فرۆید، نیچه‌، ماركس

پیته‌ر سلۆتەردایک: ئایا ئێوە مارکس دەناسن؟


Loading

Peter Sloterdijk; drawing by Siegfried Woldhek

پێدەچێت چارەنوسی نووسینەکانی مارکس، لێکدەرەوە هاوچەرخەکانی بەرەو سەرنجێکی بریندارکەر فریو دابێت، بەوەی هەموو مێژوو بریتییە لە مێژووی ململانێی لێکدانەوەکان. توڕەیی ئەو ڕاڤەکارانەش بەپێی بنەچەکەی خۆیان بریتییە لە توڕەیی (جۆشێکی تیۆلۆگی furor theologicus ) کە بەشێوەیەکی باشتر لەناو کەشی مۆنۆتایزمێکی جەنگاوەریدا نەشونما دەکات. جیا لەهەر شوێنێکیتر پتر لەناو مەسیحایەتیدا بەزەقی ئەوەش دەردەکەوێت، کەوا لە ساڵانی سەدەی هەژدەهەمەوە بە ئیرادەیەکی بێوێنەی دەسەڵاتێکی برسییەوە بۆ خزمەتکردن و تێگەیشتنی بەشێکی تەنکی ئەو نوسینەی پێی دەڵێن ( پەیمانی نوێ)ی بردووەبەڕیوە. مەسیحایەتی وەکو نموونەیەکی بێوێنە  گەواهییە بۆ دەسەڵاتە مێژووسازەکەی جیهانی ڕاڤەکردن بەسەر دەقەوە.

لەڕووە زەبەلاحەکەشیدا کاتۆلیسیزمی ڕۆمانی بەرجەستەی جۆرێکی نموونەییانەی دیکتاتۆرێکی بیرۆکراتی میانڕەوی هێرمەنیۆتیکی دەکات. لەناو ئەودا مۆنارشێتی کەشیشەکان و توندوتیژی لێکدانەوەکان تا دواهەمین دەرەنجام بیریان لێکراوەتەوە و ڕوویانداوە؛

Autoritas, non veritas facit legem  واتە ڕاڤەکار، ڕێساکان دەدات نەوەک دەق.

لە ڕۆمای یەکەمدا، نەک لەوەی سێهەمیاندا، ئەو لایەنە نیشتەجێ دەبێت کە هەمیشە لەسەر هەقە. بەوپێیەشی ڕاڤەکار بریتییە لەو کەسەی کە دەستەواژە گەورەکان دەخاتە زمانەوە، ئەوا: ئەم ڕێسایە تەنیا بۆ ئەو مادە تێکستییە ئینجیلییە تیشکدەرەوە کۆنە دەست نادات، کە خۆی وەکو قەبارەیەکی دامەزراندن بۆ کڵێسە گونجاندووە، بەڵکو وایش دەکات تەنانەت لەناو نوسینە پارائینجیلییەکانیشدا خۆی بسەلمێنێت.

لەو بەینەشدا ئێمە ناوی سێ نوسەری مەزن شک دەبەین: مارکس، نیتچە و فرۆید، کە هەریەکەیان بەشێوازی خۆی کازیوەی سەدەی نۆزده‌ی  بەرەو سەدەی بیست هەڵگرتووە، کە گەرەکە بەهەناسەیەک هەرسێکیان وەک یەک ناوبنێین، بەناوی  پەیامی نائینجیلییەوە. ئەم سیانە، بەتایبەتی لای هیومانیزمی مەسیحی، بریتین لەو گەیەنەرانەی سێ پەیامی بەدی هەلپەرستانە بە هێزە بنەماییەکانی بوونئارایی مرۆیی دەگەینن، کە لەو دەمەوە هاوڵاتیانی مۆدێرنە حسابی خۆیان لەگەڵدا کردووە، ئەوانیش بریتین لە: دەسەڵاتی هەلومەرج و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان Produktionsverhältnisse بەسەر ئەندێشە ئیدیالیزمەکاندا، وە دەسەڵاتی مەشقە ستوونییەکان Vertikalfunktionen  نیمای ویستی دەسەڵات بەسەر سیستەمە سیمبۆلییەکاندا، هەروەها دەسەڵاتی نائاگایی  و ڕەمەکی سروشت بەسەر خودئاگایی مرۆڤدا. ئەم سێ دەنگە بەجارێک هەمان نوقڵانە ڕادەگەیەنن، ئەویش ئەمەیە: ئەی مرۆڤینە ئێوە دیلی سترەکتور و سیستەمەکانن و هەقیقەت ئێوە ئازاد ناکات.

لەم دیدەوە مارکس، نیتچە و فرۆید پێیانوایە، پەیامە تاریکەکان دەبنە گەیەنەری ئەو هەقیقەتانەی کە ئاستان بەرزناکەنەوە و  پێکەوەشتان نابەستنەوە، بەڵکو دەتانپووکێننەوە و پەکتان دەخەن. خۆ ئەگەر نزیکتر تەماشا بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا هەرسێ ئەو دانەرە کاریگەری تەواو جیاوازیان هەبووە لەچاو نوقڵانەلێدەرەکانی ئەم دواییانە کە بۆ لەناوەندخستن و پێکەوەچنینی مرۆگەل لێیان دەدا. بەپێچەوانەوە، ئەمان هەرسێکیان، هەریەکەیان بەشێوازی خۆی، فۆرمێک لە وەچەیان خستەوە کە دەبێت پێیان بڵێین: وەچەی نێردراوی / پەیامبەری Apostolisch، ئەوە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە بەهۆی پارادیگما مەسیحییەکەوە زۆر بەزەقی پێشترزەوت نەکرابێت Präokkupiert.

 

مارکس، نیمای نیتچە و نیمای فرۆید بووەتە یەکەمین خودانی ئەو دەق و ڕەوتانەی کە یاساکانی دەسەڵاتی ڕاڤەکاری بەوپەڕی هێزی خۆیانەوە خۆیان تێدا ڕاگەیاندووە. ئەوان هەرسێکیان بەشوێن ئەو خوێنەرە  زرنگانەدا agile Leser دەگەڕان و دۆزیشیانەوە، کە لەنێو نوسینەکانیاندا گوزارشتیان بۆ ڕەوتی ئیشکردن و هەروەها پاساویان بۆ قڵپکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراندنی کۆمەڵگه‌ و شۆڕشی ڕادیکالانەی شێوازی بیرکردنەوە و شێوازی ژیان  بینییەوە. وەکوتریش کارەکانی ئەوان پێکەوە گەواهی دەدەن لەسەر فێرگەی مۆدێرنەی ئەوانەی پرۆفیسۆر نین، واتە ئەوان ئەوەمان پیشاندەدەن، کەوا زانکۆ لەسەدەی نۆزدە بەدواوە بە چ پێوەرێک خۆی لە ئەقلە ئەفرێنەرە گەورەکان نامۆکردووە. ئەوەشی سەبارەت بە ڕاڤەکانی مامۆستا مۆدێرنەکانە، بەهەمانشێوە بۆ ئەوانیش دەستدەدات، کەوا ئیمپراتۆرەکان و کڵێسەکان و خوێندکارەکانیان بریتین لە ئیشپێدەر وخاونکارەکانی ئەوان. بەو شێوەیەی بۆ مارکسیزمی کاریگەر دەستی داوە، لەهەرکوێیەک ئەوە بڕەخسێت کە ئەم سێ نموونەیە لەناو یەک زەبری سەنترالی ماناداردا بتوێنەوە، لەوێدا ئەو ئیشکەرانە خۆشحاڵ دەبن کە کلاسیکەکان لێکدەدەنەوە،  واتە ئیمتیازە سرک و بێجڵەوەکانی پیاوانی ئایینی کەلەگەڵ ئەریستۆکراتیدا یەکیانگرتووە.

