سلاڤۆی ژیژه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی تر ئه‌مجاره له BBC ده‌رده‌كه‌وێت؛ وه‌ك چێشتلێنه‌رێك به كڵاوێكی شێفی سپییه‌وه و به‌ده‌موچاوێكی خواره‌وه، كه دیاره نیوه‌ی ده‌موچاوی وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه جه‌ڵده لێیدابێت و ده‌می و نیوه‌ی ده‌موچاوی وه‌ستاندووه. به‌مانای ده‌موچاوی لای چه‌پی ئیفیلجی و ده‌مخواری پێوه‌دیاره، له‌گه‌ڵ چاوی چه‌پی نیمچه نووقاوه…به‌مشێوه‌یه سلاڤۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه دیاره ناساغه، به‌ڵام ده‌یه‌وێت وه‌ك ڕه‌مزێكی به‌رگری چه‌پانه له‌دژی كاپیتالیزم، وه‌ك مه‌شقكارێكی چه‌پ كه هیلاكی نازانێت تێزی نوێ ده‌رباره‌ی چه‌پ و گرنگی چه‌پی نوێ له‌جیهاندا له‌م موبه‌قه ئیتاڵیه‌دا ده‌خاته ڕوو.
لێره‌دا ڕێگه‌مبده‌ن ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دیداره‌ی بۆ خوێنه‌ران بكه‌م به‌كوردی:
له‌سه‌ره‌تادا ده‌ڵێت؛ من شێف سڵاڤۆی ژیژه‌كم و هاتووم ئه‌م موبه‌قه ئیتاڵیه‌تان پێ بناسێنم…
له‌گه‌ڵ شكاندنی هێلكه‌كه بۆ ناو ئاردی سپی، خێرا ده‌ڵێت؛ ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داری له لوتكه‌ی قه‌یرانی خۆیدایه‌تی ئه‌مه ته‌نها قسه‌ی چه‌پێك نییه، به‌ڵكو پێگه‌یشتنی خۆیه‌تی به‌ره‌و قه‌یران ….
پاشان له‌گه‌ڵ پانكردنه‌وه‌ی هه‌ویردا ده‌ڵێت؛ ڤالته‌ر بنیامین ده‌ڵێت؛ هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزمێك، خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌یه‌كه بۆ لاوازی شۆڕش و ڕۆحی شۆڕشگێڕێتی. هه‌ربۆیه له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م قسه‌یه زیاتر بۆ ئه‌مڕۆمان ڕاستی ده‌پێكێت!…بۆ نمونه چه‌پی ڕادیكاڵ له یۆنان كه له حكومه‌تی (سیریزا) خۆی به‌رجه‌سته‌كرد، سه‌لماندی كه له قه‌یراندایه و بێ تواناترین سیاسه‌تێكی ئۆستێریتی پیاده‌كردووه (مانای بڕینی بودجه‌ی خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌كانه)…به‌هه‌مان شێوه دواهه‌ڵبژاردنی ئیتاڵیا و هه‌روه‌ها دوا پێكهێنانی كابینه‌ی كاڵوكرچی حكومه‌تی نوێیی ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه چه‌پ و سۆسیال دیموكراتی مامناوه‌ند و مۆدێرات پانبوونه‌ته‌وه…
لێره‌دا (سلاڤۆی ژیژه‌ك) هه‌ویره پانبووه‌كه‌ی له‌ناو ده‌ستدایه و دوایی ده‌یبات پانیده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت؛
ئێستا ئۆپۆزیسێۆنێكی نوێ سه‌ریهه‌ڵداوه كه جێگه به نه‌ریتگه‌راییه جه‌مسه‌رگیریه‌كان ده‌گرێته‌وه، كه له چه‌پی مۆدێرات (هێمن و مامناوه‌ند) و ڕاستڕه‌ی مۆدێرات دا خۆی به‌رجه‌سته‌كردبوو. ئه‌ویش خۆی له له‌نێوان ده‌زگا جێگیره‌كانی لیبرالیزم و ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاستره‌وی پۆپۆلیزمدا ده‌بینێته‌وه. بێگومان ته‌قینه‌وه‌ی پۆپۆلیزم و سه‌رهه‌ڵدانی ڕاستڕه‌وی پۆپۆلیزمی له‌ئه‌وروپادا ده‌رئه‌نجامی شكست و غیابی چه‌په… *(لێره‌دا سلاڤۆی دیسانه‌وه ناڕاسته‌وخۆ جه‌خت له تێزه‌كه‌ی ڤالته‌ر بنیامین ده‌كاته‌وه)
پاشان ژیژه‌ك ده‌چێته سه‌ر مه‌نجه‌ڵه‌كه و ده‌ڵێت: ئێمه له بازنه‌یه‌كی شه‌یتانیدا ده‌سوڕێینه‌وه و كه‌ته‌نها چه‌پی نوێ و دروستبوونی چه‌پی نوێ ده‌توانێت ئه‌م بازنه‌یه بشكێنێت…هه‌رچه‌نده ده‌زانین ئێستا ئه‌م چه‌په نوێیه ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی لاوازه، چونكه هه‌ژموونێكی دیكه‌ی كاپیتالیزم له‌هه‌موو دونیادا بڵاوبۆته‌وه، له‌ترامپه‌وه بۆ پوتین و له‌توركیاوه بۆ چین بڵاوبۆته‌وه…به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی هێشتا زیندووه و ئه‌كتیڤه و له‌هه‌موو دونیادا چالاكه، جا لێره‌دا یان ده‌بێت ده‌ماره‌كانی خۆمان زیندووبكه‌ینه‌وه یان ده‌بێت هه‌ر وه‌ك جوڵانه‌وه‌یه‌كی ده‌ژكار له‌ناو ئه‌م بازنه‌یه‌دا بمێنینه‌وه …
لێره‌دا خواردن و تێزی له‌مه‌ڕ چه‌په‌نوێیه‌كی پێده‌گات و ئاماده‌یه بۆ خواردن و ده‌ڵێت؛ همم …زۆر خۆشه…
سه‌رچاوه: