Pablo Picasso, 1906-1907, The young ladies of Avignon

کەنیزەک و سۆزانى


Loading

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش “نادیە موراد” خەڵاتى نۆبڵى ئاشتیی وەرگرت، دوو ڕۆژ پێشتر کچێکى کورد ڕایگەیاند دەبێتە یەکەم پۆڕنستارى کورد. وه‌ك دەردەکەوێت ئەم دوو هەواڵە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، بەڵام دەتوانین لەنێوانیاندا هێڵیکى شاراوەى لۆژیکى بدۆزینەوە. لە لایەکەوە، کچێک لە بە کەنیزەکبوون و بەکارهێنان وەک ئوبێکتى سێکسى، هەڵدێت، دەبێتە کەسێکى چالاک دژ بە بەکارهێنانى ژنان لە جەنگەکاندا و خەبات دەکات دژ بە چەوساندنەوەى سێکسى و بەکۆیلەکردن، دژ بە ئوبێکتیڤەیشنى ژنان بۆ حەزى جەنگاوەران. لەلایەکیتر، کچێک بە ویستى خۆى بڕیار دەدات ببێت بە ئوبێکتى سێکسى و بچێتە دونیاى فیلم و سایتە پۆڕنۆگرافییەکانەوە. نادیە موراد خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى بەدەستدەهێنێت و سایە کەریمیش دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و سووکایەتى. نادیە تەنها خۆى ئازارەکانى خۆى بە کردەیى ئەزموون دەکات و سایەش دەیەوێت چێژەکانى لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکات. نادیە بەسەر قوربانیبوونى خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و سایەش تەسلیم بە قوربانیبوونى خۆى دەبێت. لەپاڵ ئەم جیاوازییانەدا، دەبێت سەرنج لەوە بدەین ئەم دوو حاڵەتە لە یەک کولتوورەوە سەرچاوە دەگرن؛ ئەو کولتوورەى نادیە دەکات بە کەنیزەک هەمان ئەو کولتوورەیە کە هەڕەشە لە سایە دەکات، دەسەڵاتەکەیشى هەمان دەسەڵاتى نێرسالارانەیە. داوێنپاکى و پاکیزەیى (یان پاکژى) لەم کولتوورەدا یەکێکە لە خواستە دەروونى و کۆمەڵایەتییە هەرە بنەڕەتییەکان، “مەریەم” قاڵبى گشتیى مێینەکانە. بەڵام ئەمە خواستێکى زۆریش ڕاستگۆیانە نییە، چونکە بەشێکە لەو ڕیاکارییە گشتییەى کە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەرى وەستاوە. بۆیە ئەم خواستە بە تووندى بەر خواستێکى دیکەى دەروونى دەکەوێت کە ڕەنگە هەمان هێزى هەبێت، ئەویش خواستى “لەپاکیزەییخستن”ـە، غەریزەى داماڵینى پاکژی و ئەتککردن. دەڵێن لە پەستگاى “بیس”ـى خواوەندى میسرى کۆندا ژوورێکى تایبەت بۆ لەشفرۆشان هەبووە، بەم لەشفرۆشانە گووتراوە “سۆزانییەکانى پەرستگا”. لە بابلى کۆنیشدا هەر ژنێک بۆ یەکجار لە تەمەنیدا ناچار کراوە لە ژێرزەمینى پەرستگاى میلیتاى عەشتاردا دابنیشێت و خۆى پێشکەشى نەناسێک بکات. ئەم ڕیتواڵە سێکسیانە نموونەى غەریزەى لە پاکیزەییخستنن کە لەم سەردەمەدا بە فۆڕمى دیکە درێژەیان هەیە، کەنیزەک یەکێکە لەو فۆڕمانە. بە کەنیزەککردن واتە شێواندنى پاکژیى ئەویتر، دەستدرێژى و لاقەکردن بەبێ خواستى خۆى. لە کۆمەڵگەکانى ئێمەدا سێکسى خۆویستانە حەرامێکى گەورەیە، بەڵام لەپاڵ ئەم حەرامەدا تاسەیەکى بێسنوور بۆ لاقەکردن هەیە. ئەگەر لاقەکردن بە واتاى ناچارکردنى ئەویتر بێت بۆ سێکسکردن بەبێ خواستى خۆى، ئەوا تەنانەت بەشێکى زۆرى سێکسى ژن و مێردەکانیش دەچنە خانەى لاقەکردنەوە.

 

لێکدژییەکى دیکەى کولتوورەکەمان: نایەوێت بە ئاشکرا سۆزانى لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بە هەموو جۆرێک سۆزانیخانە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام نایشتوانێت تەواوى مێینەکانى کۆمەڵگەکەى وەکو سۆزانى نەبینێت، بەو مانایەى لە چاوى زۆربەى ئەندامەکانى ئەم کۆمەڵگەیەدا هەموو مێینەیەک بە هێزەکى سۆزانییە. هەر لەبەر ئەمەیشە تەحەروش و هەراسانکردن و دەستبۆبردن لە شوێنە گشتییەکاندا دیاردەیەکى زەقى کۆمەڵگەکانیشمانە. ئەم لێکدژییە نائاگاییانە بە تەواوى ماناى پەیوەندیى جەستەیى و سێکسییان شێواندووە، لە پەیوەندییەکى مرۆیى ئەویندارانە و ئازادانەوە گۆڕیویانە بۆ مومارەسەیەکى پاتۆلۆژیک و دەسەڵاتخوازانە. کەنیزەک کە دەستکەوتى جەنگە، کۆیلە و خزمەتکارە، ئینجا ئامرازى چێژبەخشین و تێرکردنى هەوەسى جەنگاوەرانە، سۆزانى ئامرازى چێژبەخشین و تێرکردنى خواستى ئەوانەیە کە دەیکڕن. ستراکچەرى دەروونى و کۆمەڵایەتى کۆمەڵگەکانى ئێمە بە جۆرێکە یەکەمین قبوڵ دەکات و دووەمیان ڕەت دەکاتەوە. لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکانى وەک ئەوانەى ئێمەدا، کەنیزەک و سۆزانى لە پلەبەندیى بەهاى کۆمەڵایەتیدا هەردووکیان لە پلەى نزمدان، بەڵام سۆزانى نزمترە و پێوانەى هەموو نزمییەکانیشە. ئازار و کۆیلایەتیى کەنیزەک خۆویستانە نییە، ئەو دەستکەوتى جەنگە، غەنیمەتێکى تایبەتە کە هەم دەفرۆشرێت و هەمیش دەشێت بۆ خزمەتى هەوەسى خاوەنەکەى و هاوڕێ جەنگاوەرەکانى بهێڵرێتەوە. سۆزانى بە ویستى خۆى لەشى دەفرۆشێت و “خاوەنى نییە”، بەڵکو دەڵاڵى هەیە. ئەم بێ خاوەنییەى (لە ڕووانگەى کۆمەڵگاوە) کردوویەتى بە نزمترین و سووکترین بوونەوەر، بەڵام پاڵنەرى لەمە سەرەکیترى ڕق و کینەى زۆر بەرامبەر بە سۆزانى، ئەو پارادۆکسە بنچینەییەیە کە سۆزانى لە دەروونى تاکەکاندا دروستى دەکات. دەتوانین ئەم پارادۆکسە بنچینەییە ئاوا دابڕێژین: ویستن-ڕەتکردنەوە، نەک ویستن و ڕەتکردنەوە بە جودا، بەڵکو ویستن و ڕەتکردنەوە پێکەوە. نێرسالارەکان بە شاراوەیى ئەوە پەسەند دەکەن کە بە ڕووکەش بە تووندى ڕەتى دەکەنەوە. میا خەلیفە، پۆڕنستارى عەرەب، نموونەیەکى زەقە بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم ئەرگومێنتە. ڕەنگە میا ناسراوترین کەسایەتى هەموو وڵاتانى عەرەب بێت، ئەم ناسراوییەیش دەلالەتى خۆى هەیە. نیوەى عەرەبەکان بە چاوى زەق و زەوقى وروژاوەوە تەماشاى فیلمە پۆڕنۆکانى میا خەلیفە دەکەن، بەڵام هەر نیوەى عەرەبەکانیش بەردەوام هەڕەشەى کوشتن بۆ ئەم کچە دەنێرن، ئەمە وێڕاى ئەو هەموو سوکایەتییەى تر کە پێیدەکرێت. لە تەواوى ئەم نکوڵییانەدا حەزێکى شاراوە و تاسەیەک بۆ سێکسکردن لەگەڵ ئەم کچەدا هەیە کە عەرەب وا هەست دەکەن شەرەفیانى لەکەدار کردووە. لە خۆپیشاندانەکانى بەغدادا (کە هەندێ نووسەر هەر زوو بە بزووتنەوەى پرۆلیتاریى لەقەڵەمیاندا) خۆپیشاندەران وێنەکانى میا خەلیفەیان بەرزکردبووەوە و لەسەر وێنەکان هەندێ دروشم دژ بە دەسەڵاتدارانى عێراق نووسرابوون، لەوانە: “میا خەلیفە لە سەرکردەکان بەشەرەفترە”، “میا سەنگینترە لە پەرلەمانى عێراقى” و شتى لەم بابەتە. لەم دروشمانەدا میا وەک پێوانەى سووکترین و ڕسواترین بەکاردێت بۆ پێوانەکردنى سەرکردەکان و پەرلەمان. ئەمە یەک ماناى هەیە: سۆزانى نزمترین پێگەیە، بۆیە دەشێت ببێتە پێوانەى هەموو نزمییەکانى تر. بەم جۆرە ئەم ڕاپەڕینەى گوایە پرۆلیتارییە، هێشتا بە تووندى نێرسالارانە و دژە-دەرکراوەکانى کۆمەڵگەیە. میا دەرکراوێک و سەرکەوتکراوێکى کۆمەڵگەى عەرەبییە کە ئەندامەکانى بە تووندى تاسەى دەکەن، بەڵام تەنها وەک دەرکراوێک دەتوانێت بژى کە لە ڕێگەى هەڕەشە و بە دروشمکردنەوە دەگەڕێتەوە. هیچ شۆڕش و ڕاپەڕینێکیش ڕاستەقینە نییە ئەگەر هاوکات بەرگرى نەبێت لە دەرکراو و سەرکەوتکراوەکان. تەنها بەرگرییش نا، بگرە دەبێت دەرکراوەکان و پەراوێزخراوەکان (لە جۆرى هۆمۆکان و سۆزانییەکان و ژنان) وەک سوبێکتە هەمەجۆرەکانى ڕاپەڕین و شۆڕشەکان تیۆریزە بکرێن، تاوەکو بەشداربن لە گۆڕینى ئەو هەلومەرجەدا کە دەریکردوون.

