چی ده‌ڵێیت ئه‌گه‌ر ڕۆمانێكی ١٧٠ په‌ڕه‌ی بخوێنیته‌وه كۆی زمانه‌كه‌ی ئاوا بێت: “من سه‌گی به‌ر پێی ئه‌و زاته حه‌دی ئه‌وه‌م نیه ئه‌م به‌سه‌رهاته بگێڕمه‌وه، گێڕانه‌وی به‌سه‌رهات و ژین نامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و مشایه‌خه (ڕۆح و گیانم به فیدیایان) بۆ منی ئومیی بێ سه‌روزمانی خاكه‌ساری ڕووڕه‌شی بێ پشت و په‌نا نابێ”.
هه‌روه‌ها: “من سه‌گی به‌رده‌رگای ئه‌و زاته حه‌دی ئه‌وه‌م نییه بۆ هیچ كه‌س بگێڕمه‌وه كه له گه‌ڵكوو سه‌رده‌سته‌ی پیاوچاكان و ڕێنوێنی ده‌روێش و مریدان سه‌روه‌رم حه‌زره‌تی شێخ باپیر (سه‌رم سه‌رگه‌ردی تۆزی به‌ر پێی بێ)”،
هه‌روابێته‌وه “من سه‌گی به‌رپێی ئه‌و زاته‌م و هه‌وسارم به ده‌ستی ئه‌و شاره‌زایه‌یه،له ترسی ئه‌وه‌ی دڵی بێ گه‌ردی لێم نه‌ڕه‌نجێ نه‌كه‌ومه به‌ر توك و نزای …..”.
ئه‌م ڕۆمانه‌ی (سه‌ید قادر هیدایه‌تی) دوای ڕۆمانی (گابۆڕ) دووه‌م ڕۆمانی ئه‌و ڕۆماننوسه‌یه من له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌یخوێنمه‌وه، به‌ڵام (تۆقی عه‌زازیل) به چه‌ند ئاستێك قوڵتر و سه‌رنجڕاكێشتره له گابۆڕ، به‌ڵام پێكه‌وه هه‌ردووكی ڕووداوی تایبه‌تن به بێده‌نگی له ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا ڕووده‌ده‌ن. تۆقی عه‌زازیل ده‌كرێت ته‌نها وه‌ك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ته‌ماشا نه‌كرێت، به‌ڵكو وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ تێگه‌شتن له ده‌زگایه‌كی خاوه‌ن پێگه‌ی وه‌ك ته‌كیه له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا، لانی كه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێش چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش، له‌وه‌ش گرنگتر ده‌كرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت له تێگه‌شتن له ئاین، له تێگه‌شتنی تایبه‌تی كورد له ئاین، له وه‌هم و ئه‌فسانه، له موقه‌ده‌س، له زمان، له جۆرێكی تایبه‌ت له زمان كه هه‌ڵگری جۆرێكی تایبه‌ته له تێگه‌شتن له دونیا. له جیاوازی شه‌ریعه‌ت و ته‌ریقه‌ت، دواتریش له پایزی ته‌كیه‌و سه‌رهه‌ڵدانی ده‌زگای تری وه‌ك حزب كه له زۆر ئاستیدا درێژكراوه‌ی ته‌كیه‌ن، له خه‌یاڵ و دیسپلین و ئینتیما و زمان و هتردا.
ئه‌قڵی كۆمه‌ڵگای مورید و ده‌روێشه‌كان
گێڕه‌ڕه‌وه له ڕۆمانی تۆقی عه‌زازیلدا موریدێكی ئومی (نه‌خوێنده‌وار)ی به‌رته‌كیه‌ی شێخێكی گه‌نجه به‌ناوی (شێخ باپیر) كه نه‌وه‌ی نه‌سلێك شێخه، شێخ زورار و شێخ حه‌مدوون، ئه‌وان ته‌ریقه‌تێكی سۆفیگه‌ری پیرۆزیان چێكردوه، سه‌رتاپای ڕۆمانه‌كه وه‌ك وتمان زمانێكی (وه‌سفی پیرۆز) به‌سه‌ریدا زاڵه، له ڕێگای ئه‌و زمانه‌وه ڕۆمانه‌كه ده‌یه‌وێت جیهانبینی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئایینی و ئه‌فسانه‌یی تایبه‌ت ئاشكرا بكات. زمانێكه خاڵی كراوه‌ته‌وه له ڕه‌خنه و پشكنینی ڕاستی و له ئه‌قڵ، زمانێكه خه‌ریكی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌قڵ و په‌سنكردنی وه‌همه.
ئه‌م زمانه به هێمنی ده‌یه‌وێت چییه‌تی ئه‌قڵی گشتی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان به‌شێك له ئه‌قڵی گشتی پیشان بدات، ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت؛ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه چۆن ده‌ڕوانێته دونیا و دیارده‌كانی، چۆن له هه‌قیقه‌ت و هه‌قیقه‌تی تایبه‌ت و دیاریكراو ده‌ڕوانێت. چۆن خه‌ڵكانێكی ئاسایی پیرۆز ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه بازنه و پردی په‌یوه‌ندی خۆیان به جیهانی پیرۆزه‌وه؛ به خوداوه، شێخ باپیر و پێشینه‌كانی (باوانی) بۆ موریدان بوونه‌وه‌رێكی ئه‌فسانه‌یین له نێوان ئه‌وان و خوادا، خوا بڕێك له پیرۆزی و بڕێك له موجیزه و بڕێك له ڕاستی خۆی به‌خشیووه به ئه‌وان،. ده‌روێش و موریده‌كانیش له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه، له ڕێگه‌ی ده‌روێش و موریدبوون بۆ ئه‌وانه‌وه، شتێك له به‌خشین له خوداوه وه‌رده‌گرن، ده‌روێش و موریده‌كان بێ شێخه‌كان كه خاوه‌نی پیرۆزی تایبه‌ت و خاوه‌ن و دۆزه‌ره‌وه‌ی ڕاستی یان خاوه‌نی فه‌یزی خودایین یان ڕوناكی خودایین هیچ نین، بۆیه ژیانیان بریتیه له خزمه‌تكاری بۆ شێخه‌كان، ئه‌وان ته‌ركی دونیا ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تی شێخ، تا له سێبه‌ری شێخدا به‌خشین وه‌رگرن له خوداوه، تا له سایه‌ی ئه‌واندا ببه‌خشرێن و شتێك له جیهانی پیرۆز و له خوداوه نزیكتر ببنه‌وه.
بۆیه كامیلی ده‌روێش سه‌ره‌ڕای پێشكه‌شكردنی هه‌موو ژیانی به (شێخ باپیر) هێشتا دڵی ته‌سكینی نایه‌ت و هه‌موو هه‌وڵی خۆیی ده‌دا شێخ قایل بكات تا ژنه‌كه‌ی ئه‌م بخوازێت و ئه‌م ده‌ستبه‌رداری ببێت بۆ شێخ، شێخ‌یش وه‌ك دیاره له كۆتاییدا دڵی ناشكێنێت، هه‌رچه‌نده دواجار موریدی بێچاره به‌و داخه‌وه سه‌رده‌نێته‌وه یان سه‌ری پێده‌نێنه‌وه.
شێخ له جیهانبینی كۆمه‌ڵگای مورید و ده‌روێشه‌كاندا بونه‌وه‌رێكی (سه‌روو مرۆییه) هه‌موو شتێكی شێخ پیرۆزه، هیچ هه‌نگاوێكی، هیچ ڕه‌فتارێكی به پێوه‌ری ڕه‌فتارێكی سروشتی مرۆیی ناخوێنرێته‌وه، له جیهانی موریده‌كاندا هیچ وته‌یه‌كی شێخ به‌ر ڕه‌خنه و پشكنینی ئه‌قڵ ناكه‌وێت، شێخه‌كان له ئه‌قڵی موریده‌كاندا بوونه‌وه‌ری بێ هه‌ڵه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌قڵی مورید عه‌قڵێكی گوماننه‌كه‌ر و پرسیارنه‌كه‌ره،جیهانێكی پیرۆز هه‌یه كه بونه‌وه‌رانێكی پیرۆزی تێدان به خوێن پیرۆزن و پارێزه‌ری پیرۆزیشن. مورید و ده‌روێشانی بێچاره هیچ ڕێگایه‌كیان نییه جگه له خزمه‌تكاری بۆ ئه‌و بونه‌وه‌ره پیرۆزانه كه به نه‌سڵ له ئه‌مان، له ڕه‌شه خه‌ڵك و مسكێن و مورید و ده‌روێشه‌كان به‌رزترن و به ئاستێكی زۆر له خودا‌و له پێغه‌مبه‌ره‌كان و پیاوچاكانه‌وه نزیكترن.
بینینی شێخ بینینی مرۆڤێكی ئاسایی نییه، به‌ڵكو ڕووداوێكی پیرۆزه، ده‌ستدان و له‌مسكردن و ده‌ستماچكردنی شێخ هه‌نگاوێك زیاتر له خوا نزیكمان ده‌كاته‌وه، بۆیه (پاشا‌و) واته پاشماوه‌ی ئاوی دوای ده‌ستنوێژگرتنی شێخ ئاوێكی پیرۆزه و شه‌فاعه‌ت و چاره‌سه‌رییه بۆ گوناهـه و بۆ نه‌خۆشیی و چاره‌ڕه‌شیمان، له ئه‌قڵی موریده‌كاندا ناكرێت بیری زانستی بكرێته‌وه له‌وه‌ی ئه‌و پاشماوه (پاشا‌و) نیه به‌ڵكو چڵكاوه، عه‌قڵی مورید و دێوانه و ده‌روێشه‌كان ئه‌قڵی پێش بیری زانستیه.
ته‌ریقه‌ت و شه‌ریعه‌ت
وه‌ك له‌م ڕۆمانه‌دا دووباره دێته‌وه به‌رده‌ستمان له ئاستی هزری و له ئاستی كرداریشدا ئێمه خاوه‌نی یه‌ك جۆر ئیسلام نین، یان ئێمه له ناو یه‌ك جۆر ئیسلامدا ناژین، یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌ك ڕه‌فتاری ئیسلامی نییه، به‌ڵكو زیاد له ئیسلامێك بیرده‌كه‌ینه‌وه و زیاد له ئیسلامێك پیاده ده‌كه‌ین. بێگومان بێئه‌وه‌ی ئه‌مجۆره ئیسلامانه یه‌ك بگرن و بێ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كیش بترازێن، واته له شوێنێكدا یه‌كن و له زۆر شوێنی دیكه‌دا دژن.
كورده‌واری وه‌ك زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی تر ئه‌م یه‌كێتی و دژكارییه‌ی هه‌ڵگرتووه، ده‌زگای ته‌كییه هه‌ڵگری شه‌ریعه‌ت و ده‌ركه‌ری شه‌ریعه‌تیشه، ته‌كییه ته‌ریقه‌ته، تا شوێنێك شه‌ریعه‌ت هه‌ڵده‌گرێ و له ئاستێكدا ئیتر شه‌ریعه‌ت فڕێده‌دات و ڕوو له جیهانێكی تر ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن؛ جیهانی دڵ و ده‌روون و چاوی ناوه‌كی… له لای شێخان و خه‌لیفه‌كانیان زۆر چوونه ناو شه‌ریعه‌ته وه‌ك باركردنی گو‌ێدرێژێك وا‌یه به بارێكی قورس كه گوێدرێژه‌كه ماندوو سه‌ر لێشێواو ده‌كات و نایگه‌یه‌نێت به ئامانج و له ئامانج ونیده‌كات، وه‌ك یه‌كێك له خه‌لیفه‌كان به خوێنده‌وارێكی ته‌كیه ده‌ڵێت: شه‌ریعه‌ت ده‌بێت تا ئاستێك بخوێنرێت و دواتر بخرێته‌وه ئه‌و لاوه، ئه‌گینا پاكێتی و بێگه‌ردی ده‌روون ده‌شوێنێت و مرۆ و ده‌روێش و مورید له ڕێ هه‌ڵه ده‌كات، له ناو ته‌كیه‌دا ئێمه ناتوانین به شه‌ریعه‌ت بگه‌ین به جیهانی پیرۆز، به‌ڵكو به ڕێگا و ڕێ‌و ڕه‌سمی تایبه‌تی ته‌ریقه‌ت.
