فۆرمه‌كانی فاشیزم له‌هه‌موو شوێن و تێوره‌یه‌كدا؛ ماركس و ئه‌نجلس و ستالین و لینین و هیتله‌ر و ئیسلامیزم

بۆ ئەوەى نەبینە فاشیست وتارێک دژ بە ئەقڵیەتى ڕسواگەرى


Loading

 سه‌رنج؛  ئەم وتارە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام بڵاوکردنەوەى دواکەوت بۆ ئێستا، درێژیى وتارەکە و دوودڵبوونم لە شێوازى بڵاوکردنەوەکەى، ڕێگر بوون لەوەى لە وەختى خۆیدا بڵاوبکرێتەوە، سەرەتا پێمباشبوو سەرجەمى وتارەکە پێکەوە بچێتە بەردەستى خوێنەر، بۆ ئەمە دوو ڕێگا هەبوو، یان چاپکردنى بە کاغەز، یان کردنى بە نامیلکەى ئەلیکترۆنى. هەردوو بژاردەکەم هەڵسەنگاند و دواجار هیچیانم پێ پەسەند نەبوو. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ کاک “ئیسماعیل حەمەئەمین”ـى نووسەر ڕاوێژمان کرد و وا ڕێکەوتین وتارەکە بەشێوەى زنجیرەیەک، بەش بە بەش، لە سایتى “کولتورمەگەزین” بڵاوبکرێتەوە، ئینجا سەرجەمى بەشەکان لە دۆسییەیەکدا و لەژێر ناونیشانێکى تایبەتدا (چه‌پ و فاشیزم) دابنرێن. لە ئێستادا ئەمە شێوازێکى گونجاوە بەو مەرجەى خوێنەر هەموو بەشەکان دوا بەدواى یەک بخوێنێتەوە. ڕەنگە لە داهاتوویەکى نزیکدا بەشێوەى نامیلکەى ئەلیکترۆنیش هەموو وتارەکە پێکەوە لە یەکێک لە سایتەکان بڵاوبکەمەوە، هەڵبەت ئەو کات پەراوێزى پێویستى بۆ دەنووسم و سەرچاوەکانى بۆ دادەنێم. دیارە نموونە و مشتومڕەکان هى ساڵ و نیوێک پێشترن، ئایدیا سەرەکییەکانى ناو وتارەکەیش هەر ئەوانەن کە ئەو وەختە بیرم لێکردوونەتەوە و دەمویست قسەیەکى جددى بن لەنێو چەند ژاوەژاوێکدا: تەوژمى داعشیزم، گەشەکردنى سەلەفییەت، گەڕەلاوژەى ڕیفراندۆم و نەیارانى، ئومێدسازییە ساختەکانى هەندێ گروپى مارکسیست بە شۆڕش و هێرشەکانیان بۆ سەر هەموو ئەوانەى (کە من یەکێکیان بووم) پێیانوابوو نائومێدیى ڕادیکاڵ لە سەرجەم ئومێد و هیوا درۆزنانەکانى ئەوان چالاکترە. شێواز و زمانى نووسینى وتارەکەیشم وەک خۆى هێشتۆتەوە، تەنیا لە بەشى یەکەم و چەند جێیەکى دیکەدا کە بە پێویستم زانیبێت هەندێ دەستکاریى کەمم تێدا کردوون… هاوار موحه‌مه‌د.

به‌شی یه‌كه‌م

 

هەمیشە ستەمێکى ڕاستەقینە لە دڵى ئەو خاڵەدا هەیە کە خۆتى پیدەخەیتە پاڵ هەق و پێتوایە ئەوانیتر هەقیان لا نییە.

(تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)

 

ساڵانێک لەمەوپێش کە خوێندکارى زانکۆ بووم لەبەر کەمیى هۆڵى خوێندن، قۆناغى ئێمە بڕیارى بایکۆتکردنى وانەکانماندا، بۆ چەند ڕۆژێک نەچووینەوە هۆڵەکانەوە، دواتر ڕاگرى ئەوکاتى کۆلێژ و یاریدەدەرەکەى کۆبوونەوەیان لەگەڵدا کردین بۆ ئەوەى “گوێ لە داواکانمان بگرن”. بە هەر هۆکارێک بوو یەکێک لە قوتابیەکان و یاریدەدەرى ڕاگر زمانیان لە یەک گیرا و پێکهەڵپژان. ئەو مامۆستایەى زانکۆ کە تا ئەوکات لاى من کەسێکى خۆشەویست و ڕێزێکى تایبەتى هەبوو، چەند جارێک بە خوێندکارەکەى گووت “دەرت ئەکەم، ڕسوات دەکەم”. وشەى “ڕسوات دەکەم” هەتا ماوەیەک دواتر لە گوێمدا هەر دەزرنگایەوە. بەلامەوە وشەیەکى ترسناک بوو. لە زەینى مندا ئەم وشەیە نزیک بوو لە (تڕۆکردن) و (ئەتککردنەوە)  واتە ڕەفتار و بیرکردنەوەیەکى ئێجگار خێڵەکییانەی ترسناک، لەبەرئەوە نا  كه‌ هەڕەشەیەکى جددى بێت بۆ سەر قوتابییەکە، بەڵکو ترسناک لەوەدا کە ئەقڵێک هەیە “ڕسواکردن” وەک ئامرازێکى کاریگەر دەبینێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا  و نایانەوێت بە زمانى ئەو بدوێن. من کە یادەوەرییەکى تیژ و بەهێزم نییە، ئەم ڕووداوە لە یادەوەریمدا چەسپیوە، هۆکارەکەیشى تەنیا ئەم وشەیە.

ئێستا کە ئەتوانم باشتر تێبگەم و شتەکان لە جاران ڕوونتر ببینم، دەرک بەوە دەکەم کە “ڕسواکردن” کردەیەکى فاشیستییە. ئەمە ئەو فاشیزمەیە کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە کۆمەڵگەى ئێمە و بە تایبەتى لە فەزاى مەجازییدا لە گەشەکردندایە: فاشیزمى ئەقڵى ڕسواکەر.

کاتێک باسى فاشیزم دەکەین ئەوا مەبەستمان فاشیزمى دەوڵەتى نییە، بەڵکو ئەو فاشیزمەیە  وەک فوکۆ دەڵێت؛ لە کەللەى هەمووماندایە…کەواتە فاشیزمێکە بە چەمکەکانى نائەقڵانیەت، ئایدیۆلۆژیا، نێگەتیڤیتى، نوقسانى لیکنادرێتەوە، بەڵکو ماشێنى ئارەزووە و ئەشق بۆ فاشیزم بەرهەمدەهێنێت. لە دیووەکەى دیکەیشەوە، فاشیزم وەک چۆن تەنیا دەوڵەتییانە نییە، ئاوەها تەنیا ماکرۆ-فاشیزمیش نییە، بەڵکو میکرۆ-فاشیزمیشە، واتە تاکەکەسی یان گروپییە و دەشێت لە هەر ساتێکدا کریستاڵیزە ببێت. ئەمەیش تەنیا لە پرۆسێسە مێژووییەکانەوە نایەت، بەڵکو لە ماشێنى بەرهەمهێنانى ئارەزووە فاشیستییەکانیشەوە دێت. بۆ نموونە؛ فاشیزمى پیاو بەرامبەر بە ژن زیاتر مێژووییە، بەڵام فاشیزمى سەلەفییەتى ئیسلامى بەرامبەر کچانى سفور بەرهەمى ئارەزووى فاشیستییانەیە.

فاشیزمی ده‌وڵه‌تی؛ هیتله‌ر و مۆسۆلینی، جه‌نگی جیهانی دووهه‌م.

نموونەیەکى تر: ناکۆکیى لەمێژینەى نێوان مەزهەبى شیعە و مەزهەبى سوننە مێژووییە، بەڵام داعش ماشێنێکى فاشیستى بوو کە ئەشقی بۆ توندوتیژى و وێرانکاریى بێسنوور بەرهەمدەهێنا. جیاکردنەوەى تاکەکەس و گروپەکان ڕەها نییە، چونکە دواجار تاکەکەسى ئەبستراکت، تاکەکەسى بێ شوناس و دابڕاو لە کاریگەرییەکان، تاکەکەسى دەرەوەى پەیوەندییەکانى هێز بوونى نییە؛ تاکەکان لە گروپەکان و شوناسەکاندا دەتوانن ئارەزووە فاشیستیەکانیان گەشە پێ بدەن و مومارەسە بکەن؛ تاکەکەس خۆى خاڵى چڕبوونەوەى کۆمەڵیک هێڵە: ئایدیۆلۆژیا و مەزهەب، دەسەڵات و دیسپلین، گوتار و شوناس لەنێویدا یەکتر دەبڕن، وێراى ئەوە خۆیشى دەتوانێت لە گروپێکدا ئارەزووى بەرەنگارى یان بە پێچەوانەوە ئارەزووى فاشیستى، ئارەزووى شۆڕشگێرى یان ئەشق بۆ دەسەڵات پەرە پێبدات. کاتێک گوتارەکان بەیەکدا دەدەن و شوناسە گروپییەکان یەکترى دەترسێنن، کاتێک هەڕەشەى سڕینەوەى یەکترى دەکەن، ئیدى فاشیزم گەشە دەکات. ڕێک لێرەدایە کە زۆرجار ئەوانەى بانگەشەى سۆشیالیزم، خەباتگێڕى، بەرگرى لە چینى ستەملێکراوان دەکەن، بەسەر خۆیاندا هەڵدەگەڕێنەوە و خۆیان دەبنەوە بە چەوسێنەرى فاشیستى.

