شاری شێتەکان


Loading

سیروان عه‌بدوڵا محه‌مه‌د

ئەم شارەی من، ئەوەندە شێتی زۆرە، دەبوایە ناوی شاری شێتەکان بوایە، خەڵکیش هەموو ئەو چیرۆکانە دەزانن کە بوونەتە هۆی شێتبوونی هەریەکە لە شێتە بەڕێزەکانی شارەکەم. هەر کاتێک شێتێک دێتە سەر شەقام، ئەو خەڵکە زاڵمە بە ناتۆرەیەک کە پەیوەندی هەیە بە هۆکاری شێتبوونەکەیەوە، توڕەی دەکەن و پێیڕادەبوێرن، بۆیە زانینی هۆکاری شێتبوونەکان بۆ خەڵکی شارەکەم زۆر گرنگن و زۆرێک هەن کاتێکی باشیان داناوە بۆ بەدواداگەڕان و پشکنین تا هۆکارە سەرەکییەکەی دەدۆزنەوە، بێگومان ئەم بەدواداگەڕانەش بێسوود نییە و بۆتە پیشە و سوودی لێ دەبینن و بەخۆڕایی نایدەنە کەس.
هەر ئەمە وایکردووە لەوەتەی سەلام گەڕاوەتەوە، خەڵکێکی زۆری بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هۆکاری شێتبوونەکەی بۆتە تەلیسم و بە کەس هەڵنایەت.
سەلامی تاقانە، کە بەهۆی ئەوەی ئەسمەرێكی کەمێک تۆخ بوو، بە سەلامە ڕەش ناسرابوو، نۆبەرە و پاشەبەرەی ماڵ هەر خۆی بوو، گەنجێکی باریکەلەی ڕۆحسووک، زیرەک و شەرمن بوو. دوای ئەو ڕووداوەی کە باوکی هەردوو قاچی تیادا لە دەستدا و ئیفلیج کەوت، لە ماڵەوە، وازی لە خوێندن هێنا و بووە شاگرد دارتاش.
هەندێک وایبۆدەچوون هۆکاری شێتبوونەکەی بۆ ماوەیی بێت و لە دایکییەوە بۆی گوازرابێتەوە، شەمسەی دایکی کە چەند ساڵێک پێش مردنی بە شمسە شێت ناودەبرا، عەقلی تۆزێک سووک بوو، خۆی لە هەموو دراوسێکانی هەڵدەقورتاند و لە هەموو کاسەیەکیاندا دەبووە ئەسکوێ، بە هۆ و بەبێ هۆ قاقا پێدەکەنی.
دەستەیەکی تر دەیوت: ئەمە ڕاست نییە، لەوە دەچێت ژیانی غەریبی و خەفەتی مردنی دایک و باوکی شێتی کردبێت. زۆربەی دراوسێکان شەوی ڕەوەکەیان لە بیرە، کە چۆن ئەو داماوە، باوکی لەکۆڵ کردبوو و دەستی دایکی گرتبوو، هەر بە پێ ڕێگای ئەزمەڕی گرتبووه‌بەر.
سەلام زۆر باوکی خۆشدەویست، زۆر نزیک بوو لێوەی، تاقە گلەییەک کە لە باوکی هەیبووبێت، ئەوە بوو کە بۆچی ناوی ناوە سەلام و ناوی نەناوە غەمبار، هەر ئەمەش بوو لای هاوڕێ خۆشەویستەکانی ببێتە سەلام غەمبار و ڕەشەکەی لێ ببێتەوە.
ئەو شەوە، ڕەشە، دایکی زۆری بەسەردا بۆڵاندبوو، کە بۆچی هەر باوکی دەکاتە کۆڵ و ئەم پیادەیە، ناچار بۆئەوەی دڵی دایکی نەشکێت، باوکی لەلاڕێگەکە دادەنێت و پەیمانی پێدەدات کە هەر زوو بگەڕێتەوە بۆ لای، دایکی دەکاتە کۆڵ و هێندە دوور ناکەوێتەوە، هاوار و قیژە و فیزاغی ئەو خەڵکە دڵی دادەخورپێنن و گوێی کاس و کپ دەکەن، ئەو هاوار و فیزاغە، هاواری گیاندانی باوکی بوو، لەلاڕێگەکە خزابوو، بە شاخەکەدا خلۆر بووبووەوە بۆ ناو دۆڵەکە و نوزەی لێبڕابوو. دایکی دانابوو زۆر بێدەسەڵاتانە بۆ ماوەیەک لەگەڵ دایکیدا باوکەڕۆی کردبوو.
کە زانیبووی هیچی بۆ ناکرێت، بەو خەمە زۆرەوە دایکی بە کۆڵ گەیاندبووە ئۆردوگایەکی سەر سنوور، باری دەروونی دایکی زیاتر تێکدەچێت و بەرگەی ئەو کۆستە گەورەیە و ئەو ژیانە قورسەی ئۆردوگا ناگرێت و دوای دوو هەفتە مانەوە ئەویش سوێی دەبێتەوە و دەمرێت.
لەو رۆژە بەدواوە کەس سەلامی نەبینییەوە، تا مانگێک پێش ئێستە، ئەوە مانگێکە خەڵکی ئەم شارە عەوداڵی دۆزینەوەی سەرە داوێکن تا بیانباتە سەر هۆکاری شێت بوونەکەی سەلام.
حاجی نەجیبی دارتاش، کە ساڵانێک وەستای سەلام بوو، ئاوا لەبارەی سەلامەوە دوا:
(سەلام یەکێک بوو لە کوڕەکانم، بە زیرەکی و دەستپاکی جێی خۆی لە دڵی من و هەموو دوکاندارەکانی گوزەرەکەدا کردبووه‌وە، چۆن شێت بوو؟ نازانم! بەخوا ناشکرێت لەماڵی خۆت، جێی شێتێک بکەیتەوە.)
بەمجۆرە بیانوانە، کەس داڵدەی سەلامی نەدا، سەلام بووە شێتێکی جیا لە شێتەکانی شار، سەلام شێتێکی بێلانەیە، سەلام ئێستە شێتی شەو و ڕۆژی شەقامەکانی شارە.
مەتەڵی هۆی شێتبوونی سەلام هەڵنەهات، زۆر ناتۆرەیان تاقی کردەوە، تووڕە نەبوو، (سەلە شەمە) و (باوک کوژ) و زۆر ناتۆرەی تریش لەسەر وەزن ی ناتۆرەکانی شێتەکانی سەدەی ڕابردوو، ئاخر توڕەکردنی شێتەکان بۆتە بەشێک لە کولتوری ئەم شارە، خەڵکی ئەم شارە ئەگەر ڕۆژێکی بەڕێکرد و شێتێکی توڕە نەکرد، وادەزانێت ڕۆژێک کەمتر ژیاوە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی بەرهەمهێنانی شێتی تازەدان، ئەوە نییە، یەکێک عەبدولکەریم قاسمی خۆش دەوێت، ناتۆرەی عەبدولکەریمی لێدەنێن و توڕەی دەکەن تا ئەقلی لەدەستدەدات، یان کابرا تڕی بۆ ناگیرێت، ناتۆرەی شەکەنەی لێ دەنێن.
مەتەڵی هۆی شێتبوونی سەلام هەڵنەهات، تا ئەو ڕۆژەی ڕێبواری هاوڕێی لە هۆڵەندە گەڕایەوە، من لەزاری ڕێبوارەوە ڕاستیەکەم بیست:
سەلام کە گەیشتە فڕۆکەخانەی ئەمسته‌ردام، ئاشتی خان، یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو تیمەی پێشوازی پەنابەرە تازەکانی دەکرد، هەر ئاشتی خانیش فۆرمەکانی بۆ پڕکردبووه‌وە و تەرجەمەی چاوپێکەوتنەکەشی بۆ کردبوو، بۆیە سەلام شەرمی لێ شکابوو، داوای یارمەتی لێکردبوو: ئاشتی خان من وەک کوێر وام، زمان نازانم، بێ ئەزمونم، وە کەسێکیشم نییە لەم وڵاتە یارمەتیم بدات.
ئەم داوای یارمەتییە، دەرگای پەیوەندی نێوانیانی کردەوە، هەموو ڕۆژێک یەکتریان دەبینی و کاتێکی باشیان پێکەوە دەبردە سەر، تا وایلێهات پەیوەندیەکەیان بووە خۆشەویستیەکی پاک و پتەو. ئەو جووتە هێندە یەکتریان خۆش دەویست، بوونە جێی سەرنج و سەرسامی خەڵک، لەم سەردەمەدا زۆر سەیرە دوو کەس هێندە یەکتریان خۆشبوێت. ئاشتی خان ژنێکی جوانی باڵا بەرز بوو، لەگەڵ ماڵی باوکی دەژیا، مێردەکەی لێی جیابووبووه‌وە و له‌گەڵ ژنێکی ئەسیوبی، کە دە ساڵ لە خۆی گەورە تر بوو، دەژیا. سەلام و ئاشتی لەسەر هاوسەرگیری ڕێکكەوتن و ماڵی ئاشتی بە خۆشحالیەوە داواکەی سەلامیان قبوڵ کرد و شەوی سەری ساڵ دیاری کرا بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری.
ڕۆژی بیست و پێنجی دوانزە، سەلام تەلەفونی بۆ کردم، کە چوومە لای زۆر غەمگین بوو، وتم: چییە غەمبار بۆ وا غەمگینیت؟
وتی: سەفەر دەکات و ئاهەنگەکەمان بۆ نەورۆز دوا دەخرێت.
وتم: بۆ کوێ؟
وتی: لەگەڵ تیمێک دەچنە کۆبانێ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانن، خەڵکی کۆبانێ پێویستیان بە چ جۆرە یارمەتییەک هەیە.
وتم: کارێکی چاکە.
وتی: دەزانم، بەڵام من دڵم شتێکی تر دەڵێت، غایلەی تر، بە دڵمدا دێت، بەدەست خۆم نییە و زۆرم خۆش دەوێت و بەبێ ئەو من مردووم.
هەر واش کەوتەوە، غایلەکەی دڵی ڕاست دەرچوو، خۆکوژێک خۆی بە تیمەکەی ئەواندا تەقاندبۆوە و ئاشتی خان دەستبەجێ گیانی لەدەستدابوو، سەلام بە بیستنی مەرگی خۆشەویستەکەی، لەهۆش خۆی دەچێت، بەشێتی هۆشی دێتەوە، هەوڵی زۆریان لەگەڵدابوو، بەڵام بێسوود بوو.
تکام لە هاوڕێکەی کرد کە ئەم چیرۆکە هەر لای خۆی بهێڵێتەوە، تا خەڵکی شار، به‌ ناتۆرەی (سەلە ئاشتی) یان (سەلە کۆبانێ) ئازاری ئەو عاشقە شێتە نه‌ده‌ن.

 

٢٠١٧

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین