات، بۆ مادە و بۆ دەوڵەمەندی، بۆ شوێن و بۆ ڕاقیەت، بۆ ژیان و عەشق. ژیان بریتیە لە کار و عەشق، بەبێ عەشق شتێک نیە ناوی شۆڕش بێت، بەبێ کار، قسەکردن لەسەر دەسکاریکردنی ئێستای دنیا جگە لە دووبارەبوونەوەی ئێستا چیتر نییە.
ئەگەر تەماشای سەربڕینی مەڕێک بکەیت و دڵت خورپە نەکات، ئەوە ڕۆحیەتی گۆڕانکاری لەتۆدا مردووە، ئەگەر هەست بە تیژی ساچمەکەک نەکەی کە چۆلەکەیەک تیرۆر دەکات، ئەوە لە ئێستاوە تۆ جەستەیەکی مردویت و ناتوانیت ژیانی خۆت دەسکاری بکەیت. تۆ تا ئێستا سەگ ببینیت بەردی تێ دەگری، کوێی دنیای ئێمە دەسکاری دەکەی؟ دەسکاریکردنی ژیانی تۆ ئازایەتی دەوێت، تێکی مەدە و بە چارەڕەشی خۆتەوە دانیشە، گۆڕینی دنیا هەم عەشقی دەوێت و هەم کار، هەم مرۆڤی دەوێت و هەم خەیاڵ.

تۆ ئێستاش شەرم دەکەی دەستی منداڵەکانت بگریت و بچیتە سینەما، ئێستاش بۆ بینینی شانۆگەریەک کاتی خۆت ناکوژی، تۆ ئێستاش کە منداڵتان دەبێت و کچ بێت چارە کرژ دەکەی. ئێستاش شانازی بە عەشیرەتەوە دەکەی. تۆ ئێستاش دەچی بۆ ڕاو تەقە لە ئاسک دەکەی، کەو و کۆتر لە ترسی تۆ لە چیاکانیش جێگەیان نابێتەوە، تۆ ئێستاش کوڕەکەت دڵداری بکا شانازی دەکەی، کچەکەت مەسجێک بۆ کوڕێک بنێریت وا دەزانی شەرەفت ڕۆیشتووە.

ئەوەندە بەس نییە بڵێی دەسەڵات خراپە، تۆ بەم جەستە بەتاڵەتەوە ناتوانی دەسەڵاتێکی باشتر بنیاد بنێی. ئەوەندە بەس نییە بڵێی برسیمە، باڵندەکان لە ترسی مرۆڤ ناچنە سەر دانەوێڵەکە، چونکە ئەوان ئازادیان لا گرنگترە لە نان. تۆ بیست و پێنچ ساڵە تەحەملی ئەم هەموو بێحورمەتیەت کردووە، ماقوڵە ئێستا قەناعەتم پێ بکەی کە دەبێت شتێ بکرێ؟ چی بکرێ؟ تۆ خۆت بۆ دنیایەکی باشتر ئامادە کردووە، یان وەک ئەریک فرۆم دەڵێت لە ئازادی دەترسیت؟ تۆ ئێستاش تەنها چوار دیواری ماڵەکەت بە هێلانەی خۆت دەزانیت، تۆکڵە مۆز و دەبەی ئاو لە جامی سەیارەکەتەوە فڕێ دەدەی، ئێستاش ئامادە نیت سبەینانێک گوێ لە موسیقایەکی خاو ڕادێریت.
گیانی شۆڕشگێڕی سەرکێشی دەوێت، بیست و پێنچ ساڵە شکۆت دەشکێنرێت، دنیایەکی نوێ بە شکۆشکێنراوەکان دروست ناکرێت.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی