Film pioneer Alice Guy-Blaché in New York, circa 1910

تۆی پیاو، ئەوی ژن


Loading

زاهیر عەبەڕەش

ئەمە پرسیارێکی جەوهەرییە دەبێت لە خۆمانی بکەین؛ بۆچی کەمترین ژن لە بواری فیلمسازیدا کار دەکات؟ بۆچی کەمترین ژن ئامادەگی كاركردنی هەیە لەناو کایەکانی پرۆدوسێنتی فیلم، فۆتۆگرافی، کامێرا، نووسینی سیناریۆ و هەموو ئەو بوارانه‌ی کە پەیوەستن بە دروستکردنی فیلمەوە.

مارگرێتا ڤینتەرهێتنی سویدی دەڵێت لە ماوەی حەوت ساڵی بەرهەمهێنانی فیلمدا لە وڵاتی سوید، لە 153  فیلمدا تەنها 26 لە ڕیژیسۆری فیلمەکان ژن بوون؟ ئەو رێگرانە چین کە بواری بە ژن نەداوە ئەکتیڤ بێت لە دروستکردنی فیلمدا؟ کێ بڕیار دەدات فیلم دروست بکات؟ ئەی کێ بڕیار دەدات بەو شێوەیە بێت؟ ئایا توێژەرەوان لە زانکۆکاندا تا چەند توێژینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە؟ ئایا فیلم دروستکردن کایەی نێرینەیە؟ هەردەبێت ئەوان دروستی بکەن؟ تا چەند ژنی ئێمە ئاواتەخوازە کە ببێته‌ ڕێژیسۆرێکی فیلم؟ تۆ بڵیی کارێکی قورس بێت بەڵانس راگرتنی کاری ناوماڵ و بەرێکردن و کاری فیلم دروست کردن؟ ژن چ بوارێک و کایەیەک بە رەوا دەبینێت بۆ خۆی؟ یان تێکەڵاوکردنی کۆمەڵێک بارودۆخی جیاوازە؟ ئایا ئەوە ئیرادەی ژن خۆیەتی یان دانانی لەمپەرە لەبەردەم ژندا لە بواری فیلمسازیدا؟ دەبێت ئامانج و مەبەستی هەم رێکخراوەکانی ژنان و هەم بەرێوەبەرێتی سینەماکان و دەزگا و کۆمپانیا هونەرییەکان وتووێژ کردن و لێکۆڵینەوە بێت لە دەسەڵات و ستراکچەر نێرینەیی کێڵگەی فیلم سازی؟ ئایا تموح و خۆزگەی ژن جیاوازترە لە خۆزگەو تموحی پیاو لە بواری فیلمسازیدا؟ لێکۆڵینەوە زانستیەکان دەریان خستووە کە ڕاستیە دەروونییە کۆمەڵایەتییه‌کان psykosociala کە پەیوەستە بە تاکەکان و گەشە سەندنیان لە کۆمەڵگادا، کاریگەری تەواویان بەسەر مرۆڤەوە هەیە کە گوزارشت لە خۆی بکات. فیلمیش زمانە، پرسێکی زۆر گەورە و مانادارە بۆ ژنە فیلمسازەکان و ژنه‌ هاوکارە فیلم دروستکەرەکان، کە له‌ ترۆپکی دەسەڵاتی فیلم دروسکردندا بن و بریاری یەکلاکەرەوە بدەن. هەر ئەوان خۆشیان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ وێنەی ئەو ژنە بکەن كە لەسەر شاشەی سینەماکەدا دەبینرێت و چ پەیوەندیەک پێکەوە لەگەڵ بینەر دەبەستێت؟

 

جا ئەگەر ژن توانی بگاتە ترۆپکی بریاردان بۆ دروست کردنی فیلم، خۆی لە خۆیدا هەڵگرتنی هەنگاوێکی نوێیە لە هەموو ڕوویەکەوە، چونکە دەبین بە خاوەنی دوو شت، یەک زمانێکی جیاواز، دوو ناسنامەیەکی جیاوازی ژن. کە لەم دواییانەدا لەناو سایکۆلۆژیای ژندا گەشەی سەندووە. ژن لە پێناسە سروشتیەکەیدا بە مانای خالق دێت، بە سنووردار کراوە لە کاری ناوماڵدا. ویست، ئیرادە و دەستپێشخەری و زرنگی و پشتیوانیکردن، پەیوەستن بە ناسنامە و کەسایه‌تییەوە. یەکەم پەیام کە لە ماڵ بە کچ دەدرێت ئەوەیە کە تۆ وەکوو دەستە خوشکەکانتی، گوێرایەڵبە، دەنگتان دەرنەچێت و هاوسۆز بن. بۆ کوڕیش ئەوەیە کە تۆ جیاوازی، دەبێت قارەمان و پاڵەوان بیت. لە جیهانی پیاواندا هەرقل هەیە تۆ تەنها Cowbyen. کێشەی گەورەش بۆ ژن ئەوەیە کە ڕاست بێتەوەو بڵێت من جیاوازم و هەنگاوێک بۆ ناسنامە و بۆ سەربەخۆیی خۆی بنێت. هەر هەنگاوێکیش بۆ سەربەخۆیی ژن، خیانەتێکی قووڵە لە تەقالید و نۆرمەکانی کولتوری باو دەکرێت. بۆیە پێویسته‌ ژن وەک ئەوانی تر بێت و بێدەنگ بێت. لە زۆربەی کۆمەڵگاکانیشدا تیگەیشتنێکی باو هەیە بۆ ژن کە چۆن بێت و چۆن نەبێت، چی بکات و چی نەکات، هێڵە سوورەکان بۆ ژن چییە؟ چ وێنەیه‌ک بۆ ژن نەخشێنراوە کە لە ماڵی باوکی یان لە ماڵە مێرد بێت؟ هەموو ئەم تێگەیشتنانە، ئەم نۆرم و ترادیسیۆنانە، ژن هاوبەش نییە لە دارشتنیدا. لە کاتێکدا بۆ خۆدی ژن دانراوە. ئه‌وه‌ وێنەیەکە بۆ ژن لە لایەن پیاوەوە کێشراوە.

 

ژنیش لە چالاکییە هونەریەکەیدا و له‌ دروستکردنی فیلمدا خۆڕاگر دەبێت لەبەردەم ئەو هەژموونی دروستکردنی وێنەیەدا کە بۆ ژنی دروست دەکەن، پەرچەکردار لە بەرامبەر هەموو ئەو هێڵە سوورانەدا کە بۆ ئەو دەکێشرێت، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەو وێنەیەش تێکدەشکێنێت کە پیاو بە هاوکاری دابونەریت بۆی دروست دەکات، بە واتایەکی دی، ئەرکی ئەوان دژوارترە، هەم تێکشکانی وینەکەیە و هەم خۆراگرتنە لەبەردەم دروستکردنی وێنەی ژن لە لایەن پیاوەوە. ژن لە کایەی فیلم دروستکردندا دەیەوێت خۆی بناسێنێت لەو هەل و مەرجەدا، کە ڕەنگە گران بکەوێت و ئەرکی زۆری بوێت. لە فیلم چێکردندا ژن دەیەوێت پارچەکانی خۆی کۆکاتەوە کە دیوی دەومی پیاوە. ڕووی دووهه‌می پیاویش پیشان بدات کە ژنە. ئەوە ناسنامەی ژنە لە فیلمدا. ئەوەش تەواو یەکانگیرە لە چەمکە دەروونییەکەی کارڵ گوستاف یۆنگدا. بە دیدی یونگ پیاو لە دوو بەش لە دوو دیو پێکدێت، دیوێکی پیاوە و دیوێکی ژنه‌. مرۆڤ بەهۆی بەریەککەوتنی لەگەڵ یەکتردا ناسنامەی خۆی بنیات دەنێت، لەو نەخشەیەشدا تەونی زمان هەیە. زمانی ئێمە تەنها بۆ ناوهێنان نییە، بەڵکو بۆ دەربڕین و پیشاندانی هەستەکانیشمانە بە وشە. بە دەنگ و بە وشە جێگایەک لە بووندا دەگرین، نەخشێک لە ژیاندا دادەنێێن. زمان زۆر لەمێژە لە ژیانی ئێمەدا هەیە، گەمە کردنیش یەکەم زمانی سیمبولییە کە ڕێگاکانمان بۆ خاوێن دەکاتەوە بۆ زمانە کانی دی. فیلمیش یەکێکە لە زمانە سیمولیەکان. کۆدەکانیشی کۆمەڵایەتییە و پەیوەستە بە یاسای گەمەکردنەکەوە. ئەوە زمانە بڕیار دەدات چۆن بابەتەکان بگێردرێتەوە و حیکایەتەکانمان بە خەڵکی بگات. زۆر گرنگە سەرنج لە وێنەی ژن بدەین لە سەر شاشەی سینەماکان کە چۆن لە فیلمەکاندا نەخشێنراوە، لەبەرئەوەی زمانێکی دامەزراو هەیە کە بە نەریت و کۆدەکانی پیاو هەڵچنراوە. جا ئایا لەو زمانە دامەزراوەی پیاودا هەستەکانی ژن پیشان دەدرێت؟ یان کەسێکی دی هەیە هەستەکانی ژن پیشان بدات؟ ئەو خەسڵەتی گێڕانەوەیە کە لە فیلمەکانی هۆلیوددا هەیە، لە شکڵ و شێوازی دراما کلاسیکییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ناکۆکییەک دیاری دەکەن و پیشانی دەدەن، ئەو ڕووداو و ناکۆکییە بەرز دەکەنەوە، قووڵی دەکەنەوە و دەیتەقێننەوە. ئێمه‌ش وەک بینەر دەپرسین، چۆن ئه‌وه‌ ڕوویدا؟ کێ سەردەکەوێت؟ کێ دەیباتەوە؟

 

لاورا مولڤی Lura Mulvey لە گووتارێکدا بە ناوی (سەردەم و دروستکار) دەڵێت: بینەری بەرهەمی فیلم کاریەگەری دووجەمسەرییان هەیە، یەک بەسەر ئەوی تردا کاریگه‌ری هەیە. کە حیکایەتی فیلمە کلاسیکییەکان کۆمەڵگایەکی پاتریارکی دەخوڵقێنێت کە لە لایەن حەزو نیگای نێرەوە جڵەو کراوە. Ingela Rmoae ئەنجێلا ڕۆمەی کچە دەرهێنەری دانیمارکی، باس لە چەند زمانێک دەکات لە فیلمدا کە هەیە، باس لە ئەنالیزاکانی کارڵ گۆستاڤ دەکات كه‌ پشت بە چەمکی Anima وAnimus دەبەستێت، ئەنیما مەبەست تێیدا تێڕوانینی ژنە لە ڕۆحی پیاودا. Animus ئەنیمۆس تێروانیی پیاوە لە ڕۆحی ژندا. یونگ کە باسی پرنسیپەکانی ژنانە و پیاوانە دەکات، مەبەستی ئەوەیە کە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بگاتە ئەو تێکەڵاوکردنە هاڕمۆنییە ژنانە و پیاوانەیه‌. پیاوەتی لای یۆنگ پەیوەستە بە بیرکردنەوەیەکی عاقڵانەی، لۆجیک و ئامانجداره‌وه‌. ژنانەش گرێدراوە بە ئیرۆسەوە بۆ پەیوەندییەکانی مرۆڤ بۆ گەشەسەندن و داخوازییەکانی. لای یۆنگ مرۆڤ دوو دیووی هەیە، ڕووی ژنانەو ڕووی پیاوانە. بە هەمان شێوە پاوڵوکۆیلۆ زیاتر ڕۆ دەچێتە بابه‌ته‌كه‌وه‌، لە ڕۆمانی (بە تەنیشت ڕووباری پیداراوە دانیشتم و گریام) باس لەوە دەکات، کە پاڵەوان بەدوای خودادا دەگەڕێت، رووی دووهەمی خوداش ژنە، ئەنجێلا مەبەستی ئەوەیە کە بتوانین ئەو چەمکە بگوێزینەوە  بۆ زمانی فیلم کاتێک باسی زمانی ژنانە و پیاوانە دەکەین. ڕێژیسۆرێکی وەک ئەندریە تایرۆڤسکی نمایندەی ژنه‌ لە زمانی فیلمدا. یەکێک لەو گرفتانە ئەوەیه‌ کە زۆر لە پیاوان ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ ڕووە ژنانییەکەی خۆیان بکەن، کە ئەوەش دەبێت بە چەمکی زمان.

 

هیوادارم ئەمە بکەیەنه‌ بابەتی گفتوگۆی بنیادنەرانە و هه‌وڵبده‌ین بۆ چارەسەرکردنی ئە و کێشە و ئاریشانەی کە دێنە بەردەم فیلمسازی ژن.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.