پرسیارى هەڵە ئەوەیە لێت بپرسن؛ تۆ کامیانیت؟ سۆشیالیست یان فاشیست؟وەک بڵێىت لەوێدا کە یەکێکیان هەیە، ئەویتریان نییە. ئەم دووانە وەکو ئافتاب و سایەکەى مەحوى نین (وتى: مەحوى من و تۆ ئافتاب و سایە تیمسالین/ جەنابى من کە دەرکەوتم، دەبێ تەشـریفى تۆ بڕوا)، پرسیارە دروستەکە زیاتر شکسپیرییانەیە: ببیت یان نەبیت؛ ڕوونتر بڵێین، فاشیست بیت یان فاشیست نەبیت، ئا ئەمەیە مەسەلەکە. سۆشیالیستبوون قەڵغان نییە بەڕووى فاشیستبووندا، چونکە هەر بە سادەیى فاشیزم (لایەنیکەم لە هەندێ تیۆرى نوێدا) ئایدیۆلۆژیایەکى دیاریکراو نییە کە بتوانیت بە ئایدیۆلۆژیایەکى دیکە ڕووبەڕووى ببیتەوە، دەوڵەتێک نییە کە بە سوپاى دەوڵەتێکى دیکە بیڕوخێنیت، بەڵکو ڕەنگە خۆى ئەو شتە بێت کە بە ئیمانانس لە هەناوى هەموو ئایدیۆلۆژیایەکدا هەیە، هەر ئەمەیش دژایەتیکردنى فاشیزم دەکاتە ئەرکێکى سەخت. لە هەندێ وڵاتانى خۆرهەڵات، هێڵى شۆڕشگێڕى هەر هەمان هێڵى فاشیزمە، خەباتگێڕەکان هەمان ئەو دۆخە بەرهەمدەهێننەوە کە لە دژى دەجەنگن، هەمان ئەو کەرەستانە بەکاردەهێننەوە کە لە هەناوى کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکاندا هەن؛ “ڕسواکردن” یەکێکە لەو کەرەستانە. بەڵام ئەقڵى ڕسواگەریى خۆى شۆڕشگێڕانە نییە.

کەرەستەى سەرەکى ئەم ئەقڵە داشۆرین، سڕینەوە، جوێندان، گاڵتەپێکردن، هەڕەشەیە. جوێندان بۆ لەکارخستن و پیسکردنى زمانە. زمان خۆى هیچ کات پانتاییەکى پاک و بێگەرد نییە، بەڵام دەتوانیت پیسترى بکەیت، لیخنکردنى زمانى دەوروبەر بە مادە و ژەهرى خۆت تا دەگات بە لیخنکردنى زمانى “ئەویتر”, ئەویتر واتە ئەوەى نابێتە بەشێک لە تۆ و ناتوانیت لە خۆتدا هەڵیمژیت. زۆرجار وشەى “ڕشانەوە” بۆ گوزاشتکردن لەم کردەیە بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەوەى جوێندەدات بەلایەوە گرنگ ڕشانەوەى خۆى نییە، بەڵکو ئەوەیە چۆن وا بکات “ئەویتر”یش بڕشێتەوە. ئەمە بۆ پاشەکشەکردنە بە زمانى فیکر.

