خاڵی یهكهم : جەماوەر
پارتی: هێزێکە بە ئەقڵ کار دەکات، هیچ هێزێک ئەوەندەی پارتى دۆخى سایکۆلۆژیای تاک و سۆسۆلۆژیای شارە کوردییەکانى نەخوێندۆتەوە و تێنەگەیشتووە. (گۆستاف لۆبۆن) لە کتێبی (سایکۆلۆژیاى جەماوەر) دەڵێت: گەورەترین هەڵەى حزبى سیاسى ئەوەیە مامەڵەى ئەقڵانى لەگەڵ جەماوەر یان حەشامات بکات، ئێ پارتیش هەر ئەمە دەکات.
ئەوە ئەقڵی پارتییە واى لە پارتى کردووە بە (بێ ئەقڵى) مامەڵە بکات، ئەقڵی پارتییە پارتی گەیاندۆتە ئەوەی بۆ ئەوەى بمێنێتەوە دەبێت (بێ ئەقڵانە) مامەڵە لەگەڵ جەماوەر بکات. بێ ئەقڵی لهم گوتارهدا دۆخێکە ئەقڵ تییدا لهدۆخی ونبووندایه و ههست و سۆزی ڕووكهشی ڕۆڵی خۆی دەبینێت. بە پێچەوانەى خەڵکانى تر ئاماژە دەکەن پارتى دابڕاوە لە جەماوەر، نەک دانەبڕاوە بەڵکو هیچ هێزێک نییە ئەوەندەى (پارتى و جەماوەر) بەیەکەوە گرێدرابن. ئەمەش لەوەوە خۆى دەبینێتەوە تەنانەت سەرۆکەکەشیان کە بارزانییە، بە بەردەوامى بە خیتابی ئەملا و ئهولاو نەزانى (ئەوە لاى ئێمە وا دەگەیەنێت) ڕۆژ نییە جەماوەر گەرم نەکاتەوە!
دیاره ئەو دەزانێت چی دەکات، دەزانێت ئەو خیتابانەی دەیدات زۆر لاواز و بێ ئاستن، بەڵام لۆجیكهكه لێرهدایه بهوهی؛ باشترە سەد ڕۆشنبیر یان هەزار ڕۆشنبیر گەمە و گاڵتە بە بەلاغەت و خیتابەکانى بکەن نەک كۆی جهماوهر جەماوەر کە زۆرینەى ڕەهایە.
بارزانى لەوەتەى هەیە یەک خیتاب و یەک مامهڵه و یەک دیالۆکى بۆ لایەنەکانى تر نەبووە، بڕواشى بە لایهنی جیاواز نییە، بەڵکو هەمووى ئەو شتانەى دەیکات بۆ دواندنی جەماوەرە. کاتێک ئاماژە دەکات و لەسەر کورسى سەرۆکبوونەوە دەڵێت: من پیشمەرگەم نەک سەرۆک، بۆ دواندنی جەماوەرە. کاتێک بەردەوام کورسییەکەى جێناهێڵێت و دەڵێت؛ من ئامادەم کورسییەکەم جیبهیڵم فەرموون ڕێک بکەون بۆ دواندنی جەماوەرە. کاتێک دەڵێت؛ هەر سێ سەرۆکایەتێکە دەگۆڕین (مانای خۆى و نێچیرڤانیش، ئەمە ئاشکرایە خۆشى بڕواى پێ نییە) ئهمه تهنها بۆ دواندنی جەماوەرە. کاتێک دەڵێت: نە خۆم و نە خانهوادهكهم خۆمان هەڵنابژێرینەوە! كه بێگومان شتی وا هەر نابێت و ئەو خێزانە دەست لە حوکمڕانی بەرنادەن. بەڵێ ئهمهش بۆ دواندنی جەماوهرە. کاتێک دواى دەیان چاکسازى کرد و هیچی نەکرد بۆ موخاتەبەى جەماوەر بوو.
لێرهوه زیرەکى بارزانى دهردهكهوێت ، بهوهی، وشەکانى، خیتابەکانى، تاوهكو ئاستى گەمژەترین مرۆڤی ئەم وڵاتە بچوک دەبێتەوە، ئەوە بێ ئەقڵی نییە، ئەوە زیرەکى زۆرى ئەقڵە وههای لێ کردووە بێ ئەقڵانە مامەڵەبكات.
گۆڕان؛ هێزێکە بە ئەقڵ کاردەکات، بەڵام ئەوەى جیاوازە لە پارتى مامەڵەیەکى ئەقڵانیش لەگەڵ جەماوەر دەکات یان هەر نایکات! ئەمە گەورەترین هەڵەیە كه تێیکەوتووە، واتە تاکتیکى بۆ ستراتیژ نییە، پارتى هێزێکە گوتمان خیتابەکانى لە ڕێگهی گۆڕانەوەیه بۆ جەماوەر، بەڵام گۆڕان خیتابەکانى بۆ پارتییە و بەس!
كاتێك پارتى مامەڵە لەگەڵ گۆڕان دەکات ،گۆڕانی هەر له بیر نییه، بەڵکو بۆ جەماوەرە. گۆڕان مامەڵە لەگەل پارتى دەکات و جەماوەرى فهرامۆشكردووه. هیچ هێزێک نییە وەکو گۆڕان لە خەم و داخوازى جەماوەرەوە نزیک بێت، بەڵام نەیتوانیوە ئەم نزیکییە موبیلاریزه و ڕێک بخات، بە پێچەاوانەى پارتى زۆر لە خەمى جەماوەر دوورە بەڵام چونکە موبیلاری كردووه و ڕێکیخستووە. بهمانای لە گۆڕان نزیکترە لەجەماوەر.
بۆنمونه؛ پارتی مووچه دەبڕێت گۆڕان، داوای گەڕانەوەی دەکات، بەڵام خەڵک لەگەڵ پارتییە، ئەمە سیحر نییه! خوێندنەوەی سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیایە و ئیشکردنە لەناو ئەو دوو بوارەدا. گۆڕان گووتە و گوفتارو بەیاننامەکانى کە چەند مانگ جارێکە پیش بڵاوبوونەوە دەیان دیالۆگ و چەندیش ڕۆژ لەسەر گفتوگۆ دەکەن تاوهكو بڵاویدەکەنەوە. پارتى ڕۆژانە بهیاننامه و لێدوان بڵاودەکاتەوە و هیچ دیالۆگ و گفتوگۆشى لەسەر نییە و لەوەى گۆڕانیش كاریگهری زیاترە لاى جەماوەر.
پارتى فەیەلەسوف و سەرۆک و بیرکەرەوەکانى تاوهكو ئاستى تێگەێشتنى شێتێک و گەمژەیەک دادەبەزن بۆ ئەوەى جەماوەر تیبگەیەنن و ڕایان بهێنن، گۆڕان گەمژەکانیشى هەوڵ دەدات فەیلەسوفانە بنوسێ بۆ ئەوەى کەس تێنەگات و بڵێت: موهیممن! ئەوە چجاى پەرلەمانتار و تا سەرەوە دهفهلسهفێنن.
پارتى داواى ئەوە دەکات کەسێک دیاریبکرێت بۆ سەرۆکى هەرێم (ئەمە دواندنی جەماوەرە) گۆڕان لە جیاتى ئەوەى بیدوێنێتهوه و بیربکاتەوە و چەند کاندیدێک دابنێت بۆ جەماوەر. داوا لە پارتى دەکات (میکانیزم) دیاری بکات. میكانیزم وشهیهكی فهلسهفی و فیكری قووڵه و بێگومان گۆڕان باش دهزانێت تاوهكو هەتایە میكانیزم نابین.
پارتى داوا دەکات هەر سێ سەرۆکایەتێکە بگۆڕێت، گۆڕان یەکسەر دەبوایە بیگووتایە؛ ئەوە ئێمە سەرۆکى پەرلەمانمان گۆڕی (ئەمە موخاتابەیە بۆ جەماوەر) فەرموو ئێوەش بیگۆڕن! لهجیاتی ئهوه دێن کۆبوونەوە و داواى (میکانزم) دەکهن. بە هەر حاڵ تا موخاتەبەى پارتى بەرامبەر جەماوەر نەکوژرێت ناتوانیت لە ڕووى جەماوەرییەوە یەک هەنگاو لە پارتى زیاتر بچیتە پێشەوە.
تهواو