کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا - ٢٠١٣ - ئەسینا - گەلەری هونەری هاوچەرخ.
کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا - ٢٠١٣ - ئەسینا - گەلەری هونەری هاوچەرخ.

ژان بۆدریار؛ سیستەمی شتەکان


گوتاری فەلسەفی - هزریی

Loading

ژان بۆدریار؛ سیستەمی شتەکان
نووسین: ڕامان خالید
 
ئێمە بیر لەشیکاریەکی تەواوی پۆست پێکهاتەگەرایی ئەکەینەوە، شیکاریەکان یەکتربڕ دەرئەکەون کە زۆربەی جار ڕواڵەتیانە وادەرئەکەوێت کە نەتوانین بەناویدا بچینە ژوورەوە. کارە بەناوبانگەکانی بۆدریار وەک “سیمولاکرە و سیمولەیشن” و “جەنگی کەنداو ڕووی نەدا” شیکاریەکی زووتری پێکهاتەگەرایی بوو، کە لە بەکاربردنی جیهانی و سەرمایەداری و نەزمی کۆمەڵایەتی دەوروبەرمانەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

بۆدریار لە کتێبی سیستەمی شتەکاندا، شیکارییەک بۆ ئابووری سیاسی دەکات لە دۆخی نوێی سەرمایەداریدا کە سەریهەڵدا. ناوەڕۆکی شیکاریەکەی بۆدریار لە درێژەدانە بە ڕەخنەی ناوەکی ماڕکسیستی لە ئابووری سیاسی سەرمایەداریدا. لەهەمانکاتدا کەڵک وەرگرتنە لە ڕێبازە کۆمەڵناسییە نوێیەکانی وەک بواری نیشانەناسی، کە بریتییە لە چۆنیەتی کارلێکی مرۆڤ لەگەڵ نیشانەکان و گەیاندنی پراکتیکی هێماکان،. بۆردیار چوارچێوەی ماڕکسیستی و نیشانەناسی لەگەڵ دەرونشیکاری ئەبەستێتەوە، ئەویش لە ڕێگای سەیرکردنێکی فڕۆیدیانەوە، یانیش لەڕێگای دەروونناسی کۆمەڵایەتی هاوشێوەدا کە `هێربەرت مارکۆزە`  لە کارەکانیە پشتی پێ بەستووە.
 

کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا - ٢٠١٣ - ئەسینا - گەلەری هونەری هاوچەرخ.
کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا – ٢٠١٣ – ئەسینا – گەلەری هونەری هاوچەرخ.

بۆدریار هێشتا شیکاری مارکسیستی بۆ بەرهەمهێنان وەک بنەمایەک بەکاردەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە ئامڕازە نوێیەکانی بەکاربردن لەو شوێنانەی کە بەرهەمهێنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. مۆنۆپۆلی پیشەسازی سەرمایەداری پێشەنگی ئامڕازە تەکنەلۆجیەکان بووە لە بەرهەمهێنانی کاڵادا، توانای بەرهەمهێنان لەئێستادا لە لوتکەدایە، سەرەڕای ئەوەش هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی نوێ ئەبێتەوە. خێرایی لە بەکاربردندا ئەرکی داهاتووە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، لەڕێگای خودی جۆری بەرهەمهێنانەوە، ئەویش لەڕێگای هەڵگەڕانەوەی تواناکان بۆ هاندانی بەکاربردن، بۆ ئەوەش ئامرازی تەواو نوێ هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لەبەکاربردنەوە نزیک ببنەوە. لێرەدا بۆدریار سیستەمی شتەکان دەبات بۆ تێگەیشتن لە ڕیکلام، مۆدەی نوێ و هێماسازی نوێ لەکۆتاییدا بەکارهێنانی نوێی نیشانە و هێماکان بەگشتی، کە پێشتر شمەکەکان بەو جۆرە فراوانییە تەنیا بۆ ئاغا و لۆردەکان بەردەست بوو، بەڵام ئێستاکە قەبارەی بەکاربردن زیادی کردووە بۆ ناو زۆرینەی خەڵک.
 
شیکاریی نیشانە، ئەو فۆرمە پێکهاتەیی و ئایدیۆلۆژییەی کە شتەکان تێیدا دەوریان داوە، دەتوانرێت لە چاویلکەی دیزاینی ناوەوە بە تەواوی ببینرێت. بۆدریار بە ڕێکسختنێکی ماڵەوە تەقلیدی ماڵەوە دەستپێئەکات، ڕێکخستنێک کە لەناوەوە شڵەژاوە تاڕادەیەک زیادەڕەوی کراوە لە دیزاینی ناوەکیدا. ئێمە لە زۆرێک لە ماڵە کۆنەکاندا دەبینین، یان ماڵە کلاسیکییەکەی سەردەمی ڤیکتۆریا دەزانین چییە، جگە لە نیشانەی زیادەڕەوی تەواو، ماڵێک کە جێ پەنجەی تەواوی مرۆڤی تێدایە و ئارەزووی نمایشکردنی کاتژمێرە پەیکەرسازییەکانی؛ دار، قاڵبکردن لە بنمیچەکاندا، ژوورێکی تایبەت بە جام و هتد… بەڵام جگە لەفۆرمێکی تەواو ماددی لەهەمان کاتدا ماڵێکی نەریتیە و ڕێکخستنێکی ئایدۆلۆژی ڕوونی هەبوو؛ نموونەی مێزی نان خواردن لەدیوەخانی پیاوسالاریدا پیاوەکە لەسەرووی مێزەکە لەناوەڕاست دائەنیشت، ڕووی لە ڕەعیەتەکانی بوو. ئەمەش بۆ جێگیرکردنی باڵادەستیەکەی. پیاوسالاری لە ڕێگەی کارلێکی سیستەمی شتەکانەوە پێگەی ئایدیۆلۆژی خۆی لە جیهاندا وەردەگرێت. بەمشێوەیە بەهێزکردنێکی دیالەکتیکی سیستەمی شتەکان و ناسنامەی ئایدیۆلۆژی ئێمە بەهێز دەکات، ناسنامەی ئێمەش کاریگەری لەسەر خودی شتەکان ئەبێت، بۆدریار لەهێنانی ئەو نموونەیە تەنیا مەبەستی ماڵ نییە یان تەنیا دەربارەی ڕۆلێکی جێندەری، بەڵکو دەقی ئایدۆلۆژی ماڵێک زۆر لەوە قووڵترە. ماڵە تەقلیدییەکە لەگەڵ هەموو جوانییەکانی، بە دانانی مۆبیلیاتێکی چینی کە لەداری حەیزەران دروستکراوە دەربڕینێکی ئایدۆلۆژییە دژی کەمی و دەگمەنی شتەکان لەپێش چاخی پیشەسازیەوە. واتە دەربڕی ئەوەیە ئەوەی جاران دەستنەئەکەوت و قورس بوو ئێستاکە لەفۆرم و جۆری جیاوازە تۆ ئەتوانی شمەکی جیاوازی بەدەست بهێنیت. ئەمە چییە جگە لە بیرۆکەی سەرهەڵدانی پاڵاوتنی توانای خاو نەبێت.

 

کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا - ٢٠١٣ - ئەسینا - گەلەری هونەری هاوچەرخ.
کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا – ٢٠١٣ – ئەسینا – گەلەری هونەری هاوچەرخ.

 

بەرجەستەکردنی زاڵبوونی تەواوەتی مرۆڤ بەسەر ژینگەکەیدا، هێماسازیی جیهانی کۆن کە لە تابلۆیەکی زیادەڕەو و ئاوێنەدا دەبینرێت، کە بێزارکەرێکە بۆ نەزمی نوێی سەرمایەداریی پۆست مۆدێرن، کە نەک هەر بزوێنەرە، بەڵکو داوای کارایی تەواومان لێ دەکات.

بۆدریار بانگەشەی ئەوەدەکات کە لەڕێگای پێکهاتنی ماددی ماڵەکەی مرۆڤەوە کەشێک دەنێژرێت، مرۆڤەکان لە ڕێگەی جیهانێکی کاڵادارەوە ئێستا دەستیان گەیشتوە بەوەی کە وەک خۆی دەڵێت؛ ببنە جادووگەری بەرگەهەوا. ئێستاکە شمەک و دیدگاکانی سەرمایەداری توانای کڕین و  وەرگرتنی هەیە لەلایەن چینی کرێکارەوە و پلەکانی خوارەوە کە ئێستاکە ئەتوانن ببن بە کڕیارێکی زنجیرەیی و بەشێک بن لەبەکاربەر. بەراووردکردنەکە لە ڕێگەی ماڵە کۆنەکەی بۆرژوازی و دیزاینی نوێی مۆدێرن مردنی کایەی ڕەمزی دیاریکراو نیشاندەدات، بەڵام وەک دەبینین ئەم کایە ڕەمزییە بەڕاستی بە تەواوی نەمردووە، تەنها بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕاوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان. کاریگەری تەنها پێکهاتەیەکی نوێیە لەناو سیستەمێکی نیشانە هەبووەکاندا. لەم باسەی پێشوودا سەبارەت بە بەهاکانی دیزاینی ناوەوە و کەشوهەوا ڕوون دەبێتەوە کە تەواوی سیستەمەکە لەسەر چەمکی کارایی دامەزراوە.
 
 
ڕەنگ، فۆرم، کەرەستە، فەزای دیزاین، هەموویان کارایین: هەموو ئۆبژەیەک بانگەشەی کارایی دەکات هەروەک چۆن هەموو ڕژێمێک بانگەشەی دیموکراسی دەکات… ئەم زاراوەیە هەموو فەزیلەتەکانی مۆدێرنێتەمان وەبیردەهێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوی دووفاقییە بە ئاماژەدان بە کارایی، ئەوە نیشاندەدات کە ئۆبژە خۆی و وردبینی پەیوەندییەکەی بە جیهانی ڕاستەقینە و بە پێداویستییەکانی مرۆڤەوە بەدیدەهێنێت، بەڵام کارایی بە هیچ شێوەیەک ئەو شتە شایستە ناکات کە لەگەڵ ئامانجێکدا دەگونجێت؛ تەنیا ئەوەی کە لەگەڵ کارایی فەرمانێک یان سیستەمێکدا دەگونجێت، توانای یەکگرتنە لە پلانێکی گشتیدا.

 

کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا - ٢٠١٣ - ئەسینا - گەلەری هونەری هاوچەرخ.
کاریگەر بە کتێبی`سیستەمی شتەکان` کارێکی هونەرمەند ئەندریاس ئەننگلیکا – ٢٠١٣ – ئەسینا – گەلەری هونەری هاوچەرخ.

 

کارایی ئۆبژەیەک هەر ئەو شتەیە کە وای لێدەکات بە ئاڕاستەی ئەرکێکی لاوەکیدا کارکردنی سەرەکی خۆی تێپەڕێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆلێک بگێڕیت بۆ ئەوەی ببێتە توخمێکی تێکەڵاو، شتێک کە دەتوانرێت ڕێکبخرێت لە ناو سیستەمێکی گشتگیری نیشانەکاندا، ئەم سیستەمەی شتەکان سروشتی دووانەی مادەی دەوروبەرمان نیشاندەدات و چۆن شیکارییەکانی پێشوومان بۆ کاڵاکان کە سەنتەری بوون و حاڵەتەکانی بەکارهێنانی کارایی نەیانتوانی چیرۆکی تەواو بگێڕنەوە.
 
ئێمە پایە و ئیمتیاز و جوانییە ئایدیاڵییەکان بەکاردەهێنین. بۆدریار لە ئۆتۆمبێلەکاندا ئاماژە بەم شتە دەکات. هێزی بزوێنەری سەرمایەداری تەنها بەرهەمهێنانی کارایی نییە، بەڵکو هێزی بەکارهێنانی هێماسازییە. ئێمە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا ناچاری قوربانیدان نین بۆ ڕازیکردنی خواستە ڕەمزی و جوانکارییەکانی گەلان، بەڵام دەیکەین. قسەیەک هەیە دەڵێت “ پیاوان بۆیە ئوتۆمبێڵەکانیان خۆشدەوێت چونکە وەک هەڵهاتن وایە لەشوێنی کارێکی نامۆ کە ناڕەحەتە بە نایەکسانی“.  بەمانای لەماڵێک هەڵدێت کە لە جیهانێکی تەقلیدی هاوچەشن کراودا سەرچاوەی گرتووە.

وەک زۆرێک لە شتەکانی تر ئۆتۆمبێل هەڵهاتنە، ئەمەش دەمانباتە ناو کایەی شوێنەوار و کۆلێکشنەکان و زاڵبوونێکی ڕێژەیی بەسەر کات و تێگەیشتن. بەڵام بۆدریار ئاماژە بە شتێک دەکات، شتێک کە بەردەوام لە سەرانسەری کتێبەکەدا وردتر دەکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە داهێنانی تەکنەلۆژیای شتەکانمان هەندێجار کارا و باشتر نەکات، زۆرکات ئێمە پێویستمان بە توخمێکی مرۆییە زیاتر بۆ بەرهەمە نوێیەکانمان تا نمایش و دیمەنێک دروستبکات ڕەنگدانەوەی خواستە مرۆییەکان بێت زیاتر. لەم سەرمایەدارییە پۆست مۆدێرنەدا مرۆڤ لای خۆیەوە بە ئۆتۆماتیکیکردنی ئۆبژەکانی خۆی و فرەکارکردنیان لەبری هەوڵدان بۆ داڕشتنی کردارەکانی بە شێوەیەکی شل و گۆڕاو، بە جۆرێک ئاشکرای دەکات کە خۆی چ بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی تەکنیکیدا دەگێڕێت ئەوەی مەبەستێکە کە ئەیەوێت ببێت بە چ مۆدێلێکی ئامێری. بەو شێوەیە ئۆتۆماتیک بوون و بەتایبەتی کردن هیچ دژایەتیەکی یەکتر ناکەن.

بەتایبەتیکردن لەڕووی شتەکانەوە خەونی پێوەدەبینرێت، بەرزترین فۆرمی `نا-جەوهەری` ئەو جیاکارییە پەراوێزییەیە  کە پەیوەندی کەسی مرۆڤ بەشتەکانیەوە بەپێی ئەو شێوازەی بۆدریار باسیکردووە لە شێوازەکانی پەیڕەوکردنی خەیاڵی پەرەسەندنی تەکنەلۆژی دەخاتە ژێرکاریگەریەوە. پێمان دەگوترێت؛ ئێستا هەڵبژاردەی بێ سنوورمان هەیە، لێرەدا ئایدیالیزمە خەیاڵییەکان ئێستا کاریگەرییان لەسەر مادەی دەوروبەرمان هەیە. ئێستا دەتوانرێت ماتریالیزم لە بەرامبەر ئایدیالیزمدا بە شێوەیەکی تەواو زارەکی وەک دووبەرەکییەکی فەلسەفی ساختە بخەینەڕوو. لە زۆر ڕووەوە سیستەمی ئۆبژە ئابوورییە سەرهەڵداوەکانی ئەمڕۆ سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی کۆمەڵایەتییە وەک نیشانە و ئایدۆلۆژیایەک کە سروشتی هەبووی ئۆبژە کۆنەکان بەکاردەهێنێت. ئەم گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییە لە مۆدێلەکانی سەرمایەداریی درەنگدا دیاریدەکات کە شتێکی دەستییە، شتێکی کەمتر زنجیرەیی و ڕەسەنە. ئێمە هێشتا لە ناوەوە بیر لە زنجیرە نوێیەکانی شتە زنجیرەییەکانمان دەکەینەوە وەک مۆدێل، هەرچەندە شتەکان  تەنانەت ئەگەر هێشتا لە قووڵایی دڵمان بزانین کە نین، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە دەتوانین کەسایەتی خۆمان لەسەر شتە زنجیرەییەکان پڕۆژە بکەین، هەستی ڕاستەقینەیمان پێ دەبەخشێت.

سەرمایەدارە نوێیەکان دەیانەوێت نیشانە ئایدیۆلۆژییەکانی زنجیرە کاڵا زنجیرەییە نوێیەکان بشارنەوە. بۆ شاردنەوەی ئەمە، پێشکەوتنی کولتوری نوێمان پێدەفرۆشن، پێماندەڵێن؛ ئێستا هەڵبژاردنی بێ سنوورتان هەیە… بەڵام ئەوە تەواو پێچەوانەیە ئێمە ناچارین ئەو شتانە بکڕین کە تەنیا پێکهاتەیەکی کەمێک نوێتریان هەیە بەڵام گرانن. بیانووی نوێمان هەیە بۆ کڕین و بەکارهێنان و ناچاریش دەبین لە ڕێگەی شتەکانەوە خۆمان دەرببڕین و پێناسە بکەین. هەموو ئەوەی کە دەتەوێت دەریببڕیت ئەوەیە کە تۆ کێیت؟ ئەوەیت کە لەڕێگای ئەو شتانەوەیە  بەکاریان دەهێنیت. بۆ دروستکردنی ئەو نەزمە بەکاڵاکردنە، نەزمێکی زمانی زیادئەکەیت کە لەڕێگایەوە ببێت بەفەرمانێکی کۆمەکی  و نۆرمی باو. بەم شێوەیە ئەمە هێزی کەسێتی تۆیە، بەرپرسیارێتی تۆتالیتارییە بەرامبەر بە خۆت و ئەوانیتر. ئەوە بەرپرسیارەتیە نوێیەکەتە.

 

 
 
Bibliography:

1. Jean baudrillard, (1968) The System of Objects.
2. William Pawlett, (2008) Against Banality – The Object System, the Sign System and the Consumption System, Volume 5, Number 1, International Journal of baudrillard studies.
3. Andrew M. Koch and Rick Elmore, (2006) Simulation and Symbolic Exchange: Jean Baudrillard’s Augmentation of Marx’s Theory of Value, y 34 (3) 556- 575.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