كاری جوامێر دڵشاد

بۆریس گرۆیس؛ موزە لەناو فەرووەکەیدا


Loading

له‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌*

ساشەر ماسۆخ ؛ ڕۆمانی ڤینۆس لەناو پاڵتۆ کوڵکنەکەیدا
ساشەر ماسۆخ  ؛ ڕۆمانی ڤینۆس لەناو پاڵتۆ کوڵکنەکەیدا

چەمکی ماسۆشیزم هەمیشە پەیوەست دەکرێت بە حەزە ئیرۆتیکییەکانەوە لەئازاردانی جەستەدا. وەک: قامچی لێدان،  پیاکێشان و چۆکپێدادان و هتد. لەڕاستیشدا لە ڕۆمانەکەی (ساشەر ماسۆخ) دا (ڤینۆس لەناو پاڵتۆ کوڵکنەکەیدا )بەردەوام دیمەنی پەیوەست بەو جۆرانە دەبینینەوە. هەڵبەتە لەڕاستیدا ڕۆمانەکە وەکو ئەوەی هەیە بەدەوری شتێکی تەواو جیاوازتر لەوە دەسوڕێتەوە.

 ئەو پرسیارانەی پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکە دەیکەن و دەگەڕێن بەدوای وەڵامدانەوەیان، بریتین لە پرسیارکردن لە بەردەوامبوونی خۆشەویستی لەدوای پەیوەندی نێوان خۆشەویستی و بەدەزگابوونە کۆمەڵایەتییە پاراستنەکەیەوە. بەکورتی لەدوای پەیوەندی نێوان خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە. ڕزگارکردنی خۆشەویستی لە کۆتی هاوسەرگیری، کەلە سەدەی ١٩ نۆزده‌ دا بوو بووە بابەتی سەرەکی ئەدەب، هەمیشە ئاهەنگی بۆ گێڕدراوە وەکو سەرکەوتنی هەستی ڕاستەقینەی زیندووەکان بەسەر بەرەی بەزیوی مردووەکان دا. لەمەشەوە ئەو پێشمەرجە دانراوە، کەوا خۆشەویستی بەڵگەنەویستەی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای تایبەتمەند بەخۆی هەیە، کە هەموو تاکێک لەهەموو کاتێکدا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، واتە هەموو کاتێک لەناخەوە دەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت، داخۆ ئەو خۆشەویستی دەکات یاخود نا. دانپێدانانی خۆشەویستی مانای دانپێدانان بەو بەڵگەنەویستە ئاشکرا ناخەکییە دەگەیەنێت. دیاره‌ بەرپەرچدانەوەی هەموو دامودەزگایەک و ڕێسایەکیشە، کە هیچ دەستەبەرکردنێکی نێوەکی مسۆگەر ناکات، بەڵکو تەنیا پاراستن ومسۆگەرکردنێکی دەرەکییانەی پەیوەندی خۆشەویستی دەکات، لەوانە، دەزگای هاوسەرگیری. بەبێ ئەو ڕووداوە ئاشکراو راستەوخۆیەی خۆشەویستی  لەڕاستیدا ئەو دەزگایانە  چۆڵ و مردوو دەردەکەون.

هەڵبەتە  ئەم چەمکەی خۆشەویستی چەمکێکی فەلسەفییانەیە. وەک دەزانین لەوەتەی فەلسەفە هەیە ئەم ڕوودانی بەڵگەنەویستەیەی بەرزکردۆتەوە بۆ ئاستی تاکە پێوەرێکی ڕاستی. فەلسەفە وەکو خۆیشی هیچ هەقیقەتێکی دەزگایی شک نابات، وە زانینێکی ئامادەکراوی نییە، بەڵکو ئەو تەنیا هەوڵی گەڕان بەدوای هەقیقەتدا دەدات. فەلسەفە بریتییە لەخۆشەویستی بۆ (سۆفیا/دانایی)،   تێگەیشتن وەکو بەرجەستەکردن، وەک دەرکەوتنێکی جیهانییانەی هەقیقەت. بەمپێیە فەلسەفە بەرپەرچی هەموو دەستەبەرکردنێکی دەرەکی و هەموو بەدەزگاییکردنێکی هەقیقەت دەداتەوە، جا ئاین بێت یان ئیدیۆلۆگی وەیاخود هەر قوتابخانەیەکی باڵادەستی ڕەسمییانەی زانین بێت. تاکە پێوەرێکی هەقیقەت بۆ فەلسەفە بریتییە لە ڕووداوە بەڵگەنەویستییەکەی خۆشویستنی هەقیقەتێکی دیاریکراو لە ئێستاو لێرەدا.

ئاوەها بەنموونە دیکارت لەکاتی خۆیدا ئەم ڕستەیەی خۆشدەویست: << من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم>> دیارە ئەم ڕستەیە گەر بۆماوەیەکی کورتیش بوو بێت بەلای ئەوەوە بریتی بووە لە بەڵگەنەویستە، بەهەمان شێوە خۆشەویستی بەلای پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکانی خۆشەویستییەوە بریتی بوو لە بەڵگەنەویستە. دیکارت بۆ ئەم خۆشەویستییە نوێیە هەموو ڕێچکە دروستکراوەکانی بەجێهێشت و هاوسەرگیری خۆی بە زانینی سەردەمەکەی خۆیەوە هەڵوەشاندەوە. هەڵبەت وا باویشە، کە ئەو لەکۆتاییەکانی ژیانیدا بێسوود هەوڵی ئەوەی داوە جارێکیتر بەڵگەنەویستەی ڕستەی << من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم>> بژێنێتەوە. ڕستەکە وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵام خۆشەویستی بۆ ڕستەکە سڕاوەتەوە. بەڵکو لەبری ئەم ڕستەیە دیکارتیزم/کارتەزیانیزم سەریهەڵداوە، کە قوتابخانەیەکی نوێی زانینە، دەزگایەکی نوێیە، هاوسەرگیرییەکی نوێیە، کە تێیدا بەڵگەنەویستەی خۆشەویستی  بزرە، هەروەک هەموو دەزگاکانی جاران.

 

ئاوەها پرسیاری بەردەوامی خۆشەویستی وەکو ئەوەی هەیە هەر لەدەرەوەی پاراستن و دەستەبەرکردنە دەزگاییەکان و لەدەرەوەی هاوسەرگیرییەوە دەکرێت. دیارە پرسیارکردن لە بەردەوامێتی خۆشەویستی  بەشێوەیەکی ڕێژەیی دواتر وەڵامدراوەتەوە، بەتایبەتیش لە کۆنتێکستی فەلسەفە و لە نێوبەندی ڕۆمانەکانی خۆشەویستی لە سەدەی نۆزده‌ ١٩ دا.

بەردەوامێتی <<بەڵگەنەویستە>> بریتییە لە چرکەساتێک و لە چاوترووکاندنێک و بەس. واتە: ئەقل وەکو بەڵگەنەویستە هەروەکو خۆشەویستی و هەقیقەت هیچ بەردەوامێتییەکیان نییە. بەمانای: هەم خۆشەویستی و هەم هەقیقەت دەبێت بەبێ هەر پاراستن و دەستەبەرکردنێکی دەزگایی بکەون و دیارنەمێنن، چونکە ئەوەی بەردەوامبوونی نەبێت، هەبوونی نییە.

سوبیەکتیڤیتێتی خۆشەویستی و فەلسەفی ناتوانێت لەو هەلومەرجەدا خۆی دروست بکات، لەبەرئەوەی ئەو تەنیا لەناو کاتدا هەبوونی هەیە، لەبەرئەوە هەرلەسەرەتاوە ئەو پێویستی بە بەردەوامێتییەک دەبێت. بەڵام گەر سوبیەکتیڤیتێت بگەڕێت بەدوای بەڵگەنەویستەدا و بەردەوام داوای ئەمە بکات، ئەوا ئەو بەردەبێتەوە نێو ڕیزێک لەو ساتەوەختانەی کە بەهیچ جۆرێک بەردەوامێتی ناسەلمێنن. گەر زۆرتریش بڕۆین ئەوا دەڵێین: لەقەومان و لە ڕوودانی بەڵگەنەویستەدا سوبیەکتیڤیتێت خۆی بزر دەکات، چونکە لەوەدا ئەو چیتر  ناتوانێت خۆی لە ئۆبیەکتی بەڵگەنەویستەکە، لە ئۆبیەکتی خۆشەویستییەکە جیا بکاتەوە، چونکە ئەو لەگەڵ ئۆبیەکتەکە دا دەتوێتەوە و هاوشێوەی ئەوی لێ دێت.

لەکاتێکدا دەبوو خۆشەویستی و هەقیقەت لەخزمەتی ڕزگاربوونی سوبیەکتیڤیتێت دا بن، کەچی لەئەنجامدا بەرەو بزربوونی خود و بەرەو هەڵوەشانەوەی خود چوو، واتە بوونە مایەی لەناوبردنی بەردەوامێتی، لەکاتێکدا بەبێ ئەمانە سوبیەکتیڤیتێت توانای ژیانی نییە.

ئەم تێگەیشتنەش پێشەکییەکە بۆ کۆتاییهاتنی پرۆگرامی فەلسەفی بەو جۆرەی هەیە، هەروەها بۆ کۆتایی خۆشەویستیش. وە ئاماژەشە لەسەر کۆتاییهاتنی ئەو گوتارە فەلسەفییەی ئیرۆتیک، کە نوێنەرایەتی ڕەوایەتییەکی ڕاستەقینەی مۆدێرنە دەکات. مۆدێرنە خۆی وەکو کۆششێک بۆ ڕزگاربوون لە جەبر و لە ڕووبەڕووبوونەوە دەرەکییەکان ناساندووە. ئەم ڕزگاربوونەش بەناوی بەڵگەنەویستەوە پیادەکراوە، یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت، بەناوی خۆشەویستییەوە.

لەنێوان هەقیقەتێک بە تێگەیشتنی فەلسەفییەوە و لەنێوان خۆشەویستی دا لە تێگەیشتنی مۆدێرنەدا هاوبەشییەکی نێوەکی هەیە.  ئیدیۆلۆگیای خۆشەویستی بریتییە لە فەلسەفەی خەڵک. بەڵگەنەویستە و ئەوینداربوونیش هاوناون. ئەمانە هەردووکیان وەکو شیفرەی ئازادی تاکایەتی کاریان کردووە. بەڵام ئەگەر بەڵگەنەویستە و ئەویندارێتی بەردەوامێتیی تایبەت بەخۆیان نەبێت، واتە ئەگەر ئەوان هەر بوونیان نەبێت، ئەوا دیارە ئەو پرسیارە خۆی قووت دەکاتەوە، ئایا ئێمە چۆن دەتوانین شتێکی وەکو کولتوری مۆدێرنە بەتەواوەتی بەردەوام پیادە بکەین، مادامەکی سوبیەکتی ئەو کولتورە هەڵدەوەشێتەوە و ئاوا دەبێت.

ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە کە، پاڵەوانەکانی ڕۆمانی ڤینۆس لە فەرووەکەیدا خۆیانی تیا دەبیننەوە. ئەوان لەوێدا خۆیان دەبیننەوە کە لە کۆتایی پرۆسێسێکی درێژخایەنی بەفێڕۆدانی بەردەوامی دا بن و، هەموو پەیوەندییەکان لە چرکەساتێکدا بپووکێنەوە. دواتر پاڵەوانەکان لە گفتوگۆکانیاندا ئەوەیان بۆ ئاشکرا دەبێت، کەوا بەڵگەنەویستەی خۆشەویستی تەنیا چرکەساتێک بەردەوامی هەیە و دەخایەنێت، ڤاندا ئەمە وەردەگرێت، بەڵام سێڤەرین نا. دیارە ئەم لەبەرئەوە ئەمە قبوڵ ناکات، چونکە ئەو ئیگۆ کۆنەکەی نووسەرەکەیە، واتە چونکە ئەو نووسەرە. بەڵام ئیشی نووسەر پێویستی بەکاتێکی زۆرە، پێویستی بەبەردەوامیی خایاندنە. کاتێک ئەو دەقێک دەنووسێت دەبێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەک بەدڵسۆزی دەقەکەی بمێنێتەوە، تەنانەت لەو کاتانەشی کە ئەو چیتر چ خۆشەویستییەکی بۆ ئەو دەقە نەما بێت، تەنانەت لەو کاتانەیشی، کەئەو هەرچییەکی تر بنووسێت چیتر وەکو بەڵگەنەویستە دەرنەکەوێت.  کە یەکێک ڕۆمانێک دەنووسێت، ڕەنگەتاڕادەیەک ماوەی ئەو دڵسۆزی و وەفایەش بۆی درێژخایان بێت. بەڵام بەگشتی ئەو کەی وبۆچی  شت دەنووسێت؟

بەپێی ئەو ڕا باوەی لەمۆدێرنەدا زاڵە، مرۆ لەبەرئەوە دەنووسێت تاوەکو هەقیقەت بڵێت. بەڵام ئایا مرۆ دەتوانێت کام هەقیقەتە بدرکێنێت، ئەگەر مرۆ بەڵگەنەویستبوونی ئەو هەقیقەتەی تەنیا و بەشێوەیەکی گشتی هەر بۆ چرکەساتێک هەبێت، لەکاتێکدا دەبێت نووسینی کتێبەکە پتر لە چەند مانگێک بخایەنێت؟

باوەڕهێنان بە هەقیقەت، بە خۆشەویستی و بە بەڵگەنەویستە، هەموو کارێکی بەردەوام، لەوانەش کاری نووسین، تەواو نەشیاو دەکات، باوەڕ ئەو سوبیەکتیڤیتێتە لەناودەبات، کە دەتوانێت و دەبێت کاری نووسین بەڕێ بکات.

 بۆ ئەو ژنەشی (ساشەر مازۆخ) لێی تێدەگات، ئەوە هیچ کێشەیەک پیشان نادات، چونکە ژن لەو دۆخەدایە، نابەردەوامانە تەنیا لەچرکەساتدا بژی. بەڵام پیاو ئەمەی پێ ناکرێت، و ئەو دەبێت لیگەڕێت شتی تر بێت بەدوایدا، بۆئەوەی بەردەوامێتی، لەوەدا کە ئەو بەردەوامانە دەتوانێت چالاکی بکات، وەکو خۆی ڕزگار بکات.

دیارە دەزگای هاوسەرگیری لەنێو هەلومەرجەکانی مۆدێرنەدا بەردەوامێتی ڕزگار ناکات، چونکە هاوسەرگیری لەسەر لایەنی بەرامبەریش وەستاوە، و بە دیدی ساشەر مازۆخیش، ژن زووتر و بنەڕەتییانەتر لە پیاو خۆی ڕزگار کردووە.

لەو کاتەشی پیاوان کتێبی فەلسەفی ئەستوور دەنووسن، بۆئەوەی چرکەساتێکی بەڵگەنەویستە بگرنەوە، ژن ئامرازێکی زۆر سادەتر و کات کەمسەرفکەرتری دۆزیوەتەوە بۆ خۆڕزگارکردن، کەبریتییە لە: خۆشەویستی ئازاد. هەڵبەت بەرامبەر ئەم ئامرازە هیچ دژەئامرازێک لەبەردەستدا نییە. سێڤەرین ئاوا دەڕوات بەسەر ئەو تاکە ڕێگایەی کەماوەتەوە، ڕێگایەک کە بەلای ڤانداوە  بەنزیکەییش گەواهی لەسەر ئاشکرایی و ڕوونی بیرۆکەکەی نادات، بۆئەوەی بەردەوامێتی وەکو ئەوەی هەیە دووبارە ساز بکاتەوە.  ئەوە بریتییە لە ڕێگای گەڕانەوەیەکی مێژوویی رادیکال بۆ دوواوە. لەبری ئەوەی ببێتە مێرد، دەبێتە کۆیلە. لێرەشەوە ئیتر بەتەواوەتی پابەندی زەوقی ژنەکە دەبێت. بەوەشدا کە ژنەکە لەلایەن خۆیەوە هیچ دەروەستییەک لەئەستۆ ناگرێت، ئەوا  چیتر ناشتوانێت ئەو دەروەستییانە بشکێنێت. بەمشێوەیە سێڤەرین لەدژی هەر هەڕەشە و مەترسییەکی نادڵسۆزی و بێوەفایی بەتەواوی بەرگری دەکات. سێڤەرین تاکلایەنانە و خۆبەخشانە دەستبەرداری هەموودەستکەوتەکانی مۆدێرنە دەبێت، ئەو بەرپەرچی مێژووی سەدساڵەی ڕزگاربوون دەداتەوە، ئەو لەوێوە دەست پێدەکات، کە ئەو مێژووە دەستی پێکردووە، واتە لە دۆخی کۆیلایەتییەوە.

بەڵام ئەو ئێستا دەرک بەوە دەکات، کەوا ڕزگاربوون لەکۆیلایەتی شتێکی نەکردەیە و ناپەسەندیشە، چونکە ئەو ڕزگاربوون هەر بەردەوامییەک و بگرە هەر خودگەراییەکیش، کە هەر وەکو بەردەوامی بوونی هەیە، لەناو دەبات.

خۆشەویستی ماسۆشیستانە بریتییە لەخۆشەویستی لەودیوی بەڵگەنەویستەوە، لەودیوی ترانسپارێنس و ئاشکراییەوە، هەروەها خۆشەویستییەکی نافەلسەفی و تەنانەت خۆشەویستییەکی ئەنتی فەلسەفییە.

لەڕاستیشدا وەهایە کە: سێڤەرین چۆک بۆ خواستی مێئاغاکەی دادەدات، یەکەوڕاست لەوێشدا چونکە مەسەلەکە سەبارەت بە خواستێکی ناڕوون، ستەمکار و تەمومژاوییە. لەکاتێکدا ڤاندا خواستی خۆی دانامەزرێنێت و ڕوون و ترانسپارێنتی ناکات. ئەو بەهۆی هێزی شوێنگەکەیەوە تەواو سەروەرانە فەرمان دەدات، کە بۆ ئەمەش پێویستی بە هیچ شەرعیەتێکی تری زیادە نییە. شتەکە سەبارەت بە سەروەرێتییەکی توند و شاد و بتپەرستانەیە، واتە سەروەرێتیی چرکەساتێکی ڕەها، کە لەکاتی ساشەر مازۆخ و هەروەها نیتچەشدا بەرز ڕادەگیرا.

هەڵبەتە لەناو جیهانی باڵادەستی پۆستفەلسەفییانە و نیوهایدنیشیانە/ نیوئلحاد ی سێڤەرین خۆی بە پاڵەوانە گریکیەکان بەراورد ناکات، بەڵکو بە یەکەمین شەهیدی مەسیحی خۆی بەراورد دەکات. هەر ئەم بەراوردەش ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئەوە لەڕاستیدا سەبارەت بەچی دەدوێت. سێڤەرین دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ مەسیحایەتی سەرەتا و مەسیحایەتی نافەلسەفی، واتە بۆ مەسیحایەتییەک لەئەودیوی هەموو بەڵگەنەویستەکانەوە. ئەو خۆشویستنەی خودا، کە بە دوای بەڵگەنەویستەکاندا دەگەڕێت وە لەلایەنی بەرامبەریشەوە چاوەڕوانی لێ دەکرێت، بە ترس لە خودا جێی پێ دەگیرێتەوە، وەک چۆن خۆشویستنی ڤاندا، بە ترس لە ڤاندا جێگەی دەگیرێتەوە. کەواتە ترس شتێکی جێگیرترە وەک لە خۆشەویستی. ترس هەوڵ بۆ بەڵگەنەویستەکان، و هۆکارەکان و جەختکردنەوەکان نادات. هەروەها ترس لەهێزناخرێت، لەبەرئەوەیە ترس توانای ئەوەی تێدایە بەردەوامی سوبیەکتیڤیتێت بەشێوازێکی دڵنیا مسۆگەر بکات. ڕووداوی بەڵگەنەویستەی بەرکەماڵ و، ترانسپارێنس و، هی توانەوە لەگەڵ هەقیقەت دا تەنیا چرکەساتێک دەخایەنێت، کەچی ترس لە پەنهان و نادیارو ترس لە مەحرەم و لە شتە تەمومژاوییەکان درێژخایاندنێکی بێسنووری هەیە.

وەکو تریش ئەم جێگرتنەوەیەی خۆشەویستی لەڕێی ترسەوە، کە لێرەدا ساشەر ــ مازۆخ پیادەی دەکات، زۆر توند کاری نووسەرێکی تری سەدەی نۆزدەمان دێنێتەوە یاد، مەبەستمان لە کارێکی سورێن کیرکیگوردە.  ئەمیش لە نووسینەکانی زوویدا لەسەر خۆشەویستی ئاماژە بەوە دەدات کەوا  بەڵگەنەویستەی خۆشەویستی تەنیا چرکەساتێک دەخایەنێت و ئەم چرکەساتەش هەرگیز شیاوی دووبارەبوونەوە نییە. لەئەنجامی ئەوەشدا کیرکیگورد بەوە دەزانێت، کەوا هەقیقەتی فەلسەفیش شتێکی نەشیاوە، چونکە دووبارەیادکردنەوەی ئەوە ــ واتە ڕوودانی دووبارەبوونەوەی ئەم هەقیقەتە ــ بەهەمانشێوە و لەبەرهەمان هۆکار شتێکی نەشیاوە. کیرکیگورد سەرەتا هەوڵی ئەوەی دا، خایاندنی سوبیەکتیڤیتێت، کە ئەو پێیوابوو ئەمە لەلایەن ئەو نەشیاوێتییەوە هەڕەشەی لەسەرە، ئیتر لەڕێی هاوسەرێتییەوە ڕزگار بکات. واتە بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر هەبوونێکی هاونیشتمانییانەی ڕێکخراو لەئەودیوی هەموو وەهمێکەوە، کە پێدەچێت بەم هەبوونەوە گرێدرا بێت، وە بەتایبەتی لەئەودیوی خۆشەویستییەوە.

کەچی کیرکیگورد لەکۆتایی ژیانیدا پرۆژەیەک بۆ فۆرمێکی ژیان دادەڕێژێت ، کە بێ هیچ گوومانێک دەتوانین ناوی بنێین بە مازۆخیستی. کە هەڵبەتە ئەمەش سەبارەت بە هەوڵی دووبارە بوژانەوەی مەسیحایەتی سەرەتایە، سەبارەت بە گەڕانەوەیەکی مێژوویی قووڵە، سەبارەت بە هەنگاوێکی تری گەڕانەوەیە بۆ ئەودیوی دەستپێکی مێژووی مۆدێرنەی ئیمانسیپاسیۆن/ ڕزگاربوون.

واتە لای کیرکیگورد خودا وەکو ئەو ئۆبیەکتە پەنهانە ئارەزووکراوە دەردەکەوێت، کە هەمیشە فەرمانی تەمومژاوی و شێتانە و بگرە زۆرجاریش تاوانکارانە دەدات و ــ لەهەمانکاتیشدا داوای کڕنووشێکی ڕەها و بێدەربەستانەش لەئەودیوی هەرچی ڕەوایەتی و شەرعیەتەوەیە دەکات.

لەڕاستیداهاوشێوەبوونی نێوان خودا کیرکیگوردییەکە و ڤینۆسی ناو فەرووەکە     مایەی سەرسامییە. هەردوو حاڵەتەکە سەبارەت بەو هەوڵەیە، بەردەوامێتییە کاتییەکەی خودگەرایەتییەکەی خۆیان مسۆگەر بکەن لەبەرانبەر دنیا نابەردەوامە پۆستفەلسەفییەکەدا، کە تێیدا تەنیا چرکەسات دەژمێردرێت. هەروەها لەهەردوو بارەکەشدا بەردەوامی خایاندن بە گەڕانەوە بۆ کۆیلایەتی و، بە شەهادەتی مەسیحایەتی سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە.

ساشەر ماسۆخ (* 27. Januar 1836 in Lemberg, Kaisertum Österreich; † 9. März 1895 in Lindheim
ساشەر ماسۆخ (* 27. Januar 1836 in Lemberg, Kaisertum Österreich; † 9. März 1895 in Lindheim

ته‌نیا ئەو کاتەش دەکرێت سوبیەکتیڤیتێتەکەی خۆم بپارێزرێت، کە هەوڵی ڕوونکردنەوەی پەنهانییەکانی جیهان نەدەم، وە کە بەتەواوەتی دەستبەرداری هەموو بەڵگەنەویستەیەک، هەموو بەرامبەرێک و هەموو پەیوەندییەک و هەموو لێک تێگەیشتنێک بم، وە لەبری ئەوە بە بێ هیچ بەرپەرچدانەوەیەک  لەخزمەتی پەنهانیدا بم. چونکە کۆیلە بیت، لەخۆیدا بریتییە لە تاکە دەرفەتێک کە  شێوەژیانێکی سەربەخۆیانە و درێژخایانەی خودگەرانە لەناو کۆمەڵگایەکدا پیادە بکەیت، کە بووەتە کۆمەڵگایەکی بەڵگەنەویستەیی و خۆشەویستی، واتە بووەتە کۆمەڵگایەکی چرکەساتی، کە بەشێوەیەکی ناچارانە هەموو درێژخایاندنێک و خودگەراییەکی تێدا پەککەوتووە.

بەڵام ئێستا دەمەوێت بڵێم، کەوا ئێمەش هەموومان لەم نێوبەندییەدا هەروەکو سێڤەرین دەژین و ــ هەروەهاش ڤینۆس لەناو فەرووەکەیدا بووەتە موزەی ماسکولتوری تەواوی ژیانی بازرگانی ومیدیایی ئەم ڕۆژگارەمان. ئیتر ئەم ماسکولتورەش بریتییە لە کولتوری بەڵگەنەویستەی چرکەسات و لە خۆشەویستییەکی هەڕەمەکییانەی ڕاگوزەر. دیارە ئەمڕۆ چرکەساتی بەڵگەنەویستە خۆی وەکو چرکەساتی کڕین و فرۆشتن ، وەکو چرکەساتی ڕاگواستنەوەیەکی بازرگانی مانیفێست دەکات. مەسەلەکە سەبارەت بە بەڵگەنەویستەیەکە، کە وەکو مانیفێستی  دواهەمین هەقیقەت بناسرێت و، پیویست بەوە نەکات داوای شەرعیەتێکی تر بکات. بڕیاردان لەسەر بەکاربەری و کۆنزومگەری لەژێر هەلومەرجەکانی ئابووری بازاڕی ئازاد بریتییە لە بڕیاردانێکی چرکەساتانە، کە تاکەکەس لە میزاجێکی لەحزەییەوە دەیدات. لەڕاستیشدا شتەکە لەوەدا سەبارەت بەو لەحزەی خۆبەڵگەنەویستکردن و خۆئاشکراکردن و خۆمسۆگەرکردنەیە کە درێژخایاندن و بەردەوامی نییە، چونکە هەرکاتێک کردەی کڕین ڕوویدا ئیتر دەستبەجێ پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار دەپووکێتەوە. بازاڕ چ یادەوەری و چ بەردەوامییەکی نییە. ئەو بەبەردەوامی تەنیا دۆخی (ئێستایەکی ڕووت) بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەو بڕیارانەشی کە کەسی بەکاربەر لە هەنووکەی بازاڕدا دەیدات، بریتین لەو بڕیارە ئازاد و سەربەخۆ و خۆئاشکراکەرانەی کە پێویستیان بەچ هۆکارێکی تر نییە.

