نزيكه‌ى ده‌يه و نيوێك بوو (سه‌رما وه‌رزه) دووباره ده‌بوويه‌وه، ڕه‌نگه پتريش بێت و من يادم نه‌مابێت، عه‌بدوڵڵام نه‌ديبوو. بيرمه دواينجار له كوردستان ئه‌وم بينى، له لادێكه‌ى خۆيان (بێركۆت) سه‌ر و ڕيشێكى ڕه‌شى قه‌ترانى، نزيك به چڵ ساڵ ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى له‌خۆى ده‌خه‌فه‌ت ده‌تگوت ده ساڵ له خۆى منداڵتره. يارێكى هه‌بوو، سه‌رى زار و بنى زارى به جوانيكردنى ناوى ئه‌و بوو، خۆش له ده‌مى ده‌هات وه‌ختێك ناوى نهێنى دڵداره‌كه‌ى ده‌رده‌بڕى (كوردستان)…ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانى خۆى جوودا بوو هه‌ميشه حه‌زى له كتێب و كۆڕی له‌و جۆره ده‌هات، به چه‌ند ڕۆژ ده‌چوو بۆ به‌غدا و سلێمانى و كه‌ركوك و شوێنانى تر بۆ میهره‌جان و شيعر خوێنده‌وه. له كه‌ركوك ده‌نگدانه‌وى زۆرى په‌يداكرد نێوبانگى گه‌ييه ناوچه‌كانى تری عێراق و تاده‌هات پاشناوى په‌شێو بڵێسه‌ى ده‌دا.
دواى ئه‌و ماوه زۆره له ڕوسيا بينيمه‌وه، گه‌لێك ناڕه‌حه‌ت و بريندار دياربوو، دابڕانێكى گه‌وره‌ى شاديى ده‌ورى دابوو ئاسان ده‌رك به‌و ڕووخساره داته‌پيووه ده‌كرد. گومانم نه‌بوو ئه‌وه خۆيه‌تى، ئه‌مما له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ديدارمان بێ ئه‌ندازه مه‌وداى دوور بوو، دوودڵ بووم له ناسینه‌وه‌ی، چوومه لاى و ئامێزى يه‌كترمان كرد (ئه‌و دڵ ناسكيش ببوو، فنگه فنگه به‌سه‌ر شانمدا گري و ژيرنه‌ده‌بوو) له نزيكترين شوێن بۆ ئاخڤين و پشوو.. مێز و كورسيه‌كمان دۆزيه‌وه له كافێيه‌ك. بێنه‌كى خۆش له چاوى يه‌كترمان ده‌ڕوانى و بزه‌ش هه‌ميشه ئاماده‌ى هه‌بوو.
-بۆ ناگه‌ڕێيته‌وه كوردستان، ده‌زانى ماوه‌يه‌كى زۆره ونيت. له ده‌ستپێكدا من گووتم.
په‌شێو ئه‌وه‌نده به‌تامه‌زرۆييه‌وه چاوه‌ڕێى ئه‌و پرسياره‌ى ده‌كرد، شاگه‌شكه بوو به‌و چه‌ند وشه‌يه‌ى من، ده‌يگووت:
-كاكه هه‌ندرێن تۆ پێم بڵێ كه‌سێك ده‌دۆزيته‌وه كورد بێت و نيشتمان و ئاڵاكه‌ى لا پيرۆز نه‌بێت، چه‌نده باوه‌ڕم به ئا‌ڤێستا هه‌يه سه‌ت هێنده‌ش نيشتمان و ئاڵا. ئه‌فسووس چه‌قه‌ڵ و دڕك و داڵى به‌ناو سه‌ردارانى كورد هێنده ته‌وقى خاكيان داوه، سروشتيان ڕه‌گئاژوو كردووه ژه‌هر.
ئه‌وه‌شم پێ گوت: تۆ كارت به سه‌رداران و سياسه‌ت نه‌بێت، ئه‌وه‌ى خه‌مه ده‌ق و زمانه له تۆدا.
سه‌رى دانه‌واند و به په‌رۆشيه‌كى زۆره‌وه به‌رزيكرده‌وه، به‌رسڤيدا:هه‌ندرێن خۆزى ئه‌وه‌ى تۆ باسى ده‌كه‌يت وا بووايه.
-بۆچى وا نييه؟ (وامگووت)
-ئه‌وه‌ى من ده‌يبينم ئه‌ده‌ب و زمانيش به سياسه‌ت بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌ديب و نا ئه‌ديبيش پێوه‌ندى پته‌وه‌ى به سياسه‌ته‌وه هه‌يه، دڵنيام تۆش ئه‌وه چاك ده‌زانى. په‌شێو به بارێ خه‌مه‌وه ئه‌وه‌ى گوت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ستم به‌و ئازاره په‌نهانی ئه‌و ده‌كرد، تا بزانم چه‌نده ده‌رده دڵان ده‌كات، لێم پرسى:
-له‌گه‌ڵ نووسه‌ران پێوه‌نديت چۆنه.. وه‌ك جارى جارانه، ياخود؟
-بێگومان ئه‌و هه‌ڤاڵينييه هه‌ر ماوه و مه‌به‌ستيشمه هه‌رهه‌بێت، گه‌ر وانه‌كه‌ين ئه‌ى چۆن ئاگامان له هه‌نووكه و ڕابوردوو و پێشهاته‌كانى سپێده بێت. ماوه‌يه‌ك به‌ر له ئێستا براى هێژام (جان دۆست) سه‌ردانى كردم و باسى له (ميرنامه)كه‌ى ده‌كرد. ئه‌من گه‌له‌كى پێ دڵخۆش بووم به‌وه‌ى جان دۆستى ده‌لال ئه‌وه‌نده كۆك كارى له به‌شێك له ژيانى ئه‌حمه‌دى خانييدا كردووه.
جان دۆست پێى گوتم: ڤا نڤیسێ منه، م پتری بیست ساڵان كار لسه‌ر خانى كرييه، هێڤى دكم تۆ بكارى ڤێ نۆڤڵى ڤه‌خینی، چونكى په‌يڤا ته ژ من ڕا پڕ گرینگه.
پشتى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌م وه‌رگرت، نامه‌يه‌كم بۆ جان دۆست فڕێكرد پێم ڕاگه‌ياند، سێ ڕۆژان له‌به‌ر نه‌فه‌سى موقه‌دده‌سى خانى ژيام، جارجاره گاڤێ ده‌مخوێنده‌وه رۆندك د چاڤێ من نه‌ده‌سه‌كنى.
له‌وه ده‌چوو به‌و نامه‌يه‌ى من ئه‌و زۆر دڵى خۆش بووبێـت، به‌وه‌ى گومانى تێدا نييه جان دۆست مه‌به‌ستى بووه كارى بێ كێماسى له‌سه‌ر ئه‌حمه‌دى خانى بكات، دواى ئه‌و نامه‌يه بۆى ده‌ركه‌وتووه به‌ڵێ كارێكى ئێجگار چاكى كردووه و سه‌ركه‌وتووش بووه.
بۆيه ئه‌وه‌م باس كرد، مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو ئێمه پێوه‌ندى و دۆستايه‌تيمان هه‌يه و ئه‌وه‌ش ده‌پارێزێن.
-ئه‌ها ميرنامه‌ى جان دۆست ده‌ڵێى، من ئه‌وم خوێندۆته‌وه به زمانێكى پاقژ هۆنرابوويه‌وه، ئه‌مه وێڕاى ئه‌وه‌ى خوودى ڕووداوه‌كه بۆ ئێمه‌ى كوردان گرينگى خۆى هه‌يه له ڕووى مێژوو و ئه‌ده‌بيشه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ى نيشانى بده‌م حه‌زم به قسه‌كردن هه‌يه له‌گه‌ڵيدا، ئه‌وه‌م بۆ په‌يڤه‌كانى په‌شێو زيادكرد.
-ئه‌وه‌ى له‌و كتێبه‌دا گرينگ بوو بۆ من، هه‌ر ته‌نيا ئه‌وه نييه له‌باره‌ى ئه‌حمه‌دى خانييه و به‌س، به‌ڵكه ئه‌وه‌ت له‌بير بێت له پارچه‌يه‌كى تر‌ى كوردستانى له‌تبوو ڕۆمان گه‌شه‌ى كردووه. له لايه‌كى تر به‌يه‌كداچوون و گرژييه‌كمان بير ده‌هێنێته‌وه كه به درێژايى مێژوو ئه‌وه ئه‌ركى ڕۆشنبير بووه به‌رانبه‌ر به مير و ده‌سه‌ڵات، به‌وه‌ى ئه‌به‌ده‌ن ڕۆشنبير نابێت بچێته ژێر ساپيته و چه‌ترى ده‌سه‌ڵات و حيزب و كوێخاييه‌تى.. ڕاسته سه‌رده‌ما وى دووره، به‌ڵام هه‌مووده‌م ئه‌ركى ڕۆشنبير، ڕۆڵى نووسيارى ڕاسته‌قينه ئه‌وه بووه كه له كه‌سايه‌تى ئه‌حمه‌دى خانى بۆ مه ده‌سته‌به‌ر بووه. هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش بوو منى وا لێ‌كرد له‌دواى خوێندنه‌وه وه‌ڵامى جان بده‌مه‌وه. په‌شێوه ئه‌و په‌يڤانه‌ى زياد كرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى باسه‌كه.
-ده‌مه‌ويست گفتوگۆكه له‌و باره لابده‌مه تا په‌شێو بخزێنمه ناو خوودى ئه‌و باسه‌ى، بۆچى ئه‌وه‌نده دڵشكاو ڕه‌نجاو دياره، ئه‌و جۆره بايكۆتكردنه چييه كه نايه‌وێت له نيشتمان دواساته‌كانى بگوزه‌رێنێ، له دوورى دوورييه چى ده‌كات له‌و كۆتاييه‌ی ته‌مه‌نى؟
– دواى ئه‌وه‌ى پرسياره‌كانم كرد، هه‌ستم ده‌كرد له‌سه‌رێكه‌وه ئه‌وه عه‌بدوڵڵايه و په‌شێوى له‌گه‌ڵ نييه. له سه‌رێكى تره‌وه ئه‌وه هه‌مان ئه‌و په‌شێوه‌يه كه په‌رۆشه بۆ ئه‌و تێكهه‌ڵڕژان و شلۆقييه‌ى كورستان له رووى سياسى و فه‌رهه‌نگييه‌وه. ئاخر له‌سه‌ره‌تاى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده سه‌ير قسه‌ى كرد، ده‌تگوت گه‌نجێكى ياخييه. شێت و شه‌يداى ئه‌وروپا بوو، ده‌يگوت كوردستان چى به‌سه‌ره‌وه ماوه تا بگه‌ڕێمه‌وه و له‌و قسانه.
كه‌چى ڕووه‌كه‌ى تر‌ى ئه‌وه‌نده حه‌كيمانه ده‌دوا، هێنده جوان په‌نجه‌ى له‌سه‌ر برينه‌كان داده‌نا و شرۆڤه‌ى ده‌كردن، مرۆ هه‌ر هه‌قى به ڕسته‌كانى ده‌دا. دوايين جاريش من له‌وه حاڵى نه‌بووم به ديارى كراوى په‌شێو بۆ ناگه‌ڕێته‌وه كوردستان، ئه‌وه‌ى من له‌ودا هه‌ڵمگۆزا ئه‌وه‌بوو، ئه‌و پيره پياوێكى سپی سپی، ته‌مايه‌كى واى به سه‌رانى كورد نه‌ماوه و به ئه‌ندازه‌يه‌كى زۆريش گله‌يى له‌و توێژه هه‌بوو كه خۆيان به قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست و ڕۆشنفكر ده‌زانن، چونكه پێى وابوو ئه‌وانيش به‌شێكن له‌وانه‌ی ئه‌م ميلله‌ته‌یان تووشى ئه‌م هه‌ڵدێره سه‌خت و دژوازه كردووه…ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕۆڵى خۆيان بديتبايه هه‌ر نه‌بێت خۆيان به‌و ئه‌نجامه نه‌ده‌گه‌ياند كه ژيانى به‌شێكى ئێجگار زۆريان حيزب دابينى ده‌كات.
په‌شێو له‌وه نه‌ده‌چوو ئه‌وه‌نده زوو ئارام بێته‌وه و هاڵاويى په‌ستى گيانی خاوبێته‌وه، له‌وه‌ش نه‌ده‌چوو ته‌مايه‌كى واى به ژيانى مابێت. جارجاره ده‌كۆكى و بۆ بارى كوردان ڕۆندك ده‌هاتنه خوار. ئه‌و گه‌له‌كى ڕه‌نگ سپى دياربوو له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌شه‌ى روسيا هاوئاهه‌نگی نيشان ده‌دا. ئه‌و له كانفاسێكى ئاماده‌كراو بۆ نه‌خشاندنى نه‌مريى، ده‌چوو.