جه‌مال نه‌به‌ز و دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا -به‌رلین

گوزەرێك بەنێو دوا ساتەکانی ژیانی جەمال نەبەزدا 


Loading

سەرەتا

لە بەرەبەیانی ٨/١٢/٢٠١٨ کاتژمێر٩:١٠ زانای گەورەی کورد دکتۆر جمال نەبەز کۆچی دوایی کرد و بە جەستە لێمان دوورکەوتەوە، هاوکات ئەو پرسیارەی بەدوای خۆیدا هێشتەوە بۆ وا لە ناکاو سەری نایەوە لە کاتێکدا هەمیشە تەندروستییەکەی باش بوو و دوور بوو لەهەموو نەخۆشییەکی درێژخایەن.
ئەم نووسینە ڕوونکردنەوەی بەشێکی گرنگی سەروبەندی سەرنانەوە و کۆچی دوایی مامۆستا جەمال نەبەزە، کە وەك ئاشکرایە من یەکێك بوومە لەوانەی تا دوا کاتژمێری ڕۆژی کۆچکردنەکەی زۆر لێیەوە نزیكبووم.

ناسینی جەمال نەبەز

من لە چوارشەممەی ٥/١١/١٩٩٧ جەمال نەبەزم لە مەڵبەندی ئاوەدانی شارلۆتێنبورگ لە بەرلین ناسی، و لەو کاتەوە پێوەندیمای وردە وردە توندوتۆڵتر بووە لە ڕووی خانەوادەییەوە زیاتر تێکەڵ بە یەك بووین. لەم بیست و دوو ساڵەدا زۆر لە نزیکەوە یەکترمان دەبینی و هامووشۆی یەکترمان دەکرد و هەفتانە یەکترمان جارێك یان دووجار دەبینی، تەنانەت جاری واهەبوو سێجاریش یەکترمان دەبینی بە تایبەت لەم ١٢ ساڵەی دواییدا، کاتێکی درێژ بەدەم باسی جیاجیادا دادەنیشتین، لە هەموو ئەو دیدارانەدا، زیاتر ئاگاداری ئەوە دەبووم کە مامۆستا کار و ڕەوشە ڕۆژانەییەکەی چۆن دەگوزەرێت و تەندروستییەکەی بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێ. هەروەها لەگەڵ یارونەیارەکانی لە چ سەروبەندێکدایە، ڕوونی دەکردەوە ئەم نەیارانەی ئەو خاوەن چ مێژوویەکن.
دواتر وەك نەریتێکی هەفتانەی ئێمەی لێهاتبوو لە ئێوارەی هەموو ڕۆژێکی شەموواندا لەگەڵ مامۆستا جەمال نەبەزدا یەکتر ببینین و جارناجاریش وەك پێویست لە نێو هەفتەشدا یەکترمان دەبینی، هەندێ جار ئەو یەکتر بینییەمان بە یاوەری هاوسەرم خاتوو کەنار عوسمان بوو، کە وێنەکانی کتێبی (بیرەوەرینامەی ئەوڕۆژانەی جارێکی دی ناگەڕێنەوە)ی ئەوی لەم یەکدوو ساڵەی دواییدا دیزاین دەکرد تا هەرهەمووی بۆ تەواوکرد، هەندێ جاریش لە باخچەکەی هەنەلۆرەی کوشلەری هاوژینیدا یەکترمان دەبینی و کەمتریش لەماڵەکەی خویدا. بێگومان زۆرینەی باسەکانمان لە مەر بابەتە ئەکادیمییەکاندا دەبوو جگە لە سەراوودەراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، کە خۆی جارناجار بەتووڕەییەوە حەزی دەکرد باسیان لێوە بکات، زۆرینەی جارەکان پرسیارێك یان دوو پرسیاری ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ خۆمدا ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی سوود لە کاتەکە وەربگرم، بەلای کەمییەوە هەندێك وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی سەروبەندی ژیان و ڕامان و تێگەیشتنی ئەو لەخۆبگرێت، بە تایبەت ئەو لایەنانەی لەمەڕ ئەو بابەتە کوردۆلۆگی و سیاسی و کۆمەڵایەتییاەنەی ئەو پێیاندا تێپەڕیوە، ئیمڕۆکە زادەی ئەو چاوپێکەوتنانە کتێبێکی دەوروبەری شەست تا هەفتا لاپەڕەیی فۆڵسکاپی لێدەردەچێت، بێگومان لە کاتی خۆیدا بڵاویدەکەینەوە.
لە ماوەی ئەم ناسینەماندا زۆرانێك لە هاوڕێیانم لە ئەکادێمیکان و ئەدەبدۆستان و هونەرمەندان بە ناسینی د. جەمال شادبوونەتەوە. من شانازی بە بەیەکگەیاندنەوەیان دەکەم. بەتایبەت ئەوانەی وەك د. زرار سدیق تۆفیق و د. یادگار ڕەسووڵ و د. شوکریە ڕەسووڵ و د. سەمیر سەبری شابا و د. یوسف محەمەد سادق و مەزهەری خالەقی و کاك تەلعەت تاهیر و ڕاوێژکار یونس ڕاوی و فەرەیدوون سامان و دەیانی دیکە.

بەر لە تێکچوونی تەندروستییەکەی:
بە چەند هەفتەیەك بەر لەوەی مامۆستا بکەوێتە ئەم دۆخەوە، کاکە دەوەن مەعرووفی هاوڕێی کەوتبووە سەروبەندی بەجێگەیاندنی چاپی دووەمی کتێبی (فەلسەفە و ڕامانی ئاینی یارسان) تا بیکاتە دیارییەك بۆ ڕۆژی بۆ ٨٥ ساڵەی لەدایكبوونەکەی، مامۆستا نەبەز بەرامبەر ئەم هەموو خۆبەخشییە لەبننەهاتووەی کاکە دەوەن مەعروفدا هەردەم خۆی بە قەرزاری ئەو دەبینییەوە. من لایەن خۆمەوە یان خاتوو کەنار عوسمان وەك هاوکاری زۆر جار هەڵەچنی تایپی کتێبەکانیمان دەکردەوە، بەڵام دواجار هەر خودی خۆی تەماشای دەکردەوە و پاشانیش دەقە سەڕاستکراوەکانیم دەگەیاندەوە کوردستان، ودووبارە دوا دیزاینەکەم بۆی دەهێناوە.
بە داخەوە تەندروستی مامۆستا کەوتە ڕەوشێکی خراپەوە و نەگەیشتە ئەوەی خۆی تەواوی هەڵەچنییەکەی بە کۆتایی بێنێت و چاوی بە چاپی دووەمی کتێبەکەی بکەوێتەوە، بەڵام وەك بڕیارمداوە، هەڵەچنییەکەی بۆ تەواو بکەین، بەو هیوایەی ڕەوانی شیرینی بە چاپی دووەمی کتێبەکە شاد بکەینەوە.
لە ڕۆژی شەممەی ٢٧/١٠/٢٠١٨ ی کاتژمێر٣٠ :١٨ تا ٢١:٠٠ ئێوارە لە کافێی (كامبینسکی) خۆم و مامۆستا جەمال نەبەز یەکترمان بینی و مامۆستا لە ڕووکەشدا لە تەندرووستییەکی نیمچە باشدا بوو، وەك هەر جارە دەمگووت ئا باشە فەرموو ئەوە بیرەوەرینامەی بەر لە هاتنت بۆ ئەڵمانیا تەواو کرد ئیستا خێراکە و ئەوەی تایبەتە بە ئەڵمانیا بینووسەوە، ئەو نزیك بە شەش مانگ بەر لە کۆچەکەی هاتە سەر ئەو ڕایەی کەوا ئەمەشیان بکات، بەڵام جارناجارێك بەمنی دەگوت “دکتۆر سەروەر من زۆرم لە تەمەن نەماوە من کەمم ماوەم بۆیە دەبێت خێراکەم ئەوەی ماومە بینووسمەوە پێویستە بیگەیەنمە جێی خۆی” منیش دەمگووت “تەندروستیت باشە و پێویستە دەست بەو کارە بکەیت و بیرەوەی نامەی دەرەوەت بنووسیتەوە”. بە داخەوە ئەوەی من داوام لێیکردبوو نەکرا.

جاری یەکەمی تێکچوونی تەندروستییەکەی 
لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ٢٩/١٠/٢٠١٨ ی واتا دوو ڕۆژێك دواتر، لە کاتێکدا سواری پاسی هاتوچۆ دەبێت و دەیەوێت بە نێو پاسەکەدا بەرەو شوێنی دانیشتن بچێت، لەو چرکەساتەدا و لەناکاو پاسەکە لەلایەن شوفێرە تازە فێربووەکەیەوە دەست بە ئاژۆتن دەکات و مامۆستا بەسەر لا سنگێکیا دەکەوێت و دوو پەراسووی دەشکێت و ئازارێکی زۆر بەجەستەیدا دەگەیەنێت، لە پاسەکە دەهێندرێتە خوارەوە و بەوهۆیەوە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەبەر گەورەیی تەمەنی چارەسەری پەراسووەکانی ئەستەم دەبێت، وەك مامۆستا نەبەز دواتر بۆی گێڕامەوە دکتۆرەکان پێی دەڵێن: ” پەراسووەکانت ئەستەمە لە مەودایەکی کورتدا چاکببنەوە، هەوڵبدە خۆت ماندوو نەکەیت و لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا ئێسقانەکانی یەکتردەگرنەوە و چاکتر دەبیتەوە”، ناچار هەر ئەوڕۆژە دوای نیوەڕۆ لە نەخۆشخانە دەرچێت و تا هەفتەیەك ڕۆژانە ئازارێکی زۆری لە پەراسووکانیدا دەبێت و بەبەردەوام ناڕەحەتی دەکات. لەسەروبەندی سەفەرێکی چەند ڕۆژەییم بۆ کوردستان، مامۆستا نەبەز بە تەلەفۆن بەوە ئاگاداری کردمەوە گوتی: “هەواڵی ئەم ڕووداوە بە نیعمەتخانی خوشکم نەگات با ئەویش لە داخی مندا ئازار نەکێشێ” کە گەڕامەوە بۆ بەرلین هەموو ئەو شتانەم بۆی ‌هێنایەوە کە لە لایەن بەرێز نیعمەتخان و کاکە دەوەن مەعرووفەوە بەمنیان سپاردبوو، لەم ماوەیەدا نزیك بە یەکدوو جاری دی چاوم بە مامۆستا نەبەز کەوتەوە، بەتایبەت لە ئێوارەی شەممەی ١٠/١١/٢٠١٨ لە کافێی (کامبینسکی) یەکترمان بینییەوە، ئەو دەیگوت لە ڕووی تەندروستییەوە ئیستا دۆخەکەم باشترە و کەمتر هەست بە ئازار دەکەم، بە بەراورد لەگەڵ پێشوو، بەڵام دواتر وا بە دیار کەوت کە هەردوو سییەکانی ئەو بەهۆی ڕووداوەکەی ٢٩/١٠/٢٠١٨ وە بە بەردەوام لە هەوکردندا بوونە و ئەو هەستی بەم گەشەسەندنەی مەترسییدارەی سییەکانی خۆی نەبووە.
.
جاری دووەمی تێکچوونی تێکچوونی تەندروستییەکەی 
١٩ ڕۆژ دوای ڕوداوی جاری یەکەمی نەخۆشخانەکە، و لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی ١٧/١١/٢٠١٨ کاتژمێر١٣.٣٠ پەیوەندی تەلەفۆنیم بە مامۆستا جەمال نەبەزەوە کرد، بۆئەوەی پێیبڵێم فەرموو ئەوە شەممەیە وەك هەموو جار دەخوازیت یەکتر ببینین، ئەم ئێوارەیە سعات چەند لە کافێکەی کامبینسکی یەکتر ببینین؟ ڕاستەوخۆ گوتی “دکتۆر سەروەر، تەندروستیم زۆر خراپە هەناسەم پێنادرێت، پێدەچێت ژەهراوی بووبم لە خواردنێکەوە کە لە بازاردا خواردوومە” منیش گوتم “باشە هەر ئێستا خۆم وکەنارخان یەکسەر دەگەینەلات و بۆ نەخۆشخانە دەچین ” گوتی ” نا، ئەوەتا هەنە داوای ئەمبوڵانسی کردووە خۆیشی هەر ئێستا دێتە ئێرە”، پێوەندیمان بە خاتوو هەنەوە کرد و گوتی ” داوای ئەمبوڵانسم بۆی کردووە ئەوەتا ئەوە دەیگەیەنینە نەخۆشخانە”. مامۆستا نەبەز لەم نێوانە لەگەڵ نیعمەتخانیشدا بە تەلەفۆن بە کورتی قسەی کردبوو، و لە ئێوارەی ڕۆژی دووەم واتا لە ١١/١٨/ ٢٠١٨خۆم و خاتوو کەنار عوسمان سەردانیمان کرد و بۆ ماوەی سعات و نیو لە لای ماینەوە، لە سەردانە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خاتوو کوێستانیش لە لای بوو، ئەو شەوە دوا جاری بوو لە ژیانیدا کە بتوانێت تا ڕاددەیەك بە ڕوونی و بەڕێکوپێکی قسە بکات و تەنانەت باس لە ڕەوشی نەخۆشییەکەی خۆیمان بۆ بکات (خۆشبەختانە سەردانەکە بە ڤیدیۆ و بە وێنە تۆمارکراوە). ئەوسا ئێمە بە باشمان زانی پێی بڵێین، کە ئەو پێویستە ئەم جارەیان تا چاکدەبێتەوە بحەسێتەوە و لە نەخۆشخانە نەیەتە دەرەوە. ئەو ئەویش ئەمەی بەباش زانی نەیەتە دەرەوە تەنانەت گوتی: ” هەتا تەندروستیم زۆر باش نەبێتەوە، نایەمە دەرەوە، تا دەرم نەکەن نایەمە دەرەوە”. لەپاڵ ئەمەدا بە ڕژدی داوای لە ئێمە کرد و گوتی ” دە ئێوە گوێ بگرن، بە هیچ کەس نەڵێین کەوا نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری بۆدەکرێت، بۆ ئەوەی کەس بە هەواڵی ناخۆشی نەخۆشیەکەی من دڵی نەیەشێت، و ئەزییەت نەکێشێت”، پاشان من وتم:” ئێ باشە ئەی ئەگەر خەڵکی خۆیان پرسیاریان کرد: جەمال نەبەز لە کوێە؟ بۆ دیار نییە؟ خۆ ئێمە ناتوانین قسەی نادروست بکەین!!”، مامۆستا نەبەز گوتی: ” ئێ باشە دکتۆر سەروەر!! ئەگەر زۆر بە تایبەت پرسیاریان کردم بۆ دیار نییە، ئەوسا قەیناکا، بڵێن نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیە و پێویستی بە حەسانەوەیە و دەیەوێت بە تەنها بێت، ئاخر دکتۆر سەروەر خۆ ئەگەر یەکێك مەبەستی پرسیاری کەسێکی ئازیزی بێت، کە بۆ دیار نەماوە، ئەوسا ئەوە تەلەفۆن هەیە و هەرهیچ نەبێت دەتوانێت تەلەفۆنێك بکات و بڕایەوە!!”. بەڵام وەك پێدەچوو دۆخی تەندروستییەکەی ئەو بەرەو خراپتر بچێت، هەر ئەو شەوە مامۆستا نەبەز دەبوورێتەوە و دەبردرێتە بەشی فریاگوزاری چڕ و دوو ڕۆژ دواتر دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاریتێ ڤیرشۆو- بەشی چاودێری چڕ. بە هاوکاری خاتوو هەنەلۆرای هاوژینی، ئێمە ڕۆژانە و بە درێژایی ٢١ ڕۆژ بە وردی چاوەدێری ڕەوشەکەیمان دەکرد بەڵکوو بەرەو باشتر بچێتەوە، لە کوردستانەوەش زۆر بەڕێز کاکە دەوەن مەعرووفی هاوڕێ و ئازیزی مامۆستا نەبەز لە هەمووان خەمخۆرتر و بریندارتر بوو بە ڕەوشەکە، ئەو ڕۆژانە و چەندین جار لە پرسیاری دۆخی مامۆستا نەدەبووەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت هەواڵێکی دڵخۆشکەر بگەیەنیتە خانمی میهرەبان نیعمەت خانی خوشکی مامۆستا نەبەز، کاکە دەوەن مەعروف ساڵانێکی دوورە خۆبەخشانە هەموو کار و ئەرکەکانی مامۆستا جەمال نەبەز و خانەوادەکەی لە کوردستان گرتۆتە ئەستۆی خۆی.
هەرچەندە دکتۆرەکان بە هەموو ئەرکەکانی چارەسەری هەدەڵستان بەڵام ڕەوشی مامۆستا نەبەز لە ناسازییەکەی بەردەوام دەبێت بەرزی و نزمییەکی زۆر بەخۆیدا دەبینێت و لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ٢٨/١١/٢٠١٨ لەو چرکەساتەی تەنها هەنەخان بە سەرییەوە دەبێت، تەنها بۆ یەك جار چاوی گەشی بۆ ماوەی چەند چرکەیەك دەکاتەوە و دەیەوێت قسە بکات بەڵام لەبەر ئەوەی بەمەبەستی هەناسەی دەستکرد گەرووی بڕێندرابوو نەیتوانی قسە بکات. من ئەوسا بە خاتوو هەنەم گوت “ئەها فەرموو ئەوە ڕەنگە مانای ئەوە بێت دۆخەکەی باشتر ببێتەوە، ئەو بەهێزە …” لێ بۆچوونی هەنەخان جیاواز بوو لە دۆخەکە و دەیگووت نەخێر دۆخەکەی باش نییە بەڵکوو زۆریش خراپە. مامۆستا دوای ئەوەی چاوەکانی دادەخاتەوە، وەردە وردە ڕەوشەکەی بەرەو خراپترترین ئاستی چوو، تا ڕێکەوتی ٨/١١/٢٠١٨ لە کاتژمێر ٩:١٠ ی ڕێکەوتی نابراو بە دەمخەندەوە دواماڵئاوایی لێکردین.
ئێمەش هەر سێکمان ((خاتوو کەنار، کاك حسێن تاشان، و بەندە)) بۆ ماوەی سێ سعات لە نەخۆشخانە مٶڵەتیان پێداین بەسەر جەستە پیرۆزەکەیەوە بمێنینەوە تا هەرسێکمان نەوچەوانیمان ماچکرد و دواتر لە نەخۆشخانەکە بۆ بەشی پاتۆلۆگییان ڕەوانە کرد بۆ مەبەستی پشکنینی تەواوی هۆی مردنەکەی و دواتر پاراستنی جەستەکەی. هەر لە نەخۆشخانەکە ماینەوە تاوەکوو هەردوو هاوەڵی خۆشەویستی ئەبووزەر بالی و عەبدوڵڵا درێژیش هاتن بۆ ئەوێ.

لە ڕۆژی ١١/١٢/٢٠١٨ دەبوایە بە گوێرەی نەریتەکان جەستەی پیرۆزی ئەم زاتە مەزنە بشۆردرابوایەوە، بۆیە لەو ڕۆژەدا دیسانەوە وەك ئەرکی خۆمان هەرپێنجمان: خاتوو کەنار، کاك حسێن تاشان، و بەندە و هەروەها کاکە ئەبو زەر بە یاوەری هەنەخان، جەستە پاکەکەیمان هێنایە (جەمخانەی ئەلاویان) هەر لەوێش لە سەروبەندی کارەکە دەبوایە، شوێن نەشتەرگەرییەکانی بەکراوەیی نەمێنێتەوە و بدوورێتەوە و دابخرتەوە، و دواتر هەموو جەستەی بشوورێتەوە، ڕیکەوتەی ئەم کارەش، ئان و ئەرکی ئەوەی لێکەوتەوە بەندە پێیەوە هەڵبستێت، بۆ ئەمەش من بە هەموو ئەرکەکان هەڵسام تا بە ئارامی لە تابووتەکەیدا دابندرێت و ئەمەو لە پاڵ سەریشیدا قوتووە بچکۆڵە خەمڵینییەکەیم بۆ دانا (کە ئەمەش هەمیشە ویستی خۆی بووە)، ئەو قوتووە بچووکەی لە ٢٠٠٩ بە دیاری پێیدرابوو، کە گۆڵمێك لە تاکە خەونەکەی ئەوی تێدابوو، بۆ ئەوەی لەژێر سەریا و لەگەڵ خۆیا بنیژرێت (بابەتی ئەم قوتووە خەمڵینەش لە کاتێکی دواتردا باسی لێوە دەکەم).

گەڕاندنەوەی تابووتەکەی بۆ کوردستان
وەك خواستی خانەوادەکەی دەبوایە تابووتەکەی ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە شاری سلێمانی یان هەر هیچ نەبێت یەکەم جار لە سلێمانی دابەزێت، منیش داکۆکیم لەو ئارەزووەی ماڵباتەکەیان گرت، بەڵام لەبەر کێشەکانی هاتوچۆی ئاسمانی ئەوا لە ڕێکەوتی ٢٢/١٢/٢٠١٨ لە فڕۆکەخانەی بەرلینەوە و لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی بۆ فرۆکەخانەی هەولێر گەڕایەوە و دواتر لە سەر داخوازی چەندین جارەی بەندە لە بنەماڵەکەی کەوا کێشە نییە، با وابکرێت لە هەولێرەوە بگەڕێتەوە. و دواتر تابووتەکەی بۆ خاکی سلێمانی ڕەوانە کرا و پاشان بۆ گۆڕستانی گردی شێخ مارف و لەوێش بە جەستەی ئەوەوە خاك و خۆلەکەی کوردستانی پێپیرۆزتر کرا.
جێی ئاماژەیە خانەوادەی مامۆستا نەبەز هەموو ئەرکی دارایی گواستنەوەی تابووتەکەی مامۆستای ڕەوانشادیان گرتەوە ئەستۆ. هەروەها ئەرکی میوانداری هاوەڵانیان لە کوردستان خسەتە ئەستۆیان، بەمەش مامۆستا نەبەز وەك هەمیشە، تەنانەت دوای مردنیشی براگەورەیی خۆی نواند.

 

پەیوەندی جەمال نەبەز بە دەوروبەری خۆیدا
هیچ داخ لەوەدا نییە، بە درێژایی ئەو ٤١ ڕۆژەی ئەو هەردوو جاری ماوەی نەخۆشی مامۆستا جەمال نەبەز و مانەوەی لە ماڵەوە و پاشان مانەوەی نەخۆشخانەدا، زۆرینەی ئەوانەی لەبەردەم ئەودا خۆیان بە دۆست و هاوڕێ و هاوسۆز و هاوبیر و هاوشار و هاووڵاتی ئەو دەزانی، پرسیاری دیارنەمان و ونبوونی ئەویان نەکرد، بگرە تا ئەو چرکە ساتەی سەری نایەوە تەنانەت تەلەفۆنێکیشیان بۆ نەکردبوو بگرە هەواڵي مردنەکەیشیان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستبوو. بەڵام دوای ئەوەی مەرگ جەستەکەی بۆخۆی بردەوە، چەندە پێکەنیناوی بوو لە سەروبەندی پرسە و چلەکەیدا ئەو هەمووە لە هاوڕێ و هاوبیر و هاوسۆز سەریان دەرهێنا… بەمەش تەواوی قسەکەی خودی جەمال نەبەزیان هێنایە ڕاستینە، کە هەموو جارێ بۆمانی دووبارە دەکردەوە، وەختێك دەیگوت: “ئەم کوردەی ئێمە زیندوو کوژی و مردوو پەرستن”، ئەو هەمیشە دەیگووت: “باوەر بفەرموو ئەوەندەی من ئازارم بەدەست دژایەتی و بەیاننامە و دژە نووسینی ئەم کوردەی بەناو هاوڕێ و هاوسۆزو هاوبیرەوە چەشتووە، ئەوەندەم لە دوژمنانی کوردەوە نەچەشتووە ..” جەمال نەبەز لەمەیاندا زۆر ڕاستی فەرموو سەبارەت بە بەرخۆر و حازرخۆرەکان.

پەیوەندی من لەگەڵ مامۆستا نەبەزدا
پەیوەندی من لەگەڵ مامۆستا نەبەزدا هێچ جارێك لەسەر بنەمای هزر و بیر و ڕامانەوە نەبووە بەڵکوو تەواو لەسەر بنەمایەکی کەسیی بووە هەواداری زانستی بووە، ئەو دەیزانی من ڕێز لە بیر و ڕامانەکانی ئەو دەگرم ئەگەر باوەریشم بە هەر بەشێکیشی نەبوایە. تەنانەت ئەو ئاگادار بوو من لە ساڵی ١٩٩٨ نووسینێکی درێژم بەناونیشانی (بیری نەتەوایەتی لای ڕۆناکبیری کورد جەمال نەبەز) بڵاو کردبووەوە، و دواتر دەرباری کتێبەکەی (کوردە لاوازخەرەکان)م نووسیبوو، دیسانەوە بە وتارێکی چڕوپڕ کتێبە بەنرخەکەیم (سەرەتای فیزیك و خۆماڵەکانی ماددە) ڕاڤەکردبوو پاشان وتارێکی شێکارییانەم دەربارەی بیرر و هەڵوێستی جەمال نەبەز لە ڕۆشنایی نامەی یەکێك لە هاوەڵانیدا بە نێوی (نامەیەکی سەرنجڕاکێشی جەلال تاڵەبانی بۆ جەمال نەبەز) نووسیبوو، لە نێوان ئەم نووسینانشدا چەندین بابەتی دیکەم دەبارەی بە کۆششە زانستییەکانی ئەوەوە نووسیوە. لێ بەڵێ لە دەماو دەمی ئەم هاوڕێیەتییە چڕەمان لەم ٢٢ ساڵەی دواییدا هەمیشە هاوڕا نەبووین بەتایبەت لە زۆرێك لە بابەتە زانستییە فیلۆلۆگی و ئیتمۆلۆگییە کوردییەکاندا و زیاتریش لە گرامافۆنۆلۆگی کوردیدا، بەڵام ئەمانە خۆشەویستی پێوەندی ئێمەی گەورەتر و قووڵتر و چرتر و باشتر دەکردەوە.
من بۆیە هاوڕێیەتیم لەگەڵ نەبەز لە سەر بنەمای بیر و هزرەوەوە هەڵنەبژاردبوو بەڵکوو لەسەر بنەمای کەسیی و زانستی بوو، هاوخەونی بووە، چونکە باش ئەو ڕاستینەیەم دەزانی، ئەوەی دۆستایەتیی مرۆڤ لەسەر بنەمای هزروبیردا هەڵبژێرێت و دواتر هاوڕێکەی بکات بە هاوهزر و هاوبیر و هاوخەباتی خۆی، ئەوسا زۆر سانا و سفتوسووك دەبێت بۆی، لەو چرکەساتەی ئاراستەی بیری بە باشتر یان بە خراپتر بگوڕێ، دۆستایەتییەکەشیان هەمان ئاراستەدا بگۆڕن، پەیوەندییەکان مرۆڤانە و دۆستانە نامێنن بەڵکوو پێوەندییکان ڕێکخراوەیی و دەسگائامێز دەبن، بە نەمانی ڕێکخراو و دەزگاکانیشیان پێوەندییەکانیشیان لاواز و کرچ و کاڵ دەبن و نامێنن، بەرزونزمییەکانی هاوپەیوەندەکانی جەمال نەبەز لە ئاخێزگەی ئاکاری دژەنووسین و بەیاننامەی یارنەیارەکانی ئەودا ئەم چەمکە زۆر بە جوانی دەسەلمێنن، ئەمە بابەتێکی لۆژیکییە و گەنگەشەی تێدا نییە. من هەمیشە و هەموو جار ئەم ڕەخنەیەم ڕاستەوخۆ لە د. جەمال نەبەز گرتووە، کە ناکرێت ئەوەندە بە گلەیی و ڕەخنە بێت لە هەندێ لە ناحەزانی خۆی ئەوانەی لەگەلێك قۆناغدا دژ بە ئەو وەستان یان بەیاننامەیان دژ بە ئەوەوە دەرکرد، چونکە ئەو خۆی لەسەر بنەمای بیر هاوەڵ و هاوشانی یەکتریان قبووڵ کردووە، بەبیرم دێ یەك لەو جارانە بەم ئاراستەیەدا ڕەخنەم لێگرت لە دانیشتنێکادا بوو مامۆستا جەمال خەزنەدار ئامادە بوو و ئەویش تا ڕاددەیەك پشتگیری لەم قسەکەم کرد.
د. جەمال نەبەز لە سەرتاسەری ئەڵمانیا و جیهان ڕێژەیەکی گەورەی لە خۆشەویست و هاوخەم و دۆستی ڕاستینەی هەبوو، بە تایبەت لە هانۆڤەر و باشووری ئەڵمانیا و پاشان لە ئینگلتەرە و سوێد ئوستورالیادا، ئەمە جگە لە دڵسۆزانی ئەو لە ئەڵمانیا، ئەوان لەخەون و بێگەردی و جیهانبینییەوە زۆر لێیەوە نزیك بوون، ناوی یەکە یەکەیانی بۆ من هێناوە، ئەم دۆستانە تا ئەو ڕاددەیەی ئەگەر بۆیان کرابوایە لە تەمەنی خۆیانەوە دەخستە سەر تەمەنی ئەو، خۆشەویستی ئەوان بۆ دکتۆر نەبەز بێسنوور بوو، لێ موخابن لە ڕووی شوێنەوە لێیەوە دووربوون.