ته‌كییه و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه
ته‌كییه له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌مان ڕه‌خنه ده‌خاته‌وه سه‌ر شانی خۆی كه هه‌میشه له دونیادا ڕووبه‌ڕووی ڕێگای سۆفی و ده‌روێشه‌كان ده‌كرێته‌وه، ئه‌ویش پشتكردنه گرفت و مه‌ینه‌تی و كێشه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌یه، ته‌كیه (به ڕواڵه‌ت) خه‌می كێشه دونیایه‌كانی نییه، بارودۆخ له ده‌ره‌وه هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م ده‌ربه‌ستی نایه‌ت.
ته‌كییه سه‌رقاڵی كارێكی پیرۆزی سه‌رودونیایی و سه‌روومرۆییه، ته‌كییه خه‌ریكی كارێكی جاویدانی پیرۆزه، ئه‌م پێویستی به ئه‌وانیتر نییه، ئه‌وه ئه‌وانی ترن پێویستیان به ئه‌وه‌یه بڕێك له پیرۆزی له ئه‌مه‌وه وه‌رگرن، وه‌ك به‌خشینی (مه‌له‌كخانمی چوارده ساڵ) له لایه‌ن (عه‌تاخانی) باوكیه‌وه كه سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی دونیا ویسته و ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگایه‌وه بڕێك له ناوبانگ و سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی زیاتر وه‌رگرێت له ڕێگای بوونیه‌وه به خزمی شێخ.
شێخ باپیر، مه‌له‌كخانم ده‌بێته ژنی یه‌كه‌می شێخی گه‌نج، سروشتی منداڵانه‌ی مه‌له‌كخانم ئه‌م چاره‌نوسه‌ی پێ قووت ناچێت و دوای خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌یه‌ك له شێخ سه‌ر ده‌نێته‌وه. به‌ڵام له ڕاستیدا و له ناو هه‌ناویدا ته‌كییه گیرۆده‌ی هه‌مان گرفته‌كان و ململانێ مرۆییه‌كانه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له سه‌ر پێگه. ته‌كییه پڕه له ملشكاندن و كوشتنی شاراوه و ئیره‌یی و حه‌زوو شه‌هوانیه‌ت، ته‌كییه له هه‌ناویدا حه‌زی شه‌یتانیشی هه‌ڵگرتووه، هه‌موو ئه‌مانه پێكه‌وه له پاڵ ڕووپۆشێكی پیرۆزه‌وه ڕێده‌كه‌ن.
ململانێی نێوان جیهانی پیرۆز و سروشتی مرۆیی
سروشتی مرۆیی له بنه‌مادا (سروشتێكی خۆپه‌رستانه‌یه) بیریار و فه‌یله‌سوفه كلاسیكیه مه‌زنه‌كانی وه‌ك؛ ئه‌رستۆ و سپینوزا ئه‌مه ڕه‌ت ناكه‌نه‌وه. سپینوزا خۆویستی به بنه‌مای یه‌كه‌می ڕه‌فتار و ڕه‌وشتیش داده‌نێت. هیۆمیش هه‌مان ڕای هه‌یه، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌مه هه‌مان قسه‌ی زانایه‌كی هاوچه‌رخی وه‌ك (ڕیچارد داوكینز) ده‌كات كه پێی وا‌یه؛ ده‌بێت ئه‌ویتر ویستیمان گه‌شه پێ بده‌یین، له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌و ده‌زگاكانیه‌وه، چونكه ئه‌ویتر ویستی بنه‌مای یه‌كه‌م نییه له ناوماندا. بنه‌مای یه‌كه‌می سروشتی مرۆییمان خۆپه‌رستی و خۆویستیه… هه‌ر چه‌نده پێ ده‌چێت زۆر نه‌بن ئه‌وانه‌ی وه‌ك (بڕنارد ماندڤیل) به ئاشكرا بوێری ئه‌وه‌یان هه‌بێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن كه پێویست ناكات بنه‌مای خۆپه‌رستی ناو سروشتی مرۆییمان به وه‌همی ئه‌ویتردۆستی و به وه‌همی پاكێتی ئایینی و به وه‌همی باشه‌ی گشتی سه‌ركوت بكه‌ین، بۆیه مێژووی سه‌رتاپای ئایین و حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌كان بریتیه له نه‌فره‌تكردنی خۆپه‌رستی و په‌سنكردنی خۆنه‌ویستی و ئه‌ویتردۆستی. تێگه‌شتنی ماركسیش له‌م ڕووه‌وه تێگه‌شتنێكی ئاینیانه‌یه، چونكه ئه‌ویش هیچ حسابێكی گرنگ بۆ ئه‌و بنه‌ما خۆپه‌رسته‌ی مرۆڤ ناكات، و كۆی فه‌لسه‌فه ئه‌خلاقیه یه‌كسانیخوازیه‌كه‌ی بریتیه له به هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی ئه‌و بنه‌مایه، پێده‌چێت ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌ك‌ی لاوازی بیری ئه‌و و هۆكاری یه‌كه‌می شكستی سیسته‌مه‌ی كۆمه‌نیستیه‌كان بێت.
وه‌ك له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ته‌كییه كه بانگه‌شه‌ی پیرۆزی و دووركه‌وتنه‌وه له خراپه و له ئاره‌زوو و شه‌هوانیه‌ت و پیسی ده‌كات. به‌رده‌وام گلنگڵده‌خوات به ده‌ست ئیره‌یی و به ده‌ست حه‌ز و سێكس و ململانێ له سه‌ر پێگه و له سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ته‌كییه له ناوه‌وه داغانه به شه‌ڕی نێوان وه‌همێكی مرۆیی بۆ پاكێتی و بۆ پیرۆزی و دونیانه‌ویستی له گه‌ڵ حه‌ز بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی و له گه‌ڵ ئاره‌زوو و سێكس و ئیره‌ییدا.
(گوڵان خانم) دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نه‌سڵ و نه‌وه نێرینه‌كانی شێخ باپیر هه‌ر یه‌كه‌وه به هۆكارێكی جیاوازه‌وه له ده‌ست ده‌رده‌چن و نابنه جێگره‌وه. به ناچاری گوڵان خانم ده‌كرێته جێ‌نشین، هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تای به‌هاری ته‌مه‌نیایه‌تی، به‌ڵام سه‌رجه‌م كتێبه‌كانی شه‌ریعه‌ت و فه‌رمایشته‌كانی ته‌ریقه‌تی فێرده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م بوونه‌وه‌ره ئاساییه كه له سه‌ره‌تایی ته‌مه‌نیدایه له ناوه‌وه ماندووبووه به ململانێی سروشتی ئاسایی مێیینه‌ی خۆی و ئه‌وه‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆی. پیرۆزی و مرۆیی، خودایی و شه‌یتانی ژیانی وێران ده‌كه‌ن، ئه‌و له نێوان ئه‌رك و میراتێكی زه‌ینی و ڕه‌فتاریدا كه ژینگه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ریدا سه‌پاندویه‌تی له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆیی خۆی كه مێینه‌یه‌كی ئاساییه له شه‌ڕدایه. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شێخزاده‌و گه‌وره‌ی ته‌كیه‌یه و سه‌ده‌ها مورید چاوه‌ڕێی ده‌ستی ئه‌ون، ئه‌م له ته‌نهاییدا تارمایی نێرینه‌كان چه‌ند جار زه‌فه‌ری پێده‌به‌ن و به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بن، گوڵان خانم، یه‌كێك له دوا نه‌سڵه‌كانی شێخ به‌و هۆیه‌وه تیاده‌چێت، وه‌ك چاره‌نوسی ڕه‌شی ئه‌وانی تر به‌ده‌ست سروشتی چاره‌نه‌كراویی مرۆیی ناپیرۆزمانه‌وه.
ته‌ریقه‌ت و كوردایه‌تی و ده‌وڵه‌ت، ته‌كییه له به‌رامبه‌ر حزبدا
وه‌ك له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ مانه‌وه ته‌كییه پێویستی به‌وه‌یه خۆی له كێشه‌كان و ململانێكانی ده‌ره‌وه به‌دوور بگرێت، ده‌زگاكانی تری كۆمه‌ڵگا بۆ مانه‌وه ئامرازی ململانێ و جه‌نگان له پێناوی به‌هاو پێگه‌كانیاندا به‌كارده‌هێنن، شه‌ڕده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه و بیبه‌نه‌وه، به‌ڵام ته‌كییه به پێچه‌وانه‌وه، دوور ده‌كه‌وێته‌وه و خۆی له‌ناو جیهانی ڕووپۆشكراو به پیرۆزی نغرۆ ده‌كات تا بمێنێته‌وه، به‌ڵام له جیهانێكی به‌رده‌وام گۆڕاو و له ناو ته‌وژمی بیری جۆربه‌جۆری نوێ و سه‌رتاپاگیردا ئه‌مه ئاسان نییه.
ته‌كییه له یه‌ك كاتدا گیرۆده‌ی ده‌ستی دوو ململانێ ده‌بێت:
یه‌كه‌میان: ململانێییه‌كی ناوه‌كی به‌رده‌وام له سه‌ر باشترین نه‌سل بۆ جێگره‌وه، له نێوان پیرۆز و شه‌یتان، له‌نێوان پاكی و شه‌یتان و شه‌هوه‌ت، له نێوان پشتكردنه سروشتی مرۆیی مرۆڤه‌كانی ناو ته‌كییه كه هه‌ڵگری هه‌موو سیفه‌ته خۆپه‌رست و ئاره‌زوو په‌رست و دونیا ویستیه‌كانن له گه‌ڵ جیهانێكی پیرۆزی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو سیفه‌تێكی مرۆیی دونیا ویست، ئه‌م ململانێیه ته‌كییه له ناوه‌وه شپرزه و بنكۆڵ ده‌كات.
دووه‌میان: ململانێی بیر‌و جیهانبینی ڕوو له كۆتایی ته‌كییه له گه‌ڵ بیر‌و ته‌وژمه دژه‌كاندا كه ورده ورده سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و گومان ده‌خه‌نه سه‌ر پیرۆزی گومانهه‌ڵنه‌گری ته‌كیه و چه‌ند جارێك به لاوازی دێنه ناو ته‌كییه‌وه، به‌ڵام دواجار ته‌وژمی سه‌رتاپاگیری شۆڕش و كوردایه‌تی كه بانگه‌شه‌ی خه‌مێكی گشتی تری كۆمه‌ڵگه ده‌كات، كه باس و گوتاری دونیایی تر و تازه‌تره له چاو خه‌م و كاری ته‌كیه‌دا، ئه‌م گوتاری كوردایه‌تیه ده‌زگای حزب له به‌رامبه‌ر ته‌كیه‌دا قووتده‌كاته‌وه.