Pablo Picasso, 1906-1907, The young ladies of Avignon

لەمڕۆى سیستەمى سەرمایەداریدا فۆڕمى کۆیلایەتى و سۆزانییش گۆڕانى بەسەرداهاتووە. کەنیزەک هەندێک لە مانا کلاسیکییەکەى خۆى هەر پاراستووە، چونکە زیاتر لەلایەن هێزە فەندەمێنتاڵە ئیسلامییەکانەوە بە مۆدێل و چەمکە دێرینەکانى خۆى بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام گەر کەنیزەکبوون جۆرێک بێت لە کۆیلایەتى زۆرەملێ، ئەوا لەمڕۆدا کۆیلە نوێیە ئازادەکانیش بۆ ئەم کۆیلە کۆنانە زیادبوون، کۆیلەى سێکسى Sex Slave یەکێکە لەم فۆڕمە نوێیانە. سۆزانیبوونیش تاڕادەیەک لە کۆمەڵگە پەراوێزى و هەژارەکاندا بە شێوازە کۆنەکانى خۆى ماوەتەوە بەڵام شێوازە سەرەکییەکەى ئەمڕۆى ئەو فۆڕمە سادەیەى پێشترى تێپەڕاندووە. سۆزانی لەم سەردەمەى جیهانگیرى و فەزاى مەجازیدا چیتر چێژفرۆشى نێو خانە و ماڵە تاریکەکان نییە، بەڵکو کەوتۆتە نێو وێنە و پۆڕنۆگرافیاوە. سۆزانیبوون وەک ئیش و پەیداکردنى مەعیشەت، پەیوەندییەکى ڕاستەوانەى لەگەڵ ناعەدالەتى و هەژاریدا هەبووە، تاوەکو هەژارى زیاتر بووبێت و هەلى کار کەمتر بووبێتەوە (بە تایبەتى لە وەختى جەنگەکاندا) ئەوا شتێکى ئەوتۆ بۆ دابینکردنى داهات نەدەمایەوە جگە لە شتێکى هەرە کەسییانە کە ئەویش جەستە یان چێژى جەستەییە. ئەم کارە کە لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ئەگەرى مەترسى و سووکایەتیى لەگەڵدا بووە، بەزۆرى مومارەسەیەکى شاراوە بووە. هێشتایش ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەکانى ئێمەدا هەیە و دژایەتییەکى تووند هەیە بۆ ئاشکرابوون و دانپێدانانى وەک کار. بەم جۆرە نهێنیبوون و شاراوەیی یەکێکى ترە لە خاسیەتەکانى کۆمەڵگەى ئێمە. ترسێکى زۆر لە ئاشکرایى و شەفافیەت هەیە و بەشێکى زۆرى تاوانە قێزەونەکان لەژێر پەردەکەیدا مومارەسە دەکرێن. هاوکات حەزێکى زۆریش هەیە بۆ پەردەهەڵماڵین و ئابڕوبردنى ئەویتر. شاردنەوە و هاوکات گەڕان بەدواى سکانداڵدا ڕەگیان لە قووڵاییە دەروونییەکانماندا هەیە. لەگەڵ ئەمانەیشدا کۆمەڵگەى ئێمە دابڕاو نییە لە کاریگەرییەکانى سیستەمە جیهانییەکەى ئەمڕۆ کە جیهانى شاشە و بینین و پیشاندانە. شاراوەیی لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بوارى پانتایى تایبەت نەبووە بۆ مومارەسە کەسییە ئازادانەکان، بەڵکو ترس بووە لە ئاشکرابوونى شکاندنى حەرامەکان، بەڵام دەرخستن و ئاشکراییش لە سیستەمى ئەمڕۆدا دەربەستیى نییە بەرامبەر فەزاى گشتى و غەمە هاوبەشەکان، پتر بردنى هەموو مومارەسە کەسییەکانە بۆ نێو بوارى گشتى و پیشاندانییەتى لەسەر شاشەکان. لەمڕۆدا بەهۆى فەزاى دیجیتاڵى و مەجازییەوە، هەموو شتێک دەشێت بچێتە بوارى بینینەوە، مرۆڤى ئەمڕۆ حەزێکى زۆری بۆ ئەوە هەیە ببینرێت، بۆیە جارێکیان دێریدا گووتى: “سوبێکت تەنها نابینێت، بەڵکو بینراویشە”. ئەم تاسەیە بۆ بینین و بینران بە ماناى وشە پۆڕنۆگرافیایە. دەیشتوانین لە ڕووى تیۆرییەوە ڕیسکى ئەوە بکەین بڵێین لەمڕۆدا فەزاى مەجازى جێگاى فەزاى گشتیى گرتۆتەوە.

 

لەم هەلومەرجەدا ماناى سۆزانیش، وەک هەموو شتەکانى دیکە، وەک خۆى نەماوەتەوە. سۆزانى وێراى ئەوەى پەیوەندییەکەى بە کار و بژێوییەوە نەپچڕاوە، بەڵام تێکەڵ بە لۆژیکى کۆمپانیا و سایتە پۆڕنۆکان بووە. ئەو ناوبانگ و پارەیەى ئەستێرەکان دەستیان دەکەوێت، زۆر زیاترە لەوەى لەشفرۆشەکانى پێشتر لە سۆزانیخانە ئاساییەکاندا دەستیان دەکەوت، چونکە ئێستا سۆزانى تەنها لەشى خۆى نافرۆشێت بەڵکو وێنە دەفرۆشێت. شتێک هاتۆتە نێوان لەشفرۆش و لەشکڕەوە کە هەردووکیانى تێپەڕاندووە، ئەویش کۆمپانیاکان و سایتەکانە، یان بە گشتى “وێنە”یە. بەشێک لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان پارەى ئێجگار زۆر تەرخان دەکەن بۆ مومارەسەکردنى سێکس لەگەڵ پۆرنستارەکاندا بە مەرجى هەڵگرتنەوەى ڤیدیۆ و وێنە و زۆربەیشیان دواتر لە سایتەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. جگە لەمەیش، لەمڕۆدا بردنى مومارەسە تایبەتی و کەسییەکان بۆ نێو فەزا گشتییەکە کە فەزاى مەجازییە، ویستێکى سەرەکیى مرۆڤەکانە. هەربۆیە بڵاوکردنەوەى وێنە ڕووت و سێکسییەکان تەنها هى سۆزانییەکان نییە، بەڵکو لەلایەن بەشێک لە خەڵکە ئاساییەکانیشەوە کارێکى خوازراو و چێژبەخشە.

