كه‌بیر

“گەشتێک بە سروشتی (كەبیر) ی مەزندا


Loading

  • – ‎ژیان هێشتا پێویستی بە حەكیمەكانە، نەک بە قسەكان…”سروشت.”

ڕەنگە دەستبردن بۆ هۆشمەندیی و ئاگاهیی حەكیمەكان، دەستبردنێكی سادە نەبێت و، بوونێكی سروشتی دەوێت، لەگەڵ سروشتی حیكمەكان جووڵە بكات، بوونێک كە بتوانێت ببێتە بەشێک لەو ئاگاهییە و، “من” ون بكات؛ تا بتوانێت هیچ نەبێت، غەدر و زیادەڕۆیی و شێواندن، لەو سروشتەدا نەكات. ئاشنابوون و دەستبردن بۆ ئەم حەكیمانە و حیكمەكانیان، تەنیا پڕۆسەیەكی خوێندنەوەی حیكمە و هۆشمەندییەكانیان نییە لەسەر ڕووی پەڕەی چەند كاغەزێک، بەڵكوو پێویستی بە بوون بە ژینگە و سروشتی ئەو حیكمانە و ئاگاهییەیە، یان باشتر بڵێم: پێویستی بە ڕوووناكبوونەوەیەكی کردەییی سروشتی هەیە، پێویستی بە جڵەوکردنی زمان و بەگەڕخستنی ئەو وزە ئەرێیەیە،كە بەرەو سروشتی ئاگاهییت دەبات؛ تا بتوانی كەمێک لەبەر تیشكی ڕووناكیی و ئاگاهیی حیكمەكاندا، بە ئاگاهی سروشت، دەست لە حیكمە و سروشتی حەكیمەكان بدەیت.

كه‌بیر

ئەوان، لەو سروشتەدا كۆكن، كە زانینێک نییە لە دەرەوە بێت و، فێرت بكات، جگە لە كۆیلەبوون؛ هاوڕان كە سەرچاوەی بنەڕەتی زانین لە ناوەوەیە و، گەورەترین فێركاریی، سەرچاوەكەی ناوەوەیە.‎بۆیە دەست نەرمكردن لەگەڵ  حیكمەی حەكیمەكان، دەستنەرمكردنێكی سادە نییە، گەر وزەی ئەو ڕووناكیی زانینە لە ناوەوە جووڵەی نەكردبێت.

‎كەبیر، وەک یەكێک لە حەكیم و شاعیرە دیارەكانی هیند، وەک حەكیمێک كە ڕامان و ئاگاهیی و هۆشمەندیی تایبەتی هەیە بۆ ژیان و دەوروبەری؛ خاوەن ڕێگەی ئاسانە بۆ ناسینی خود. هەر بۆیە ناسین و ئاشنابوون و بەدووکەوتنی ڕێگەی كەبیر، زیاتر بەرەو ئەو وزە شاراوە و ناوەكیی و زانینەمان دەبات، كە لێی دوركەوتووینەتەوە؛ دەمانبات بەرەو ئەوەی كە چاومان لە ناوەوەی زانین بێت و، چاوی دەرەوەمان نەبێت، چوونكە لای كەبیر، سەرچاوەی بنەڕەتی زانین، ناوەوەیە و، فێربوون لە ناوەوەی مرۆڤەكانەوە سەرچاوە دەگرێت.

“کورتەیەک لە ژیان”

‎كەبیری مەزن، یەكێكە لە شاعیر و عاریف و سۆفییەكانی هیند، کە لە سەدەی پانزەیەمدا ژیاوە. ساڵی لەدایکبوونی كەبیر، بە دەقیقی ڕۆشن نییە، هەندێک لە مێژوونووسان وای بۆ دەچن، كە لە ساڵی ١٣٩٨ بۆ ١٤٤٨ ژیابێت؛ بـەڵام بەشێكی دیكەی مێژوونووسان، ژیانی كەبیر، دەگەڕێننەوە بۆ نێوان ساڵی١٤٤٠ بۆ ١٥١٨؛ بۆیە ڕای جیاواز لەسەر ساڵانی ژیانی كەبیر هەیە.هەروەها، کەبیرلە شاری “قۆنیە” لە تورکیا ماڵاوایی لە ژیان دەکات.

‎كەبیر، لە شاری باناراس، یان ڤاناراسی “كاشی” لەسەر ڕووباری “گەنگا” لەدایک بووە؛ كە دەكەوێتە هەرێمی ئوتارپرادش لە باكووری هیند. شاری باناراس، خەڵکەکەی زۆربەی لەسەر دیینی “هیندۆیزم و جاینیزم”ن؛ هەروەها، ئەم شارە، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو، لە پێشخستنی دیینی بودیزم و، ڕاڤیداسیا، یان دیینی “دهارمیس.”‎ بۆیە كاریگەری كۆمەڵگە و، فرە دیینی و فەلسەفەی دیینی، كاریگەرییان لەسەر كەبیر داناوە.

‎كەبیر، لە ناو بنەماڵەیەكی موسڵماندا ژیاوە و، دواتر بووەتە شاگردی حەكیمی بە ناوبانگی هیند “ڕاماناندا.” بۆیە لێكۆڵەران گومانیان لەوە نییە، كە سەرەتای ژیانی بە موسڵمانی بووە؛ بـەڵام كەوتووەتە ژێر گاریگەری دیینی هندۆیزم، لە ڕێگەی مامۆستاكەی، ئەویش “ڕاماناندا.”

‎كەبیر، هەم سۆفی بووە و هەم براهمین.‎كەبیر، لە ئەنجامی خوێندن و شارەزاییی زۆری، ڕەخنەی لە دیینی هیندۆس و ئیسلام گرتووە و، هیچیانی قەبووڵ نەبووە؛ كە دواتر یەک شێوازی هەڵبژارد، كە باشترین تێگەشتنە بۆی، دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەی دیینەكەی یان فەلسەفەی ژیانەكەی، بە ناوی “ساهاچا- یۆگا” كە بە مانای یەكێتیی سادە دێت. دواتر، وەک ئەم ڕێبازە مایەوە و، ناوی لێنرا: “كەبیر بانتیە،” كە بە مانای “ڕێگەی كەبیر” دێت؛ كە لە دیینی سیخ جیا بووەوە. کەبیر، لە دیینی هیندۆسیدا، بیرۆكەی تەناسخ و یاساكانی كارمای هەڵبژارد و، باوەڕی پێی بوو؛ دژی سیستمی كاستی و بتپەرستی كۆمەڵگای هیند بوو.هەروەها، دژی مەفهومی خودا بوو، وەک ئەوەی لە ئیسلامدا هەیە.

(كەبیر) لە نێوان موسڵمان و هیندۆسیدا

‎هەرچەندە، كەبیر لە خانەوادەیەكی موسڵمان بووە، بـەڵام هەر زوو لەژێر كاریگەری سیخ و هیندۆسی خۆی بینیوەتەوە. موسڵمانان، كەبیر بە هی خۆیان دەزانن و، هیندۆسەكانیش بە هەمان جۆر، بە حەكیمێكی گەورەی هیندۆسی دەزانن؛ بۆیە، كەبیر لە لای هەردوو دیینەكە، شوێنێكی گرنگی هەیە، بـەڵام لە تێگەیشتنی كارەكانی كەبیر، ئەوە دەخوێندرێتەوە، كە كەبیر هیچ كاریگەرییەكی ئیسلامی كاری تێنەكردووە، بۆیە زیاتر ڕەنگدانەوەی حیكمە و دیینی هیندۆسییە، تا دواجار ڕێگای تایبەتی كەبیر دروست دەكات، لە دیینی هیندۆسی جودای دەكاتەوە.

‎لە یەكێک لە ئەرگومێنتەكاندا، یەكێک بە ناوی “مولا” پرسیار لە كەبیر دەكات:

‎تۆ بە شێوازێكی گاڵتەكردن یاری دەكەیت؛ كەبیر، لێت دەپرسم، تۆ موسڵمانی یاخود نا؟‎

كەبیر: وەڵامـی من  بدەرەوە.

‎مولا: بێگومان، من بە ڕوونی وەک شمشێر تاقیت دەكەمەوە، كێلانی خەنجەر گرنگ نییە.

‎كەبیر: ئۆو، دیسان، بۆچی تۆ ناتوانی خۆشەویستی خوداییم تاقیبكەیتەوە، پرسیار لە دینەكەم دەكەیت؟ پێویستە من موسوڵمان بم یاخود هیندۆس بۆ خۆشەویستی خودا؟ ئەگەر ئەو پرسیارە لە حەكیمێکی وەكوو من بكەیت، چیت وەڵام دەداتەوە و چی دەڵێت؟

‎مولا: تەنیا تەنیا بیر دەكەیتەوە كە تۆ كێیت.

‎كەبیر: من تەنیا هەوڵدەدەم وەڵامت بدەمەوە… ئەگەر دەتەوێت من سەردانی مزگەوت بكەم، منیش پرسیارێكم بۆت هەیە. خواكەی تۆ هەموو كات لە مزگەوتە؟  لەبەر دەستە؟ ئێستا ئەو ڕۆشتۆتە دەر، یان پاشان…

‎بۆیە كەبیر لەم گفتوگۆیەدا، بە ڕوونی ڕامانی خۆی لەسەر خودا و دیین دەخاتە ڕوو، خۆی لە ئیسلامبوون لادەدات و، بوونی خودایەكیش نابەسێتەوە بە دیینەوە؛ كە خودا لای كەبیر، دەنگێكی جیاوازە، وەک لەوەی لە ئیسلام و دیینەكانی تردا هەیە.‎کەبیر، لە یەكێک لە شیعرەكانیدا، لەبارەی ئیسلام و هیندۆس دەڵێت:

هەردووكیان یەک ڕێگەیان هەیە،

لە ماڵی هەردووكیان یەک ئاگر دەسووتێت،

مەڵێن ڕام مەڵێن، ئەڵڵا بڵێن.      

‎كەبیر، لەگەڵ جیهان و ڕاستیی

سەینتس “چاكەكاران” دەبینم، جیهان شێت بوونە،

‎ئەگەر ڕاستییان پێ بڵێم: هێرشم بۆ دەكەن و لێمدەدەن؛

‎ئەگەر درۆیان پێ بڵێم: باوەڕم پێدەكەن.

لەم پارچە شیعرەدا، كەبیر ڕامانی خۆی دەربارەی شێواوی جیهان و، تاكەكان دەخاتە ڕوو؛ كە چۆن لە خۆیان دووركەوتوونەتەوە.‎بە هۆی چاو لەسەر ئەوی تر، خۆیان فەرامۆش كردووە؛ كەبیر ڕاستیی و خودی لە یەک بۆتەدا داناوە. لێرەدا، واتە دووركەوتنەوە لە خود، دووركەوتنەوەیە لە ڕاستیی؛ بۆیە هاوار دەكات، كە جیهان تووشی سەر لێشێواوی بووە، بە هۆی درۆوە دووركەوتنەوە لە سروشتی خۆیی و، ڕۆشتن و حەزكردن بە سروشتێكی درۆ.

‎كەبیر و ئیكۆنپەرستی

‎حیكمە و ژیری كەبیر، وا نیشان نادات كە لەپڕ و لە ڕێگەی لاساییكردنەوە و فێربوونی پەڕاوی پیرۆزەوە هاتبێت؛ بەڵكوو لەكاریگەریی و تێگەیشتنی خۆیەوەیەتی، وەک هزرێک بۆ مێشكی مرۆڤ. هەروەها، زۆربەی كات شیعرەكانی كەبیر بە ڕوونیی و بە تیژی بەرپەرچدانەوەی باوەڕی گشتیی و ترادیشناڵە؛ بە دەستێكی دیكەی، كەبیر ئەو ڕیالیستەی هەیەتی، نیشانی دەدات، ئەویش ئەو بیر تەسكییەیە، كە لە واقیعی باوەڕ و ترادیشناڵدا هەیە، ئەو بیر تەسكییە باوەڕییەش،  بەربەستێكی گەورەیە لە نێوان خەڵک و ڕاستیدا.

‎كەبیر، بە مەبەست بەرەنگاری ئەو باوەڕ و ڕێباز و ئەفسانە پڕوپووچانە دەوەستایەوە.‎بۆ نموونە: كەبیر، دیارە كە گاڵتە بەو دابەشكارییە نەزۆک و بێسوودە دیینییە دەكات، وەک لە ئیسلام و هیندۆسدا هەیە؛ گاڵتە بەو كەسانە دەكات، كە نەزۆكن و لە دەرەوەی خۆیان بۆ خودا دەگەڕێن. وەک لەم شیعرەدا، دەڵێت:

سەیری كوێ دەكەی بۆ من؟

‎من نزیكترم لە نزیكی خۆت،

من، لە هیچ كام لە مزگەوت و تەمپڵدا نیم!

‎لە كەعبە و كیلاش نیم،

‎نە لە ناو نەریت، نە لە ڕێگەی یۆگا،

‎نە لە ناو هیچ كام لە بزن و مەڕ،

‎نە لە ناو تەور و نە چەقۆش؛

‎نە لە ناو پێستی پشت و، نە لە ناو گۆشت و ئێسقان.

‎ئەو، كەسێكە یەكجار پەیدا دەبێت،

‎دوورە لە قەڵەباڵغی؛

‎من، لە پەناگایەكی ئارام دەژیم،

‎گوێ لە من بگرە، لە خاڵیبوونەوە،

بەڵێ: كەبیر، لە نێوان هەموو هەناسەكاندا.

 

 

كەبیر، ئیمپراسیزم/ ئەزموون

 كەبیر، بە تەنیا متمانەی بە حەكیمان یان فەیلەسووفان نەبوو، بەڵكوو باوەڕی بە سەرچاوەی بنچینەیی ئەزموونی بوو؛ هەرچەندە پیاوانی دیینی، ئامۆژگاری دەكەن، دەڵێن: بچن بۆ پەرستگا و مزگەوت بپاڕێنەوە و وێنای خودا بكەن، قورئان و كتێبە پیرۆزەكان بخوێننەوە، تابگەن بە خودا؛ بـەڵام كەبیر زۆر باوەڕی بەمانە نەبوو و، گرنگی پێ نەدەدا، لەوبارەیەوە كەبیری مەزن، دەڵێت:

‎شوێنە پیرۆزەكان، هەموویان… تەنیا ڕووبارن،

‎ئەوان هیچ شتێک ناشۆرن،

‎من خۆشۆردنم لەواندا كردووە؛

‎هەموو ئەو وێنە و خەیاڵانە… بێگیانن.

برائەوانە هەست بە هیچ ناكەن،

‎من گریانم بۆیان دێت،

‎قورئان و پیورانا، تەنیا وشەن؛

‎هیچ. شتێک دەرناخەن.

‎من دیوە داپۆشراوەكەم بینیوە؛

‎هەموو ئەوانە لێدانی هەستیاریی نین،

‎كەبیر، دەڵێت:

‎ئەوە بۆشاییەكی سادە و ناڕاستە!.

‎”پیورانا، تێکستێكی ئەدەبی پیرۆزی سانسكریتییە و، زمانی دیینی هیندە”

‎لەم هێڵەدا، كەبیر بە ڕوونی ئاگاهیی خۆی و بە ئەزموونكردنی لەگەڵ باوەڕەكانی دیكە دەخاتە ڕوو، چوونكە كەبیر باوەڕی زۆری بە ئەزموونكردن وەک دەرخەرێكی ڕاستیی هەیە، باوەڕی بە گەڕانەوە بۆ بنچینەی سەرچاوە هەیە، كە لەوێدا ڕاستی شتەكان خۆیان نیشان دەدەن و، ڕووتكراو نین و، بە بیر و باوەڕی دیكە دانەپۆشراون؛ بۆیە لێرەدا كەبیر دەیەوێت نەبین بە وەرگری دووەم، لە دەستی ئەوانی دیكەوە، خۆمان بنچینەی سەرچاوەكە بین و، بۆی بگەڕێن و، ئەو بنچینەیە ئەزموون و تاقیبكەینەوە.

‎ئەم حەكیمە هیندییە، هەرگیز خەڵكی هاننەداوە كە بە كوێری شوێن حیكمە و وتە و قسەكانی بكەون، بەڵكوو كەبیری حەكیم، خەڵكی هانداوە ئەزموونی شتەكان بكەن؛ دووبارە تاقیكردنەوە بكەن. بۆ هەموو شت لە ناو ڕووناكیی ئاگاهیدا، دەگەینە ئەو ڕامانەی، كە كەبیر وەک چرا دادەگیرسێت، لە نێوان بێباوەڕانی خەڵكدا.

‎كەبیر و هۆشمەندیی

بنچینەی ئاگاهی، وەک ڕێگەیەكی ژیانی تایبەت بە حیكمە و هۆشمەندیی ڕێبازی كەبیر، وەک دامەزرێنەرێكی ڕێگەی تایبەت بە ئاگاهیی و دونیابینی كەبیر بۆ شتەكان و دەوروبەری، كە پێی دەگوتریت كەبیریات.ڕوانینی دڵسۆزانەی كەبیر، پێماندەڵێت: نابێت دڵسۆزییەكی كوێرانە لە ناو ترپەی دڵەوە بێتە دەر بۆ شتەكان، ئەمە بووەتە ڕێگەیەكی باوەڕی كەبیر لە ژیربێژیی و بەڵگەییە. ڕامان لە ڕێگە و حیكمە و شیعرەكانی كەبیر، بە ڕوونی ئەوە بەدەست دێنین، كە كەبیر لە ڕێوڕەسمێكی گەورەدا گۆڕینی ناوی خودای خستۆتە ڕوو.

‎كەبیری حەكیم، هەرگیز باوەڕی بە هیچ فێربوونێک نییە كە لە دەرەوەوە بێت، ئەو باوەڕی بەوەیە كە فێربوونی ڕاستەقینە، لە ناو خودی خۆتەوەیە. ئاگاهیی كەبیر، پێماندەڵێت: زانیاریی، گەورەترین هێزی گۆڕانە، مەبەست لەم حیكمەی (كەبیر) زانیاریی وەک ئەزموونكردن و تاقیكردنەوەیە.‎ئەم مەنتقە، فۆڕمێک دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە کە: كەبیری حەكیم، پەیوەستە بە ژیربێژییەكی گەورە و گرنگەوە، لەسەرووی ئەوەشەوە، ئەم هێڵە وامان لێ دەكات، هەمیشە خۆمان بخەینە ژێر تاقیكردنەوەوە، كە ئێمە چۆن سنوورداركراوین وەک تووتی، لە ڕێگەی ئایینەكانمانەوە.

‎دیارە بەم شێوەیە،  كەبیری مەزن، هەوڵدەدات هانمان بدات، ڕزگارمان بێت لە هەموو جۆرەكانی سنوورداریی، كە دوا جار گەیشتنە بە ڕاستیی خۆت. دیارە ژیریی و هۆشمەندییی كەبیر، ئەو چارەنووسە قەبووڵ ناكات، بەرپرسیارین لەوەی ئێمە چین؛ مەبەستی چارەنووسی دیاریكراوە وەک قەزاوقەدەر. لەبری ئەوە، بڕوای وایە ئێمە هەرچییەک بین، ئەوە ئەنجامی ئەوەیە، كە چیمان كردووە و، چی بووین لە ماوەیەكی دووردا.

كەبیری مەزن، ئاوا دەڵێت لەم حیكمەیەدا:

‎كێ دەتوانێت بووەستێت،

‎گەر تۆ دیاریكراوی بۆ كەوتن،

‎دەبێت بیچێژی؛

‎بۆ چی دەیكەیت؟

‎گەر نەیكەیت،

‎هۆشیاریی، دەبێتە ڕێنیشاندەر!.

‎تۆ ڕێگەی خۆتت ون كردووە،

‎لە ناو دڕندەدا.

ئەم هێڵەی كەبیری مەزن، پاڵپشتییەكە بۆ كارما، وەک ڕوونكردنەوەیەک بۆ “لۆرد كریشنا” لە “بهاگواد گیتا”دا.

‎ئەم وشانە، سەرزەنشتكردنی خەڵكە لە سنوورداركردنی خۆیان، كە كێ گەمژەیە و، باوەڕی بە چارەنووس و قەزاوقەدەر هەیە، كە بۆی دانراوە و پیشانی نادات؛ كە توانای ئاگاهیی هۆشیارانەی هەیە.

‎ئیشق و كەبیر

‎عیشق، بنچینەی جۆریەتی مرۆڤایەتییە و، ئەمەش لە كار و حیكمەكانی كەبیر، بە تەواوی خۆی نمایش دەكات. ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە خودای كەبیر، شتێكی ئاسمانی نییە، بەڵكوو شتێكی ڕاستییە و، بەشێكە لەو؛ لە جیهان و لە ناومان دەژی، وه هەناسە دەدات.

‎كەبیری مەزن دەڵێت:

‎براكەم، كێ ئەوی بینیوە؟

‎بروسكەی عیشقی ئەو، پارێزراوە.

‎كەبیر، لێرەدا پێمان دەڵێت: ئەو عیشقە، كە دەردەكەوێت، ڕزگاركردنی ئێمەیە لە كۆسپ و كوێرەوەرییەكانمان؛ بەبێ عیشق، ژیان بێسوود و خۆكوژییە لە هەر كوێیەک بیت.دیدگای كەبیر ئەوەمان پێدەبەخشێت، كە عیشق، چرایە و ڕۆشنمان دەكاتەوە؛ دەبێت چاوەكانمان، چراكانی مەراسیمی عیشق ئەنجام بدات. كەبیر، زیاتر بە عیشقدا ڕۆچووە و، لە حیكمەیەكی دیکەدا دەڵێت:

‎گوێم لێبگرە هاوڕێ، تێدەگات ئەوەی عیشق كێیە؛

‎گەر بە حەسرەتەوە هەست بە عشق نەكەیت بۆ عیشقەكەت، ئەوە بەتاڵی.

‎بۆ ڕازاندنەوەی جەستەت، بێهوودەیییە پێڵوی چاوت مەرهەم كەیت!.

لە دیدگای كەبیرەوە، هەموو کردە، مەراسیمە وای نیشان دەدات، گەر دڵ بڵێسە نەبوو لەگەڵ عیشقەكەی، ژیان و جیهان بێ بایەخ و هیچە، بۆ ئەو كەسانەی بەتاڵن لە عیشق؛ بـەڵام ئەو كەسانەی كەپڕن لەگەڵ عیشق، هەموو شتێكی سەرنجڕاكێش دەدۆزنەوە، كەبیریش یەكێكە لەوانە.

‎كەبیر لەم بارەیەوە  زیاتر قووڵ بووەتەوە و ڕۆچۆتە سروشتی بوونەوە، تا ئەندازەی غەرقبوون و ونبوونی خۆی. لە ئاگاهیی عیشقی بوون، كەبیر پەلدەكێشێت بۆ تەواوی گەردوون و عیشق و، بوونمان نیشان دەدات؛ بوون بە یەكێتییەكی بوون، ڕوون دەكاتەوە و، لەم حیكمەدا، كەبیر دەڵێت:

لێدانی ڕیتمی ژیان و مردن، لەوێدا كەوت؛

‎شەختە چاڵەكان لەناوبرا، تەواوی فەزا بە نوور ڕۆشن بوو.

‎لەوێ: دەنگی دێ، ئاوازێكی نادیار،

‎لەوێ: ئاوازی عیشقی سێ جیهانە،

‎لەوێ: ملیۆنان چرا و خۆر و مانگ دەسووتێن،

‎لەوێ: دەهۆڵ لێ دەدرێت، جۆلانەی عیشق یاری دەكات.

‎لەم هێڵەدا، كەبیر ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو، كە بەختەوەرە ئەوەی پڕە لە عیشق، ئەم نمایشەی كەبیر لە قسەكردن لەگەڵ عیشقەوە هەڵدەقووڵێت.

 

‎كەبیر، وەک ڕیفۆرمێكی كۆمەڵایەتی

كه‌بیر

‎لە كارەكانیدا، كەبیر وەک ڕیفۆرمێكی كۆمـەڵایەتی دەردەكەوێت، كە بیروباوەڕی ئایینی و ترادیشناڵی ئەو سەردەمەی خستۆتە بەر نەشتەری حیكمەكانی و، بە توندی بەرانبەریان دەوەستێت و، لە هەوڵی ئاگاداركردنەوەی خەڵكە، لە ونبوونیان لە ناو ئەو بیرە باوەگشتییە بێسوودەدا؛ دەیەوێت گۆڕان لە ئاستی كەسەكان و كۆمەڵگە دروست بكات و، ڕیفۆرمێک لە كۆمەڵگەدا بكات و، تاكێكی  ڕووناک  بە ئاگاهیی دروست ببێت، كە خاوەنی گومان و شک بن لە هەموو شتەكانی دەوروبەر. ئەو، هەوڵی ئەوەی داوە، نەبنە كۆیلەی بیر و دیینێكی نەزۆک، كە نەزانن چییە و ئەزموونیان نەكردبێت؛ بەتایبەت لەو سەردەمەدا، كە هیند كەوتبووە بەر هێرشی دەسەڵاتی ئیسلامیی و دیینی ئیسلامی تێدا بـڵاو دەبووەوە. لە لایەكی دیكەوە، دیینی هیندۆسیی بەرانبەری هەبوو، بۆیە كەبیر ئەركێكی قورسی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵک لەو پەتا كۆمـەڵایەتییەی گیرۆدەی ببوون؛ مرۆڤدۆستی كەبیر لەوەدایە، كە پەرۆشی مرۆڤدۆستیی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ بووە. هەوڵی داوە بە هەر شێوەیەک بێت،كۆمەڵگە لەو بیرە نەگریس و بەدانە ئاگادار بكات و ڕیشەكێشیان بكات.

‎حیكمەكانی كەبیر، زۆر ڕوون ئەوە دەخاتە ڕوو، كە كەبیر خۆی بۆ شەڕی نەگریسی و ناپاكی بـڵاوی كۆمەڵگە ئامادەكردووە و، كارەكانی و چنینی وشەكانیشی، بە تەواوی دووڕوویی و جیاوازی چینایەتی و ڕەشبینی كۆمەڵگە و بتپەرستی ڕوون دەكاتەوە. بەمەش دیارە كە باوەڕێكی گشتیبوونی هەبووە و، شێوەی دیینی وەرگرتووە و، كە بێ ئەرزش بووە و، كۆمەڵگە و مرۆڤایەتیش هیچ گومانێكیان بەكار نەبردووە لەو بارەیەوە. پرسیارەكانی كەبیر، لە شێوەی کردەیییە،كە هەوڵی داوە خەڵک وا ببینێ كە نەزۆک و بێسوودێكی ئایینییە.

بۆیە كەبیر لە یەكێک لە شیعرەكانیدا: دەڵێت:

هیچ شتێک نییە لەوێ، تەنیا ئاو نەبێت لە شوێنە پیرۆزەكانی خۆشۆردن.

‎ئەوە دەزانم كە ئەوان بێسوودن.

‎من خۆم تیایاندا شۆردووە.

‎وێنە و خەیاڵەكان بێ ڕۆحن… ناتوانن قسە بكەن.

‎دەزانم، بۆیە بەكوڵ دەگریم بۆیان.

‎پیورانا و قورئان تەنیا وشەن؛

‎بەرزكردنەوە و داپۆشینە، من بینیومن.

كەبیر، لێرەدا بە توندی باس لەو بیرەگشتییە دەكات، كە كۆمەڵگەی نەزۆک و بێ بەرهەم كردووە، ڕوونی دەكاتەوە كە خەڵک بە هۆی وەهمەوە دەژی و، بە خۆشۆردنێک لە هەموو تاوانێک پاک دەبنەوە؛ بـەڵام كەمتر ترسیان لە تاوانەكانیانە و، بە ناوی موقەددەسەوە تاوانەكانیان بەرز دەكەنەوە و، پڕۆسەی خۆپاکكردنەوە لە گوناهـ، بووە بە نەریتێكی ڕێكخراوی گشتی كۆمەڵگە و، بەردەوامن لە ئەنجامدانی وەک ئامێرێک. كەبیر، دەیەوێت خەڵک بەخەبەر بێتەوە لەم كێشە ڕاستەقینەیە و، ڕزگار و ئازادبن لە ئایین و مەزهەب؛ هەروەها، بە ڕاشكاوی ئەو نەریتانە ڕسوا دەكات و، وەک گاڵتەجاڕییەک دەیخاتە ڕوو، ڕەخنە لەو نەریتە گشتیانە دەگرێت و، وەک  تەزبێح دەیانشوبهێنێ كە بە دوای یەكدا ڕیزبوون. بۆیە كەبیر زیاتر لەو بارەیەوە، دەڵێت و، ‎لە یەكێک لە حیكمەكانیدا، بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەریی و دەڵێت:

ڕۆژگار ڕۆشت و تەزبێحەكان دەسوڕێنەوە؛

‎بێ ئۆقرە مایەوە ژیریی،

‎دەنكی تەزبێح دەربهێنە و دەنكی ژیریی بسووڕێنە.

 

‎كەبیر، وەک ڕیفۆرمێكی كۆمەڵگە هەنگاو و كارەكانی چڕتر دەكاتەوە و، زیاتر ڕەخنەی كۆمەڵگە دەكات، كە خەڵک ناوی خودا دەبات و، وەک تووتی دووبارەی دەكەنەوە، بەبێ هیچ درکكردن و زانینێک.‎لەم حیكمەدا، كەبیر ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ مرۆڤەكان و كۆمەڵگە دەكات و، بەخەبەریان دێنێت لەو خەوە درێژەی تێیدان؛ هانیان دەدات بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ڕاستیی عیشق و، دەڵێت:

‎ئەی مرۆڤ، گەر تۆ خودا ناناسیت،

‎چۆن دەتوانی شانازی بكەیت.

‎كارامەیی لەدەست نەدەیت: بە تەنیا وشەكان، هەرگیز نابێت بە یەكێتی تۆ و ئەو.

‎خۆت بە شەهادەتی كتێبی پیرۆز فریو نەدەیت،

‎عیشق شتێكە بەشێک نییە لەوان.

‎كەسێک بۆی بگەڕێت، بە ڕاستی پەیدای دەكات.

‎كەبیر، غەمخۆری بۆ بەگەڕخستنی وزەی  خەوتووی مرۆڤەكان هێندە زیاد بووە، كە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی، بەشی زۆری ڕامان و ئاگاهیی و حیكمەكانی، لە هەموو لایەنەكانەوە تەرخان بكات بۆ بەخەبەرهێنانەوەیان. لەو خەوە درێژخایەنە وێناكراوەی، كە تێیدا وەک كۆیلەیەک دەژین.

گرنگی حیكمەكانی كەبیر، لە كۆمەڵگەی هیندیدا، بە جۆرێک جێی بووەتەوە، كە تائێستاش دوای ئەو ماوە دوورەی بەسەر مردنیدا دەڕوا، حیكمە و كارەكانی گاریگەریی و هێزی خۆیان لەدەست نەداوە و گرنگی تایبەتی پێدەدرێت و، شوێنكەوتووانی كەبیریات، واتە: ڕێگەی كەبیر كە -ڕێگە ڕامان-ەكەی كەبیرە، بۆ تێگەیشتن لە ژیان و چوونە ناو ژیان.

 

——————

تێچنین:: کارەكانی كەبیر، لە زۆر شێوازدا كۆكراونەتەوە و، لە شێوەی كتێب و کردەیی پەیڕەو دەكرێن.  ‎هەندێک لە بەرهەمەکانی… وەك: ئۆقیانووسێک لە عیشق و گۆرانییەكانی كەبیر، كە بە شێوەیەكی دیار هەن و، بە شێوەی كۆكراوە لەژێر ناوی دیكەدا هەن. شیعرەكانی كەبیر، لە كتێبێكدا كۆكرانەوە بە ناوی “ئادی گرانت” و، لە ساڵی١٥٧٠. هەروەها، یەكێک لە خوێندكارەكانی، هەموو كار و قسەكانی كەبیری كۆكردەوە لە كتێبێكدا، بە ناوی “بیجاک.” هەروەها، گۆرانییەكانی كەبیر، كە سەد شیعری كەبیرە، لە لایەن تاگووری حەكیمی هیندییەوە وەرگێڕاوە بۆ ئینگلیزی.

 

 

سه‌رچاوه‌كان 

1- kabir, The ocean of love, the Anurag Sagar of Kabir, translated Ana Edited under the direction of Sant Ajaib Singh Ji, 1982

2-kabir, The songs of Kabir,
Translated by Rabindranath Tagore, Introduction by Evelyn Underhill
New York, The Macmillan Company 1915.

3-Kabir-poems- Publisher:Poemhunter.com – The World’s Poetry Archive 2012

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.