لە باسی سەفەر و گەڕانەوەدا
نه ژاد عزیز سورمێ
(1)
سیدۆری !
چرای خەراباتان
دەرگام لێ دامەخە
ئەوە منم
دەستم لە كوانوواندا گێڕاوە
پەرۆشیم بە كاڕكی ڕنیوە
تەنیا باڵ ،
بەخشندە لە بەرامبەر ڕۆژپەڕدا
دڵڕوون لە ڕووی بای وادە ..
پیاڵەی بادەم بەنیوە نەكردبوو سیدۆری !
گۆزەم بەسەردا بەربوونەوە
ڕەنگی نەخشەكانیانم لە دڵدا توانەوە …
كسپەی پەژموردەیی ، تەدارەكی ڕووخان بوون …
پیاڵەی بادەم بەنیوە نەكردبوو
لە نەشئەی سپێدەیان كردم
نەیانهێشت گڕوگاڵی هەتاو
بەسەر ڕوومەتی چیایانەوە ببینم .
(2)
سیدۆری
دەرگام لێ دامەخە !
بووم بە ئەشقیای دارستانان
كولافە ، بەسۆز
چووم ڕەشەبام پۆشتەكرد
ڕووبارم ئاودان
بەڵام چ لەگەڵ جودایی ئازیزاندا دەكرێ سیدۆری !
وەك دەمبینی ڕەنجبەخەسار
بە لێڕەوار و هەڵەتاندا
دڵ بێ ئامان ژێرداگەڕام
ئای سیدۆری
چرای خەراباتان
فرمێسكەكانم چیان لێ هات ؟
ئیتر چاوەڕوانی چی بم؟
دەرگام لێ دامەخە سیدۆری گیان!
هەولێر – 2009
فۆتۆکان لە لایەن کولتور مەگەزینەوە دانراوە
- خانمە فۆتۆگراف “کلێستە ئۆرتێز“ بەناوبانگە بە فۆتۆگرافیکردنی لەشی خۆی لە ناو ڕاوم و فەزای تایبەتدا