لیۆن ترۆتسکى لە وتارێکى کورتدا بە ناوى “خەباتکردن بۆ زمانێکى نەرمونیان”باس لەوە دەکات کە زمانى ڕووسى لە زۆربەى زمانەکانى دنیا پیستر و ناشیرینترە. بە بڕواى ئەو زمانپیسى و جنێودان میراتى کۆیلایەتى و بێڕێزیکردنە بە کەرامەتى مرۆیى، هەم کەرامەتى قسەکەر و هەم ئەوانیتر. بەکارهێنانى ئەم زمانە لەلایەن چینەکانى خوارەوە، بەرەنجامى واقیعى ئازاربەخشى کۆیلایەتییە، کە واقیعى داڕماو و هەژارانەى ئەو کەسانەیە وا وزەى داهێنانیان لەدەستداوە و لەنێو بێدەسەڵاتیى خۆیاندا گیریان خواردووە. لەلایەن چینەکانى سەرەوەیش، بەرەنجامى دەسەڵاتخوازى و لوتبەرزیى خاوەن کۆیلەکانە. ترۆتسکى وتارەکەى لە ساڵى 1923دا نووسیوە، واتە شەش ساڵ دواى شۆڕشى ئۆکتۆبەر، ئەو دەرکى بەوە کردووە کە شۆڕش واقیعە سیاسییەکەى گۆڕیوە، بەڵام هێشتا شتێکى بنچینەیى نەگۆڕیوە کە شێوازى قسەکردنى خەڵکییە لەگەڵ یەکتریدا. بۆیە داواى ئەوە دەکات کە تازەبوونەوەى دواى شۆڕش تەنیا لە ئاستى چینە ڕووکەشەکانى ئاگاییدا ڕوونەدات، بەڵکو هەموو بەشەکانى ئاگایى و کولتور بگرێتەوە. بە بڕواى ئەو؛ شۆڕشەکان ماناى تەواوى خۆیان وەرناگرن ئەگەر بێتوو بەشدار نەبن لە پاکژکردنەوەى زماندا و ڕوانین لە توێژە چەوساوە پەراوێزییەکانى وەکو ژن و منداڵیش نەگۆڕن. بۆیە پشتگیریى خۆى بۆ خەباتێک دەردەبڕێت کە لەپێناو پەرەدان بە زمانێکى نەرمونیاندا بێت.

دیارە ترۆتسکى دەرکى بەوە کردووە کە شۆڕش زمانى بە هەند وەرنەگرتووە، بەڵام بە وردى نەیتوانیوە دەستنیشانى کێشەکە بکات. ڕەنگە مەسەلەکە لەوە قووڵتر بێت کە ترۆتسکى بۆیچووە، ئەویش ئەوەیە فاشیزم خۆی لە زمانەوە دەستپێدەکات، بۆیە ئیشکردن لە زماندا ناشێت دوابخرێت بۆ دواى شۆڕش، لەوەیش خراپتر ئەوەیە شۆڕشگێڕەکان خۆیان زمان لیخن بکەن و وزە بە شێوازى سوکایەتى و جنێودان و سوککردن بدەن. بەداخەوە ترۆتسکى درەنگ بە کێشەکەى زانى.

خاسیەتێکى دیکەى ئەم فاشیزمەبەئاژەڵکردنـە. بەراوردکردنى مرۆڤە بەو ئاژەڵانەى کە لە ڕوانگەى کۆمەڵگەى ئێمەوە لە پۆڵینکردنى جیهانى ئاژەڵاندا لە پلەى نزمدا دادەنرێن. ”وێنەکە بکە بە دوو بەشەوە، لەلایەکەوە کەسێک کە مەبەستە ڕسوا بکرێت، لایەکى دیکەى وێنەى گوێدرێژ، مەیمون، وشترێک دابنێ: بپرسە لە فرێندەکانت: کامیان جوانن؟”.

ئەم بەراوردە نەک تەنیا فاشیزمە بەرامبەر بە مرۆڤ، بەڵکو فاشیزمە بەرامبەر بە ئاژەڵیش.بۆ ڕسواکەران گوێدرێژ زۆر بی ئەقڵە، بۆیە لە هەڵمەتى هەڵبژاردنى حزبەکانى ئێمەدا وەک تابلۆى دژە بانگەشەى لایەنەکان بەکاردەهێنرا، ئەویش بە نووسینى دروشم و ڕەمز و پیتەکانى ئەو حزبەى کە دژى دەنگ دەدەیت لەسەر لەشى گوێدرێژەکە؛ سەگ گڵاوە، پشیلە زۆر سپڵەیە، بەرازیش زۆر پیسە…

ئەو گرتە ڤیدیۆییەى کە چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاوبوویەوە و کۆمەڵێک پیاوى “ماقوڵ” و کوڕى گەنج بە حیسابى خۆیان ئەتکى ڕێوییەک دەکەن، گوێیەکان و کلکى دەبڕن و گاڵتەى پێدەکەن، هیچ نەبوو جگە لە دەرکەوتەیەکى فاشیستیى ئەقڵى ڕسواکەر بەرامبەر ئاژەڵان، هەمان ئەوەى خۆیان ناوى دەنێن ئەتککردن. بەراووردکردنى مرۆڤێک بەم ئاژەڵانە واتاى بەراوردێکە لە پلەیەکى نزمترى بەراوردێکى ئاسایى مرۆڤ و ئاژەڵ. ئێستا هەموو حزبەکان و هێزەکان و بگرە گروپەکانیش لە فیسبووک و ماس میدیادا ئەکاونتى تایبەتیان بۆ ڕسواکردن هەیە. بەداخەوە خەریکە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەوانەیش کە خۆیان بە چەپ دەزانن، یەکەمجار لە ئاستى جوێندا بە “بۆرژوازەکان” دەردەکەوێت، ڕەنگە دواتریش بگاتە ئاستى مەترسیدارتریش.

ئەم سەرنجە کورتانە تەنیا بۆ ئەوە بوو بڵێم؛ فاشیزم فەزاى ئێمەى لە مرۆڤەوە تا ئاژەڵ تەنیوە، ئێستا گرنگ بوێریى بەرەوڕووبوونەوەیەتى نەک بوێریى نکوڵیلێکردنى. نکوڵیکردن لەم دۆخە فاشیستییە جورئەتێکى دەوێت، کە پێموایە لە فاشیزم خۆیەوە دێت. ڕووبەڕووبوونەوەى فاشیزم لەم ئاستە وردانەوە دەست پێدەکات، لە بەرگریکردن لە ئاژەڵەوە، یان لەوانەوە کە کراون بە ئاژەڵ. ژیل دۆلۆز و فیلیکس گواتاری، کە تیۆرێکى نوێ و ئێجگار ناوازەیان دەربارەى میکرۆ-فاشیزم داڕشتووە، باس لەوە دەکەن ئاسانە لە ئاستى گەورە و مۆلاردا ئەنتى فاشیست بیت، وەها خۆت ببینیت بەسەر فاشیزمدا ترانسێندنتت کردووە، تا ئەو ڕادەیەى فاشیزم لەنێو خۆتدا نەبینیت، ئەو وردە فاشیزمە نەبینیت کە خۆت هەڵتگرتووە و خۆراکى پیدەبەخشیت، لە کاتێکدا گرنگ ئەوەیە چۆن لە ئاستە وردەکاندا خۆتى لێ دەپارێزیت. شتە گرنگەکان لە ئاستە بچووک و وردەکاندا ڕوودەدان نەک لە ئاستە گەورەکاندا.

یورگن هابه‌رماس و كوڕێكی جه‌ماوه‌ری له‌ له‌كاتی شۆڕۆچكه‌ی ١٩٦٨ – هابه‌رمه‌س ده‌سته‌واژه‌ی (چه‌پی فاشیزم Linksfaschismus) وه‌ك زه‌نگێكی مه‌ترسیدار له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك جوڵانه‌وه‌ی چه‌پڕه‌و له‌ئه‌ڵمانیابه‌كارهێنا. به‌تایبه‌ت جوڵانه‌وه‌ی Apo ئاپۆ كورتكراوه‌ی ( ئۆپۆزیسیۆنی دەره‌وەی پەڕلەمان) ..دوایش به‌و ڕایه‌یدا چووه‌ وه‌، له‌و ساته‌وه‌ چه‌مكی(چه‌پی فاشیزم – چه‌پی فاشی) وه‌ك تێرم به‌كاردێت.

هێزى چەپ و کەسى خۆ-بەچەپزان نابێتە ئەنتى فاشیست تاوەکو لەم ئاستە بچووکانەدا خۆى نەپشکنێت، تاوەکو گوتارە گەورەکان ورد نەکاتەوە و خۆى لەم فەزا زاڵەى گوتارى گەورە نەپارێزێت؛ بەداخەوە پێدەچێت هەندێ گروپ لە کۆمەڵگەى ئێمە قاچیان کەوتبێتە نێوییەوە ڕێک لەو شوێنەدا کە دروشمی گەورەى ڕزگاریى گەردوونیان کردووە بە سەرمەشق. ڕزگاریى گەردوونى بە وەهمچنین دەربارەى خود بەدیى نایەت، ئەوەندە بەس نییە گەنجێک لە ناوچەیەکى پەراوێزى کوردستانەوە فوو بکاتە ئیگۆى خۆی و پێیوابێت بۆتە لینینێکى تر، یان لە هەندەرانەوە وەک لینین دەگەڕێتەوە و ئەمجارەیان جیهان ڕزگار دەکات. ئەمە ئومێدسازیى درۆینە و وەهمچنینى سوبێکتێکە کە تەنیا بەهۆى فانتازیاکانییەوە دەربارەى خۆى دەتوانێت بژى. ئەگەر فانتازیاکەشى بشێوێنیت و قه‌باره‌ی ڕاستەقینەى خۆی نیشانبدەیت، دەستبەجێ له‌ بەرامبەرتدا دەبێتە دڕندەیەکى فاشیست. لێرەدا کەوتمەوە بیرى ئەو زیندانییەى کە (فوکۆ)  لە مێژووى شێتیدا باسى دەکات؛ زیندانییەکى شێت کە خۆى لێ بووە بە ناپلیۆن….با لێگەڕێین ئەوانەى بانگەشەى مارکسیزمى شۆڕشگێڕى دەکەن ببن بە لینین، بۆ ئێمەیش ئیتر گرنگ نییە “دەبێت چى بکەین؟”ـى لینین دووبارە بکەینەوە، نەخوازەڵا بە تەوەهومیش، بەڵکو ئەبێت بە میتۆدەکەى (ئەنتۆنیۆ نێگرى) لێى نزیک ببینەوە و پرسیارەکە ئاوا دابڕێژینەوە: ”ئەمڕۆ لەگەڵ “دەبێت چى بکەین؟”ـدا چى بکەین؟”

 

خۆشبەختانە هێشتا چەپ لە کوردستان گوتار و بەرەکى یەکپارچە نییە و یەک لایەن نوێنەرایەتیى ناکات، پتر بەسەر سەرچاوەى تیۆرى و تەفسیر و گروپى جیاوازدا دابەشبوون، بۆیە ئومێدم بەوەیە گروپى دیکەى چەپ، لە ڕووى تیۆرییەوە، سنوورێک بۆ ئەو گروپانەى دیکە دابنن کە ئەم مەیلە فاشیستییەیان بۆ دروست بووە.

 

دەمێکە هەست بەم فاشیزمەى هەندێ چەپ دەکەم، بەڵام لە دواى بڵاوبوونەوەى وتارى “لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا”ى بەختیار عەلى ڕوونتر بینیم. دەیان تۆمەت ڕووبەڕووى وتارەکە و نووسەرەکەى کرایەوە، باوترینیان هەر تۆمەتە سوواوەکە بوو: تۆمەتى بۆرژوازبوون. بەڵام بێجگە لەمە، بە دەرزەن جوێن لە فەزاى مەجازیدا نووسرا کە مایەى تێڕامان بوو. هەڵبەت کە باس لە وتارەکەى بەختیار دەکەم بە ماناى ئەوە نییە ئەم دیاردەیە لەم وتارەوە سەریهەڵداوە، پێشتریش واقیعى کۆمەڵگەى کوردى و زمانى کوردى بەردەوام فەزایەکى شەڕەنگیزانە بووە و جنێو تێیدا ئیشی کردووە، ئەمە گواستراوەتەوە بۆ نێو فەزاى مەجازیش، بەڵام نەک وەکو خۆى کۆپی بووبێتەوە، بەڵکو فەزاى مەجازییش مۆرى خۆى لێداوە. ئەو مۆرەى فەزاى مەجازى لە جوێنى داوە ئەوەیە کە جوێن ئەبێتە شتێک لە بەردەستى هەموواندا، بەردەستى ئەو کەسانەیش کە پێش هاتنى مەجازى وەک ئاکارێکى ئۆرستۆکراسى دەیانەویست زمانیان بەرز و پاکژ بهێڵنەوە. مەجاز هەموو شتێک بە مەجازى دەخاتە بەر دەستى هەموو کەسێک تاوەکو باشتر هەقیقەتى خۆیان دەربخەن. هەموو هێزەکان و گوتارەکان و ئایدیۆلۆژیاکان و گروپەکان ئەتوانن جوێن بدەن، ئەتوانن کەس و گروپى جوێندەرانى تایبەتیشیان بۆ ئەم کارە هەبێت، بۆ نموونە پۆلیسى سایبەرى یان لۆمپەنى سایبەرى. مەبەست لە پۆلیسى سایبەرى هەر هاوشێوەى پۆلیسى دەوڵەتە، بەڵام لەنێو سۆشیال میدیادا یان لە نێو فیکردا. هەمان ئەو شتەى کە لیوتار لە وتارێکیدا ناوى دەنێت “پۆلیسى فیکر”. پۆلیسى فیکر سنوورەکانت بۆ دەکێشێت و لەسەرت دەیسەپێنێت چۆن بژیت و چۆن بیربکەیتەوە و بە چ مەنزومەیەکى چەمکى دیاردەکات بخوێنیتەوە. لۆمپەنى سایبەریش ئەوانەن کە زمان بۆ نزمترین ئاستەکانى دادەبەزێنن، لە توانا ئێستاتیکى و ئەدەبی و چەمکییەکانى خاڵیى دەکەنەوە، واتە بۆ دایدەگرن بۆ ئاستێک کە زمان پەیوەندیى لەگەڵ فیکردا دەپچڕێت. پێموایە دامەزراندن (تاعینات) لەم بوارەدا لەلایەن دەسەڵات و حکومەتەکانەوە دەستیپێکردووە، بەڵام هى ئەو گروپانەى خۆیان بە کۆمۆنیزم و چەپ دەزانن، خۆبەخشانەیە.

بەم مانایە جنێودان دەبێتە جۆرێک لە پیشەى تایبەت. واتە ئامادەکردن و تەرخانکردنى کۆمەڵێک کەس تەنیا بۆ جوێندان و شکاندن، بە قەولى خۆیان “سووککردن، داشۆرین، ڕسواکردن، حەیابردن”ـى کەسێک یان لایەنێکى تایبەت. ئەمە عەقڵى ڕسواگەرییە. هەمان دەرکەوتەى مۆدێرنى عەقڵى توورەکە لەسەرنان. سەرجەمى ئەمانەیش ئەگەر مانایەکیان هەبێت ماناى شێواندنى ڕوخسارى کەسێکە. دیسانیش “ڕیپۆرتکردن” جۆرێکە لە “سڕینەوە”، سڕینەوەیەکى مەجازیى ڕوخسار و دەموچاو، یان پێگەى کەسێک، بە قەولى لیڤیناسیش؛ سڕینەوە لەپێناو سڕینەوەى ڕوخساردایە، چونکە ڕوخسار یەکەم شاشەیە کە پێشفەرمانێکى ئەخلاقیى هەیە و پێت دەڵێت “مەمکوژە”. بە بڕواى لیڤیناس “مەکوژە”فەرمانەنەک تکا. کاتێک ئەم ڕوخسارە دەکوژیت و ئەم فەرمانە ئەخلاقییە ژێرپێ دەنێیت، بەو مانایەى کاتێک لە سایبەر سپەیسدا، بە ئامانجێکى تایبەت، ڕاوچى و جێنوفرۆش و پۆلیس دادەنێیت بۆ ڕاوکردن و ڕسواکردن و لیپێچینەوەى خەڵکانێک، ئەوا ئیدى ئەمانە جۆرێکن لە فاشیزمى مەجازى. نموونەیەکى ڕوون لەسەر ئەم فاشیزمە ئەوەیە دەیان و سەدان ئەکاونت و پەیجى فەیک بۆ لەشکرە ڕسواکەرەکە دروست بکە، ئینجا وێنەى ئەو کەسە دابنێ کە بە ئامانجت گرتووە و لەسەر وێنەکەى بنووسە “ڕسواى بکەن”. ئەمە ئێستا لە فیسبووکدا یەکێکە لە دیاردە هەرە باوەکان و من بە یارمەتى لیڤیناس ناوى دەنێم “کوشتنى ڕوخسار”.

 

هێشتاکە شتێک دڵخۆشمان دەکات، ئەویش ئەوەیە مەجاز بە تەواوەتى داگیر ناکرێت. هیچ هێزێک نییە بتوانێت، بە دەیان و سەدان ئەکاونت و پەیج و وێنەیش، فەزاى مەجازى بەشێوەیەکى گشتگیر بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە. چونکە ڕوخساریش زۆرجار بۆ ئەوەى نەکوژرێت مەجازى دەبێتەوە. ئەم مەجازیبوونەوەیە لەجیاتى خۆشاردنەوە بێت لە پشتى ماسک و پەیجەکانەوە، ماناى هەبوونى کاریگەرییە بە بێ ئەوەى سەرنجى بکەوێتە سەر. لەمڕۆدا خەڵک کاریگەرییان لەبیرکردووە و زیاتر سەرنجیان لەسەر نماییشە.

ئەم نماییشە دەمخاتەوە بیرى شێوازى دەرهێنانى فیلمى “ترۆى”. لە فیلمەکەدا ئەو بەشدارانەى سوپاى ئەسینا و سپارتەیان پێکهێناوە لە چەند سەد کەسێک زیاتر نین، کەچى لە ڕێگەى تەکنیکە کۆمپیوتەرییەکانەوە لە فیلمەکەدا کراون بە هەزاران کەس، سوپایەکى زەبەلاحى ناکۆتا کە پەلامارى ترۆیا دەدەن. تۆیش لە سەد کەس زیاتر مەبە، بەڵام ئەتوانیت لە فەزاى مەجازیدا خۆت بکەیت بە هەزاران، ناکۆتا ئەکاونت دروست بکە کە هیچیان لەگەڵ هیچیاندا جیاواز نین، تەنیا پەلامارى هەر کەسێکیان پێبدە کە دەتەوێت، بەڵام رێژەکە چەندە کەمیش بێت هێشتا مەترسیدارە، چونکە فاشیزم پرۆسەى بەردەوامى ئالوودەکردنى فەزایە بە فاشیزم. ئەم خۆشاردنەوەیە لە پشتى پەیجەکانەوە هاوکات خۆدەرخستنیشە، ئەوەى لە واقیعدا دەمامک دەکرێت، لە فەزاى مەجازیدا ڕووت دەبێتەوە. ژیان لە فەزاى واقیعیدا تۆزێک زبرە و هەمیشە پێویستى بە شتێک لە ماسک و ماکیاژ هەیە، چاوەکان و ڕوخسارەکان کە ڕووبەڕوو بەریەک دەکەون هەموو شتێک ئاشکرا ناکەن، پتر هەندێ شتى ڕاستەقینە دەشارنەوە. واقیع هەمیشە پانتایى دەرکەوتنى حەقیقەت نییە، بەڵکو زیاتر لە شانۆ یان ئاهەنگى ماکسپۆشین دەچێت. کینە و بوغز و شەڕەنگێزییەکان لەژێر خەندە و فەزیڵەت و ڕیاکارییە درۆزنانەکانەوە دەشاردرێنەوە. لە ڕاستیدا واقیع هەمیشە شانۆى نماییش بووە. لەم حاڵەتەدا ماسک بۆ ئەوە دەپۆشرێت حەقیقەت بشارێتەوە. ئەمە حەقیقەتى واقیعە. بەڵام لە فەزاى مەجازیدا پانتاییەکى بێسانسۆر هەیە کە غەریزە و کەڵکەڵەکان، دیوە تاریک و داپۆشراوەکەى کەس و گروپەکان دەتوانن باشتر خۆیانى تێدا دەربخەن؛ خۆشاردنەوە لەم پانتاییەدا شتێکى جەوهەریتر دەردەخات کە حەقیقەتە شاراوەکەى نێو واقیعە. ئەوەى لە واقیعدا دادەپۆشرێت لە مەجازدا دەردەکەوێتەوە. لە ڕاستیدا حەقیقەت هەمیشە هاملێتییانە بووە، واتە لە شانۆکاندا و بە پێچ و لابەلا دەردەکەوێت. کەواتە لەم حاڵەتەیاندا ماسکى مەجاز ڕووە حەقیقییەکە دەردەخات.

ئەوانەى شەڕ لەسەر داگیرکردنى فەزاى مەجازى دەکەن زۆرجار ئەوانەن کە ستایشى واقیع و ڕیالیزم دەکەن، بەڵام ئەم فەزایە پتر لەوەى کەرەستە بێت بۆ ئامانجە بانگەشەبۆکراوەکانى نێو واقیعیان، خۆى دەبێتە شاشەى دەرکەوتنى ڕوخسارە شارەوەکەیان. لەلایەکى دیکە، فەزاى مەجازیش لۆژیکى پەرتوبڵاو و نەگیراو و خێرا-تێپەڕ و کاتیى خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێت. بەم جۆرە فەزاى مەجازى خۆى دژ بەوانەیە کە بڕوایان بە یەکپارچەیى و دیسپلین و ئەبەدییەت و بنەماى هەمیشەیى هەیە. تەنانەت ئەگەر لەم پانتاییە سایبەریەدا حیکایەتى گەورەیش بگێڕیتەوە هێشتا وەک حیکایەتى بچووک وەردەگیرێت. کێشەى حیکایەتى گەورە ئەوە نییە چیتر ناگێڕدرێتەوە و چیتریش کەس نایبیستێت، بەڵکو ئەوەیە چیتر ناتوانێت (لە سایبەردا) وەک حیکایەتى گەورە بگاتە جێى خۆى. کەسیش گومانى لەوە نییە ڕەنگە فەزاى مەجازى لە دۆخێکى تایبەتدا بەشداریى بکات و ڕۆڵى گەورەى هەبێت لە وەدیهاتنى حیکایەتێکى گەورەدا، بەڵام هەر یەکسەر دەتوانێت خۆى ببێتەوە دژى ئەم دۆخە نوێیە، ئەمە ڕەهەندە ڕادیکاڵەکەى فەزاى مەجازییە کە ناهێڵێت بگیرێت. کەواتە با لێرەدا شتێکى زیاتر لەسەر خودى فەزا مەجازییەکە بڵێین.

(ماویەتى بۆ ؛  به‌شی دووهه‌م)

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.