زۆر مرۆڤ هه‌ن ته‌نها لێره‌بوونیان، ته‌نها بوونیان و دانیشتن و مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ژیاندا كاریگه‌رییه‌كی قووڵ به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی جێده‌هێڵت. دی ئاوسشتراڵونگ die Ausstrahlung وشه‌یه‌كی قووڵه كه له‌ڕه‌گه ئه‌ڵمانیه‌كه‌یدا قووڵتره و له‌كوردیشدا هه‌مان قووڵی وه‌رده‌گرێت كه ئه‌ویش؛ تیشكدانه‌وه‌یه، تیشكدانه‌وه‌ی دایكێك له ماڵه‌كه‌یدا كه كه‌م قسه‌ده‌كات، به‌ڵام كۆی شێوازی ژیانی نه‌ك منداڵه‌كانی به‌ڵكو نه‌وه‌كانی دیكه‌ش كاریگه‌ر ده‌كات به‌خۆی. (پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز) كه‌خۆی هه‌ر حه‌زیده‌كرد به به (جه‌مال نه‌به‌ز) بانگیبكه‌ن، یه‌كێك بوو له‌و مرۆڤانه‌ی ئاسان نه‌بوو به‌لاتدا تێپه‌ڕێت و تیشكدانه‌وه‌ی نه‌بێته سه‌ر ڕۆحت. ئاسان نه‌بوو یه‌كجار بیبینیت و دوایی ئه‌و خوده بیركه‌ره‌وه‌یه‌ت نه‌جوڵێنێت. ئاسان نه‌بوو له كۆڕێكیدا دانیشت و له ساده‌گۆییه‌كه‌یدا، قووڵیه‌ك له تۆدا نه‌هارووژێنێت.
كه له ١٩٩٦ گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌مین شۆكم ئه‌وه بوو كه (جه‌مال نه‌به‌ز) له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، تا ئه‌و كاته كه من خوێنه‌ری زۆربه‌ی كتێب و نوسین و به‌یاننامه‌كانی بووم، له‌و بڕوایه‌دا بووم جه‌مال نه‌به‌ز كوردستان یان چ نه‌بێت له ڕۆهه‌ڵاتدا ده‌ژی. به‌ڵام دوایی زانیم كه ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانه‌وه كوردستانی جێهێشتووه و له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژی. جه‌مال نه‌به‌ز هه‌میشه له هه‌مووان كوردتر بوو، هه‌ڵگری ئه‌و ڕۆحه گه‌وره‌یه‌ی كوردبوون بووه. هه‌میشه كوردبوون لای ئه‌و ڕه‌هه‌ندێكی ئیستاتیكی قووڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبوو. له كۆڕێكدا له شاری كۆلن گووتی؛ ده‌بێت كوردبوونمان ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت كه جێگه‌ی مرۆڤی هه‌ژاری بێگانه‌ی تێدا بێته‌وه، نه‌ك بازرگان چاوچنۆكه بێگانه‌كان. ئاواره‌ی عه‌ره‌ب كه دێت و هه‌ژاره، كوردبوونی تۆ له‌وه‌دایه ده‌رگای خۆتی بۆ بكه‌یته‌وه، نه‌هێڵیت برسی بێت و كه‌رامه‌تی بپارێزیت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وێ له ئێراقی عه‌ره‌بستان هه‌ژاری عه‌ره‌ب ده‌چه‌وسێنێته‌وه و ده‌یه‌وێت له‌كوردستانیش موڵك بكڕێت، ئه‌وه كوردایه‌تی نییه ڕێگه‌ی پێبده‌یت .. هه‌ژاری بێگانه ده‌بێت هه‌میشه كوردستان به‌ماڵی خۆی بزانێت…
كوردبوون لای جه‌مال نه‌به‌ز له چه‌مكه مرۆڤبوونه یونیڤێرسالیه‌كه جودا نه‌ده‌كرایه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جوانی ئه‌م پیاوه له‌وه‌دابوو، كه هه‌موو جارێك ده‌مانبینی به‌ڕه‌نگه‌وه ده‌هات بۆلات، هه‌رگیز قات و بۆینباخی له‌به‌ردا نه‌بوو، هه‌رگیز ڕه‌نگی ڕه‌ش و بێڕه‌نگیت له‌جله‌كانیدا نه‌ده‌بینی؛ كراسی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ، قه‌مسه‌ڵه‌ی شین، كراسی ڕه‌نگه ئه‌مریكای گه‌شه‌كانی لاتینیه‌كان و بزه‌یه‌كی پڕ ڕه‌نگ هه‌میشه له‌سه‌ر لێوی بوو. توره‌كه‌یه‌كی هه‌میشه پێ بوو كه ته‌رمۆزه چای خۆی بوو. هه‌رگیز له‌ماڵی كه‌س نه‌ده‌مایه‌وه و گه‌ر بۆی بكرایه له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی كۆڕه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه به‌رلین.
به‌دیوێكی تردا، مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز تێیگه‌یاندم؛ كه زمانی كوردی چه‌نده گه‌وره‌یه، چه‌نده فراوانه، چه‌نده قووڵه، چه‌نده نه‌رمه، چه‌نده یارمه‌تیده‌ره بۆ فێربوونی زمانه‌كانی دیكه...خۆی له كۆتایی شه‌سته‌كاندا (مه‌م و زین)ی كردبووه ئه‌ڵمانی، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی خۆی پڕۆفیسۆری وانه‌بێژ بوو له زانكۆی ئازادی به‌رلین و ئه‌ڵمانیه‌كه‌ی ساف و نه‌رم بوو وه‌ك كوردییه‌كه‌ی. ئه‌وه‌ی له‌جه‌مال نه‌به‌زه‌وه فێربووم كه (كوردیزانین) له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌ڵمانیزانینه، ئینگلیزیزانینه، فه‌ڕه‌نسیزانینه و هه‌موو زمانزانینێكه…كێ كون و كه‌له‌به‌ری زمانی خۆی بزانێت كه ده‌چێته ماڵی زمانێكی دیكه‌وه ئه‌و زمانه ده‌كات به‌ماڵی خۆی. هه‌تاوه‌كو زمانی بێگانه‌ش بزانیت، جوانی و نهێنی زمانی خۆتت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئاوه‌ها پڕۆسه‌كه دوولایه‌نییه. منداڵێك زمانی زگماكی خۆی به‌جوانی نه‌زانێت و پێی نه‌نوسێت هه‌میشه باروبێگانه و نوقسانه له‌زمانێكی دیكه. هه‌تا ڕۆحه كوردییه‌كه‌ت له‌ناو زمان و ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی خۆتدا قاڵ نه‌بێت، خه‌یاڵت له‌ناو زمانێكی دیكه‌دا گه‌شه ناكات و هه‌میشه كه‌م بڕده‌كات…ئه‌م وانه‌یه بۆ من گرنگ بوو له تێگه‌یشتنم بۆ ئه‌ڵمانی، ئه‌مه وانه‌یه‌ك بوو منێك ئه‌وسا ده‌ركم پێنه‌كردبوو، هه‌ر بۆیه دیسانه‌وه شان به‌شانی كلاسیكیاتی ئه‌لمانی ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ كلاسیكیاتی ئه‌ده‌بی كوردی… جه‌مال نه‌به‌ز له‌په‌راوێزی كۆڕێكدا شاگه‌شگه بوو كه ئێمه خه‌ریكی ئه‌ڵمانین، گووتی؛ بیرتان نه‌چێت كوردیزانین، زمانی زگماكی خۆزانین به‌ردی بنه‌غای زمانه‌كانی دیكه‌یه…پاشان باسی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی خۆی بۆ كردین. من ئێستا باسی ١٩٩٧ ده‌كه‌م. هه‌ر بۆیه حه‌سره‌تێك هه‌یه له‌دڵی من و هه‌موواندا، هه‌مووئه‌وانه‌ی له‌ئه‌ڵمانیا مامۆستا ده‌ناسن و پرسیاریشه، به‌وه‌ی، مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز له‌كۆتایی شه‌سته‌كانه‌وه تاوه‌كو ئه‌م دواییه‌ش خه‌ریكی یه‌ك فه‌رهه‌نگی–ئه‌ڵمانی كوردی بوو. ته‌نانه‌ت وه‌ك خۆی بۆی باسكردم ڕه‌گه لاتینیه‌كه‌ی وشه‌كان، سۆرانی و كرمانجی و ڕه‌گه ئه‌ڵمانیه‌كه‌شی تێدا هاتووه. زیاتره له سه‌د و په‌نجا هه‌زار وشه‌یه. نازانم ده‌بێت چاره‌نوسی ئه‌و فه‌رهه‌نگه چی بێت؟
جه‌مال نه‌به‌ز تیشكدانه‌وه‌ی كوردایه‌تی بوو كه له كۆتایی شه‌سته‌كانه‌وه كوردستان به‌جێدێڵێت، زانیارم نییه له‌و كاته‌وه گه‌ڕابێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت كوردستانه‌كه‌ی ڕۆحی خۆی، خه‌یاڵبۆكراوه‌كه‌ی به كوردستانه وێرانه‌كه‌ی ئێستا نه‌شوێنێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها ڕۆحه كوردییه گه‌وره‌كه بۆ ئه‌و كوردستانێك بێت كه هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا ژیاوه، به‌س بێت بۆئه‌وه‌ی پێویست نه‌كات بگه‌ڕێته‌وه ناو جوگرافیا ڕسته‌قینه‌كه، چونكه ئه‌و خۆی هه‌موو جوگرافیاكه‌ی له‌دڵیدا هه‌ڵگرتبوو. هه‌موو جارێك ئه‌و پرسیاره‌م له‌خۆم كردووه: به‌ڕاست كه‌ی جه‌مال نه‌به‌ز كوردستانی جێهشتووه؟!
به‌م وشه هه‌ژارانه‌وه وه‌سفی مرۆڤێك ده‌كه‌م كه هێشتا تیشكدانه‌وه‌كانی له‌نێومدا درێژبوونه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌نها ده‌توانم بڵێم سوپاس بۆ تیشكدانه‌وه‌ت مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز…بێگومان كه‌هاتمه به‌رلین چه‌پكه گوڵێكم پێیه بۆ ڕۆحه گه‌وره‌كه‌ت…سوپاس مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز.