چیرۆكنوس: دابان عه‌تار

تارمایی


Loading

كەللـــەی زل و قژە لوول و تێكچڕژاوەكەی نا، سێبەرەكەی كەوتبووە سەر دیوارەكە. سمێڵى گەورە و بابڕ و قەترانی نا،دەنگە نەرم و ترسناكەكەی بوو دەبیسترا. ڕیشە درێژ و پڕەكەی نا، ئەو مقەستەی پێی قەڵەم كرابوو، نێوان كەزیەكانی نا، پەراسوە ناسكەكانی كون دەكرد. شەربەتی هەنار نا، خوێنی ساویلكەییبوو دەڕژایە سەر زەویەكە.

وەكو جاران خۆشم دەوێی نا، بە پێچەوانەوە ماڵئاوایی نەدەبیسترا، هەستی پێ دەكرا. قۆڵەكانیچیتر بە هێز نا، خاوبوونەوەیان پیشان دەدا. وەك چەندان جارە نا، یەكەمجار بوو بۆنی نائومێدی دەكرا. پشیلەیەك لە نەوسان نا، لە ترسان ڕا، خۆی نا، سێبەرەكەی بوو دەبیندرا، هەڵكورمان نا، غاری دەدا. دەنگی گمەی كۆترێك نا، ناڵەیەكی جەرگ هەژێن، لە دندوكی كوكوختیەكەی ئەو دیو پەنجەرەكە نا، لە قوڕگی ئافرەتەكەڕا، دەنگی دەدا. بكوژەكە باوكی ئافرەتەكە نا، ئەوەی باوەڕ ناكەی لە دەستی ڕووی دا. پۆلیس دوای ڕووداوەكە بكوژەكە نا، برا و باوكی ئافرەتەكەیان لە ژوور نا. هەموو هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی پەنجەمۆر، شوێنەوار، یان هەرشتێكی دیکە لە سەر جەستەی نەدۆزرانەوە. دەتوانم بڵێم جەستە نا، كوتە گۆشتی بەر دەستی قەسابیش نا، كوتە گۆشتی ناو گوشێكی هەلاهەلا. نائومێدی لە چاوی ئافرەتەكە نا، بە دڵنیاییەوە نا، ڕوحی ئازار دەدا. من نا، تۆ، یان هەركەسێكی دیکە نا، كێ‌ چوزانێ‌ لەوانەیەبە مردوویش لە هونەری گومان تێ نەگەیشت بێت‌ و هەر بە سادەییی نا، بگرە بەساویلكەیی مابێتەوە. من، ئا من ئاگادارم كە جوانی نا، قسەی قەڵە و هەڵ نان، لە دڵی كوڕەكەنا، لە دڵی ئافرەتەكەدا چ متمانە و عیشقێكیان دروست كردبوو! هەستی بە فڕین دەكرد، كاتێك بیری لە ئەگەری درۆبوونی نا، هەرگیز نەیدەویست لە گەڵ ئەو ئەو گەرەدا یەكانگیر بێت‌، بەڵكو ئەگەری ڕاستیەتی قسەكان دەكرەوە، ئەو هەستەیان لە کن دروست كردبوو. جوانی نا، درۆ و قسەی قەبە و بەڵێنی زل، ساویلكەیییەکەیان قۆستبووەوە، بەرەو عیشقێكی ڕووت نا، بە تەواوی مانا بەدەستەوەیان دا.

هەست دەكەم چیرۆك نا، كەسەرێك دەنوسمەوە. بە ویستی خۆم نا، بە فەرمانی ئەو تارماییەی لە نێو كەللــەمدا ئۆقرەی لە خۆی بە تەنیا نا، ئۆقرەی لە منیش هەڵ گرتوە و توڕە نا، هەڵچوونێكی تۆقێنەری تێدا دروست كردوین. ئەم چیرۆكە نا، بگرە ئەم ڕووداوە ڕاستەقینەیە دەنووسم وبۆ پێشبڕكێیەكی ئەدەبی دەنێرم. لە پێناو بردنەوەی خەڵات نا، لە پێناوی ددان نان بە تاوانەكە دا.

دەشێ‌ كەسێك لەو تاوانەدا بوونی نەبێت‌، بەڵكو من ئەنجامدەری بم. دەستی خوێناویم نا، خەیاڵی خوێناویم شایەدە. هەر هیچ نەبێ‌ بە ڕاستی نا، لە خەیاڵی مندا تاوانێك بە هۆی مقەست و چەقۆ نا، بە وشەی (ئا) ڕوویدا. كێ‌ دەڵی ئەگەر منڕێگەی وەها كارێكم نەدابا، ڕووی دابا. ئەوەی هۆشی قانگداوم پرسیارێك نا، زیاتر نزیكە لەددانپێدانانێك، یان ساغكردنەوەی تاوانێك. بە ڕاستی رووداوێك لەو شێوەیە ڕوویداوە؟ چۆن چۆنی ڕاستی ئەو ڕووداوەم زانیوە؟

سەرم ژان دەكا، دەمەوێت‌ شتێكم بیر بكەوێتەوە. شتێك نا، چەندان شتم بیردەكەوێتەوە. لێ‌ هەرچەندە چەندان لێكدانەوەشیان بۆ بكەم، ناتوانم لە گەڵ ئەو ڕووداوەدا گرێیان بدەم. ئەو كوڕەنا، گەنجێكی قژ لوولی ڕیش درێژی سمێڵ فش نا، گەنجێكی باریكەلەی لووسكەی لە شێوەی هیچ كەسێكی دیکە نا، لە شێوەی خۆم، بەڵی لە شێوەی خۆم، لە ژوورێكدا لە گەڵ هەمان كچ نا، نازانم، لە گەڵ كچێكدام و باسی بابەتێكی هەستبزوێن دەكەین. دووبارە و سێ‌ بارە هەمان وێنە نا، چەندان وێنەی جیاوازتری من و ئەو كچە ، لە نێو ئەلبومی وێنەدا نا، بێ‌ جووڵە نا، لە خەیاڵی مندا لەجووڵەدان. دەڵێی لەو شوێنانەدا نا، لە سینەما دانیشتووم. لە هۆڵدا نا، لەكەللــەی مندا فیلمێكی ئەڤینداری نا، ترسناكیش نا، زنجیرەیەك ڕووداوی ڕاستەقینە پەخش دەكرا.

دەبێت‌ تا تاوانەكە ئاشكرا دەکرێ،لە جێگەی باوكو برا بێتاوانەكەی ئەو ئافرەتە من دەست گیر بكرێم. دەزگای هەواڵگری نا، دەستەی هەڵسەنگاندنی چیرۆكەكان دەبێت پۆلیسئاگادار بكەنەوە، پێویستە‌ ئەوەندە ویژدانیان هەبێ‌ ئەو بێتاوانانە بەر بدەن. ئەو بڕیارەیان بڕیارێكی دادپەروەرانەیە و مرۆڤبوونیان دەسەلمێنێت. وەلێ‌ دەبێت لەوە ئاگاداربن مرۆڤ بوونیانە تووشی هەڵەی دووەمیان نەكات و بە هۆكاری ترس لە ناوبانگیان و ڕق بەرانبەر ئەو كارە نامرۆڤانەی من، یان هەر هۆكارێكی دیکەوە بێت، چاو لە باشی ئەم چیرۆكە بپۆشن، ئەگەر شیاو بێ‌ بۆ خەڵات و ئەوان شەرم بكەن بڵێن خەڵاتەكە بۆ كەسێك دەرچووە والە سەر فڵانە تاوان لە زیندانە، چونكە جوانی داڕشتنی چیرۆكەكە بە هێزی دەقەكە دەسەلمێنێت نەك كەسایەتی چیرۆكنوسەكە، تاوانی نووسەرەكە لە دادگە یەكلایی دەكرێتەوە نەك لە پێشبڕكێیەكی ئەدەبی.

با لە چیرۆكەكەم دانەبڕێم و ئەو ڕووداوەتان بۆ بگێڕمەوە، كە تەمای نووسینی نا، ناچاری نوسینیم. ئێستا نیوەشەوە، ڕێك نیوەی شەو دوای ئەوەی كاتێكی زۆر لە كاربووم، لە جێی ئەوەی بخەوم و پشوویەك بدەم،ئەو تارماییە وازم لێ‌ ناهێنێت. نازانم ئەوە چۆن لێك بدەمەوە. بیستوومە و خوێندوشمەتەوە، كاتێك كەسێكبۆ یەكەمجار دەستی دەچێتە كوشتنی مرۆڤێكی دیکە، تارمایی كەسە كوژراوەكە وازی لێ ناهێنێت. بەڵێ‌ لە چەندین چیرۆك و ڕۆماندا خوێندوومەتەوە، كە بكوژ شێت بووە،یانلە تاو ترسی ئەو تارماییە خۆی داوە بە دەستەوە، بە بێ‌ لێكۆڵینەوە گوتویەتی: وەرن بمگرن، من كوشتومە. نازانم ئەو چیرۆكانە دەبنە بەڵگە بۆ ئەوەی وازنەهێنانی ئەو تارماییە لە من مانای ئەوە بێت من ئەو تاوانەم ئەنجامدابێت، یان ئەوانە چیرۆكن و درۆیەك زێتر نین. سەرم لێ شێواوە، نازانم بۆچی هیچم بیر ناكەوێتەوە؟! لە كاتێكدابیر لەو ڕووداوە دەكەمەوە چەندان وێنەی خۆم و ئافرەتێك دێتە پێش چاوم، بەڵام لە هیچیان نەخوێن دیارە و نەشوێنەواری توڕەییەكیش. سەیرە! ئەی بۆئەو هەستە خراپەم هەیە، كە هاتنە خەیاڵی ئەو ئەو وێنانە بەو ڕووداوەوە دەبەستمەوە؟

لە كاتێكدا هۆكارێكی دیکەمبۆ نوسینی ئەم چیرۆكە هەیە، پێوەندی من بەو تاوانەوە كەمتر دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە: دوای ئەوەی خوێندمەوە پێشبڕكێیەكبۆ چیرۆك هەیە، دوو شت پاڵیان پێوە نام بۆ ئەوەی چیرۆكێك بۆ ئەو پێشبڕكێیە بنووسم:

یەكەم: حەزی یەكەم بوون و لە بەرانبەر ئەوانی دیکەدا خۆ بە پاڵەوانی گێڕانەوە پیشان دان.

دووەه‌م: لە پێناوی ئەو خەڵاتەی لەو پێشبڕكێیە دیاریكرابوو، چونكه‌ منێكی قەرزار بڕێك پارە پەیدا بكردبایە خراپ نەبوو، بە خۆم گوت: مادام توانای نوسینی چیرۆكم هەیە، با ئەو ڕێگەیەشبۆ پەیدا كردنی پارە تاقی بكەمەوە، لە گەڵ ئەوەشدا حەزم لە فەلسەفاندن و قسەی قەڵەو نییە، وەلێ دەبێ‌ ددان بەو ڕاستیەدا بنێم، كه‌حەزی یەكەم بوون ئەوەندە گەورەتربوو، ئەگەر پارەشی تێدا نەبوایە دڵنیام هەر خەوم دەزڕا وبۆ بە شداری كردن، خەریكی نووسینی چیرۆكێك دەبووم.

لە گەڵ بوونی ئەو هۆكارانەش پرسیاریئەوەی بۆچی دەبێ‌ باسی هەمان ئەو تارماییە و چیرۆكی هەمان ڕووداو بنووسمەوە؟ ئەو هۆكارانە لاوازدەكات، سووڕم دەكات لە سەر ئەوەی بە ئێوەی دەستەی هەڵسەنگێنەران بڵێم: تكایە لەبەر ویژدانی من نا، لەبەر ویژدانی خۆتان بمدەنە دەستی پۆلیس، تاوەکوو ساغبوونەوەی تاوانەكە، ئەو بێتاوانانە رزگاربكەن. هەرهیچ نەبێ‌ تا ئەو كاتەیتەنیایی و ناخۆشی زیندان هەندێك شتم بیر دەهێنێتەوە. ئەو ڕووداوانەی دروستم كردون نا، ڕوویانداوە نا، واهەست دەكەم ڕوویان دابێت و ڕاستەقینە بن، نازانم چ شتێكە ئەو هەستەم لە کن دروست دەكات، هەرچۆنێك بێت دەچمەوە سەر گێڕانەوەكانم: ترسێكی زۆر لە دڵی بكوژەكەش، ئا بكوژەكەش و باوك و برای كوژراوەكەش دروست ببوو. پۆلیس پێش ئەوەی لە لێكۆڵینەوەكانی بگاتە بنبەست، سەرەتای ڕووداوەكە باوكو برای كوژراوەكەیان قۆڵبەست كرد و ڕاپێچی زیندانیان كردن. دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد. دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریان خست ئەو ئافرەتە بە بێ‌ ئەوەی شووی كردبێ‌ سكی هەبووە، پۆلیس هیچ دەرفەتێک، یان گریمانەیەكی دیکەیانبۆ گومانێكی دیکە نەهێشتەوە، تاوانەكەیان لە سەر باوك و براكەی ساغ كردەوە، بە هیچ شێوەیەک كەسێك نەیتوانی ئاشكرای بكات كێ‌ سكی ئەو ئافرەتەی پڕكردووە، چونكه‌ زۆر شارەزایانە كۆرپەكە نا، تەنانەت منداڵدانی ئافرەتەكەش دەرهێندرابوو. ئافرەتەكە لە کن هیچ كەس باسی پەیوەندیەكەی نەكردبوو. ئەگەر لە کن كەسێكی دیکە باسی پەیوەندیەكەی كردبا،گریمانەیەكی دیکە دەهاتە ئاراوە. لێرەدا كاتێك گەیشتمە ئەو دێرە پرسیارێكم بۆ دروستبوو: بۆچی نابێت برای یان باوكی ئەو ئافرەتە ئەوتاوانەیان ئەنجام دابێت؟ تۆ لە كۆمەڵگەیەكی زۆربەی كوشتنەكانی لە سەر شەرەف، یاسا نا، كوڕەی مەعشوق نا، بەڵكو باوكو برا و خزمە نزیكەكانی ئافرەتەكە ئەنجامی دەدەن. ترسێكیشم بۆ دروست بووە، ئەویش لابردنی تاوانێك لە سەر زۆرینەی ئەوانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن، لەوانەیە هەڵی بردنەوەی خەڵاتەكە زۆر لاواز بكات، چونكە هەڵسەنگێنەران تەنیا تەكنیك هەڵ ناسەنگێننو ناوەڕۆكیش هەڵ دەسەنگێنن. كاتێك ناوەڕۆكێك پێچەوانەی ڕەوتی باوەوە بخوێننەوە، لەوانەیە وابزانن لەم نوسینەم هیچ ئامانجێكم نییە، تەنیا دەمەوێت خۆشەویستی بێزراو بكەم. گوێ‌ نەدەنە ئەوەی بە دەست خۆم نیە و ناتوانم ڕەوتی ڕووداوەكان بە پێی ویستی ئەوان دابڕێژم، بەڵكو خۆشمبە نووسین مەحكومم. نازانم بۆچی و هۆكار چیە وا لە من دەكات ئەو ڕووداوە ئاوایی بگێڕمەوە، هەرچەندی دەمەوێت بە شێوەیەكی دیکە بیگێڕمەوە ناتوانم.

بەم پێیەش گریمانەی هەبوونی دەستی من لەو تاوانەدا زیاتر دەبێت. دوای ئەوەی ڕۆژێك ئەو ئافرەتە لەگەڵ دایكی و خوشكە گەورەكەیدابۆ كڕینی جلی جەژن دەچن بۆ بازاڕ. لە ناوەڕاستی بازاڕدا و لە نێو ئاپۆڕای خەڵكیدابەردەبێتەوە، لە هۆشی خۆی دەچێت. دایكی و خوشكەكەی زۆر دەشڵەژێن! خەڵكێكی زۆر لێیان كۆدەبێتەوە. لەو كاتانەدا هەمووان دەبنە دكتۆر! تەنانەت ئەو دەستگێڕەش كە لەتەمەنیدا نەیزانیوە پیتێك بخوێنێتەوە هاواردەكات: بیبەنە ئەو دوكانەی بەرامبەر فێنككەرەوەكە درێژی بكەن و قاچەكانی بەرزبكەنەوە، ئەوە زەختی دابەزیوە.

لەو كاتدا چەند كەسێك هەڵیان گرتبوو، یەكێكی دیکە هەڵی دایێ‌: ئەرێ‌ دایە ئەو كچە پەركەمی نییە؟ دایكەكەش بە گریانەوە: ناوەللە قەت وای لێ نەهاتوە. دوای ئەوەی هەندێک ئاوپرژێنی دەموچاوی دەكەن، بە هۆش خۆی دێتەوە، تەماشای ئەو قەرەباڵخیە دەكات، هەست دەكات سەری بە گێژەوە دێت، چاوەكانی دادەخاتەوە، چەند هێڵنجێكی بە هێز لە هەناویەوە هەڵ دەقوڵێ‌، دەڕشێتەوە. پیرەژنێک لەو لاوە لەبەر خۆیەوە دەڵێ:‌ چەند گوناحە شیری بەردایكی هەڵێنایەوە.

ئافرەتێكی تەمەن چل ساڵان سەرلەبن گوێی دایكی دەنێ‌ و پێی دەڵی: مزگێنیم دەوێ‌ دڵنیابە سكی هەیە.

دایكەكە مۆڕەیەكی لێدەكا: ئەوە چ دەڵێی؟ هەی سەربەهەش، ئەوە كچەو مێردی نەكردیە.

ئافرەتە چل ساڵانەكە لەگەڵ ئەوەی لە قسەكەی دڵنیایە،بەڵام وەكو ئەوەی شوڕكێكی لە لووتی بدرێ، سەر لەبەر خۆی دەنێ‌، بە شەرمەوە داوای لێبوردن دەكا و دووردەكەوێتەوە، كاتێك لە قەرەباڵخیەكە دووردەكەوێتەوە لە ژێرلێوەوە دەڵێت: ئۆی خوایە بمان پارێزی دنیا چی لێ هاتیە، كچە و زگی هەیە!

دوای ئەوەی ئافرەتەكە بە هۆش خۆی دێتەوە، دەیبەنەوە ماڵەوە، بەڵام دایكی ئافرەتەكە قسەی ژنە چڵ ساڵانەكەی لە بیر ناچێتەوە، هەرچەندی دەیەوێت‌ باوەڕ بەخۆی بێنێ‌ قسەكەی ڕاست نییە، وەلێ‌ هێڵنجی گەورە و قڵپ و قۆی ڕشانەوەی بەردەوام، تێكچوونی بە بۆنی پیاوان، دایكەكە زیاتر لە ترس نزیك دەكەنەوە. زیاتر دڵنیای دەكەنەوە لە ڕاستیەتی ئەو ئەگەرە.

ڕۆژێكیان دایكەكە كچەكەی دەباتە دكتۆر بە بیانووی ئەوەی نەخۆشە، بەڵام بۆ مەبەستی ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی سكی هەیە یان نا. دوای ئەوەی سەرەتا خۆی دەچێتە ژوورەوە لەبە فێڵێك ئاوا لە دكتۆر دەگەیەنێت: ئەوە كچیەتی و ماوەیەكە سوڕی مانگانەی تێپەڕیوە و نەكەوتوەتە سەرخوێن جا دەمەوێت پشكنینێكی سكی بۆ بكەین، تاوەکوو دڵنیابینەوە و بۆی بكەمە هەواڵێكی خۆشی لە ناكاو . دكتۆرەكەش بەو قسانە باوەڕ دەكات و شوێن قسەی دایكەكە دەكەوێت. دایكەكە خۆی بە تەنیا بۆ وەرگرتنەوەی پشكنینەكە دەچێت و كارمەندی تاقیگەكە پێی دەڵێت: پیرۆزە سكی هەیە!

دایكەكە چاوی پڕ لە فرمیسك دەبێت و ئاهیكی سارد هەڵ دەكێشێت. كارمەندەكە بە واق وڕماویەوە تەماشای دەكات! دایكەكە دوای گریانێكی زۆر فرمێسكەكانی دەسڕێت ودەچێتەوە سەرەوە بۆ کن كچەكەی.كچەكەی: ئەوە چیە دایكە گریاوی؟! دەردی خراپم هەیە؟

دایكەكەش هەناسەیەكی قوڵ هەڵدەكێشێ و دەڵێ‌ نا كچی خۆم هیچت نییە گووتیان هیچی خراپی نییە لە خۆشیان گریام، با بڕۆینەوە.

كچەكەی: ئەی نابێت بچینەوەی لای دكتۆر؟!

دایكەكە: پێویست ناكات، لە تاقیگەكە پێیانگوتم پێویست ناكات و هیچی نییە.

كچەكەی دەباتەوە ماڵێ‌ و دوای گەیشتنەوە دەست بە لێپێچینەوە دەكات. ئافرەتەكە ترسێكی زۆر ناخی دەتەنێ‌ و نایەوێ‌ وەڵامی هیچ پرسیارێكی بداتەوە، لەبەر ئەوەی بەڵێنی بە خۆشەویستەكەی دابوو، كە ئەوە بە نهێنی دەهێڵێتەوە. دوای ئەوەی ناتوانێت هیچی لێ‌ دەربێنێت، پیاوەكەی ئاگاداردەكاتەوە. باوك و براكەیلە ژوورەوە زیندانی دەكەن و دەكەونە وێزەی، تاوەكو ناوی ئەو كەسە بدركێنێت، بەڵام ئەو وەكو بەردێك هیچ قسەیەكی لە دەم نایاتە دەر. بەردەوام دەبن لە ئازاردانی، تاوەکوو شەوێك بە یارمەتی خوشكەكەی هەڵ دێت‌ و خۆی دەگەیەنێتە خۆشەویستەكەی.

لە هەمان ژوور كە پەیمان و بەڵێنی هەتاهەتاییان بەیەك دا. لە هەمان ئەو ژوورەی ماوەیەك پێش ئێستا ئەو كوڕە دوای ئەوەی بە هەر فێڵێك بووە هەندێك شەڕاب دەرخواردی ئەو ئافرەتە دەدات و سەرخۆشی دەكات، خۆیشی دەخواتەوە، سەرەتای كارەساتەكان لە ڕۆژێكی ساردی زستاندا بە مەستی دەست پێ دەكەن. ئەو كارە دەكەن، كە هەرگیز ئافرەتەكە پێش هاوسەرگیری نیازی كردنی نەبوو، دوای ئەو كارەش هەر لە هەمان ژوورهەردووكیان پەیمانی بەیەكەوەبوون و وەفای هەتا هەتایی بەیەك دەدەن، دوای ئەمەش ئافرەتەكە ئەو ڕووداوە لە بیر دەكات. تا ئەو كاتەی دایكی لێپرسینەوەی لە گەڵیدا دەكات، ئینجا دەزانێت چ كارەساتێك چاوەڕێیەتی، بەڵام تا ئەو كاتەش دەدرێتەبەر نووكی مقەست و بە چەقۆ هەلاهەلا دەكرێت، ئەو هەر لەسەر پەیمان و وەفاكەی خۆی دەمێنێتەوە، ئافرەتەكە لەژوورەكەدا دانیشتبوو بەكوڵ دەگریا. پیاوە قژ لوول و ڕیش درێژە شێواز ئەمریكیەكە نزیك دەبێتەوە و دەڵێت: گوڵی من تازە تۆ هی منی، تۆ دایكی منداڵمی ڕێگەنادەم بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێك ئازارت پێبگەیەنێت. تا ماوم بە خوێن پارێزگاریت لێ دەكەم. ماچێكی سكی دەکات و بەردەوام دەبێت:مەگری بۆكۆرپەکە خراپە. تكایە ناتوانم گریانت ببینم. ئافرەتەكە هەست بە پەناگەیەك دەكات و هەندێک ئارام دەبێتەوە. سەر بە سینگی پیاوەكەوە دەنێ‌ و هەناسەیەكی قووڵ هەڵ دەكێشێت. پیاوەكەش دەست بە قژەخاوەكەیدا دەهێنێت و درێژە بە قسەكانی دەدات: دڵتەنگ مەبە هەر ئەمشەو دەڕۆین. مادام بە هیچ كەسێکت نەگوتووە ئەو كارەت لە گەڵ مندا كردوە، كەس نازانێت لێرەی و ناماندۆزنەوە. هەرئێستا خۆمان كۆدەكەینەوە و دەڕۆین. بۆ دوورترین جێگە دەڕۆین، بەرەو شوێنێكی ئارام و ئاسوودە بەیەكەوە دەژین.تا قیامەت بەیەكەوە دەبین…ئافرەتەكە هەناسەیەك هەڵ دەكیشی: قوربانت بم شازادەم، پاشای خەونەكانم. تا قیامەت هی تۆم. پیاوەكە سەیری مقەستەكەی دەستی دەكات، هەمان ئەو مقەستەی چەند خوولەكێك بەر لەو کاتە سمێڵی پێ ڕێک خستبوو،تووندئافرەتەكە بە خۆیەوە دەگوشێ‌. ئافرەتەكەش وەكو جووجەڵەیرک لە ژێرباڵی دایكیدا بێت ئاوا سەر بە سنگیەوە دەنێ‌، لە باوەشیدا خۆی بچوك دەكاتەوە،لە ژێر لیوەوە دڵێ‌: خۆشم دەوێی و بەردەوام دەبێت لە دووبارە كردنەوەی ئەو قسەیە. پیاوەكەش بە شێوەیەكی زۆر هەستبزوێن پەنجە بە لێوەكانی ئافرەتەكەدا دەهینیت و دوای چەند چركەیەك توند دەمی دەگرێت.

كەللـــەی زل و قژە لوول و تێكچڕژاوەكەی نا، سێبەرەكەی كەوتبووە سەر دیوارەكە. سمێڵى گەورە و بابڕ و قەترانی نا،دەنگە نەرم و ترسناكەكەی بوو دەبیسترا. ڕیشە درێژ و پڕەكەی نا، ئەو مقەستەی پێی قەڵەم كرابوو، نێوان كەزیەكانی نا، پەراسوە ناسكەكانی كون دەكرد. شەربەتی هەنار نا، خوێنی ساویلكەییبوو دەڕژایە سەر زەویەكە.

وەكو جاران خۆشم دەوێی نا، بە پێچەوانەوە ماڵئاوایی نەدەبیسترا، هەستی پێ دەكرا. قۆڵەكانیچیتر بە هێز نا، خاوبوونەوەیان پیشان دەدا. وەك چەندان جارە نا، یەكەمجار بوو بۆنی نائومێدی دەكرا. پشیلەیەك لە نەوسان نا، لە ترسان ڕا، خۆی نا، سێبەرەكەی بوو دەبیندرا، هەڵكورمان نا، غاری دەدا. دەنگی گمەی كۆترێك نا، ناڵەیەكی جەرگ هەژێن، لە دندوكی كوكوختیەكەی ئەو دیو پەنجەرەكە نا، لە قوڕگی ئافرەتەكەڕا، دەنگی دەدا. بكوژەكە باوكی ئافرەتەكە نا، ئەوەی باوەڕ ناكەی لە دەستی ڕووی دا.

ئەو تارماییە چیە بەرەو ڕووم دێت؟ ئێوە نایبینن؟! من چیم كردوە؟ ئەو تارماییە بۆ واز لە من ناهێنێت؟ ئەی تارمایی تكایە پێم بڵی من بووم تۆم كوشت؟ ئەگەر وانییە بۆچی پێشچاوم بەرنادەی؟! دەبێت‌ نەبووبیتە تارماییەكوەك هیمایەک بۆ ساویلكەیی و ناپاکی خۆت پیشانی تەواوی خەڵكی ئەم مەملەكەتە نەدەیت؟ نازانم ناوی چی لێ بنێم. ئەی ئەو كەسەی دوای من ئەو چیرۆكە دەخوێنیتەوە، تۆ وەڵامم بدەرەوە، سەر هەڵبڕە بزانم تۆش ئەو تارماییە دەبینی؟ تۆش ئەو ئافرەتە ساویلكەیە دەبینی، وا قژە خورماییەی بە شێوەی كەزی بە پشتیدا هاتۆتە خوارەوە و وەكو فڵچەی نیگاركێشێكی مەستلە خوێن وەردراوە، دڵۆپێك خوێنی مەییو بە لالێویەوەیە و لە ژێر لێوەوە دەڵێت‌: خۆشم دەوێی. تەماشای نێوچاوی تۆش دەكات؟! گوێت لێیە دەڵێ‌ خۆشم دەوێی؟! ئێوەش ئەو خوێنە ئاڵە دەبینن بە پشتیدا دێتە خوارەوە و بەردەوام لە بەری دەڕوات؟ ئەو پارچە گۆشتانە دەبینن؟ دەست لە نوسین هەڵ دەگرم و نووسینەكەتان بۆ دەنێرم. تكا دەكەم دوای خوێندنەوەی ئەو چیرۆكە ڕادەستی پۆلیسم بكەن. ئەگەریشئەو ئافرەتەم نەكوشتبێ‌، كە بیرم نەماوە، هەرهیچ نەبێ‌ جارێكی دیکە بە گێڕانەوەی ئەم چیرۆكە كوشتوومە، ئەگەر خۆیشی تەنیا ئەمجارە و لەم چیرۆكەدا نەكوژرابێ‌. تكایە وازبێنە..دووربكەوەرەوە..دەپێم بڵێ‌…ت..ك.ا..یه‌…

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.