Robert Musil[1]; * 6. November 1880 in St. Ruprecht bei Klagenfurt; † 15. April 1942 in Genf, war ein österreichischer Schriftsteller und Theaterkritiker.

جەیمس رێیرسن؛ ڕۆمانی فەلسەفەیی


Loading

داخۆ ڕۆماننووسێك دەتوانێ فەلسەفەیییانە بنووسێ؟ تەنانەت ئەو ڕۆماننووسانەی، کە وەها ناسراون بە زۆری ‘فەلسەفەیییانە’ دەنووسن، هەندێ جار بە نەخێرێکی توند وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە. ئایرس مەردۆخ فەیلەسوفی ئۆکسفۆرد و نووسەری دوو دەرزەن ڕۆمان، کە کێشەکانی وەك ئاگایی و مۆڕالێتی لەنێو ڕۆمانەکانیدا ئاوەڵا دەکا؛ ئارگیومێنتی ئەوە دەکا کە فەلسەفە و ئەدەب دوو چالاکی لە یەکدی جیاوازن. ئایرس مەردۆخ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (BBC)دا ساڵی ١٩٧٨ سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و ئەدەب دەبێژێ: فەلسەفە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تێگەیییەکان داواکاری بۆ ئاوەزی شرۆڤەیی بەرزدەکاتەوە، لە پەخشانێکی ”سادە، خۆنەویست، و بێلایەن”دا، لە کاتێکدا ئەدەب بۆ خەیاڵ دەگەڕێ تاکو شتێکی ”پەنهان، ناڕوون، و تایبەت”مان لەبارەی جیهانەوە پیشان بدات. هەر خویابوونێكی ئیدێ فەلسەفەیییەکان لەنێو ڕۆمانەکانی مەردۆخدا، پەرچێندراوی ئەوەیە، چی ڕوویداوە بۆ ئەو بیزانێ، مەردۆخ دەبێژێ: ”گەر من لەبارەی کەشتیوانییەوە زانینم هەبووایە، ئەوا وشە و ڕستەکانم لە کەشتیوانیدا دەخستنەگەڕ. بەجۆرێك من وەك ڕۆماننووسێك باشتر لەبارەی کەشتیوانییەوە دەزانم تاکو فەلسەفە”.

 

هەندێ لە ڕۆماننووسان، کە باکگراوندێکی فەلسەفەیییان هەیە، بە ڕوونی دێتەوە یادیان هەستیان چۆن بووە، کاتێ بۆ یەکەم جار بەر ئەو ڕوانگە سەرسەختەی مەردۆخ کەوتوون. ڕیبیکا نیوبیرگە گۆڵدستین (Rebecca Newberger Goldstein )، کە یەکەم ڕۆمانی ”کێشەی هۆش و جەستە” ساڵی ١٩٨٣ دوای بەدەستهێنانی دکتۆرا لە فەلسەفەدا لە زانینگەی پرینستۆن (Princeton) بڵاوبۆتەوە. ئەو دەبێژێ دێتەوە یادم، کە ئەوە بۆ من چەند شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، چەند نائومێد و سەرلێشێواو بووم ”ئاخر ئەوە ڕاست نییە”  ”بەڵام ئەو (مەردۆخ) چۆن دەتوانێ لەبارەی ئەدگارێكی وەها نێوەندی لە ژیانی هونەری و هۆشمەندی خۆیدا ڕاستگۆ نەبێ؟”. هێشتاش گۆڵدستین و ڕۆماننووسانی دیکەی فەلسەفەیییانە ڕاهێنراو- لەوانە دەیڤد فۆستەر واڵاس (David Foster Wallace)، ولیەم گاس (William H. Gass)، کلانسی مارتین (Clancy Martin) خۆیان لە زۆراندان لەتەك پەیوەندی نێوان دوو سەروەرە هزرییەکانیاندا، ئاخر هەردوو دیسپلینەکە (فەلسەفە و ئەدەب) بە دوای پرسیارە گەورەکاندا دەگەڕێن، بۆ ڕوونکردنەوە و دۆزینەوەی ڕاستییە قوڵەکان و بۆ فۆرماندنی جۆرێك لە ڕیزبەندی لەنێو شێواوی جیهاندا دەخەبتن. بەڵام داخۆ ئەوان هاڤڕکێڤانی خەیاڵی ئاوەزی چاڵبوون لە دژی هۆشی لۆگیکی یان هاوتیپان لە گۆشەی جوداوە لە هەمان کێشەکان دەڕوانن و چارەسەریان دەکەن؟

 

فەلسەفە مێژووییانە بە گومانەوە لە ئەدەبی ڕوانیووە یان هیچ نەبێ بە نیگەرانییەکی ناڕوونەوە لێی ڕوانیووە. پلاتۆن بە ئاشکرا دژی هونەر بووە، ئاخر لە توانستەکەی بۆ بەرهەمهێنانی خاپاندنی ناڕاستییەکان ترساوە، کە گەڕان بە دوای ڕاستەقینە و ڕاستیدا دەشێوێنێ. پلاتۆن ڕوانگەیەکی توندی هەیە (ئەو درامانووسەکان لە مۆدێلی دەوڵەتەکەی خۆیدا وەدەردەنێ)، بەڵام پلاتۆن خۆ شێت نییە کاتێ پێشنیازی ئەوە دەکا دوو پڕۆژەکە کارنامەی پێکەوە نەگونجاویان هەیە. ئاخر فەلسەفە بۆ کەمینە نووسراوە؛ ئەدەب بۆ زۆرینەیە. فەلسەفە لەتەك گشتێتیدا خەریکە؛ ئەدەب لەتەك بەشەکی و تایبەتدا خەریکە. فەلسەفە خەیاڵەکان ناهێڵێ؛ ئەدەب خەیاڵەکان دەئافرێنێ. زۆر لە فەیلەسوفان لە وروژانی ئێستێتیکی لەنێو خۆیاندا ترساون، ئەوە شتێکمان پێدەڵێ، کە دوو لە گەورەترین پیشەگەرەکانی فەلسەفە ئەریستۆتێلیس و کانت، نووسەری زۆر خراپ بوونە.

 

Robert Musil[1]; * 6. November 1880 in St. Ruprecht bei Klagenfurt; † 15. April 1942 in Genf, war ein österreichischer Schriftsteller und Theaterkritiker.

بێ گومان، دژایەتییەکی وەها هەرگیز هێندە سادە نییە. پلاتۆن پارادۆکسییانە، خۆی هونەرڤانێکی ئەدەبی دیاربوو. نیتچە، شۆپنهاوەر، و کیارکەگۆرد هەموویان نووسەری ئەدەبی نایاب و هاوکات دەسەڵاتمەندی فەلسەفەیی بوون. فەیلەسوفانی وەك ژان پۆل سارتر و جۆرج سانتیانا (George Santayana) ڕۆمانیان نووسیووە، هاوکات ڕۆماننووسانی وەك تۆماس مان و ڕۆبێرت موسیل (Robert Musil) چیرۆکی پڕ لە توخمی فەلسەفەیییان ئافراندووە. تەنانەت هەندێ بە تەوسبێژییەوە پێشنیاز دەکەن، کە دوو براکە ولیەم و هێنری جەیمس- فەیلەسوفەکە ولیەم- بە سروشت پتر ڕۆماننووسە، لە کاتێکدا -ڕۆماننووسەکە هێنری- بە سروشت پتر فەیلەسوفە. جێری فۆدەر(Jerry Foder)ی فەیلەسوف دەبێژێ: (ئەوە ڕەخنەی نەشیاوی شارەزایانە: ”گەر زۆر جاران دەگۆترێ، گوایە ولیەم پتر ڕۆماننووسانە دەنووسێ، ئەوا لەبەر ئەوەیە، کە ولیەم بە زۆری بەڵام بە هەڵە بۆ نووسینی باش دەهزرێ. لە کاتێکدا گەر زۆر جاران دەگۆترێ گوایە هێنری پتر فەلسەفەیییانە دەنووسێ، ئەوا لەبەر ئەوەیە، کە هێنری بە زۆری بەڵام بە هەڵە لەبارەی نووسین بە خراپی دەهزرێ.”)

 

دەیڤد فۆستەر واڵاس، کە بە کورتی لە پرۆگرامی دۆکتۆرای فەلسەفە لە زانینگەی هارڤارد بەشداری کردووە. هەروەها لە قۆناغی بەکالۆریۆسدا تێزی فەلسەفەی بە پلەی نایاب نووسیووە، پاشان (زانینگەی کۆڵۆمبیا بە ناونیشانی ‘چارەنووس، کات، و زمان’ بۆیان بڵاوکردۆتەوە.) ئەو بڕوای وایە، کە فیکسیۆن (fiction) ڕێگەیەك بۆ گرتنی باری سۆزمەندی ئیشە فەلسەفەیییەکە پێشکەش دەکات. واڵاس لە گۆتارێکدا لە ”ڕەخنەی فیکسیۆنی هاوچەرخ”دا ساڵی ١٩٩٠ ڕوونی دەکاتەوە، ئامانجەکە بەردەستخستنی فەلسەفەی ئەبستراکت نییە بۆ لێڕوانەری ئاسایی بەڕێی سادەکردنەوەی ئیدێکانەوە؛ بەڵکو ئامانجەکە زانینی چۆنێتی دووبارە ئافراندنەوەی کاردانەوە زۆر خودییەکانی خوێنەرە بۆ دەقێکی فەلسەفەیی. بەداخەوە، واڵاس بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێ، لەم ڕووەوە لە یەکەم ڕۆمانی فەلسەفەیی خۆیدا ”ڕاماڵینی سیستەم” ساڵی ١٩٨٧، کە ئاوێتەی ئیدێکانی لودویگ ڤتگنشتاینە شکستی هێناوە. بەڵام واڵاس پێی وایە، کە ئەوانی دیکە لە نووسینی ”فەلسەفەیییانە”دا سەرکەتووبوون، بەتایبەتی دەیڤد مارکسۆن (David Markson) لە ڕۆمانە بێهیوا، ئەبستراکت، و تەنیاکەیدا ”دۆستەکەی ڤتگنشتاین” ساڵی ١٩٨٨. واڵاس لەبەر هێنانەگۆڕیی هەستی بێهیوایی، ئەبستراکت، و تەنیایی لە فەلسەفەی سەرەتای ڤتگنشتایندا ستایشی ئەم ڕۆمانە دەکات. یەکێکی دی لە ڕۆمانە پەسندکراوەکانی واڵاس ڕۆمانی ”بەختی ئۆمێنستەر” ساڵی ١٩٦٦ی ولیەم گاسە. گاس لە کۆرنێڵ (Cornell) دکتۆرای لە فەلسەفەدا وەرگرتووە؛ بۆ ساڵانێکیش لە زانینگەی واشنتن لە س ت. لویس (St. Louis) فێرکاری فەلسەفە بووە.  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ”ڕەخنەی پاریس” ساڵی ١٩٧٦، گاس دان بەوەدا دەنێ کە لە بەرانبەر شرۆڤەی توندی فێرکاری ئەکادیمیدا هەستی بەرگرییەکی بەهێزی هەبووە. ”من بە زۆر شێوە ڕکم لێی بوو”. هەرچەندە ئەو بە تەواوی پێزانینی بۆ فێرکاری ئەکادیمی هەیە وەك جۆرێك لە ڕاهێنان و ڕاهێزانی هۆشەکی. ئەویش وەكو مەردۆخ بانگەشەی ئەوە دەکا، کە پەروەردە فەلسەفەیییەکەی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕۆمانەکانی نەبووە. گاس دەبێژێ ”من وەهای نابینم کە بە هیچ تێگەیشتنێکی فەلسەفەیییەوە کێشەکانم چارەسەرکردبێ” ”من بە تەواوی دڵخۆشم بەوەی بەئاگابم لە شتگەلێکی تایبەت، کە چەندە ئالۆز و چەند دوورن لە چارەسەرکردنەوە، کاتێ زۆر بە فراوانی بە دەوریاندا دەخولێمەوە.”

 

بە پێچەوانەی مەردۆخ، گاس و واڵاسەوە، ڕیبیکا نیوبیرگە گۆڵدستین، کە تازەترین ڕۆمانی بە ناونیشانی ”٣٦ ئارگیومێنت لەبارەی لێرەبوونی خوا”وەیە، بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەخۆ لەنێو ڕۆمانەکانیدا لەتەك پرسیارە فەلسەفەیییەکاندا خەریکە. بەزۆری گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی لە نێوان ئەو کارەکتەرانەدایە، کە خۆیان فەیلەسوف، فیزیکناس، یان ماتماتیکناسن. هێشتاش ئەو دەبێژێ بەشێك لە جەختکردنەوەکانم لەسەر خۆزگەی مەردۆخیی بۆ دەربازکرنی سەبژێکتیڤێتی ڕۆمانەکەیە لە لێگەڕیانی فەیلەسوفان لە هەقیقەتی نەگۆڕ.  ئەوە ”سەرچاوەیەکی گەورەی هاڤڕکێی ناوەکییە” ئەو دەبێژێ ”من لە باکگراوندێکی سەخت و نەگۆڕی شرۆڤەیییەوە هاتووم: فەلسەفەی زانست، لۆگیکی ماتماتیکی. من بڕوام بە ئیدیالی ئۆبژێکتیڤێتی هەیە.” بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵان ئەو ڕازی بوو بە شتێك ڕەنگە تۆ پێی بڵێی پسیکۆلۆگیی فەلسەفە: چۆنێتی چارەسەرکردنی ئێمە بۆ کێشە فەلسەفەیییەکان بەشێوەیەکی ڕەخنەیییانە پەیوەستە بەوەی، کە ئێمە وەك تاك کێین، و پتر لەوەش ئەنجامی ڕەفتارنواندنمان وەك دەركپێکردن. ‌هێنانەگۆڕێی دانوستاندنی فەلسەفەیی لەنێو چیرۆکی پڕ وێناکراوی مرۆڤاندا گواستنەوەی ڕوویەکی سەرەکی ژیانی هۆشەکییە. گۆڵدستین دەبێژێ: تۆ تەنیا کێشە تێگەیییەکان فام ناکەی، بەڵکو ”تۆ هەست بە کێشەکە دەکەی.”

گەر تۆ لە ڕۆمانەکەتدا ئەدگارێکی ڕوونی ئیدێ فەلسەفەیییەکانت نەوێت، ئەوا دەبێ تۆ چەندە پەنهانباز بی لەبارەیەوە پێش ئەوەی کاریگەرییەکەی نەمێنێ؟  یەکەم ڕۆمانی کلانسی مارتین بە ناونیشانی ”چۆنێتی فرۆشتن” ساڵی ٢٠٠٩، کە مادەی هۆشبەر، سێکس و ئەڵماس بزوێنەری چیرۆکەکەیەتی، باس لە کەسێکی وازهێنەر لە خوێندن لە فێرگەی ئامادەیی دەکا، کە لەگەڵ برا گەورەکەی لە بازرگانی خشڵ و گەوهەر ئیش دەکەن. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە جگە لە فەلسەفە وەك زۆر شتی دیکە ڕاڤەکرا و ستایش کرا. مارتین پرۆفێسۆری فەلسەفەیە لە زانینگەی میسۆری (Missouri)ی لە شاری کانساس. هەرچەندە ئەو فۆرمەکانی خاپاندن، وێنەکانی پەنهانی ئارگیومێنتەکانی کانت سەبارەت بە گریمانەی مافی درۆکردن بۆ پاراستنی ژیانی کەسێك، دابەشاندنی ئەریستۆتێلیس بۆ چوار جۆر درۆزنەکان، و تیۆریی خاپاندنی نیتچە (بابەتی دکتۆرانامەکەی مارتین)ی لەنێو دڵی چیرۆکەکەیدا ئاوێتەکردووە، کەچی هیچ کەسێك تێبینی ئەوەی نەکردووە. مارتین دەبێژێ ”زۆر لە ڕەخنەگرانم دەبێژن: ناتوانی ئەو ڕۆمانە دابنێی. ئاخر لە ماوەی سێ سەئاتدا دەیخوێنیتەوە!” بەوە ”من وەهام هەستکرد، کە خێرایییەکی زۆرم لە ڕۆمانەکەدا خستۆتەگەڕ. مەبەستم ئەوەیە، تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ دەتوانی لە ماوەی سێ سەئاتدا بیخوێنیتەوە واتای ئەوە نییە، کە تۆ دەبێ وەها بکەی، یان کەوایە هیچ شتێکی پەنهان لەژێر ڕووەکەیدا بوونی نییە.”

ئەوە پرسیارێکی سەرنجڕاکێش و تەنانەت فەلسەفەیی دەهێنێتەگۆڕێ: داخۆ دەشێ ڕۆمانێکی فەلسەفەیی بنووسرێ بەبێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت؟

 

ته‌واو

 

سەرچاوەی ئەو وەرگێڕانە:

  http://www.nytimes.com/2011/01/23/books/review/Ryerson-t.html