نەگەڕانەوەی مامۆستا نەبەز بۆ کوردستان

هەمیشە ئەو پرسیارە وەك تەوس یان ڕەخنە یان گلەیی دووبارە دەکرایەوە، بۆ جەمال نەبەز ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان؟ 

بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە لەبن و پۆتەکەدا ببرڕێتەوە و دووبارە نەکرێتەوە حەز دەکەم بەڕوونی ئەو هۆیانە بنووسم کە بۆ مامۆستا جەمال نەبەز نەگەڕایەوە کوردستان، بێگومان ئەو زۆی بە ڕاشکاوی بۆ منی باسکردووە بۆ ناتوانێت بۆکوردستان بگەڕێتەوە:

مامۆستا نەبەز هەر بەگشتی نەدەگەڕایەوە کوردستان، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەکەم: مامۆستا جەمال نەبەز لە سەرەتای ساڵی دووهەزار دوو، نەشتەرگەرییەکی گەورەی دڵی بۆ کرابوو، ئەمەش لەئەنجامی ئەوەی یەکێك لە یەکێک لە کۆڕەکان ڕۆژئاوای ئەڵمانیا مشتەکۆڵەیەکی لە سنگی دابوو و بەهۆیەوە دڵی لە شوێنی خۆی کەوت و هەروەها یەکێک زمانەی دڵیشی لەگەڵیدا وردە وردە تێکچوو و نەشتەرگەرییەکەی بەشێوەیەك ئاڵۆز بوو کەوا دکتۆرەکان دەمارەکانی ڕانیان وەرگرتبوو لە پێکهاتەی دڵیدا چانبوویانەوە. بۆئەوەی لە شوێن خۆی جێگیربێتەوە بەم شێوەیە دوای ڕێکەوتی ئەم نەشتەرگەرییە زۆر کەم سەفەری ڕێگەی دووری دەکرد و زۆر کەرم لە نێو وڵاتی ئەڵمانیاوە دەهاتە دەرەوە. ئەمەش لەبەر دوو هۆ یەکەمیان: لە چارەسەی بەردەوام دوور نەکەوێتەوە و دووەم: ئازاری تەندروستی خۆی نەدات. ئەم ڕووداوەش دەکەونە ئان وساتی بەر لە کردنەوەی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دیسانەوە لە دەوروبەری ٢٠٠٩ نەشتەرگەری دڵی بۆ کرایەوە، بەشێوەیەک ئەم جارەیان کاریگەرییەکەی گەورە تر بوو بەشێوەیەك زۆر کەمتر لە ئەڵمانیا دەچووە دەرەوە و ئیدی سەفەری کورتی هەر لە ڕێگەی شەمەندەفەرە و ئۆتۆمبێڵەوە ئەنجام دەدا.

دووەم: مامۆستا جەمال نەبەز هیچ متمانەیەکی بە بەڵێن و سۆزەکانی باڵادەستەکانی کوردستان نەبوو، ئەمەش دوای ئەوەی لەڕۆژی ڕۆناك دەیان نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەدەستیانە وە دەستگیرکران و کوژران وەک عەبدولسەتار تاهیر شەریف و سۆرانی مامە حەمە و دەیانی دیکە، ئەمانەی زۆر کەمتریشیان گوتبوو لەوەی جەمال نەبەز گوتبووی.

سێیەم: لەلایەکی دیکەوە جەمال نەبەز بەسەختی دەبینی بگەڕێتەوە چونکە ئەو بە سەختی دەبینی کەوا نیشتیمانەکەی لە ژێر جەوری جەردە و بەدکارە خۆماڵییەکانیدا ببینێت و لەگەڵیدا تاسەی ئازار و برینە قووڵەکان بە جەستە و دەروونی خەڵکەکەیدا ببینێت، لەمەش زیاتر ئەو نەیدەویست سڵاوی سەرکردە نالەبارەکان و سێبەری بەرپرسەکانیان بەلای ئەودا ڕادێرێ، ئەوانەی دەستیان نە پاراست دژ بە هەر بیروبۆچوونێك کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوایە.

بەڵێ ئەمانە هۆی سەرەکی ئەو بوون لە نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان و چەندین جار لە دانیشتنەکانماندا بۆمنی دووبارە و سێبارە دەکردەوە.

چوارەم: هەرچەندە من لە نێوان ٢٠١٢ تا کۆتایی٢٠١٣ توانیم تاراددەیەك مامۆستا نەبەز بهێنمە ئەو ڕایەی کە دەبێت بیر لەوە بکاتەوە بگەڕێتەوە کوردستان تەنانەت ئەگەر بۆ سەردانێکی کورتیش بێت بەشێوەیەك کار لە تەندروستییەکەی ئەو نەکات، تا ڕاددەیەك بیرۆکەکە هەر چەند بە لاوازیش بووبێت لەلای ئەو گەڵاڵە ببوو بەڵام بەهۆی کێشەیەکی دادگایی کە پێکهاتبوو لە داوایەکی یاسایی دادگایی لە هەولێر لەلایەن هاوبیرێکی پێشوویدا کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێکی دەسەڵاتدارە لە کوردستان لە بیرۆکەی ئەم گەڕانەوەیەش بەتەواوی پاشەگەز بووەوە.

بەمشێوەیە بابەتەکە زۆر ئاڵۆزتر و سەختتر بوو، من لە کاتی خۆیدا هەوڵی تەواوم دا لە دوو سەردانی جیادا بۆ وڵات بۆ لای داواکار، کە بکرێت ئەم داوایەی لە دادگا بکێشێنرێتەوە و کێشەکانی خۆی لەگەڵ نەبەزدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکات یان بە نووسین وەڵامی بدانەوە نەوەك بە دادگا. لەم دوو سەردانەدا چەندین کاتژمێر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسەمان لێیەوە کرد، دواتریش توانیم هەردوو بەڕێز بە ئامادەبوونی خۆم و بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ یەك بکەن (تەواوی قسەکردنەکە بە ڕەزامەندی هەردوولا تۆمار کراوە و پارێزراوە لە لای من)، بەڵام زۆر بە داخەوە بەوەی بەڕێزی داواکار ڕازی نەبوو داواکەی بکێشێتەوە، تاوەکو بەڕێز جەمال نەبەز داوای لێبوردنی لێنەکات، بێگومان مامۆستا نەبەز هەڵوێستی خۆی بە ڕاست دەبینی و داواکەی ئەوی بە ڕەوا نەزانی، لەم خاڵەدا یەکتریان نەگرتەوە و تا کۆچی دوواییەکەی داواکە لە دادگا بەزیندوویی ماوە.

ئەوەی ماوە لە بەرهەمەکانی جەمال نەبەز
جەمال نەبەز زۆرینەی بەرهەمەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە و ڕەنگە کەم شت مابێت لە بەرهەمەکانی ئەو بڵاونەکرابووبێتەوە، هاوکات ئێستا زیاتر لە ٢٩٠٠ وێنەی فۆتۆگرافی و ٤٠ پارچەی ڤیدیۆیی،١٠ تۆماری دەنگی بڵاونەکراوەی مامۆستا جەمال نەبەز پارێزراوە لە لام و هەر هەمووی لەکاتی پێویست وەك دیاری دەبەخشرێتە ئەرشیفەکەی خۆی. هەروەها چەندین نامەی خۆی، هەروەها سپینووسی هەڵەچنراوی کتێبەکەی بەنێوی (فەلسەفە و ڕامانی ئاینی یارسان) ئەمە جگە لەو چاوپێکەوتنە دوورودرێژەی کەزۆرینەی دەربارەی بابەتە کوردۆلۆگییەکانە و هەندێکیشی لە مەڕ سەروبەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی.

بوونی جەمال نەبەز لە ژیانی مندا
بۆ من وەك ئەکادێمیك و لێکۆڵەر، ئەوا بوونی مامۆستا جەمال نەبەز لە ڕووی زانستییەوە گرنگییەکی گەورەی هەبووە، هەر بۆ نموونە، ئەو بۆ من سەرچاوەیەکی زیندووی زمانە گرنگەکان بوو، ئەو لە چەندین زمانی زیندوودا باڵادەست بووە، جگە لە زمانی کوردی کە زمانی دایکی بووە، لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و فەرەنسی و بەلووچیدا باڵادەست بووە و تاڕادەیەکیش لە زمانانی عیبری و ڕووسییش شارەزایی هەبووە- من خۆم لەگەڵیدا بوومە کاتێك کە بە هەریەك لەم زمانانە قسەی کردووە. هەر بۆیەش وەختێك کە پرسیارێکی دیاریکراومان هەبووایە ئەوا مامۆستا نەبەز بەهانامان دەگەیشت.

دوا پەیڤ
بە ڕاستی زۆر دەگمەنن ئەوانەی وەك د. جەمال نەبەز، ئەم ژیانە سەختەیان بەسەربرد و دواتر بەم سەربەرزییەوە ماڵئاواییان لێکردین، ئەو وەك نووسەر و بیرمەند و زانایەك هەموو تەمەنی بەخشییە داکۆکیکردن لە مافی ڕەوای نەتەوەکەی، لە پێناو بیروباوڕێك ژیا کەم کەس بە ئەندازەی ئەو بەرگەیان گرت. کۆچی د. جەمال نەبەز کۆچێکی جەستەیی بیرمەندێکی ڕامان درەوشاوەیە، بیرمەندێك بۆ هیچ ماڵ و موڵك و پایە و پێگەی خانەوادە حوکمکارەکانی کوردستان و کەوابەرلەشکری داگیرکەرانی کوردستان چۆکی دانەداوە، بیرمەندێك قەڵەمی بە بڕشتی بۆ ستایشی هیچ سەرکردە بنکردە و خۆکردە و بەدکار و پاشەڵگریان نەنوشتاندوە.
ئەمانەی لەم نووسینە کورتەدا نوسرا هەموو شتەکان نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆر بچووکییەتی، بەشە زۆر گەورەکەی لە دەرفەتێکی دیکەدا دەنووسرێتەوە.
سڵاو لە گیانی پاك و بێگەردی ئەم کەڵە مرۆڤەی تەنانەت دار و بەرد و ئاسمانیش گەواهیداری گەورەییەکەی بوو.
سەروەر عەبدوڵڵا
بەرلین
٢٠/١/٢٠١٩

سه‌رچاوه‌؛ په‌یچی كه‌سی د. سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.