بەم مانایە دەتوانین بڵێین؛ کەوا کۆنزوم لەژیر هەلومەرجەکانی ئابووری بازاڕدا نوێنەرایەتی دواهەمین ئامانجی ئەو فەلسەفەیە دەکات، کە کۆشش بۆ بەڵگەنەویستە وئاشکرایی دەکات، واتە بۆ ئەو جۆرە خۆمانیفێستکردنەی هەقیقەت، کە پێویستی بە هیچ هۆ و پاساو هێنانەوەیەکی تر نییە.

هەڵبەتە زۆر جار هەوڵدان بۆ بەڵگەنەویستە، بەتایبەتی لەدەرەنجامەکانی سەردەمی تازەدا لەڕێی گوتاری لێکهەڵوەشاندنەوەوە، خراوەتە بەر پرسیارەوە، بەجۆرێک هەوڵی ئەوەیان تێدا داوە ئەوە پیشان بدەن، کەوا بەڵگەنەویستە و ئاشکرایی وەکو ئێستا و ئامادەیەکی پەتی خۆی لەناو جیاوازییەکی شوێنکاتیدا وندەکات، کەوا ناکرێت <<بەڵگەنەویستە>> جێگیر بکرێت و، کەوا ناشکرێت بەردەوامی پێ ببەخشرێت. هەروەها بەڵگەنەویستەیەکی بزۆک کە نەتوانرێت جێگیر بکرێت، ئیتر بۆ ئێمە چ ئاشکرایی و بەڵگەنەویستەیەک نییە جێی متمانەمان بێت. بەڵکو ئەو پەنهان دەبێت، میزاجی دەبێت و سامناکیش دەبێت. بەڵام لەبەریەکهەڵوەشاندنەوە چیتر ناتوانێت ئەو ناڕەزاییە لەدژی بەڵگەنەویستە، لەوانەش بەڵگەنەویستەی خۆشەویستی،  بڕوا بە ڤاندا بهێنێت. لەبەرئەوەی ئەو هەر لەسەرەتایەوە بزۆکی بەڵگەنەویستەی قبوڵکردووە. تەواو وەک ئەو کۆنزمێنتە مۆدێرنەیەی کە هەر لە سەرەتاوە قبوڵی بزۆکی کۆنزومەکەی کردووە.  ئەم بزۆکییەش تەنیا ئەوانە چەواشە دەکات کە وەکو سێڤەرین کتێب دەنووسن، هەر لەبەرئەوەشە کە ئەوان پێویستیان بە بەردەوامییەک دەبێت. لێرەوەیە تەنیا یەک دەریچە دەمێنێتەوە بۆ ئەو دانەرانەشی، کە کتێب دەنووسن یاخود کاری هونەری بەرهەمدەهێنن، کە بریتییەلە: ئەوەیە شوێن نموونەکەی سێڤەرین بکەون و ببنە کۆیلەی کۆنزومی ئەمڕۆژگارە و ماسکولتوری ئەم ڕۆژگارە، وە ببنە ئەو کۆیلانەی کە توانای ئەوەیان هەیە چێژ لە پەنهانێتی و بزۆکێتی و سامناکێتی ماسکولتوری ئەمڕۆژگارە وەربگرن.

ئەمڕۆ ئیشکردن بۆ کولتور، هونەر وە ئەدەب تەنیا وەکو مانیفێستکردنی خۆشەویستییەکی ماسۆخییانە شیاو دەبێت. ئەو گرێبەستانەی ئەو دانەرانە لەگەڵ کولتوری سەردەمەکەماندا دەیبەستن، دیارە گرێبەستی هاوسەرگیری نییە، بەڵکو ڕاستتر گرێبەستێکە کتومت لەو گرێبەستە دەچێت کە لەنێوان سێڤەرین و ڤاندا دا هەیە، کە بریتییە لەوەی: لایەنێکیان دەروەست بێت بەوەی نۆکەری وخزمەتکاری بۆ لایەنەکەی تر بکات، وە لایەنی بەرانبەر مافی ئەوەی هەیە بەبێ باسکردنی هیچ هۆکارێک مامەڵەی خراپ لەگەڵ خزمەتکراوەکەدا بکات. دیارە هۆکاری ئەم پەیوەندییە مازۆخییە ئاشکرایە: خۆشویستنی جەماوەر، زەوقی کۆنزومگەرەکان ئەمڕۆ تاکە پێوەری هەقیقەتن.

کۆمەڵگاکەمان قبوڵی ئاین و سیستەمی فەلسەفی و تیۆری زانین و شێوازی هونەرییانە وەها قبوڵ ناکەن وەکو شتێک بێت لە بەردەوامی لەودیوی مەیلی چرکەساتییانەی ئاپۆرەوە. دەتوانین بڵێین: دانەری ئەمڕۆژگارە هاوسەرگیری لەگەڵ هیچ هەقیقەتێکدا نەکردووە. له‌بەرئەوەیە بەلایەوە هیچ مانایەکی نییە گەر لەو هاوسەرگیرییە دەرچێت و داوای ئازادی بکات. بەڵکو نووسەر لەمڕۆژگارەدا پەیوەستی ئازادییە. یاخود ڕاستتر بڵێم: ئەو کۆیلەی ئازادییە، ئازادییەک کە تەنیا وەکو ئازادی ئەوانیتر، وەکو ئازادی کۆنزومگەرەکان تێگەیەنراو دەبێت.

کەواتە دانەر وەکو دانەر هیچ کاتێک ئازاد نییە، ئەوەی ئازادە هەمیشە تەنیا ئەویترە. دانەر لەکۆیلایەتیدا دەژی و تەنیا خوێنەرەکەی لەنیو هەلومەرجی خۆشەویستییەکی ئازاددا دەژی. دانەر خۆی وەکو کەرەسەی ڕوودانی بەڵگەنەویستەکە خۆی دەخاتەڕوو، کەچی ئەو خۆی ئەو ڕووداوەی نییە و هیچ هەوڵێکیشی بۆنادات هەی بێت. ئەمڕۆ تەنیا کەسی کۆنزومگەر دەتوانێت وەکو فیلۆسۆفێک لەگەڕاندا بێت بۆ بەڵگەنەویستە و بۆ خۆشەویستی.  دانەر لەئەودیوی بەڵگەنەویستە و ئەودیوی خۆشەویستییەوە دەژی. بەمەش ئێمە بەکردەوە وامان لێدێت، وەک چۆن سێڤەرینش دروست تێبینی ئەوەی کرد کە گەڕابێتەوە نێو ئەو بارودۆخەوە کە تێیدا گریکە ئازادەکان پێویستیان بە کۆیلەکان بوو، تاوەکو بتوانن بەوە ببنە فیلۆسۆف.

مرۆ وەکو کۆنزومگەرێکی ئازاد، جارێک ئەویندار و شەیدای ڕستەیەک یان وشەیەک دەبێت، بە نموونە وشەی لێکهەڵوەشاندنەوە، یان کۆمیونیکاسیۆن یاخود جیهانگیری، هەروەها جارێکی تر شەیدای وشە و ڕستەیەکی تر دەبێت. لەڕوانگەی نووسەرەکەوە، لەڕوانگەی کۆیلەکەوە بەڵگەنەویستەی ئەوانیتر خۆی مانیفێست دەکات، بەڵام تەنیا وەکو سەرژمێرکارییەک، واتە وەکو: زۆر باسکردنی لە ئینتەرنێتدا، لە ئامادەبوونی میدیاکاندا و لە ژمارەی فرۆشتنەکانیدا. وە ئەگەریش چیتر پێویست بە هێنانەوەی هۆکاریتر نەبێت بۆ بەڵگەنەویستەی کۆنزوم، ئەوا تەنیا ژمارەکان دەمێننەوە. ژمارەکان لەناو ئابووری کولتوری جەماوەریدا هەمان ئەو ئیشکردنەیان هەیە کە لە ئۆکۆنۆمی پەیوەندی مازۆخییانەی خۆشەویستیدا هەیە، واتە: لێدانێکی زۆر، ماچی زۆر، کێبڕکێی زۆر، وە قامچی لێدانی زۆر.