هاتنی گروپی چه‌كدار و حزب و بیری تازه بۆ ناو ته‌كییه‌و داگیركردن و ته‌نگ پێ هه‌ڵچنینی وه‌ك له ڕۆمانه‌كه‌وه به‌ده‌رده‌كه‌وێت، دوای بیركردنه‌وه و گومانكردن و پرسیاری گه‌وره نه‌هاتووه. هیچ ڕیفۆرم و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی هزری نه‌هاتووه تا سیسته‌می هزری و ده‌زگایی ته‌كیه له ناوه‌وه بڕوخێنێت. حزب له به‌رامبه‌ریدا وه‌ك پێویستییه‌كی ڕۆشنگه‌رانه تر و تازه‌گه‌رانه‌تر له به‌رامبه‌ردا ڕاست بكاته‌وه، هیچ ڕاچه‌نینێكی هزری مه‌زن له ناو كۆمه‌ڵگه و كۆمه‌ڵگه‌ی موریده‌كاندا ڕووینه‌داوه تا ده‌زگای دیكه‌ی وه‌ك حزب وه‌ك پێویستییه‌كی ناچاری هزری بێنێته ئاراوه و ته‌واو جیاواز بێت.
(سه‌ڵاح) كه له نه‌سلی شێخه‌كانه، به‌ڵام (ده‌روێش ساماڵ) كه به نهێنی به ده‌روێش ڕمووزن ناوده‌برێت و خاوه‌نی ڕه‌فتار و بیرێكی گومانهه‌ڵگره و خۆی ده‌خزێنێته نێو ته‌كییه‌وه، و ده‌چێته بن كڵێشه‌ی سه‌ڵاح و بیری دیكه‌ی له مێشكدا ده‌چه‌سپێنێت و له ته‌ریقه‌تی باپیرانی هه‌ڵدیده‌گه‌ڕێنێته‌وه، سه‌ڵاح ته‌كییه جێده‌هێڵێت، به‌ڵام له‌كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه تا له میراتی بێ سه‌رپه‌رشتی ته‌كییه به‌هره‌مه‌ند بێت، له گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی چه‌كداره كورده‌كان كه ته‌كییه‌یان داگیر كردوه و گاڵته‌یان به ته‌كییه دێت و به‌ده‌زگایه‌كی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌زانن ده‌كه‌وێته گفتوگۆ.
له كۆتاییدا سه‌ڵاح به سه‌ركرده‌ی چه‌كداره‌كان ده‌ڵێت: حزبیش هه‌روه‌ك ته‌كیه وا‌یه… له‌كۆتاییدا چه‌كداره كورده‌كان ڕاوه‌دوو ده‌نرێن و به‌ڵام ته‌كییه جارێكی تر ئاوه‌دان نابێته‌وه. ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌یدا و له كاتی كۆتایی هێنان به شۆڕشی كورده‌كان له سه‌ر شه‌قام گه‌نجێكی بریندار ده‌كوژێت كه نایناسێت كێیه به‌ڵام گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كات له شۆڕشگێڕه‌كانه. ئه‌و گه‌نجه (شێخ شه‌هابه) دوا نه‌سلی ڕاسته‌قینه‌ی (شێخ باپیره) ده‌وڵه‌ت له‌مه‌به‌دوا خۆی كه‌سێك وه‌ك شێخ بۆ ته‌كییه داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر شه‌رعیه‌ت و ڕه‌وایی ئایینی له بنه‌وڕا ده‌رهێنراوه و ئیتر ڕه‌وای ده‌زگا ئایینیه‌كان ڕه‌واییه‌كی سروشتی ناو هه‌ناو كۆمه‌ڵگه نین، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت ئه‌و ڕه‌وایه ده‌دا كه كێ شێخ بێت و كێ خاوه‌نی پیرۆزی ئایینیه.
كۆتایی ڕۆمانه‌كه و سه‌ره‌تای ده‌روازه بۆ بیركردنه‌وه‌ی زانستی له باره‌ی ته‌كیه و حزب
پێده‌چێت گرنگترین په‌یڤ كه بكرێت له‌م ڕۆمانه‌وه وه‌ك گریمانه وه‌ربگیرێت ئه‌و دێڕه بێت كه؛ `حزبیش هه‌روه‌ك ته‌كیه وا‌یه.`… له‌كۆی ئه‌م ڕۆمانه‌وه هه‌موو جیهانبینی ته‌كییه له ڕێگه‌ی زمانێكی وه‌سفی موریدانه‌ی سه‌رنجڕاكێشه‌وه ئاشكرا ده‌بێت. جیهانبینی مورید و ده‌روێش به‌شی گه‌وره‌ی جیهانبینی كوردی چه‌ندین سه‌ده‌ی ڕابردوو بووه. بیری ئاینی مرۆڤی ئێمه بیرێكی موریدانه و ده‌روێشانه بووه، بۆیه ڕه‌فتاری خه‌ڵكی كورد له به‌رامبه‌ر سه‌رۆك و ئاغا و شێخه‌كاندا، ڕه‌فتارێكی موریدانه‌ی گوێڕایه‌ڵ بووه.
بیری خه‌ڵكی ئاسایی ئێمه له به‌رامبه‌ر سه‌رۆك و شێخ و ئاغاكاندا بیرێكی قایل بوو و بێ ڕه‌خنه بووه، ئه‌گه‌ڕ وه‌ك گریمانه ده‌زگای حزب به ته‌كییه بچوێنین، ئه‌وكاته كادر و ئه‌ندام هه‌مان ده‌روێشه‌كانن، سه‌رۆك هه‌مان ڕۆڵی شێخ ده‌گێڕێت و جیهانی پیرۆزی خودا شتێكه له به‌رامبه‌ریدا كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد وكوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه. وه‌ك چۆن ئێمه له ته‌كیه‌دا به بێ شێخ ناتوانین بگه‌ین به جیهانی پیرۆز، له جیهانی حزبیشدا ئێمه بێ سه‌ركرده و سه‌رۆك ناتوانین بگه‌ین به كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و به كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد.
گواستنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره له بازنه‌ی پیرۆز و بیركردنه‌وه‌ی پیرۆز، له په‌یوه‌ندی پیرۆزی نێوان شێخ و مورید، سه‌رۆك و كادر له ڕۆمانی (ده‌ریاس و لاشه‌كانی) به‌ختیار عه‌لیشدا به جۆرێك له جۆره‌كان ئاماژه‌ی بۆ كراوه، پێكه‌وه ده‌ریاس و لاشه‌كان و تۆقی عه‌زازیل ده‌روازه‌ن بۆ تێگه‌شتن له یاساكانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و نێو ئه‌قڵی گشتیمان، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته ئیشكردنی زانسته مرۆییه‌كانه له‌و بواره‌دا تا بۆ ئاستی ئاماده‌یی ئه‌و جیهانه هزرییه له‌ناو عه‌قڵی گشتیماندا بگه‌ڕێن، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه زۆر له نهێنیه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی گشتی و ڕه‌فتاری به‌كۆمه‌ڵمان بۆ ئاشكرا ده‌كات.
دوا قسه ئه‌وه‌یه ئێمه له ڕۆمانی (تۆقی عه‌زازیل) دا له به‌رده‌م ڕۆمانێكی ئاسایی و ده‌قێكی تێپه‌ڕی ئه‌ده‌بیدا نین، به‌ڵكو له به‌رده‌م ده‌قێكدایین ئیدی شوێنێكی گرنگ له ناو ئه‌ده‌بیات و تێڕوانینماندا بۆ ده‌زگای ته‌كییه جێده‌هێڵێت.