بەهادین- متۆلۆژیای گوڵەکان Bahaiden Mythology of flowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

دەربارەی  ئازار و ئازارپەروەری


Loading

بەختیار عەلی

دەربارەی  ئازار  

 بەختیار عەلی

دروستمکە،

 لە خوێنی خۆت دروستمکە. لە پشکۆ ترسناکەکانت کە پڕن لە ستایشی دۆزەخ

لە پایزە دڕندەکانت، لە خەزانی کێوی کە وەک پڵنگی زەرد پەلاماری دڵم دەدەن.

لەم تلانەوە درێژەی ڕۆح بەدەوری ئەستێرەکانی خۆیدا، لەم نەغمە خوێنینەی وەک بازی ڕەش پەلاماری هاوارم دەدات

بمتاشە،

بەچەکوشی ڕەشی خۆت، بکێشە بە بناغەی وجودمدا، بکێشە بە ژێرخانی هەموو ئومێدێکمدا،

بکێشە بەسەری وشە تەنهاکانمدا، بەپەنجەی خەیاڵاوی ڕستەکانمدا.

ئەی ئازار! بە توێشووی خۆت،  سیمام،ڕۆحم، باڵام دروستکەرەوەوە.

ئەوەتەی هەیت بەم بەردە تیژانەی خۆت بەردبارانم دەکەیت، هەستە وبەماچی خوێنین، بەزامی دی ، بە خیانەتی تر، بەبێوەفایی نوێ ئاشتمکەرەوە

ئەی ئازار! پێویستیم بەهاواری نوێیە، پێویستیم بەزامی تازەیە پێوەی بگەڕێم، پێویستیم بەناڵینە کە لە برینی سەر سینەمەوە بێتەدەرێ، بەنرکەیەک هەموو شەو هەموو دەریاکان ڕاچەنێت،

ئەی ئازار! خۆت دەزانیت لەژێر چەکوشی ئاسنگەرەکانی تۆدا گەورە بووم، خوێنم لە خۆرهەڵاتی تۆ ودڵم لە خۆرئاواتەوە هاتووە

نیگام لە شەوی تۆ وفرمێسکم لە لافاوی تۆوە هاتووە

هیچ پەنجەیەکم نییە ساڵانێکی درێژ بە دۆزەخی تۆدا نەهات بێت، هیچ دەستێکم نییە چەندین سەدە لەپێش خۆمەوە باوەشێنی ئاگری تۆی نەکرد بێت.

هیچ قاچێکم نییە ساڵانێکی درێژ بەجەنگەڵەکانی تۆدا ڕای نەکرد بێت.

هیچ هەستێکم نییە سەدان ساڵ بەر لەخۆم لە زیندانی تۆدا دیل نەبوو بێت.

لەمن زیاتر کێت هەیە بیبەخشی بەم چەقۆ تینووانەی چاوەڕێی یەکەم لەشن.

لەمن زیاتر کێت هەیە بیبەخشی بەم سێدارەیەی تەنیا ڕووناکی دەخنکێنێ.

لەمن زیاتر کێت هەیە بیدەیتە دەست ئەم وەرزەی دڵ دەتاسێنێ، ئەی ئازار!

بەم تەورە تیژەی دەستم بکێشم بە نێو چەوانمدا، تەنیا بەزەبری وا جەنگەڵی نوێ دەبینم، ئاسمان کە فریشتە نەیبینیوە، زەوی کە بۆ ئادەمیزاد نەخوڵقاوە،  تەنیا بەزەبری مەستی وگێژی تۆ، شتێک لەخۆم تێدەگەم.

گەر ئەم کینەیەی تۆ نەبێت، سوژدە لەکوێوە هاتووە.

بکێشە بەڕەگی هەموو خەندەیەکمدا، بکێشە بەتۆوی هەموو پێکەنینێکمدا، بکێشە بەهەموو چەکەرەیەکی ئومێددا، گەر لەسەری ڕەشمدا سەوزبوون.

 بکێشە بەهەر عەشقێکی نوێدا گەر بەڕێکەوت کەوتە بەرم،

 بە تەور، بە گولـلە بکێشە بەخەیاڵمدا گەر خەوی بەختەوەری کەوتە سەرم.

 

 

 

دەربارەی ئازارپەروەری

 بەکر عەلی

به‌كر عه‌لی – له‌پشتیه‌وه‌ مه‌زاری برتۆڵدا برێخت و ڤایگلی هاوژینی

سەرەتا نە وشە هەبوو، نە کردار، سەرەتا جیهان بە ناکامڵی بۆ مرۆڤ دروستکراوە و هیچیتر،  بەڵام شتێک دەبوو ئەم ناکامڵییە دەربخات، هەستێک لەمرۆڤدا دەبوو لەو دەمەوە وەکو میتافیزیک لەدایکبێت، ئەوە هەستکردن بوو بە ئازار، ئەم هەستکردنە ناتەبایی و ناهارمۆنێتی مرۆڤ وجیهان دەردەبڕێت. هیچ هەستێک هێندەی هەستکردن بە ئازار هۆشیاری ئەوەمان لادروست ناکات کە زۆر بەدروستی دەرک بە دیارنەمانی شتەکانی دنیامان بکەین. دەبێت ئازار چی بێت جگە لە دەرکەوتنی شتە نادیارەکان. ئەوانەی لەکاتی شادمانی دا لێرە نین، ئازار دەخەنە ڕۆح و جەستەمانەوە، کە ئازارمان بۆ دێت ئیتر تەواوی جیهان لامان بزر دەبێت. بۆیە ئەوەی مرۆڤ دروست دەکات ئازارە، ئەوەی بوونمان دەخاتە بەر پرسیارەکان، نەبوونەکان و نادیارەکانن. لە کوێدا شتێکمان نەبێت، لەوێدا ئازارمان بۆ دێت. بیهێنە بەرچاوت گەر مرۆڤ هەموو شتەکان بۆی دیاربوونایە و هەموویان بۆ مرۆڤ لەئارادا بوونایە، ئەوسا هیچ هەستکردنێکمان بۆ نا ئامادە و نادیار لا دروست نەدەبوو، ئەوسا نەدەبووین بە مرۆڤێکی پرسیارکەر و گومانکەر و بگرە هیچ پێویستیشمان بە هیچ نەخێروتن و یاخیبوونێک نەدەبوو. ئەوەی مرۆڤ دروست دەکات دۆخە تەواوەکە و دۆخە دیار و ئاراکەی نییە، مرۆڤ بە کامڵی نابێتە مرۆڤ، بەڵکو تەنیا ئەو کاتە دەبێتە مرۆڤ کە شتەکانی لێ بزر دەبن، کە زۆر کەس و زۆر شتی لا غائیب دەبێت. ئەم بزربوونەش ڕووداوێکی ئەفرێنەرانەیە کە هەستێکی زۆر سامناک، بەڵام ئەفرێنەرمان تێدا بەرپا دەکات، ئەویش هەستی ئازارە.  دڵنیام زۆرینەی خەڵکی قێزیان لەوە دێتەوە باسی ستایشکردنی ئازار وەک هەستێکی ئەفرێنەر بکەین، بەلام لە ڕاستیدا ئەو بێزارییەی مرۆڤی ئاسایی لە ئازارەکانی ژیان هەیەتی، سووکەڵەیی و بەربادی و ڕووکەشی و  بەرگەنەگریی و بەشتبوونی مرۆڤەکان دەردەخات بۆمان. بۆیە وێڵکردنی ئازارو بێزاربوون لە هەوڵی تێگەیشت و هەستکردن بەئازار، جۆرێکە لەئارەزوویەکی نێگەتیڤانەی مرۆڤ کە بەهیچ شێوەیەک ئاماژە نییە لەسەر سایکۆلۆژیایەکی تەندروست هێندەی ئاماژەیە بۆ چەشنە مرۆڤێکی نوێی بەرباد و بێناوەڕۆک و لە مرۆڤکەوتوو.

 

مرۆڤ کاتێک دەبێتە مرۆڤێکی پڕناوەڕۆک، بەپیت، سەرشار بە سایکۆلۆژیای بوونگەرانە، کە دۆخی ئازار بژی وهەستکردنی بەئازار وەک شکست و دۆڕانێک نەبینێت، بەڵکو وەکو پاڵهێزێک و ئارەزوویەکی خۆدروستکەرانە. کە بەداخەوە فەرهەنگی کوردی بەشێوەیەکی گشتی خۆی لە مانا میتافیزیکیی و سایکۆلۆژییە قووڵەکانی “ئازار“ نەداوە و بەگشتیش مرۆڤەکان لەمرۆڤی ئازارکێش دوورەپەرێزبوون… لێرەوە من دەمەوێت جۆرێکی تری تێڕوانین دەربارەی ئازار باس بکەم، کە جۆرێکە لە بەرگریکردن لە ئازار، جۆرێکە لە ئازارپەروەری کە لە زمانە ئەوروپییەکان دا پێی دەوترێت “ئەلگۆدیزی“. هەڵبەتە ئەم دەستەواژەیە کە بەمانای بەرگری لەئازار یاخود ئازارپەروەری دێت، لە دەستەواژەیەکی ترەوە داتاشراوە کە تا سەرەتاکانی مۆدێرنەش باو بووە، ئەویش دەستەواژەی ((تیۆدیزی))یە کە بەمانای خوداپەروەری یان بەرگری لەخودا دێت. لەمۆدێرنەدا ئالگۆدیزی جێگەی تیۆدیزی گرتۆتەوە. ئەو پرسیارەشی تیۆدیزی دەیکات بریتییە لە : چۆن خراپە وئازار و نادادوەری لەگەڵ هەبوونی خودادا یەکدێنەوە؟ لەکاتێکدا پرسیارەکەی ئالگۆدیزی بریتییە لە: ئەگەر خودایەک بوونی نەبێت، ئیتر ئێمە چۆن بەرگەی ئازار دەگرین؟ هەڵبەتە هەردوو ئەم پرسیارە فیلۆسۆف `پیتەرسڵۆتەردایک` بەهۆی نیتچەوە زۆر بەوردی خۆی پێوە دەرگیرکردووە، بەڵام لێرەدا ئێمە ڕەدووی ئەو خۆدەرگیرکردنە وردەکارانەیەی ئەوان ناکەوین و پتر خۆمان دەرگیری ئەو هەستە قووڵە دراماتیکییەی ژیان دەکەین لەنێو دنیای خۆماندا.

لەم نێوبەندییەدا  تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەم تێمایە بەم جۆرە دەبێت کە بڵێین؛ ئالگۆدیزی و بەرگری لە ئازار بریتییە لە هونەری پیشاندانی لایەنە باشەکانی ئازار. بۆچی بەرگری لەئازار و لە پێناوی چیدایە ئەم بەرگرییە؟ کێن ئەو مرۆڤانەی بەرگری لە ئازار دەکەن. لەکوێدا باسی ئازار دەکەن و بۆ کێی باس دەکەن. ئایا ئەوانە پاڵەوانن؟

 

بەهادین- متۆلۆژیای گوڵەکان
Bahaiden Mythology of
flowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

هەرکاتێک ناهارمۆنی و ناهەماهەنگییەک دەکەوێتە نێوان تاکەکەس و جیهانەوە، ئیتر ئازار هێلانەی خۆی لەناو ماڵی بووندا چێ دەکات. مرۆڤ خۆبەخۆ ئازاری خۆی نادات، تەنانەت ئەوکاتەشی خودکوژی ئەنجام دەدات هێشتا خۆبەخۆیانە نایکات، بەڵکو هەمیشە جیهان ئەو ئەکتەی بەسەردا دەسەپێنێت. لەو چرکەساتەی مرۆڤ هۆشی پژاوە بەوەی جیهان نوقسان و بێهوودە و گاڵتەجاڕییە، لەو کاتەوە ئازارێکی بوونگەرانە لەڕۆحیدا دەژی وگەورە دەبێت وهەرگیزیش ئەو ئازارە نامرێت. هەموو شتێک لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ وجیهانەکەیدا گەر کۆتادار بێت، ئەوا پەیوەندی نێوان مرۆڤ وئازار پەیوەندییەکی هەمیشەگییە. عارفەکان و داناکان و سۆفییەکان و شاعیرەکان و فەیلەسوفەکان و هونەرمەندەکان ئەو دەستە ناوازەیەی مرۆڤن کە هەر زۆر لەدێرزەمانەوە دەرکیان بەو نوقسانییە و بەو بەربادییە و بەو گاڵتەجاڕییەی جیهان کردووە و خودی ئەو دەرککردنەشیان وەک ئازارێکی ئەبەدی پێناس کردووە. لێرەوەیە ئەم دەستە ئاڤانتگاردەی ئازارپەروەری، ئارەزوویەکی نەبڕاوەیان بۆ ستایشکردن و بەرگریکردنی ئازار هەیە. بۆیە پەندنووسین و  شیعر نووسینی ئەمانە زۆرتر دەربارەی ئازارەکانی دابڕانی مرۆڤە لە خوا، لە یار، لە هاوڕێ، لە نیشتیمان و لە جیهان. پێدەچێت دەستپێکی هەموو میتافیزیک و سایکۆلۆژیایەک و بگرە هەموو شۆڕش ویاخیبوونەکان بریتی بێت لەو هەستکردن بەئازارەی کە ئەو گروپە هەر لەدێرزەمانەوە مانیفێستیان کردووە بۆمان. ئەوانە هەریەکەیان بەشێوازی تایبەت بە خۆیان بەگژ نادادی و ناکامڵی و نائارامی ونادیارێتی جیهاندا چوونەتەوە و هەریەکەیان ئەو ئازارەیان ستایش کردووە کە لێوەی درێژەی بەژیانێکی ئەفرێنەر و بەرهەمهێنەر دابێت.

بەڵام دێرینترین بەرگری لە ئازار ئەوەیە کە شیعر نووسیویەتییەوە، لە ئیپۆس وداستانەکانەوە وەری بگرە تا دەگاتە نووسینی شانۆگەری و چیرۆک وڕۆمانیش.  ئیتر شتێکی ساویلکانەیە گەر پێمانوابێت لەئەدەبیاتی شیعریدا  بەرگری لەئازار ئەوەیە هاکەزاییانە شیعرێک بنووسین دەربارەی ئازار، بەڵکو هاوارە قووڵە جیدییەکە ئەوەیە شیعرەکە خۆی ئازارێکی کرۆنیکی نەبڕاوە بێت وهەبوونیشی بە پێویست بزانێت، بانگەوازە بێگەردەکە ئەوەیە خۆی ژانێک بێت و بە زمانی شیعریەت خۆی بەیان بکات و ئازار بۆخۆی بکاتە میدیۆمێک بۆ خۆدروستکردن و لێوەی نەگونجانە بنەڕەتییەکەی خود لەگەڵ جیهاندا دەربخات. هەر شاعیرێک شیعرێکی وای نووسی بێت، هیچی نەکردووە جگە لە هەوڵی بەرفراوانکردنی ئەم نەگونجانەی نێوان مرۆڤ وجیهان، هەڵبەتە ئەمە هەوڵێکە لەئاگاییەوە هاتووە نەوەک لە گەمژەیەتی وشەڕانگێزییەوە. لە نێو شاعیرەکانی دنیادا، کە تەواو بە شێوەیەکی ڕادیکالانە توانیبێتی بە زمانی شیعر بەرجەستەی ئازاری کرد بێت بۆمان، وەهاش ستایشی ئازارپەروەری بکات کە تا دێت درزی نێوان خود و جیهان چەسپیوتر دەکات.

 

بەختیار عەلی شاعیر توانیویەتی بەم شیعرە << دەربارەی ئازار>> جۆرێک لە شیعریەتی ئازاردۆستی بهۆنێتەوە کە لەنێو ئەدەبیاتەکاندا شتێکی ناوازە بێت.  ئالگۆدیزی ئەم شیعرە لەوەدایە کە کە خود بەرەو کایەیەکی تر دەبات و شاعیرەکە لەستایشیدا بۆ ئازار دەیەوێت ئازار بەهەموو ئامرازەکانی خۆی (( چەکوش، تەور، بەرد، چەقۆ، گولـلە)) دایتاشێت ودیزانێکیتر بکاتە بەژنی ئەم کارەکتەرە دراماتیکییە، کە کارەکتەرە <<ڕاستەقینەکە>>ی هەموو مرۆڤێکە. ئەم کارەکتەرە ڕاستەقینەیەش بریتییە  لە <<مەستی ولە ئێکستازە>>. چونکە بەبێ مەستی وسەرسوڕمان و سەرگێژی مەحاڵە لەژیری ولەدانایی ولە لۆجیکی بوونی خۆمان تێبگەین، وەک بەختیار لەم شیعرەدا دەڵێت: <<تەنیا بەزەبری مەستی وگێژی تۆ، شتێک لەخۆم تێدەگەم>>.

 

ئەم شیعرە ڕادیکالترین زمانی هەیە بۆ دەرخستنی خەلاقترین و ناخۆشترین هەست. ئەم شیعرە گەورەترین ئالگۆدیزی کوردییە.لە کوێ ئارەزووی ئەوەمان کرد بەرگری لەئازارەکانمان بکەین، کەی ویستمان بزانین جیهان بۆ نوقسانە،  دەبێت ئەم شیعرە بخوێنینەوە. من لێرەدا هەوڵی خوێندنەوەیەکی ئازارپەروەری بۆ ئەم شیعرە دەدەم کە لێوەی هەموو بنەماکانی یاخیبوون و بەگژداچوونەوە و <<نا>> گووتنەکانی مرۆڤ سەرپێ دەکەون. لەکوێدا ئازار بووە شیعر، لەوێدا سوبیەکتی پاڵەوانێک نابینین، بەلکو لەوێدا سوبیەکتێکی بەرکەماڵبوو دەبینین کە بەگژ هەموو لێسەنینەوەکان و حیرمانکردنەکان و ستەمە نادادوەرییەکاندا دەچێتەوە. بۆیە ئالگۆدیزی( ئازارپەروەری) بریتییە لە بەگژداچوونەوەی نادادپەروەری.  چونکە باسنەکردنی ئازار و نەبوونی بە گوتارێکی شیعری، واتە دەرکنەکردن بە نوقسانییەکانی جیهان و دەرکنەکردن بە لەخودبێگانەبوونی مرۆڤ.

شیعرەکە بەفەرمان وئیمپەراتیڤێک دەست پیدەکات  (دروستمکە) ، ئەمە فەرمانی کۆماندۆیەکی سەربازی نییە، بەڵکو فەرمانی کەسێکی مەشقکەری زاهیدە کە دوای ئەزموونکردنی تاڵی ودۆزەخ و دڕندەیی ژیان ناخوازێت ئەو ئازارانە چۆکی پێ بدەن، بەڵکو خودی ئەو ئەزموونانە بریتین لە مەشقی خۆدروستکردن، لە جۆرە جاویدێک بۆ زاڵبوون بەسەر خودی خۆیدا.

 

دروستمکە،

 لە خوێنی خۆت دروستمکە. لە پشکۆ ترسناکەکانت کە پڕن لە ستایشی دۆزەخ

لە پایزە دڕندەکانت، لە خەزانی کێوی کە وەک پڵنگی زەرد پەلاماری دڵم دەدەن.

لەم تلانەوە درێژەی ڕۆح بەدەروی ئەستێرەکانی خۆیدا، لەم نەغمە خوێنینەی وەک بازی ڕەش پەلاماری هاوارم دەدات

بمتاشە،

بەچەکوشی ڕەشی خۆت، بکێشە بە بناغەی وجودمدا، بکێشە بە ژێرخانی هەموو ئومێدێکمدا،

بکێشە بەسەری وشە تەنهاکانمدا، بەپەنجەی خەیاڵاوی ڕستەکانمدا.

 

ئارەزووی ئەوەی لەهەموو ئەو دۆخە سەختانەدا هێشتا پێشوازی لە ئازار بکەیت، بریتییە لەو حیکەمەتەی پێیوایە ئازار دەرد نییە، بەڵکو دەرمانە. ئازار مرۆڤ تێکناشکێنێت، بەڵکو دروستی دەکات. زۆرینەی خەڵکی لەبەردەم ئازاردا چۆک دادەدەن و

بەترسێکی زۆرەوە داوای دەرمان و چارەسەر دەکەن، مرۆڤە ڕاستەقینەکان، تاکەکەسە زاهید و جاویدەکان شاگەشکە دەبن بەئازار و لێوەی مانایەکی میتافیزیکییانەی دنیایەکی بێمانا و ڕەهەندێکی وجودییانەی ژیانێکی بێهوودە دەدۆزنەوە. فریدریش

فریدریک نیتچە ١٨٤٤ – ١٩٠٠

نیتچە وەک شاعیر ودانا و فیلۆسۆف وکولتورناس فیلۆلۆگێک، جگەلەوەی ئازارێکی هەمیشەیی لەجەستەدا هەبوو، ژانەسەرێکی نەبڕاوە و چاویەشەیەکی بێکۆتاو ژانەسکێکی بەردەوام، لەڕووی ڕۆحیشەوە ئازاری توندی بەو کارەساتە کولتوریییە نیهیلیزمانەیەی مرۆڤ بەسەر ژیاندا هێناویەتی دەچەشت، سەرباری ئەوەش هەرگیز نەفرەتی لە ئازارەکانی نەدەکردەوە، ئامێزی بۆ دەگرتنەوە و کامەرانی خۆی لەوەدا دەبینییەوە کە ئازار فێری دەکات مەشق بکات، جاویدانە بژی و حەکیمانە بیربکاتەوە. بۆیە ئەو  لەبەردەمی ئەو ئازارە قووڵە ئەزەلی و ئەبەدییانەدا هەمیشە هەموو دەرمانێکی ناکۆرتیکا و سڕکەری ڕەفز دەکردەوە.  لەڕێی ئازارەوە نیتچە دەستی کرد بە  پرسیارکردن لە پاساوە ئیستاتیکییەکەی ژیان و بەوەش چیتر پرسیارە ئایینییەکانی لاوازتر کرد. هونەری ژیان لەوەدا نییە خۆت لە ئازار دوورەپەرێز بکەیت، بەڵکو لەوەدایە بیژێنیت وقبووڵی بکەیت وبیکەیتە ئامرازی دۆزینەوەی ماناکان .

 

لەم شیعرەی بەختیاردا ئازار دروستکەری مرۆڤە، بەڵام لای نیتچە ئازار ڕزگارکەری ڕۆحی مرۆڤە. نیتچە لە کتێبی <<زانستی شاد بڕگەی ٣١٨ >>  سەبارەت بە حیکمەت لەئازاردا دەڵێت: لەناو ئازاردا حیکمەت هەیە>>.  لەم شیعرەدا شاعیر پێمان دەڵیت؛ لەناو ئازاردا بەختەوەری هەیە.

 

ئازارپەروەری یەکێکە لە ڕێچکە زوهدگەرییە هەم دێرین و هەم مۆدێرنەکانی خوددروستکردن و بەسەرخۆدازاڵبوون. ئازارپەروەری بریتییە لە ئیرادەی ئەوەی بەرگەی ئازارێک بگریت کە بەمیراتییەکی دێرین، بەر لە گوناهی یەکەمیش بۆ مرۆڤ بەجێهێڵدراوە. سەرەتا شاعیران، پاشان پێغەمبەران ودواتر گنۆستیک وسۆفییەکان هەوڵی دۆزینەوەی ئیمۆن سیستەمێکیان داوە بۆ بەرگریکردن لە مرۆڤ، شاعیر شیعریەتی ئازارەکەی کردۆتە ئیمون سیستەم و لێوەی <<نامۆبوونی مرۆڤ لەناو جیهاندا>> ی کردۆتە میدیۆمێک بۆ بەرگەگرتنی ئەو ئازارە میتافیزیکییە کرۆنیکییەی لەچارەنووسی مرۆڤدا نووسراوە. پێغەمبەران دۆزینەوەی ئاسمان و یەزدانیان کردە سیستەمە تاقانە وڕەهاکەی مرۆڤ بۆ بەرگریکردنی لەگوناهەکان وئازارەکانی خۆی. زاهید وجاوید و گنۆستیکەکانیش شێوەژیانی مەشقی ئیغتراببوونی مرۆڤ وگۆشەگیربوونی مرۆڤیان وەکو سیستەمی بەرگری لە هەڵهاتنی مرۆڤ لەجیهانەوە کردە هۆگربوونی مرۆڤ بەجیهانەوە. لێرەوەیە شاعیرەکان و گنۆستیکەکان و جاویدەکان هاوڕێی هەمان چارەنووسی میتافیزیکین، لەکاتێکدا پێغەمبەرەکان ئاراستەیەکی تریان وەرگرتووە کە زۆرجاریش ئەو شاعیرانەیان وەدەرناوە وبەنەفرەت کردووە.

پلاتۆن کە دامەزرێنەری هەموو ئایینەکانە، شاعیرانی لە کۆمارەکەی وەدەرناوە، لە قورئانیشدا وەها هاتووە کە << گومڕاکان ڕەدووی شاعیران دەکەون>>، لەکاتێکدا ئەرکی شاعیر لەو نەهامەتی و تراژیدیا وئاشوبەدا گومڕاکردنی مرۆڤەکان نییە هێندەی دووبارەدروستکردنەوەی ژیانە. ئەوەی شاعیرێکی کارەساتاوی وەک هوێلدەرلین لە شیعرێکیدا دەڵێت: << ئەوەی دەمێنێتەوە، شاعیران دروستی دەکەن>> بریتییە لە پرۆگرامی ڕاستەقینەی شیعریەتی کارەسات و شیعریەتی ئازار. بۆیە دەشێت بگوترێت شارستانیەت لە ڕۆحی کارەساتەوە لەدایک دەبێت، مرۆڤیش لەڕۆحی ئازارەوە لەدایک دەبێت. بگرە دەتوانین وەک سلۆتەردایک بڵیین: << مۆدێرنە لە بەرفراوانبوونی ژیانی تەکنەلۆژی و ئابوورییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لەو پاساوە دیۆنیزیۆسییەوە کە ژیان بۆ ئالگۆدیزی هەیەتی.. مۆدێرنە لەوێدا سەرهەڵدەدات کە بەرگری لەخودا دەگۆڕدرێت بۆ بەرگری لەئازار>>.

نیتچە تاکە شاعیر وبیرمەند بوو کە  هەموو پرۆگرامێکی فریادرەسی ئاسمانی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە ئازارەکان ڕەتکردەوە، ئەو تەنیا جەختی لە ئیستاتیکای ژیان دەکردەوە و بەس. ئیستاتیکای ژیان بریتییە لە هەستە تراژیدی وکارەساتاوی و ئازاراوییەکەی ناو ژیان وەکو وزەیەکی ژیانبەخش، بۆیە نیتچە دژی بەرنامەکان وگوتارەکان و ئایدیۆلۆژیاکانی وەلانانی ئازار دەوەستێتەوە و لای ئەو مرۆڤی تراژیدی قبوڵی توندترین ئازار دەکات، لەکاتێکدا مرۆڤی ئاینی نەرێی خۆشترین ژیانی سەرزەویش دەکاتەوە. بۆیە نیتچە هەمیشە داوای ئەو مەشقگەرییەی ئازاری دەکرد و زەویشی وەکو << ئەستێرەی مەشقگەران>> دەبینی بۆ ئەو کەسانەی کە تەنیا بەئازارپەروەری هەست بەکامەرانی دەکەن.

ئەتمۆسفێری شیعریەتی ئازارپەروەری لەم شیعرەی بەختیاردا هەمان هەناسە وەردەگرێت و هەمان هەناسەش دەداتەوە کە هەموو مەشقگەر وزاهیدێک و دانایەک وگنۆستیکێک وسۆفییەک و ڕەخنەگرێک لەناو فەرهەنگە جیاوازەکانی ڕاڤەکردنی جیهاندا ئەنجامی دەدەن. بەهەمان هاڕمۆنی هەموو ئەو جاویدانە، ئەم شیعرەش ئازار وەردەگرێت لەپێناوی خۆدروستکردندا، خودی ناو ئەم شیعرە خودێکی دۆلۆریست و ئازارخوازە، کە بۆئەوەی دروست بێت تەنیا ئەوەی لەسەرە، نەک هەموو ئەزموونە هەنووکەییەکانی ئێستای خۆی قبووڵ بکات، بەڵکو هەموو ئەزموونە دۆزەخاوی و وێرانکاری وتراژیدیائامێزەکانی سەدان وهەزاران ساڵیش بەر لەبوونی خۆی وەرگرێت. بۆیە خودی شاعیر لێرەدا ئازارێکی کرۆنیکی  وتێنەپەڕی هەیە، نەک ئازارێکی کاتی وتێپەڕ، هەرکاتێک ئازار کاتی بێت، هیچ مانایەک نابەخشێت وهیچ  ڕەهەندێکی ئەفرێنەرانەی نییە و بە دەرمانێکی ڕووەکی یان پزیشکی نارکۆتیزەی دەکرێت، ئازار بۆ مرۆڤی ئازاردۆست ئەوەیە ئەزەلی وئەبەدی بێت و هیچ دەرمانێک نارکۆتیزەی نەکات، نە شیعر، نە ئاین، نە پۆلیتیک، بەڵکو خودی ئازارچێژ خۆی وئازارەکەی و مەشقەکانی دەست و قاچ و هەستەکانی:

    

هیچ پەنجەیەکم نییە ساڵانێکی درێژ بە دۆزەخی تۆدا نەهات بێت، هیچ دەستێکم نییە چەندین سەدە لەپێش خۆمەوە باوەشێنی ئاگری تۆی نەکرد بێت.

هیچ قاچێکم نییە ساڵانێکی درێژ بەجەنگەڵەکانی تۆدا ڕای نەکرد بێت.

هیچ هەستێکم نییە سەدان ساڵ بەر لەخۆم لە زیندانی تۆدا دیل نەبوو بێت.

 

خودی شاعیر ڕۆحێکی هێندە ئازارپەروەرانەی هەیە، جگە لە خودی ئازار هیچ جۆرە ئومێدێک وهیچ شێوەیەکی بەختەوەری وهیچ ئەوینێک بەدروست نابینێت جگە لە مەسەلە ڕاستەقینەکەی پاساوی ژیان کە بریتییە لە ئەوینی ئازارپەروەری، ئەم ڕۆحە شیعرییە بریتییە لە هەمان ئەو بانگەوازەی نیتچە کە بانگی ئازارەکانی خۆی پێدەرکرد و ناوێکی فرەمانای لێنابوو، <<سەگ>>، کە هەم دڵسۆزە و هیچ ناپاکییەک ناکات وهەم بێشەرمە و سڵ لەوتنی ڕاستەقینە ناکاتەوە و بەهەموو درۆزنێک دەوەڕێت و هەم ژیر و زیرەکیشە وەک حیکمەتێک لەنێو حیکمەتەکانی تردا، نیتچە ئاوا دەڵێت: (( من ناوێکم داوە بە ئازارەکانم، ناومناون << سەگ>>، کە هەم دڵسۆزمە وهەم بێشەرمە و هەمیش زیرەکە وەک هەر سەگێکی تر.)).

 

خودی شاعیریش لێرەدا دەیەوێت دڵسۆزی بۆ ئازارە دێرینەکە دووپات بکاتەوە و دەشزانێت کە ئازار بەو  پێداکێشان و توندوتیژییەوە کارەکتەری ڕاستەقینەی ژیان پیشان دەدات بۆ خۆدروستکردنی ڕاستەقینە لەڕێی ئازارەوە نەوەک خۆگومراکردن لەڕێی ئەوینێکی نوێوە کە بە بەختەوەرییەکی درۆزنانە فریوی بدات:

 

بکێشە بەڕەگی هەموو خەندەیەکمدا، بکێشە بەتۆوی هەموو پێکەنینێکمدا، بکێشە بەهەموو چەکەرەیەکی ئومێددا، گەر لەسەری ڕەشمدا سەوزبوون.

 بکێشە بەهەر عەشقێکی نوێدا گەر بەڕێکەوت کەوتە بەرم،

 بە تەور، بە گولـلە بکێشە بەخەیاڵمدا گەر خەوی بەختەوەری کەوتە سەرم.

 

تاقانەیی ئەم شیعرە لەبواری ئازارپەروەریدا، لەڕۆحێکی سادە و بێناوەڕۆک و بێبنەماوە و بەڕێکەوت نەهاتووە، بەڵکو چڕی ودەوڵەمەندی تێڕامانکردن و پرۆگرامسازی شاعیرەکە بۆ ئیشکردنی لەناو سایکۆلۆژیای قووڵی مرۆڤدا فاکتەری هەرە سەرەکی لەدایکبوونی ئەم شیعرە ئالگۆدیزییەیە. هەر ئەمەش هۆکار وپاساوی ئەوەی دا بە من لێرەدا چەند دێڕێک بۆ ڕووناککردنەوەی کارەکتەرە ڕاستەقینەکەی هوناری ژیان بخەمە سەر ئەم شیعرە.

تەواو

 

تێبینی؛ تابلۆی بابەتەکە؛ سێینە تابلۆی هونەرمەند بەهادین — متۆلۆژیای گوڵەکان
Bahaiden Mythology offlowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

 

بەهادین- متۆلۆژیای گوڵەکان
Bahaiden Mythology of
flowers 2018. Acryl on Canvas 250cm x110 cm

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