ڤیستڤاڵی نیڤادا ٢٠١٦ بۆ خۆشه‌ویستی - له‌ڕاستیدا به‌رخورده‌یی و فاشیۆنی خۆشه‌ویستی و سێكسه‌
ڤیستڤاڵی نیڤادا ٢٠١٦ بۆ خۆشه‌ویستی – له‌ڕاستیدا به‌رخورده‌یی و فاشیۆنی خۆشه‌ویستی و سێكسه‌

ئەوینی مازۆخییانە بریتییە لە ئەوینداربوونی ژمارەکان، بریتییە لە ئەوین بۆ ماتماتیک. بەمپێیە  لەخۆیدا ئەمەش بریتییە لە درێژەپێدانی خۆشەویستیە فەلسەفییە پلاتۆنییەکە بۆ تەنەئەندازە/ گیۆمێتری. بەڵام فیگورە گیۆمێترییەکان وەکو بەرجەستەکردنێکی دیاری پەیوەندییە ئەبستکراتەکانی ژمارەکان لە خۆیاندا بریتین لە بەڵگەنەویستەی دیار و ڕاستەوخۆ ، بگرە بەڵگەنەویستەی هەمیشەیی و هەرگیزاو هەرگیزن، چونکە ئەمانە نە پەیدا دەبن و نە لەناویش دەچن. عەشقی گیۆمێتری دەرفەت دەدات بە هەریەکێک بگات بە ئامانجی ژیانی و، بۆ هەمیشەش بابەتی خۆشەویستییەکەی هەبێت، و بۆ هەتاهەتایە تێڕامانی لێ بکات. بەرانبەر بەمە قەبارە ستاتیستیەکان دەبێت بەبەردەوامی سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت، چونکە ئەوانە لەدۆخی گۆڕانی بەردەوامدا دەردەکەون. لەبەرئەوەیە ئەوینی ماسۆخییانە بۆ سەرژمێرکاری و ستاتیستیک کۆمەڵگای ئەمڕۆ پاڵ پێوەدەنێت بۆناو دۆخێکی ڕاپرسی بەردەوام، ئەو بەردەوام لێمان دەپرسێت: ئایا ڕاوێژکار و سەرۆک وەزیرانەکەتان هێشتا خۆشدەوێت؟ ئەگەر ئا، ئەوا بەچ ڕێژەیەک؟ ئایا ئێوە لەوەدا تەبان کە دەبێت جەنگێک بەرپاکرێت لەسەرئەوەی، کەوا زەوی خڕە و، کەوا خودا هەیە و، کەوا بوتڵەکان فڕێنەدرێن بەڵکو ڕیسایکلین بکرێنەوە، کەوا ئەمینەم باشترە لە مادۆنا ــ یاخود ئەوەتا لەوەدا هیچ ڕایەکتان نییە؟  ئەم پرسیارلێکردنە سەرژمێرکارییە هەمیشەییە پڕ لە ترس و دلەڕاوکێیە، کە ڕۆژانە تادێت زۆرتر بەردەوام دەبێت، ئەو پرسیارانەمان دێننەوە یاد کە بەردەوام سێڤەرین ئاراستەی ڤاندای دەکردن، واتە: هێشتا هەر خۆشت دەوێم؟ چەند یاری ترت لەپاڵ مندا هەن؟ ئەی چەندی ترم لێدەدەیت؟

خۆشویستنی ستاتیستیک بەپێی جەوهەرەکەی بریتییە لە زەوقێکی مازۆخییانە و، سەختیشە نکوڵی لەوە بکرێت، کەوا خۆشویستنی ستاتیستیک زەوقی ستاتیستیکیانە و زەوقی پۆپ و میللییانەی هەموو کولتوری ئەم ڕۆژگارە دیاری دەکات.

مرۆ دەتوانێت زەوقی میللیگەرانە و پۆپیولێرانە وەکو بەرئەوینێک Vorliebe بۆ هەموو ئەو شتانە پێناس بکات کە، میللیگەران، ئەو شتانەی کە خۆیان بەشێوەیەکی میدیایی بەربڵاودەکەنەوە، ئەو شتانەی کاریگەرییەکی جەماوەری بەرپادەکەن، ئەو شتانەی کە سەرژمێرکارییەکی باش لە ڕاپرسییەکاندا و ژمارەیەکی باشی فرۆشتن ساغ دەکەنەوە. ئەمەش هەر لە سەرەتاوە مانای: زەوقی میللی Pop-Geschmack  لەخۆیدا تەواو شتێکی دەستەبژێرییە، وە بە هیچ جۆرێک هاوشێوەی ئەوە نییە کە پێی دەگوترێت زەوقی جەماوەری .Massengeschmack. با ئێمە ئەم نموونەیەی خوارەوە وەربگرین، نموونەیەک وەک هەر نموونەیەکی تر دەشەلێت و ساغ نییە، بەڵام ڕەنگە ئەم پرسەمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە. بینەرێکی زۆری << سادەی>> جەماوەری حەزیان لە فیلمی تایتانیکە، چونکە پێیانوایە ئەوە فیلمێکی جوان و گەورەیە، وە ئەو فیلمە شاکارێکە کە هەم دەمانخاتە پێکەنین و هەم دەمانخاتە گریانیش. وەکوتریش ئەمە بریتییە لە شاپێوەری هەڵسەنگاندن لای زەوقی گشتی و جەماوەری، واتە: ئێمە دەتوانین لە تەماشاکردنی کاری هونەریدا پێشبکەنین و بشگرین. بەڵام  بەرامبەر بەمە ئێستا ئیتر ئەو بینەرەی لەناو نەریتی کولتوری باڵادا پەروەردە بووە، بە زەوقێکی خۆشەوە پێیوایە، کەوا تیتانیک شتێکی پڕوپووچە و بەس، کەوا ئەوە بەرهەمێکی ئاساییانەی هۆڵیوودە و ستراتیژێکی بازرگانییانە و سینیکانە و دزێوانەشێتی، کەوا ئەو فیلمە کار لەسەر گەوجاندنی جەماوەر دەکات و بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان و کێشە و ململانێکان دادەپۆشێت. بەڵام باش تێبینی ئەوە دەکرێت، کەوا خودی ئەم بینەرە خاوەن کولتوری باڵایەش بەو زەوقە باشەشیەوە گەر تایتانیک ببینیت بەر لە هەموویان دەست بە پێکەنین و گریان دەکات. بەڵام ئەوە هەیە ئەم بینەرە گریانەکەی خۆی وەکو بەڵگەیەکی زیادە بۆ ئەوە ڕاڤە دەکات، کە هۆلیوود چەندێکە سینیکانە و گاڵتەجاڕانە و قۆرغکارانەیە. بینەر تاوەکو بەزەوقێکی باشەوە لە بینینی تایتانیک دا زۆرتر بگریت، ئەوا لە هەناویدا بڕیاری زۆرتر گەشەدەکات و، بەرەنگاربوونەوەی زۆرتر لەدژی باڵادەستی پیشەسازی کولتورییانەی ئەمەریکی و بەتایبەتیش لەدژی شێوە ژیانی ئەمەریکی پیشان دەدات. بەڵام کاتێک تەنانەت ئەو بینەرەش بەو زەوق باشەوە دەگری، ئیتر ئەو جەماوەرە فراوانە چۆن بتوانن بەرەنگاری ئەو زەوتکارییەی پیشەسازی کولتورییه ببنەوە؟  هەڵبەتە وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشکرایە: تەنیا لەڕێی ڕۆشنگەرییەکی نەبڕاوەوە.

  بەڵام ئایا مرۆڤێک چۆن شوێنگەی خۆی لەگەڵ زەوقی میللیگەرادا، کە ئێمە باپێی بڵێین هەواداری پۆپ، وە دەشتوانین پێی بڵێین مازۆخی، لەم کایەی ململانێیەدا لەنێوان سەرسامبوونی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەی کولتوردا دیاری دەکات؟

ئەو مرۆڤە ناگری، بەڵام تووڕەش نابێت. ئەو بەگشتی زۆر تەماشای خودی فیلمەکە ناکات، بەڵكو ئەو زۆرتر بایەخ بە ژمارەکان دەدات. ئەگەر ژمارەکان تەواو بن و بیسەلمێنن کە فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەیە لەخۆیدا، ئەوا لەهەموو بارێکدا هەواداری پۆپ پێیوایە ئەمە پەیوەندی بە  فیلمەکەوە هەیە. لەڕاستیشدا فیلمێکی جوانیشە و نایابیشە. لەبەرئەوەی ئەم فیلمە بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕۆحی سەردەم پیشان دەداتەوە، وە لەبەرئەوەی ئەوانەی سازیان کردووە هەستیان بە ڕۆحی سەردەم کردووە. لەبەرئەوەیە بەمپێیە ئەم فیلمە پڕە لە وانەی فێرکردن. کە ئەمەش گرنگترین لایەنی فیلەمەکەیە.

 لەهەمان کاتیشدا ئەگەر پرسیاری ئەوە لەم لایەنگری پۆپە Pop-Fan بکرێت ڕای تایبەتی خۆی بڵێت، ئەوا بەکارێکی پڕوپووچیشی دادەنێت. بەڵام ئەگەر ژمارەکانیش دروست بن، ئەوا پڕوپووچ بەلای ئەوە چیتر پڕوپووچ نییە، بەڵکو شاکارە. ئەمەش بریتییە لە چەقخاڵی دامەزراندنی زەوقی پۆپ: زەوقی پۆپ/میللی بۆ خودی شاکارە هونەرییەکە نییە، بەڵکو بۆ کارەکەیە بەو ژمارانەیەوە کە، دەبنە مایەی چەسپاندنی بڵاوبوونەوەی. ئەم ڕێکارەش ئەوەیە کە دەبێت مرۆ پێشڕەوی دابنێت و بەس.

ئارنۆڵد گێهلن لەسەردەمی خۆیدا قسەی لەبارەی پێداویستبوونی کۆمێنتار و لێدوانی هونەری مۆدێرنە و ئاڤانتگارد و پێشڕەو و پێشەنگ دەکرد. ئەم داڕشتنە لەهەمانکاتدا دروستە و نادروستیشە.  لەڕاستیدا توانستی زەوقی پێشڕەوی و ئاڤانتگاردی لەوێدایە، کەوا کاریهونەری Kunstwerk و لێدوان Kommentar وەکو یەکەیەکی لێکجیانەبۆوە ببینێت. چونکە کاریهونەری ئاڤانتگاردیش بریتییە لەوەی کە، بەکۆنتێکستکردنە مێژوویی و سیاسییەکانی خۆی بەتەواوەتی لەناو خۆیدا ئاوێنە بکاتەوە. کاتێکیش ئێمە کۆمێنتارێک لە کارێکیهونەری دەکەینەوە، ئەوا تەنیا وەکو کارێکیهونەری ترادیسیۆنالانە دەمێنێتەوە و هیچیتر، تەنانەت گەر ئەو کارەهونەرییە لەڕووی دەرەوەی و لەڕووی ئیستاتیکی ڕووتەوە شتێکی تری جیاواز دەرکەوێت لە کاریهونەرە تردیسیۆنە باوەکانیش.

بەبێ ئەو هەموو لێدوان و کۆمێنتارانە چوارگۆشە ڕەشەکەی مالڤیچ و فاونتاین ی دوشامپ شتێکی پڕوپووچن. کەواتە لێدوانەکان بەلای ئەم کارانەوە شتی دەرەکییانە نیین، بەڵکو ئەو بەشە نێوەکییەی کارەکەن، کە لێوەی کارەهونەرییەکە بایەخدار دەکات.

زەوقی ـ پۆپ بەوە خۆی پێکدەهێنێت، کە ئەم زەوقە کۆمێنتارەکە، واتە وشەکان دەگۆڕێتەوە بە ژمارەکان. ئیتر ئاوا بەم مانایە ئێمە دەتوانی لەبارەی پێداویستبوونی ژمارەی هەستیاری ـ پۆپەوە قسە بکەین.

دیارە هەستیاری ـ پۆپ  Pop-Sensibilitätبەو جۆرە دادەمەزرێت، کە لە کردەی سەرەتای دەرککردن بە کاریهونەری دا تەنیا ژمارەکانی بەرفراوانبوونی دەرک پێدەکات و هەست پیدەکات و بیرلێدەکاتەوە. لێرەدا کاریهونەری و سەرژمێرکارییەکەی یەکەیەکی لێکدانەبڕاو پێکدەهێنن، هەروەکو چۆن لەناو هونەری ئاڤانگارد دا کاریهونەری و کۆمێنتارەکەی یەکەیەکی لێکدانەبڕاو پێکدەهێنن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە: زەوقی ـ پۆپ چەندین میل دوورە لە زەوقی گشتی و جەماوەرییەوە، بگرە بنەچە و جینیالۆجیایەکەی تەواو جیاوازی لەو هەیە. زەوقی ـ پۆپ لە هەستیاری دەستەبژێرێکەوە دەردەکەوێت، کە بەلایەوە پەرچەکرداری ڕاستەوخۆی بینەرێک، بیستەرێک یان خوێنەرێک، جا گریان بێت یان پێکەنین، بەشتێکی ساویلکانە دادەنێت. بەرامبەر بەمە زەوقی ـ پۆپ Pop- Geschmack  بریتییە لە زەوقێکی بەرپەرچەوە بوو: واتە، ئەو تەنیا کاریهونەری وەرناگرێت، بەڵکو کۆنتێکست و نێوپەیوەندییەکانیشی دەرک پێدەکات و هەردووکیشیان لەهەمانکاتدا هەڵدەسەنگێنێت. بەم مانایە زەوقی پۆپ/ میللیگەرا جۆرێکی گەشەپێکراوی زەوقی ئاڤانتگاردییە/ پێشڕەوگەرییە. ئەم بنەچەدۆزینەوەیە ڕوونتر دەبێتەوە لامان ، کاتێک بیرمان بۆئەوەش بچێت، کەوا زەوقی میللیگەرا دەبێت بەبەردەوامی بە هەنووکە بکرێتەوە. ئەوەشی تا ئەمڕۆش هێشتا بە مادۆنا بخرۆشێت، ئەوە ئیتر بە ڕابوردوو دادەنرێت.  ڕابوردوو بوونیش لەڕێی زەوقی میللییەوە شتێکی قەدەغەیە. زەوقی میللیگەرا هەروەکو پێشڕەوە کلاسیکییەکە کۆشش بۆ شتە نوێکە و شتی ئێستاکێ دەکات، لەپێناوی ئەوەی تەواو مۆدێرن بێت.

به‌ڵام زەوقی میللیگەرا جۆرێکە لەو هەستیاری پێشڕەوگەرانەیەی، کە وەکو وتمان، وشەکان دەگۆڕێتەوە بە ژمارەکان.بەلای هەستیاری ئاڤانتگاردیستییەوە  یاسا وە یاخود مۆزەخانە بریتی بوو لە شوێنێکی نموونەیی و پارادیگمایی هونەر، تەنانەت ئەو ڕەخنەیەی کە دەیویست پشکنینی سترەکتوری دەسەڵاتی هونەر  بکات، یان ئەوەتا بەشێوەیەکی ڕێسایی مۆزەخانەی وەکو شوێنی ئەو سترەکتورە بینیوەتەوە وەیاخود لەدژی یاسایەک ناڕەزایی وپرۆتێستی کردووە. ئەو هونەرمەندەی لەناو مۆزەخانەدا ئاراستەی خۆی وەردەگرێت، ئەوە دەیەوێت شوێنەکەی خۆی لەناو شوێنێکی پێشتردامەزراو و لەناو هیرارشییەکی پێشتردامەزراودا بدۆزێتەوە. بەم مانایە ئەو هاوشێوەی ئەو موقەدەسەیە، کە گەرەکێتی شوێنەکەی خۆی لە مەملەکەتی  خودادا بدۆزێتەوە. ئیتر موقەدەس دەیەوێت بەزەیی لەچاوی خودادا بدۆزێتەوە. بەڵام هونەرمەند دەیەوێت بەزەیی لەچاوی مێژووی هونەردا بدۆزێتەوە. هەردووکیشیان بۆئەوە پێویستیان بە شەرعیەتێک، بە پاساوێک، بە کۆمێنتارێک دەبێت. هەردووکیشیان خۆیان لە حوکمی جەماوەر دوور دەگرن، لەبەرئەوەی ئەوان چاوەڕوانی حوکمێکی تری باڵاتر دەکەن. لەبەرئەوەیە هەم موقەدەس و هەم هونەرمەندی ئاراستەکراوی ناو مۆزەخانە لە دۆخێکدان کە، دەتوانن ئەو کردەوانە تەواو بکەن، کە لەدیدی جەماوەردا بێهودە ودزێون. بگرە لەوەش زۆرتر: تەنانەت ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەو کردەوە بێهوودە و ناشرینانەش تەواو بکەن، لەپێناوی ئەوەی ئەرکی خۆیان لەنێوان ئەوانیتردا بسەلمێنن. ئیتر ئێستا لەمێژە خودا بە خەیاڵ و فیکشنێک دادەنرێت. هەروەهاش لەمێژە مێژووش وەکو فیکشنێک ڕوونکراوەتەوە. کۆمئنیزم بریتی بوو لە دواهەمین فۆرمی کۆمەڵگا، کە لەسەر ئیدیۆلۆگیایەکی مێژووییانە پاساوی خۆی دامەزراند بوو، واتە لەسەر ناراتیڤێک و گێرانەوەیەکی مێژوویی دیاریکراو، کە وەکو ڕاستی دەبینرا. ئیتر لەدوای کۆتایی کۆمیونیزم مێژووش بووە ڕابوردوو، ڕابووردوویەک کەچیتر پێویست نییە بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا. بەمەش هەموو مێژوویەک دەبێتە فیکسیۆن، دەبێتە گێڕانەوە و چیرۆک. هەروەها بەمەش چیتر مۆزەخانە و دەزگا مێژووییەکان مانا پێوەرییەکانی خۆیان ون دەکەن. گەر مێژووش بریتی بێت لە فیکسیۆن و خەیاڵ، ئەوا چیتر پێناچێت خەباتکردن بۆ گرتنی شوێنێک لەناو مێژوودا  ئامانجێکی عەقلانی بێت. کەواتە ئەو بینەرەزیندووەی لەئێستا و لێرەدا ماوە، ئەوەی لەئێستا و لێرەدا  پەسەندکراوەکان و ناپەسەندکراوەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەو بینەرە بریتییە لە تاکە بینەری ڕاستەقینە. هەر بەمەش جیاوازی دەکرێت لەنێوان بینەرێکی ڕۆشنبیر و بەکوالیتی لەگەڵ بینەرێکی ناڕۆشنبیر و بێکوالیتی، چونکە هەردوو ئەو چەمکە( خوێنەوار و کوالیتی) دواجار ئاماژەن لەسەر مێژوو، لەسەر بەردەوامی، لەسەر هاوسەرێتی.

