ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌كان - شوێنێكی پیسی پیاوانه‌! مزگه‌وتێكی سلێمانی فۆتۆگرافی؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

هەرێمی کوردستان وەک توالێتێکی گەورە


Loading

کورد چۆن سەیری توالێت دەکات، لەنێو مێنتاڵێتی و جیهانبینی کوردیدا پێگە و شوێنی توالێت چییە؟ لەنێو ڕۆمان، چیرۆک و هونەری کوردیدا توالێت چۆن وێنا دەکرێت؟ لەم وتارەدا دەمەوێت لە ڕێگەی توالێتەوە هۆشەندێتی (مێنتاڵێتی) کورد شرۆڤە بکەم. چونکە ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی دیاردە کولتورییەکانەوە لە کولتورەکە و هۆشمەندێتی خەڵکەکەی تێبگەین.

 

لەنێو جیهانبینی کورددا توالێت شوێنێکی پیس و قێزەونە؛ تەنیا بۆ خۆ-خاڵیکردنەوەیەکی کاتییە، بۆیە لاوەکییە، لە پەراوێزدایە. لەبەرئەوە لەنێو ماڵیشدا لە ڕووی تەلارسازییەوە توالێت دەبێت لە لایەکەوە بێت، لە پەراوێزدا. لەلایەکی دیکەوە توالێت پەیوەستکراوە بە ئابڕووەوە، وەک شوێنی ئابڕوو و ئەدەب دەبینرێ، هەروەک لە ناوەکەیەوە لە زمانی کوردی دەردەکەوێ پێی دەگۆترێ ”ئەدەبخانە” واتا شوێنی ئەدەب. بۆیە دەبێت لە شوێنێک بێت لەناو ماڵدا کە نەبینرێت و بێدەنگ بێ واتا دەنگی تڕ بە ئەوانیدی نەگات. هەروەها لە مێنتاڵێتی ئیسلامیدا، توالێت شوێنێکی پیس و قێزەونە، شوێنی خراپە و گوناهە بۆیە دەبێت بە لاقی چەپ بچیتە ژوورەوە و بە هی ڕاست بێیتە دەرەوە، نابێ ناوی خوا، پێغەمبەر بهێنی یان ئایەتی قورئان لەوێ بخوێنی.

 

شتێکی دیکەی جێگەی لێڕامان و پرسیار ئەوەیە: لەنێو هونەر، ئەدەب، چیرۆک و درامای کوردیدا توالێت ئامادەیی نییە، کارەکتەری نێو ڕۆمان، چیرۆک، دراما و شانۆ کوردییەکان گووناکەن، ڕەنگە ئەمە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە توالێت و (گووکردن)  وەک شتێکی قێزەون سەیردەکرێن، ئەدەب و هونەریش وەک جیهانی جوانی و ناسکی، نابێت شتی ناشرین و قێزەون بێتە ناوەوە.

 

توالێتی ماڵەکان جگەلە خۆخاڵیکردنەوە و گووکردن چەند کاراییەکی دیکەشیان هەیە، لەوانە شوێنێکن بۆ تەنیایی، نهێنییەکان، لەگەڵ-خۆ-بوون لەبەر ئەوەی ماڵی کوردی قەرەباڵغە ژووری تایبەت و شوێنی خۆمەند بۆ تاکەکانی نییە یان زۆر کەمە، بۆیە توالێت بووە بەو شوێنە خۆمەندە، کە تێیدا لەگەڵ خۆخاڵیکردنەوە، کەسەکە لەوێدا بیردەکاتەوە، نهێنییەکانی سەیر دەکات، ڕازەکانی دەدرکێنێ، قسە لەگەڵ دڵدارەکەی دەکات، لە ڕێگەی مۆبایلەوە نامە دەگۆڕێتەوە، تەلەفون دەکات. بۆیە لەناو کورددا ئەو قسەیە باوە کە توالێت شوێنی بیرکردنەوەیە، گووکردن ئیسراحەتی و بارسووکبوونە. بەڵام داخۆ بەڕاستی توالێتی کوردی شوێنی پشووە؟ نەخێر.

 

چونکە لە ڕووی ئەندازە و تەلارسازییەوە توالێتی کوردی ناتوانیت لەسەری دابنیشیت وەک توالێتی خۆرئاوایی، بەڵکو دەبێت هەڵقونجێی. بۆیە نەک جێگەی پشوودان و ئیسراحەت نییە، وەک لە ناوە ئینگلیزییەکەیەوە ڕێست ڕووم (rest room) دەردەکەوێت، بەڵکو ئەگەر زۆر بمێنییەوە ئەوا پێیەکانت، چۆک و پشتت سڕ دەبێت و جومگەکانت دەکەونە ژان، ئێش و ئازار. ئەوجا لە توالێتی کوردیدا بە زستان تاکو تەواو دەبیت لە سەرما هەڵدەلەرزی و لە هاویندا لە گەرما دەپڕوکێیت. چونکە هیچ ژمێرەیەک بۆ ساردی و گەرمی و کەشی توالێت نەکراوە.

 ئەم شێوازە دانیشتە لەسەر توالێت لە کولتوری گوندەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە لە گوند توالێت نەبووە. بۆیە خەڵک هەر لە دەشت و دەر و لەو گۆڕە بێپەرژین یان لە پەنا خانووەکانیان دانیشتوون، کاتێک لە شار توالێت دروستکراوە هەر لەسەر هەمان شێوازی دانیشتن دروستکراوەتەوە. بۆیە توالێتی کوردی بە زەوییەوە نوساوە، لەنێو ماڵ و لە شوێنە گشتییەکانیش لە شوێنێکی لاوەکی و پەراوێزدایە، لە ڕووی هونەری و ئێستێتیکییەوە هیچ بایەخی پێنەدراوە، ناشیرین و پیس و بۆگەنە. جگە لەوەی دیمەنێکی ناشیرینی هەیە بۆنێکی ناخۆش و هەراسانکەری هەیە.

 

بیرمە بە منداڵی گەڕەکەکەمان لە کۆیە ئاوەڕۆ و زێرابی کونج یان سندووقی نەبوو، ئاوەڕۆ، پیسی و گواوی سەرجەم ماڵەکان دەهاتە کۆڵانەوە و ڕووبارێکی گەورە لە گواو و ئاوەڕۆی ماڵان لە کۆڵانەکەدا دروست ببوو، بە شێوەیەک ماڵەکانی بەرانبەر یەکدی بەتەواوی لە یەکدی دابڕیبوو و ماڵەکان بۆ پەڕینەوە و هاتووچۆ پردیان دروستکردبوو.

 

کاری کاتێلان – ئاوده‌ستی ئاڵتونی دادایزم Rendering for Maurizio Cattelan, America. © Maurizio Cattelan. Courtesy of the artist and the Guggenheim Museum, New York.

هەر لە منداڵیدا لە قوتابخانەی سەرەتایی توالێتەکانی قوتابخانە زۆر پیس، ناشرین و بۆگەن بوون، توالێتەکان گیرابوون، ببوون بە گۆمی میز، سلە گووەکانیش سەر میزەکە کەوتبوون، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نەتدەتوانی بۆ گووکردن بچیتە توالێتەکان، تەنیا دەتتوانی بە پێوە چاوت دابخەیت و لووتت بگریت، ئەوجا میزەکەت هەڵبدەی. ئەگینا بە دیمەنە ناشرینەکەی یێقت دەهاتەوە و بۆگەنەکەشی هێڕی دەکردی. دواتر هەمان دیمەن لە قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکانیش دووبارە بووەوە، توالێتەکان پیس، بێزراو و ناشرین بوون. بۆنەکەیان مێشکی مرۆڤی کاس دەکرد.

ئەم دیاردەیە دواتر لە مزگەوتەکانیش بەرچاوم دەکەوت، توالێتی مزگەوتەکان پیس، بۆگەن و ناشرین بوون، ئەو کەسانەی لە توالێتی مزگەوتەکان گوویان دەکرد، گووەکانیان پاک نەدەکردەوە و بەتەواوی لەسەر کوونی توالێتەکە دانەدەنیشتن بۆیە ناو کونجەکەیان هەموو دەکرد بە گوو، دوای خۆشیان پاکیان نەدەکردەوە. هەموو پاشماوە و پیسییەکانیان بۆ ئەوانی دوای خۆیان بەجێدەهێشت.

 لێرە لەبەرئەوەی توالێتی گشتی نییە، بۆیە پیاوان ناچاربوون بچنە مزگەوتەکان بۆ گووکردن، ژنان لەمەشدا بێبەش بوون، تەنانەت نەیان دەتوانی توالێتێکی پیسی بۆگەنی مزگەوتەکانیش بەکاربهێنن، چونکە مزگەوت بەگشتی شوێنی پیاوانە. لەم چەند ساڵەی دوایی لەژێر کاریگەری ڕەوتە ئیسلامییەکاندا ژنانیش بۆ نوێژکردنی هەینی یان لە ڕەمەزاندا بۆ مزگەوت دەچن. لە توالێتی مزگەوتەکاندا جگە لە بەجێهێشتنی پیسی و گوو، لەسەر دیوار و دەرگەی توالێتەکان کەسەکان پیسی و بۆگەنی ناخی خۆیان دەنوسیەوە، بۆیە چەندین جنێو و قسەی ناشرین و بۆگەنت دەخوێندەوە. توالێتی پارکەکان، ڕێستورانت و چێشتخانەکان، زانکۆ و شوێنە گشتییەکان هەموویان بە هەمان شێوە پیسن. بۆیە توالێتەکانی مزگەوتی گەورە، پارکی ئازادی، باخی گشتی، هەواری شار، زانکۆی سلێمانی، … هتد هەموویان وەکو یەکن. توالێتی مزگەوت بۆ هەموویان بووە بە مۆدێل.

 

 

ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌كان – شوێنێكی پیسی پیاوانه‌!
مزگه‌وتێكی سلێمانی
فۆتۆگرافی؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

توالێتی ماڵەکانیش بە هەمان شێوە پیسن، پیاوان بەپیسی گووی تێدا دەکەن و خۆیانی لێ خاڵی دەکەنەوە، پیسی و بۆگەنەکەی بۆ ژنان جێدەهێڵن تاکو خاوێنی بکەنەوە. توالێتی ماڵەکان ژنان پاکی دەکەنەوە، بۆیە لە زۆربەی ماڵەکاندا لە نێوان خوشکاندا ئیشەکان دابەشکراوە، یەکێکیان تایبەت توالێت، حەمام و دەستشۆر پاکدەکاتەوە، یان دەیکەن بە نۆرە، هەر ڕۆژە و یەکێکیان پاکی دەکەنەوە.

 

دوشامپ ١٩١٧ ؛ فواره‌ – دادایزم .
Marcel Duchamp, Fountain, 1917.

بۆچی تەنیا توالێتی مۆڵەکان پاکن؟ ئەویش هۆکارەکەی ئەوەیە کە کرێکاری تایبەتی بۆ دانراوە، کرێکاری فلیپینی، بەنگلادیشی و هتد بەردەوام پاکی دەکەنەوە، ئەگینا توالێتەکانی ئەوێش بە هەمان شێوە دەبوون، چونکە خەڵکەکە هەر هەمان خەڵکە و هەمان مێنتاڵێتیییە. لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی زیت دەکاتەوە، ئایا بۆچی دەبێت مرۆڤانی کرێکار پاشماوە و گووی مرۆڤانی کڕیاری بازاڕی سەرمایەداری پاک بکەنەوە؟ ئایا ئەگەر هەموو مرۆڤەکان و کڕیاری نێو مۆڵەکان خۆیان توالێتەکان پاکڕابگرن چ پێویست دەکات کرێکارە بەنگلادیشی و فلیپینییەکان توالێتەکان پاک بکەنەوە. مۆڵەکان بەرهەمی سەرمایەدارین، سەرمایەداری خۆی بەرهەمهێنەری زبڵ و پاشماوەیە، بۆ نموونە وڵاتانی سەرمایەداری ئەمریکا و ئەوروپا خواردن زۆر زیاتر لەوەی کە دەخورێت، شتومەک زۆر زیاتر لەوەی بەکاردێت بەرهەم دەهێنن، ئەو خۆراک و شتومەکانە دەمێننەوە و دەبن بە زبڵ و پاشماوە، ئەمە لە کاتێکدایە بە ملیۆنان خەڵک لە چەندین وڵات بێماڵ و حاڵن و لە برساندا دەمرن. سەرمایەداری لەپێناو قازانجی زیاتردا لە لایەکەوە مرۆڤی کردووە بە بەکارهێنەر، لەلایەکی دیکەشەوە بە پاککەرەوە.

 

مه‌سینه‌یه‌كی ته‌نهای ئاوده‌ستی مزگه‌وتێك له‌ شاری سلێمانی –
فۆتۆگرافیكردن؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی توالێتی کوردی، بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەکان بەم شێوەیە پیس و بۆگەنە کە مرۆڤ ناتوانی بەکاریان بهێنێت؟

ئەمە پەیوەندی بە بیرکردنەوە و هۆشمەندێتی کوردەوە هەیە، پەیوەندی بە کولتوری کوردییەوە هەیە، کە لە بنەڕەتەوە کولتورێکی گوندی و کشتکارییە. ئاخر توالێت بەرهەمی شارە. لە گوندەکانی کوردستان بەتایبەتی جاران، توالێت بوونی نەبووە. من باش بیرمە لە ١٩٩٠ەکاندا ماڵمان چووەوە بۆ گوند لەوێ لەلایەن ڕێکخراوێکی بیانییەوە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان خانوومان بۆ دروستکرا، کە توالێتیشی تێدا بوو. ئێمە تاکە ماڵبووین لە گوندەکەدا توالێتمان هەبوو، ئەوانی دیکە بۆ گووکردن و خۆخاڵیکردنەوە لە پشتی گوێسەبانی خانووەکانیان دادەنیشتن، لەسەر زەوییەکە گوویان دەکرد. شوان، گاوان و سەپانیش لە دەشت و دەر، دەم ڕووبار و چەم بۆ گووکردن لێی دادەنیشتن، ئەگەر لە بەیاریش یان بن بەرد بووایە دادەنیشتن و بە گەڵا یان بە بەرد قوونیان دەسڕی. لە گونددا گوو لەسەر زەوی دەکرێت واتا ناچێتە نێو زێرابەوە و یان کونی توالێتەوە تاکو ئاوی پێداکرێت و ئاوەکە بیبات. یەکسەر گووەکە قووت دەبێتەوە لە دوای خۆیان و جێی دەهێڵن. ئینجا ئەو مێنتاڵێتی و کولتوری گوو-لە-پاش-خۆ-جێهێشتنە لە گووندەکانەوە هاتۆتە نێو شار و شارۆچکەکانیشەوە. بۆیە کەسی گووکەر چ لە توالێتی مزگەوت، ڕێستورانت، پارک، قوتابخانە، زانکۆ … هتد لە هەر کوێیەک بێت گووەکەی و پیسییەکەی بۆ ئەوانی دیکەی دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت.

 

ئەم جۆرە دانیشتنە لە توالێت و گووکردنە گۆزارشت لە هۆشمەندێتی، بیرکردنەوە و ئێتیکی مرۆڤی کورد دەکات، چونکە چۆن گەند و گوو و پیسییەکەی بۆ ئەوانی دیکە جێدەهیڵێت، بە هەمان شێوە گەندەڵی، پیسی و پۆخڵەواتەکانی خۆی، شکست و ناشرینییەکانی خۆی، بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵێت. ئێتیکی مرۆڤی کورد بەم شێوەیەیە دەستەچەورەکەی بە سەری ئەوانی دی دەسڕێت، هەروەک چۆن گووەکەی بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵێت. هەروەها ئەمە گۆزارشتە لەوەی کە مرۆڤی کورد بەرپرسیارێتی لەئەستۆناگرێت، وەک چۆن گووەکەی لە پاش خۆی جێدەهێڵێ، ئاواش بەرپرسیارێتی ناشرینی و بۆگەنی و پیسییەکانی دەخاتە سەر شان و ئەستۆی ئەوانی دیکە. هەرچی ناشرینی، شکست، پۆخڵەوات و خراپەکاریییەکانی هەیە دەیخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە و دەستی دەرەکی. چۆن لە توالێتدا پێت بە گووی ئەوانی دیکەدا دەچێت، بە هەمان شێوە لە فەرمانگە و لە دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانیشدا پێت بە گەندەڵی و پیسییەکانیاندا دەچێت. چۆن گووەکانیان جێدەهێڵن، ئاوا ئیشەکان و ئەرکەکانیان جێدە‌هێڵن بۆ ئەوانی دیکە. ئەمە هاوکات گۆزارشتە لەو ئێتیکە خۆپەرستییەی مرۆڤی کورد، کە تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە، خۆی دەبینێت، هیچ ژمێرەیەک بۆ ئەوانی دیکە ناکات.

فه‌لسه‌فه‌ی پێش ته‌والێتكردن له‌ مزگه‌وته‌كاندا!
شوێن؛ ئاوده‌ستخانه‌كانی مزگه‌وته‌كی سلێمانی
فۆتۆگرافی؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

هەروەها ئەمە گۆزارشتە لە پیاوسالاری کوردی، چونکە پیاوی کورد لە ماڵەوە فێربووە کاتێ دێتەوە ماڵ، پێڵاوەکانی، گۆرەوییەکانی و جلەکانی فڕێدەدا، دەبێ ژنان بۆیان کۆبکەنەوە، بۆیان بشۆن بۆیان بۆیاغ بکەن، هەروەها پیاوی کورد کە نانەکەی خوارد سووک و ئاسان لەسەر سفرەکە دەکشێتەوە و هەموو پاشماوەکانی بۆ ئەوانی دیکە بۆ ژنان جێدەهێڵێت، ژنان دەبێ سفرە کۆبکەنەوە و قاپەکان بشۆن. لەمەوە پیاوی کورد فێربووە گووەکەشی بە هەمان شێوە بکات و بۆن و پیسی و پاشماوەکەی بۆ ئەوانی دیکە بەجێبهێڵێت.

 

هەروەها پەیوەندی بەو خووەی کورد هەیە کە ڕقی لە شتی گشتی، شوێنی گشتی و دامەزراوەی دەوڵەتییە، بۆیە بەلای ئەوەوە پاکڕاگرتن تەنیا ماڵەکەی خۆی دەگرێتەوە، نەک کۆڵان، گەڕەک و شارەکەی. بۆیە بەلایەوە گرنگ نییە ئەو شوێنە گشتییانە پیس بن، بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆی نازانێت ئەو شوێنە گشتییانە پاک ڕابگرێت. ئەگەر ئێستا سەرنج بدەین سەیرانگاکان وەک توالێتەکانیان لێهاتووە، پڕن لە پیسی، خۆڵ و خاشاك، پاشماوە و زبڵی سەیرانکەران. چۆن لە توالێتەکان گوو دەکەن، پیسی و پاشماوە و بۆگەنەکەیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن، بە هەمان شێوە سەیرانکەران پیسی، پاشماوە، بۆگەنی، و زبڵەکانیان بۆ ئەوانی دیکەی دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، چۆن لە توالێتەکاندا پاشماوە و پیسییەکانیان پاک ناکەنەوە، بەهەمان شێوە لە سەیرانگاکانیشدا پاشماوە، خاشاک و زبڵەکانیان کۆناکەنەوە و پاک ناکەنەوە. ئاخر ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە ڕەنگە هەر خۆیان جارێکی دیکە بێنەوە ئەو شوێنە بۆ سەیرانکردن، بێنەوە ناو زبڵ و پیسییەکانی خۆیان.

 

نووسینی سەر دیوار و دەرگەی توالێتەکان گۆزارشتە لە نەبوونی ئازادی، هەبوونی ترس، تابوو و چەپاندن، نەبوونی بوێری بۆ بەئاشکرایی خۆدەربڕین، بۆیە بەم جۆرە گۆزارشت لە خۆیان دەکەن و خۆیان دەردەبڕن. هەروەها ئەمە پەیوەندی بە ترس لە ئازادی و ترس لە دیارێتی و خودبوونەوە هەیە، ئەمە گۆزارشتی ئەو دۆخە کۆیلەییە و ئەو ناخە کۆیلەییەیە کە مرۆڤی کوردی تەنیوە، مرۆڤی کورد ناتوانێت خۆی بێت، ئازا و ئازاد بێت، ببێت بە بکەرێکی سەربەخۆ، بە ئاشکرا کردار بنوێنێ، ڕەفتار بکات و بئاخڤێ، لەبری ئەوەی خۆی بشارێتەوە و ترسنۆکانە کرداربنووێنێ، بەدزییەوە فێڵ و گزی بکات.

 

لە لایەکی دیکەوە گوو-لە پاش خۆ بەجێهێشتن پەیوەندی بە نادیارییەوە هەیە لە توالێت، واتا توالێتی شوێنە گشتییەکان لەبەرئەوەی ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر خۆی تێیدا خاڵی دەکەنەوە، نازانرێ کەسەکە کێییە، بۆیە بەئاسانی و بێسڵکردنەوە پاشماوەکەی لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. ئەمەش پەیوەندی بەو مۆڕاڵێتییەی کوردەوە هەیە کە لە نادیارێتیدا، لە پشتەوە، لە تاریکیدا، بەدزییەوە کردار دەنوێنێ، فێڵ دەکات، هێرش دەکات. واتا بوێر و ئازا نییە لە کردارنواندن و بڕیاردان. ئەمە لە کایەکانی دیکەش دەبینرێ، بۆ نموونە لە بازاڕ میوە، سەوزە یان هەر شتێکی دیکە بکڕی هەر چاوت لێی نەبوو خێرا بەدزییەوە هی گەنیوو و ڕزیوت بۆ تێدەکات، یان کرێکار چاوت لێی نەبوو ئیشەکەی بەباشی ناکات و ئەرکەکەی بەتەواوی جێبەجێ ناکات. چوون بۆ توالێت وەک فێڵێک لەلایەن کرێکارانەوە بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە بەناوی چوون بۆ توالێت نزیکەی نیو سەعات بۆ سەعاتێک لە کارکردن دەوستێت، گەندەڵی دەکات و ئیشەکەی بەباشی ناکات، بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆبدات و کاتی ئیشکردنەکەی تەواو ببێت و خۆی بخافڵێنێ دەچێت بۆ توالێت. کرێکارێک بۆ فێڵکردن بچێتە توالێت چۆن توالێتەکە پاک ڕادەگرێت؟ ئەمە یەکێکە لەو گزی و فێڵانەی کرێکاران بەکاری دەهێنن، ئەمە جۆرێکە لە گەندەڵی و ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی و جێبەجێکردنی ئەرکی خۆ. هەر لەم مێنتاڵێتییەوە، کرێکاران کاتێک نزیک سەعات چوار دەبێتەوە و کاتی دەستهەڵگرتنە لە ئیشکردن، ئەگەر بێت و چیمەنتۆی گیراوە هەبێت و زیاد بووبێت، ئەوا یان وەک گووەکانیان لە پاش خۆیان بەجێی دەهێڵن و تاکو سبەی دێنەوە بەتەواوی ڕەق بووە و بەکەڵک نەماوە، یان دەیخەنە ئاوەڕۆکانەوە، یان لەگەڵ خۆڵ و پیسی تێکەڵی دەکەن و بزری دەکەن.

 

ئاوده‌ستی رۆژهه‌ڵاتی – نوسان به‌زه‌ویه‌وه‌ –
فۆتۆگرافیكردنی؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

 ئێستا هەرێمی کوردستان بووە بە توالێتێکی گەورە. حکوومەت توالێتێکی گەورەیە، چونکە پڕە لە پیسی، گەندەڵی، زبڵ و خاشاک. بازاڕ کوێردەبێتەوە بەسەر زبڵ و پیسی، دەوری شارەکان هەموو بوونە بە زبڵگە، سەیرانگاکان بوونە بە توالێت، مزگەوتەکان جگەلە توالێتەکانیان کە پڕن لە پیسی و بۆگەنی، دیواری توالێتەکان پڕیەتی لە جنێو و قسەی ناشرین. لە مینبەرەکانیشەوە هەندێ لە مەلاکان قسەی ناشرین، سوکایەتی بە ژنان، زبڵ و گەندوگوو بڵاودەکەنەوە. زانکۆکان چۆن توالێتەکانیان پیس و بۆگەنە، ئەو زانیارییانەی دەیدەن بە خوێندکارانیش زۆرینەی زبڵ، خاشاک و پاشماوەیە، نەک مەعریفە و زانستی هاوچەرخ. ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا وەک دیواری توالێتەکانن پڕن لە جنێو، سوکایەتی، پیس و پۆخڵەواتی حیزبەکان و کۆمەڵگەی کوردی. کایەی نووسین و ڕۆشنبیری پڕی بووە لە کەسانی گەنیوو، ڕزیوو، زۆر لە نوسەران چۆن گوودەکەن، هەرچی لە گەدە و ڕێخۆڵەیانە دەریدەدەن، بە هەمان شێوە هەرچی بەسەر زاریاندا بێت دەینووسن، بۆیە نووسینەکانیان جگەلە گەندوگوو، زبڵ و خاشاک هیچی دیکەی تێدا نییە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.