 

لەناو سیستەمە تۆتالیتێرەکانیشدا دەسەڵاتداری دڵسۆزییە لاوەکییەکە دەتوانێت خۆی بخاتە ژێر سێبەری تێکستەکانی مامۆستاکەوە. کەواتە لەکوێدا ڕێبازەکان لەسەر دەسەڵات بن، لەوێدا دڵسۆزی و ناپاکی لێکجیادەکرێنەوە.

 

 

فایلی پۆلیسی ستالین ١٩١٠ وه‌ك تاوانبارێك له‌ باكۆی ئازربانیجان!
A criminal file on Stalin
following his arrest in Baku, Azerbaijan. 1910.

 

تاماوەیەکی کورتیش لەمەوبەر لەنێو مارکسیستەکانی خۆرئاوادا ئەوە شتێکی باو بوو، فانتازی بەوەوە بکەن، کەوا خودی مامۆستاکەش، واتە خودی مارکسیش،  بەخۆشحاڵی و بەچەپڵەڕێزانەوە چەند لادانێکی لە ڕێبازەکەی خۆی وەرگرتووە. مارکس وەکو یەکێک لە دواهەمین باوکەکانی هەقیقەت لەناو کوڕەکانی خۆیدا تۆوی ئەو باوەڕەی چاند، کەوا بەرپەرچدانەوەی باوک تەنیا لەخودی باوک خۆیەوە دێت. کڵێسەی مارکسیستی ویستوویەتی بەنێو مێژوودا وەکو پرۆسێسی ــ یەکێتی نێوان (باوک و کوڕ و ڕەخنە) ڕەوت بکات. من ڕاڤە دەکەم، کەواتە من کەسێکم. واتە لێکدانەوەی تەبای هاوچەرخ  ڕاڕەو بەرەو بەدەستهێنانی شوێنگەیەک لەناو بواری دەسەڵاتدا واڵادەکاتەوە. هەمیشەش لەهەرکوێیەک نووسینە پیرۆز و کلاسیکییەکان بەو بۆچوونانە بارگاوی بکرێن، کە ئیمپراتۆریەت و کڵێسە و خوێندنگا دروست بکەن، لەوێدا ڕاڤەکار و لێکدەرەوەکان جێگەی نایاب بۆخۆیان لەناو هیرارشییەکاندا مسۆگەر دەکەن. ئەی ئایا مێژووە گەورەکان هەر لەدێرزەمانەوە بریتی نەبوون لە ئیمپراتۆرێتی سەربازەکانی ڕاڤە؟

گەر کارەکتەری وەکو لێنین وستالین، ماو تسی تونگ و پۆل پۆت بە ڕاڤەکاری ـ مارکس  دابنرێن، گەر لەڕێی بڵاوکراوەکانی خاوەندارە بێویژدانەکانییەوە بیانناسین، ئەوا مارکسیزم بەبێ هیچ گومانێک لەمێژووی تازەی فیکردا دەبووە گرێ زاڵە باڵادەستەکەی ڕاڤەکاری. لەخۆڕا نییە ستالین لەکاتی خۆیدا توانی بووی فەرمانبەرە پاسەوانە باڵاکانی ڕێبازی مارکسیزم وا لێ بکات، هەست بکەن لە ململانێی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمیدان، کاتێک ئەو پرسیارە گوماناوی و سەیرەی کرد، داخۆ چەند بەش و جۆر لە پاپا هەبێت.

لەدوای ئاشبەتاڵی سیاسی و ئابوورییانەی  ڕاڤەکارە دیکتاتۆرە مارکسسیەکان لە زۆرێک لە وڵاتاندا، ئیتر ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، ئایا مارکس چەند خوێنەری هەبووە و لەنێو ئەوانەشدا چەندێکیان باشن؟

هەڵبەتە زووتر چەند هەوڵێکی پڕ بیرۆکەدار، بەتایبەتی لای مارکسیزمی خۆرئاوا بوونی هەبوو، کە لەدژی هەوادارە چەکدارەکانی بەرگرییان لەمارکس دەکرد. لەساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە لەنێوان ڕوناکبیرە چەپەکاندا دەنگێکی باش هەبوون، کەپێیان وابووکەسانێک  زۆر بەهەڵە لەمارکس تێگەیشتوون، ئەوان توانییان مەبەستە ڕاستەقینەکەی ئەوانە بە ڕێگەیەکی گنۆسیسی ڕەخنەیی ڕێنمایی بکەن. لێرەدا ئەوان مارکسی ڕاستەقینەیان  بەرانبەر بە  چەند دەرەنجامێک داناوە و وێناکردووە، لەوانە: وەکو شیکەرەوەی سیستەمی یۆتۆپیستەکان، هەروەها وەکو زانای سترەکتورەکانی ئایدیۆلۆگیا هیومانیستییەکان وێنایان کردووە.

دانەری کتێبی ( سەرمایە)  توانی لەناو ئەو کۆڵەکانەی ئیرۆنی چەپەکاندا تاوەکو ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەمیش وەکو  قوتاربوویەک لە بەڵایەک جیابووبێتەوە بەزیندوویی بمێنێتەوە.

 

لەدوای ئاوابوونی جەستە ــ تارماییە ئیدیۆلۆگییەکەی یەکێتی سۆڤیەتیش ئەو پرسیارە سەرلەنوێ خۆی خستەوەڕوو، داخۆ نوسینەکانی مارکس گەرەکە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت خۆیان لە چیرۆکی کاریگەری تێکردنەکان ڕزگار بکەن. ئایا ئەوان بەهۆی مەبەست ونیازە سەلمێنراوەکانی تریانەوە ئەستۆپاک دەردەچن؟ ئایا دەشێت ئەوان بانگهێشتی خوێندنەوەی نوێ بکرێن، وەک ئەوەی شەپۆلی یەکەمی لێکدانەوەکان توند بوو بن هەروەکو پرۆژێکتێکی پەتی و پەلامارێک کە لەلایەن خۆیەوە ناونرابێت بە پەیامگەیەنەرێکی هەڵە؟

 

لەڕاستیشدا نوسینەکان هێشتا هەروەکو جاری یەکەمی خۆیان ئەوە دەردەخەن، وەکو ئەوەی وڵاتێکی داگیرکراو یاخود بگرە ئازادکراو بن و داگیرکاران لێی کشابنەوە. هەڵبەتە گەشتیارێکی کەم لەوانەی گەشت بۆ وڵاتی نوێی تێکستەکان دەکەن چیتر باوەڕ بەوە دەکەن، کەوا ڕاستەوخۆ لەمەوە ڕووناکییەک بەر پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگای پێشکەوتووی پارە و میدیا دەکەوێت. بێگومان یەک نەوە تێدەپەڕێت، بەرلەوەی مارکس لە تێکستدا وەها بخوێنرێتەوە، بەوجۆرەی کە نوسەرە هاوکاتە نزیکەکانی ئەو ئەمڕۆ جار بەجارێک دەخوێنرێنەوە، واتە فیشتە، هیگل، فۆیەرباخ و کیرکیگورد : وەکو فیگورێکی چارەنوسساز لەناو دواگەمەی میتافیزیکدا، کە خۆی لەناو ئایدیالیزمی ئەڵمانی بەشێوەیەک لەشێوەکان (تەواوبوو) دا دەرخست و  هێشتاش خۆیان لەناو (میراتییە پاشمیتافیزیکییەکەدا) بەشێوەیەکی تارماییئامێزانە بەژیانەوە ڕاگرتووە.

ئەوسا تێبینی ئەوە دەکەین کەوا، چەمکە بناغەییە فەلسەفییەکەی ( چین)  لە کارەکانی مارکس دا لەخۆیدا بریتییە لە دۆخێکی گردەوەبووی پەرەپێدراوی تری چەمکی نامۆبوونی فیختە. بەمپێیە دەشێت بڵێین؛ کەوا مارکسیزم هەم بریتییە لە پەراوێزێک لەناو ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا و، هەمییش  بریتییە لە گواستنەوەی بیرۆکەی نامۆبوونی گنۆستیکیö بۆ ناو بواری ڕوناکبیری سەدەی بیستەم.

.Eine Metastase des gnostischen Entfremdungsgedankens

هەڵبەت خوێنەری باش لەداهاتوودا لەنێو دەقەکانی مارکس دا ئاگایی خۆی پتر دەخاتە سەر ئەوچەمک و میتافەرانەی درێژترین خەونی میتافیزیکی کلاسیکییان لەناو دەمامکێکی هاوچەرخدا شاردۆتەوە، بەتایبەتی ئەو فانتازما زۆرتیژانەی توانایەکی تەواوی خۆدروستکردنیان بۆ سوبیەکتی مێژوویی هەیە و هەروەها ئەو مۆتیڤە کریپتۆتیۆلۆگییەی دووبارەبەدەستهێنانەوەی خۆپڕکردنەوە بنەڕەتییەکە لەڕێی  (بەرهەمەکانەوە)  لەناو جیهانێکی ڕزگاربوو لە پارەدا.

ئەو فیگورە بنەڕەتییانەی ناو ئەندێشەی فەلسەفییانەی مارکس لەناو( عەقلی پرۆلیتاری) دا  ئەو کاتە ڕووناکییان بەردەکەوێت و دێنە دنیاوە، کە ئێمە لەناو کارەکانی ئەودا بە تێکەڵەیەک لە فزول و لە ئارامییەوە دەست بەکار کردن بکەین،  شتێک کە تەنیا دوای خامۆشبوونەوەی زەنگی ڕاڤەی جەنگی ئایینی بووەوە بە شتێکی شیاو.

 ئێستا ئێمە دەشێت لەگەڵ (گیونتەر شولتە) دا، کە لەکارێکی قووڵیدا لەسەر ڕەخنەی ئابووری سیاسی دەریخستووە، دووبارە بپرسینەوە: ئایا ئێوە مارکس دەناسن؟

نوسەری ئەم کارە خوێنەر دەگەیەنێتە سەر ئاو باوەڕەی کەوا، ناتوانین لەبارەی ناسینی ــ مارکسەوە قسە بکەین، تاوەکو خوێنەرە نوێکانی بەشداری نەکەن لە سەرکێشیکردن بە ( ڕەخنەی ئەقلی پرۆلیتاری)  یەوە. کەواتە نوێکەرەوانی ناسینی ــ مارکس پێیان وانییە کە ئەوان دەیانەوێت کەسێکی کلاسیکیانەی شەرمەزاربووی نێو ڕەخنەی کۆمەڵگا لە سەردەمێکی ڕەخنەیی دوورەوە بەتۆبزییەوە بگەڕێننەوە نێو خەڵکییەوە.  بەڵکو تێگەیشتن لەوەی سروش لە مارکسەوە وەربگرین واتای ئەوەیە: ئەو توندوتیژییەی بووە بەدەوڵەت و، ئەو ڕۆحەی بووە بە تەکنیک و، ئەو پارەیەی هەمووشتێکی تۆڕبەندکردووە زیاتر لە هەر لایەکیتر لە ژیانی تاکەکەسەکانی هەڵلووشیوە.

بێگومان لەداهاتووشدا شکۆی تیۆرییانەی مارکس وەکو بوژێنەرەوەی ئیشی مردووان خۆی بە کارەکەیەوە گرێدەداتەوە. واتە کرۆکی ڕەخنەکەشی لە ئابووری سیاسیدا بریتییە لە زیندووکردنەوەی گیانی مردووان/ نێکرۆمانتیک. ( Nekromantik   تەوژمێکی ڕۆحانییە باوەڕی بە هێنانەوەی ڕۆحی مردووان هەیە). واتە وەکو پاڵەوانێک ڕۆدەچێتە خوارەوە بۆ نێو مەملەکەتی مردووان بۆ زۆرانبازیکردن لەگەڵ شکۆ و ستایشەکاندا  Wertschatzen .