جگەلەوەش شانیشانەی هونەری ئەم دەساڵەی کۆتایی بریتییە لە زێدەبەرهەمهێنان. لەڕێی ئەوەی کە دوشامپ Duchamp پیادەی کرد بەناوی ڕێکاری ئامادەکراو/دروستکراو بەرهەمی پیشەی دەست لەڕێی هەڵبژاردەوە جێگەی دەگیرێتەوە. وە هەڵبژاردەیی بەرەوپێشچوونێکی خێراشی هەیە: نیگایەکی خێرای هونەرمەندێک بەسە بۆئەوەی لە شتێک کارێکی هونەری دروست بکات. هەروەها ڕێکاری دروستکراوی ئامادەکراو  Readymade Verfahren  بریتییە لە خێراترین تەکنەلۆگیای سەدەی بیستەم. بەڵام ئەمیش بە تەکنەلۆگیای تر پشتیوانی دەکرێت، کە ئەمانیش لەلایەن خۆیانەوە خێرایی بەرهەمهێنانی هونەری بەرزتر دەکەنەوە، بەنموونە فۆتۆگرافی و ڤیدیۆ. ئەو سادەییە ڕێژەییەی ئەم ڕێکارەی هونەربەرهەمهێنان هەیەتی دەبێتە مایەی ئەوەی، کە هەموو کەس بتوانێت تەنیا بە پەنجەدانانێک لەسەر دوگمەی کامێرایەک، فۆتۆیی بێت یان ڤیدیۆیی،  خێرا ببێتە هونەرمەند. بگرە تەنانەت ئەوەی بتوانێت گیتارێک و بڵندگۆیەک دابین بکات ئیتر دەبێتە هونەرمەند. بۆئەمەش بازاڕەکانی ئەمڕۆی هونەریش هەروەکو میدیا نوێکان،  بەنموونە وەکو ئینتەرنێت، دەردەکەون، کەوا دەکەن هەموو جۆرەکانی هونەر بەخێراییەکی گەورە لە هەموو دنیادا بسووڕێنێتەوە. لە دەرەنجامیشدا تەماشاکەر ڕووبەڕووی قەبارەیەکی بەردەوام و خێرا گەشەسەندووی هونەر دەبێتەوە، کە چیتر ئەو ناتوانێت بگرە تەماشایەکی ڕاگوزەریشیان بکات، یان ڕێکیان بخات، بگرە تەنانەت ناشتوانێت لێدوان و توانجێکیشیان لەسەر بدات.

 

فیگوری پارادیگمایی لەناو هونەری ئەم سەردەمەماندا دیارە چیتر بریتی نییە لە فیگوری هونەرمەندێکی تاک، بەڵکو فیگورەکە دەبێتە گروپێکی پۆپ، یان ڕۆک، یان تەکنۆ. دیارە گروپەکانی پۆپیش بەپێی پلەی زۆرتر هەنووکەییان بەربڵاودەبن و بەرهەمەکانیان هەڵدەسەنگێنرێن. واتە پێوەری سەرکەوتن وەکو شوێنگەگرتن و وەکو جێگەگرتن لەناو ڕیزبەندی چارتەکان دا. ئەوەشی ئەمڕۆ دۆڕا بێت، ئیتر بۆ هەموو سەردەمەکان دۆڕاوە. ئیتر کاریگەرایەتی ڤان گۆخ بوونی نەماوە. بەزینێکی ئەمڕۆ دواتر سەرکەوتنێکی مێژووییش جێگەی ناگرێتەوە.

هەروەهاش تەنانەت ژیانێکی سەگانەی ئەم دنیاش بە بەهەشتی ئەودنیاش جێگەی ناگیرێتەوە. کەواتە ئەو شوێنەی گروپێکی پۆپ لەسەریدا جێگیر دەبێت، بریتییە لە سەرژمێرکاری، نەک دەستوورێکی مێژوویی. ئەگەریش بەراوردکارییەکی مێژووی لەنێوان گروپە پۆپەکان ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەویش هەروەکو پێوەری ڕیزبەندی ڕێژەی تەماشاکارەکان دەبێت << لەهەموو سەردەمەکانەوە>> ــ مێژوو دەگۆڕێت بۆ ئێستایەکی هەمیشەیی، ماناکەشی لەناو ململانێیەکی کاتدارییانەی هەموو گروپەکانی پۆپ لەنێوان یەکتریدا دەبینرێت لەپیناوی ئەوەی خۆشەویستی جەماوەرێکدا، کە چیتر جیاوازییەک ناکات لەنێوان زیندوو و مردوودا، لەبەرئەوەی ئەوان هەموویان لەناو هەمان سەرژمێرکاریدا بەهەمانشێوە بەرزبوونەتەوە.

مۆزەخانەش ئەمڕۆ وەکو شوێنی هونەری پرۆفیسیۆنال خۆی دانامەزرێنێت، بەڵکو وەکو سەرژمێرکارییەکە. بەمەش ئەو شوێنەی کە هونەری تێدا دادەمەزرێنرێت، لەڕاستیدا ئەبستراکتر دەبێت لەوەی لەحاڵەتی مۆزەخانە و دەزگا و دەستووردا هەیە. لێرەدا شتەکە چیتر سەروکاری لەگەڵ شوێنە بینراوەکان یاخود ڕێکخستنە خوێندراوەکان نییە، بەڵکو تەنیا سەبارەت بە ژمارەکانە.

بۆریس گرۆیس ؛ فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناس
بۆریس گرۆیس ؛ فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناس

وەکوتریش خودی مۆزەخانە لەم ڕۆژگارەدا بووەتە ملکەچی هەڵسەنگاندنە سەرژمێرکارییەکان. بەمپێیەش ئیتر پارچە کۆکراوە مۆزەییەکان وەکو مادەیەکی خاو دەبینرێن، کە تەنیا یەک کوراتۆری پێویست دەبێت، تاوەکو لەوبەرنامەی پێشانگایەی خۆی سازی داوە ، هەڵوێستی تاکانەی خۆی و، ستراتیژی تاکانەی خۆی لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ هونەردا بخاتە ڕوو. لێرەشدا تەنیا ڕیزبەندی چارتەکان لە خزمەتی پێوەری سەرکەوتندا دەبن، وەکو: ژمارەی سەردانیکەران، ژمارەی گفتوگۆکانی لە ڕۆژنامەکاندا، باری ئابووری مۆزەخانەکە، دانپێدانانی هاوکارەکانی وە هتد.

جیاواز لە سەردەمانی زووش دیارە تێدابوون یاخود تێدانەبوونی هەندێک کاری هونەری دیاریکراویش لەنمایشێکی مۆزەییدا نابێتە مایەی بەرپابوونی گەنگەشەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتمەند. چونکە کوراتۆرێکی تاک، کە ئەم تێدابوونە یاخود تێدانەبوونە لەناو چوارچێوەی ستراتیژی پێشانگاکەیدا پیادە دەکات، چیتر وەکو نوێنەرایەتی ئەو گشتە نابینرێت، کە بڕیارەکەی خواستی گشتەکە بخاتە پلانەکەوە. بەڵام کوراتۆر وەکو ئیندیڤیدومێکی تایبەتمەند لەلایەن ستاتیستیکی هونەرەوە دەپشکنرێت و دواتریش دەدۆڕیت، ئەگەر ئەمیان سەرکەوتنی ستراتیژەکەی نەسەلماند، بەڵکو بەسادەیی و بەتەنیا شوێنگەکەی بسەلمێنێ، بەبێ ئەوەی  هیچ گەنگەشەیەکی گەورەی بەرپاکرد بێت.

مۆزەخانەیەکی تاکانەی هونەر لەگەڵ کوراتۆرەکانی خۆیدا لەپابەند بە ستاتیستیکی هونەرەوە هەروەکو گروپێکی پۆپ ڕەفتار دەکات و بە هەمان پێوەری بەراوردکاریش هەڵدەسەنگێنرێت. هەڵبەتە لەلایەن میدیای تاکوتەرای هونەریدا جیاوازییەک شک دەبرێت لەناو کۆلێکتیڤەکان و پێکەوەدانانەکان و هەڵسەنگاندنەکانی هەریەکە لەو سەرژمێرکارییانەی بۆ هونەر کراون، واتە سەرژمێرکاری پێشانگاکان جۆرێکی جیاواز کار دەکەن وەک لە سەرژمێرکارییەکانی بۆ موزیک دەکرێن یاخود ئەوانەی بۆ سەرژمێری چەندجار چاپکردنەوەی کتێبەکان دەکرێن، هتد.

 دیارە ئەو جیاوازییە وردیلانە هیچ مانایەکی ئەوتۆیان نییە. شتی گرنگ تەنیا ئەوەیە جەخت بکرێتەوە لەوەی کە : لەمڕۆدا شوێنی هونەر بریتییە لە سەرژمێرکاری هونەر. هەروەها زەوقی پۆپ بریتییە لە بەرتەکێکی هاوتای  گواستنەوە لە کانۆنەوە بۆ ستاتیستیک و لە وشەوە بۆژمارە.

ئاوەها زەوقی پۆپ کڕنووشێکی خۆویستانە و مازۆخییانەی هونەرمەند و ڕۆشنبیر بۆ بەرژەوەندی جەماوەر ڕادەگەیەنێت. خەڵکی لەبری ئەوەی لەدژی ئەو داداوەرییە ڕاپەڕن، شوێن ستاتیستیکی هونەر دەکەون و چێژیش لە ناداوەرییەکەی وەردەگرن. لەمەشەوە ئیتر وەرچەرخانێکی توندی عەقلی دەردەکەوێت، کە توند لە مێنتالیتێت و عەقلی مۆدێرنەی زوو جیامان دەکاتەوە. جاران جەماوەر مایەی ڕق بوو، وە لەدژی دەسەڵاتی جەماوەر ڕادەپەڕین.

بەڵام ئاڤانتگاردە ڕادیکالەکان زۆر چالاکانە کۆششی ئەوەیان دەکرد کە، بەشێوەیەکی توند جەماوەر ناچاری هاوسەرگیرییەکی نوێ بکەنەوە. هەر لەبەرئەمەشە کە ئەو پێشەنگانە زۆرجار خۆیان بە هێزە سیاسییەڕادیاکالەکانەوە گرێ دەدا، ئەو هێزانەی کە دەیانویست بازاڕ لەناو بەرن و کۆمەڵگا لەڕێی گوتارێکی دەروەستانە بۆ هەموو، یاخود لەڕێی ستایلێکی دەروەستانەی هونەری بۆ هەمووان دابمەزرێننەوە. دیارە ڕۆشنبیرانی هەم چەپ و هەم ڕاست سکاڵایان لەسەر ئەو دۆخی کۆیلەیەتیە دەکرد  و، هەوڵی ئەوەیان دا، وەکو ئەو گریکەیان لێ بێت، کە لەلایەن زاشەر ـ مازۆخ وەکو نەیارەکەی سێڤەرین، وەکو پیاوێکی خام و بێئاگای کردەوەکە وەسف بکرێن، ئەو پیاوەی کە خۆی بەتوانا پیشان دەدا بۆئەوەی ڤاندا ناچار بکات.

هەر لەنیتچەوە تا هایدێگەر و لە مالەڤیتچەوە تا پیکاسۆش زۆر ئەو داوایەیان بەرزکردۆتەوە کە ئەو ڕۆڵە سەرکەوتووەی ((گریکەکان)) وەربگرن. بەشێوەیەکیش لە شێوەکان گەڕانەوە پۆست نیتچەییەکە کاریگەری خستە سەر گریکییە سامناکەکە وەکو داواکارییەک بۆ مامەڵەکردن بە توندوتیژی لەوشوێنەدا کە هێزی بەڵگەنەویستەکە شکستی هێنابێت. هەڵبەتە زاشەر مازۆخ تێبینی ئەوەشی کردبوو، کەوا باڵادەستی << گریکەکان>> بەسەر ڤینۆسی ناو فەرووەکەوە بەردەوامییەکی درێژخایەنی نییە، چونکە گریکەکە دواتر لە زۆرانبازییەکدا تیا دەچێت و، ڤانداش دوای ئەوە بەردەوام دەبێت لەپاریس وەکو << ئەپاسیا>>.

 هەڵبەت بەپێی شیکارێکی ڕەخنەییانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگا، هەمیشە ئەم پرسیارە دەخرێتەوە ڕوو: کەواتە ئەی ئەلتەرناتیڤ چییە؟ ئێوە پێشنیاری چی دەکەن بۆئەوەی شتێکی جیاواز بکەن؟ خۆ ئەگەر ئێوە <<گریکی>> نین، ئەوا پێدەچێت ڕەخنەکەتان تەنیا لەلایەن کینەیەکی بێدەسەڵاتەوە لەدژی ڕۆحی سەردەم بنووسرێتەوە. وە ئەگەریش کینەیەکی لاواز و بێدەسەڵات جڵەوت بکات، ئەوا ئەمە لەکاتی نیتچەوە بە ناشایستە و بە نامۆرالی دادەنرێت.

بەڵام لەڕاستیدا ئەمە لەبەرچی؟ ئەی بەڕاست مرۆ چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ ئەو یانە مۆرالییەی کینە، کە هەرکاتێک قسەکردنەکان لەبارەی گەنگەشەکردن بوو لەسەر کاتی هاوچەرخ، ئیتر دەستبەجێ مرۆ بێدەنگ وخامۆش دەکات؟

سەرسامهێنترین شتی ئەم ڕۆمانەی ساشەر مازۆخ ڕێک بریتییە لە بووژاندنەوەی کینە کپبووەکە و ئەو ڕقە بێدەسەلاتەی، کە لەناویدا دیفاکتۆکە دەجووڵێت. ئەو وەسفەشی ساشەر مازۆخ لەسەر هەلومەرج و پەیوەندییەکانی << گریکایەتی>> و << مەسیحایەتی>> پێمان دەگەیەنێت، لەخۆیدا وەرچەرخانێکی قووڵی نیتچەییانەیە، واتە: کەسی گریکی کەسێکی گەشبینە، چونکە ئەو بەسام و، پوخت و قەشەنگە و لەلایەن کۆیلەکانیشەوە خزمەتی دەکرێت. کەچی بەرامبەر بەم، شەهیدە مەسیحییەکە کەسێکە کە چۆک بۆ گریکییەکە دادەدات و کینە خامۆشەکەی دەهێنێتە دی. بەڵام، وەک ئەوەی نیتچە باسی لێوەکردووە، ئەم کینەیە/ ڕیزەنتیمێنتە لای ساشەر ـ مازۆخ بەرەو ڕقێکی بارگاوی بەتۆڵەسەندنەوە لە گریکەکان ناچێت. بەڵکو بەلای ساشەر مازۆخەوە ئەم ڕیزەنتیمێنتە لاوازە بریتییە لە سەرچاوەی چێژێکی بێکۆتا.

وەک چۆنیش بەلای کیرکیگوردەوە ئەوە بریتییە لە ناجێگیرییەک و پەنهانێک و تەمومژاوییەکی نادیاری ئەوانیتر، ئاواش بۆ ساشەرــ مازۆخ ئەوە تاکە گەرەنتییەکی شیاوە بۆ جێگیرێتی سوبیەکتیتێتی خود. چونکە ئەم پەنهانییە و ئەم نادیارییە ڕێگری لەوە دەکەن کە سوبیەکت لەڕێی بەڵگەنەویستەیەکی هاوبەشەوە، لەڕێی لێکتێگەیشتنێکەوە، لەڕێی توانەوەیەکی فەلسەفییەوە یاخود ئیرۆتیکییەوە لەگەڵ ئەوانیتردا لەناو ئەوانیتردا خۆی ون بکات و لەناویاندا خۆی شی بکاتەوە. لەبەرئەمەیە کە ساشەر ــ مازۆخ هاوسەرەکەی ناچاری ئەفێرەیەک لەگەڵ << گریکەکاندا>> دەکات، تەنانەت گەر بەتۆپزیش بوو بێت. ئەو بەمە فاسیلەیەک لەئەوان وەردەگرێت و لەدواجاریشدا لێرەوە سوبیەکتبوونی خۆی دەپارێزێت و کینە و ڕیزەنتیمێنتەکانی و گومانەکانی و نائومێدییەکانی بەچێژەوە چاکسازی تێدا دەکات.

بەمپێیە نووسەری ئەمڕۆ زۆرتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە، کە بەتەواوەتی جەماوەرەکەی بپەرستێت، تەنانەت ئەگەر ئەو جەماوەرەش سادە و بەدسامناکانەش بەرامبەری ڕەفتار بکات. چونکە لەمەوە نووسەر وا هەست بەخۆی دەکات کە لە جەماوەرەکەی دابڕا بێت و خودگەرێتی خۆی پاراست بێت.  ئەگەر هەرکاتێکیش نووسەر لەلایەن جەماوەرەکەیەوە ناسێنرا، ئەوە بۆ ئەو دەبێتە تۆقاندنێک، ئەمەش مانای : ئەو تەنیا << گریکی>>یە و بەس.

ئاوەها نووسەری ئەمڕۆ  چیتر مەیلی لە ڕەخنەگرتنی جەماوەر و لە یاخیبوون نییە. بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێک بەومانایە نایەت، کەوا ئەو نابێت بەهۆی تێگەیشتنێکی هەڵەوە بەرپەرچدانەوەی هەق بکاتەوە و سکاڵا لە کۆمەڵگای ئەمڕۆ نەکات و بە توانج و کۆمێنتاری لاوازەوە وەدووی بکەوێت. چونکە دەستبەرداربوونی ئەو جۆرە کۆمێنتارانە مانای وایە، چێژێک بۆ خۆت وەرگریت، چێژێک لەڕێی چێژێکی مازۆخییەوە، بەبێ ئەوەی پێویستت بەوە بێت، چونکە ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە، کەمەکەیە.

 

بۆریس گرۆیس: لەدایکبووی ١٩٤٧ لەبەرلین، لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە پرۆفیسۆری کولتورناسی و فەلسەفە و تیۆری میدیاکانە لە زانکۆی دیزاین لە کارلسروهە. لەگەڵ پیتەر سلۆتەردایک. دیارترین تیۆریسازی کولتور و هونەرە. خاوەنی چەندەها کتێبی دانسقەیە لەو بوارەدا. 

 

سەرچاوە:

Boris Groys, Die Muse im Pelz. Literaturverlag Droschl-Wien 2004.

ل٢٨