 

کۆمپانیا و سۆزانیى لەم جۆرە (وەک سایە کەریم دەڵێت: بەشێوەى پڕۆفیشناڵ) هێشتا لە کۆمەڵگەى ئێمەدا نییە، بگرە لە کوردستاندا هێشتا، بە ئاشکرا، سۆزانیخانەیەک بە شێوازە مۆدێرنەکەى و بە پشکنینى پزیشکى بوونى نییە، بەڵام لەژێرەوە سێکسى بەر شاشە و هەڵگرتنەوەى ڤیدیۆ و بڵاوکردنەوەى هەندێکیان، ژیانى کۆمەڵایەتیى تێکداوە و جێگیریى حەرامەکانى هەڵتەکاندووە، بۆیە شڵەژانێکى تەواوى لە دەروونى تاکەکانیشدا دروست کردووە، هەندێجاریش شكاندنى تابۆ زۆر ڕەقەکان و دەستدرێژیى خێزانیش ڕوودەدات کە هەستکردن بە تاوان و داڕووخانى کەسایەتیى بەدوادا دێت. دەسەڵاتى کوردی کە لە هەموو گۆشەیەکەوە بەشدارە لە تۆخکردنەوەى هەستى خێڵایەتى و سەلەفییەتدا، ئەم مومارەسە شاراوانەى شاشەکان وەک چەکێکى کۆمەڵایەتى بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنکگردنى گەنجان لە کاتى خۆپیشاندانەکاندا، یان بۆ شکاندنى نەیارەکانى. لەلایەکیتریشەوە، بەهۆى نەبوونى پانتایى ئازاد بۆ بەستنى پەیوەندیى لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، سێکسى بەر شاشە، بە نهێنیى بۆتە مومارەسەیەکى ڕۆژانەى کچان و کوڕان، بەهۆى کولتوورە پیاوسالارییەکەیشەوە هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى وێنەکان حاڵەتى دڵتەزێنى خۆکوشتن و خۆسوتاندنى لێدەکەوێتەوە. ئەم دۆخە هەرە شێواو و ئاڵۆز و نائاساییانە، کە ئیمکانێکى ئەوتۆیان بۆ عەشق و پەیوەندیى دوولایەنە و هاوسەنگ و ئازادانە نەهێشتۆتەوە، هەموو وزەکانى دیکەى داهێنان و خوێندنەوە و بیرکردنەوە و خەباتیان هەڵمژیووە کە بەشێوەى شپرزەیى و شڵەژان، یان بەشێوەى پاسیفیزم و خەمۆکى، هەندێجاریش بەفۆڕمى سینیزم و گاڵتەجاڕى دەرى دەدەنەوە. دواجار ئەم شلۆقییە خۆى بەرهەمى بەیەکدادانى کولتوورێکى داخراوى چەقبەستووى خێڵەکییە لەگەڵ شەپۆلە تەکنۆلۆژییەکەى مۆدێرنەدا. ئەم شەپۆلە بە ئاسانى کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام بەهۆى باڵادەستیى کولتوورە خڵەکییەکەوە ڕێڕەویى سروشتیى خۆیشى وەرناگرێت، هەر لەبەرئەمە تەنها شڵەژان و شپرزەیى لێدەکەوێتەوە. بەڵام هەردووکیان لە یەک خاڵدا بەیەک دەگەنەوە: لەعەشقداماڵین. ئەگەرچى عەشق بە تەواوى لە پەیوەندییەکانى دەسەڵات دابڕاو نییە، بەڵام هێشتا بۆ کۆمەڵگەى ئێمە ڕادیکاڵ دەکەوێتەوە، لایەنیکەم لەوێدا کە داهێنانى پەیوەندییەکى جوانتر و هاوسەنگتر بێت دژ بەم جۆرە پەیوەندییانە، عەشق لە یەک کاتدا هەم دژ بە کەنیزەکبوون و هەمیش دژ بە سۆزانیبوونە.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.