 

 هەڵبەتە مارکس بەشێوازێکی زۆر توند بۆ ئەم سەردەمەی ئێمەش هەر بەهەنووکەیی دەمێنێتەوە بۆمان.  شتە نەمرەکە  Das Untote ئەوەیە هەم وەکو بەهایەکی پارەیی بەدەوری مرۆڤدا دەسوڕێتەوە و هەمیش وەکو ئامڕازێکی پەیوەندی ڕووخۆش کاتی زیندووەکان و ڕۆحەکانیان هەڵدەلوشێت، هەر ئەو شتەنەمرەش ئەمڕۆش بەبێ هیچ بڕوبیانوویەک زاڵە بەسەر کۆمەڵگا داچەسپیوەکاندا. واتە ئیش، کۆمیونیکاسیۆن، هونەر و خۆشەویستی هەموویان لەمەدا سەر بە دواگەمەکانی پارەن.

ئەمانەش کرۆکی سەردەمی ئێستای مێدیاکان و ڕووداوەکان پێکدەهێنن. لەبەرئەوەشی پارە لەبەکارهێنان و سوودلێوەرگرتنیدا پێویستی بە کات هەیە، ئەوا وەکو خێوێک درێژە بە مێژووە گەورەکەش دەدات.

وەکو ڕەوتێکیش ئیتر هەموو مێژوو بووە بە مێژووی بەکارهێنانی سوودەکان، ڕاستتر بابڵێم، مێژوو بریتییە لەو گەمەیەی کەهەمیشە بە خۆدرێژکردنەوە گەمەی خۆی دەکات. بەڵام ئەو مێژووەش چیتر بریتی نییە لە گفتوگۆی زیندووەکان لەگەڵ مردووەکاندا سەبارەت بە چاکێتی جیهان  Güte der Welt، بەڵکو ڕاستتر هەمیشە سەبارەت بە خۆخزاندنە بنەڕەتییەکەی زیندووەکانە بۆناو  تارماییە بەئابوورییکراوەکە ökonomisierten Spuk.

ئەگەریش لە دیدی سوبیەکتیڤیتێتی مرۆییانەی ئەم سەردەمەمانەوە بڕوانینە ڕۆحی پارە، ئەوا: دەبینین کۆمەڵگایەکی لە کڕیارە کڕاوەکان die gekauften Käufer و   لە لەشفرۆشە       لەشفرۆشراوەکانی

die prostituierten Prostituierenden لەناو پەیوەندییەکی جیهانگیرییانەی بازاڕەکاندا دامەزراندووە. دروشمە کلاسیکییە لیبرالەکەی دەیگووت: با بیکات، باتێپەڕێت ! کەبەمانای خۆتێهەڵنەقورتاندنی دەوڵەت دێت لەئازادی بازاڕدا، لە پۆستمۆدێرنەدا خۆی دەکاتە: هەڵمژە و هەڵبمژرێ.  تێلەکۆمیونیکاسیۆن/ پەیوەندی بەدوورەوە جیاوازی گەورەی هەیە لەگەڵ هەڵمژین لەدوورەوە  Televampyrismus تێلەڤامپیریزم .

دووربین * Fernseher و دوورهەڵمژ Fernsauger پێکەوە لەم جیهانە بەخوڕەدا، کەکەم کەس دەیزانێت، شتێک دەئەفرێنن کە توانای بەرەنگاربوونەوە و توانای ژیانی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئایا ئەوەش شتێکی شیاو نابێت، کە واپێدەچێت زەمەنێک لەبەردەمماندا بێت، ئەوەی تیایدا نەیەویت لەبارەی هەڵمژین و ڤامپیریزمەوە بدوێت، ئەوا دەبێت لەبارەی فەلسەفەشەوە هیچ نەڵیت؟

ئەگەر ئەمەش دروست بێت، ئەوا لەهەموو بارێکدا سەردەمی مارکس دەرفەت و چانسی دووەمی دەبێت.

ته‌واو

په‌راوێز؛

Fernseher ئەمەوەرگێڕانێکی وشەییانەیە بۆ وشەی * کە بەمانای تەلەفزیۆنیش دێت، بەڵام لەم نێوبەندییەدا لەگەڵ وسەی ئامێری دووربین جیای دەکەینەوە. وەرگێڕ.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین