چیرۆكنوس؛ میران جه‌نگاوه‌ر

میران جەنگاوەر؛ بازنەیەک، کە لەناو بازنەیەکی تردایە


Loading

بە یەکجاری خۆت یەکلایی کردۆتەوە، ملپێچەکەی ملت بەستووەتە پانکەکەوە، دڵت بەخێرایی ترپە ترپ ناکات، تۆ بڕیاری کۆتایت داوە ملت. دەخەیتە ناو بازنەکەوە،ئای چەندە سەرشاریت لە ئازار خودایا!،چەند گوناهیت، ژیان بە هەموو قورساییەکانی خۆیەوە وەکو فەروویەک خۆیداوە بەسەر شانتا. قاچت لەسەر مێزەکەیە، ئەو مێزەی نەخشەی گۆڕینی سیستمەکەت لەسەری کێشا، ئەو مێزەی قەت چۆڵ نەبوو لە میوە و چەرەساتی هیوا. ملت لە ناو ملمپێچەکەدایە، دەتەوێت تۆڵە لە ژیان بکەیتەوە، بەڵام سەیرکە چۆن-ئاوا بە ئەنجامدانی ئەم ئیشە،ئاخر هۆ کارەکتەرە شڕەکەم من چەندجارم گووت؛ تۆ هەموو تەمەنت بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخاندەکەیت، بۆ ئه‌وه‌ی گورزێک لە ژیان بدەیت، وا دەزانیت بە کێشانی تابلۆیەک، چڕینی بالۆرەیەک،  بەدەستهێنانی کچێک، گورز لە ژیان دەدەیت! هەموو ئەو کارانەی نائاسایین تۆ ئەنجامی دەدەیت،  کەچی ژیان نەک بەوە گورزی بەر ناکەوێت،تەنانەت تۆزقاڵێک شعوریش ناکات…

بەڵام تۆش چیت گووت؛ من نازانم ژیان چییە.بەڵام هەرچییەک بێت،من کێشەم لەگەڵی هەیە….

کە ئەمەت گووت ئاسوودە بووم، بەڵام، هەر کە تەماشای تەمی خۆرنشینت کرد، ترسام، زانیم تۆش لەناو داوەکەدایت، سەیرە داویش بازنەیە. گووتت؛ بەڵام با ژیان بە هەموو چڕنوکەکانی خۆیەوە،جلەکانیشم بدڕێت و  ئەتکم بکات، من هەر خۆشم دەوێت…

بەڵام من وازم لێت نەهێنا. لە کۆڵانەکەوە دەنگە دەنگی دوو منداڵ دێت، وا پێدەچێت تازە لە قوتابخانە گەڕابێتنەوە. کاژێر چوارە تۆ بە پێچەوانەی مرۆڤەکانی ترەوەیت، ئەوان درەنگانی شەو ئەو جۆرە ئیشە دەکەن، تۆ بەم عەسرە. لە بیرت چووە پەنجەرەی ژوورەکە دابخەیت،  ئەو پەنجەرەی هەزاران قنگە جگەرە و بتڵی بیرەت لێوە هەڵدەدایە کۆڵان، کردنی ئەم جۆرە ئیشە پێویستی بە ئامادەکاریەکی زۆرە، یەک هەڵەی بچووک، دەبێتە هۆی پوچەڵبوونەوەی ئیشەکە. لە پەنجەرەکەوە دەنگی منداڵەکان دێت، بە پێی ئاوازی دەنگیان بێت لەوە دەچێت تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٢ ساڵاندا بێت، تۆش وەستاویت ،ملیشت لەناو بازنەکەدایە جوان گوێت هەڵخستووە:

-حەمە ئەزانیت ئەمڕۆ ئەو کچەی جانتا سوورەکەی پێیە دەستەیەک قەڵەمی دامێ.

-توخوا هەی زۆرزان تۆش ڕێک وەرت گرت!

– ئەزانیت ئەم چەپکە نێرگزەشی لە ناو جانتاکەی دەرهێناو وتی: با لات بێت.

-منیش ژن دەهێنم، بەس با گەورە بم. دایەم دایکم دەڵێت: کوڕم، کە گەورە بوویت، ژنێکی جوانوو بۆ ئەهێنم.

ملت لەناو پەتەکەدایە، هۆن هۆن دەگریت، یادەوەریت دەکەوێتە کار…

ئێوارەیەک بوو وەکو هەموو ئێوارەکانی تر بازاڕ جەنجاڵ بوو، تۆش هەر خەریکی برژاندنی شفتە و باینجان بوویت لە چێشتخانه‌كه‌، تۆ ئەو کات بە شەو و بە ڕۆژ وەکو میلی کاتژمێر دەجوڵایت، لەناو بازنەیەکدا بوویت و بازنەیەکت درووست کردبوو . ئەوانەی، دەیانەوێت ئەو ئیشە بکەن، زۆربەیان ئازاری بێمانایی ژیان، دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان، وای لێ کردوون ئەم کارە بکەن. سەیرە هەوادارانی ئەم کارە بازنەیەک لە گوریس، یان ملپێچێک، گەر ئافرەت بن، بە لەچکێک، بازنەیەک دروستدەکەن، تا لەدەستی ئەم ژیانە بازنەییە ڕزگاریان بێت. پەتەکە یاخود لەچکەکە پێناسەی دۆخی قوربانیەکە دەکات. تۆ ئەوکات (حه‌یوان ) بوویت، نا ببورە، من قەت حەدم نییە بە کەس بڵێم (حه‌یوان ) ، تۆ زۆرت لێکردم ئەم ناوەت لێ بنێم، گووتت؛ حەز دەکەم بەو ناوە بانگبکرێم، چونکە من هیچ نیم، جگە لە حەیوانێک، کە دەبێت تا مردن جووت بکات، جووتکردنێکی بازنەیی….

ئێوارەیەکی زۆر دڵڕەق بوو، تۆ لە کاژێر دەی بەیانییەوە خەریکی کارکردن بوویت، وەستا دڵڕەقەکەت بە توڕەییەوە پێتی گووت؛ سەگە گێژ دەبڕۆ نان بێنە، کێرم بەوەی بە تۆ ئەڵێ بەشەر…

دەزانم، مەیڵێ لەناو من لەناو دەربڕینتدام، ئێستا کە سەروکەللەی نانەواکە و خاوەن چێشتخانەکەت بیر دەکەوێتەوە، ملێپەچەکە لە ملت توند دەکەیت. وەلێ کاتێک بیرت دەکەوێتەوە، هەر هەمان ئێوارە بوو، بۆ یەکەمین جار کچێک بە تەنیشتدا ڕەت بوو، ماچێکی بۆ فڕێ دایت، ملپێچەکە شل دەکەیتەوە، نەک لەبەر ئەوەی شتێکت ماوە لە ژیاندا و ناتەوێت جێیبهێڵیت، نا، ئەوەی تۆ دەترسیت بە جێیبهێڵیت، یادگاری شتەکانە. من وا لە قووڵایی هەستەکانتدام، یادەوەریشتم وەکو کاڵەكێک شەق کردووە، تەماشای ناوی دەکەم، دەزانم ئێستا تەماشای کورتەفیلمی کام یادگاری دەکەیت، ئەوەی ئێواران،  لە بەردەم باخی گشتی دادەنیشتیت،   لەگەڵ مستەفا گاڵتە و گەپتان دەکرد،مستەفا ئەو کوڕە جوانەی، سەری خۆی هەڵگرت، ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانی گەڕەک دەمە و ئێواران، تۆپانت دەکرد، لەگەڵ خولە سەرخڕی گەڕەک، دۆمینەتان دەکرد. من باش دەزانم بۆ ئیشەکە ناکەیت، من دەزانم تۆ هەموو شتێکت لەدەستاوە، بەڵام من ئەوەش دەزانم، کە دەیشاریتەوە تۆ یادەوەریت ماوە، شتانێکی لەناودایە، وات لێدەکەن نەک ئیشەکە نەکەیت بەڵکو وات لێدەکەن داوای نەمری بکەیت لە خودا، تا هەردەم بیریان لێ بکەیته‌وه.‌ یان خۆت بخزێنیتە سووچێکەوە،  پڕ بە هەموو وجودت بەناو یادگارییەکانتدا بگەڕێیت.

من باش بیرمە هەر تۆ بوویت لە چیرۆکێکی ترمدا، کاتێک هاتم سەرلەبەری یادەوەریت بسڕمەوە،  تۆ گووتت؛ کاتێک چرکە ساتە بە چێژەکانی ژیان کۆتاییان دێت، دەبن بە یادەوری. یادەوەریش دەبێت بە بزمارێکی ژەنگاوی ناو ڕۆحمان.بەڵام مرۆڤ چییە بەبێ ئەو بزمارە؟…بهێڵە با بتگێڕمەوە، هێشتا هەر لەنێوانی گرتن و بەرەڵاکردندایت، لەسەر کورسیەکەیت، ملیشت هەر لەناو بازنەکەدایە، سەرت گێژ دەخوات، هەستەکەیت زنارێک بەسەر تەوێڵتەوەیە، دادەبەزیت بازنەکە جێدەهێڵیت، دەچیتە قەراغ پەنجەرەکە، سەیرێکی گەڕەک دەکەیت، بۆنی ناوساجی گەڕەکەکەی تەنیووە. ئیوارەیەکی پرتەقاڵییە. سەیری سەر سووچی کۆڵانەکە دەکەیت، مام حەکیم لەوسەری کۆڵانەکەوە بە نانی گەرمەوە دێتەوە ماڵ تۆش بیری نانی گەرم دەکەیت و حەزدەکەیت بۆ جارێکی تر قەپی لێبگرێت، بەڵام تۆ تاقە یەک دینارت نەماوە، ناتوانیت نان بکڕیت. یەکسەر شریتێک لە فیلمەکانی خواردنی هەموو نانە گەرمەکانی ژیانت لەناو سەرتدا چێ دەکەیت…توڕە دەبیت ئازایەتیت بەرەو لای بازنەکە پاڵت پێوە دەنێت، بوه‌ستن هەڵەیەک ڕوویدا، دەبێت حەکایەتەکم ڕابگرم، ئەو کچەی سەر کۆڵان ئاخخخخخ دیسان دەرکەوتەوە. ئەمە سێسەدهەمین جارە حیکایەتەم لێ تێک دەدات، نایەڵێت کاری ئەم داماوە تەواو بکەم…

هەر ئەو ئێوارەی ، ویستم بۆ شەوەکەی بە غازی چێشتخانەکە ئەم کارەکتەرە شڕەم بە کوشت بدەم، هات ئەو ماچە لەعنەتییەی بۆ هەڵدا. من زۆر هەوڵمدا ئەو ماچە و وێنەکەی، لە یادەوەری ئەم داماوەدا بسڕمەوە، بەڵام نەمتوانی،بۆیە سوێندم خوارد، هەر ئەو ئیشەی پێ بکەم بڕیارمدا، تاوەکو سێ سەد جار، هەرجارە و بە شتێک کارئاسانی بۆ بکەم. هەتا ئەمڕۆ ویستم بە ملپیچەکەی خۆی ئەو کارەی پێ بکەم، بەڵام بیرم چوو پەنجەرەکەی پێ دابخەم، ئاخر توخوا من چیرۆکنوسم!. ئیدی دەنگی ئەو دوو سەر خڕە، بۆ دوو سەد و نەوەد و هەشتەمینجار لێمیان تێکدا. بێزار بووم بێزار جارێک، دەمەوێت لە گردێکەوە فڕێی بدەمە خوارەوە کۆلارەی منداڵێک، لە ئاسماندا دەفڕێت جوانیی ئەو کەرتە کاغەزە پەشیمانی دەکاتەوە. جارێک، دەمەوێت لە ناوەڕاستی شەقامێکدا بیخمە ژێر پاسێکەوە، مۆسیقاژەنێک ئیشەکەم لێ تێکەدا. من نازانم ئەم کارەکتەرە شڕەم چییەتی، تەنها ئەوە دەزانم، شتانی بچووک و قۆڕ دەبینێت و دووبارە دەچێتەوە بۆ لای ژیان.  جارێکیان چوو دەمانچەیک بکڕێت تا ئیشەکەی پێ بکات،  لە نیوەی ڕێگەدا بوو،  منداڵێکی چاوشینی لە باوەشی ژنێکدا بینی،  کە بە دەستە بچووکەکانی لەچکەکەی دایکی گرت بوو، ئەمەی بینی پەشیمان بووەوە!

ئاخر توخوا دەبێت چی جوانییەک لەم شتە قۆڕانەی، خۆی بە(ووردە جوانی) ناویان دەبات هەبێت!؟ تەناتەت جارێکیان، دیویست بەنزین بکڕێت، بۆ ئەوەی ئیشەکەی پێ بکات،  منداڵێک هات و پێی گووت:مامە توخوا ئەو قەیتانەم بۆ ببەستە خۆم نازانم، کاتێک کە قەیتانەکانی بۆی دەبەست،سەری بەرز کردەوە و لە ڕووخساری ئەو منداڵە ڕاما، تێر تێر گریا،  هەتا پێڵاوەکانی منداڵەکە لەبەر فرمێسکی ئەو بریقەیان دەهات…هەر کە منداڵەکە بە هەڵبەزودابەزو دوور کەوتەوە،بەدەم هاوارەوە،یەک شەقی لە دەبە بەنزینەکە دا.  هەتا ئەو کاتەشی لەبەر پەنجەرەکەدا بوو، من هێشتا تاکە چانسم مابوو، بەڵام ئاخخخخخخ ئەو کچەتیوە چۆن بۆ ئەبەد لێمی هەڵوەشاندەوە و سەرلەبەری حەکایەت و تەکنیکی گێڕانەوەشمی گۆڕی.

من بۆ کەسی دووەمی تاک قسەم دەکرد، تەنانەت ئەوەشی تێکدا، دەبێت ئیدی ڕاناوی کەسی سێیەمی تاک بێنمە ناو ئەم گێڕانەوە سەقەتەوە، چونکە ئیدی دلێر گوێ لە من ناگرێت، چاوەڕێی دەست و قەڵەمی منی نییە تا بینوسمەوە. ئێستاش دەستدەکەمەوە بە حیکایەتەکەم، گوێبگرن؛  دلێر لە قەراغی پەنجەرەکەوە دەیڕوانییە گەڕەک، ئەفسوونی کۆڵانەکان خامۆشیان کردبوو. پاش ئەوەی مام حەکیمی بە نانە گەرمەکەوە بینی، ویستی هەڵبسێت و ئیشەکە بکات، لەگەڵ هەڵساندا چاوی چووە سەر کچێکی جوان ، لە سووچی  کۆڵانەکەوە دەهات، لێی وورد بووەوە، خۆی بوو، بەڵێ خۆی بوو! ئەو کچە بوو، یەکەمینجار لەو ئێوارە دڵڕەقەدا بە ماچێکی بروسکەئاسا، لە خۆکوشتن ژێوانی کردەوە دلێر ئەوی ناسیەوە…کچەکە بە هەنگاوی خێراوە بەرە ڕووی ئاپارتنمانەکە دەهات. نزیک بووەوە، هاتە بەردەم پەنجەرەکە، بە پێکەنینێکی شیرینەوە وتی: سڵاو ئێوە باشن. بەبێئەوەی چاوەڕێی وەڵام بکات ئەو ناوەی جێهێشت.

بەمشێوەیه‌ سێ سەد هەمین یادگاری درووست بوو. گەر دلێر خۆی ئەم قسەیە بکات دەڵێت؛ ووردە جوانی… مادام کچەکە ڕۆیشت ڕاناوی سێهه‌مەی تاکیش دەڕوات. تۆ ئێستا ملپێچەکە لە پانکەکە دەکەیتەوە، دەیکەتەوە ملت، دەچیتە دەرەوە، پیاسەیەک دەکەیت، پڕ بە لوتت هەوای پاك هەڵدەمژی تەماشای جوانیەکان دەکەیت، تۆ جوانی دەبینیت. لە ئاپارتمانەکە دەچیتە دەرەوە و بە بزەوە پێم دەڵێیت: نابێت مرۆڤ تاکە ترسی جێهێشتنی خشڵەکانی بێت. دەڕۆیت، دیسان ئاوڕێک دەدەیتەوە، ئەمەش زیاد دەکەیت؛ لە بری کوشتنی من، بڕۆ ئاگات لە بزمارەکانت بێت…

منی بێدەسەڵاتیش بەسەرسامیەوه‌ دەمم کراوەتە، لەسەر مێزەکەم دانیشتووم، قەڵەمەکم دەڵێی کارەبا گرتوویەتی.تەماشای ڕووپەلەکانی بەردەمم دەکەم، پێتەکان و وشەکان وەکو کەفی ناو مەنجەڵ هەڵدەکشێن و زیاد دەکەن،  چیرۆکەکە خۆی خۆی دەنوسێتەوە،   کارەکتەری سەرەکی ڕۆیشتووە، چیرۆکە بێ کارەکتەرە،  لە خۆوە هەڵدەستم، دەچمە دەرەوە .پێش ئەوەی دەرگای ژوورەکەم دابخەم، لە دوورەوە سەیری لاپەڕەکان دەکەم،  دەڵێی مێروولە تێیداون، پەیڤەکان بە ڕیز زیاد دەکەن،  لاپەڕەکان هەڵدەدرێنەوە.دەچمە کۆڵان…

بانگی ئێوارەیە،  بیرم چوو دەبێت  بچم نان بکڕم، لەبەردەمی نانەواخانەکەدام لە سه‌رەی ناندا وەستاوم،  دڵم ئەوەندە گەرمە،  کاتێک شاگردەکە خەریکی گونکەکانە، من دەکشێمە دواوە چونکە وا دەزانم دەیەوێت بینێت بە دڵی منەوە. زۆر تووڕەم چونکە نەمتوانی کارەکتەرەی چیرۆکێک بە کوشت بدەم،  ئاخر وا تێمەگەن، من زۆر دڵڕەقم،  نا من بەزەییم پێیدا دەهاتەوە،بۆیە دەمویست خۆی بکوژێت، ئاخر من ئێستاش سوورم، ژیان جوانییەکی تێدا نەماوە.

پیاوێک، هێشتا تەڕە بە دەستنوێژ، دەدات بە تەنیشیمدا و دەستێک بە شانما دێنێت: سڵاو کوڕی شیرینم. من هەر وەستاوم، منداڵێک چمکی چاکەتەکم دەگرێت،دەڵێت: مامە توخوا ئەو قەیتانەم بۆ گرێ بدە، ئاخر من منداڵم خۆم نازانم،  بەدەم گرێدانی قەیتانەکانیەوە، هۆن هۆن دەگریم…

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین