پۆستەری فیلمی `دارگوێز` نۆڤمبەری ٢٠٢١ لە سلەمانی نمایشکرا

فیلمی ئێرانیی و کولتوری کۆڵۆنیالیزم


Loading

هێرۆ خوسرەوی و پێشڕەو محەمەد

فیلمی ئێرانیی و کولتووری کۆڵۆنیالیزم

هێرۆ خوسرەوەی – پێشڕەو موحەمەد

کۆڵۆنیالیزم بەشێوەیەکی نەریتیی وەک داگیرکاریی دەسەڵاتێکی بێگانە پێناسە دەکرێت کە خاکی خەڵکانێکی دیکە داگیر دەکات و هێزی کاری کرێکارانی کۆڵۆنیالیزەکراو دەچەوسێنێتەوە، و لە هەمانکاتیشدا سیستەمەکانی حوکمڕانیی، زمان و کولتووری هێزی داگیرکەر دەسەپێنێت. ئەگەرچی ئەم پێناسە فراوان و گشتییە وەک پێناسەیەکی پوختەکراو و کورتکراوە بۆ سەرتاپای سیاقەکە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەشێکی زۆری لێکۆڵەرانی فۆرمە کۆڵۆنیالییەکان، پراکتیکەکان و هەلومەرجە کۆڵۆنییەکان لەوەدا فەشەلیان هێناوە بتوانن وردەکاریی کارکردنی کۆڵۆنیالیی لە ئاستی خوارەوە یاخود کولتوورییدا ببینن، یان ئەوەی لە زمانی مارکسیستیی کلاسیکدا پێیدەگوترێت سەرخان، یان بەگوێرەی تیۆری گرامشیی و تازەکردنەوەی مارکسیزم پێیدەگوترێت باڵادەستیی هەژموونی کولتووریی هێزە چەوسێنەرەکان. ئەی چی ڕوودەدات ئەگەر وڵاتێکی نیمچەکۆڵۆنیی ڕابردوو، ئێستا لە هەردوو ئاستی پراکتیکیی و هەژموونی کولتوورییدا بەجۆرێکی دیکە کۆڵۆنیالیزم پیادە بکات؟

فرانتز فانون لە کتێبی “چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی کۆڵۆنیالیزمی سەرەمەرگ”[١]، بەرهەمێکی کەمتر ناسراو بەراورد بە “پێستی ڕەش و ماسکی سپیی” و “نەفرەتلێکراوانی زەوی”، بەجۆرێک لە جۆرەکان بە وردیی ڕۆدەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کۆڵۆنیزەکراو و کاریگەرییەکانی ڕادیۆ، تەندروستیی، فیلم و هتد شیدەکاتەوە. فانون پێیوایە کۆڵۆنیالیزم نەک تەنها بەشێوەیەکی کلاسیک داگیرکاریی لەسەر خاکێکی دیکە ئەنجام دەدات، بەڵکو هەروەها جۆرە داگیرکارییەکی ناڕاستەوخۆتر بەڕێوەدەبات کە زۆرجار فۆرمە داگیرکارییە کلاسیکییەکە ون دەکات. بۆ نموونە هەمیشە هێزە کۆڵۆنیالیستەکان لەناو هەر گەل و خاکێکی کۆڵۆنیزەکراودا سێ گروپ بەرهەم دەهێنن، کە شوێنی داگیرکارییە کلاسیکییەکە پڕ دەکەنەوە، لەوانە:

یەک، دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆسەر گروپ، قەبیلە و خێڵی بچووک بچووکی دوژمن بەیەک،

دوو، بەرهەمهێنانی گروپە شەقاوە و بەڵتەجییەکان لەناو خودی خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراودا تا هێرش بکەنە سەر لایەنی نەیار.

سێ، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، یان فراوانتر کرێکارانی کولتوور، تا کولتووری نەتەوەیی سووک بکەن و کولتووری هێزی کۆڵۆنیالیست بە پێشکەوتوو نیشان بدەن.

ئێمە کاریگەرییەکانی ئەم سێ خاڵەی کۆڵۆنیالیزم بە فراوانیی لەناو هەموو کۆمەڵگا کۆڵۆنیزەکراوەکاندا دەبینین و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە، بەڵام خاڵێکی گرنگتر هەیە دەکرێت بۆسەر خاڵی سێیەمی فانون زیادی بکەین، گۆڕینی وێنەی دوژمن بۆ وێنەی دۆست لە نواندنەوەی سینەماییدا. گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک، فەیلەسوفی دێریدایی، کە خۆی بە “هەڵوەشاندنەوەخوازێکی مارکسیست-فیمینیستی پراکتیکییی” لەقەڵەم دەدات و لە هندستان لەدایکبووە و جگە لە تیۆرە داهێنەرەکانی، هەروەها وەرگێڕی کتێبی دێریداش بووە بۆ زمانی ئینگلیزیی، لە نووسراوە بەناوبانگەکەیدا بەناوی “ئایا ژێردەستەکانیش دەتوانن بدوێن؟” (١٩٨٨) باس لەوە دەکات ژێردەستەکان ئەو کۆمەڵانەی ناتوانن خۆیان لەڕێگای دەنگ و ڕەنگی خۆیان بنوێننەوە، بەهەموو هۆیە ماتریالیی، داگیرکاریی و هێشتنەوەیان لەژێر حاڵەتی ناگەشەسەندووییدا ئەوا کولتووری ئیمپریالیزم دێتە ناوەوە و خاوەن دەسەڵاتێکی وەهایە دەتوانێت بە سانایی زانین و مۆدێلی پەروەردەی گەلان و خەڵکانی ژێردەستە بێ بەها بکات و بەگوێرەی مۆدێلە قوچەکیی و هەڕەمییەکەی خۆی، هەوڵدەدات خۆی وێنەی گەلان، خەڵکان و گروپە ژێردەستەکان پیشان بدات و لەڕێگای فۆرمە کولتوورییەکانەوە نمایشیان بکات[٢]. سپیڤاک لە بەرهەمەکەیدا بەردەوام بۆ مارکس، فوکۆ، واڵتەر بنیامین، لوویی ئاڵتووسێر و ژاک دێریدا و هەروەها ئێدوارد سەعید دەگەڕێتەوە تا تیۆرەکەی خۆی بونیاد بنێت. بەڵام ئەوەی سپیڤاکیش هاوشێوەی فانون لەبیری کردووە یاخود بەهەر هۆیەک بێت هەڵوەستەیان لەسەر نەکردووە، دیسان نواندنەوەی وێنەی قوربانیی و گۆڕینی وێنەی دوژمنە بۆ دۆست لە فۆرمێکی دیاریکراوی کولتوورییدا کە سینەمایە.

لە ڕاستیدا سینەمای یەکەم هەمیشە وێنەی کولتووریی بۆ خەڵکانی ژێردەستە کێشاوە و ئەم سینەمایەش لە مێژوودا بۆ یەکەمجار لە ئەوروپا (بەتایبەت بریتانیا و فەڕەنسا وەک دوو هێزی سەرەکیی کۆڵۆنیالیست و پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەڵمانیاش دێتە ناوەوە) سەرهەڵدەدات، هەڵبەت لەگەڵ گەشەی زیاتری خەباتی دژەکۆڵۆنیالیی، مۆدێلێکی سینەما سەرهەڵدەدات کە ناوی سینەمای سێیەمە[٣] و ئەم مۆدێلەش بەدیاریکراوی ڕەهەندێکی جوگرافیایی هەیە واتا شوێنەکانی خەبات دژی ئیمپریالیزم و پاشماوەکانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپیی. ئەرکی ئەم سینەمایە ڕەهەندێکی زۆر بەهێز و ڕادیکاڵی کولتووریی هەبوو، واتا لەکۆڵۆنیالیخستنی وشیاریی گروپە ژێردەستەکان، کولتوور و دامەزراوەکان و ئەو سیاسەتانەی دەیانویست مۆدێلی سەرمایەداریی خۆرئاوایی لە ناوچە کۆڵۆنیزەکراوەکاندا، وەک تاکە مۆدێل و ئەگەری پێشکەوتن بۆ گەلە ژێردەستەکان پیشان بدەن. بەڵام ئەفسانەی کۆمەکی کۆڵۆنیالیی بۆ پێشکەوتن زۆر دەمێکە بەتاڵ بووەتەوە و کتومت مێژوو پێچەوانەکەی سەلماندووە، کۆڵۆنیالیزم لە هەرکوێ لانەی خۆی هەڵبدات، لەوێ دواکەوتوویی، تاڵانیی، ئاژاوە، جەنگ و ماڵوێرانیی بۆ گەلانی ژێردەستە دەهێنێت و هەموو ئەگەرەکانی گەشەسەندنی ئەو کۆمەڵگایانە لەباردەبات و دواجار وزەی مرۆیی و ماتریالیی ئەو خەڵکانەش تاڵان دەکات، وەک مۆدێلە کلاسیکییەکەی تاڵانی زێڕ و سامانی ژێر زەوی و ئێستاش زەوییە کشتوکاڵییەکان (بەوەدا کە وڵاتانی خۆرئاوا بوونەتە ناوچەی پیشەسازیی و پێویستیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان هەیە) و پاشان کێشکردنی هێزی کاری هەرزانی گەلانی ژێردەستە بۆ سەنتەرە پیشەسازییەکان و نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکان و شوێنەکانی کاردا. سینەمای سێیەم بەدیاریکراویی لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دژی ئەم فۆرمە کولتوورییەی سینەمای یەکەم، یاخود کولتووری کۆڵۆنیالیزم، سەریهەڵدا.

ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت ئیزافەی سەر تیۆرەکانی فانون و سپیڤاکی بکەین[٤] گۆڕینی وێنەی دوژمنە بۆ وێنەی دۆست لە سینەمادا و پاشان ڕق لەخۆبوونەوە. با نموونەکەمان بە نموونەی زۆندەکۆماندۆ ببەینە پێشەوە. نازییەکان کاتێک کەمپەکانی کاری زۆرەملێ و قڕکردنیان دروستکرد، لەناو زیندانیاندا دەستیانکردبوو بە هەڵبژاردنی “پیاوانی بەهێز” بۆ ئەوەی گروپێک یان یەکەیەکی تایبەتیان لێدروستبکەن و ئیشی ئەو یەکەیە ئەوە بوو کە دەبوو چاودێریی زیندانیان بکات، قژیان بتاشێت، ئامادەیان بکات بۆ ژوورەکانی بەگازخنکاندن، جلەکانیان کۆبکاتەوە، لاشەکانیان دەربهێنێت، بیانبات بۆ کوورەکانی سووتاندن، پاشان خاک و خۆڵەمێشی لاشە سووتاوەکان کۆبکەنەوە و کوورەکان پاکبکەنەوە بۆ پرۆسەی دواتر. زۆربەی ئەوانەی لە ئاوشڤیتز ڕزگاریان بوو، دوای ئەوەی هەوڵیاندا ئەزموونەکانیان بنووسنەوە، وێنەی ڕەسەنی جەللادیان لێ بزر ببوو، خۆیان لێ ببوو بە جەلاد و لە دێڕ بە دێڕی نووسراوەکاندا، چیتر ئەوە نازییەکان نەبوون دڕندەی سەرەکیی، بەڵکو قوربانیان خۆیان وێنەی جەللادیان بۆ دروستکرابوو، شتێک ڕوویدا کە بە دەتوانین بە “گواستنەوەی ئەزموونی گوناه” ناوی ببەین، واتا نازییەکان بە میتۆدێکی زۆر ئاسان وایانکرد لە خنکاندن و سووتاندنی ملیۆنان کەس هیچ کات هەست بە گوناه نەکەن، چونکە ئەوان بەدەستی خۆیان کارەکەیان ئەنجام نەداوە و لە دادگاشدا دوای جەنگ، بەڕوونیی لە لێدوانەکانیاندا دەردەکەوێت کە ئەوان گوناهبار نەبوون، بۆ نموونە لەو ڕاپۆرتە بەناوبانگەی هانا ئارنت بەناوی “ئایشمان لە ئۆرشەلیم” تۆماری کردووە، بەڵکو ئەوە قوربانیانن دەبێت هەست بە گوناه بکەن.

دوای ئەوەی چیتر بەجێماوان نەیاندەتوانی قسە بکەن و وێنەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بگوازنەوە، نازییەکانی ڕابردوو و ئێستا سوێندخواردوانی دیموکراسیی، دەستیانکرد بە بەرهەمهێنانەوەی وێنەی قوربانیی لە کەمپەکاندا، هەڵبەت لە غیابی قوربانیان خۆیان، و ئەمجارە وێنەیەکی بەزەیی بەرانبەر بە قوربانیان لەلایەن سینەمای یەکەمەوە دروستدەبوو کە تۆ لە بینینی ئەو فیلمانەی کارەکتەری قوربانیی ڕۆڵی دەگێڕا (هەڵبەت ئەکتەرێکی چینی ناوەڕاستی سپی پێست) تۆ یەکەم شت دەتکرد هاوسۆزیی تەواوەتیی نەبوو لەگەڵ قوربانیان، چونکە چیتر ئەوان لێرە نین، بەڵکو دوای بینینی هەر فیلمێک دەکەوتیتە ستایش و مەدح و سەنای سینەمای یەکەم بەوەدا کە چۆن وێنەی قوربانیی بە “ڕاستگۆیی” پیشان دەدات و تۆش دڵت بۆ قوربانیی دەسووتێت، بەڵام هەر ئەوەندەی هۆڵی سینەما بەجێدەهێڵیت، ئەوە چیتر قوربانیی نییە چاوی سەرسامبوونت ئەبڵەق دەکات، بەڵکو کوالیتیی و شێوازی بەرهەمهێنانی فیلم و “بلیمەتیی” دەرهێنەرەکەیە تۆ شەیدا دەکات. لێرەوە وێنەی ڕاستەقینەی دوژمن لە سینەمادا دەبێتە وێنەی دۆستی گیانی بەگیانیی.

جا ئەگەر لەم وتارە کورتەدا نەمانەوێت بابەتەکە زۆر درێژ بکەینەوە، ئەوا دەبێت لێرەدا زۆر بە کورتیی ئاماژە بە هەژموونی کولتووریی کۆڵۆنیالیزمی ئێڕانیی بکەین لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بەشێکی بەشێوەی ڕاستەقینە ژێردەستە و بەشەکەی دیکەشی، ناڕاستەوخۆ لەژێر هەژموونی کولتووریی کۆڵۆنیالیی ئێراندا. بێگومان لەو ١٥ ساڵەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەی سلێمانیی و دەوروبەریی، باشترین بازاڕی هەزرانی کاڵای ئێرانیی و ئارامترین ناوچەی پیادەکردنی هەژموونی کولتووریی ئیمپریالیستیی-کۆڵۆنیالیی ئەو وڵاتە بووە. لە بەرهەمهێنانی ماستەوە بیگرە تا دەگاتە “هەناردەکردنی فەیلەسوف!” جگە لەوە، لەڕوانگەی جیۆپۆلەتیکیشەوە، ئەم ناوچەیە بۆ ئێران گرنگ بووە لێیەوە هەژموونی خۆی لەسەر ناوچەکە و عێراق بەگشتیی بسەپێنێت.

وێنەی کورد لە سینەمای ئێرانییدا، هەمیشە وێنەی بوونێکی لاواز، تێکشکاو، میواندۆست، نەریتپارێز، “شەڕواڵ لەپێ”، عەشیرەتچیی، ژنکوژ (هەڵبەت نەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردیی ژنکوژیی تێدا نەبێت)، و هتد بووە، زۆرجار، لەلای ئەو سینەماکارانەی ویستوویانە خۆیان لە نیگای تاکی کورددا وەک دۆست پیشان بدەن، نواندنەوەی وێنەی کورد، هەمیشە وێنەیەکی لاواز بووە کە تۆ ڕقت لێی نەبێتەوە، بەڵکو بەزەییت پێیدا بێتەوە. ئەمە لە لایەک، لەلاکەی دیکەوە، زۆرجار سینەمای ئێرانیی، وێنەی کوردی وەک قارەمان و هاوپەیمانی ئێران پیشان داوە، بەتایبەت کورد لە باشووری کوردستان و لە باکووری کوردستان. هەر کاتێک جیۆپۆلەتیکی نوێ و پێکدادانە هەرێمییەکان لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی بەشێکی خاکی کوردستانیان لەژێردەستە، زیاتر گرژ بووبێتەوە، ئێران وێنەی کوردی بەکارهێناوە بۆ لێدان لە هەژموونی سیاسیی، جیۆپۆلەتیکیی و کولتووریی وڵاتانی، لەئێستادا، وەک تورکیا و پێشتریش عێڕاق.

پۆستەری فیلمی `دارگوێز` نۆڤمبەری ٢٠٢١ لە سلەمانی نمایشکرا

سەبارەت بەم فیلمەی “دارگوێز” لە دەرهێنانی محەمەد حوسێن مەهدەویان، کە هێشتا جگە لە ترەیلەرەکەی، کۆی فیلمەکەمان نەبینیوە، بەڵام زانیارییمان لەسەر دەرهێنەر بەشی ئەوەندە دەکات و پشت بەست بە ترەیلەرەکە، بەبێ زۆر قوڵبوونەوە تێبگەین مەهدەویان (کە شتێکی شاراوەش نییە) یەکێکە لە لایەنگرە هەرە سەرسەختەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆی بەرهەمەکانی وەزارەتی کولتووریی ئێران تەمویلی دەکات، دەشتوانین بە سانایی بڵێین کە، دیسان بەگوێرەی ترەیلەرەکە، ئەم فیلمەش درێژکراوەی پڕۆژەی مەهدەویانە و ڕیشەی ئەم پڕۆژەیەش بە قوڵیی لەناو کولتووری کۆڵۆنیالیستیی ئێرانیی و دروستکردنی چەمکی وەهمیی “ئێرانشەهری” دایە. کورد بەشێکە لە ئێران، عێڕاق کیمیابارانی کردووە و ئەنفالی کردووە، ئێمەی ئێرانیی، بەزەییمان بۆ کوردە میواندۆستەکانمان هەیە، دەبێت وێنەیان بەجۆرێک پیشان بدەین کە شایانی بەزەیی و گریان بێت. دواجار خودی چەمکی بەزەیی بە پلەی یەک، لای ئەوان، بۆ کوردەکانی عێڕاق و تورکیا درێژدەبێتەوە، نەک ئەوەی کارەساتەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی و پێشتر ڕژێمی شا و جەور و ستەمی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان پیشان بدەن. لەو شوێنەدا کە فیلمەکە دەڵێت کوردەکان هەمیشە هیوایان هەیە و هەمیشە بەهێزن، و هەمیشە توانای مانەوە و خۆڕاگرییان هەیە، ئەمەش لە نەست و هەستیشدا بەو مانایە دێت کە ئەو وێنەیە لای کورد دروستبکەن کە ئەوان دەتوانن هەمیشە ئەم مۆدێلە بەرهەم بهێننەوە. ئەو وێنەیەی کە دەڵێت کوردەکان هەمیشە توانای خۆڕاگریی هەیە و شتکست ناهێنن بۆ ئەوە نییە ستایشی کوردەکان بکەن بەڵکو بۆ ئەوەیە شتێکی دیکەیان لەگەڵ بکەن: واتا دەرفەتێک دەخوڵقێنن بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکەی خۆیان. وەک ترەیسی واشنگتن لە ڕستەیەکیدا سەبارەت بە نیگای پیاوان بۆ توانای خۆڕاگریی ژنان دەریبڕیوە: “بووەستە لەوەی پێم بڵێیت تۆ نەبەزیت. من نەبەز نیم. چونکە هەر کاتێک ئێوە وادەڵێن، ‘ئۆو، ئەوان نەبەزن’ دەتانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەردەوام بن لە ئەنجامدانی کارەکەتان”[٥]. ئەم ڕستەیە دەکرێت بۆ سیاقی جۆراوجۆر بەکاربێت، بۆ نموونە سەرکوتی زیاتری ژنان بەوەدا کە خۆڕاگر و نەبەزن و توانای بەرهەمهێنانەوەیان هەیە، هەروەها بۆ چەوساندنەوەی ژینگە بەوەدا زەوی خۆڕاگرە و خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە و ئەمەش وەک دەزانین کارەساتی بۆ زەوی خوڵقاندووە و هەروەها دەشکرێت بۆ نەتەوە و گەلە ژێردەستەکان بەکاری بهێنین. ئێمە قسەکانمان لەسەر ناوەرۆکی فیلمەکە هەڵدەگرین بۆ ئەو کاتەی کۆی فیلمەکە ببینین.

بەڵام هەر سەبارەت بە کولتووری کۆڵۆنیالیزمی ئێڕانیی، خاڵێکی دیکە هەناردەکردنی فیکرە جیاوازەکانی ئەو کولتوورەیە بۆ کۆمەڵگای مەبەستدار و دروستکردنی ڕەوت و گروپی جۆراوجۆر نوێنەرایەتیی ئەم کولتوورە بکەن. بۆ نموونە ئێران هەوڵیداوە لە هونەر، سیاسەت و کولتووردا، بەبێ جیاوازیی نێوان چەپ و ڕاست و ناوەڕاست، ئەم باڵادەستییە بسەپێنێت و ڕۆژانەش گروپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان نوێنەرایەتیی بکەن. لە هونەر و مۆسیقای لاواندنەوە و عیرفانییەوە بۆ مۆسیقای بەڕواڵەت ڕادیکاڵ، لە بیری ئیسلامیستیی کۆنەپارێزەوە بۆ بیری ئیسلامیستیی بەڕواڵەت پێشکەوتوخواز، لە بیری لیبراڵەوە بۆ بیری چەپڕەو، لە ئیسلامیزمی نیۆلیبراڵەوە بۆ ناردنی ڕەوتە جیاوازەکانی کۆمۆنیزم. لە باشوور کەم نەبوون و نین ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی هەمیشە هەوڵیانداوە ئەو وێنەیە لە لای لاوان- خوێندکاران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی لاو – دروستبکەن، کە بەبێ ئێران، کوردستان بوونی نییە. بۆ نموونە لەبەرەی لیبراڵ نووسەرێکی وەک ڕامین جەهانبەگلو و بابەک ئەحمەدی و عیزەتوڵا فولادوەند (کە خۆیان تەنها وەرگێڕی بەرهەمە خۆرئاواییەکان بوون) دەبنە تاکە مۆدێلی بیری لیبراڵ کە جۆن ستوارت میل، ئایزایا بەرلین، جۆن لۆک، جۆن ڕاوڵز و هتد بە قولەپێیان ناگەن. لەبەرەی ئایینخوازان و ڕیفۆرمیستان، عەبدولکەریم سروش (کە لەسەروبەندی کۆماری ئیسلامییدا بەرپرسی پاکتاوی زانکۆکان بوو لەژێر ناوی شۆڕشی کولتوورییدا) و عەلی شەریعەتیی وەک دوو بلیمەت کە وێنەیان نییە، لە بەرەی چەپی لیبراڵ، موراد فەرهادپوور دەبێتە هەم نوێنەری چەپی نوێ و هەم تاکە ڕۆشنبیری جیهان (لە کاتێکدا فەرهادپوور جگە لە وەرگێڕێکی زمانی ئینگلیزیی بۆ فارسیی شتێکی دیکە نییە و لە نووسینێکی بەختیار عەلییدا سالێ ٢٠٠٩، وەک تاکە ڕۆشنبیری گەڕیدەی ناو گەردوون دەرخواردی خوێنەری کوردزمان دەدرێت و ئێمەی لاوان و هەرزەکارانی ئەوکاتیش پێموانوابوو بەبێ فەرهادپوور، هێگل و مارکس و کانت و هیچ بیرمەندێکی دیکە مانای نییە، زۆری ویست تا دەرکەوت فەرهادپوور تەنها وەرگێڕێکە و هیچی دیکە)، لە بەرەی کۆمۆنیزمیش، مەنسوور حیکمەت لە لینین و مارکس گەورەتر و داهێنەرتر دەبینرێت و تا ئێستاش گوایە لە پاڵ مارکس و ئەنگڵسدا، کەسی سێیەم حیکمەتە.

ئەمە لە کۆی بوارەکانی کولتوور و سیاسەتدا، ئەم مۆدێلە بە فراوانیی ئیش دەکات. ئەم وێنەیە لای زۆرینەی موتڵەق ئیش دەکات کە بەبێ ئێران، کوردستان هیچی نییە و لە دوایین چاوپێکەوتنی ڕێبین هەردییدا لەگەڵ وێبسایتی ژنەفتن، بەڕاشکاویی باس لەوە دەکات، کە پڕۆژەی گۆڤاری ڕەهەندی ئەوانیش، بەرهەمی گەشە و دەستڕاگەیشتنی ئەوان بووە بە کتێبخانەی فارسیی. بە کورتیی، ئێران لە هەموو بوارەکاندا بە ڕاشکاویی دەڵێت: “کوردەکان توانای ئەوەیان نییە خۆیان بنوێننەوە، کەواتە ئێمە ئەم کارەیان بۆ دەکەین و ئێمە دەبینە نوێنەری پیشاندانی وێنەی ئەوان”، جا جیاوازیی لەوەدا نییە، حەزت لە عیرفانە شەجەریانمان هەیە، حەزت لە مۆسیقای بەناو ڕادیکاڵە شاهین نەجەفییمان هەیە و حەزت لەبیری چەپی لیبراڵە فەرهادپوور، وئیسلامیستی، مۆدێلی جۆراوجۆرمان هەیە دەتوانین هەموو شتێکتان بخەینە بەردەست، بەس لە ئێمە دوورمەکەونەوە.

 

 

 

 

پەراوێزەکان

  1. 1.Fanon, Frantz, Studies in a Dying Colonialism, Earthscan, 1989.
  2. 2.Gayatri Chakravorty Spivak, “Can the Subaltern Speak” 1988 (Online).

٣. سەبارەت بە سینەمای سێیەم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم: دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩.

٤. سەبارەت بە فانۆن و کولتووری کۆڵۆنیالیزم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکانی واڵتەر بنیامین دەربارەی مێژوو، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩.

  1. 5. Zitat nach Naomi Klein Die Entscheidung: Kapitalismus vs. Klima, Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2015, s.503.

 

 

 

  • ئەم بابەتە پێشتر لە گۆڤاری کولتوریی ئۆنلاین `ژنەفتن` بڵاوبۆتەوە 
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